شرۆڤە

جیهانێکی بەتاڵ لە ‌هیوا

 

عەتا نەهایی

دووبارەی دەکەمەوە، دادگایی رۆمانێکی کراوەیە و هیچ خوێندنەوەیەک، خوێندنەوەی یەکلاکەرەوە نییە. دەشێ ملدانی «ک» بە ‌مەرگ و کوژران، بە ‌تەسلیم بوون نەزانین، چونکا دەسەڵاتی ئەو سیستەمە بەناو دادوەرییە خوازیاری مەرگی ئەو نییە، بەڵکوو خوازیاری مەسخ و لە خۆ نامۆ بوون و دوور کەوتنەوەی ئەو لە ‌مرۆڤایەتییە. 

 

 

(خوێندنەوەی رۆمانی دادگایی فرانتس کافکا)

ساڵی 1998 وتارێکی کورتی میلان کۆندێرا، نووسەری هاوچەرخ و هاووڵاتی فرانتس کافکام کرد بە کوردی  کە پێموابوو یارمەتییەکی زۆرمان دەدا لەو جیهانە داستانییە نزیک ببینەوە کە پێی دەگوترێت «جیهانی کافکایی»و، وێڕای لایەنە تەمسیلی و هێماییەکەی زۆر لە واقیعی جیهانی خۆمان، بە تایبەت لە کۆمەڵگە‌ داخراو و توتالیتارییەکان، نزیکە.

کۆندێرا لەو وتارە کورتەیدا، بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی، گەلێک رووداو و پێشهاتی وڵاتەکەی ــ کۆمەڵگەی چێکی سەردەمی دەسەڵاتداری کۆمۆنیستەکان ــ دەگێڕێتەوە کە زۆر لە رووداو و پێشهاتەکانی رۆمانەکانی کافکا، بە ‌تایبەت «کۆشک» و «دادگایی» دەچێت. ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە کافکای خەڵکی چێک لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا پێشبینی و پێشگۆیی ژیان لە ژێر سایەی سیستەمی کۆمۆنیستی، یان بە شێوەیەکی بەربڵاوتر، سیستەمی تۆتالیتاری کردووە؟ بێگومان چیرۆک و رۆمانەکانی کافکا پەردە لە زۆر لایەنی ژیان لە‌ کۆمەڵگە داخراو و تۆتالیتارییەکان هەڵدەدەنەوە، بەڵام وەک خودی کۆندێراش دەڵێ: «جیهانی کافکایی لەگەڵ هەموو پێناسەکانی کۆمەڵگەی تۆتالیتاردا نایەتەوە. حیزب، ئیدئۆلۆژی، سیاسەت، پۆلیس و سوپا لە بەرهەمەکانی کافکادا نین. هەروەها لە‌ کۆمەڵگە ناتۆتالیتار و ئازادەکانیشدا زۆرجار مرۆڤ دەکەوێتە بارودۆخێکەوە کە لە ‌بارودۆخی کەسایەتییەکانی کافکاوە نزیکە. بۆیە دەگوترێت هەوڵی زۆر دراوە کە بەرهەمەکانی کافکا وەک رەخنەیەک لە کۆمەڵگەی پیشەسازی و رەنجبەری و لەخۆنامۆیی، وەک رەخنەیەک لە ئەخلاقیاتی بورژوازی و، بە گشتی وەک رەخنەیەک لە سیستەمی کاپیتالیستی  لێک بدرێتەوە، بەڵام دیسان لە جیهانی کافکاییدا هیچ دیاردەیەکی سەرمایەداری وەک پارە، دەسەڵاتی پارە، کاسبکاری، کرێکاری رۆژمز، خاوەندارێتی و شەڕی چینایەتی و ... بوونیان نییە. »

