شرۆڤە

رۆمان چییە (٢٢)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئەمە کەم و کووڕییەکانی نەتەوە پیشاننادا بەڵکو بەپێچەوانەوە: رەخنە، رووخاندن و لێکبڵاوبوونی کڵێشەکانی نەتەوە پێویستە لەبەر ئەوەی یادەوەریی گشتی و لەخۆتێگەیشتن وەها بەتووندی گرێدراوە بە تاکەوە کە لە سەردەمی "پۆست نەتەوەیی"شدا ئەم خەسڵەتە هەر درێژە بە ژیانی خۆی دەدا. بنەماڵە، ماڵەوە و وابەستەیی بەردەوام ئەو شوێنانەن رۆمان کاریان تیادەکا و زمانیش کەرەسەکەیەتی.

 

رۆمان و نەتەوە

با جارێکی تر بگەڕێینەوە سەر جەین ئەیر. گەر بمانەوێ لەم رۆمانەدا لەسەر شوێن بدوێین، شوێنی دیکەیش سەرنجمان رادەکێشێ، واتە مەبەست ئەو شوێنە جۆگرافی و کلتوریانەیە وا بەستێنی رۆمانەکە پێکدێنن. ئینگلیزیی سەدەی ١٩، واتە ئەو جێگەی وا رووداوەکانی رۆمانەکەی تیا روودەدەن شوێنی ئاشکرای ناو دەقەکەیە، بەڵام شوێنی تریش کە بە شێوەی راستەوخۆ لە رۆمانەکەدا پیشان نەدراون بەڵام لە گفتوگۆکانی نێوان کەسەکاندان بەجوانی دەردەکەون، خۆیان دەردەخەن: پاریس یەکەمە، دووڕگەکانی هیندی رۆژئاوا دووهەم و هیندستانیش سێهەمیان. هەرسێکیان بە شێوازی جۆراوجۆر هەڕەشەئامێز دەردەکەون، هیچ کام لەم شوێنانە لەڕووی هاوخەمییەوە سەیریان ناکرێ، بەڵام هەموویان لەگەڵ ئەو شتەی لە نیشتمان روودەدات لە پێوەندێکی نەپچڕاوەدان. بۆیە لێرەیشدا وەک رۆمانەکانی دیکەی سەدەی ١٩ گۆڕینەوەیەک لەنێوان نیشتمان و جیهانی دەرەوە لەئارادایە. زۆربەی جار لەسەر ئەو کۆلۆنیانەیە وا زۆریان لەسەر ناگێڕدرێتەوە، بەڵام بەهەمان رادە ژیانی یەکپارچەی نیشتمان دەشڵەژێنن. لە جەین ئەیر کێشەکان بەتایبەت لە رێگای ژنی یەکەمی 'رۆچێستێر'ەوە خۆی دەردەخا، واتە 'بەرتا'ی دووڕەگە: ئەو ژنەی وا شێت و شور خۆی لە قاتی سەرەوە شاردووەتەوە و لە قاڵبی ئەو وشانەدا وەسف دەکرێ کە دەربڕی شتە ترسناک و وەحشی و مەترسیدارەکانە. بەڵام راستییەکی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە کە سەروەت و سامانی 'رۆچستێر' بە هۆی دووڕگەکانی هیندی رۆژئاواوەیە، واتە ئەو شوێنەی 'بەرتای' لێ لەدایکبووە، وە گەلێک چرکەسات لە فەزای چڕ و لێکئاڵاوی نێوان کەسایەتییەکاندا هەیە کە ئاماژەن بە پێوەندیی نێوان نیشتمان و دەرەوەی نیشتمان.

من دەمەوێ لێرەدا باس لە رۆمانێکی تر بکەم کە پێوەندیی نێوان دوڵەتی نەتەوەیی و کۆلۆنییەکان لە روانگەیەکی پێچەوانەوە نیشاندەدا، ئەویش رۆمانی 'ڤید سارگاسۆ'ی (١٩٦٦) 'جین ری'یە. ئەمە رۆمانێکە سەد ساڵ دوواتر نووسراوە و باس لە بەسەرهاتێک دەکا لە روانگەی 'بەرتا'وە. لێرەدا بە تووش ژنێکی دووڕەگەوە دەبین کە لەگەڵ پیاوێکی ئینگلیزی زەماوەندەکا و لەگەڵی دەچێ بۆ ئینگلیز. لە بەسەرهاتەکەدا ئێمە گوێمان لە چەوساندنەوە و "شێت"ی دەبێ کە بە زمانێکی تر و لە روانگەیەکی ترەوە لە بەراورد لەگەڵ بەرهەمەکەی جەین باسی لێدەکرێ.

