شرۆڤە

رۆمان چییە (١٠)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

سکانسی دەستپێک داڵانی هاتنەژوورەوە و سەرەکیی تێکستە و، هەم نووسەرەکان و هەم لێکۆڵەرەکان سەرقاڵی ئەوەن چلۆن رۆماننووسان لە رستە یاخود پەرەگرافی یەکەمدا جیهانی رۆمانەکەی خۆیانمان بەڕوودا دەکەنەوە. سەرەتای رۆمان بێگومان لە پێوەندێکی نەپساوەدایە لەگەڵ کۆتاییەکەی؛ زۆر نموونە هەن پیشانیدەدەن چلۆن پلۆت و دنەدەرەکان لەسەرەتاوە تا کۆتایی دەگۆڕدرێن.

 

 

پاژی دوو

 

کەل و پەلی ناو ماڵی رۆمان: کەسەکان و پلۆت (نەقشە)

 

وەک لە پاژی پێشوودا بینیمان پرسی سەرەتای رۆمان تێمای گفتوگویەکی بەردەوامە، بەڵام بۆ زۆربەی خۆێنەران ئەم پرسیارانە گرنگی زیاتریان هەیە کە: رۆمان باسی چیدەکا، چۆن باسی دەکا و تێیدا بەتووش چ کەس و چ چیرۆکێکەوە دەبین؟ لەم پاژەدا من دەمەوێ باس لەو شێوازە جۆراوجۆرانە بکەم رۆمانیان لەسەر چێدەکرێ، هەروەها باس لەوەی چلۆن مرۆڤ و کردەکانی لەم ژانرەدا ژیانیان بەبەردا دەکرێ.

 

دەستپێکەکان

با بچینەسەر دەستپێکێکی تر، نەک مێژووی ئەدەب لە سەردەمانی زووەوە، یاخود پرسی جێی مشت و مڕی لەدایکبوونی رۆمان، بەڵام شێوازی خودی رۆمان بۆ بردنی ئێمە بۆ ناو دونیای تایبەتی خۆی. بەکورتی، با لەم پاژەدا سەیری دەستپێکی هەندێ رۆمان بکەین کە خاوەن هێزی گەورەی ئانترۆپۆلۆژین. بۆ وێنە وشە سەرەتاییەکان لە رۆمانی ئاننا کارەنینادا چین؟ بەڵێ، ئەم رۆمانە بەم رستە فەرامۆشنەکراوەوە دەستپێدەکا: "هەموو بنەماڵە بەختەوەرەکان لەیەکدەچن، هەموو بنەماڵە نابەختەوەرەکانیش هەر کامەیان بەشێوەی خۆیان نابەختەوەرن."٢٩ لەم وشانەدا دونیایەکی تەواو هەیە و رۆمانەکە لە راستیدا لە دەستپێکی خۆیدا فۆڕمێک بۆ فەلسەفەی ژیان بەشێوەیەکی چڕ دەنوێنێتەوە. لێرەدا ئێمە بە بیرکردنەوەی زیاتر لەوە تێدەگەین بۆچی ئەم بنەماڵە نابەختەوەرە لە رۆمانەکەدا زیاتر لە بنەماڵە بەختەوەرەکان لەیاددا دەمێنێتەوە. نموونەیەکی تر کە بەسەرهاتێک لە رستەی یەکەمی خۆیدا لەڕێگای گرێدانی چیرۆکێکی گشتی بە چیرۆکێکی تاکەوە چڕدەکاتەوە، وشە دەستپێکەکانی 'دیکنێز'ە لە رۆمانی 'دوو شار'دا (١٨٥٩): "باشترینی کاتەکان بوون، خراپترینی..." یان ئەم رستەیەی 'پرۆست' کە لەگەڵیا ئاشناین "لەمێژبوو زوو دەچوومە ناو جێگاکەمەوە"؛ کە تێیدا یادەوەرییەکانی مرۆڤێک لە کاتی شەواندا لە رستەیەکدا چڕدەکرێنەوە، لە رستەکەی دیکنێزیشدا ئێمە دەستبەجێ لەو هاودژییە تێدەگەین وشەکان پێشکەشی دەکەن و تێیدا خێراییەکە جۆرێکی ترە: یەکیان چالاک و دەرەوەگەرا و ئەوی تریان هێواش و دەروونگەرا. ئەی لەگەڵ ئەم نموونەیە چی: "دایکم ئەمڕۆ مرد. یان رەنگە دوێکە بوو، بەجوانی نازانم." لیرەدا ئێمە کەسی یەکەمی گێڕەرەوەمان هەیە کە بیری شتێک دەکاتەوە بەڵام تۆنی دەنگی لەچاو پرۆست جۆرێکی ترە. لێرەدا لەیەکەم رستەدا بەتووش مردنەوە دەبین، بەڵام لە فۆڕمێکدا باسی دەکرێ کە دوودڵی یاخود بێخەیاڵی دەنوێنێتەوە و ئەمە ئێمە تووش سەرسوڕمان دەکا (ئەم رستەیە لە کتێبی 'بێگانە'ی (١٩٤٢) 'کامۆ'وەیە.) هەروەها لە کتێبی 'لەخۆباییبوون و دەمارگرژی'ی (١٨١٣) جەین ئۆستێن ئەم وشانە دەبینین: "ئەمە راستییەکی گشتیی ناسراوە کە گەنجێکی جوانی دەوڵەمەند بەناچار پێویستی بە ژنێکی جوانیشە." کاتێک ئێمە لە خوێندن بەردەوام دەبین باشتر لەو وشە جوانانە تێدەگەین وا هەڵگری ئیرونین (تەنز ـ وەرگێڕی کوردی): زۆربەی خەڵک زۆر گەمژەن و بەتایبەت ئەمە لە رووانینیاندا بۆ هاوسەریەتی خۆی نیشاندەدا و زیرەکترین خوێنەریش ئەو کەسەیە کە باوەڕی بەم باوەڕە گشتیانە نەبێ. ناڕوونی بەتایبەت لەم وشە دەستپێکانەدا خۆی دەردەخا کە تەواو جیاوازن: "دەبێ کەسێک بۆ 'جۆزێف ک.'ی تێچاندبێ، چونکە بەیانییەک گیرا بە بێ ئەوەی شتێکی کردبێ." بەم شێوەیە کتێبی 'رەوت'ی (١٩٢٥) کافکا دەستپێدەکا. کاتێک ئێمە لەسەر دەستپێکی رۆمانە بەناوبانگەکان دەدوێین ناکرێ باسی رۆمانی 'برسیەتی' (١٨٩٠) 'هامسۆن' نەکەین کە ئاوا دەست پیدەکا: "لەو سەردەمەدابوو من بە برسیەتی لە کریستیانیا بە برسیەتی دەسوڕامەوە، ئەو شارە سەیرەی کەس جێی ناهێڵێ پێش ئەوەی شارەکە هەستی پێنەکردبێ... " دوواتر گێڕەرەوە لە زەمەنی ئێستادا بەردەوام دەبێ وەک بڵێی چیرۆکەکە لەو کاتەدا روودەدات وا دەینووسێ هەتا دوواڕستە کاتێک شارەکە جێدێڵێ. ئەم دەستپێکە کە بەشێوەیەکی چڕ گرێدراوە بە ئەزموونەکانی کەسەکەوە بەتەواوی جیاوازە لە دەستپێکی رۆمانێکی بەناوبانگی تری نۆروێژی کە دەڵێ: "هیچ شتێک بەقەدەر دەریا شوێندار نیە، هیچ شتێک ئەوەندە بە سەبرنیە." ئەمە لە کتێبی Garman & Worseی (١٨٨٠)'شێللاند'دا هاتووە. یاخود: "لە دەرەوە، لە رۆژئاوا، دەریا خۆی بە کەنارێکی زیخیندا بە ئارامی دەکوتێ کە حەوت مایل درێژە." لە رۆمانی 'ئاشتی'ی (١٨٩٢) 'گاربۆرگز'. دەریا لە هەر دووکی ئەم رۆمانانەدا شەپۆلاندەدا لە دەریای باکوورەوە بەرەو 'یەرن' و مرۆڤەکان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

