شرۆڤە

چەمکی شیعرییەت لە...

ئەدیب قادر

"ئەنوەر"بە گوزارەیەکى سادە شاعیرێکى ئاسایى نییە، تازەکەرەوەى دنیابینییە، دنیابینیى شیعریى. یان شیعرى ئەو دنیابینیى نوێى بە ئێمە بەخشیى تاکو واقیعەکەى خۆمان بە شێوەیەکى جیاواز ببینین. ئەو، دیاردەیە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەفسانەى حەفتاکانمانە، ئەزموونێکى دووبارەنەبووەوەى ناو ڕەوت و دیمەنى شیعرییمانە.

 

چەمکى شیعرییەت لە ئەزموونى شیعریى

"ئەنوەر قادر محەمەد"دا

ئەدیب نادر

ئەمە ئەو ساتەیە کە پێویستە لەسەرت چامەیەک بنووسى و

بە شێوەیەکى جیاواز، جیاواز، تەواو جیاواز بیڵێیت.                         ڤلادیمێر هۆڵان

 

تەقریبەن هەموو شتێکى جیددى سەختە، هەموو شتێکیش جیددییە.          ڕێلکە

*پێشەکى

لە نامەیەکى کراوەدا، عەبدوڵڵا پەشێو، سەرکۆنەى"ئەنوەر قادر محەمەد" و تەنانەت زۆربەى شاعیرانى ئەو سەرو بەندەى ساڵانى حەفتاکانمان دەکات و لە ناسنامەى شاعیرێتیى بێبەشیان دەکات! ئەگەرچى"ئەنوەر"ناوەڕۆک و ستایەلڕ و بەرهەستیى ئەزموونە شیعرییەکەى لەوانەى هاوسەردەمەکانى خۆى جیاوازە و وەکو هەموو داهێنەرێکى دنیا سیحرێک لە هەناوى تێکستەکانیدا قەتیس دەکات و ئەم سیحرە ئەفسانەییەیش، کە بەتایبەتى کۆشیعرى "زریان"لە خۆیدا مەڵاسى دەدا و"ع. پەشێو"بۆچوونى نەگەتیڤ و پێچەوانەى لەبارەوە هەیە، تەمومژێکى ڕەنگاو ڕەنگ بەگژ خوێنەردا دەکات و وەکو جووڵەیەکى سەیر و سەمەرە بۆ ناخى هەستەکانى دەیگوازێتەوە و بەر سەرسامییەکانى دەکەوێت و تەقینەوەیەکى ڕاستەقینەى تێدا بەرقەرار دەکات. دیارە ئەو دەقانەى ناو دووتوێى کۆشیعرى ناوبراو، دەقگەلێکى دژوار و تاڕادەیەک ئاڵۆزن و مەعریفەى ئەدەبییانەى ڕووکەش ناتوانآ هەرسیان بکات و پێى قبوولڕ بن، بۆیە لەو نامەیەدا، کە لە پاشکۆى عێراقى ژمارە"25"دا بڵاوکراوەتەوە پەشێو دەڵێت:(خوێندنەوەى چەشنە بێگارێک بوو، تا من جارێک ئەوم تەواو کرد، ئەو هەزارجار منى تەواو کرد!) کەچى هەر ئەم کۆشیعرە سەردەمى نووسینى ئەم نامە کراوەیە و تەنانەت دەتوانین بڵێین لە دنیاى شیعرماندا وەکو کتێبێکى دانسقە و بێهاوتا مامەڵەى لەگەڵدا کراوە و تائێستایش لەگەڵیدا دەکرێت، ئەگەر بۆ کەسانى تریش وانەبآ، ئەوا لانیکەم بۆ نووسەرى ئەم بابەتە و زۆریش لەوانەى سەردەمانێکى زوو گڕوگاڵى شیعرییان دەکرد و دەیانویست تیایدا گەورە بن، هەروەها گەلێک لەوانەی ناوبانگى شیعرییشیان پەیدا کردبوو، ئەم دیوانە شیعرە سەرمەشقێکى بێوێنە بوو، "ئەنوەر"یش مامۆستا بوو، مامۆستایەکى هاکەزایى نا، بەڵکو مامۆستایەکى ژیانگۆڕ و بینۆگەگۆڕ و چێژ و هەستى جوانیى گۆڕ بوو، چونکە خوێندنەوەى دەقەکانى ئەم کۆشیعرە ئەو خوێندنەوە ئاساییە نەبوو، بەو تێگەیەى کە زۆربە بۆى چوونە، نەخێر! ژیانکردن بوو لەناو داهێنانێکى جیاوازدا، چونکە ڕەوتێکى جیاى بەرهەم هێنا، ستایەلڕ و زمان و بابەتەکانیشى تێکەلڕ بە ئەزموونەکانى دواى خۆى بوون، ژیانکردنیش بوو لەناو کتێبێکى ناوازە و گەڕانیش بوو بەدواى قووڵایى شتەکاندا هەروەکو ئەوەى"ڕێلکە"بۆی چووە، پێبەپێى ئەوەى سروشتى کارى داهێنەرانەیش قووڵێتییەکەى و ئەبەدێتیى بوونەکەیەتى، بێگومان خاوەنى قووڵاییگەلێکى زۆر سەخیى بوون. لەڕاستییدا ئەو نامەیەى"ع. پەشێو"وەک بڵێى سرووشى لە مانیفێستى فیووچەریستەکانى ڕووس وەرگرتبآ، کە لە ساڵى 1912دا بڵاویان کردبۆوە و تیایدا بەیانى ئەوەیان کردبوو پووشکین و دۆستۆیڤسکى و تۆڵستۆى و...تاد لە کەشتیى مۆدێرنە فڕآ بدرێنە دەرەوە و بخرێنە دەریاوە..! پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئەم باڵا ئەدەبییە زۆر بڵندانەى نەک هەر ئەدەبى ڕووسیى بگرە ئەدەبى جیهانییش لە کەشتیى مۆدێرنە فڕآ بدرێنە دەرەوە و فەرامۆش بکرێن، ئیدى ئەو کەشتییە چى لێ دەمێنێتەوە؟ ئایا مایاکۆفیسکى فیووچەریست و هاوڕێکانى لێ دەمێنێتەوە؟ یان هەتاهەتایە هەر ناوبراوانى پێشوو ئەستێرەى درەوشاوەى ئاسمانى ئەو ئەدەبەن و فیووچەریستەکانیش نەیزەکى تێپەڕن و وێڵى ناو ئەو ئاسمانەن، یاخود دەمێکە بەربوونەتەوە؟ بەڵآ، جیهانێتیى ئەمانە ڕاستییەکە کەس ناتوانآ نکووڵى لێبکات و بە قسەى مایاکۆفیسکییەک - سەربارى ناسراویى و بەرجەستەیى داهێنانە لە نکووڵیى بەدەرەکانیشى - ئەو ناوە درەوشاوانە لە ئەدەبى ڕووسیى ئەفەرۆز بکات و ئەو سآ زاتە نەمرە بمرێنێت و ئەو ئەدەبە سەرئاسا و نایابە ئینسانییەیان پشتگوآ بخات و بۆ ئەبەد وەلایان بنێت. لەبەر ئەوەى ڕاستییەکانیش ناشاردرێنەوە و هەر کەسێکیش یاد زیندوو بیهێڵێتەوە لە جێى شایستەى خۆى دادەنرێت و هەمیشە بە زیندووییش دەمێنێتەوە. دیارە ئەمە لەگەلڕ ئەزموونى"ئەنوەر"یش هەر ڕێکدێتەوە، چونکە بەڕاستیى لە حەفتاکاندا لە سەر دەستى چەند شاعیرێک - کە یەکێکیان بێچەند و چوون ئەنوەرە - ئاڕاستەى ترادیسیۆنیى شیعرمان بۆ هەمیشە گۆڕرا و بوو بەو دنیا تازەیەى نە بە شێوەیەکى تایبەتى  وێناى دەرەوە خۆى دەکات، وەکو ئەوەى"دکتۆر فاتیح عەلاڤ" بۆى چووە، نە جەختیش لە خستنەڕووى دەرەوە دەکات، بەڵکو بینۆگەیەکى نوێی لەبارەى ئەو دەرەوەیە هەیە، یاخود دنیابینییەکى تازەیە، هۆش و هزر و تێگەیشتنى شاعیر بەرانبەر پرسى ژیان و هونەر و بوون نمایش دەکات و گوتارى شیعریى دەکات بە ئەرکێکى مرۆیى ترانسێندێنتالڕ. جا لە درێژەى ئەمەدا، ئەگەر نامەکەى"پەشێو" بکەینە سەرپشکى بڕیارەکانى خۆمان و ئەنوەر و شێرکۆ و لەتیف هەڵمەت و کآ و کێى تریش کە خوێندنەوەیان چەشنە بێگارێک بێت و فڕێیان بدەینە کیشوەرەکانى بیرچوونەوە و پشتگوآ خستنەوە، ئایا ئیتر شیعرى نوێى ئێمە چى تێدا دەمێنێتەوە؟

بەشى یەکەم

(1) 

بێگومان دواى خوێندنەوەى"ئەنوەر"، چەندین پرسیار یەخەى هزر و ئەندێشە دەگرێت، دیارە وەڵامەکان، هەروەکو "مایکلڕ شمیدت"لە شوێنێکدا دەڵێت، وەک ئارگومێنت دەرناکەون، بەڵکو وەکو فۆرمى زمان دەردەکەون و بۆ هەموو وەڵامێکیشمان دەبآ بۆ دەق و زمانەکەى بگەڕێینەوە. بەهەرحالڕ، یەکێک لەو پرسیارانە ئەوەیە: بۆچى ئەم شاعیرە بەو سیحرە حەپەسێنەر و تەلیسماوییە جیاکار و تایبەتمەندە؟ ئەمە دەمانخاتە سەر کەڵکەڵەى ئەوەى   بزانین کە ئەدەبى داهێنەرانە،"تۆدۆرۆڤ"گوتەنى، هەر لەناو بۆشاییدا بنیادنانرێت، یاخود لە بۆشاییەوە نایەت تاکو خاڵیى بێت لە ئەفسوون و ڕەگەزەکانى سەرنجڕکێشان، بۆیە پێویستە بەدواى ڕەگەزە پێکهێنەرەکانى ئەدەبەکەیدا بگەڕێین، بە هەردوو دیویدا قووڵبینەوە بۆ ئەوەى یارمەتیمان بدەن بە شێوەیەکى بەجێتر لە ئینسان و جیهان تێبگەین، هەروەها دەوڵەمەندیى بوونەکەى خۆمان بدۆزینەوە و یارمەتی ئەوەمان بدات بە شێوەیەکى باشتر لە خۆمان تێبگەین، کە ئەمەیش دواجار بێسێودوو وەکو بوونەوەرى دەوڵەمەندتر نمایشمان دەکات و هەستەوەرییەکى ئەوتۆمان پێدەبەخشآ جیهانى ڕاستەقینە بەرینتر و بارگاوى تر و ڕەونەقدارتر و جوانتر ببینین، ئەم پرۆسەیەیش بێچەندوچوون بە بەرکەماڵمان بگەیەنآ.

***

"ئەنوەر"بە گوزارەیەکى سادە شاعیرێکى ئاسایى نییە، تازەکەرەوەى دنیابینییە، دنیابینیى شیعریى. یان شیعرى ئەو دنیابینیى نوێى بە ئێمە بەخشیى تاکو واقیعەکەى خۆمان بە شێوەیەکى جیاواز ببینین. ئەو، دیاردەیە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەفسانەى حەفتاکانمانە، ئەزموونێکى دووبارەنەبووەوەى ناو ڕەوت و دیمەنى شیعرییمانە. بە پێگەیشتوویى هاتۆتە ناو کایەى نووسینەوە بۆیە هیچ زیادەڕۆییەک لە بەکارهێنانى وشە لە نووسینیدا پەى پێنابرێت، بە پێى پێویستیى زمان بەکاردەهێنآ، هیچ تێئاخنرانێک لە شیعرەکانیدا بەرچاو ناکەون و تەنانەت وێنەیەک، دەستەواژەیەک، یان هەتا دێڕێکیش وەزیفەى خۆیان جێبەجآ دەکەن و لە دەقەکانیدا دووبارە نابنەوە. ئێستایش، پاش نزیکەى نیوسەدەیە، تێکستەکانى هەر بە هەمان شێوە نائاسایین و ڕەنگە بۆ خوێنەرى کەم ئەزموون وابنوێنن کە هەر لە پێناوى شیعردا نووسراون، بەڵام لەڕاستییدا ئەوە شیعرە لە پێناوى شتە گرنگەکانى دیدا نووسراوە و ئەو نووسیوونى، چونکە لە باکگراوەندێکى هزریى و خەیاڵیى قوولڕ و خوێندنەوە و ڕۆشنبیرییەکى بێتانوپۆوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆیە کاریگەر و پڕ بایەخن و ئەرکێکى دیار و مرۆییش بەدى دەهێنن، هەر لەبەر ئەوەى زەروورەتیش هێناویانێتییەدى وامان لێدەکەن ڕەهەندە نادیارەکانى دنیا بدۆزینەوە و بێگومان بۆ بیر کردنەوەیەکى جیددییش هانمان دەدەن و ڕامان دەچەنێنن و دنەى ئەوەمان دەدەن بیر لە ڕێگاى دیکە بکەینەوە بۆ وێناکردن و ڕێکخستنى ئەو ڕەهەندانە. ئەو، هەر لە سەرەتاوە ئەو شێوازە تاککەوتووە مۆرکێتى کە"ڕێلکە"بۆ شیعر بە گرنگ و بایەخدار ناوى دەبات. بآ شک تێکەڵنەبوونى ستایەلڕ و ئەتمۆسفیر و هاوبابەتنەبوون و گشتیینەبوونى ئەزموونەکان و گەڕانەوە بۆ ناو خودى خۆ و کەشفکردنى ئەو قووڵاییانەى ژیان تیایاندا بە جۆشوخرۆش دەکەوێت و دەڕسکێت، وایان کردووە شاعیرێکى ڕەسەن بێت و هاوتا بابەتییەکەى ژیان بۆ ئەو نووسین بێت، نووسینیش وەفادارانە لایەنە شاراوەکانى ژیان و ئەزموون و بیرکردنەوەى ئەو لە خۆ بگرن، بۆیە بە هیچ کلۆجێک هەوڵى ئەوەى نەداوە نەیکات بە خەمى پلە یەک لە ژیانى خۆیدا. واتە ڕەنگە لە ژیانى نووسەردا یەکەمین پرسیارێک کە بەر لە هەڵبژاردنى نووسین ڕووبەڕووى خۆى بکاتەوە ئەوە بآ: ئایا نووسین پرسێکى ژیانییە، یان نا؟ ئەگەر پرسێکى ژیانییە بۆى و هەر ئەویش بەسەریدا دەیسەپێنآ، ئەوا ژیانى سەرپشک نییە لە دەستبەرداربوون لێى. ئەمەیش چى دەگەیەنێت، خودى ژیانى نووسەر پێویستبوون و پێداویستبوونى نووسین دەسەپێنآ و بە پێداگرییەوە فەرزى دەکات بەسەریدا و ئەوسایش دەست هەڵگرتن لێى، دەست هەڵگرتنە لە خودى ژیان خۆى، بۆیە نووسەر دەکەوێتە بەرامبەر پرسیارى ئەوەى: ئایا دەتوانێت وەکو هەبوویەک، بوونى خۆى لە نووسین ئافەرۆز بکات و جەوهەرێک لە ژیانى خۆى وەدەرنێت؟ بۆ ئەمەیش تەنها یەک وەڵامى هەیە: ئەویش نەخێرە. چونکە نووسین، بۆ ئەو، هاوتایەکى بابەتییانە لەگەلڕ خودى ژیان پێک دەهێنآ، ئەگینا بەهاى نابێت و نابێتە داهێنان.

(2)

قسەکردن سەبارەت بە"ئەنوەر"ژیاندنەوەى ئەزموونە دانسقە دیارەکەیەتى، یانى زیندووکردنەوەى ئەو شاعیرێتییەى هەر بە ڕوواڵەتى شتەکان کارتێکراو و سەرسام نییە، بەڵکو ئامانجى سەرەکیى کەشفکردنى جەوهەرى شتەکانیشە و هەردەم بەدواى ئەو هۆکارانەشەوەیە کە دنەى نووسین دەدەن و لەلایەن زۆرێکەوە بە ئەنقەست پشتگوآ خراون، هەروەها ئەو ئەزموونەشى پشتگوآ خراوە، کە یەکێکە لە ئەزموونە شیعرییە ڕەسەنەکان و شەقلڕ بەخشێکى دیکەیە بەو ڕەسەنێتییە. بەهاى ئێستێتیکییش لە جەستەى ڕۆشنبیریى و کولتووریى و کۆمەڵایەتیمانەوە دزە دەکاتە ناو دەقەکانى  و تیایاندا دەڕسکێت، چونکە دەقى ئەو تەنها لە هەیکەلێکەوە بەرکەماڵیى خۆى وەرناگرێت، بەڵکو پێکهاتەگەلێکى زۆرى پێویستە تاوەکو بە کەمالڕ بگات. ڕاستە ئەو دنیا شیعرییەکەى خۆى بەر لە هەموو شتەکانى دى بە زمان بنیات ناوە و زمانیش لاى ئەو لە کۆمەڵآ شتى کۆنکریت پێکهاتووە وەکو ئەوەى"ئیزرا پاوەند" بۆى چووە، کەرەستەیەکى گرنگ و بێهاوتاى نووسینیشە و دەیکات بە بۆتەیەک بۆ لە خۆگرتنى سەرجەم چەمکە شیعرییەکانى و هەر بە ڕاستییش دەیکات بە ئەسڵى شتەکان هەروەکو لە کتێبى ئینجیلیشدا هاتووە کە - زمان، وشە - یش ژیانى تێدایە و ڕووناکیى بەگژ تاریکاییەکەى دنیادا دەکات و تاریکییش ناتوانآ بیکوژێنێتەوە.

***

"ئەنوەر"یش وەکو "بایرۆن"ە، هەر بە ویست شیعرى نەنووسیووە، شیعر لاى ئەو هونەرێکى ڕەسەنە، هەر وەک خۆیشى لە شوێنێکدا دەڵێت: زادەى فیکرێکى خەست و چڕى مرۆڤێکى بەئاگایە لە دنیاى ڕۆشنبیریى...دیارە هەست و سۆز و هەڵچوونیشە خراوەتە ناو پێوەر و پێودانگەوە، بە دەربڕینى"تۆماس هاردى"یش، هەست و سۆز و هەڵچوونەکە دەبآ سروشتییانە هەڵبقووڵێت، بەڵام پێوەر و پێودانگەکە دەکرآ بە هونەر بەدەست بهێنرێت. شیعریش لە ڕاستییدا ئەو ژانرەیە کە لە هەموو ژانرەکانى دى زیاتر مشتومڕ هەڵدەگرێت لەبەر ئەوەى بە درێژایى سەردەمەکان ئەوەى سەلماندووە کە دژى سنوور و بەربەست و کۆت و پێوەندە، هەروەکو"دکتۆر عەبدوڵڵا حەممادى"ڕەخنەگر لە کۆنتێکستێکدا ئاماژەى پێداوە. بەمەدا دەردەکەوێت کە ئەو، شاعیرێکە پێگەیشتن و کامڵبوونى دوو ڕووداوى ناوەکییانەن، یانى لەناو خودى خۆیدا ڕوویان داوە و دوو پڕۆسەى دەرەکییانە، یاخود یارییەکى زمانەوانییانە نین و زۆر ئاگامەندانە دەڕوانێتە هونەرەکەى و گۆڕانکارییەکانى سەروبەندەکەى، چونکە ئەویش"سەرگۆن پۆڵس"ئاسا دەزانێت:"نووسەر شایەدحاڵە بەسەر سەردەمەکەى خۆیەوە و پێویستیشە لە تانوپۆى ئا ئەو هەموو هەراوزەنا و شێتیى و جەنگ و کوشتوبڕانەدا هۆشیار بێت و تەنانەت درک بەو دەنگە کزانەیش بکات کە سەبارەت بە ڕابردوو بۆمان دەدوێن"و بۆ ئەو، وەکو پێشتریش گوتمان هاوتاى بابەتییانەى ژیان و بوونە، یانى پڕۆژەیەکە بۆ چوونە ناو ئاییندەوە نەک قەتیس بوون لە هەنووکەدا و مانەوە لەو هەنووکەیەى زۆر نابات دەبێتە ڕابردوو و بە شێوەیەکیش لە شێوەکان بیردەچێتەوە.

***

شیعر، بۆ ئەو، دەکرآ بوترآ گەشتکردنە بە ڕەهەندەکانى ناوەوە و دەرەوە، کەشفکردنى شتەکانى ناوەوە و دەرەوەیشە، تایبەتانەتریش بڵێین گەشتکردن و کەشفکردنى ناوەوەیە، چونکە ئەو بەر لە دەستکردن بە نووسین گەڕاوەتەوە ناو ناخى خۆى و پەى بەو شتانە بردووە کە دەبآ ئاشکرا بکرێن. کەواتە ئەو پتر ئاشکراکەرى ناوەوەیە، ناوەوەیش جەوهەرە و ناوەڕۆکە، چونکە بۆ ئەو ئەوەى لە نووسیندا جەوهەرییە، ناوەوەیە، قووڵاییەکانە، بێگومان لەبەر ئاوێنەى دەرەوەدا، نەوەک وەستان لە دەرەوەى شتەکاندا، یان هەر لە نزیک ڕووکەشەوە ڕووانین و نەبینینى ئەو دەلالەتانەى دەکەونە ژێر ناوەڕۆکەوە:

کەى چاوى مەیووى ئاسمان

کڕێوەى بەفرێکى تینوو

بۆ ژەنگى سەر شەقامەکان ئەبارێنآ؟!

