شرۆڤە

رۆمان چییە ٢٦

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

لە بواری مێژووییەوە گەڕان بەشوێن رۆمانی مەزنی ئامریکایی بەوەوە گرێدراوە کە ئامریکا تا رادەیەک نەتەوەیەکی گەنجە و پێویستیی بە گێڕانەوەیەکی نەتەوەیی بووە بۆ ئەوەی باڵادەستیی بریتانیا بخاتە بەر دژوارییەوە. بۆ ئەوەی ئەم تێرمە، واتە رۆمانی مەزنی ئامریکایی، شوێنی شیاوی خۆی پێبدرێ دەبێ نووسەر خاوەن روانگەیەکەی بەربڵاو و ورد لەسەر مێژوو و ژیانی ئامریکایی بێ و بتوانێ لایەنە تایبەتەکانی "ئامریکایی" بنوێنێتەوە.

 

بەشوێن رۆمانی مەزندا

خەونی نووسینی ئەو رۆمانانەی هەم باس لە سەردەم بکەن و، هەم پرسە جیهانییەکان و کێشە گشتییەکانی مرۆڤ وەها کە لە کات و لە شوێن واوەتر بن، ئێمە بەرەو پرسی "رۆمانی مەزن" پەلکێش دەکەن. من بە زەحمەت بیستوومە لەسەر ئەوەی کێ رۆمانی مەزنی نۆروێژی نووسیبێ، بەڵام رۆمانی مەزنی ئەمریکایی بەردەوام جێگای گفتوگۆیە. زۆر سەیرنیە کە رۆمانی مەزنی ئەمریکایی خاوەن شوێنی تایبەتی خۆیەتی لە کاتی گفتوگۆ و تێگەیشتن لە ئەدەبی ئەمریکایی، ئەم جۆرە دەقە وەک سیمبولێکە بۆ رۆمانی ئایدیاڵ کە لە کاتێکی تایبەتدا لەسەر ژیان و مێژووی ئامریکا نووسراوە. خودی ئەم تێرمە لە وتارێکی نووسەری شەڕی ناوخۆ واتە 'جۆن ویلیام'ەوە بە ناوی 'دارستان' (١٨٦٩) سەرچاوە دەگرێ. لە بواری مێژووییەوە گەڕان بەشوێن رۆمانی مەزنی ئامریکایی بەوەوە گرێدراوە کە ئامریکا تا رادەیەک نەتەوەیەکی گەنجە و پێویستیی بە گێڕانەوەیەکی نەتەوەیی بووە بۆ ئەوەی باڵادەستیی بریتانیا بخاتە بەر دژوارییەوە. بۆ ئەوەی ئەم تێرمە، واتە رۆمانی مەزنی ئامریکایی، شوێنی شیاوی خۆی پێبدرێ دەبێ نووسەر خاوەن روانگەیەکەی بەربڵاو و ورد لەسەر مێژوو و ژیانی ئامریکایی بێ و بتوانێ لایەنە تایبەتەکانی "ئامریکایی" هەم لە شێوازی نووسیندا و هەم لە شێوازی ئەزمووندا بنوێنێتەوە. لەسەدەی نۆزدە رۆمانگەلی وەک Moby Dick ی (١٨٥١) 'هەرمان مێڵڤیل' و 'هاکلبێری فین'ی (١٨٨٤) 'مارک تواین' کاندیدان بۆ ئەم تێرمە (واتە وەرگرتنی نازناوی رۆمانی مەزنی ئەمریکایی ـ وەرگێڕی کوردی)، بەڵام ئەو لیستەی وا هی سەدەی بیستەمە ناوگەلێکی زیاتر لەخۆ دەگرێ. گەڕان بە شوێن رۆمانی مەزنی ئامریکایی بەردەوام لەئارادایە و، ئەوەی کێ حەزدەکا بەدی بێنێ دەبێ لەهەر نەسڵێکدا سەرلەنوێ بنووسرێتەوە؛ دیارە هاوکات ئەو پرسیارەیش لە ئارادایە داخۆ دەکرێ رۆمانێکی لەم چەشنە بێنینە بەر چاوی خۆمان کە بتوانێ رۆڵی کۆکەرەوەی حیماسیی نەتەوەیی بگێڕێ؟