ڤیدە سارگاسۆ تەنیا وەڵامێک نیە لەلایەن کەسە چەوسێندراوەکەو "ئەوی تر" (واتە کەسێک کە خاوەن بایەخێکی کەمترە ـ وەرگێڕی کوردی) لە جەین ئەیردا، بەڵکو خودی رۆمانەکەی جەین ئەیریش دەخاتە بەر دژوارییەوە. ئەم دوو رۆمانە نموونەی دژبەیەکن لەسەر چییەتی رۆمان: یەکیان خۆی لە نەریتێکی "دوور لە راستی" و ڤیکتۆریاییدا دەبینێتەوە کە لە دیالۆگ لەگەڵ دونیای رەنگاوڕەنگی رۆمانی ئینگلیزیدایە، هەروەها رۆمانی گوتیسک و رۆمانی قەرەواش کە چێکردنی قارەمانی خۆی لەسەر ئەم بنەمایە پێکدێنێ. ڤیدە سارگاسۆیش گشتیەتی ئەم بیری چیکردنە دەخاتە بەر دژوارییەوە، بەڵام تەنیا ئەمە ناکا بەڵکو ئەو ئایدیایەیش دەخاتە بەر پرسیارەوە کە شوناس دەتوانرێ تەنیا لەسەر بنەمای نەتەوە چێبکرێ. بێگومان ئەوە چوارچێوەی نەتەوەییە کە لەلای 'جین ری'شیش دەخرێتە بەرباس: گۆڕینی شوێن، دابڕان و تێکەڵبوونی رەگەزەکان ئاماژە بە جیهانێکن، شوێنێک، کە جۆراوجۆرە و سنوورە ناڕوونەکان دروستیان کردووە.لە کاتێکدا جەین ئەیر هەوڵدەدا ئەوەی لەدەرەوەیە لەناوی ببات و جیهانی خۆی، هاتنەوە و یەکگرتنەوەی لەگەڵ نیشتمان لەسەر بونیاتی ژیانی ماڵەوە واتە نیشتمان چێبکا. ڤیدە سارگاسۆیش رێگای پێچەوانە دەگرێتەبەر. هەموو ئەو بیرانەی لەسەر نیشمان هەیە لەلایەن ئەم رۆمانەوە دەخرێنە بەر دژوارییەوە؛ دابڕان و تاراوگە جێگای ماڵەوە دەگرنەوە. لێرەدا بەتەواوی قسە لەسەر دوو رۆمانی جیاوازە، نەک تەنیا لە سەبکدا یاخود فۆڕم و کردە، بەڵکو لە شوێنیشدا. یەکەمیان هەوڵدەدا لەدەرەوەی شوێنی بەکۆڵۆنیکراو بێ و ئەوی دیکەیان رێک لە وەها شوێنێکەوە سەرهەڵدەدا. هەر دوو رۆمانەکە ئاماژەن بە پێوەندی ئاڵۆزی نێوان نیشتمان و وڵاتی دی، ژوورەوە و دەرەوە، بەڵام ئەنجامی وەها ململانەیەک جۆراوجۆرە. ئەنجام دوو رۆمانە کە هەر کامیان ژانری رۆمان لە گۆشەنیگای خۆیەوە و هەروەها لە شوێنی خۆیەوە دەخەنە بەر دژواری.

بەپێچەوانەی بەنێونەتەوەیی بوون و بەجیهانیبوون، رۆمان بەردەوام بەستراوەتەوە بەو ولاتەی تێیدا چاپدەکرێ و بەو زمانەی وا پێی دەنووسرێ. ئەگەرچی دەستەواژەی ئەدەبی نەتەوەیی لە سەردەمی ئێمدا لەلایەن گەلێک لایەنەوە دەکەوێتە بەر دژوارییەوە، بەڵام بەردەوام ئێمە لەسەر رۆمانی ئینگلیزی، نۆروێژی یاخود فەڕەنسی قسەدەکەین و؛ بەردەوام لیستی سەرەکی لە نووسەرانی نەتەوەیی دروستدەکرێ و هەوڵدەدرێ کلتوری نەتەوەیی پێناسەبکرێ. ئەگەرچی زمانگەلی وەک ئینگلیزی و فەڕەنسی سنووری گەلێک نەتەوە دەبەزێنن، بەڵام لە روانگەی زمانەوە رۆمان ریشەی لە نەتەوەییدا هەیە. لە لایەکی ترەوە بەهۆی وەرگیڕانەوە جێگۆڕکەیەکی راستەقینە روودەدات: بە وەرگێڕان، رۆمان دەبێ بە "ئەدەبی جیهانی".