کەى ئاگرى مەشخەڵەکان

سنوورەکانى دەروونمان ئەپچڕێنآ؟!                                                         (پشکۆکانى ناخم- زریان)

ئەمە دەرخەرى ئەوەیە کە لەڕاستییدا هیچ دەربڕینێک نییە بآ ئاماژە بێت، یانى زمانێک نییە پێى بنووسرێت و ئاماژە بە شتى دیاریکراو نەدات. یان دەربڕین، وەکو ئەوەى"ڕۆبەرت فرۆست"وتوویەتى: شتێک دەڵێت و مەبەستى شتێکى ترە.

(3)

"ئەنوەر"، ئەگەر ئەو بۆچوونەى"سانت بووڤ"وەربگرین کە دەڵێت:"کارەکانى شاعیر نەخشەى کەسایەتى ئەون" ئەوا شاعیرێکە شەقلڕ بەخۆ بەخش و خۆڕسکێنەرە، لە خۆى تێدەگات و ئاشناى بیر و هزرى خۆیەتى، خۆى شێوە بە بیرکردنەوەى خۆى دەدات، دنیاى خۆى لە دنیاى هاوبەشى ئەوانى تر جیادەکاتەوە و بە تایبەتمەندییەکانى ڕادێت و ئەو ناوەندە شیعرییەى کە دنیاى حازربەدەست و بیرکردنەوە و کەشوهەواى حازربەدەستى تێدایە خۆى لێ دادەبڕێت و دنیاى خۆى و بیرکردنەوە و گۆشەنیگا و کەشوهەوا و ڕەگەزە تایبەتەکانى خۆى بەرجەستە دەکات و ئاوێتەیان ناکات لەگەلڕ ئەوانەى دەرەوەى خۆى، یانى سەرەنجام پڕۆسەى درک و تێگەیشتن، هەروەکو ئەوەى"دکتۆر کەمال ئەبو دیب"دەڵێت، دەبێتە هاوتاى پڕۆسەى داهێنان و ئافراندن. واتە ئەو وەکو قەقنەس نییە لە خۆڵەمێشى شاعیرانى پێش خۆیەوە زیندوو بووبێتەوە و ڕۆحێکى شیعرییانەى تێگەڕابێت، بەڵکو بە شێوەیەکى شیعرییانە هەر لە سەرەتاوە خۆى ڕسکاندووە و وەکو بوونێکى شیعریى سەربەخۆ خۆى ئافراندووە و ئەزموونێکى ڕەسەن و تاکڕەوانە هانى نووسینى داوە، ئەگەر ئەوەندە ڕەسەنیش نەبێت، ئەوا ڕۆحى ناچێتە بەر ئەزموونى هەندآ لە هاوسەردەمەکانى خۆى و دواى ئەوانیش نابێت بە نموونەیەکى باڵا بۆ سەرمەشق کردن. بەڵام هزرى ئەو بە سەرمەشق بوونەوە قالڕ نییە، بەڵکو ئەو خاوەنى بوونێکى نیگەرانە و هەمیشە بیرى لاى کامڵکردنى خۆیەتى، بە جۆرێکى تر بڵێین، کامڵبوون بۆ ئەو پڕۆژەیەکى شیعرییانەى هەردەمییە ژیان بەسەریدا دەیسەپێنآ، هەر ئەم نیگەرانییەشە دەیکات بە خاوەنى ئامانجێکى دیار کە ئەویش ژیانى هەمیشەییە لە ئاییندەدا.

دەڵێن هەر کە تاریک دایەت،

کاروانى تەم، تەمێکى ئالڕ لە شاخەوە بەرەو شار دآ و

مەل دەنیشآ..

دڵەڕاوکە وەک دڕکەزى دەئاڵێتە دەورى دڵت،

بەر پەنجەرەکەت بەر نادەیت،

دەڕوانیتە گشت ڕێگاکان،

وەک بووبێتم بە باڵندە،

دەڕوانیتە هەموو ئاسمان...                                                     (چەند هۆنراوەیەک بۆ دایکم- زایەڵە)

بێگومان بە بەردەوامیى لە ئاییندەدا ژیان بۆ شاعیر پڕۆژەیەکى زۆر گرنگە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە چۆن دێتەدى؟ بآ شک ئەم پڕۆژەیە داهێنان دەیهێنێتەدى و ئەو جێگایە بە شاعیر دەبەخشآ تا لەناو ئاییندەدا بژیت، ئەم نیگەرانییە یش هۆکارە بنچینەییەکەى لەوەوەیە کە هەمیشە داهێنەر پەى بەوە دەبات بوونێکى ناتەواوى هەیە و پێویستە کامڵى بکات، تەنها بە داهێنانیش کاملڕ دەبێت نەک بە شتێکى تر، بۆیە تاقە خەمى ئەو خەمى داهێنانە کە هەر تەنها ئەویشە واى لێدەکات جیاوازیى خۆى بەرجەستە بکات. ئەم قسەیە وامان لێدەکات بڵێین"ئەنوەر"، خاوەنى پڕۆژەیەکى ئۆنتۆڵۆژییە، یانى شیعر پڕۆژەیەکى ئۆنتۆڵۆژییە، ئۆنتۆڵۆژیى بە ماناى هەستکردنێکى قوولڕ بە ناکامڵیى، یان ناتەواوکۆیى و هەوڵدان بۆ خۆ تەواو کردن بە مانا داهێنەرانەکەى. واتە داهێنان گرنگترین پێش مەرجییە لەلاى شاعیرى جیاواز بۆ بەدى هێنانى ئەو تەواوکۆییە. ئەم هەوڵدانە بۆ کامڵێتییەیش هەوڵدانە بۆ بەخشینى ناوەڕۆکێکى تایبەتمەند بە خۆ و جیابوونەوە لە یەکڕەنگیى و بوون بە خاوەنى ڕەنگى تایبەتمەند و تاکڕەو. کەواتە بوون بۆ مرۆڤى جیاواز یانى داهێنان، داهێنانیش هاوتاى بابەتییانەى بوونى شاعیرە و شیعریش نیشتیمانێتى. شیعر، یان دەق هێلانەیە، ماڵە، نیشتیمانە، وەکو ئەوەى هایدیگەر دەیڵێت، تەنانەت لەوەدا هاوبۆچوونە لەگەلڕ"ڕێلکە"دا کە ئەگەر داهێنان ئەنجام بدات ئەوا بەرجەستەیە، ڕاستییە، پێبەپێى ئەم ڕاستییەیش هێز و توانا دەستەبەر دەکات بۆ ئەوەى ژیانى خۆى وەکو دەقێکى بێڕادە هونەریى و بێڕادە شیعریى بونیاد بنێت.      

هەتا چاو هەڵخەى ئاسۆ بآ بنە

پۆل ڕۆپسن ئەگرى و دەنگى هەڵئەبڕآ

بۆ پۆلى مەلى ماندووى شەوانى

کڕێوەى زستان...

بۆ بێزراوانى ئەم سەرزەمینە

گۆرانى ئەڵآ...

ئەسپى کەحێلەى هۆنراوەکانى

بەستەى وشکەڕۆى ئەم شاعیرانە بەجآ ئەهێڵآ

لە کاسکێتەکەى، لە بنارى دڵیا،

لە برى ناونیشان

وێنەى ڕووبارى سیروان نەخش ئەکا

سیروانیش وەکو ڕووخسارى دایکى

مات و خەمناکە...

سیروانیش وەکو فرمێسکى دایکى

بەسەر ڕوومەتى توونکە توونکەکەى"باوەعەمرە"دا

دێتە خوارەوە و بە بآ سەروشوێن هەر لە کۆچدایە

ئاى ئەى پۆل ڕۆپسن!

بۆچى یارەکەت سەمەندەرێکە

لە دارستانى برووسکە و گڕا هێلانە ئەکا؟!                           (پۆل ڕۆپسن ئەم ئێوارەیە کۆچ ئەکات- زریان)

داهێنان بە گوتەى"ئەدۆنیس"هەمیشە نوێیە، بۆیە شاعیرى داهێنەر کە دەنووسآ، لە دەرەوەى زەمەندایە، بەو واتایەى ئەو هەمیشە لە نازەمەندا دەژێت و ئەستێرەیەکە هەرگیز ناکوژێتەوە، چونکە ئەم زەمەنە دیاریکراوە جێگاى کەسانى ترە کە داهێنەر نین و هەمیشە دەبێتە ڕابردوو، ئەگەر شتى گرنگیشى تێدا ڕووینەدابآ ئەوا هەر زووبەزوو لەبیر دەچێتەوە و دەڕەوێتەوە. ژیانى بآ داهێنانیش لەڕاستییدا وەکو حاڵەتى ئەمنیژیا وایە، یانى هەموو شتێکى لە لەبیرچوونەوەیەکى بێکۆتاییدا خولدەخوات و خاوەنى هیچ ناسنامەیەک نییە، لەبەر ئەوەى هەموو یادەوەرییەکى لەدەستداوە، یان باشتر بیڵێین بآ یادەوەرییە. بەڵام ئاڕاستەى زەمەنى داهێنەر هەردەم ڕوو لە پێشەوەیە، چونکە ئەزموونەکەى ئەوەندە ڕەسەنە، ئەوەندە تاکمەندە، لە خۆى بەولاوە کەس لەناو ئەو ئەزموونەدا بوونى نییە، کاتى ئەو هەر لە دەستپێکەوە کاتى ئاییندەیە، لەبەر ئەوەى ڕەهەندى کات هەمیشە بەدەست داهێنانە وەیە و هەمیشەیش یەک ئاڕاستەى هەیە، ئەویش سەقامگیربوونێکى هەمیشەییە لەناو ئاییندەدا و هەر ئەم ئەزموونەیشە شیعرگەلێکى ئەوتۆى هێناوەتە ئاراوە لە فەزاى ئاییندەدا نەبآ لە هیچ فەزایەکى تردا بەرقەرار نابن. واتە شیعر لەم ئەزموونە ڕەسەنەدا شاعیر هەڵدەگرآ و لە دەربارى ئاییندەدا جێگاى شایستەى خۆى پێدەبەخشآ.

مەل لە درەخت دڵگیر نابآ

ئەو لە شەقام

شەقام لە تەنیایى شەوان

من لە دڵم..دڵم لە تۆ دڵگیر نابآ

"چراش خامۆش بآ..دلڕ خامۆش نابآ"                                       (خاک و زریان و خۆشەویستى- زریان)

(4)

ئەم ئەزموونە شیعرییە هەر کە دەڕسکێت، یەکسەر چەمکە شیعرییەکان لە قاڵبى خۆى دەدات و ئەو ڕەگەزانە سەرلەنوآ بنیات دەنێتەوە کە لێیان پێکدێت. لەوانە: زمان، فیکر، هەست و سۆز، وێنە، ڕیتم، بابەت، فەزا...تاد. بەرجەستەبوونى ئەم ڕەگەز و چەمکە شیعرییانەیش لە تێکستدا هۆکارە بۆ هاتنەکایەى داهێنانێکى ئەوتۆى لە ئاییندەدا سەقامگرتوو. لەبەر ئەوەیش ئەم ئەزموونە، ئەزموونێکى تاکمەندە، چەمکەکانیش ئەو تاکمەندییەى ئەزموون دەگونجێنن، یان دەیانگۆڕن لە باو و نەریتگەراوە دەیانکەن بە ناباو و نانەریتگەرا، یان شتە ئاساییەکان، هەر وەکو وردزوێرس دەڵێت، بە شێوەیەکى نائاسایى پێشکەش بە هزر و یاد دەکرێت. چەمکەکانیش بەر لە هەموویان زمان(فۆرم)، بابەت(بیرۆکەى شیعریى و ناوەڕۆک)، ئەزموون(تایبەتمەندێتى تاکڕەوانە)، هەست و سۆز (پەیوەندیى ڕۆحیى)، خەیالڕ(فەزاى گشتیى سێنتەمێنتاڵیى)، ئەمانە هەموو لە کەشوهەوایەکى هارمۆنییدا بەرجەستە دەبن و کۆمەڵێک پەیوەندى تازە دروست دەکەن و سەرەنجام دەق پێکدەهێنن، بەڵام ئەم دەقە تەنها بریتى نییە لەم پەیوەندییانە، بەڵکو نەوتراوێکى تێدایە - ئەگەر ئەم چەمکە لە"تێرى ئیگڵتن"ەوە وەربگرین - یانى پەیوەندییەکى تریشى هەیە، ئەویش پەیوەندى دەقە بە دەرەوەى خۆى، واتە واقیع، چونکە هەرگیز دەقێکى کاملڕ پێکنایەت ئەگەر بێت و خود بابەت نەکات بە سەرچاوەى کامڵییەکانى خۆى، چونکە خود هەمیشە ناتەواوە و پێداویستیى بە تەواوکەر هەیە، ئەویش دواجار دنیابینییەکەى شاعیرى لێ پێکدێت، ئەگینا نەبوونى پەیوەندییەکى بابەتییانە دەق لە گرنگترین چەمک بێبەریى دەکات، کە ئەویش چەمکى دنیابینییە، چونکە دەلالەتە ڕاستەقینەکەى ناپۆشێتەبەر، وەکو ئەوەى"لووسیان گۆڵدمان" بۆى چووە، تەنیا و تەنیا بەوە نەبآ کە تێکەلڕ بێت بە ڕەوتى ژیان و لەگەڵیدا بگونجآ و هاوڕێک بێت.

***

دیارە ئەوەی بە وردیی هەر سآ کۆشیعرەکەى"ئەنوەر"یش بخوێنێتەوە دەزانآ هەر کۆشیعرێکى قۆناغێکە لە ئەزموونە شیعرییەکەى ئەو - بەڵام قۆناغێکى ناهاوئاستە لەگەلڕ قۆناغى یەکەمدا - و جگە لەوە بەئاسانیش هەست بەوە دەکات کە شێواز، زمان، ئەتمۆسفیر، بابەت، وێنە، مامەڵەى هونەریى لە هەر قۆناغێکدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و تەواو جیاوازن. هەر کۆشیعرێک لەمانە پڕۆژەیەکى جیاوازە و پارێزگاریى لە تایبەتمەندێتى قۆناغە هزریى و هەستیى و تاکڕەوییەکەى خۆى دەکات و بەڕادەیەک لە هەر یەکێکیاندا ئەزموون پۆشاکێکى دیکە دەپۆشێتەبەر و دوڕیانێک لەگەلڕ ئەوى پێش خۆیدا بەرقەرار دەکات و لە کۆمەڵێک خاڵدا لێى جیادەبێتەوە و تایبەتمەندێتى تر دەگرێتە خۆى، تایبەتمەندێتى جیاوازییەکانى خۆى دەڕسکێنآ و پارێزگارییان لێدەکات..دەتوانین بڵێین هەر کۆشیعرێکى تایبەتمەند و جودایە، یان ئاستێکى دیکەى جیاوازى ئەزموونە شیعرییەکەیەتى، بۆیە لە کاتى خوێندنەوەیاندا هەست بە بەیەکداچوونى ستایەلڕ، بابەت، زمان، تێکەڵبوونى ئەتمۆسفیر و..تاد ناکەین. بۆیە  دەتوانین بڵێین:

زریان: پێگەیشتنى دیدى تاکڕەوانەى دەرەکیى شاعیرە. تێکەڵەیەکە لە ڕەهەندە گشتیى و تاکڕەوەکان و ئاڕاستەى نووسینیش لە ناوەوە بۆ دەرەوەیە. بوونیش تیایدا تەفسیرێکى فێنۆمێنۆڵۆژییانە هەڵدەگرێت. هەوڵێکیشە بۆ جێگیر کردنى ڕیتم- هارمۆنیا- لە فۆرمدا، یانى دال، جگە لەوەى مەدلوول بەرهەم دەهێنآ، ڕووبەرێکیشە بۆ بەرهەمهێنانى ڕیتم و ئیقاع.

زایەڵە: پێگەیشتنى دیدى تاکڕەوانەى ناوەکییانەیە. دنیابینییەکى نیمچە سۆفییانەى نامیتافیزیکییانە بەرانبەر بە دەرەوەى خود - جیهان - دەگرێتەخۆ و ئاڕاستەى نووسینیش تیایدا لە دەرەوەوە بۆ ناوەوەیە. بوونیش تێیدا تەفسیرێکى فینۆمینۆڵۆژییانە هەڵناگرێت. ڕیتمیش ڕەگەزێکى ناوەکییانەیە لە تانوپۆیدا، یانى زیاتر مەدلوول بەرهەمى دەهێنێت و سەرچاوەیەتى.

زنار: پێگەیشتنى دیدى تاکڕەوانەى ناوەکییە دیسانەوە. دنیابینییەکى سۆفییانەى نامیتافیزیکییانە بەرانبەر بە خود دەگرێتەخۆ و ئاڕاستەى نووسینیش لە دەرەوەوە بۆ ناوەوەیە. لێرەیشدا بوون تێیدا تەفسیرێکى فێنۆمێنۆڵۆژییا نە هەڵناگرێت. ڕیتمیش لە پەیوەندییەکانى مەدلوولەوە دێتە ئارا.

لە زریاندا، خود خۆى لە دنیایەکى بەرینتردا دەبینێتەوە، لە زۆر شوێندا لەگەلڕ ڕەهەندى گشتییدا تێکەلڕ دەبێت، لە هەندآ شوێنیشدا لە خۆى جیادەبێتەوە، بەڵام لە زایەڵەدا هێدى هێدى ئەم خودە خۆى لە دنیایەکى دیاریکراودا دەبینێتەوە کە ئەویش زۆر و کەم دنیاى نۆستاڵژیایە و هەوڵى خۆنمایش کردن دەدات. لە زناریشدا، ئەم خودە زیاتر بەخۆدا دەچێتەوە و لێناگەڕآ دنیا تێکەڵى بێت، بەڵام سێبەرى دۆخە مرۆییە تاکڕەوەکە هەر بەسەریدا زالڕ دەبێت و لێى جیانابێتەوە. کە زریان دەخوێنینەوە، ئەگەر خوێندنەوە پڕۆژەیەک بێت لە پڕۆژەکانى داهێنان، ئەوا ناتوانین هەوراز و نشێوەکانى بەئاسانى تێپەڕێنین و تەواوى بکەین، لەبەر ئەوەى لە قووڵاییدا شتگەلێک ڕاماندەکێشن و ئیدى جاروبار بۆ هەناسەدان، پشوویەکى فیکریى و خەیاڵییش وەردەگرین و سەرلەنوآ تێهەڵدەچینەوە، دواجاریش کە لە قووڵاییەکانەوە، کە لەودیوى دەلالەتەکانەوە دەگەڕێینەوە،"نیتشە"وتەنى: پەى بەوە دەبەین کە چیدى هیچ شتێک ئاسایى و مەئلووف نییە لە دەوروبەرماندا..چونکە لە کاتى خوێندنەوەى هەر چامەیەکیدا، هەست بەوە ناکەین دواى چەند دێڕێک بارگە شیعرییەکان دەکوژێنەوە، بە پێچەوانەوە تا دوادێڕ ئەو بارگە شیعرییانە هەر دەمێنن و بوونێکى پێداگر و بێڕادە زیندوویان هەیە و پارێزگارییەکى سەرسەختانە لە مانەوەى خۆیان دەکەن.

(5)

"ئەنوەر"بە چەمکى پەیگیرى زمان پەیوەندى لەگەلڕ جیهاندا بەرقەرار دەکات، بەواتا لەگەلڕ مانادا پەیوەندى دەبەستآ و دنیابینییەکى قووڵى سەبارەت بە کرۆکى شیعر هەیە و بە قووڵیى لە بارودۆخ و پێداویستییەکانى سەروبەندەکەى تێگەیشتووە و دەزانێت پێویستیى بەچى هەیە، پێگەیشتوویى ئەزموونەکەشى هەر لەم تێگەیشتنەوە هەڵدەقووڵێت، هەروەها لە تێگەیشتنەوە بۆ چەمکە شیعرییەکان دێت و بەرزەفتیان دەکات و بەسەریاندا زالڕ دەبێت. جگە لەوە دەزانێت بە پەیڕەو کردنى نووسینى شیعرى باو ناتوانآ گوزارە لە سەردەمەکەى خۆى بکات، بۆیە شیعرى خۆى بە ڕێچکەیەکى تایبەتمەنددا دەبات و شێوازێکى تاکڕەوانەى ئەوتۆ و ڕەسەنێتییەکى ڕاستەقینەش دەبنە هۆى ئەوەى گرەو لە زەمەن بەرێتەوە و مومارەسەى کاریگەرییەکى بەردەوام لەسەر ڕەوتى ئەوسا و تاڕادەیەک ئێستاى شیعریشدا هەبێت. چونکە شیعرەکانى،"بەیاتى" گوتەنى: وەکو دامەزراندنێکى نوآ دەردەکەون لە هونەرى شیعردا. دەیشتوانین ساڵانى حەفتاکانى سەدەى پێشوو بە سەردەمى"ئەنوەر"ناوبەرین، ئەمەیش بێگومان بە پشتبەستن بە هەقیقەتە شیعرییە بەڵگەنەویستەکان و ڕامان لە ڕووبەرە شیعرییەکانى زۆربەى شاعیرانى ئەو دەیەیە و پەى بردن بەوەى کە لە چ پاڵتۆیەکى  شیعرییەوە هاتوونەتە دەرەوە. 

ئەڕۆى ئەگریا، دڵى ئاوێنەى تەماویى و لێلڕ بوو،

ئاسمانآ بوو دووایى نەهاتوو، ئەسپى سەرکەش و

تینووى ئارەزووى هەر ئەیحیلاند و چەپۆکانى بوو...