کاتێک رۆمانی 'چاکسازییەکان'ی (٢٠٠١) 'یوناتان فرانسێن' هاتەدەرەوە، وەک رۆمانێکی جێگای سەرنج باسی لێکرا و زۆر خێرا بۆ سەر هەندێ زمانی تر وەرگێڕدرا، دیارە بۆ سەر زمانی نۆروێژیش. ئەم دەقە وەک رۆمانێکی مەزنی سەردەم باسی لێکرا، رۆمانێک لەسەر سەردەمی ئێمە و بۆ سەردەمی ئێمە، بۆیە وەک وەڵامێک بۆ ئەو داوایە سەیری کرا کە لە رۆماننووسەکانی هەر سەردەمێک داوادەکرێ. هەندێ لایەنی جێی سەرنجی ئەم رۆمانە ئەو مەرجانەیە ئەم دەقە بۆ سەرکەوتن هەیەتی: رۆمانەکە زۆر خێرا وەک "رۆمانی مەزنی ئامریکایی" پێناسەکرا و هۆکارێکی گرینگی ئەمەیش ئەوە بوو کە رۆمانێک بوو لە ژیان و مێژووی ئامریکای لە رێگای هەندێ کەسایەتی هەڵبژاردەوە دەکۆڵییەوە ـ واتە خەونەکانیان، داواکانیان، دۆخە ئاڵۆزەکانیان و؛ هەروەها بیر و کردەکانیان ـ گرێدراو بە بنەماڵەیەکەوە. فرانسێن گەڕایەوە بۆ هەندێ دیاردەی یەکجار بنەڕەتی لە ژانری رۆماندا، واتە پێوەندی نێوان مرۆڤەکان، ئەم نووسەرە لەگەڵ کاراکتێرەکانی وەک کەسانی گرینگ هەڵسوکەوتی کرد. جگە لەمە، ئەو، لە رێگای ئەو دامەزراوە گرینگانەوە لە کلتوری رۆژئاواییدا بە ئامریکایشەوە پەیدادەبن، واتە دامەزراوەی بنەماڵە، کەسایەتییە ئەدەبییەکانی خۆی بەرزکردەوە و، بەردەوامیش کار لەسەر ئەم لایەنە دەکا. رۆمانەکە بە واتایەک دەگەڕێتەوە بۆ ریشەکانی خۆی و دەبێتە رۆمانێکی بنەماڵەیی، گرێدراو بە لەدایکبوون و مەرگەوە، هەروەها خۆشەویستی و ژن و مێردایەتییەوە. ئەوەیکە رۆمانەکەی فرانسێن لە نێوان ئاستە جۆراوجۆرەکاندا دێت و دەڕوا، واتە لە نێوان دیاردە تاکەکەسی و گشتییەکاندا و، خۆی لە بەسەرهاتی تەنیا بنەماڵەیەک رادەپسکێنێ، هیچ شتێک لەم خاڵە ناگۆرێ. رۆمانی 'چاکسازییەکان' رۆمانێکە مێژووی بنەماڵە و تاکی کردووە بە خاڵێکی رووانین بۆ مێژوویەکی گەورەتری ئامریکایی.

ئەگەر ئێمە هەنگاوێک بەرەو دوواوە بگەڕێینەوە و لەسەر "مەزن" بدوێین، دەبینین ئەم چەمکە هەڵگری چلۆنایەتی، مانا و گرینگییە، بەڵام داخۆ دەتوانێ بەشێوازی ناڕاستەوخۆ پانتاییش بگرێتەوە؟ ئەو رۆمانە نوێترانەی وا بژاردەن بۆ ئەم نازناوە واتە وەک رۆمانی فرانسێن، یاخود Amerikansk pastorale ی (١٩٩٧) فیلیپ رۆت، لە درێژییدایە مەزنن؛ بەڵام رۆمانێکی "مەزن"ی تری ئامریکایی بە ناوی Den store Gatsby (١٩٢٥) کە لە نووسینی 'ف. سکۆت فیتزگراڵدس' رۆمانێکی کورتە. پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە داخۆ ژنان دەتوانن رۆمانی مەزنی ئامریکایی بنووسن؟ من ئەمە دەپرسم لەبەر ئەوەی کەمتر ژنان دەبنە بژاردە بۆ ئەم پرسە. دیارە 'تۆنی موریسۆن' نموونەیەکی دەگمەنە. ئەمە بووە بابەتی رۆژ کاتێک 'ئا. م. هومز' لە ساڵی ٢٠١٣ لەبەر چاوی 'زادیە سمیت'ی ئینگلیزی کە ئەویش بژاردەیەک بوو بۆ ئەم مەبەستە خەڵاتی باشترینی کتێبی وەرگرت لە "خەڵاتی ژنان بۆ ئەدەبی خەیاڵی". لەم پێوەندییەدا رۆژنامەی گاردیەن لە شەشی مانی یونی ٢٠١٣ باسی لەوە کرد کە هومز، وەک فرانسێن، بەم رۆمانە دەچێتە ناو کێبەرکێوە سەبارەت بە رۆمانی مەزی ئامریکایی؛ "ژانرێک کە لە بواری ژنانی نووسەردا زۆر دەوڵەمەند نیە." لێرەدا هەروەها رۆمانی مەزنی ئامریکایی لە راستیدا وەک ژانرێکی تایبەت خۆی رادەگەیەنێ، رەنگە زۆر سەیر نەبێ بڵێین ئەم دەستەواژەیە لەپێوەندی لەگەڵ وڵاتی مەزن واتە ئامریکایە خۆی دەبینێتەوە.