ڤیرجینیا وۆڵف بە وەها شێوەیەکەوە دەست پێناکا، بەڵکو راست دەچێتە ناو کردەکەوە، یاخود رێک لە ناوەڕاستی گفتوگۆیەکدا دەست پێدەکا: "بێگومان، ئەگەر سبەی هەوا خۆش بێت،" خاتوو 'رامسەی' ئەمەی گوت. "بەڵام لەگەڵ هەڵاتنی هەتاو دەبێ رابی." ئەو ئەمەیشی بە قسەکانی زیادکرد." ئەمە یەکەم وشەکانی رۆمانی 'فانووس'ە (١٩٢٧) لەکاتێکدا رۆمانی 'خاتوو داڵۆڤای' (١٩٢٥) بەو وشانەوە دەستپێدەکا ئاماژە بە گفتوگۆیەک دەدەن: "خاتوو داڵۆڤای گوتی ئەو دەتوانێ بۆخۆی گوڵەکان بکڕێ." هەروەها 'سیگرید ئاندێست' لە دەستپێکی رۆمانەکەیدا (رێک لە ناوەڕاستی کردەدا) ئەو ئیزنە بە 'مارتا' دەدا لە یەکەم رستەی Fru Marta Oulie دا (١٩٠٧) دیان بە راستییەکەدا بنێ و بڵێ: "من خیانەتم لە پیاوەکەم کردووە... " گەر زیاتر بگەڕێینەوە دوواوە دەبینین رۆمانی Jane Eyre ی 'شارلۆتە برۆنتە'یش (١٨٤٧) راستەوخۆ خوێنەر دەباتە ناو بیرەکانی قارەمانی رۆمانەکەوە: "ئەو رۆژە هیچ دەرفەتێک بۆ پیاسە نەبوو." ئەمە پێوەندیدانی شوێن و کەشوهەوا پێکەوەیە لە دەروونی کەسی سەرەکیی رۆمانەکەدا. بۆیە وەک دەبینین رۆمان دەکرێ لەناوەڕاستی خۆیەوە دەست پێبکا؛ ئیدوارد سەعید ئەمە ناودەنێ قەراردادی ئەدەبی، قەراردادێک کە رواڵەتێک لە دەستپێک نەبوون دەدا بە دەستپێک.٣٠