لەسەر درەختى ماتى تەنیایى، پۆلێ باڵندەى لانەشێواو و

وێلڕ هەڵئەنیشتن...ئەڕۆى هاوارى (خانیى)لە کەژى

نەبڕاوەى بیریا...دەنگى ئەدایەوە                                            (ئێوە ئەو بایەن کێو لەبن دێنن- زریان)               

ئەوەى لەم ئەزموونەدا جێبایەخە، نیشتەجێبوونى شاعیرە لە نیشتیمانى شیعردا، بە پێچەوانەى زۆربە کە شیعریان لە دەرەوەى ئەو نیشتیمانەدا نووسیووە و هەرگیزیش نەیانتوانیووە لە تانوپۆیدا نیشتەجآ بن، چونکە کورت و پوخت ئەو نیشتیمانى شیعر لە سەرووى هەموو نیشتیمانێکەوە دەبینآ و یەکەم کێشەى ئەوە کە تەواوى بوون لە قاڵبى شیعر بدات، تەواوى ژیان بە شیعر زەڕکەفت بکات، تەواوى دنیا لە یۆتۆپیاى شیعردا جێبکاتەوە، بۆیە شیعر لاى ئەو خاوەنى بەهایەکى دیکەیە، هەموو ڕەهەندەکان لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، هەموو ڕێگاکان دەهێنێتەوە ناو شیعر و تیایدا یەکانگیریان دەکات، هەموو جۆگەلەکان دەڕژێنێتە ناوییەوە، هەموو هەورەکانى تیادا دەبارێنێت، گەڵاکانى تیادا هەڵدەوەرێنێت، ئەستێرەکانى تیادا دەبریسکێنێتەوە، گشت پەلکەزێڕینەکان وێنەى تاج دەخاتە سەر ئاسۆکانى ناوى، خۆر و مانگ لەوێدا هەڵدەهێنێت، یانى قورساییەکى تر بە دەقى شیعریى دەدا، بەهاى ڕاستەقینەى بۆ دەگێڕێتەوە و دەیکاتە ڕووبەرێک بۆ کۆمەڵێک چەمکى جوان داڕێژراو و سەرەنجام بێجگە لە چەمکە گرنگەکان، هونەرێکى باڵایش دەبێتە باکگراوەند بۆ شیعرى ئەو و ئەمانەیش لە زمانێکى ترانسێندێنتاڵدا دێنەدى ، کە دواجار ئەرکە بنچینەییەکەى جێبەجآ دەکات ئەویش سەرسووڕمان بەخشین و چێژدان و هەڵبژاردنى زمانێکى باڵا و سەرئاسا بۆ پەیوەستکاریى تاکڕەوانەمان و ئینجا ژیان بە شێوەیەکى ویژدانمەندانە و شتى تریش..ئەمەیش مانیفێستى شیعریى ئەوە و دەیخاتە ناو دنیاى چەقبەستووى شیعرى ئێمەوە.

تینویەتیى من وەکو دەستى زریان وایە 

لەگەلڕ پڕى دایە مەمکى سپى بەفر

نەک هەر بەفر

پەنجەى زریانیش ئەیبەستآ

تینویەتیى من دەفتەرێکە

چاوى گەشى کچێکى شەنگ، نیوە شەوآ

لێى بێزار بوو، فڕێى دایە گەرد و تۆزى

کتێبخانەى بیرچوونەوە...                                                                            (سامالڕ- زریان)

پرسى سەرەکیى "ئەنوەر"، پرسى شیعرە و پێشکەش کردنى دەقێکە لە دەقەکانى قۆناغەکە، دەقێکە جیاوازە و کواڵیتییەکى ئێستێتیکییانەى بەرزى هەیە. وەکو چۆن هەر لە دەستپێکەوە لەو ترادیسیۆنە شیعرییە لایدا و لەو ناوکۆییە نەریتگەرایە نەمایەوە کە شیعرى کوردى تیایدا قەتیس ببوو، ئەگەر وا نەبوایە ئەزموونێکى بەو ئاستە هونەرییەى نەدەهێنایەدى، چونکە شیعر، شیعرى ڕاستەقینە، شیعرى داهێنەر، بە هەموو مانایەکى وشەوە هونەرە بۆ ئەو و لادانیشى کردەیەکە بۆ بەپیتیى و گەشەکردن و دواجاریش هەوڵێکە لەپێناوى داهێنانى بەردەوامدا. ئەم گۆڕانکارییانەى لە تانوپۆى بەرهەمەکانیشیدا پەیان پآ دەبرێت هەر لە خۆڕا و بە ڕێکەوت نەهاتوونەتەدى، بەڵکو بە هۆى تێگەیشتنێکى قوولڕ لە سەردەمەکە و پێداویستییەکانى و قووڵبوونەوە و خوێندنەوەیەکى جیددى بۆ قۆناغە مێژووییەکە و ئاگاداربوون لە داهێنانەکانى دنیا و کرانەوە و گوشادبوونى فیکریى سەبارەت بە خودى ژیان خۆى و درککردن بە پێداویستییەکانى بوونەتە ڕاستییەکى حاشاهەڵنەگر، جگە لەوە بە هەرسکردنى ڕابردوویش هاتۆتەدى، چونکە ڕابردوو، هەروەکو"جەبرا ئیبراهیم جەبرا"بۆى چووە: لەلاى تازەگەرەکاندا دەبێتە هێزى دەرپەڕین و بەرز بوونەوە و ڕەگوڕیشە و قەدێکیشە زمان وزەى خۆى لێیەوە هەڵدەهێنجآ. جا شیعر هەر بە سروشت و خەسڵەتى خۆى دەبآ دنیا هەرس بکات تاکو دنیایەکى تر بخوڵقێنآ، دەبآ شۆڕش بەرپا بکات، هیچ نەبآ لەناو خۆیدا و هەمیشەیش پێویستە لەگەلڕ گۆڕانکارییدا بێت و شانبەشانى بووەستێت وەکو ئەوەى "ئەدۆنیس"ئاماژەى پێداوە، یانى بە قبووڵکردنى ئەو واقیعە شیعرییەى پێش خۆى و سەردەمەکەى خۆیشى بەرهەمى خۆى لە هەموو شیعرییەتێک بێبەریى دەکات.

***

بێگومان لە دواى قۆناغى زریانەوە گۆڕانکاریى بنەڕەتیى بەسەر ئەزموونەکەیدا هاتووە، ڕاستە ئەو لە زریاندا شیعرى پێش خۆى و سەردەمەکەى خۆیشى تێدەپەڕێنآ، بەڵام دواجار وەکو ئەوەى پێویستە زریان تێناپەڕێنآ، یانى، بە دەربڕینى"دکتۆرە خالیدە سەعید"، خۆى تێناپەڕێنآ، کە لە ڕاستییدا تێپەڕاندنى خۆ پێویستە لە ژیانى شاعیردا بەردەوام بێت. ئەگەرچى گۆڕانکاریى بەسەر شیعریشیدا دێت، بەڵام بەراوورد بە "زریان" گۆڕانکاریى پۆزەتیڤ نین، ئەگەر ئەو بیروڕایانەى لە یادوەرییە شیعرییەکەیدا سەبارەت بە قۆناغەکانى پاش زریان هاتوون لەبەرچاو نەگرین.

هێدى..هێدى، بەفرەبارآ،

کۆترەکانیش بە خەمبارى هەڵنیشتوون،

ئەو گڵۆپە شیرییانەش،

وەک عاشقآ لە تاریکیدا دەسووتێن،

پەنجەرەى ماتى ژوورەکەم،

ڕووخساریشم، دەڕواننە شەقامى چۆڵى نیوەشەو

دەڕواننە دارستانى سپى و خامۆش

سەراسیمەن، تێى کردووە و هەر دەبارآ،

ئاسمانى ئەم شارە شەنگەش،

هەر لە چاوى دایکم دەچآ،...                                                                (زەنگڵەى یاد- زایەڵە)

دۆزینەوەى هاوچوونییە سۆزداریى و هزریى و ئاسۆییەکانى چاوەڕوانیی دەقەکانى لە وەرگر نزیکتر خستۆتەوە و چڕوپڕیی بە ئەزموونەکەشى بەخشیووە. 

دەشتەکان تەم دایپۆشیون،

داران گەڵایان وەریوە،

شەو لە هەسارەى زامم جمەى دآ،

چراوگى دلڕ،

شەوەزەنگ بینى گرتووە...

نە دۆستآ دآ، بەم ناوەدا ڕاببوورآ و

چۆڵە چراوآ هەڵبکا...

نە یارآ دآ دوگمەى سینەى بترازێنآ و

پڕ بە دنیا:

بۆى بەهار و

ڕۆشنایى بەیان بهێنآ....                                                                           (تەم و...- زنار)       

ئەگەرچى ئەو بۆ ئەزموونەکەى چەمکە شیعرییەکانى خۆى دەدۆزێتەوە و دەیانکات بە بەریدا و هەمیشەیش دەیان خوڵقێنێتەوە و کاژیان پآ فڕێدەدات و بە شێوەیەکى تر تازە دەبێتەوە - هەروەها بەگوێرەى گۆڕانى بارودۆخەکەى - ئەزموونە شیعرییەکەشى شەقڵێکى دیکە وەردەگرآ. شوێن گۆڕانى بەسەردا دێت، نیشتیمان هەست و سۆزێکى نۆستاڵژییانە دەیپێچێتەوە، پەیوەستبوون"ئینتیما"لە دوورەوە، لە تاراوگەوە ڕەهەندێکى قووڵتر لەخۆ دەگرێت. نامۆییش هەست و سۆزێکى جیاوازى لەلادا دەهێنێتە کایەوە. ئەمانە هەموو بە شێوەیەکى تر ئەزموونەکەیان ڕەنگڕێژ کردووە وەک بڵێى شەیداییەکى سۆفییانەیان پێبەخشیبێت. بە مانایەکى تر ئەگەر "زریان" ئاستێک بووبێت لە تەجرەبەى نووسین لەلاى ئەودا، ئەوا"زایەڵە"و"زنار"ئاستى جیاوازى هەمان تەجرەبە بوونە، بەڵام بە مانا پۆزەتیڤەکەى تێپەڕاندن نەبوونە، بە وردبوونەوەیش لە چەمکە شیعرییەکان ئەم ڕاستییەمان بۆ ساغدەبێتەوە، ئەگەرچیش بە قووڵاییەکاندا شۆڕدەبێتەوە و گرەو لەسەر ڕووکارى دەرەوەى شتەکان ناکات، بەڵکو پەیوەندییەکى بەتینتر لەگەلڕ ناوەوەى شتەکاندا بەرقەرار دەکات و بەهاکان و ڕەهەندەکان گۆڕانکاریی جیددییان بەسەردا دێت.

(6)

"شەیمەس هینیى"لە کۆنتێکستێکدا دەڵێت: نووسەرى مەزنى ناو هەر کولتوورێک هەموو شتێک دەگۆڕێت. یانى ئەگەر بە پێى ئەم وتەیە لە شیعر و ئەدەبەکەمان بڕوانین ئەوا ڕاستیى ئەوەمان بۆ دەردەکەوآ کە دواى"گۆران"زمان و شیعر و دنیابینیى شیعرییمان گۆڕا، پاش "گۆران"یش ئەوەى لەناو کولتوورى شیعرییماندا جارێکى تر ئەو کارەى ئەنجامدا بە پلەى یەکەم "ئەنوەر قادر محەمەد"بوو، کە هەر بە سروشتى خۆى لەناو ئەم کایەیەدا یاخى و سەرپێچ بوو، هەمیشەیش ڕووبەرى نووسین بۆ ئەو گەڕان بوو بەدواى شێوازى تر و دیدێکى تیژ و قوولڕ و بەربڵاویشى هەبوو سەبارەت بە شیعرى خۆى و ئەمەیش بوو بە هەوێنى دەوڵەمەندییە شیعرییەکەى. لەویشەوە ئیتر هیچ شتێکمان - مەبەست زمان و شیعر و دنیابینیى شیعرییمانە - وەکو خۆى نەما و خوێنەریش خۆى هەر وەکو خۆى نابینآ و جیاواز پەى بە خۆى دەبات. چونکە ئەو ڕەتکردنەوە، یان تێکدانەى هایدیگەر لێى دواوە، چرکەساتى بونیادنانێکى تازە بوو لاى ئەو و دەبوایە خوێنەریش پێبەپێى ئەوە خۆى بونیادبنێتەوە و بە شێوەیەکى تر لە ئەزموونى تازەى دەق تێبگات، بەو پێیەى نووسین دایەڵۆگێکى دیالێکتیکییە لە نێوان نووسەر و خوێنەردا و تێگەیشتنیش لە کارى ئەدەبیى- تێگەیشتنى هونەرییانە - لە خودى تێکست خۆیەوە هەڵدەقووڵآ، وەکو ئەوەى"دکتۆر عەنناد غەزوان"ئاماژەى پێداوە.

***

ئەوى ڕاستیى بێت بۆ"ئەنوەر"شیعر شەقڵى حازربەدەست و پێشوەختى نییە، چونکە لاى ئەو پێناسەیەکى دیاریکراوى نییە، ئەو لە دنیایەکدا گەشونما دەکات، بە دەربڕینى"تۆدۆرۆڤ"، لێوانلێوە لە وشەکانى ئەوانى تر و ئەویش لە ناویاندا بەدواى ڕێگاکەى خۆیدا دەگەڕێت، یانى بە هیچ شتێکى دەرەکییانە قایل نییە، ئەوەتا خۆى لە شوێنێکدا دەڵێت: هەمیشە لە شیعر نووسیندا دەبآ بچیت بەگژ مەنتیقى وشکوبرینگى یاسا و ڕێساکانى ژیاندا.. کەواتە بۆ ئەو نووسینى شیعر هەمیشە ململانێیە لەگەلڕ شتەکانى ژیان، بەتایبەتى لەگەلڕ زماندا، چونکە زمان هەمیشە ناتوانآ ئەوەى ئەو دەیەوآ بەوى دى بگەیەنآ، یانى زۆرجار سرک و بەلەسەیە و نابێتە قاڵبێکى ڕاستگۆ بۆ گرتنەخۆ و بەرجەستەکردنى بیر و ئەندێشە، بەمەیش ئەوە لە هزرى خوێنەر ئامادە ناکات کە ئەوى شاعیر مەبەستێتى. بۆیە دەقەکانى نەک هەر شیعرى نەوەکەى خۆى، بەڵکو بۆ شیعرى نەوەکەى دواى خۆیشى ئاوێنەن و ڕەنگدانەوەیانى تێدا بەئاشکرا دیارە، شیعرێکیش نییە دواى"زریان"نووسرابآ و سەداى ئەو شێواز و دەلالەت، یان ئەو زمان و فەزا و چەمکانەى تێدا نەبآ کە تیایدا بەکاربراون، یانى بەوە دەچآ شیعرەکان، هەروەکو"نیلڕ ئاستلى"دەڵآ: قسە لەگەلڕ یەکدا بکەن، هامانا پەیوەندییەکى بەتین و تاو لە نێوانیاندا بەرقەرارە. ئەگەریش ئەو، شیعر لە پێناسەیەکى نەگۆڕدا لە قاڵب بدات، ئەوا بەرانبەر بە چامە و بەرانبەر بە پرەنسیپى نووسینى شیعریش، بەپێى دەربڕینى"دکتۆرە خالیدە سەعید"ناپاکى دەکات، سەربارى بوونى کەلەپوور و بۆماوەیەکى شیعریى دوورودرێژ و هەست نەکردنیش بە دابڕان لەگەڵیدا. بەڵام "ئەنوەر"بە پێناسە و بونیاد و پەیکەرەیەکى تەواو جیاواز و کۆمەڵآ چەمکى شیعریى جیاکارەوە تێهەڵچووە و دابڕانیشى لەگەلڕ پێش خۆى نەکردووە، لێى ڕاماوە، ئەگەر کێشەشى لەگەڵدا هەبووبآ کێشەى ئەوە بووە کە چۆن نووسراوە و چى نووسراوە؟ یانى چى نووسراوە و چۆن نووسراوە؟ لێرەوە، لەم دەستپێکە گرنگەوە تێهەڵدەچێت و گۆڕانکارییەکانى خۆى بەدى دەهێنێت و گۆڕانکارییش لە چى نووسین و چۆن نووسین دەهێنێتە کایەوە..ئەمەیش هەموو هاوکێشە شیعرییەکانى پێشووى بۆ شیتەلڕ دەکاتەوە و هاوکێشەى نوێى بۆ دادەهێنآ، چونکە کارى ئەدەبیى هەردەم دەربڕى شتێکە و ئامانجى خوێندنەوەیش بێگومان گەیشتنە بەو شتە، بۆیە ڕووبەرى ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ ئاشکرا کردنى ئەو هاوکێشە"ئەنوەر"ییانەى تەنیا و تەنیا تایبەتن بە خۆى و ئەزموونەکەى.

***

بێگومان ئەو، بەتایبەتى لە"زریان"دا، بەردەوام تاسەى شتێکى پێوە دیارە، ئەویش خۆتێپەڕاندنە کە جەستەى ئەزموونەکەى دەتەنێتەوە، چامەکانیش، بەڵگەنەویستانە گەواهیدەرى ئەم قسەیەن، چونکە هەر یەکەیان ئاستێکى جیاوازە لە دنیاى ئەزموونەکەى و ئەگەر لێکنزیکیى، یان لێکچوونێکى کەمیش لە نێوانیاندا بەدى بکرێت ئەوا لەبەر ئەوەیە کە لەو قەڵەمەوە سەرچاوەیان گرتووە کە هەمان ئەزموون بەرجەستە دەکات و هەمان ئەو چەمکە شیعرییانە بەکاردەهێنآ کە تایبەتمەندییەکانى شاعیرێکى داهێنەر هەڵدەگرن.

جووتآ ڕەشمارى ئاشقە و ماشقەى شێت

لە بن دارێکدان یەکتر ئەگەزن

دوو کۆترى سپیى بە دەمى یەکدا ئەڕشێنەوە

دیوار ئەڕووخآ..سنوور ئەسووتآ

لە کوورەى جوانیى و نەمریى تۆدا ئەتوێتەوە

من ئەبم بە تۆ، تۆ ئەبى بە من

درەخت خۆى ئەسوآ لە کۆشى ئاسمان      

ڕووبار لە دەریا، هەرچى شت هەیە

ئەسووڕێتەوە..                                                              (ئێوە ئەو بایەن کێو لە بن دێنن- زریان)

ئەو، وەکو وتمان، لەگەلڕ کەلەپوور و میراتى شیعرییمان دابڕانى دروست نەکردووە، وەکو ئەوەى ئەمڕۆ بڕێک لە لاوەکان دەیکەن، ئەو وەکو ئەمانەیش نەکەوتە لاسایى کردنەوەى شیعرى فارسیى - بۆ نموونە - بەڵکو خوێندنەوە کانى کرد بە بەشێک لە ئەزموونە شیعرییەکەى خۆى و سوودى لەو کاریگەرییەیان وەرگرت و بونیادى شیعرى خۆى لەسەر ئەوە هەڵچنى و پەرەى پێدا. شیعریش ئەگەرچى ئەزموونێکى تاکڕەوانەیە بۆ ئەو، بەڵام ئەزموونێکى مرۆییشە، بۆیە دەلالەتێکى دەوڵەمەندى مرۆییش هەڵدەگرێت و دەق بەرەو ئاسۆیەکى مرۆیى پانوبەرینتر دەبات، ئەمەیش وزەکانى ئەوەندەى تر بەدیار دەخات و فەزاى تر بۆ دەلالە دەدۆزێتەوە و ئەوەندەى تریش گەشەى ناوەکییانەى شیعر بەرەو پێشەوە دەبات و دوورى دەخاتەوە لە ڕووکەشیى و ڕاستەوخۆیى و نزیکیشى دەخاتەوە لە ئیشکردنێکى جیددییانەتر لە بونیادى دەلالیى جیاواز.

