شرۆڤە

رۆمان چییە (١٩)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

هەردووکیان خاوەنی ئەم شتە هاوبەشانەن: لە کات دا خۆیان نیشاندەدەن و باسی مرۆڤ دەکەن. وەک 'یان مک ئێوان' نووسەری ئینگلیزی زۆر جار لە دیمانەکانیدا دەیڵێ رۆمان باس لە رەوتی ژیانی مرۆڤ لە کاتدا دەکا. بەڵام رۆمان تەنیا لە کاتدا روونادات، بەڵکو بەشیک لە شوێنیشە، واتە لە دونیا، وە لەم پێوەندییەدا شوێنی تایبەتی خۆی دروستدەکا.

 

خەم و ئێرەیی

 

داخۆ شتێک هەیە رۆمان بەتایبەت بۆ ئەوەی لێی بکۆڵێتەوە باش بێت، داخۆ پێوەندی نێوان ژیان و هەستەکان و "ئەشق" هەموو لایەنە هەستییەکان ـ هەر لە خۆشبەختی، مەستی و رازیبوونەوە بگرە تا تووڕەیی، ئێرەیی و ژان ـ دەگرێتەوە. ئەمانە ئەو هەستانەن خۆ لە ئەنالیزە و سەبتی ئەقڵانی دەبوێرن و بەپێچەوانەی ئەقڵ و مەنتق خۆیان دەردەخەن.

 بۆ وێنە با لەو خەم و ئازارەی بڕوانین وا ئەشق لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێ، چلۆن رۆمان باس لە خەمی ئەشق کە دیاردەیەکی ئاسایی و لە هەمان کاتدا گرینگە دەکا؟ با باس لە رۆمانی 'ئازارەکانی وەرتێر' (١٧٧٤) لە نووسینی گۆتە کە یەکێک لە چیرۆکە ئاشقانە بەناوبانگەکانی ئەدەبی جیهانییە بکەین. وەرتێر ئاشق دەبێ کاتێک دەبیستێ 'لۆتە' رۆمان دەخوێنێتەوە؛ بە واتایەکی تر حەزێکی هاوبەش لەنێوانیاندا کە خوێندنەوەیە دەبێتە هۆی دیداریان، ئەمە دەستپێکی چیرۆکێکە دوواتر دەبێتە بابەتێک بۆ خوێنەران و نووسەرانی دیکە. موتیڤی خۆشەویستیی گۆتە خاوەن نەریتێکی ئەدەبیی دوورودرێژە، لە شکسپیرەوە بگرە تا رۆمان ـ نامەکانی ئەو سەردەم وەک 'پامێلا'ی ریچاردسۆن یاخود 'ژولی' ی رۆسۆ و 'هێلیۆسی نوێ'. رەنگە ئەمە لەخۆیدا دیاردەیەکی نموونەیی بێت کاتێک لۆتە وەک گەنجێک لەسەر رۆمانی ئاشقانە قسەدەکا، بەڵام لۆتەی گەورەساڵ و خانەدار سەبارەت بە شکست و سەرکەوتنی قارەمانی رۆمانەکان زیاتر دوودڵە کاتێک دەڵێ: "هەنووکەیش ئەم جۆرە رۆمانانە کاریگەرییان لەسەر من هەیە. بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمتر رووبەڕووی کتێب دەبمەوە دەبێ ئەو کتێبەی وا دەیخوێنمەوە لە خانەی چێژی مندا بێت. من ئەو نووسەرەم زیاتر خۆشدەوێ وا جیهانی خۆمی تیادەبینمەوە، ئەو بەرهەمەی وا رووداوەکانی لە رووداوەکانی دەورووبەری من دەکەن، چیرۆکێکی لەم چەشنە بەقەدەر ژیانی ناو خانووەکەی خۆم سەرنجم رادەکێشێ، ژیانێک کە بەهەشت نیە بەڵام تا رادەیەکی زۆر سەرچاوەی بەختەوەرییەکی نەگوتراوە."٥٣ لەمە زیاتر و گرینگتر سەبارەت بە خوێندنەوەکانی لۆتە شتی تر نابیستین، پیش ئەوەی لە کۆتایی کتێبەکە بە دەنگی بەرز ئەو شیعرانەی وا بۆخۆی لەسەر خەبات، ئەشق و مەرگ وەریگێڕاون بۆ وەرتێر بخوێنێتەوە لای ئەو ژیانی رۆژانە جێگای ئەو وەهمە دەگرێتەوە وا رۆمان هەڵگریەتی. وەرتێر بێگومان کەسێکی خوێنەر و خەیاڵییە؛ ئەو سەرلەنوێ شیعری قارەمانانە دەنووسێتەوە و بە دەوری هومێردا دەخولێتەوە، ئەو خۆی دەبێ بە وێنایەک لە قارەمان، بەڵام نەک قارەمانی ناو شیعرە حیماسییە بەرزەکان، بەپێچەوانەوە دەبێ بە رۆمانتیکێکی نابەختەوەری یاخی و دەروونگەرا. دیارە ئێمە دەزانین چی بەسەردێ؛ وەرتێر بە هۆی ئەشقی ناکامی بە لۆتە خۆی دەکوژێ. ئەگەرچی ئەو شەپۆلی خۆکوژیەی بەگوێرەی راپۆرتەکان رۆمانەکە بووە هۆکاری کەمتر بوو لەوەی باسی لێکراوە، بەڵام ئەم رۆمانە خاوەن نفووزێکی گەورە لەسەر گەنجان و جەماوەری خوێنەری ئۆرووپایی بووە. وەرتێر و لۆتە، یاخود باشتر بڵێین وەرتێر و ئەشقەکەی، جیهانی رۆمان واتە جیهانی هەستەکان لەخۆدەگرن. وەرتێر ناگاتە لۆتە و ئەمە دەبێتە هۆی مەرگی. گۆتە، هەروەها بۆخۆیشی نەگەیشتە شارلۆتە، بەڵام لەجیاتی ئەمە گەیشتە چیرۆکی ئەو، ئەمەیش هاوتەریبە لەگەڵ خودی چیرۆکی رۆمانەکە: چیرۆکی شکستی ئەشق.