کەواتە ناتوانین بەرهەمەکانی کافکا تا رادەی گێڕانەوەی راستگۆیانە و واقیع خوازانەی کۆمەڵگەی تۆتالیتاری، کۆمۆنیستی یان سەرمایەداری، کورت بکەینەوە. لە کاتێکدا ئەم بەرهەمانە زیاتر لە هەموو بەرهەمێکی دیکەی ئەدەبی واقیعەکانی ژیان لەم کۆمەڵگانە و بە تایبەت لە کۆمەڵگەی تۆتالیتاریەکان دەنوێننەوە و شی دەکەنەوە. ئەم بەرهەمانە بە هیچ شێوەیەک بەرهەمی سیاسی یان کۆمەڵناسانە نین. لە بەرهەمەکانی کافکا و بەتایبەت لە دوو رۆمانی کۆشک و دادگاییدا مرۆڤ لە بارودۆخێکی تایبەت خۆی لە بەرامبەر دەسەڵاتێکدا دەبینێتەوە، یان واچاکە بڵێین خۆی لە ناو دەسەڵاتی جیهانێکی رێکخراوەییدا دەبینێتەوە، کە وەک لابیرێنت یان هەزار ئەشکەوتێکی سەیر و سەمەرەی بێکۆتا لک و پوی لێ بووەتەوە. دەسەڵاتی ئەم جیهانە دەسەڵاتی رێکخراوە یان دامەزراوێکە کە «پەیڕەوی لە یاساگەلی تایبەت بەخۆی دەکات. کەس نازانێ ئەم یاسایانە کەی و لە لایەن کێوە داندراون. ئەم یاسایانە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرژەوەندی مرۆییەوە نییە و کەس تێیان ناگات.» مرۆڤ لە بەرامبەر دەسەڵاتی بێ مانا یان مانا بزری ئەم دامەزراوە هەزار ئەشکەوتییە، لەوپەڕی دەستەوەستانی و ئیفلیجیدایە. دەسەڵاتی ئەم جیهانە رێکخراوەییە بە ئاشکرا و بەبێ هیچ پاساوێک پێ دەنێتە ناو هەرێمی ژیانی تایبەتی و شەخسی و تاکەکەسی مرۆڤەوە، بەڵام بەوەشەوە ناوەستێتەوە، بە هەمان ئاشکرایی و، دیسان بەبێ هیچ پاساوێک، هەڕەشە لە هەرێمی گشتی و ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤیش دەکات. هەوڵ و تەقەلای مرۆڤ لە ناو ئەم جیهانەدا هەوڵ و تەقەلایەکی بەرەو رزگاری نییە، بە پێچەوانەوە، هەوڵ و تەقەلایەکی بەرەو دوور کەوتنەوە و دابڕان لە خۆی و داچوڕانی دوا تنۆکەکانی مرۆڤ بوونییەتی.

ئەڵبەت نابێ ئەوە فرامۆش بکەین کە بەرهەمەکانی کافکا وەک نموونەی کراوەترین بەرهەمی ئەدەبی، دەرفەتی زۆر خوێندنەوەی جیاواز بە خوێنەرانی دەبەخشێ. یەکەم خوێندنەوەکان کە‌ خوێندنەوەی دۆست و هاوڕێی نزیکی نووسەر، واتە ماکس برۆدیش دەگرێتەوە، خوێندنەوەی ئایینی بوون. بێگومان کافکا وەک کوڕی بنەماڵەیەکی بە رەگەز جوولەکە ئاشنا و هەڵگری فەرهەنگ و کەلتووری ئایینی جوولەکەیە و، رەنگدانەوە یان کاریگەری ئەم فەرهەنگە لە بەرهەمەکانیدا شتێکی دوور و حاشا لێکراو نییە. من لەم خوێندنەوەدا  لە روانگەی خۆمەوە ئاماژە بەم کاریگەرییە، لانیکەم لە رۆمانی دادگاییدا دەکەم. بەڵام شتێک کە ئەم خوێندنەوە ئایینییە یان شێوە ئایینییە پێی لەسەر دادەگرێت تەمسیلی بوونی ئەم جیهانە، واتە جیهانی کافکاییەیە. بە دڵنیاییەوە هیچ کەس و هیچ خوێندنەوەیەک ناتوانێ چاو لە لایەنی تەمسیلی و هێمایینی بەرهەمەکانی کافکا بقووچێنێت. هەر ئەو لایەنەیە کە قووڵایی زیاتر بەو بەرهەمانە، بە بابەت و تێم و موتیڤەکان، بە رووداو و کەسایەتییەکانی دەبەخشێت. ئەوە گرینگ نییە کە بەم بۆچوون و خوێندنەوە ئایینییە، مرۆڤ و رووداو و هەموو شتێکی بەرهەستی دیکە، بوونێکی مەجازی و سێبەری واقیع بن و حەقیقەت یان راستی لە شوێنێکیتر، لە شوێنێکی دوورە دەست و ئەوپەڕی واقیع بێت، ئەوە گرینگ نییە کە ترس و دڵەکوتە و حەپەسان و سەراسیمەیی مرۆڤی ئەم جیهانە مەجازییە بە هۆی ئیفلیجی و دەستەوەستانی لە بەرامبەر دەسەڵاتی بان سروشتی خواوەند و تێنەگەیشتن لەم دەسەڵاتە بێت، گرینگ ئەوەیە کە ئەم تەمسیل و هێمایانەش پەردە لەسەر واقیعی دەسەڵاتێک هەڵدەدەنەوە کە خۆی بە خوای سەر عەرز دەزانێ و هیچ سنوورێک بۆ خۆی ناناسێت. ئەم دەسەڵاتە دیسان بە گوتەی کۆندێرا «ئیلاهیاتی تایبەت بە خۆی بەرهەم دەهێنێ و، هەستێکی ئایینی بەرامبەر بە خۆی دەورووژێنێت.»