کاکە دەڵێن: سوارى گلاو ڕاست بۆتەوە و  

ئەمجارەیان ئەسپى ژێرى،

باهۆزێکە لە گڕى سوور،

کاکە! نە شار ئەستێرەکەى

لە هەورى خوێندا نوقووم بووى

جاران و میرى بەبەیە و

نە تۆش خوواپەرستى بآ خووا و

نە من غەریبى تاهەتا..                                                                              (کاکە- زایەڵە)

یان لە شوێنێکى تردا دەڵێت:

دایە نە تۆ و نە کۆتر و نە شمشاڵیش ئیتر مەگرین

دوێنآ خۆم دیم، ئەرخەوان بوو بڕیبووشیان

بەسەر شەقامدا ڕاى ئەکرد..لاوکیە وت                                        (بمدەرە دەس سەرما و سۆڵە- زریان)

 

بەشى دووەم

(7)

شتێک کە لە ئەزموونە چۆنایەتییەکەى"ئەنوەر"دا زۆر سەرنجڕاکێشە - بەرکەماڵە هونەرییەکەى لەو لاوە بووەستآ، کە هەر تەنها هەوڵگەلێکى ئێستێتیکییانە نین، بەڵکو چڕوپڕکردنەوە و بەخشینى وزەیەکى سەرئاساشە بە دەق و کردنێتى بە منداڵدانێک بۆ هەڵگرتنى جوانییەک، جوانییەکى جیاواز، کە دەکرآ ناوى ماناى لێ بنێین - شیعرییەتە چڕەکەیەتى، کە سەرەنجام ئەم شیعرییەتەى لە پالڕ چەمکە پێکهێنەرەکانى دیکەى چامەدا بەهاى ئێستێتیکییانەى شیعرەکانى بەرجەستە دەکەن، کە سەرنجڕاکێشترین لایەنە لە دنیا شیعرییەکەیدا. دەرکەوتنى ئەم چەمکەیش لە ناوکۆى دەقەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى ڕسکانى ئەو وەکو شاعیرێک و ئامادەییەکەى لەناو ئەزموونە شیعرییەکەى کە نهێنى جوانییەکانى دەق لە ڕێیەوە لە لاى ئەودا دەردەکەون. لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە پێناسەى شیعرییەت بکەین، چونکە شیعرییەت بە گوتەى"دکتۆر بەشیر تاوریریت"، لەبەر ئەوەى ملکەچى دنیاى گۆڕانە بۆیە دژوارە پێناسە بکرێت. زمانى شیعرییش- لەبەر ئەوەى جێگا و فەزاى دەرکەوتنى شیعرییەتە- پڕاوپڕە لە شەهوەتى ڕەتکردنەوە و لەڕاستییدا داهێنان، پڕاوپڕە لە شەهوەتى جووڵانەوە و گەڕان و تێپەڕاندن و جەخت کردنەوە لەسەر تاقە دەسەڵاتێک کە ئەویش دەسەڵاتى شیعرە، وەکو ئەوەى"دکتۆرە خالیدە سەعید"بۆى چووە. زمانێکیشە لەناو زماندا، بەگوێرەى ئەوەى"پۆل ڤالیرى"دەڵێت، یانى زمانێکە لەناو زمانێکى تردا. واتە زمانێکى تایبەتمەندە لەناو زمانێکى گشتییدا. یانى بە شێوەیەکى تایبەتمەندانە لەگەلڕ زمانى گشتییدا مامەڵە دەکات بۆ ئەوەى تایبەتمەندییەکى زمانییانەى جیاکار بەدى بهێنێت کە خود تیایدا بەرجەستە بێت نەک بابەت، یانى قسەکەر خود بێت نەک ئەوى دى سووننەت و کەلەپوور و کولتوور..چونکە زمانى شیعریى ئافراندن و داهێنانە نەک بەرهەم هێنانەوەیەکى سادەى سووننەت و کەلەپوور و کولتوور. دەقیش، وەکو ئەوەى"دەبلیوو. ئیزەر"وەسفى دەکات، بریتییە لە دوو جەمسەر، یەکەم جەمسەرى هونەریى، کە ئەمەیان پەیوەستە بە نووسەرەکەیەوە، دووەمیش جەمسەرى ئێستێتیکیى، کە ئەمەیشیان پەیوەستە بە وەرگرەوە، پێبەپێى ئەمە کارى ئەدەبیى لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا سەقامگیرە. لایەنە هونەرییەکەى بگرین، ئەوا – شاعیر - پێیکراوە تیایدا بەرەو پێش چوونێکى بەرچاو و لە ڕادەبەدەر بەدەست بهێنآ، ئەم بەرکەماڵە هونەرییەیش واى کردووە بۆ وەرگر تێکستەکانى ڕەزامەندبەخش بن و چێژ و لەزەتیان لێ وەربگرێت. ئەمەیش بەدى هێنانى هاوسەنگییەکە ئەو شیعرییەتەى لێ کەوتۆتەوە کە هەموو ئەزموونێکى شیعریى ئامانجێتى پێى بگات، بەڵام هەموو ئەزموونێک بەدەستى ناهێنێت. شیعرییەتیش، بێگومان، بابەتێکە مشتومڕ هەڵگر و بە شێوەى جیاجیا لە زۆربەى زمانەکانى دنیادا بە تێروتەسەلى ئاووڕى لێدراوەتەوە و لێکۆڵینەوەى تیۆریى و پراکتیکیشى لە مەڕەوە ئەنجامدراوە، لەلاى ئێمەیش نەختێک بایەخى پێدراوە و لەملاو لەولا شتى لەسەر نووسراوە و هەوڵدراوە لە ڕێگایەوە کەشفى بەرهەمە ئێستێتیکییەکان بکرێت و چێژە دانسقە و تایبەتمەندەکانیان دیارى بکرێت. هەڵبەتا شیعرییەتى هەر شاعیر، یاخود هەر ئەزموونێکیش، خەسڵەت و جیاکاریى خۆى هەیە - نابآ ئەوەیش لە یاد بکەین کە هەموو ئەزموونێک خاوەنى شیعرییەت نییە - و پەیوەندى بە مامەڵە کردنى شاعیرەوە هەیە لەگەلڕ زمان، بابەت، وێنە، ڕیتم و ئەو فەزایەى ئەم ڕەگەزانە دەیخوڵقێنن و هەروەها چۆنێتیى مامەڵە کردن لەگەلڕ ئەو کۆنتێکستانەى وشە بەشداریى لە دامەزراندنیان دەکات و دەبنە هۆى داهێنانى دەقى داهێنەرانە. شیعرییەتیش چەمکێک نییە تەنها لە شیعردا پەى پآ ببرێت، بەڵکو لە ژانرەکانى تریشدا بوونى بەرچاوى هەیە، بەڵام ئەوى ڕاستیى بآ تەنها لە شیعردا بوونێکى چڕوپڕ و دەوڵەمەند لەخۆ دەگرێت و ئەو مامەڵە جیاکارە دەیهێنێتە کایەوە کە لەگەلڕ ڕەگەزەکانى تێکستدا دەکرێت و دەخرێنە ناو کۆمەڵە پەیوەندییەکى جیاوازەوە و پەیوەندى تازەیان لە نێواندا دروست دەکرێت و سەرلەنوآ شیعر وەکو فۆرمێکى تر، یان وەکو ژانرێکى تر دادەهێنێتەوە و پێکهاتە نەگونجاوەکان لەناو بونیادێکى زمانییانەى گونجاودا دادەنێت و بەم شێوەیەیش ئەوەى بەرقەرار دەبێت شیعرییەتە، چونکە سەرەنجام شاعیر گونجانێکى گشتگر لە نێوان شتەکاندا دروست دەکات. ئەم پەیوەندییە جیاوازانەیش لە کاتى شرۆڤە کردن و شیکردنەوەى ئەو وشانە و پەیوەندییەکانیاندا بۆمان ڕووندەبنەوە، کە دەق پێکدەهێنن. هەروەها دەشآ شیعرییەت ئەرکێک بێت لە ئەرکەکانى پەیوەندى نێوان بونیادى قوولڕ و بونیادى ڕووکەش، ئەم ئەرکەیش لە پەیوەندییەکانى هاوتابوونى ڕەها، یاخود هاوتابوونى ڕێژەیى لە نێوان ئەم دوو بونیادەدا دەردەکەوێت، ئەگەر ئەم چەمکەى"ناعووم چۆمسکیى"وەربگرین، چونکە کاتآ هاوتابوون ڕەها بێت ئەوا پلەى شیعرییەت نزم دەبێتەوە، یان هەر نامێنآ، لەبەر ئەوەى زمان کۆکەرەوەى هاودژ نییە تیایاندا - ئەم لایەنە پتر لە هەردوو کۆشیعرى زایەڵە و زناردا بەرجەستە دەبێت - کاتێکیش لە نێوان دوو بونیادەکەدا جیاوازیى و ناهاوسەنگیى گەشە بکات، ئەوا شیعرییەت لە دەقدا هەڵدەقووڵێت و تەقینەوە بە خۆیەوە دەبینآ، هەروەکو ئەوەى"دکتۆرکەمال ئەبو دیب"ئاماژەى پێداوە- ئەمەیش بە چڕیى لە زریاندا دەردەکەوێت-. یان دەتوانین بە جۆرێکى تر بڵێین پەیوەندییە زمانییەکان بڕیار لەسەر شیعرییەتى دەق دەدەن و بارودۆخە سروشتییەکان بە هیچ شێوەیەک شیعرییەت بەرهەم ناهێنن، وەکو ئەوەى"دکتۆر کەریم حەسەن ئەللامیى"بۆى چووە، بەڵکو ئەوەى بەرهەمى دەهێنێت دەرکردنى وشەکانە لە سروشتە چەقبەستوو، یان جێگیرەکانى خۆیان و خستنە ناو، یاخود بەخشینى سروشتێکى تازە پێیان ئەو شیعرییەتە بەرهەم دەهێنێت کە چاوەڕوانکراوە، ئەمە"دکتۆر کەمال ئەبو دیب"یش لە کتێبە گرنگەکەى خۆیدا - لەبارەى شیعرییەتەوە - ئاماژەى پێداوە و دەڵێت: بەکار هێنانى وشەکان بە بآ دەرکردنیان لە سروشتە جێگیر و فەرهەنگییەکەى خۆیان شیعرییەت بەرهەم ناهێنێت، چونکە ئەم پڕۆسەیە مەودایەک لە نێوانى زمانى جێگیر و لە نێوانى زمانى داهێنراودا، بە پێى تیۆرەکەى خودى"دوکتۆر ئەبو دیب"، تیۆریى کەلێن: یاخود مەوداى پشێویى، یان گرژیى شیعرییەت دادەهێنآ و هەرچەندە ڕادە و توند و تیژیى پشێویى و گرژییش زیاد بکات ئەوا کاریگەرییە شیعرییەکەى پتر دەبێت و گەشەى زیاتر بە خۆیەوە دەبینآ. دەیشکرآ بڵێین شیعرییەت ئەرکێکە لە ئەرکەکانى ئەم کەلێنەى کە بێگومان ئەرکەکانى هەمەجۆرن، مەبەستیش ئەوە نییە ئەم تیۆرییەى(کەلێن: یاخود مەوداى پشێویى)، کە وەکو چەمکێک بۆ دیاریکردنى سنوورەکانى شیعرییەت و ڕسکاندنى تێگەیشتنێکى گشتیى لەبارەیەوە بەکار دەهێنرێت و لەگەلڕ ئەم ئەزموونەدا دەگونجێت و ڕەنگە باشترین شتیش بێت بۆ چارەسەر کردنى پرسەکەى، کە بێچەندوچوون دەمانباتەوە سەر چەمکى(لادان، یان ترازان)ى جان کۆهین، مەبەستیش لە لادان، دەرچوون نییە لە بنەماکانى زمان، هەروەکو"دکتۆر کەریم حەسەن ئەللامیى" ئاماژەى پێداوە، بەڵکو هونەرمەندێتییە لە داڕشتنى زمانەوانیى بۆ گەیشتن بە شیعرییەت، کە بە خەسڵەتێکى جەوهەریى دەق دادەنرێت. بە دەربڕینێکى دیکە ترازانى پێکهاتەیى زمانەوانییە، ترازانى پێکهاتەیى زمانەوانییش جۆرێکە لە جۆرەکانى ترازانى کۆنتێکستیى، کە ئەویش بە تێکشکاندنى سەمت و ڕێکوپێکیى ئاستى زمان نمایش دەکرآ، یانى پێشخستن و دواخستنى یەکە زمانەوانییەکان لە شیعردا، واتە بە تێکدانى ڕیزبەندیى و تەرتیبى زمانەوانیى شیعر بێگومان لە ڕێگاى گۆڕینى پێکهاتە سەرەتاییەکانى دەق لەناو کۆنتێکستدا بۆ ئەوەى دەلالەت لە شیعرییەت بکات، هەر وەکو"دکتۆر بەشیر تاوریریت" دەڵێت و ببێتە تاقە پێوەرێک بۆ دیاریکردنى ئەم چەمکە، بەڵکو ئەمە یەکێکە لە کۆمەڵێک میکانیزم بۆ گەیشتن بەو چێژەى  شیعرییەت دەیبەخشێت و لە سایەیەوە دەبینە خاوەنى و یۆتۆپیایەکیشە بۆ خوێنەر، ئەوەتا"ئەنوەر"خۆى لە بڕگەیەکى یادەوەرییە شیعرییەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات و دەڵێت: مرۆڤ بآ یۆتۆپیا ناتوانآ بژى..! ئێمەیش دەکرآ بڵێین دەقە شیعرییەکانى باشترین یۆتۆپیان کە ئەو خوڵقاندوونى و ساتەوەختانەیش بووبێت بە خوێندنەوەیان بووینەتە هاوڵاتى ئەمەکدارى ئەو شارە جوانەى قەت لەیاد ناچێت. لە تاوتوآ کردنى ئەم ئەزموونە دیارەیش، ئامانج ئەوەیە بزانین ئەزموونى نووسینى"ئەنوەر"چیمان پێدەڵێت و سەرەنجام چیمان بۆ دەردەکەوێت، ئایا وامان لێدەکات خودى دنیا خۆى بە شێوەیەکى جیاواز ببینین، وەکو ئەوەى"واڵاس فاوڵى"بۆى چووە، ئایا وەڵامەکە شیعرییەتێکە بۆ هەمیشە بە خۆیەوە گرێمان دەدات و وەکو یەکێک لە لووتکە بەرزەکانى دنیاى شیعرییمان سەرکەش دەمێنێتەوە؟

(8)

با هەندآ تیشک بخەینە سەر چەمکى(کەلێن: مەوداى پشێویى)کە بێگومان لە"دکتۆر کەمال ئەبو دیب"ەوە خواستوومانە و ئامانجى سەرەکیش لێى گەیشتنە لە ڕێگایەوە بە چەمکى شیعرییەت. دیارە شیعرییەت، بەگوتەى خودى"دکتۆر ئەبو دیب" ناشآ وەسف بکرێت، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە لەناو بونیادێکى گشتگیردا شەقڵدەگرێت و دەڕسکێت، ئەم چەمکى"کەلێن"ەیش ڕێک بەرجەستەکردنى ئەو بونیادە گشتگیرەیە. چەمکى(کەلێن: یاخود مەوداى پشێویى) لە بونیادى زمانەوانییانەى دەق - واتە بونیادى زمانەوانییانەى تاکڕەو و جیاوازییەکانى لەگەلڕ بونیادى زمانەوانییانەى گشتیى - و ئەو دنیابینیى و هەڵوێستانەوە سەرچاوە دەگرێت کە پەیوەندى دەق بە دنیاوە بەرجەستەیان دەکات. ئەم کەلێنەیش هەمیشە لە نێوانى"من"و"ئەوى دى"دا دروستدەبآ، مەبەست منى شیعریى و ئەوى دى خوێنەرە، بە دیوێکى تردا، گونجان یان نەگونجانى دەق و خوێنەرە، بێگومان بەهۆى دوانە هاودژەکانەوە ، بەڵام لەگەلڕ هاودژبوونیشیاندا تەواوکەرى یەکترین و لە پەیوەندییاندا ماناى بەشەکییانەى دەق بونیاد دەنێن و سەرەنجامیش دەلالەى گشتیى دەق پێک دەهێنن و بەرکەمالڕ بە دەربڕین دەدەن. لە بنەڕەتیشدا لەمانە پێک دێت: دانانى شتى نەگونجاو..و دروست کردنى پەیوەندى ناکۆک و شتى چاوەڕوان نەکراو..و دانانى دوو کۆمەڵە شت کە بە شێوەیەکى دەلالییانە ناشآ پێکەوە یەکانگیریان بکەیت، هەروەها دانانى هاودژى کاتییانە و هاودژى شوێنییانەیش پێکەوە، یانى پاڕادۆکس، پاڕادۆکسیش واتە دەق -  شیعرییەتى خۆى: 

یەک: لە جەستەى دەستەواژەیەک هەڵدەهێنجآ.

دوو: لە نێوانى دەستەواژەیەک و دەستەواژەیەکى تردا هەڵدەهێنجآ.

سآ: لە نێوانى دوو ئاستدا:

ئەلف -  زمانى پاڕادۆکس.

بآ -  زمانى تاکڕەهەند.

جگە لەمانە دەق شتێک قیت دەکاتەوە، یان دەربڕینێک دادەنآ، ئەم دەربڕینە مەودایەک دروست دەکات، بەڵام وشەیەک، یان دەستەواژەیەکى دیکەى لەپاڵدا زەقدەکاتەوە و بەو شێوەیەیش بونیادى چاوەڕوانیى خوێنەر دەشێوێنێت و تێکوپێکى دەشکێنێت، لێرەدا ئەو کەلێنە دێتە ئاراوە کە بە پشێویى و شپرزەییەکى چڕوپڕ دەوڵەمەندە. لە بنچینەیشدا هاوتەنیشتبوونى کتوپڕییانە لە نێوان ئەو شتانەى لە نێوانى خۆیاندا هیچ پەیوەندییەک شکنابەن، هەروەکو"میشێل فۆکۆ"دەڵێت، شیعرییەتى دەربڕین دەخوڵقێنن، شیعرییەتى دەربڕینیش ئەرکێکى ترە لە ئەرکەکانى کەلێن، جا ئەم شیعرییەتە، یان کز و ئاست نزم دەبێت، یانیش توند و تۆلڕ و ئاست بەرز و دەوڵەمەند دەبێت. جگە لەمانە نامۆکردنیش یەکێکى ترە لە سیماکانى ئەم چەمکە، یانى مەئلووف کردن بە نامەئلووف، ئەمەیش لە نێوان دنیا و دەقدا ڕوودەدات. هەروەها گۆڕانکاریى کتوپڕ لە زماندا: لە دەرەوە بۆ ناوەوە، یانى لە وەسفەوە بۆ ڕاناوى قسەکەر و ئینجا گۆڕانى کرداریش"کەلێن"دروست دەکات، ئەمانە و گەلێک شتى تریش کە هەموو لە بونیادێکى زمانییانەى کۆک و گونجاودا ڕێکدەخرێت، ئەوا کاریگەرییەکەى سەرئاسا و هەڵاوێردە دەبێت. خوڵاسە لە نێوانى شاعیر و دنیا، شاعیر و زمانى بۆماوە - یان گشتیى -، شاعیر و وشە، شاعیر و شیعر، درزێکى بناغەیى هەیە، بە دەربڕینى"دکتۆر ئەبو دیب"، بە بآ ئەو درزە هیچ شیعرییەتێک بوونى نابآ. هەندێجار جووڵەى- یان بەرەو پێشچوونى - چامەیش، نەک هەر تەنها لەسەر ئاستى ڕیتمییانە، بەڵکو لەسەر ئاستى بونیادى گشتیى چامەیش - مەوداى پشێویى - دەخوڵقێنآ و ئەمەیش دەبێتە مایەى ئەوەى کەشوهەوایەکى شیعریى دەوڵەمەند دابمەزرێنآ و چوست و چالاکیى و جووڵەیەکى هارمۆنیى بە بونیادى چامە ببەخشێت، هەروەکو لە چامەى "شەوانى باران"دا باسى دەکەین. بێگومان ملکەچى پێوەرێکى دەرەکییانەشى ناکەین بۆ ئەوەى لە پەیوەندییەکانى بکۆڵینەوە لەگەلڕ دەرەوەى خۆیدا، بەڵکو خودى خۆى دەبێتە پێوەر بۆى و لە پەیوەندییەکانى خۆى ئاگادارمان دەکاتەوە و زانیاریى تەواومان پێدەبەخشێت.

(9)

وا شەو داهات، چراش خامۆش، مەل کۆچى کرد،

بەفرى ناوەخت، دەشتى دڵى دڵدارێکى سەرانسەر گرت،

وا شەو داهات...                                                                             (شەوانى باران- زایەڵە)

لەم شیعرەدا، کە ڕابردوو بونیادەکەى دادەمەزرێنێت، جیهان، یانى دەرەوە - هێندەى ناوەوە - ژینگە و سەرچاوەى ئەزموونەکانى شاعیرە نەک هەر بە تەنها خەیاڵێکى قوولڕ و بەپێز، چونکە پێکهاتەکانى خۆى لە واقیع دەقۆزێتەوە و گەشونمایان پێدەدات و واقیعێکى تازەیان لێ دەئافرێنآ کە ئەویش واقیعى شیعرییە.

ئەمەى سەرەوە جووڵەى یەکەمى ناو چامەکەیە - کە لە دێڕى یەکەمەوە تا دێڕى سێیەم درێژە دەکێشآ - لەم جووڵەیەدا، زمان بە وزەیەکى لە ڕادەبەدەر بارگاوییە، جیهانێکمان بۆ سکێچ دەکات ڕوون و شەففاف، جیهانى هاوپەیوەندی دەرەوە و ناوەوە. ڕاستە هەموو هەست و نەستێک،"ئەنوەر"گوتەنى، لە فۆرمێکى هونەرییدا و بە ساکارییش دەرنابڕدرآ، بەڵام لەم جووڵە: بەرەوپێشچووە پڕ وزەیەدا دەربڕدراوە و هاودژییەکى لە نێوان شەو و چراى خامۆش هاتۆتە ئاراوە، چونکە چرا لە شەودا دەبآ دابگیرسآ، ئینجا لە نێوان بەفر و دلڕ دا دژوازیى قووتکردۆتەوە کە ئەویش داکردنى بەفرە بەسەر دەشتى دڵێکدا - کە ئێمە دەزانین دڵى دڵدارێکە و زانیارییەکە چامەکە پێشکەشمانى دەکات - هەروەها لە جووڵەى دواتریشدا - کە لە دێڕى چوارەمەوە تا دێڕى بیست و دووەمە - دەڵێت:

ئەو مەمکانەت ئا لەم پەنجە سووتاوانەى من بەولاوە،

نیشتمانآ بەدى دەکەن؟                                                                      (شەوانى باران- زایەڵە)                   

ئەم وێنەیە، کە پرسیارە و بە وەسفى چڕوپڕ بونیاد نراوە، لە دەقى(نوقڵانەى خۆشەویستیى و باران)یشدا ئامادەیى هەیە، بەڵام بە شێوەیەکى جیاواز خۆى دەردەبڕێت.

وام ئەزانى قومرى سپى سرکى مەمکت

چڵى شاشى دەس و پەنجەم بۆ خۆى ئەکا

بە هێلانە...                                                                (نوقڵانەى خۆشەویستیى و باران- زریان)

لێرەیشدا- دەلالەتى جیاواز بە وشەکان دەدات و پەیوەندى نوێى نێوان یەکە زمانییەکان دادەهێنآ، هەر بۆ نموونە: وشەى نوقڵانە و بەکارهێنانى بۆ مەدلوولێکى ناباو، وشەى خەم و چوواندنى بە درەخت، تەم و پەڕوبالڕ، ئاسمان و مەرگ، کڕێوەى ئازار، چەم و چاوەڕوانیى و هى تریش.

ئەى وردیلانى دێیەکەم!

بۆچى پەنجەى تووڕەییتان

ئەخەنە ناو چاوى سوورى هۆنراوەکەم؟!

هۆنراوەکەم بەفرماڵە،

بەفرى کەوتووى سەر کۆختى دڵتان ئەماڵآ

هۆنراوەکەم مانگى خەپلەى گەرمى گاڵە

لەناو شەوى سکى وشک و برسیتانا

هەورى ئازار ڕائەماڵآ

هۆنراوەکەم، کڵۆمێکە

دەروازەى شارى گریانتان بۆ دائەخا

کلیلێکە...دەرگاى شارى

نان و گولڕ و بەهارتان بۆ ئەکاتەوە...

وردیلەینە!