وەک دەزانین ئەشق لە تان و پۆی "بوون"، ئانترۆپۆلۆگی و ئۆنتۆلۆگی رۆماندایە. رۆمان و رۆمانتیک بوون وەک دوو وشە پێوەندییان بە یەکترەوە هەیە و وا دێتە بەرچاو  کاتێک شکستی عەشق دەبێتە راستی، رۆمان خێرایی پەیدادەکا. شکست رۆمان دروستدەکا. رەنگە لەبەر ئەمە بێت زۆربەی رۆمانەکان خەریکی ستایشکردنی خەونەکانن تا بەئەنجام گەیاندیان. قارەمانەکانی 'هامسون' لەوانەن وا ستایشی خەونەکان لەسەر ژن دەکەن تا خودی ژن. هەموو تەمەنی نووسەریی هامسون بەدەوری ئەم جوداییەی نێوان خەون و خاوەنداریەتیدا دەسوورێتەوە. وەک بڵێی هامسون دەڵێ لەم ژوورەدایە نووسین لەدایکدەبێ. چەندە ئەو سەبارەت بە رۆمان بە رقەوە بدوێ، بەڵام لەم ژوورە خەیاڵییەدایە رۆمانەکانی خۆیان دەردەخەن.

هامسون سەبارەت بە ئێرەیی، وەک هێزێکی بزوێنەر لە گەمەی ئەشقدا، خاوەن بیرێکی تیژە. لە رۆمانی 'لە شوێن زەمەنی لەدەستچوو'ی مارسل پرۆستدا لەو بەشەیدا بە نۆروێژی ناوی 'ئەشقی سوان'ە و تا رادەیەکی زۆر رۆمانێکی سەربەخۆ لەم رۆمانە گەورەیەدا پێکدێنێ، جودایی نێوان خەون و خاوەنداریەتییە پیشاندەدرێ. 'سوان'ی جوان چاک ئاشقی 'ئۆدێتتە'ی جڵف دەبێ و چیرۆکی ئەم خۆشەویستییە بەدیارخستنێکی روونە لەوەی چلۆن مەودا، رەدکردنەوە و ئێرەیی دەست بەسەر حەزی ئێرۆتیکیدا دەگرێ. لێرەدا پرۆست و هامسۆن بێگومان خاوەن هەندێ شتی هاوبەشن سەرەڕای ئەوەی لە 'نورلاند'ی هامسۆنسەوە تا پاریسی پرۆست مەودایەکی یەکجار دوورە. یەکەم ئەو کاتەیە وا سوان شەوێک لەگەڵ ئەوەی زۆر ئاشقی ئۆدێتتەیە نایدۆزێتەوە و جارێکی تریش ئەو کاتەیە ئەشق کۆتایی هاتووە و کەچی ئەو لەگەڵیا هاسەرگیری دەکا ـ دیارە ئێمە بەمە نازانین هەتا لە بەشێکی دوواتری بەرهەمەکەدا باسی دەکرێ. لە 'ئەشقی سوان'دا ئەشق بەڕادەیەکی زۆر لە هاوسەرگیری دوورە؛ لێرەدا باس لە ئەشقە لە شێوازی حەزی زۆر و وەسواسدا ـ ئەشقێک کە بەردەوامە لەبەر ئەوەی ناتوانێ لە پیوەندێکی دوولایەنە و زەرووردا خۆی ببینێتەوە. کاتێک ئەشق دەگاتە کۆتایی خۆی، لێ تێگەیشتنیشی ئەستەم دەبێ: "بیربکەوە کە من تەمەنی خۆم بەفیڕۆدابێ، ئەوەیکە سەردەمانێک حەزم کردووە بمرم، ئەوەیکە گەورەترین ئەشقی ژیانم بە ژنێک بووە بۆم سەرنجڕاکیش نەبووە. ژنێک کە لە تیپی من نەبووە!" بۆیە سوان دەتوانێ جیابێتەوە. لە کۆتایی رۆمانەکەیشدا کاتێک سەیری رابردوو دەکا، ئەشقەکەی وەک شێتیەتییەکی سەردەمی گەنجیەتی دێتەبەرچاوی.٥٤ دەبێ بڵێم ژنێکی ئاسایی نۆروێژی، کە نە بەشێوەیەکی تایبەت زیرەکە و نە جوان، بۆ کەسێکی ئاشق دەتوانێ دیاردەیەکی تایبەت و پڕ لە رەمزو راز بێت. بۆ سوانی شارەزای هونەر هەستی سۆزاوی تر دەبێ کاتێک ئەشقەکەی لە تابلۆیەکی 'بوتیچێلی'دا دەبینێتەوە. وەک بڵێی وێنەکە جێگای دەگرێتەوە. کاتێک پرۆستی نووسەر لە فۆڕمی رۆمان کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەنالیزەکردنی دێرینەناسیی ئەشق ـ باسکردن لە توێژە جۆراوجۆرەکانی هەست هەر لە وێنەوە بگرە تا وەهم ـ هەوڵدەدا پێوەندی نێوان چیرۆکی خەیاڵی و ئەشق پیشان بدات: دوو دیاردە کە ئایدیای نوێ و تازە دەیانجوڵێنێ.