کەواتە دەشێ بگوترێ کە هیچ کام لە خوێندنەوەکانی بەرهەمەکانی کافکا خوێندنەوەی بێ بنەما نین. قووڵایی و کراوەیی بەرهەمەکانی کافکا هۆی سەرەکی ئەم جۆرە خوێندنەوانەیە، قووڵایی و کراوەییەک کە خۆی بەرئەنجامی بەهرەی گەورە و کەم وێنەی هونەری و داهێنەرانەی کافکا، ئەزموونی ژیان و هەلومەرجی بنەماڵەیی نووسەر و، بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەردەمەکەیەتی.

من لەم نووسینەدا زیاتر لەوە کە بمەوێت لە روانگەیەکی تایبەت، یان بە ‌پێی مەنهەجێکی ئەدەبی و فکری تایبەت، رۆمانی دادگایی بخوێنمەوە، خۆم دەخەمە ناو دنیای رۆمانەکە و بە ‌سەرنجدان بە هەموو کۆدە واقیعی و تەمسیلییەکان، بە قەدەر دەرفەتی ئەم چەند لاپەڕە، بە‌ مەبەستی یارمەتیدانی هەندێک لە خوێنەران بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ رۆمانەکە و نزیک بوونەوە لەم جیهانە داهاتە و داستانییە، شیکاری بارودۆخی مرۆڤ لە جیهانێکدا دەکەم کە بە جیهانێکی بەتاڵ لە هیوای دەزانم.

 

***

لە زۆر دەقی رەخنەیی و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و هونەری و تەنانەت فەلسەفیش، باسی کۆمەڵێک زاراوەی وەک چیرۆکی کافکایی ــ واقیعی کافکایی ــ بارودۆخی کافکایی ــ جیهانی کافکایی دەکرێ و، بەو شێوە ئاماژە بۆ جۆرێک چیرۆک یان گێڕانەوەی تایبەت، رووداوێکی واقیعی تایبەت، بارودۆخێکی مرۆیی تایبەت دەکرێت و، لەگەڵ ئەم شتانە لە حاڵەتی ئاسایی و ناتایبەتی خۆی هەڵدەسەنگێندرێت. 

بە کورتی، جیهانی کافکایی سیستەمێکی رێکخراوەیی لابیرێنتی و، تووناوتوونێکی ئاڵۆز و بێ کۆتایە کە ‌مرۆڤ بەرەو خۆی رادەکێشێت. تەونێکی جاڵجاڵۆکەیە کە لە پەل و پێی مرۆڤ دەئاڵێ و داوێکە کە نێچیرەکەی ئاگاداری شێوازی کار کردن و خواست و تەمەنای راوچییەکەی نییە. مرۆڤ لە ناو ئەم جیهانە رێکخراوەییە ناعەقڵانییە بە ‌تەنیا و بێ پشتیوانە و، کاتێک بەم راستییە دەزانێ هەوڵ دەدات لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئەم سیستەمەدا رابوەستێت، بەڵام لەبەر ئەوە کە توانای ناسین و تێگەیشتن لە لۆژیکی کارکردنی سیستەمەکەی نییە، لەبری رزگار بوون، زیاتر بە ناخیدا رۆ دەچێت. کەواتە مرۆڤی ناو ئەم جیهانە دامەزراوییە لەوپەڕی تەنیایی و لە بارودۆخێکی هەڵواسراویدایە.

بە دڵنیاییەوە رۆمانی دادگایی باشترین نموونەی ئەم جیهانەیە. جیهانێکی بە رواڵەت گاڵتەجاڕی و مەسخەرە کە مرۆڤ بە بێ هیچ هەڵە و تاوانێکی دیاریکراو تیایدا تۆمەتبار دەکرێ، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا و نائاشکرا تاوانێکی دەدرێتە پاڵ کە نەدەزانێ و نەپێی دەڵێن چییە. دواتر دەردەکەوێ کە‌ چییەتی تاوان یان تۆمەتەکە گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە کە ئەم تۆمەتە، بە‌ میکانیزمێکی ئێجگار ناعەقڵانی بەرەو دامەزراوەیەکی رادەکێشێت کە لەم رۆمانەدا دادگا و سیستەمی دادوەرییە. سیستەمێک کە ئەگەرچی بە رواڵەت سەیر و سەمەرە و گاڵتەجاڕی دەنوێنێ، بەڵام لە ‌واقیعدا تا سەر ئێسقان ترسناک و کوشندەیە.

دادگایی، سەرەتا وەک تەوسێکی رەش و نمایشێکی کۆمێدی دادپەروەری لە کۆمەڵگەیەکی دیوان سالار دێتە بەرچاو، بەڵام لە ئەنجامدا بە تراژدی کۆتایی پێ دێت. پەیوەندی کومێدی (گاڵتەجاڕی) و تراژدی لەم رۆمانەدا جیاوازە لە پەیوەندی کومێدی و تراژدی لە هەموو بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەری بەر و دوای خۆی. میلان کۆندێرا لە پەیوەندی لەگەڵ‌ ئەم بابەتە، هەر لەو وتارە کورتەیدا نموونەیەک لە جیاوازی ئەم پەیوەندییە لە رۆمانەکانی کافکاو بەرهەمەکانی نووسەرێکی گەورەی وەک شکسپێر دەهێنێتەوە و دەڵێ: «لە دنیای کافکایی، بە پێچەوانەی دنیای شکسپێر، کومێدی لە بەرامبەر تراژدی نییە. بوونی کومێدی (یان گاڵتەجاڕی) لە بەرهەمەکانی کافکادا بۆ ئەوە نییە کە بە سووک کردنی ئیقاع و لەحنی گێڕانەوەکە باری قورسی تراژدی لە سەر شانی خوێنەر سووک بکات. لە رۆمانەکانی کافکا، بە پێچەوانەی بەرهەمەکانی شکسپێر، کومێدی شان بە شانی تراژدی نییە، بەڵکوو لە نوتفەدا تراژدی دەخنکێنێت.» ئەو دەڵێ: «لە تراژدیدا کەس یان کەسانی قوربانی دڵیان بە شکۆی کارەساتە تراژیکەکە خۆشە. سوود وەرگرتنی نووسەرێکی وەک شکسپێر لە کومێدی بۆ بەرز و بەرجەستە کردنەوەی ئەو دڵخۆشییەی قوربانی، یان ئەو شکۆ (واقیعی یان گریمانەییەی) کارەساتە تراژیکەکەیە. بەڵام بە پێچەوانەوە، سوود وەرگرتنی کافکا لە کومێدی و گاڵتەجاڕی بە مەبەستی سڕینەوەی ئەو دڵخۆشییە و نەهێشتنی شکۆی تراژدییە.»

یوزف «ک» لە رۆمانی دادگاییدا دەکوژرێت. بێگومان ئەم مەرگە ئەوەندە کە کارەساتێکی گەورەی تراژیکە، بە هەمان ئەندازەش مەرگێکی بێ شکۆ و سوک و تڕۆیە و جیاوازە لە‌ مەرگی بە شکۆی ئوتێللۆ. مەرگی «ک»، بە پێچەوانەی مەرگی ئوتێللۆ، کاریگەری تراژیکی لەسەر خوێنەرەکانیشی نییە.

منیش حەز دەکەم نموونەیەکی دیکە لە جیاوازی پەیوەندی کومێدی و تراژدی لەم رۆمانە لەگەڵ‌ بەرهەمە پۆست مۆدێڕنەکانی ساڵانی کۆتایی سەدەی رابوردوو، سەرەتای ئەم سەدەیە بهێنمەوە. لە رۆمانێکی وەک رۆمانی «قەسابخانەی ژمارە پێنج »، نووسەر کارەساتێکی ئێجگار تراژیکی وەک بۆردوومانی شاری درێسدێنی کردووە بە بابەتی سەرەکی گێڕانەوەکەی. بەڵام زمانی تەوس و رواڵەتی کومێدی و گاڵتەجاڕی رووداوەکانی ئەم رۆمانە بۆ ئەوەیە کە ‌تێمان بگەیەنێت کە ‌رۆمان، وەک هەموو بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەریتر، توانای گێڕانەوە و نواندنەوەی تراژدی نییە. لەم رۆمانەدا کومێدی و گاڵتەجاڕی، بە پێچەوانەی بەرهەمەکانی شکسپێر، شان بە شانی تراژدی نییە و شکۆی تراژدی بەرجەستە ناکاتەوە، بەڵکوو تراژدی دەشارێتەوە. کەواتە کومێدی و گاڵتەجاڕی لە رۆمانی دادگایییەدا، نە وەک بەرهەمەکانی شکسپێر شان بە شانی تراژدییە، نەوەک بەرهەمەکانی کورت ڤۆنێگات و پۆست مۆدێڕنەکان، تراژدی دەشارێتەوە. زمانی تەوس و کۆمێدی و گاڵتەجاڕی بوونی رووداوەکانی دادگایی، نە بە مانای نەبوونی ئیمکانی گێڕانەوە و نواندنەوەی تراژدییە، نە بە مەبەستی سووک کردنی کارتێکەری تراژدی لەسەر شانی مرۆڤ و خوێنەرەکان. نە دەیەوێت لایەنی تراژیکی کارەساتەکە بشارێتەوە، نە بە هیوایە شکۆ و کاریگەری لەم لایەنە بسڕێتەوە. ئەم زمان و رووداوە کومێدی و گاڵتەجاڕییە لە دادگاییدا شتێکی دەرەکی یان تەکنیکێکی ئەدەبی نییە کە لە شێوەی گێڕانەوە و خواست و بڕیاری نووسەرەکەیەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکوو شتێکی دەروونییە و لە ناخی خودی جیهانە داستانییەکەوە سەری هەڵداوە. لەو بارودۆخە تایبەتییە و، لەو داوەوە سەری هەڵداوە کە کەسایەتی رۆمانەکە کەوتووەتە ناوی.

 

***

رۆمانی دادگایی سەرەتا وەک گەمەیەکی منداڵانە ــ یان لە گەشبینانەترین حاڵەتدا ــ وەک هەڵەیەکی گەوجانە دەست پێدەکات. پاشان رووداوەکان بە ریتمێکی گەلێک هێواش و بەکاوەخۆ، یەک لە دوای یەک دەردەکەون. خوێنەریش سەرەتا سەری لەم گەمە و هەڵەیە دەسووڕمێت و پاشان وردە وردە، بە پێی ریتمی بە کاوەخۆی رووداوەکان، هەست بە بوونی دەستێکی لەرزۆک و گاڵتەچی لەسەر قوڕگی دەکات. دەستێک کە بەرە بەرە زیاتر قوڕگی دەگووشێت، زیاتر پشووی سوار دەکات و، لە ئەنجامدا دەیخنکێنێت. ئەوسا بەبێ هیچ شکۆ یان هەستی شکۆمەندی، لە سووچێکدا فڕێی دەدا و بە بای فەرامۆشی دەسپێرێت.

ئەم رۆمانە بەمشێوە دەست پێ دەکات:

«حەتمەن کەسێک بوختانی بۆ یوزف «ک» کردبوو، چونکا بێئەوە تاوانێکی کردبێ، بەیانییەک هاتن و دەست بەسەریان کرد.» 

دیمەنی ئەم دەست بەسەر کردنە، بیچم و قەڵافەتی فەرمانبەر و لێکۆڵەر و نیگابانەکان، جۆری هەڵس و کەوت و ئاخاوتنیان، بێ ئاگاییان لە تۆمەتەکە و ... ئەوەندە گاڵتەجاڕی و مەسخەرەیە کە یوزف «ک»ێی بە ناو تۆمەتباریش پێیوایە ئەمە یاری و گەمەیە و لە لایەن هاوڕێ و هاوکارەکانییەوە، بە بۆنەی سیهەمین ساڵڕۆژی لە دایک بوونی، رێکخراوە.

«ئەگەر ئەمە نواندنێکی کۆمێدییە، کەواتە ‌ئەویش دەیویست یاری تێدا بکات.»

بەڵام هەر لەم یەکەم دیمەنەدا، وێڕای رواڵەتی گاڵتەجاڕی دەست بەسەر کردنەکەش، سەرەداوی کارەساتێک دەردەکەوێ کە پەیوەندی بە سەرەکیترین داوا و تەمەناکانی مرۆڤ، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتییەوە هەیە. مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی گەڕان لە شوێن ئازادی و دادپەروەرییە. ئەم دوو چەمکە، یان ئەم دوو ئایدیالە‌ مرۆییە، بابەتی سەرەکی ئەم رۆمانەیە کە لە سەرەتا و لە یەکەم دیمەنییەوە، لە لایەن نزمترین و بێ ئاوەزترین و بێ هۆویەت ترین کەسەکانەوە، کە دوو نیگابانی گەوج و لێکۆڵەرێکی نەزان و لووت بەرز و دوو فەرمانبەری مەسخەرەو گاڵتەجاڕن، بەبێ هیچ پاساوێک رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە. لێرەدا نووسەر، یان واچاکە بڵێم بێژەر و راوی رۆمانەکە، پرسیارێک دەکات  کە بێگومان پرسیاری هەموو خوێنەرێکە: «ئەمانە کێن؟» 