هۆنراوەکەم بارانێکە تەپ و تۆزى

سەر ڕوومەتى دێیەکەمان ئەشواتەوە                                       (نوقڵانەى خۆشەویستیى و باران- زریان)

بونیادى ئەم دەقەیش - وەک زۆربەى دەقەکانى ترى کۆشیعرى"زریان" - لەسەر نەگونجان و هاودژیى نێوان وشەکان هەڵچنراوە، یان یەکانگیربوونى هاودژ و نەگونجاوەکان هەڵچنراوە و تیایدا ڕووبەڕووى ترازانى زمانەوانیى، یاخود ئەو کەلێنە دەبینەوە کە شەقلڕ بە پشێوییەکى ئەودیوییانەى زمان دەبەخشێت و شیعرییەت بەرهەم دەهێنێت. دیارە ئەم چامەیەیش هەروەکو ئەوانى تر سیخناخە بە دوانە هاودژە پێکهێنەرەکانى کەلێن، بۆ نموونە: پەنجەى تووڕەیى - چاوى سوورى هۆنراوە، هۆنراوە - بەفرمالڕ، بەفرى کەوتوو- کۆختى دلڕ، هۆنراوە - مانگى خەپلە، شەوى سک - هەورى ئازار، هۆنراوە - کڵۆم، دەروازە - گریان، هۆنراوە - کلیل، هۆنراوە - باران..دروست دەکەن و بەگوێرەى پێکهاتە و کۆنتێکستى ڕستەکانیش دەلالەى ئەوتۆ لە هەناوى زمانەکەدا دروست دەکەن جگە لەوەى کەلێنێک بەجێدەهێڵن کە شیعرییەت هەڵدەقووڵێنآ چەند پێداویستییەکیش بۆ پەى بردن بەو شیعرییەتە لەبەردەم وەرگردا قوتدەکەنەوە کە تێڕامانى قوولڕ و هەڵوەستەکردن بەرامبەر بەم دەربڕینە جیاوازانەى لێ دەخوازن و جەخت لەوە دەکەنەوە زیاتر لێخوردبوونەوە لە بونیادە پێکهێنەرەکانى چامەکە بکات.

بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ دەقەکەى پێشوو - دەقى: شەوانى باران - بێگومان لەم دەقەدا ڕەهەندێکى نوآ بە داستانى (محەمەد و سێوآ)دەدات و دەیکاتە بەر ئەزموونێکى مۆدێرن، بەم شێوەیە شاعیر دەتوانآ بە بینۆگە و ڕوئیەیەکى تازەوە باسى سەبردەیەکى کۆن بکات، یاخود بابەتى ڕابردوو و تەنانەت ئەفسانەیش تاوتوآ بکات و دەقى داهێنەرانەیان لێ بەرهەم بهێنێت - دیسانەوە لە نێوانى پەنجە و نیشتیماندا پەیوەندییەکى ناباو دروست دەکات و خەیالڕ زۆر کاریگەرانە وێنەى ئەو جیهانە ڕەنگڕێژ دەکات کە ئەزموون دەیڕسکێنآ. وەکو وتمان لێرەدا هاودژییەک هەیە، یانى ئەم وێنەیە، ئەدۆنیس گوتەنى، دوو خالڕ لە نێوان بەشە هاودژەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و هەروەها بەش و گشتیش پێکەوە دەلکێنآ، ئیدى کەلێنێک دێنێتەدى. ئەگەریش شیعر، دەربڕى هەست و سۆز و نەستە دانسقەکانى چرکەساتە نەمرەکانى ژیان بێت، ئەوا ئەم چامەیە پانۆڕامایەکى ڕاستەقینەى تەواوى چرکەساتەکانى ژیانە، یانى ئەم تێکستە دەربڕى هەموو شتەکانى ژیانە نەک هەر بە تەنها بەشێکى ناچیزەى.

وا شەو داهات، چراش خامۆش،

تاوى باران، بەفرى کەوتووى

دەشتى دڵى دڵدارێکى کاژوواژ کرد

ڕووبارى نوور، چراخانى خستە دنیا،

شەپۆل دەدات و سۆز دەکا..                                                                  (شەوانى باران- زایەڵە)

ئیتر ئا بەم جۆرە، زمان لاى ئەو دەستاوێژێکە بەهاى شیعریى تازەى پآ دادەمەزرێنآ و بۆ بەخشینى شیعرییەت، وەکو پێشتر وتمان، هونەرمەندێتیى لە داڕشتنى زماندا دەکات و لادان دێنێتەکایەوە، بەڵام ئەم لادانە دەرچوون نییە لە نەگۆڕەک و جێگیرەکانى زمان، بەڵکو ڕێکخستنێکى تایبەتە بە شیعر و پێکهاتەیەکى تایبەتمەندیشە، هەروەکو ئەوەى ڕەخنەگرى عێراقى"دکتۆر حاتەم ئەلسەگر"ئاماژەى پێداوە و کۆمەڵێک بیر و بابەت تەوزیف دەکات کە ڕوونییان چێژى هونەریى و ئێستێتیکییمان پێدەدەن و بونیادى شیعرییان لەو ڕێگایەوە دەدۆزینەوە. دەربڕین و گوزارە هاودژەکانى ترى دەقەکەیش هەر بۆ نموونە: ماڵى ناو لەپ، کانى لێو، کانى لێوى"سێوەخان" ئاوێنە بوو، لێوآ نەبوو تینوێتى لێوى بشکێنآ، لێوى وشکى"حەمە"نەبآ - کە بێگومان ئێمە لە میتافۆربوونى ئەمانە بەئاگاین -، دارستانى ئەبەنووسیى کەزیى، دارستان هەناسە دەیهێنێتە جۆش و سەما..تاد.

لە جووڵەى سێیەمى چامەکەیشدا - کە لە دێڕى بیست و سێیەمەوە تا دێڕى سیوسێیەمە - هەور شۆڕبۆتەوە و دەستى کردۆتە گەردنى درەختێکى بریندارى شێت و سەرکەش، درەخت و هەور دەم دەنێنە دەمى یەک و سەما دەکەن، ئینجا تاوى باران، بەفرى کەوتووى دەشتى دڵێک کاژوواژ دەکات و ڕووباریش لەگەلڕ چراخان هاودژییەک قووتدەکاتەوە و..تاد. لێرەدا خاوبوونەوەى جووڵەکان و کرانەوەیەک ڕوودەدات، کرانەوە بەڕووى کردنەوەى گرێى دەق، واتە چارەسەرکردن.

بێگومان هەموو دالێک بە پێویست و زەروورەت دالێکى تێهەڵکێشى پێدەوێت تاکو هاودژیى بکات و دەلالەتێک بەرهەم بهێنێت، هەروەکو ئەوەى"دکتۆر عیسام واسلڕ"ئاماژەى پێداوە. لە پێکگەیشتنى ئەم هاودژانەیشدا، وەکو"یووسف ئەلخال"بۆى چووە، چامە پشێویى هەڵدەگرێت و دەلالەتگەلێکى جوان بەرهەم دێن کە پڕاوپڕن لە شیعرییەت. لە کۆى هەموو ئەمانەیشدا ئەو کەشوهەوا شیعرییە شەقڵدەگرێت کە لە نێوانى  شتەکاندا جێگیر دەبێت. کەشوهەواى شیعرییش لێرەدا کەشوهەوایەک نییە پێمان نەکرآ بیقۆزینەوە، چونکە ئەوى شاعیر فەزایەکى دینامیکیى لە ڕۆحى سەردەمێک دەخوڵقێنآ، سەردەمێک نامۆ نییە بە ئێمە، سەردەمێکە بە شێوەیەک لە شێوەکان و کاتێک لە کاتەکان لە لایەن ئێمەوە ئەزموون کراوە، یانى سەردەمى هەموومانە. بەمەدا بۆمان دەردەکەوێت شاعیر هەر لە سەرەتاى سەرەتاوە خەمى ئەوە بووە داهێنانى پەیوەندى تازە لە نێوان ڕەگەزە بنیاتنەرەکانى چامە، هەروەکو ئەوەى"عەبدولکەریم عەبباس ئەلزوبەیدى" ئیشارەى بۆ کردووە، بەرجەستە بکات. هەر بۆیە شێوازە شیعرییەکەى گۆڕاوە و پێگەیشتنێکى ئەرێنیى بە خۆیەوە بینیووە کە تەواو گونجاوە لەگەلڕ پێگەیشتنى خودى ئەو و هۆکارە سروشتییەکانى ئەو واقیعە نوێیەى کاتى نووسینى ئەم دەقە هاتبووە پێشەوە. 

(10)

ئەگەر زمان، بەگوێرەى"دێریک واڵکۆت"، هەموو شتێک بێت و بونیادى دەق بگەیەنآ، یاخود"ڕیڤاتێر"گوتەنى لە بونیادى زماندا - دەق - بوونى هەبێت، ئەوا هەوڵى خۆمان هەر لەوەدا چڕ دەکەینەوە تا لە چوارچێوەیدا ئامانجى خۆمان - کە شیعرییەتى چامەیە - بپێکین، چونکە"تۆدۆرۆڤ"گوتەنى، شیعرییەت بایەخدانە بە بونیادە ئەبستراکتە کانى کارى ئەدەبیى، کە ئەمەیش بێگومان لە فۆرمدایە. هەروەها بەپێى"ستێڤان مالارمآ"یش ئەو کاریگەرییەیە کە شت دەیهێنێتەدى، نەک – کاریگەریى - خودى شتەکە خۆى. یانى مامەڵە کردن لەگەلڕ ماناى خودى شتەکان خۆیاندا نەک لەگەلڕ ماناى وشەکاندا وەکو ئەوەى"ڕۆڵان بارت"بۆى چووە، لەم حاڵەتەیشدا کەلێنێک لە نێوان شتەکان و وشەکاندا لە لایەک و لە نێوان پەیوەندى شیعر بە شتەکانەوە و پەیوەندیشى لە لایەکى ترەوە بە وشەکانەوە دێتەدى. شیعرییەت زۆرجار لە پتەویى و یەکانگیرییە ناوەکییەکانەوە سەرچاوە دەگرآ، زۆرجاریش لە پتەویى و یەکانگیرییە دەرەکییەکانەوە، چونکە ئەم پڕۆسەیە هەمیشە پڕۆسەیەکى پەیوەندگەرایە، یانى تۆڕێک لە پەیوەندییەکان لەناو دەقدا بەرجەستە دەکات - هەروەکو ئەوەى"دکتۆر ئەبو دیب"دەڵێت - و جووڵەیەکى سەرومڕیشە لە نێوان دنیا جیاوازەکاندا. ڕاستە ئێمە لە دەقدا تەنها بەدواى کارنامەى شیعریى، یان بەدواى ئێستێتیکادا ناگەڕێین، بەڵکو لە لایەنى دەلالییانەوە دەمانەوآ شتێکى پراکتیکییش بێت، بە چ مانایەک؟ بەو مانایەى شێوە و بوونى لە واقیع بدۆزینەوە، یانى بێجگە لە بەخشینى جوانییەکانى، بە باڵاى واقیعیشدا هەماهەنگ بێت و وامان لێبگات هاوچوونییەکى ڕەوا لە نێوانى ئەو دەقە و تێفکرینماندا بدۆزینەوە، ئەگینا ئاسۆى چاوەڕوانییمان تێک دەشکێت. چونکە ئەدەب بەگشتیى و شیعریش بەتایبەتى یەک ڕەهەندى نییە، ئەویش وەکو واقیع چەند ڕەهەندییە، یانى ئێمە لە دەقدا تەنها بەدواى دەلالەتى بیۆگرافیانە ناگەڕێین، بەڵکو پێداویستییمان بە دەلالاتە دەرەکیى و فیکرییەکانى دەقیش هەیە - دەلالاتە وەزیفیى و ئێستێتیکییەکانى - ئەگەر تەنها وامان کرد ئەوا بەرهەمى داهێنەرانە لە کۆنتێکستە ڕۆشنبیریى و ئێستێتیکییەکەى دوور دەخەینەوە، یانى وەزیفە بایەخدارەکەى ئەدەب پشتگوآ دەخەین و فەرامۆشى دەکەین. کەواتە بەگوێرەى ئەمانەى سەرەوە، دەق لاى"ئەنوەر"ڕێک وەکو ئەوەى"تیمۆسى ماسیووس" دەڵێت: بەرجەستەى ئەزموون دەکات، ئەزموونیش یانى بەریەککەوتنى تاک لەگەلڕ دەرەوەى خۆیدا، یانى یادەوەریى و پڕۆسەى گەڕانەوەى پەیتا پەیتاش بۆ ئەو یادەوەرییە، یادەوەریی هەروەکو"سەرگۆن پۆڵس"یش دەڵێت: کارێکى لەڕادەبەدەر گرنگە، بۆیە بە خۆیەوە پەیوەستت دەکات و لەگەلڕ هەڵکشانى تەمەن و ئەزموونى ژیانت ئەویش هەر لە پێکهاتەیدا جێگیر دەبێت. پرسیارى ئێمە بێگومان لە ئەزموون ئەوەیە چى داینەمۆیەتى؟ ڕەنگە وەڵام بآ سآ و دوو زمان بێت، بەڵام زمان نەک هەر داینەمۆى ئەزموونە، بەڵکو داینەمۆى فیکریشە. لەوانەیە ئەزموونى نووسین بۆ"ئەنوەر"یەک مانا بگەیەنآ، کە ئەویش یاخی بوون و پرسیارکردنى بەردەوامە. بێگومان یاخى بوون لە هەموو شتێکى مەئلووف و پرسیارکردنیش، کە شیعر دیارى دەکات، ئەویش پرسیارکردنە سەبارەت بە خودى چارەسەر کردنى ئەو بابەتانەى ئەدەب زەقیان دەکاتەوە. بەڵام شاعیر، مادامەکآ پەیوەندى بەو زمانەوە هەیە کە بە هۆیەوە دەستەویەخەى بوون و خود دەبێتەوە، ئەوا ناتوانآ دابڕان لەگەلڕ هیچ شتێکدا بکات. چونکە ئەو پەیوەندییەى بە زمان و مێژووى زمانیشەوە دەیبەستێتەوە، پەیوەندییەکى پێکهێنەرانەیە و دابڕانیش لێى کارى نەکردە و مەحاڵە.

***

ئیدى لەم تانوپۆیەوە دێینە سەر چامەى (غەریبى) - کە چارەسەرى بابەتێکى نۆستاڵژییانە دەکات و ڕەهەندێکى هونەرییانەى قووڵتر بە تێکست بەخشراوە و بەهایەکى گرنگترى گرتۆتەخۆ و ئەگەر ئامانجێکى دیاریکراویشى هەبێت ئەوا هەر کایەى ڕیتواڵێکى سۆفی گەرانەیە وەکو"پۆل ڤالیریى"دەڵێت و ئەفسوونئامێزیشە. گێڕانەوەیەکى شەففاف لەم چامەیەدا باڵادەستە، یانى پێکهاتەکەى گێڕانەوەگەرایە و هیچ هاودژییەک لە نێوان یەکە زمانییەکاندا بەدى ناکرێت و زمانى دەق تابڵێى لۆژیکیی و گەردوونییە، هەر وەکو ئەوەى"کۆڵیریج"ئاماژەى پێداوە، جا لەبەر ئەوە شیعرییەت دەکەوێتە شوێنێکى دیکەى دەقەوە. ئەم چامەیە لە سآ جووڵە پێکهاتووە:

جووڵەى یەکەم: لە دێڕى یەکەمەوە بۆ دێڕى شەشەم

جووڵەى دووەم: لە دێڕى حەوتەمەوە بۆ دێڕى نۆیەم

جووڵەى سێیەم: لە دێڕى دەیەمەوە بۆ دێڕى شانزەهەم

لە جووڵەى سێیەمدا خاوبوونەوە ڕوودەدات و گرێى دەق دەکرێتەوە، ئیدى دەزانین کە چارەسەر نیشتیمانە، نیشتیمان ئەو شتەیە دەق لە هەناوى خۆیدا هەڵیگرتووە و کۆنتێکست دەیهێنێتەدى.

وتى: قوربان! ئەو ئافرەتەى،

کە بە تەنیشتما تێپەڕ بوو..

ڕووخسارى هەر لە ڕووخسارى دایکم دەچوو،

هەر کە بینیم، سلێمانیم کووچە کووچە هاتە پێش چاو،

یەکسەر ئاگرم تآ بەر بوو، دڵم پڕ بوو،

ببوورە لێم! خۆت دەزانى قوربان سۆز و

قوربان! کەڵکەڵەى نیشتمان..                                                                     (غەریبى- زایەڵە)

بە قووڵبوونەوەى زیاتر بەناو ئەم شیعرەدا پەى بە ئاستەکانى دەبەین و دەزانین خاوەن وزە و ڕۆحێکى ئەفسانەییە و دەربڕى خەمێکى بێپایانە کە ڕەهەندێکى گەردوونیی لەخۆ دەگرێت و نۆستاڵژیایەکى قوولڕ دایمەزراندووە. ئەوەى لێرەیشدا بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت ئەوەیە شاعیر بۆ ئەوەى مومارەسەى خەیاڵە داهێنەرانەکەى خۆى بکات، پێویستە دابڕانێک لەگەلڕ تانوپۆى ئەو پەیوەندییە مرۆییە جۆراوجۆر و ئاڵۆزانە بهێنێتەدى، ئەگەرنا فیکر و خەیاڵى لەناو تەپوتۆزى ژیانە ڕۆژانەییەکەدا قەتیس دەبێت و بەرهەمێکى ناوازە ناکەوێتە ناو بەرهەمەکانییەوە. بێگومان ڕووبەرى ئەم دەقە کۆمیوونیکاسیۆنێکى توند و تۆلڕ لەگەلڕ وەرگردا فەراهەم دەکات، چونکە ئەزموونێکى هاوبەش دەردەبڕێت - ئەزموونى غەریبیى دایک و نیشتمان و بیرکردنەوە لێیان - و هەموو شتێک لە ڕێگاى خۆیدا دەگۆڕێت، زمانەکەى وەکو ئاماژەمان بۆ کرد لۆژیکییە و بەهایەکى جوانى هونەرییانە دادەهێنآ و هەر بە تەنها دەستاوێژێک نییە، بەڵکو جەوهەرى دەقیشە، هەروەکو "پۆل ڤالیریى" بۆى چووە، ئەمەیش تاڕادەیەک بۆ خوێنەر چاوەڕوانکراوە. چونکە ئێستێتیکاى دەق و ئێستێتیکاى خوێنەر یەکدەگرنەوە و کارلێک لە نێوانیاندا دێتە ئاراوە، لێرەیشدا مەبەست لە کارلێک، هەڵبەتا هاتنە ئاراى کارلێکى دەروونییانە و هونەرییانەیە و ئەگەر هەردووکیشیان هاوسەنگ بن، ئەوەى دێتە ئاراوە یەکگرتنەوەى بونیادى چاوەڕوانییەکانە و دواجاریش لەم بونیادەى یەکێکە لە گرنگترین ڕەگەزەکانى چەمکى ئەو(کەلێن)ەى دەق بەرهەمى دەهێنآ فەزاى شیعرییەت دەڕسکآ و بەرجەستە دەبآ. ئەمە ئەگەر بونیادى چاوەڕوانییەکان یەکبگرنەوە، بەڵام ئەگەر بونیادەکان هاوسەنگ نەبن و یەکنەگرنەوە، ئەوا پێچەوانەى ئەمە ڕوودەدا و بونیادى چاوەڕوانیى خوێنەر تێکدەشکآ - کە هاوکات دەق بەرهەمى دەهێنێت، یاخود تێکى دەشکێنێت - واتە چاوەڕوانیى خوێنەر خۆى بەدى ناهێنێت، بۆیە ئەم کەلێنە پشێویى دروست دەکات و شەقلڕ بە سەرسامییەکى ئەوتۆ دەبەخشآ کە سەرەنجام هێنانە ئاراى شیعرییەتى لێدەکەوێتەوە.     

ئەگەر ئەو بۆچوونەى"هایدیگەر"هەڵبشێلینەوە کە دەڵآ: لەبیرچوونى بوون دوورکەوتنەوەیە لە وڵات و لەڕاستییدا بآ وڵاتیى و تاراوگەیە و بڵێین: دوورکەوتنە لە وڵات و بآ وڵاتیى و تاراوگە، بۆ شاعیرێکى ڕاستەقینە، لەبیرچوونى بوونە، ئەوا"ئەنوەر"لەم چامەیەدا، کە جێگۆڕکآ لەگەلڕ"مەولانا خالید"دا دەکات باکگراوەندێکى میتافیزیکییانە بەم جێگۆڕکێیە نابەخشآ، چونکە ڕوئیەیەکى واقیعبینانەى تێدا دەکات بە سێبەر و هەست بە بآ بوونییەکى گەورە دەکات، لەبەر ئەوەى لەڕاستییدا بوون لە شتى تردا دەبینآ و بوونیش وابەستەیە بە نیشتمانەوە، یانى ئەگەر نیشتیمان نەبێت، چ شتێک ئیدى گرنگە؟ پاش ئەم پرسیارە دەتوانین بڵێین ئەم تێکستە لە حاڵەتێکدا نووسراوە کە شاعیر تێیدا هەستى بەوە کردووە شوێن(نیشتیمان)پێش بوون دەکەوآ..کە پێیەکانیشى لەناو نیشتیمان و زێددا نەبوو ئەوا پێویستە لە ڕێگاى شتێکى ترەوە وابەستەبوون بەرقەرار بکات، چونکە ئەگەر وابەستەبوون نەبوو، بوونیش نابێت، بەڵام زمان لەم کۆنتێکستەدا ئەو ئەرکە گەورەیە دەبینێت، یانى ئەگەر نیشتیمان - زمان بێت، هەر بەگوێرەى "هایدیگەر"خۆى، ئەوا شاعیر لە ڕێگاى زمانەوە ئینتیماى خۆى بەرجەستە دەکاتەوە و ناهێڵێت هەرگیز ئەو پەیوەندییە بپچڕێت. واتە دیسانەوە زمان ئەڵتەرنەتیڤێکى ڕاستەقینەیە بۆ دنیا، یان لەوانەیە ببێتە بەدیلى ئەو دنیایەى شاعیر دەیخوازێت، هەروەکو"عەبدوڵڵا محەمەد ئەلغەززامى"دەڵێت..بۆیە نەبوونى نیشتیمان لەم سیاقەدا نابێتە هۆى نەبوونى بوون.