ئەگەرچی پرۆست لە رەوتی ریالیستیی گیڕانەوە لە رۆمان دادەبڕێ کە بە شێوەی باسکردنی گرفتە روونەکانە لە نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگادا، بەڵام بەهەمان رادە کەڵک لە رۆمان وەردەگرێ بۆ ئەنالیزەکردن و پێشکەشکردنی سروشتی مرۆڤ. لای "نووسەرانی رۆمانی نوێ"ی فەڕەنسی لە دەیەی ١٩٥٠ دابڕان لە وەسفی ریالسیتیانەی مرۆڤ لە ئاستێکی بەرزدایە. لەلای نووسەر و تیۆریستی رۆمان 'ئالاین رۆببە گریلێت' هەموو ئەو شتانەی وا "هەستەکان" دەتوانن چێژی پێبدەن تا ئاستی سەبتکردنی بێ لایەنانەی ژینگە دادەبەزێ. هەروەها ئەو بە ئێرەییەوە خۆیشی سەرقاڵدەکا. ئێرەیی (١٩٥٧)، رۆمانە بەناوبانگەکەی، تەواو تێکەڵە بە روونکردنەوە دەروونناسییەکانەوە؛ ئێرەیی لەم رۆمانەدا لە رێگای نیگای پیاوێکەوە وەسف دەکرێ کە باس لە ژن و میوانە ناوەختەکەی دەکا. هەروەها ناوی رۆمانەکەیش ئاماژەیە بە کوێریی چاوی حەسوودی، کوێرییەک وا نیگایە بۆ بینینی شتەکان. لەم رۆمانەدا مرۆڤ و شوێن وەسف دەکرێن بە بێ پێوەندی نەریتی بە مێتافۆر و لێکچوواندن، بەڵام ئەو نیگایەی لێیەوە لە رووداوەکان دەڕوانرێ وەها بەڕوونی گرێدراوە بە وشیارییەوە کە ئێرەیی بە جوانی دەڕژێنێتە ناو گیانی خوێنەرەوە.

رۆمان چ لە شێوازی ریالیستیدا (بە کەسایەتی ریالیستی و ئەو کەسایەتییانەوە وا دەتوانین سەرلەنوێ بیانناسینەوە و هەروەها بە رەوتی رووداوەکانییەوە کە خاوەن شێوازی تایبەتی خۆیانن)، وە رۆمان چ لە شێوازی تردا کە لە کەسایەتییەکان و پلۆت دادەبڕێ، هەردووکیان خاوەنی ئەم شتە هاوبەشانەن: لە کات دا خۆیان نیشاندەدەن و باسی مرۆڤ دەکەن. وەک 'یان مک ئێوان' نووسەری ئینگلیزی زۆر جار لە دیمانەکانیدا دەیڵێ رۆمان باس لە رەوتی ژیانی مرۆڤ لە کاتدا دەکا. بەڵام رۆمان تەنیا لە کاتدا روونادات، بەڵکو بەشیک لە شوێنیشە، واتە لە دونیا، وە لەم پێوەندییەدا شوێنی تایبەتی خۆی دروستدەکا. لە پاژەکەی تردا دێینەوە سەر ئەم باسە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫رمان نو‬‎