شرۆڤە

رۆمان چییە (٣٥)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

تایبەتمەندییەکی رۆمان کە بێگومان بەدەگمەن لە مانا وشەییەکانی ئەم ژانرەدا باسی لێدەکرێ ئەوەیە کە بە دەرەجەی یەکەم لە زمانی کەلام پێکهاتووە نەک لە وێنە یاخود دەنگ. هەنووکە گەلێک رۆمان هەن بە وێنەوە دێنەدەر و، نوسخە ئلکترۆنییەکانیش بە ئاسانی فایلی دەنگیان لەگەڵا رێکدەخرێ، بەڵام پرسیار ئەوەیە هەتا کوێ ناوی رۆمان دەتوانێ کاتەگۆرییەکی شیاو بێت ئەگەر تێیدا وێنە و دەنگ بەسەر وشەدا زاڵ بن.

 

رۆمان وەک کتێبی جوان و گرانبایی لەبەرانبەر رۆمان وەک کتێبی زۆر بەرهەمهێنراو (واتە هەرزان و نەک زۆر جوان ـ وەرگێڕی کوردی)، بەشێک لە مێژوو و بە واتای راستەقینەی خۆی فۆرمی رۆمانە. کاتێک بۆ یەکەم جار رۆمان بوو بە راگەیەنێرێکی گشتی، ئیتر ژانرێکی تایبەت بە خەڵکی تایبەت نەبوو کە گێڕانەوەی مێژوو و خەیاڵ و لایەنە جۆراوجۆرەکانی بۆ ئەو گروپە لە خوێنەران تێکەڵدەکرد کە زووتر دەستیان بە ئەدەبییات رانەدەگەیشت، جا چ بە هۆی نەخوێندەوارییانەوە بوویێت یاخود بە هۆی کەمایەسی لە راهێنانیان کە دەرفەتی تێگەیشتن لە جووانناسیی ئەدەبی بەرزی پێدەدان. رۆمانی نوێ ئەمەی گۆڕی. تێپەڕین لە چاپی دەستی بۆ چاپی هەڵمی بەواتای دۆخێکی نوێ بوو و، کاتێک لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە دەستیانکرد بە چاپی زۆری کتێب بەشێوازی هەرزانی کاغەز، ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ زیادکردنی توانای خوێندنەوەی مرۆڤەکان کە ئەمیش بوو بە هۆی بەشداریی گروپە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان لە جیهانی ئەدەبییاتدا. ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی نوخبە بەدڕدۆنگی لە فۆڕمی نوێی بەگشتیکردن بڕوانێ و بۆیە بەرهەمی خۆی هێنایە ئاراوە، واتە زنجیرە تایبەتییەکان بۆ بەرانبەربوونەوەی ئەو بەگشتیکردنەی بەرهەمی زۆری زنجیرەکان و رۆمانەکان لەگەڵ خۆیان هێنابوویان. رۆمانی مودێڕن، کە بەرهەمی هەمان بەگشتیکردنە، خۆی لە رۆڵێکی دووانەدا بینییەوە: وەک نوسخەی تایبەت بۆ کەسانی کەم و وەک بەرهەمی هەرزانی زۆربەرهەمهێنراو (رۆمانی زنجیرەیی، زنجیرەی ناو گۆڤارەکان و کتێبی ئلکترۆنی) بۆ زۆرینەی خەڵکیش. کتێبی ئلکترۆنی لە ئاستێکی تایبەتدا ئەمە بەرجەستەدەکاتەوە، بەتایبەت کاتێک مرۆڤ لە کاتی خوێندنەوەی کتیب لەسەر تابلێت، جیاوازیان لە نێواندا نابینێ.

نوسخە ئلکترۆنییەکانی کتێبە لەچاپدراوەکان کە ئێمە دەتوانین لەسەر کۆمپیوتر یاخود تابلێتەکەمان دایبەزێنین، بەتەواوی جیاوازن لە دەقە دیجیتاڵییەکان کە بۆ نێت و لەسەر نێت نووسراون. ئەم جۆرە نوسخانە هەمیشە کراوەن بۆ ئەوەی گۆڕانکارییان تیابکەین. لێرەدا ئیتر قسە لەسەر تەوزیع و رواڵەتی بەرهەم نیە، بەڵکو قسە لەسەر خودی زاتی دەق یاخود رۆمانە. رۆمان بەگەلێک شێواز ژانرێکی بەردەوام بووە، تەنانەت رۆمانی کۆنیش ئەوەندە جیاواز نیە نەتوانین بەجوانی وەک رۆمان نەیناسینەوە. داخۆ رۆمان دەتوانێ بەگوێرەی ئەو دەرفەتانە بگۆڕدرێ وا نێت و کۆمپیوتر دەیانخوڵقێنن؟ لەراستیدا دەقی رۆمان دەتوانرێ بەگوێرەی پێوەندییە یەکجار جۆراوجۆرە مێدیاییەکانەوە گۆڕانی بەسەردابێت و دەکرێ سەیربێت کە دەرفەتەکان لە بوارە مێدیایەکاندا (بڕوانە لاپەڕەی ١٠٦) نەبنە هۆکارێک بۆ دووبارە لێکدانەوەمان لە تێگەیشتنمان لەسەر دەق وەک نووسەر. بەپێچەوانەی دیاردەگەلی وەک دەقی هیپەری ـ بەشێوەیەکی سادە واتە سیستمێکی زانیاریی بێکۆتایی و خاوەن نەرمی کە دەق و وێنە پێکەوە دەبەستێتەوە وەها کە خوێنەر دەبێ بەگوێرەی جۆری بە شوێنداچوونی تیکەکان "چیرۆکی" خۆی لێ سازبکاتەوە ـ دەرئەنجامەکانی بۆ فۆرمی رۆمان کەمن. 'ئێسپێن ئۆرسێت'، پسپۆری بواری ئەدەبی دیجیتاڵی، بەشێوەی تایبەت نە خۆشبینە و نە رەشبین کاتێک قسە لە سەر دەرفەتەکانی گۆڕانە بنەماییەکانە لەم ژانرەدا بەگوێرەی ئەو درفەتانەی دیجیتاڵ دەیانخوڵقێنێ: بەپێچەوانەی شیعرە کۆمپیوترییەکان، وەک ژانرێک کە لە گەشەدان، "رۆماننووسانی ئۆتۆماتیکی" (ئەو پرۆگرامە کۆمپیوتریانەی چیرۆک دەنووسنەوە)، کە لە مەودای کورتی نێوان ساڵەکانی ١٩٧٥ تا ١٩٨٥ پۆپۆلاربوون، بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانی ئەو دەقانەی بوون وا شیاوی خوێندنەوەبوون. دیارە ئەوان بەردەوام دەتوانن خەریکی ئەمە بن، بەڵام ئەم پسپۆرە لای وایە لە ٢٠٠٦ بەختیان کەمتر بووەتەوە.٩٠ لەلایەکی ترەوە پێوەندی نێوان نووسەر و دەق بەشێوەی خۆبەخۆ لەو کاتەیدا بۆ نموونە رۆمانێک لە دەقی نۆڕماڵەوە بۆ کایە دەگوازرێتەوە، دەگۆڕدرێ. کێ دەنووسێ و کێ دەخوێنێتەوە کاتێک چیرۆکەکە لە یاریی نێتدا دەگۆڕدرێ و فۆڕمی دەبێ بە شتێکی دی؟

تایبەتمەندییەکی رۆمان کە بێگومان بەدەگمەن لە مانا وشەییەکانی ئەم ژانرەدا باسی لێدەکرێ ئەوەیە کە بە دەرەجەی یەکەم لە زمانی کەلام پێکهاتووە نەک لە وێنە یاخود دەنگ. هەنووکە گەلێک رۆمان هەن بە وێنەوە دێنەدەر و، نوسخە ئلکترۆنییەکانیش بە ئاسانی فایلی دەنگیان لەگەڵا رێکدەخرێ، بەڵام پرسیار ئەوەیە هەتا کوێ ناوی رۆمان دەتوانێ کاتەگۆرییەکی شیاو بێت ئەگەر تێیدا وێنە و دەنگ بەسەر وشەدا زاڵ بن. "رۆمانە گرافیکییەکان"Graphic novels  جۆرێک لە رۆمانی وێنەیین کە بە گەلێک شێواز بیری زنجیرە وێنەییەکان و تا رادەیەک رۆمانی نەریتیمان دەخەنەوە، بەڵام بەهەرحاڵ دژوارنیە خەسڵەتی "رۆمانسی" لە کردە، پلۆت و کەسایەتییەکاندا نەناسینەوە، ئەو دەقانەی وا تیایاندا وشەکان بەردەوام بەشی ئەساسین. وەک دەزانین لەمێژە خاوەن کتێبی دەنگیین، بەڵام وەک نوسخەی ئلکترۆنیی کتێبە لەچاپدراوەکان ئەگەرچی کەرەسەی راگواستن شتێکی دیکەیە دەبینین دیسان بەردەوام کتێبە بنەمایە. خاڵی جێی سەرنج لە کتێبی دەنگیدا لە روانگەی مێژوویی رۆمانەوە پێش لە هەر شتێک ئەوەیە کە دەق داوای فۆڕمێک لە نەریتگەرایی دەکا: واتە رۆمانەکان بە یاخود بێ پلۆت و "گێڕانەوە" بێگومان راگواستنی بۆ خوێنەر دژوارترە. بە واتایەکی تر، کتێبە دەنگییەکان تێگەیشتنی گشتی لە رۆمان لە شێوازی دەقی ریالیستیدا جێگیردەکەن.

جا چ کتێب بیەوێ وەک ئامرازێک بۆ خوێندنەوە بەردەوام بێت، یاخود وەک ئەو ئامرازەی وا دەیەوێ جێگای کتێب بگرێتەوە، وەک 'ژان کلاود کاریەر' و 'ئامبێرتۆ ئێکۆی' باسی لێدەکەن ئەمە بە مانای کۆتایی کتێب نیە (٢٠٠٩). بەگوێرەی نووسەران بەکارهێنانی ئینتەرنێت، بەپێچەوانەوە، ئێمەی زیاتر لە ئەلف و بێ و لە پیتەکان نزیک کردووەتەوە. بە پێی ئەوان قەت رووبەری ئامرازە دیجیتاڵییەکان جێگای کتێب ناگرنەوە، چونکە ئەوان تەنیا فۆڕمێکن بۆ جێگرتنەوەی کتێب و بەس. جا ئێمە چ لە سەر کاغەز بخوێنینەوە یاخود لە سەر رووبەری ئامرازە دیجیتاڵییەکان (سەفحە)، ئەوا بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی وشە و پیتەکانین. لاپەڕەکان بەردەوام وەک لاپەڕە دەمێننەوە ئەگەرچی چیتر لە کاغەز چێناکرێن ـ ئەوان هەمیشە هەمان شت دەبن! ئەمە بەو مانایە کە نە رادیۆ، نە تەلەفزیۆن و تەنانەت سینەمایش نەیانتوانیوە هیچ لە کتێب کەمبکەنەوە.٩١

درێژەی هەیە...