رۆمان ئەمڕۆکە لە بازاڕێکدا چالاکە کە تەواو جیاوازە لەسەردەمی پڕ لە شکۆی رۆمان لەسەدەی نۆزدەدا، بەڵام رۆمانی ئیمڕۆ زۆر لە رۆمانی دوێکە جیاواز نیە. ئەگەر لە روانگەی فیزیکی و دیجیتاڵییەوە بیر لە دابەشکردن و جووڵە بکەینەوە، ئەوا وەرگێڕان زیاتر بووە و جووڵە بەرینتر؛ جیهانیش هەم گەورەتربووە و هەم بچووکتر. هاوکات خەسڵەتێک لە فۆڕمی رۆماندا هەیە کە نەتەوە وەک نیشانەی شوناس ـ لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی کلتوری، کۆمەڵایەتی و جۆگرافی ـ هەروەها وەک شوێنێک کە خاوەن سنوورە دامەرزراو و پارێزراوەکانە، دەخاتە بەر دژوارییەوە. لە رۆمانی سەدەی نۆزدەدا ئەمە دەبینین، بۆ وێنە لە جەین ئەیردا و دیسان بەردەوام لە ئاستێکی بەهێزتر لەم سەردەمەیشدا دیسان بە تووشی دەبینەوە. دیارە بە لەبەرچاوگرتن ئەوەی دەستەواژەی نەتەوە و تێگەیشتنی مرۆڤ لەم چەمکە جێگای مشت و مڕ و قسەوباسەی فراوانە. لێکۆڵەران ئەمڕۆکە لەسەر چەمکی پۆست نەتەوەیی کاردەکەن. 'هانس هاوگە'، 'ئێلیزابێت ئۆکسفێڵد' و 'پێر تۆماس ئاندەشن' ئەو 'باکووریانەن' (واتە ئەو لێکۆڵەرانەی وا لەسەر زمان و کلتوری باکوور کاردەکەن ـ وەرگێڕی کوردی) کە هەر کام بەشێوەی خۆیان لەسەر چەمکی نەتەوەیی کاردەکەن و لە لێکۆڵینەوەی 'هاوگە'دا ئەوە دەقی باکوورە سەرچاوە و چوارچێوەی تێگەیشتنە لە رۆمانی رۆژ. بەڵام رۆمانی پۆست نەتەوەیی چییە؟ هاوگە بە قەرز وەرگرتن لە وشەکانی 'بنەدیکت ئاندەشن' دەڵێ دەقی باکوور راستەقینە نیە بەڵکو "چەمکێکی خەیاڵییە" و لای وایە چیتر دەربڕی ئایدیایەکی هاوبەش نیە جا چ وەک نەتەوەیی یاخود وەک باکووری. ئەو دەڵێ "ئەمە (واتە چەمکی دەقی باکوور ـ وەرگێڕی کوردی)  هەم هەڕەشە لە رۆمان، هەم لە رۆژنامە و هەم لە خوێندنی ئەدەبییات دەکا." هاوکات پێ لەسەر ئەوەیش دادەگرێ کە چلۆن هەم دەق و هەم خوێندنی دەق خۆیان لە بیرێکدا دەبینننەوە کە باس لە نەتەوەیەکی هاوچەشن دەکا کە لە جیهانێکی گلۆبالیزەکراودا ناتوانێ چیتر بنەمایەک بۆ ئیعتباری خۆی دابین بکا.٦٣

کاتێک باس لە رۆمانە کەم شت هەیە ئاماژە بەوە بدات ئەم ژانرە لە لایەن بەجیهانیبوونەوە لەژێر هەڕەشەدایە؛ بەپێچەوانەوە سەرەڕای ئەو سنوورانەی رۆمان تیای دەژی، ئەو سنوورانەی وا بەردەوام لە گٶراندان و کونیان تێدەبێ، ئەم ژانرە بەردەوام لە گەشەکردندایە. چیرۆکە گەورەکان دێن و دەڕۆن، شەپۆلی بابەتە دێکۆمێنتاری و ژیاننامەییەکان شەپۆل شەپۆل تێدەپەڕن، بەڵام رۆمان ئەم قەوارە بێ شکڵە، لە باشترین قۆناخی ژیانی خۆیدایە، تەنانەت لە مانای پۆست نەتەوەبوونی خۆیشیدا.

دەتوانین بڵێین رۆمان لە دیاردە دژبەیەک و جۆراوجۆرەکان ژیان وەردەگرێ، بەڵام هاوکات زۆربەی جارەکان لەسەر بنەمای ژیانی تاکەکەسی و شوێنەکان بونیاتنراوە. هەروەها کاتێک رۆمان بە سەفەر و جووڵە گرێدراوە زۆرجار لەگەڵ خۆی هەڵگری تامەزرۆییە بۆ شوێنێک یان لە شوێنێکەوە. بە واتایەکی تر کەڵک لە نەتەوەیی وەردەگرێ بۆ ئەوەی ببێ بە نێونەتەوەیی. کاتێک رۆماننووسانی وەک 'تۆماس بەرنهارد' و 'ئێلفریدە یەلینێک' ولاتی ئۆستریا دەدەنە بەر چەکوچی بێبەزەیی خۆیان، ئەمە کەم و کووڕییەکانی نەتەوە پیشاننادا بەڵکو بەپێچەوانەوە: رەخنە، رووخاندن و لێکبڵاوبوونی کڵێشەکانی نەتەوە پێویستە لەبەر ئەوەی یادەوەریی گشتی و لەخۆتێگەیشتن وەها بەتووندی گرێدراوە بە تاکەوە کە لە سەردەمی "پۆست نەتەوەیی"شدا ئەم خەسڵەتە هەر درێژە بە ژیانی خۆی دەدا. بنەماڵە، ماڵەوە و وابەستەیی بەردەوام ئەو شوێنانەن رۆمان کاریان تیادەکا و زمانیش کەرەسەکەیەتی.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for nasjonalstat kunst