«بڵێی ئەم پیاوانە کێ بن؟ باسی چی دەکەن؟ نوێنەری کام دەسەڵاتی حوکمڕانیین؟»

ئەمانە یەکەم پرسیارێکن کە‌ یوزف «ک» لە خۆی دەکات و هاوکاتیش یەکەم کەمەندێکن کە بەرەو ئەو جیهانە دامەزراوەییە تووناوتوونە، بەرەو ئەو دادگایەوەو، ئەو سیستەمی دادوەرییە رایدەکێشن کە گوایە ‌دەبێ وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.

«ک» کارمەندێکی پایەبەرزی بانک، بەڵام مرۆڤێکی ئاساییە و ژیانێکی ئاسایی دەژی. ئێمەی خوێنەر بێجگە لەم زانیارییە زۆر گشتییە هیچی دیکە لە کەسایەتی سەرەکی رۆمانەکە نازانین. بێجگە لە هەندێک پەیوەندی زۆر ئاسایی لە ‌ماڵەوە و لە ئیدارە و لە ناو بنەماڵەکەی، لەگەڵ خاوەن ماڵ و کرێچی و هاوکار و مامەکەی، ئاگامان لە ‌هیچ لایەنێکی دیکەی ژیانی شەخسی و کۆمەڵایەتی ئەو نییە. کافکا لەم رۆمانە و لە بەرهەمەکانی دیکەی وەک رۆمانی کۆشکیش، هەوڵێکی ئەوتۆی بۆ داڕشتنی کەسایەتییەکان نەداوە. کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئەم رۆمانە و رۆمانی کۆشکیش ئەگەرچی وەک خودی نووسەر مرۆڤی دەرس خوێندوو، فەرمانبەری سەر بە ‌چین و توێژی ناوینی کۆمەڵگەن، بەڵام خاوەنی رابوردوو، یادەوەری، بیر و بۆچوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیار و ئاشکرا نین. ئەوان بە ‌پیتێکی وەک «ک» ناودێر کراون کە دەتوانێ پیتی یەکەمی سەدان و بگرە هەزاران ناوی تایبەت بێت. ئەم پیتە ئەگەرچی لە ‌زەینی زۆرینەی خوێنەرەکاندا ناوی «کافکا»ی نووسەری رۆمانەکە بەرجەستە دەکاتەوە و، وشیارانە یان ناوشیارانە، «ئەم ئەوەکی» یان ئەم هەر ئەوییەک لە مابەینی نووسەر و کەسایەتی رۆمانەکەدا ساز دەکات ــ کە ‌پێدەچێ ئەوەش یەکێک لە ‌مەبەستە لاوەکییەکانی نوسەر بووبێ ــ، بەڵام مەبەستی سەرەکی بەرجەستە کردنەوە یان جەخت کردنە سەر مرۆڤ بوونی کەسایەتییەکەیە. بە واتایەکیتر، نووسەر بە گوێ نەدان بە لایەنە فەردی و تاکە کەسییەکانی کەسایەتییەکەی، دەیەوێ جەخت لەسەر لایەنی گشتی بکات و سیمایەکی «تیپیک» بە کەسایەتییەکەی ببەخشێت. «ک» مرۆڤێک نییە جیا لە هەموو مرۆڤێکیتر، بەڵکوو مرۆڤێکە وەک هەموو مرۆڤێکیتر.

«ک» لە وڵاتێک دەژیا کە سیستەمی سیاسی یاسایی بوو. وڵاتێک کە لە ئاشتی و ئاسوودەییدا بوو، هەموو یاساکانی تێدا بەڕێوە دەچوو. ئەی کەواتە کێ دەیوێرا لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەری بکات؟»

ئەم رستە کورت و گشتییەش کۆی هەموو ئەو زانیارییانەیە کە‌ نووسەر لە بارەی وەڵاتەکەوە بە خوێنەری دەدات. بە نسبەت کات و شوێنی رووداوەکانیشەوە، رۆمانەکە هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ بە دەستەوە نادات. «شوینکاتی» ئەم رۆمانەش وەک شوێنکاتی رۆمانی کۆشک و زۆربەی چیرۆکەکانی کافکا نادیارە. بەو مانایە کە‌ رووداوەکان لە دەرەوەی کات و شوێنێکی واقیعی و ئاشکرادا روو دەدەن.