هەر کە بینیم، سلێمانیم کووچە کووچە هاتە پێش چاو،

یەکسەر ئاگرم تآ بەر بوو، دڵم پڕ بوو...                                                          (غەریبى- زایەڵە)

دیارە لە تانوپۆى ئەم دەقەدا هەست بەوە دەکرێت بیر و باوەڕەکانى شاعیر هاوتایە لەگەلڕ ئەو بیر و باوەڕانەى چامەکە دەریاندەبڕآ، بۆیە بەهاى شیعرییەت بە توند و تۆڵیى و بەهێزانە بەرجەستە دەبێت، هەروەکو ئەوەى "ماڵکۆڵم بەدد"بۆى چووە، هەر لێرەشەوەیە کە هەمان هاوکێشە سەبارەت بە خوێنەر دێتە ئارا، یانى ئەگەر ئەو بیر و باوەڕانەى لە چامەدا دەربڕدراون و ئەو بیر و باوەڕانەى خوێنەر یەکنەگرنەوە و هاوتا نەبن، ئەوا خوێنەر نە چێژ لە تێکستەکە وەردەگرآ، نە پێشیشى قبوولڕ دەکرآ و بەهاى ڕاستەقینەیش بە چامە نابەخشآ. کەواتە ئەگەر ئاسۆى چاوەڕوانیى دەق یەکسان بآ بە ئاسۆى چاوەڕوانیى خوێنەر ئەو کاتە دەق دەبێتە خاوەنى بەهایەکى بەرهەست و باڵا، ئەمەیش لە ڕاستگۆیى شاعیرەوە سەرچاوە دەگرآ و هیچ شتێکیش ڕاست نابآ و کاریگەرییشى نابآ ئەگەر لە ئۆرگانە ڕاستەقینەکانى ڕاستگۆییەوە، لە دلڕ و کرۆکى ئەزموونەوە هەڵنەقووڵا بێت، چونکە ناڕاستگۆیى، ئێڵیەت گوتەنى هەموو بەها شیعرییەکان تەفروتونا دەکات. هەموو ئەو شتانەى"ئەنوەر"یش لە چامەکانیدا دەریبڕیوون بێچەند و چوون لەو دلڕ و کرۆکەوە هەڵقووڵاون و باوەڕى پێیانە، لەبەر ئەوەى وەکو وتمان لە ڕاستگۆیى دەربڕینەوە سەرچاوەیان گرتووە، ڕاستگۆییش بەها شیعرییەکان بۆ هەمیشە دەپارێزێت، چونکە ئەگەر شاعیر باوەڕى بەو شتانە نەبێت کە دەیانکات بە بابەت، ئەوا دەقەکەى دەنگێکى ترى لێوە زایەڵە دەکات، کە دەنگى خۆى نییە. یان وەکو ئەوە وایە دەقى کەسێکى ترى نووسیبێتەوە، بەڵام بە بآ ئەوەى بتوانآ تایبەتمەندیى و بۆن و بەرامەى خۆى پێببەخشآ.

(11)

لە چامەى(کۆچى شازادە)یشدا، کە بریتییە لە حەوت جووڵە و جووڵەکانیش بەمشێوەیەن:( جووڵەى یەکەم: دێڕەکانى 1 بۆ 7- جووڵەى دووەم: دێڕەکانى 8 بۆ 13- جووڵەى سێیەم: دێڕەکانى 14 بۆ 19- جووڵەى چوارەم: دێڕەکانى 20 بۆ 25- جووڵەى پێنجەم: دێڕەکانى 26 بۆ 33- جووڵەى شەشەم: دێڕەکانى 34 بۆ 45- جووڵەى حەوتەم: دێڕەکانى 46 بۆ 51)، بە کەڵکەڵەیەکى تاکڕەوانە دەقەکەى بارگاویى دەکات و دەیکات بە گەواهیدەرى ئەزموونێکى تایبەتمەند و تاکڕەو، چونکە پڕۆژەى داهێنەر"دکتۆرە خالیدە سەعید"گوتەنى، هەمیشە تاکانە و تایبەتمەندە. 

ئیمشەو گیانە خەومەبینى:

زریان دارى لە بن و بێخ هەڵئەکێشا

گەرداو دەریاى ڕائەفڕان

کەشتى ئەشکا...                                                                            (کۆچى شازادە - زریان)

لەڕاستییدا شیعرى ڕاستەقینە خۆى سەرپشکى تێکشکاندن و بنیاتنانەوەى زمانە،  شاعیر بەدوایدا ناگەڕێت بۆ ئەوەى لەگەلڕ ئەو خەیاڵە داهێنەرەیدا بیگونجێنآ کە ئیش لەسەر ئەزموونەکەى دەکات. زمانیش بآ نکووڵیى، لێرەدا هەموو خەسڵەتە تایبەتمەندەکانى"ئەنوەر"ى هەڵگرتووە. سەرەتا سەرنج بۆ کۆنتێکستى گشتیى چامەکە ڕاماندەکێشت و لە کەشوهەواکەیدا لەنگەر دەگرین و لەوێوە سەرنج لە زمان دەدەین، زمان ئەزموونێکى دیکە و جیاوازى خۆى بەرقەرار دەکات، ئەزموونى  جیاوازى زمانیش لەم ناوکۆییەدا سەرسامیمان پێدەبەخشآ و لەگەلڕ خۆیدا گۆڕانکارییەکى جوانمان بۆ فەراهەم دەکات. چۆن ئەم ئەزموونى زمانە تێدەگەین، چۆن لە زمانى شیعرێک دەگەین کە ناڕاستەوخۆیە؟ بێگومان بە بەراوورد لەگەلڕ زمانى دەرەوەى دەق و ئەو کەلێنەى لە نێوانیاندایە ئەو تێگەیشتنە دەبێتە ڕاستیى. ئەمەى باسى دەکەین لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە شاعیر هەژموون و دەسەڵاتى تەواوى بەسەر زماندا هەیە و لە میانەى ئەمەشەوە هەژموونى بەسەر ئەزمووندا هەیە و هاوتاى  ئەزموونى زمانى دەکات و بەو شێوە هونەرییە بۆمانى هەڵدەبژێرێت. لەم ڕووبەرەدا چارەسەرى یادەوەرییەکى تالڕ و ئازاراویى دەکات ، ئەزموون گۆڕاوە و بۆتە یادەوەریى، خەمڵاوە و قووڵییەکى شەففافى لەخۆ گرتووە، یادەوەرییش هەر گەڕانەوەیە کى کاتییانە نییە بۆ دواوە، بەڵکو تێفکرینێکى قووڵیشە لەو ئەزموونە بەسەرچووەى بۆتە مایەى تێگەیشتن لە خود و ئێمەیش دەتوانین لەوێوە سنوورەکانى ئەو خودە لەمیانەى وابەستەبوون و جێکەوتەیەوە لەناو پەیوەندى لەگەلڕ بابەتدا دیارى بکەین.

ئیمشەو گیانە!

سەرم لەشمى بەجآ ئەهێشت

پەنجەکانم هەڵئەوەرین

دڵم سنگمى بە دەس ئەدڕى و بە شەقامەکاندا ڕاى ئەکرد..                                (کۆچى شازادە - زریان)

بێگومان ئەمە جووڵەى دووەمى چامەکەیە، لێرەدا خود تێگەیشتنێک دەردەخات، تێگەیشتنى ئەوەى کە ئەنجامى دواى لەدەستدانى خۆشەویستێک چییە!

دیارە ئەگەر شیعر تۆڕێک بێت لە وێنە و وێنەیش، پێبەپێى ئەوەى ڕەگەزێکى دینامیکییە لەڕەگەزەکانى پێکهاتەى دەروونیى ئەزموونى شیعریى شاعیر، وەکو ئەوەى"دکتۆر کەمال ئەبو دیب"دەڵێت، ئەوا لەم شیعرەدا وەک لە زۆربەى دەقە کانى تریشیدا، دیمەنى وێنەیى دوابەدواى تێدایە بە مەحکەمیى پێکەوە پەیوەستن و یەکانگیربوونى ڕەگەزەکانى دى دەق دادەهێنآ، هەروەکو چۆن"تیمۆسى ماسیووس"ئاماژەى پێداوە، ئێمە بەرەو فەزایەکى شیعریى ئاڕاستە دەکات، ئەم فەزایە، فەزایەکى ئەبستراکت نییە، چونکە لە بابەتێکى ئەبستراکتەوە شەقڵى نەگرتووە، بەڵکو بە ڕەنگى هەمەجۆرى ئەزموون و هەژموونە زمانییەکەى دەوڵەمەندە، لە پێناوى بەرجەستەبوونى خۆیدا کۆنتێکستى وێنەکان لەناو یەکدا دەتوێنێتەوە و پەیوەندییەکى گشتگیر دەئافرێنێت، کە سەرەنجام بە یەکانگیر کردنى جووڵەکانى ناو دەقە شیعرییەکە یەکێتییەک لەناو دەقدا بەدیار دەخات.

بێگومان لەم دەقەیشدا پلەیەکى دیاریکراوى پشێویى هەیە و بۆتە هۆى ئەوەى چەمکى (کەلێن: یاخود مەوداى پشێویى) ببێتە پێوەرى خوێندنەوە.

سەرم لەشمى  بەجآ ئەهێشت،

پەنجەکانم هەڵئەوەرین

دڵم سنگمى بە دەس ئەدڕى و بە شەقامەکاندا ڕاى ئەکرد..                                (کۆچى شازادە - زریان)

لە جووڵەى چوارەمیشدا:

ڕووبارى ئەم دنیا هەموو لەناو دڵما

تێر تێر گریان..وتیان بگرى..                                                                (کۆچى شازادە- زریان)    

بەڵام لە جووڵەى حەوتەمدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا، بۆ جووڵەى دووەم، کە کاردانەوەى کردەیەکە لە پەیوەندییەکى نێوان دەرەوە و ناوەوەدا سەرچاوەى گرتووە - ئەویتر و خود - یانى ڕۆیشتنە لە بێدەنگییەوە بۆ دەنگ - جووڵە، بە تایبەتیش ناوەکییانە جووڵەى خود بە ئاڕاستەى کاردانەوە دەبات. لە تانوپۆى ئەم دەقەدا، دوورکەوتنەوە و هاودژبوونى یەکەکانى ناو دەق، کە چاوەڕوانییەکانى وەرگر تێکدەدات و ئێمە بە مەوداى پشێویى ناودێرى دەکەین، زمانى دووەم پێکدەهێنن، واتە زمانى مانا، کە تێهەڵکێشى زمانى یەکەم دەبآ و لەو کەلێنەدا شیعرییەت بەرهەم دێت، چونکە دەلالەتى وشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، یان دەلالاتى تازەمان بۆ دادەهێنن لە پشت ئەو دەلالەتانەى ئێمە دەیانزانین، بەماناى بەتاڵکردنەوەى وشەکان لە دەلالەتەکانى خۆیان و بارگاویى کردنیان بە دەلالەتگەلى نوآ، بەمەیش وشەکان زیاد لە دەلالەتێک هەڵدەگرن و دەبنە هەڵگرى خوێندنەوەى جیاواز.

(12)

ئەگەر شیعر، وەکو ئەوەى"ئەندریە بریتۆن"بۆى چووە، پەیوەندى گرتن بێت لە نێوان ئەوەى دەشآ درکى پێبکەین و ئەوەى ناشآ درکى پێبکەین، ئەوا شیعرى"ئەنوەر"ئەگەر خود و بابەتى تێنەپەڕاندایە پردێکى لەو نێوانە ڕایەلڕ نەدەکرد و دنیایەکى جیاواز و تازەى بۆمان نەدەخوڵقاند، چونکە لاى ئەو هیچ شتێک وەک خۆى نییە، خود و بابەت بە فیلتەرە هونەرییەکەیدا ئاوادەکات و چیدى ڕەگ و ڕیشەیان لە واقیعدا بە شێوە ئاساییەکەی خۆى نادۆزرێتەوە، بەڵکو واقیع تێدەپەڕێنن و دەکەونە ئەو دیوییەوە، یانى واقیعێکى دیکە دەخوڵقێنن، واقیعێک تەنها لە دەقدا بوونى هەیە و هیچ لەو واقیعە ناهونەرییانەیەیش ناچێت کە سەرچاوەى کارى ئەدەبییە و "یورى لۆتمان"بە مەرجى هونەرى دادەنێت. ئەگەر بە پێچەوانەى ئەمە بوایە و هەموو شتێکى وەک خۆى وێنا بکردایە ئەوا چۆن دەیتوانى شتەکانمان بۆ جوان بکات، بۆمان ئەفسوونئامێز و سەرنجڕاکێش بکات لەکاتێکدا کە وانین"نیتشە"گوتەنى. دەقەکانى ئەو لەپالڕ وەزیفە شیعریى و فیکرییەکاندا وەزیفەى ئێستێتیکیى خۆیان دەبینن، مانیفێستى داهێنانێکى جیاوازیش دەکەن و بەهایەکى ئەدەبیى باڵا هەڵدەگرن و ئەو ئیلهامە بە مرۆڤ دەبەخشن"ئێف. ئێلڕ. لووکەس" گوتەنى چیدى ژیان نایبەخشآ پێى. دیارە لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکى تر و لە دیمەنێکى ژیانەوە بۆ یەکێکى تر و لە بیرۆکەیەکیشەوە بۆ یەکێکى تر فەزاى خۆى دەگوازێتەوە و ماناى تایبەتى خۆى بەمانە دەدات، فەزاى چامەیش دەتوانین بڵێین لە لاى"ئەنوەر"لە سآ فەزادا گەشت دەکات:

یەکەم- فەزاى خودییانەى تایبەتمەند

دووەم- فەزاى خودییانەى گشتیى

سێیەم- فەزاى خودییانەى مرۆیى باڵا

ئەمانەیش هەموو ئەو کارلێککردنە قووڵانەى نێوان وێنەکان و پێکهاتەکانى دەق دایدەهێنن کە دەکرآ بە سروشتى هەستەکییانەى چامە ناودێر بکرآ، ئەمەیش بوارێکى هەستییانە و وێناگەریى خەیاڵییانەیە کە تەواوى چامەکە تیایدا مەلە دەکات، هەروەکو"دکتۆر ئەبو دیب"ئاماژەى پێداوە. ئەو لە قەڵەمڕەوێکدا قەتیس نامێنآ، چونکە شیعرى داهێنەرانە - کە وامان لێدەکات ڕۆڵى لە ژیانماندا بزانین و بەهاکانى بۆ خۆمان بە پێویست لەقەڵەم بدەین - لە شوێنێکدا چەقنابەستێت، یانى لە شیعرێکدا لە مۆڵەق ناوەستآ، لەبەر ئەوەى شیعر جووڵەى هەمیشەییە، مەبەست لەوێدا چەق ببەستآ و یەک دەق کێشمان بدات و هەتاهەتایە هەر خۆى بەرهەم بهێنێتەوە، بەڵکو ئەندێشەى ئەو بە بیرۆکەیەکەوە ناچەسپآ، کاژ فڕآ دەدا و خۆى دەگۆڕێت، خۆى نوآ دەکاتەوە، لەپێناوى داهێنانى فەزایەکى تر کە پڕاوپڕ بێت لە وێنەگەل و دیمەنگەلى دانسقە، بەو فەزایە دنیایەکى جیاکار لە شیعرێکدا دەخوڵقێنآ کە لاسایى دنیایەکى پێشتر خوڵقاو ناکاتەوە و بەدوایشیدا یەکێکى وەکو خۆى لە ئەزموونى شاعیردا نائافرێنآ.

سەر هەڵئەگرم، لە وڵاتى غەریبیدا

دوور دوور لە تۆ، ئەچمەوە باوەشى خاک

ئێوارانآ..

وەک شمشاڵآ لێو و پەنجە و بەرۆکى شوان بەجآ بێڵآ

جێت ئەهێڵم..

وەکو شووشە کە پەنجەرە جآ بهێڵآ و دەس بکاتە ملى

      وردبوون

جێم ئەهێڵى و جێت ئەهێڵم...                                                               (کۆچى شازادە- زریان)

(13)

لە دەقى(گوڵسورخى لە هەرێمى مەرگا سۆز ئەکا)، کتوپڕیى ڕەگەزێکى دیارە لە مامەڵە کردن لەگەلڕ دەربڕیندا، سەرسامیى لەم کتوپڕییەوە سەرهەڵدەدات، تێکست، هەروەکو"تیمۆسى ماسیووس"بۆى چووە، ئێلیمێنتە جیاوازەکان پێکەوە کۆدەکاتەوە، بەمەیش پەیوەندیی جیاواز لە نێوانیاندا دروست دەبێت: هەر وەکو لە جووڵەى یەکەم و جووڵەى دووەم و تاڕادەیەک جووڵەکانى تریشدا بە ڕاشکاویى سەرنج دەدرێت..لێرەدا زمان پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بە ئەزموونى ناوەکییانەوە هەیە و بۆتە کەرەستەیەکى هونەریى و لە لێکچوونى بە زمانى یەکەم- زمانى هاوبەش- داماڵراوە و کەوتۆتە ژێر کاریگەرییە خودیى و بابەتییەکان و پەیوەندییەکى بەتینى خودیى و بابەتییانەى بە ژینگەیەکى مرۆییەوە بەرقەرار کردووە، چونکە کەلەپوورى مرۆیى سەرچاوەیەکە لەو سەرچاوە ڕۆحییانەى سەرلەنوآ شاعیر بەرهەمیان دەهێنێتەوە و لە دەقەکانى خۆیدا تەوزیفیان دەکات، هەروەکو ئەوەى"دکتۆر عیسام واسلڕ"ئاماژەى بۆ کردووە. تیایدا بە شێوەیەک لە شێوەکان"تەواوى ڕۆحى مرۆڤ"بەرجەستە دەکات وەکو ئەوەى"کۆڵیریج"دەرى بڕیووە، لێرەدا شاعیر لە بەرگرتنەوەى دنیا ئەنجام نادات، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان چالاکییەکانى تەواوى ڕۆحى شاعیر دەتوانآ دنیا وەربچەرخێنآ، بۆ نموونە بەخشینى تێگەیشتن و درکێکى نامەئلووف و تازە و سازگار بە شتە کۆن و ئاساییەکان، پێبەپێى ئەوەى"گرەیهام ئالێن"وتوویەتى. بێگومان بابەتى شاعیریش چیدى ئەو شتە نییە کە بەوە وەسف بکرێت لە دەرەوەى شاعیردایە، بەڵکو لە ڕاستییدا "تەواوى ڕۆحى مرۆڤ"و تەنانەت ڕۆحى شاعیر خۆیشییەتى. چونکە شیعر- وەکو ئەوەى ناوبراوى پێشوو دەڵێت - ئەرکى بەرینترکردنى دنیاى هەستیاریى ئادەمیزادە و مەوداى فراوانتر بەخشینە بە ڕەهەندەکانى ڕۆحى مرۆڤ.

لەم دەقەدا زمانى شیعریى پێبەپێى دەربڕینى"دکتۆر فاتیح عەللاڤ"زمانێکى وێنەییە و تازە و جیاوازە و دەوڵەمەندە بە ژیان و ئەزموون، بیرکردنەوەى شاعیریش هەر وێنەییە، چونکە لە ناوەوە شتەکان دەبینآ و ڕێک خستنێکى چۆنێتییانەى وشەکان ئەنجام دەدات، نەک لە دەرەوە. ئەوەتا لێرەیشدا دیسانەوە کۆنتێکست دیاریکەرى شیعرییەتە، یانى شیعرییەت دواى زمان کەوتووە، واتە زمان وەکو گشتێک شەقلڕ دەگرآ ئینجا ئەو دێتەدى، نەک لە وشەکاندا قەتیس بمێنآ، چونکە ئەگەر وشە وزەیەکى گەورەشى هەبێت و لە کۆنتێکستێکى دینامیکییدا جێى نەکرابێتەوە ئەوا لە دەلالاتى جیاوازدا ناتەقێتەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنآ شیعرییەت لە دەرەوەى شیعردا بوونى نییە، لە دەرەوەیدا پێکنایەت، لە ناوەوەى خۆیدا دەڕسکێت، لە واقیع و ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت و دەرەنجامى ئەزموون و دنیابینیى و گۆشەنیگاى شیعریى جیاواز و تایبەتمەندە. بەڵآ لە دەرەوەیدا بوونى نییە، بەڵکو پەیوەندى نێوانى وشەکان دیاریى دەکات، واتە لەناو کۆنتێکستى شیعردا قەتیسە و بونیادى ئەو کۆنتێکستە  دەیهێنێتەدى.

پۆلێ مەلى سەرکەشم دى بۆ وڵاتى بەفر ئەڕۆیشتن

وتم بۆ کوآ؟!

درەختم دى نیازى کۆچى ساراى هەبوو

وتم بۆ کوآ؟!

لە بەرزایى بێدەنگییا...من ئەسووتام

لە دامێنى خامۆشییا...وەستابووم و هەر ڕائەمام

وتیان هەتاوى ئەم شارە مردوویەکە

لە تابووتى هەورەکاندا ڕاکشاوە

وتیان هەتاوى ئەم شارە شآ سوارێکە

سەرتاپاى نوقمى خوێناوە..                                       (گوڵسورخى لە هەرێمى مەرگا سۆز ئەکا- زریان)

لەم چامە بەیارا و سەرزیندەیەدا، بە هێمنیى سەرنجى ئەوە دەدرێت کە ئەم وێنە پڕاوپڕ لە ڕۆح و جووڵانە، چۆن دەلالەتە جیاوازەکانى خۆیان دادەمەزرێنن و ماناى تەواو جیاوازمان پێدەبەخشن، یانى ئەم وێنانە - لەڕاستییدا لە نەبوونەوە نایەن، بەڵکو لە واقیعدا بوونیان هەیە و شاعیر سەرلەنوآ هونەرییانە بونیادیان دەنێتەوە، بێگومانیش پێبەپێى هەڵچوون و بارى دەروونیى و کاریگەریى دەرەوە و ئەو شتانە - پاش بونیادنانیشیان چیدى وێنەى واقیعى نین وەکو گوتمان، بەڵکو وێنەى خودیین، وێنەى  هونەرییانەى خودیین و لە واقیعدا بوونیان نادۆزرێتەوە، بەم پێیەش جیهانێکى داهێنراوى دەوڵەمەند و سەربەخۆن نەک کۆپى کراو. بەشێکیش لە وێنەکان لێرەدا لە جووڵەى یەکەمدا بە وەسف دروست کراون و لە جووڵەى دووەمیشدا بە لێکچوواندن دروست کراون: هەتاو مردوویەکە- هەتاو شآ سوارێکە..و لێکچوواندن لە نێوان یەکە زمانییەکانیشدا پەیوەندییەکى تابڵێى پشێویان تێدایە، هەروەکو"تۆدۆرۆڤ" وتوویەتى. لێرەیشدا شیعرییەت دینامیکییەتێک دەخاتە ناو زمانەوە، یاخود پڕۆسەى جووڵەى ناوەکییانەیە هەر وەکو"پۆل ڤالیریى"ناوى بردووە، یان ئەو یەکانگیرییە ناوەکییەیە کە شیعرییەتى لێ هەڵدەقووڵآ، ئەمەش واتە پڕۆسەى خوڵقاندنى زمانێکى تازەیە لەناو زمانێکى تردا.