 

ئەوەی لەنێوان ئەم دەستپێکانەدا هاوبەشە ئەوەیە هەموویان بە لەحن و شێوازی جۆراوجۆر دەرگای ئەو رووداوانە دەکەنەوە وا بەڵێنە دوواتر رووبدەن، ئەوان لەسەر رۆمانەکە شتێک وەک گشتییەتێک دەڵێن، بەڵام هەر لەو کاتەدا سەرنجی خوێنەریش رادەکێشن (هیوادارم) بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە خوێندنەوە. دەستپێک گرینگە بۆ تێگەیشتن لەو جیهانەی وا دەیەوێ ئێمە بباتە ناویەوە، بەڵام زۆر جار وەهایە کاتێک لە خوێندنەوەی رۆمانەکە دەبینەوە ئەوجارە لە دەستپێکەکە دەگەین. لە زۆر رۆماندا تەواوی پاژی یەکەم یاخود هەندێ بەشی وێنەیەکی تایبەتە بۆ نوواندنەوەی گشتیەتی رۆمانەکە. لە 'ئاننا کارەنینا'دا هەر لە سەرەتاوە کارەساتی مەرگی کەسێک لە وێستگەی قەتاری مۆسکۆ لەگەڵ رووداوی دیتنی 'وێرۆنشیج' بۆ یەکەم جار لە لایەن ئاننا کارەنیناوە یەکدەخرێن؛ لە گەڕانەوەیشی بۆ مالەوە لە سێنت پێتێرزبورگ چاوی بە هاوسەرەکەی دەکەوێت کە من لەوە پیش باسم لێکرد. بە گشتی ئەم دوو رووداوە هەڵگری پیامی ناخۆشن لەسەر ئەوەی وا بەڵێنە دوواتر رووبدات، ئەمە لە کاتێکدایە رستەی دەستپێک لەسەر بنەماڵەی نابەختەوەر لەبەرامبەر بنەماڵەی بەختەوەر ئەو روونکردنەوەمان دەداتێ بۆچی ئەم چیرۆکە دەبێ بگێڕدرێتەوە. لە رۆمانی 'برسیەتی'ش دا دەستپێک دەتوانێ نموونەیەک بێت کاتێک باس لە کۆکردنەوەی لایەنە گرینگەکانی رۆمانە لە لاپەڕە سەرەتاییەکاندا. لەدووای رستەی بەناوبانگی یەکەم، ژووری کاراکتێری سەرەکیی رۆمانەکەیە (ئەو ژوورەی وا کاراکتێری سەرەکی و بێ ناوونیشانی رۆمانەکە تێیدا لەخەو هەڵدەستێ) بە وردی وەسف دەکرێ و  نووسەر باس لەهەموو شتەکانی ناوەوەی دەکا، ئەمەیش ئاماژەیە بەو دیاردانەی وا بەشەکانی تری رۆمانەکە بە دەوریاندا دەسووڕێنەوە: بۆ وێنە دیواری ژوورکە رۆژنامەیەکی کۆنی پێوەیە بە رێکلامەیەکی نانی تازە و گەرمەوە، ئەو نانەی وا قارەمانی سەرەکیی و برسیی رۆمانەکە بەردەوام گیرۆدەیەتی، بەم شێوەیە کێشەی برسیەتی دەستبەجێ ئاماژەی پێدەدرێ.

سکانسی دەستپێک داڵانی هاتنەژوورەوە و سەرەکیی تێکستە و، هەم نووسەرەکان و هەم لێکۆڵەرەکان سەرقاڵی ئەوەن چلۆن رۆماننووسان لە رستە یاخود پەرەگرافی یەکەمدا جیهانی رۆمانەکەی خۆیانمان بەڕوودا دەکەنەوە. سەرەتای رۆمان بێگومان لە پێوەندێکی نەپساوەدایە لەگەڵ کۆتاییەکەی؛ زۆر نموونە هەن پیشانیدەدەن چلۆن پلۆت و دنەدەرەکان لەسەرەتاوە تا کۆتایی دەگۆڕدرێن. خاڵی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە چلۆن رۆمان دەتوانێ نموونەیەک بێت بۆ چێکردنی چاوەڕوانی لە ئێمەدا، یاخود چێکردنی حاڵەتێک کە لەگەڵ خوێندنەوەی یەکەم رستە تیاماندا پێکدێت، ئەو چاوەڕوانی و حاڵەتانەی وا دەتوانن ئایدیایەکمان لە جیهانێک پێشکەش بکەن کە مرۆڤ و ژیان هەوێنیەتی. راستییەکەی ئەوەیە مرۆڤ و کردەکانی دوو ئەستۆندەکی گرینگی رۆمانن. دیارە لە بەشەکانی دوواتر بە وردی دێینەوە سەر ئەم باسە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for hamsun sult