ئەم خەسڵەتی «دەرزەمەنی» و «دەرشوێنی» رووداوەکان ، لەگەڵ بێ ناوی و بێ پێشینەیی، یان با بڵێم سیما و روخساری تیپیکی کەسایەتییەکان، لە لایەکەوە رەهەندێکی ئەفسانەیی و ئوستوورەیی بە گێڕانەوەکە دەبەخشێ و، لە لایەکی دیکەوە زەمینەی پێویست بۆ نمایش و راڤەی کۆمەڵێک چەمکی گشتی و مەزنی وەک ئازادی، دادپەروەری، یاسا و مافەکانی مرۆڤ، لە دەرەوەی سنوورە مێژوویی و جوغرافییەکان و، تەنانەت لە ‌دەرەوەی سنوورە سیاسی و ئیدئۆلۆژیکییەکانیش دەڕەخسێنێت.

بێگومان ئەم چەمکانە، کە سەرەکیترین موتیڤەکانی رۆمانی دادگایین، چەمکگەلێکی مەزنی فەلسەفی و کۆمەڵناسین. بەڵام نابێ‌ رۆمانەکە هەر بە رۆمانێکی فەلسەفی، یان رۆمانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بزانین و، لە یەکێک لەم چوارچێوانەدا سنوورداری بکەین. چەمکە مەزنەکان لەم رۆمانەدا، بە‌ پێچەوانەی دەقی فەلسەفی و سیاسی و کۆمەڵناسی، بە زمان و داڕشتنی داستانی و لە ناخی رووداوەکاندا و، بە شێوازێکی نمایشی و دەرکەوتەیی (فۆنۆمۆنۆلۆژیکاڵ) بەرجەستە دەبنەوە. لە ژیانی کافکا و یادەوەری هاوڕێیانی و میراتی نڤیساری نووسەردا، شتێکی ئەوتۆ نییە کە ‌ئاماژە بە حەز و مەیلی کافکا بە فەلسەفە، سیاسەت، کۆمەڵناسی و... بکات. ئەو بە پێچەوانەی هاوڕێکانی و، تەنانەت بە پێچەوانەی نووسەرانێکی گەورەی هاوچەرخی خۆی، وەک سارتر و کامۆ و... هیچ بەرپرسایەتییەکی فەلسەفی، سیاسی و کۆمەڵناسی بۆ خۆی دانانێت. ئەو تەنیا لە بەرامبەر ئەدەب و بەهرەی ئەدەبی و داهێنەرانەی خۆی و، لە بەرامبەر چیرۆک و رۆماندا هەست بە بەرپرسایەتی دەکات. بابەت و موتیڤی بەرهەمەکانی، بە تایبەت رۆمانی دادگایی، لە ژیانی شەخسی خۆی و کەسانی دەورووبەری هەڵدەهێنجی و، لە پێناو و بە پێویستی جیهانە داستانییەکەی خۆی، ئاوڕ لەم چەمکانەش دەداتەوە.

زۆرجار گوتراوە کە بارودۆخی «ک» لەم رۆمانەدا لە بارودۆخی رۆشنبیران دەچێت. بێگومان تۆمەتەکەی «ک» تۆمەتێکی جینایی نییە و، ئەگەرچی ناگوترێ چییە، بەڵام بە گشتی هەستێکی عالمانە بە خوێنەر دەدات. هەر ئەو هەستە کە ‌خاتوو گروباشی خاوەن ماڵی «ک»ێش هەیەتی و ناتوانێ تێی بگات. خاتوو گروباش دەڵێ:

«راستە تۆ دەستبەسەر کراویت، بەڵام وەک دزێک نەیانگرتوویت. ئەگەر مرۆڤ وەک دزێک بگیرێت خراپە، بەڵام ئەم گیران و دەست بەسەرییە ــ ئەمە هەستی شتێکی عالمانەم پێدەبەخشێت. ببوورە خەریکم قسەی هیچ و پووچ دەکەم، ئەمە هەستی شتێکی عالمانەم پێدەبەخشێت کە تێی ناگەم، بەڵام پێویستیش ناکات ‌تێی‌بگەم.»