چامەکە لە پێنج جووڵە پێکهاتووە و جووڵەکانیش بەم شێوەیەن: جووڵەى یەکەم: دێڕەکانى 1 بۆ 6- جووڵەى دووەم: دێڕەکانى 7 بۆ 12- جووڵەى سێیەم: دێڕەکانى 13 بۆ 21- جووڵەى چوارەم: دێڕەکانى 22 بۆ 31- جووڵەى پێنجەم: دێڕەکانى 32 بۆ 46. بونیادەکەشى لە جووڵە و کارلێکى نێوانیان پێکدێت و کۆنتێکستى دەقەکە تەواو دەکەن و ئیدى دەق لە کۆتاییدا خاودەبێتەوە و لە جووڵە دەکەوێت، یانى بەرکەمالڕ لەخۆ دەگرێت و ناکرێت بخرێتە ناوکۆییەکى لەمە باشترەوە. 

مردن ڕێیە و ئەچم نەخشەى شەنگ و تازەى

نیشتمانى غەریبانى لێ ئەهێنم...                                (گوڵسورخى لە هەرێمى مەرگا سۆز ئەکا- زریان)

دەکرآ لێرەدا بووترآ تاقە ئامانجى شیعر، وەک شیعر خۆى، هەر تەنها ئەوە نییە پەیامێک بگەیەنآ، بەگوێرەى ئەوەى"ماڵکۆڵم بەدد"دەیڵێت، چونکە شیعر، ئەگەرچى دەبآ خاوەنى پەیام بآ، بەڵام پەیام تەنها ئامانجى ئەو نییە، بەڵکو ناوبراو وتەنى، خودى ئەرکى چامە ئەوەیە خۆى ئەزموون بکرێت و ببێتە سەرمەشق، کە دەکرآ بە شێوەیەکى تر ئەمە دەستەواژە بکرآ، یانى پێویستە ئەرکەکەى ئەو ئەزموونە فەراهەم بکات کە بجەڕبێنرێت، لەبەر ئەوەى بۆ ئێمە ئەو ئەزموونە بایەخدارە و بەهاى پێدەدەین، چونکە هەوڵە بۆ گەیشتن بە شتێکى دیاریکراو وەکو ئەوەى "عەبدولوەهاب ئەلبەیاتى"دەڵێت. بۆیە هاوکات ئەو ئەزموونە بریتییە لە ئەزموونى زمانەوانیى و هزر و حەز و ئارەزوو و هەست و سۆز و یادەوەریى، ئەمەیش وادەگەیەنآ کە شتەکانى ڕابردوو لەناو پێکهاتەیەکى گێڕانەوەییدا ئامادە دەکاتەوە.

-مردن..مردن کەنارێکى شین و تەڕە

ئێواران پیاسەى تیا ئەکەم..

وائەزانم شەستەى گوللەبارانێکى گورگەزێیە و

لەسەر سینگ و ئاسۆى شانم پەلکەزێڕینە نەخش ئەکا..          (گوڵسورخى لە هەرێمى مەرگا سۆز ئەکا- زریان)

(14)

نووسین بۆ شاعیر، وەکو"بەختى بن عەودە" دەڵێت، بەو پێیەى هەڵگرى تمووحێکى ئاییندەخوازانەیە و خواستى مانەوەى هەیە، پێوەرە شیعرییەکانی بەر لە خۆى بەجێهێشتووە، ئەم بەجێهێشتنە دابڕان ناگەیەنآ- بە ماناى پشت کردن لە کەلەپوور و داهێنانى ڕابردوو- چونکە ئێمە لەدایکبووى ناو کەلەپوورێکین و بۆ هەمیشە پەیوەندى لەگەڵدا بەرقەرار دەکەین لەپێناوى ئەوەى دیاڵۆگمان لەگەڵیدا بەردەوام بێت، هەروەها لەپێناوى ئەوەیش دەستەبەرمان بێت بۆ ئەوەى دواجار بتوانین دەوڵەمەندى بکەین و تێیپەڕێنین، لەبەر ئەوەى لەڕاستییدا داهێنان، یان نوێگەریى گەشە کردنێکى  هزریی و ڕۆحییە و قووڵبوونەوەیە بە ناو سەردەمدا و هەڵوێستێکى نوێیە بەرامبەر بە پرسەکانى ژیان و  هاوکات هەروەکو"دکتۆر فاتیح عەللاڤ"یش بۆى چووە: پەیوەندییەکى بەردەوامیشە لەگەلڕ کەلەپوور و هەروەها دابڕانیشە لێى. تێگەیشتن و پەى بردنى"ئەنوەر"یش بەوەى کێشەى داهێنان لەڕاستییدا گەوهەرى تازەگەرییە و هەوڵى بۆ چارەسەرکردنى لە ڕەوتى شیعر نووسیندا پۆزەتیڤانە بەرجەستە دەبێت و ئاووڕدانەوەى تێدا نابێت و یەکبین بەرەو پێشەوە دەڕوات. ڕەنگە ئەمیش هاوبیرى"بەدر شاکر ئەلسەییاب"بووبآ کە لە شوێنێکدا وتوویەتى: (دەبآ شتگەلێک بنووسین لە سەرووى ئاستى جەماوەرەوە بێت، چونکە جەماوەر لە لایەنى شارستانییەوە دوا کەوتووە، ئەگەریش بمانەوآ شانبەشانى بڕۆین، ئەوا پێویستە کلتوورییانە و شارستانییانە دواکەوتووبین و واز لە قووڵایى و هونەر و زۆر شتى تریش بهێنین.) بۆیە لە دەقى (وەرە خوارآ..ئەى خواکەى غەریبان لە کەلکەى هەورى ئاڵەوە وەرە خوارآ..)دا پەیوەندییە باوەکان تێکدەشکێنآ و پەیوەندى دیکە بنیات دەنێت و بەم چامەیە دەمان گێڕێتەوە کۆنتێکستێکى مێژوویى و گرنگیشە لەو کۆنتێکستە زەمەنییە حاڵى بین بۆ ئەوەى بەهاى دەقەکەمان بۆ ڕوونبێتەوە و لە بارودۆخە مێژووییەکەى تێبگەین.

بەڵام گیانە هەر کە ویستم تەنیا شیعرآ بۆ تۆ بڵێم

لێزمەى فرمێسک بوو بە دێڕ و بوو بە سنوورى

وڵاتآ..

ناویان نا وڵاتى گریان..                                               (وەرە خوارآ..ئەى خواکەى غەریبان...زریان)

شیعر، هەروەکو"وردزوێرس و شێلییش"بۆى چوونە، هەمیشە بەر لە کۆمەڵگا خۆى تازە دەکاتەوە، ئەوسا لەسەر کۆمەڵگا و مێژووش کاریگەریى گرنگى دەبێت، چونکە شاعیر کەسێکە دەتوانآ بە شێوەیەک لە شێوەکان پەى بە داهاتوو بەرێت، ئەمەیش لە"تێگەیشتنى بابەتییانەى ئەو پارادۆکسانەى یاساى ژیان تژى دەکەن، هەروەها تێگەیشتن و کەشفکردنى لۆژیکى جووڵە و بزووتنەوەى مێژوو و کارلێککردن لەگەلڕ ڕووداوەکانى سەردەم دا، دید و دنیابینییەکى گشتگر و تواناى تێپەڕاندن و ڕووکردنە ئاییندەى پێدەبەخشن"ڕێک وەکو ئەوەى "عەبدولوەهاب ئەلبەیاتى"ئاماژەى پێداوە. لەم چامەیەشدا، کە بە هۆى ئەو ناوەڕۆکە بەرزە و بە هۆى خۆتێپەڕاندنى تاکەوە تیایدا و هاتنەگۆى منى کۆوە، دەتوانین بآ دوودڵیى بە یەکێک لە گرنگترین و جوانترین چامەکانى شیعرى ساڵانى حەفتاکانى سەدەى پێشوو و دواتریشى لە قەڵەم بدەین، چونکە"ڕێلکە"وتەنى لە زەروورەتەوە هەڵقووڵاوە و ئەزموونێکى بەرهەستمان بۆ وێنا دەکات. جگە لەوە دەقێکى خودگەرایشە، بەڵام خود، هەروەکو "لووسیان گۆڵدمان"دەڵێت: لە کردەى مرۆییانەدا چین و توێژە، ڕەهەندى ئێمە هەڵدەگرێت، ئێمەیە لەبەر ئەوەى هەستى کۆ تەنها لەناو هەستى تاکى هەموو مرۆڤێکدا هەیە، یانى ئەگەر ڕەهەندێکى کۆمەڵایەتى بە تاک بدەین، ئەوا خود، خودى تاک، نمایندەیى خودى گشتیى دەکات و لەڕاستییشدا پێکهاتووە لە تۆڕێکى پەیوەندى ئاڵۆزى نێوان خۆى و بابەت و سەرەنجامیش ئەو داهێنانەى خود دەیهێنێتە ئارا بنیاتێکى کۆمەڵایەتى هەیە، هەر بە پێى بۆچوونى "گۆڵدمان"خۆى. واتە  لە خۆگرتنى ڕەهەندى دیکە بۆ خود پڕۆژەى وێران کردنى خود نییە، هەروەکو ئەوەى"پۆل ڕیکۆر"دەڵێت، بەڵکو پڕۆژەى خودە بۆ خۆ بنیاتنانەوە، لەبەر ئەوەى ژیان پاڵنەرێتى، نەک مردن پاڵنەرى بێت. ئەو مەودایەى دەکەوێتە نێوان ئەو دوو پاڵنەرەشەوە بە شێوەیەکى دیکە هانى دەدەن، هانى دەدەن کۆتایى بە شێوەیەکى دى ببینآ و مردنیش تاقە ئامانجى ژیان نەبێت.

کە ئەنووسم، ئەبم بە پۆستەبەرى تۆ و

نامەى شادیى بۆ ئاوارەى ناو شەقام و باغچەى هەموو

شارەکانى دنیا ئەبەم

ئەبم بە لاوکى ناو گەلیى و چیا و

لەسەر دوو شەپۆلى زۆر کورت

بەناو سنگى ئەوانەدا پەخش ئەبمەوە

مردنیان ئەکردە پێیان...                                              (وەرە خوارآ..ئەى خواکەى غەریبان...زریان) 

بۆیە لێرەدا دەق لەگەلڕ جیهاندا یەکانگیر دەبێت و جیهانیش دەبێتە چامە، وەکو ئەوەى خۆمان و خودى ئەوانى تریش لە میانەى چامەوە ببینین. بێگومان پێشوەخت ناونیشانەکەیش فەزایەک بۆ ئەم جێگۆڕگێیە فەراهەم دەکات کە بریتییە لە فەزایەکى ناسەقامگیر و پڕ پشێویى، ئینجا کۆمەڵێک تەداعى چڕوپڕ و بەدواى یەکدا هاتوو تۆنێکى گێڕانەوەئامێز، یاخود وەکو ئەوەى"تۆدۆرۆڤ"بە مۆنۆڵۆگى شیعریى ناودێرى دەکات، بەم تێکستە دەبەخشن و ئەویش ڕابردوو ئامادە دەکاتەوە و وامان لێدەکات ئەزموونە ناوازەکانى دنیاکەمان بژێین و ژیانمان دەوڵەمەندتر و ڕەنگڕێژتر بکەین.

خۆ من چەمە زستانە نیم هەر هاوین هات هەڵپڕووکێم

ئەستێرە نیم، شەو نەبآ نەتوانم بفڕم

خۆریش نیم، بە باڵە مەلە، بە ڕۆژدا ئاسمان تەى بکەم..               (وەرە خوارآ..ئەى خواکەى غەریبان..زریان)

زمان لێرەدا شتێکى تر بەرهەم دەهێنێت، عەشقێک کەمەندکێشى وەرگر دەکات، وشە پەیوەندییەکى پیرۆز لەگەلڕ وشەدا پەیدا دەکات، وشە لەبەر وشەى تر دێتە ناو ڕستەى شیعرییەوە، وشەکانیش بە سروشتى خۆیان شیعریى نین، بەڵکو تەوزیفى شیعریى شیعرییەتیان پێدەبەخشآ، یانى وشە شیعرییەتەکەى بەدى نایەت تەنها لەو سیاقەدا نەبآ کە دەکەوێتە ناوییەوە. یاخود با ئەمە بە جۆرێکى تر دەربڕین، شیعرییەتەکەى ئەو کاتە بەدى دێت کە وشەکان پەیوەندى نوآ بەدى دەهێنن و سیاقێکى جیاواز بەرقەرار دەکەن. ئەو وێنانەى کە بە چەمکى بەراووردکردنیش لێرەدا دروست کراون، لە بەیەکداچوونى ڕەهەندە مرۆییەکانەوە بەرهەم هاتوون، ڕەهەندى سروشتیى، یانى خودیى و ڕەهەندى گەردوونیى، یانى بابەتیى بە دەربڕینى"دکتۆرە خالیدە سەعید"و خود شەقڵى پێبەخشیوون، خود کۆکەرەوەى کۆمەڵێک دەقە کە لە جیهانەوە وەریان دەگرآ، جیهانیش پڕاوپڕە لەو دەقانە و هەوڵى هەڵگێڕانەوەى مانا و ناوەڕۆکەکانى دەدات و هەروەها لە دەلالەتەکانى خۆیشیان بەتاڵیان دەکاتەوە بۆ ئەوەى بە ڕەهەندەکانى ئەزموونەکەى خۆى و دنیابینیى خۆى بۆ گەردوون و ژیان و بوون بارگاوییان بکات. ئەم دەقە ئاوێنەیەکە نەخشەى دەروونیى تاکى پاش نسکۆى"هەزار و نۆسەد و حەفتا و پێنجى" ئێمە پیشان دەدات کە چۆن هەستى خۆى لە کاریگەرییەکانى ئەو کۆستە گەورەیە خاڵى دەکاتەوە و بە وزەیەکى باڵاى ترەوە بارگاوى دەکات.

چۆن کپ ئەبم؟!

سەرم پێشانگاى مردنە و تابلۆکانى هەموو ڕەشن،

سوورن، ئاڵن، خۆڵەمێشین..

سەرم ژوورێکى چوار گۆشەى یەک پآ ییە

تۆى تیا دیلى، سەرت بەسەر ئەژنۆکانتا شۆڕبۆتەوە..                  (وەرە خوارآ..ئەى خواکەى غەریبان..زریان)

بەپێى"جان کۆهین"یەکێک لە خەسڵەتە جەوهەرییەکانى شیعرییەتى دەق ناڕوونیى و تەمومژاوى بوونێتى، ئەمەیش  لەم دەقەى"ئەنوەر"دا لەوەوە دێت کە"ئەنوەر"زمانى ئاماژە بەکار دەهێنآ و شێوازى ناڕاستەوخۆ لە دەربڕین بەکار دەبات و چڵەپۆپەى دەربڕینیش لە شیعردا، هەروەکو ئەوەى"دکتۆرەخالیدەسەعید"دەڵێت، دەربڕینى ناڕاستەوخۆیە.

دوێنآ ڕووبارى گریانى دایکم

تەمى ئاسۆى ئەشۆردەوە و بەهەڵەداوان ئەیپرسى

کوانآ بەندەرى پێکەنین؟!

یان:

بمکە بە سەر، بمکە بە بالڕ

بۆ مەلى سەر و بالڕ کراو

بمکە تابلۆى ئاگرینى بەر هەتاوى"گۆیا"کردە و

بە پەنجەى ئەو ڕەنگەکانم ئاوێتەکە و

با هەژاران لەناو ژوورى دەروونیانا هەڵمواسن

چۆن کپ ئەبم؟!                                                         (وەرە خوارآ..ئەى خواکەى غەریبان..زریان)

ئێمە بۆیە لەم زمانە حاڵى دەبین چونکە هەر تەنها ئێسک و پرووسک نییە، بەڵکو خوێن و گۆشتیشە، تەنها قاڵب نییە، بەڵکو ڕۆحیشە، هەوڵێکى جیددیشە بۆ تێگەیشتنى جیهان، کە لەڕاستییدا ڕۆڵێکى گەورە و گرنگى بینیووە لە خوڵقاندنى دنیاى شاعیر خۆى وەکو"عەبدولوەهاب بەیاتى" لە شوێنێکدا دەڵآ و شەقڵیش بە کاتێکى دیاریکراو دەبەخشآ و چارەسەرى کۆستێکى بێپایان دەکات. لەم تابلۆ ئێستێتیکییەدا هەموو دەربڕینێکى هونەرییانە جووڵانەوەى پشێوییەکە لە نێوان هەنووکە و یادەوەریى، لە نێوان تازە و کۆن و یەکانگیربوون و یەکبوونى بابەت، میزاج و بارى دەروونیى و دنیابینییەکى جیاواز و زمان، کە زمان ملکەچى سروشتى ئەم دنیابینییە جیاوازەیە، وەکو ئەوەى"دکتۆر عیززەدین ئیسماعیل"بۆى چووە، لەناو یەک بۆتەدا و لێکدابڕینى یەکگرتووەکان و کۆکردنەوەى لێکدوورەکان بەپێى"تۆدۆرۆڤ" فەزایەکى جیاوازیان بۆ دەق دروست کردووە و کارێکى داهێنەرانەى بەهاداریان خوڵقاندووە، چونکە بونیادى چامەکە، یاخود یەکێتییە بابەتییانەکەى بریتییە لەو داوەدەزووەى وێنەکان و دەربڕینەکان ڕێکدەخات پێبەپێى گوتەى "دکتۆرە خالیدە سەعید" و چنینێکى زیندووانەى نەشونماکەرى پێدەبەخشآ.

ئەگەرچى چامەى(وەرە خوارآ..ئەى خواکەى غەریبان...) وەکو گوتمان مۆنۆڵۆگێکى قووڵە، مۆنۆڵۆگیش وەکو دەزانین لەگەلڕ خۆدایە، بەڵام ئەم خۆیە خۆیەکى دەستەجەمعییە و بە کەڵکەڵەى میللەتێک بارگاوییە و دایەڵۆگێکى لەگەلڕ دنیاکەى بەرقەرار کردووە و ئەمەیش ئامادەگییەکى  هونەریى پێبەخشیووە. وەکو ئاماژەمان پێدا ئەم خۆیە ڕەهەندێکى گشتیى وەرگرتووە و لەو ناپاکییەى بابەت لەگەلڕ خوددا کردوویەتى سەرچاوەى گرتووە و سەرەنجامى کاریگەریى ئەو دۆخە ناهەموارە مێژوویییەیە کە دەستەویەخەى ڕەهەندە ناوەکییە تەنیاکەى- ڕەهەندە دەروونییەکەى- ئەو بۆتەوە و هەوڵدەدات لە ڕێگاى ئەم مۆنۆڵۆگەوە گرێکانى بکاتەوە.       

گەر شێت نەبم من لە کوآ و دەس لە ملى وڵات کردن لە کوآ؟!

گەر شێت نەبم من لە کوآ و هەڵمژینى هەڵاڵەى لێوى

"کابوول"ى یار لە کوآ؟!

من نامەوآ لە وڵاتى غەریبیدا سەرى تاسەم بنێمەوە

من دلڕ..دڵم لە بۆتەى لەشما غەریبە

ئەى خواکەى غەریبان تۆ!

لە کەلکەى هەورى ئاڵەوە بە پێى پەتى

کەى دێیت و کەى تۆ پەیامآ بۆ مە دێنى و

کەى بە هەموو جیهان ئەڵێى:

ئا ئەمانە جگەر گۆشەى بآ ناز کەوتووى زەوى منن؟!                 (وەرە خوارآ..ئەى خواکەى غەریبان..زریان)

"هێنرى جەیمس"دەڵێت: قووڵترین کواڵیتى کارێکى هونەریى هەمیشە کواڵیتى هزر بەرهەم هێنەکەیەتى، یانى ڕەنگە شیعر هزر پێشکەش بکات - وەکو لێرەدا لەم شیعرە و لە چەندین شیعرى تریشیدا - ئەویش بە بەرجەستە کردنى ئەم هزرە لەناو ڕێکخستنى وشەکاندا. بەڵام بەهاى شیعرێک وەکو شیعر تەنها بریتى نییە لە گرنگیى ئەو هزرەى دەرى دەبڕێت، چونکە ئەگەر وابێت ئەوا شیعرەکە پاش ئەوەى ئەو هزرە دەقۆزرێتەوە کە پێشکەشى دەکات ئیتر وەلا دەخرێت، ئەمە نزیکە لە قسەیەکى"ماڵکۆڵم بەدد"ەوە و ماناى ئەوەیە شیعر لەپێناوى یەک ڕەهەند، یاخود یەک لایەنى دیاریکراوى ناخوێنرێتەوە، بەڵکو خاوەنى ڕەهەندى دیکەشە، کە پێویستە بۆ وەرگر، چونکە خوێندنەوە هونەرە، هونەرى چوونە ناو دنیاى دەق و پەى بردنە بە شاراوەکانى  ناوى و ئەوەی گرنگیشە تیایدا ئەو ئەزموونە خەیاڵییەیە کە لە کاتى خوێندنەوەیدا تاقیدەکرێتەوە و لەتەکیدا ژیان دەکرێت، نەک هەر تەنها ئەو هزرانەى بە وشە دەریاندەبڕآ، ئەمەیش ڕووانینە چامە وەکو گشتێک دەگەیەنآ نەک کەمکردنەوەى ڕەهەندێک لە ڕەهەندەکانى.