بەڵام رۆمانی ئۆرووپاییش جاروبار لە هەمان بواردا دەکەوێتە بەر باس و خواسەوە. ماوەیەک لەوە پێش ئەم پرسیارە تەنیا سەبارەت بەوە نەدەکرا کام نووسەر و چ بەرهەمێک دەتوانرێ ئەم نازناوەی پێ ببەخشرێ، بەڵکو ژن یان پیاوبوونی نووسەریش بەگەرمی لەناو قسەوباسەکاندا بوو. رۆژنامەی بەیان لە ساڵی ٢٠١٢ قسەوباسێکی لەسەر ئەو کاندیدایانە هەبوو کە لە پێوەندی لەگەڵ رۆمانی مەزنی ئۆرووپی لەئارادابوون و پانێلێکی چوار کەسی، دوانزە نووسەریان لەم بوارەدا پێشکەش کرد کە یەکیان ژن بوو. کۆمەڵێک نووسەری گەنج لە فۆڕمی پۆستێکی کورتدا، واژۆکراو وەڵامیان دایەوە. ئەم نووسەرانە لەجیاتی کردنەوەی سەری گفتوگۆ لەگەڵ کۆمیتە هەمان ناوگەلی لیستەکەیان هەڵبژاردەوە و لەگەڵیشیا ناوی پازدە رۆمانیشیان یەکخست کە هەر هەموویان لەلایەن نووسەرانی ژنەوە نووسرابوون. مەبەست دانی وانەی ئەخلاقی نەبوو، ئەوان دەیانویست پێ لەسەر ئەوە دابگرن کە: ژنانی نووسەر بەردەوام لە لیستی خوێندنەوە و لە ناوەندی سەرنجەکاندا نین و هەروەها رەنگە دەیانویست بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئایدیای "رۆمانی مەزن" بخەنە بەر دژوارییەوە. چونکە لیستەکە، جا چ کاندیدا پیاو بن و چ ژن، دەتوانرا لەوەی هەیە درێژتر بێت و پرسیاری ئەوەی کە داخۆ دەتوانرێ رۆمانێکی تایبەت وەک "رۆمانی مەزنی ئۆرووپایی"ش هەڵبژێردرێ لەبەر ئەوەی ئۆرووپا خاوەن زمانێکی هاوبەش نیە لەجێی خۆیدا نیە.

لیستێکی لەم چەشنەی رۆمان خۆی لە خۆیدا بەمانای هەوڵێکە بۆ چیکردنی باشترین بەرهەمەکان و لایەنی باشی ئەمەیش ئەوەیە کە هەڵبژاردنی کۆمەڵێک رۆمانی گرینگ بەمانای کردنەوەی سەری گفتوگۆیەکی بەکەڵکە، هەروەها بەمانای سەرچاوەیەکی هاوبەشی کلتورییە. بەڵام، وەک لێرە لە نموونەکەدا بینیمان، بەهەمان رادە جێی سەرنجە کێ لە لیستەکەدا نابێ. لیستەکە دەربڕی تێگەیشتنی وڵاتە لەسەر خۆی، بەڵام هەروەها دەربڕی ئەوانەیشە وا لیستەکەیان دروستکردووە و بیری ئیـمەیش دەخاتەوە ئەگەرچی هەندێ کتێب بابەتی رۆژن بەڵام لیستێکی لەم چەشنە لەسەر بەرد نەنووسراوە و دەگۆڕدرێ. پێناسەکردنی هەندێ رۆمانی سەردەم بە رۆمانی "مەزن" لەم ئان و ساتەدا شتێکە و راگەیاندنیان بۆ سەردەم و شوێنەکانی تریش شتێکی دیکەیە. ئەگەر ئەمە رووبدات ئەوسا رۆمانەکە دەبێ بە کلاسیکی و بۆ ئەوەی رۆمانێکیش ببێ بە کلاسیکی دەبێ لە بوارەکانی کات و شوێندا مەودای تێکەوێ.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for den store romanen