ئەبم بە سوارەى گەردەلوول لە هەموو لووتکە و یاڵێکتا

    ئەچریکێنم

ئەبم بە کاروانى هەور و لە کۆچەکەى هات و نەهات

گوڵى باران و پێکەنین بۆ سەر لێو و کەزیى زەردى

"زین"ئەهێنم..

بەچى..بە چیم ئەکەى بمکە و مەبەرە درەختى پایز و

بە خەمباریى تێم مەڕوانە

گەر گەڵاکانت وەریون..دەها ئەوە شیعرەکانم!

ئەگەر زەویت دەس ناکەوآ

ڕەگ و ڕیشەى توند و تۆلڕ تر تیا داکوتى

پەنا بۆ قووڵایى دڵم بێنە..

بە چیم ئەکەى بمکە و مەگرى..                                        (وەرە خوارآ..ئەى خواکەى غەریبان..زریان)

سەرەنجام خوێندنەوەى ئەم چامەیە گەشتێکى سەیرە، گەشتێکى تەمومژاوییە نەک بەناو ئاستە ڕووکەشەکەیدا، بەڵکو بەناو ئاستە قووڵەکەیدا، چونکە وەک دیارە گەشتێک نییە بەناو وەسف و ڕاستەوخۆییدا، بە پێچەوانەوە ڕۆچوونە بەناو قووڵاییە ئەفسووناویى و سەیر و سەمەرەکانى دەقدا - دەق کە بریتییە لە  جەستە و ڕۆح - ڕەنگە جەستە لەم گەشتەدا ئەوەندە ماندووکەر نەبێت، بەڵام ڕۆح، بێگومان بە ئاسانى دەستەمۆ ناکرێت، لەبەر ئەوەى وەکو جەستە ماددیى و فیزیکیى و بەرهەست نییە، بەڵکو بوونێکى میتافیزیکییانەیە، بوونێکى مەعنەوییانەیە و دنیایەکى پڕ تەمومژ و ئەبستراکتئامێزە و پێویستە دید و زەین و هۆش و هەستەکان گەڕانى تێدا بکەن و بیپشکنن و شەقلڕ بە دەلالەتە قووڵەکانى ببەخشن.

چۆن کپ ئەبم؟!

"بەمۆ"ئەگرمە کۆلڕ و"سیروان"لە چاوما هەڵئەگرم

لە لیتە و هەڕگى مێژوودا دێم و دەچم

گۆرانى بۆ ڕووبارێکى کەنار ون ئەڵێم..                                (وەرە خوارآ..ئەى خواکەى غەریبان..زریان)

ئیتر لێرە بەدواوە جووڵەکانى چامەکە دەست بە خاوبوونەوە دەکەن و دوا جووڵە دەبێتە جووڵەیەکى بازنەیى، بەواتا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا کە کۆتایى شیعرەکەشە، هەم بۆ ئەوەى جەختێک بێت لەسەر هەڵوێستى گشتیى دەقەکە و بەردەوامبوونى ئەو هەڵوێستە و هەم بۆ ئەوەى بەرکەماڵییەکیش بخوڵقێنآ.

(15)

لەڕاستییدا ئەگەر چامە خاوەنى دنیابینیى و بینۆگەیەکى تازە و جیاواز بێت، ئەوا بێجگە لە فۆرمێکى جیاواز ئاسۆى چاوەڕوانییەکى تازە و جیاوازیش بەرهەم دەهێنآ و مەرجیش نییە لەگەلڕ ئاسۆى چاوەڕوانیى هەموو خوێنەرێک بگونجآ، یان یەکبگرێتەوە. دیاریشە، نەک هەر ئەم چەند دەقەى کە نەختێک بە دوورودرێژى هەڵوێستەمان لەسەر کردن، بەڵکو دەکرآ قسەى زۆرى تریش لەبارەى بەرهەم هێنانێکى جیاوازى شیعرییەت لە هەندآ دەقى تریشیدا بکرێت، کە ئاستى هونەریى و شیعرییان هیچ لەمانە کەمتر نین، بۆ نموونە: زریان، نوقڵانەى خۆشەویستیى و باران، ئاى تاتیاناى شەنگ، بمدەرە دەس سەرما و سۆڵە و هى تریش. دیارە لەدواى"زریان"یشەوە ئەگەرچى بونیادى فۆرمییانەى دەقەکانى سادەتر دەبنەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنآ کە شیعر لەلاى"ئەنوەر"دا سەرەولێژ بۆتەوە، بەڵکو تەنها یەک ماناى هەیە ئەویش ئەوەیە بونیادى قوولڕ و مەعنەوییانەى دەقەکانى قووڵتر بوونەتەوە و پتر سەرقاڵى مانا بووە و جگە لەوە بە نەفەسێکى سۆفیی مەشرەبانەشەوە ئیشى تێدا کردوون.   

شیعر، وەکو"مایا ئانجیلۆ"دەڵێت، دەتوانآ پێمان بڵآ مرۆڤەکان چین..ئەم دەستەواژەیەیش پڕ بە پێستى بەرهەمە کانى"ئەنوەر قادر محەمەد"ە، بێگومان ئەو لە ڕێگاى دەقەکانییەوە پێمان دەڵآ ئێمە چین و پێبەپێى ئەمەیش هەڵگرى ناسنامەن، هەستى مرۆڤبوونمان پێدەبەخشن، چونکە لە بۆشاییەوە نەهاتوون، بەڵکو لە کۆمەڵێک هەست و سۆز و هەڵچوونى مرۆیى هاوبەشەوە هەڵقووڵاون، یانى لە خودى بوون خۆیەوە هاتوون و بۆ بوونیش نووسراون و دواى ئەم گەشتە دوورودرێژەیش کە کۆمەکى کردین لە چەمکێکى پڕ بایەخى دیکەى شیعر زیاتر حاڵى بین و بە تێگەیشتنیش لێى ببینە خاوەنى مەعریفەیەکى دەوڵەمەندتر و ئەگەر(هەموو کارێکیش لەلایەن خوێنەرێکەوە بنووسرێتەوە) هەروەکوئەوەى"تۆدۆرۆڤ"دەڵێت، ئەوا هەوڵى نووسینەوە، یان باشترە بڵێین خوێندنەوەى ئەم ئەزموونە ئامانجى سەرەکیى تەنها ئەوە بوو لە کواڵیتى شیعرییەتەکەى وردببێتەوە و پێبەپێى گۆشەنیگا و دیدێکى هونەرییانە بەهاى ئێستێتیکیى و هونەرییانەى ئەزموونەکەى کەشفبکات و بە شێوە هونەرییانەکەى سکێچى بکات. وەکو پێشتریش ئاماژەمان دایآ بەناو گوتارى شیعرەکاندا شۆڕنەبووینەوە، چونکە مەبەستمان بەرباسدانى چەمکى شیعرییەت بوو، شیعرییەتیش پەیوەندى بە دەق و بونیادەوە هەیە، شیعرییەتى دەقیش چەمکێکى ترە لە میانەى زمانەوە سەرنجى دەدرێت و دەشآ یەکەمین بەهاى دەقیش شیعرییەتەکەى بێت.

ئەگەرچیش"ئەنوەر"لە شوێنێکى یادەوەرییە شیعرییەکەیدا دەڵێت: مەرج نییە شاعیر بە یەک نەفەس بتوانآ شیعر لە دواى شیعر بەرەو پێشەوە بڕوا..ئێمەیش هاوڕاین لەگەڵیدا و ئەوەیش دەزانین کە بەدیهێنانى شیعرییەت کارێکى ئەوتۆ نییە کە شاعیر لە توانایدا بێت لە هەموو کۆنتێکستێکى زمانەوانییانەدا بیهێنێتەدى، بۆیە تەنها ئاووڕمان لەو چەند دەقە دیارانەى ئەزموونەکەى دایەوە، بەو ئومێدەى بآ لایەنانە و بابەتییانە توانیبێتمان ڕووناکیى شایان بە داهێنانەکانى ببەخشین و تۆز و گەردى زەمەنێکى بآ مروەت و دڵڕەق لەسەر ئەزموونە بێڕادە گرنگەکەى تەکاندبێت و لە تێفکرین و سەرنجەکاندا شوێنى شایستەى خۆیمان پێدابآ و کۆى ئەم نووسینە مانایەکى جیاوازى بە کارە بەرجەستەکانى بەخشیبآ کە جودا بێت لەو مانایەى پێشتر ئەزموونەکەى لە ڕوانگەى خوێنەرەکانییەوە بێگومان خاوەنى بووە. دیارە ئەم بەسەر کردنەوەیەیش لەبەر ئەوەیە تێکستەکانى ئەو شیعرییەتێکى جیاواز تیایاندا هاتۆتە ئاراوە و دینامیکییەتێکى بەردەوام و قوولڕ هاوشانیانە و لە هەڵبژاردن و جەخت کردنە سەر لایەنى شیعرییەتیش مەبەستمان ئەوە نەبوو بیسەلمێنین"ئەنوەر قادر محەمەد"هەر بە تەنها لە زمان ئیشى کردووە، بەڵکو ئەم لایەنەمان تەنها لەبەر ئەوە هەڵبژارد تاکو چەمکى شیعرییەت لە میانەى ئاووڕدانەوە لە دەقى شیعرەکانى ئەو ڕوون بکەینەوە، چونکە پێشمەرجییەکانى ئەم تیۆرییە بە تەواویى لەگەلڕ بەشێک لە ئەزموونى نووسینى ئەودا یەکدێتەوە و تیایدا ڕێگایەک بۆ پراکتیزەکردنى خۆى دەدۆزێتەوە. ئەوەى ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندتریش دەکات کەڵەکەیەکە لە یادەوەرییەکى زیندوو و مەعریفەیەکى بەربڵاو و بەئاگاییەکى ورد لەبارەى کەلەپوورى خود و ئەوى تر و ویژدانێکى ئینسانییانەى ڕۆشن و ئەمانەیش هەمیشە لە دەقدا دەوڵەمەندیی و چڕوپڕییەک بە مانا دەبەخشن و ئەزموون بەپیت تر و چوست و چالاکتر دەکەن و سەرئاسایى بە بەهاى هونەریى کارە داهێنراوەکان دەدەن. "ئەنوەر"کۆڵۆمبسى شیعرى جیاوازى کوردییە، ئەو ئەتمۆسفیرێکى تازە و جیاکارى هێناوەتە کایەى شیعرەوە و شەقڵێکى نوێیشى بە زمانى دەق بەخشیووە، بە مانایەکى تر، کیشوەرێکى دیکەى لە دنیاى شیعرى ئێمە دۆزیووەتەوە و وەک پڕۆمیسیۆسێک ئاگرى شیعرێکى جیاواز، شێوازێکى ترى نووسینى بۆ هێناوین، تاکو وشەکانى، "نیتشە"گوتەنى، نامەئلووف بکەنە مەئلووف و مەئلووفیش بکەنە نامەئلووف، زمانیش بە وزەیەکى تر داگیرسێنآ بۆ ئەوەى ڕێگایەک ڕووناک بکاتەوە کە زۆربە ڕەنگە بە هات و نەهات لە قەڵەمیان دابآ و یارایان نەبووبێت پیایدا بگوزەرێن و بگەن بەو شتە  نائاساییانەى کە دەبوو دەربڕینى بۆ ئەنجام بدەن و لەڕاستییشدا بیکەن بە بابەتى سەرەکى داهێنانەکانیان. بەڵآ..ئەو پڕۆمیسیۆسێک بوو، هەوڵیدا سەرتاپاى تێگەیشتنى شیعرییمان بگۆڕآ و لە هەوڵەکەشیدا سەرکەتوو بوو، وایشى لێکردین چێژ لە هونەر وەرگرتنیشمان بگۆڕآ و ئەو تاریکاییەشى بۆ ڕۆشن کردینەوە کە دنیاى  شیعر و چێژ و زەوقە هونەرییەکەمانى ئابڵووقە دابوو.

ئێستا ئیتر تەنها ئەوە ماوەتەوە بڵێین هەوڵماندا ڕەهەندە شیعرییەکانى هەندآ لە دەقەکانى"ئەنوەر"کەشفبکەین و تیشکیش بخەینە سەر ئەزموونە هونەرییەکەى، بەڵام چامەکانى سەربارى تێهەڵکێش کردنى ڕەهەندە خودیى و کۆمەڵایەتى و گەردوونییەکان و گۆڕینى دەلالەتەکانى خود بۆ دەلالەتە بابەتییەکان، کەچى هێشتا هەر پەزڵێکن، هێشتا هەر بریتین لە چەندین پارچە و پەیوەندى نێوان ئەو پارچانە یەکێتى ئۆرگانى ناو دەق پێکدەهێنن. بۆ گەیشتن بەجوانیى و جەوهەرى داهێنان و ئەزموونە پێکهێنەرەکەشى پێویستە ئەو پارچانە  لە جێگاى دیاریکراوى خۆیان دابنێین و کۆنتێکستێکى هونەرییانە بە دەقێک ببەخشین و لەبەر چاوى خۆماندا بەرجەستەى بکەین کە هەموو ئەو شتانەى تێدا بێت کە ئێمە لە دەقدا بەدوایاندا دەگەڕێین، یاخود بۆ ئەوەى ئەو شتە بدۆزینەوە کە لە دەقدایە، نەک ئەو شتەى ئێمە چاوەڕوان بووین تیایدا بیدۆزینەوە، هەروەکو ئەوەى"سى. ئێچ. سییوون"دەڵێت. لەڕاستییشدا ئەوەى لە بارتەقاى ئەم نووسینەدا پەییمان پآ برد و دۆزیمانەوە کیمیاگەرێک بوو هەوڵى ئەوەى دەدا کەرەستەیەکى خاو بکات بە شتێکى تر، بیکات بە کەرەستەیەکى تر کە بەهایەکى باڵاترى بۆ وەرگر و شاعیرانیش هەبێت، چونکە شاعیرى ڕاستەقینە وەکو چرا کار دەکات و ڕووناکیى بە جیهان دەبەخشآ، وەکو ئەوەى"گرەیهام ئالێن"دەڵێت، وەکو ئاوێنەیش ڕەنگدەرەوەى ئەو ڕووناکییەیە کە لە بووندایە، هەر ڕەنگە لەبەر ئەوەش بآ کە "مایکلڕ شمیدت"دەڵێت: هەموو شاعیرێک دەستێکى لە گیرفانى شاعیرێکى تردایە - ئەگەرچیش"ئەنوەر"لە یادەوەرییە ناوبراوەکەى خۆیدا ئاماژە بە کاریگەریى"مەولەوى" لەسەر ئەزموونى خۆى دەدات - سەربارى ئەوەیش ئێمە دەستى ئەومان لە گیرفانى هیچ شاعیرێکدا نەبینى و هەستمان پێى نەکرد، بەڵام بەڵگەنەویستە کە لە دەمێکەوە دەستى شاعیرانێکى زۆرى هاوسەردەمى خۆى و دواى خۆیشى لە گیرفانى ئەودا گیریان خواردووە..و بە پێچەوانەى ئەو وتە بەناوبانگەیش کە"تۆماس هاردى"لە شوێنێکدا دەیکات و دەڵێت: جیهان قێزى لێمان نایەتەوە ، بەڵکو تەنها پشتگوێمان دەخات..و بەگوێرەى ئەم وێستە دوورودرێژەیش بێت - ئەگەرچى زۆر درەنگیش کەوتووە - کەچى سەرباریش دەکرآ پەى بە دەلالەتى ئەوە بەرین کە نە دنیا هەرگیز بەرانبەر بە شاعیرێکى داهێنەر قێز پەروەردە دەکات کە باڵا شیعرییەکەى"ئەنوەر قادر محەمەد"ى هەبێت و نەیش هەرگیز تێپەڕاندنێکى ئەوەندە شیعرییانەتر تیایدا بەرجەستە دەبێت تاوەکو پێویستى بەم جۆرە داهێنانە نەبێت و پشتگوێى بخات.

ئاب - تشرینى دووەمى2018: هەولێر- لەندەن  

*سەرچاوەکان:

1-عەبدوڵڵا پەشێو - نامەیەکى کراوە - پاشکۆى عێراق - ژمارە(25) مارت و نیسانى  1979

2- بڵاوکراوەى گۆڤارى شیعر -  ژمارە 6.

3- ئەنوەر قادر محەمەد - دڵێکى واڵا و نامەیەکى تریش - پاشکۆى عێراق - ژمارە(30) ئەیلوولى  1979.

4- ئەنوەر قادر محەمەد - کورتەیەک لە ئەزموونى شیعرى و نووسین - گۆڤارى باران - ژمارە(2) ساڵى یەکەم ئەیلوول  2016.

5- د. محەمەد کەمال - هایدیگەر و شۆڕشێکى فەلسەفى - دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم - چاپى یەکەم - سلێمانى 2007.

6- بابەک ئەحمەدى - ئەفراندن و ئازادى - وەرگێڕانى: مەسعوود بابایى - دەزگاى توێژینەوە و بڵاوکردنەوەى موکریانى - بەرگى دووەم - چاپى یەکەم - هەولێر 2010.

7- ئەنوەر قادر محەمەد – زریان -  زایەڵە – زنار - بەڕێوبەرێتى گشتیى چاپ و بڵاوکردنەوە -  سلێمانى  2004.

8- الانجیل الشریف - یوحنا - دار الکتاب الشریف - بیروت -  لبنان 2008.

9- د. محمد ندیم خشفە - تڕێیل النێ-  المنهج البنیوى لدى لوسیان غولدمان - مرکز الانماْ  الحچارى - الگبعە الاولى - حلب 1997.

10- د. کمال ڕبو دیب - فى الشعریە - موْ  سسە الابحاپ العربیە ش.م.م - الگبعە الاولى - بیروت 1987.

11- تزفیگان گودوروف - ڕلادب فى خگر - ترجمە: عبدالکریم الشرقاوى - دار توبقال للنشر - الگبعە ڕلاولى  2007.

12- د.کمال ڕبو دیب - جدلیە الخفاْ  و التجلى - دراسات بنیویە فى الشعر - دار العلم للملایین- الگبعە الپالپە - بیروت  1984.

13- د. خالدە سعید - حرکیە الابداع -  دراسات فى ڕلادب العربى الحدیپ - دار الفکر للگباعە والنشر و التوزیع - الگبعە الپالپە -  بیروت  1986.   

14-  د. فاتح علاڤ - مفهوم الشعر عند رواد الشعر العربى الحر - دار التنویر للنشر و التوزیع - الگبعە الاولى - الجزائر 2010.

15- د. عێام واێل - فى تحلیل الخگاب الشعرى - دراسات سیمیائیە - دار التنویر للنشر والتوزیع - الگبعە الاولى - الجزائر 2013.

16- تزفیگان گودوروف - الشعریە - ترجمە: شکرى المبخوت و رجاْ  بن سلامە - دار توبقال للنشر - الدار البیچاْ  – الگبعە الپانیە 1990.

17- د. کریم حسن اللامى - شعریە الماْ  فى مجموعە - یغیر ڕلوانە البحر ل(نازک الملائکە) - الموسوعە الپقافیە - العدد 161 - الگبعە الاولى – بغداد  2017.  

18- عبدلکریم عباس الزبیدى - فى الخگاب النقدى العراقى - شعر الرواد ڕنموژجا - سلسلە نقد - الگبعە الاولى - بغداد  2017.

19- عبدلوهاب البیاتى - تجربتى الشعریە - دیوان البیاتى - الجلد الپانى - الگبعە الپالپە - دار العودە –  بیروت  1979.

20- د. بشیر تاوریریت - الشعریە و الحداپە - بین ڕفق النقد ڕلادبى و ڕفق النڤریە الشعریە - دار رسلان للگباعە والنشر والتوزیع - دمشق 2010.

21- بختى بن عودە - ڤاهرە الکتابە فى النقد الجدید - مقاربە تڕویلیە - قدم لە و راجعە: د. عبدالقادر فیدوح - ێفحات للنشر و التوزیع - الگبعە الاولى - سوریە - دمشق 2013.

22- سرکون بولێ - الهاجس ڕلاقوى - عن الشعر و الحیاە - منشورات الجمل - الگبعە الاولى – بغداد – بیروت  2018.

23- حاتم الێکر - ترویچ النێ - دراسە للتحلیل النێى فى النقد المعاێر - اجراْ  ات.. و منهجیات - الهیئە المێریە العامە للکتاب - 1998.

24- Rainer Maria Rilke- Letters to A Young Poet- Translation by: M.D.Herter Norton- Norton&Company- NewYork-London- Revised Edition 1993.                             

25-        The Dedalus Book of Decadence( Moral Ruins)- Edited by: Brain Stableford-   Dedalus- UK- 1990                                                                                                                      

26-           Michael Tanner- NIETZSCHE- A Very Short Introduction- Oxford University   Press- Oxford- 2000                                                                                                                    

27- Imagist Poetry- Introduced and edited by: Peter Jones- Penguin Books- London- 2001                                                                                                                                                

28- Malcolm Budd- Values of ART- PICTURES، POETRY، And MUSIC- Penguin Books- London- 1995                                                                                                                                

29- Michael Schmidt- Lives of The Poets- Phoenix- London- 1999                                      

30-           Approaching Literature- Romantic Writtings- Edited by: Stephen Bygrave- Routledge- Taylor& Francis Group- In Association With Open University- London-      2009                                                                                                                                                

31- Timothy Mathews- Reading Apollinaire- Theories of Poetic Language-                   Manchester University Press- 1987                                                                                          

32- T.S.ELIOt- The Waste Land- A Selection of Critical Essays- Edited by: C.B.Cox        And Arnold P. Hinchliffe- MacMillan- London- Tenth Reprint- 1991      

33-       BEING HUMAN-The Companion Anthology to Staying Alive and Being Alive-