لێکچوونی بارودۆخی «ک» و رۆشنبیران، بە‌تایبەت رۆشنبیرانی ئەو کۆمەڵگانە کە لە باری سیاسییەوە داخراون، زۆر لەمە ئاشکراترە و، دەکرێ دەیان نموونە بۆ ئەم لێکچوونە بێنینەوە یان وتارێک لەم بارەوە بنووسین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێ تێگەیشتنمان لە دنیای رۆمانەکە بەمەوە گرێ بدەین. دادگایی وەک یەکێک لە گرینگترین ئەفسانە و ئوستوورەکانی سەردەمی مۆدێڕن، بارودۆخی مرۆڤی ئەم سەردەمە نمایش دەکات.

«ک» لە یەکەم دیمەنی رۆمانەکەدا، دوای ئەوە کە دڵنیا دەبێ‌ ئەم رووداوە یاری و گەمە نییە، پێیوایە ئەو لێکۆڵەر و نیگابانانە بە هەڵە هاتوون بۆ ماڵەکەی و لە بری کەسێکیتر دەستبەسەری دەکەن. بۆیە بە پەلە دەچێت بۆ ژوورەکەی و بەڵگە و ناسنامەکەی خۆی دەهێنێ و نیشانیان دەدات، هەروەها داوای بەڵگەی دەست بەسەر کردنەکەی خۆشی دەکات. بەڵام بەوپەڕی سەرسووڕمانەوە تێدەگات کە ئەو لێکۆڵەر و نیگابانانە هیچ شتێک دەربارەی دۆسییەکەی و، هۆی گیران و دەست بەسەر کردنەکەی نازانن و، گوێ بە هیچ بەڵگە و داوا و پرسیارێکی ئەویش نادەن. ئەوان بۆخۆیان دان بەوەدا دەنێن: «ئێمە دوو کارمەندی بچووکین کە ئاگامان لە بەڵگە و مەڵگەی یاسایی نییە و، کارمان بە کێشەی تۆش نەداوە.» ئەو نیگابانانە کە پێانوایە «لە هەموو کەس زیاتر خێر و سەڵاحی ئەویان دەوێ و لە هەموو کەس زیاتر پێی نزیکن!» بە گوتەی خودی «ک»، کۆمەڵێک مرۆڤی بەکرێ‌گیراون کە هیچ لە‌ یاسا تێناگەن. ئەوان کۆمەڵێک مرۆڤی لە خۆنامۆی مەسخ بوون کە متمانەیەکی لە رادەبەدەریان بە بەرپرسەکانیان هەیە و، پێانوایە ئەو بەرپرسانە بەر لە دەرکردنی ئەمری دەست بەسەری کەسێک، زۆر بە وردی ئاگاداری هۆی دەست بەسەرییەکەی هەن! ئەوان لە‌ دەوامەی قسە هیچ و پووچەکانیاندا نهێنییەک دەدرکێنن کە زۆر بە روونی میکانیزمی تۆمەتبار کردنەکە ئاشکرا دەکات.

«بەرپرسە پایە بەرزەکانی ئێمە، ئەوەندەی من بیانناسم، هەرگیز لە ناو خەڵکدا بۆ تاوان ناگەڕێن، بەڵکوو بەپێی حوکمی یاسا بەرەو تاوانبار رادەکێشرێن و، پاشان ئێمەی نیگابانیان لە دوو دەنێرن. ئەمە یاسایە، چۆن دەکرێت هەڵەی تێدا بێت؟»

«ک» دەڵێ: «من ئەم یاسایە ناناسم.»

پێدەچێ هەموو گرفتەکەی «ک» لەم نەناسینەوە دەست پێ بکات. دیارە ئەمەش پەیوەندی بە «ک»ێوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە خودی یاسا و نائاشکرایی و نادیاری یاساوە هەیە. (دواتر لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەدا ئاوڕی زیاتر لەم بابەتە دەدەمەوە کە بە‌گرینگترین بابەتی رۆمانەکەی دەزانم.)

«ک» بە لێکۆڵەر و نیگابانەکان دەڵێ: «پێموانییە ئەم یاسایە جگە لە ‌مێشکی ئێوە لە شوێنێکی تر ببێت.» ئەمە گوتەیەکی سادە بەڵام چەند پاڵووە. لە لایەکەوە دەکرێ بڵێین مەبەستی ئەوەیە کە (هەر ئێوە ــ لێکۆڵەر و نیگابانەکان ــ ئەم یاسایە دەناسن.) یان بڵێین مەبەستی ئەوەیە کە (ئەم یاسایە کە ئێوە باسی دەکەن درۆیەکە و خۆتان هەڵتانبەستووە.) ئەڵبەت دەکرێ مەبەستی ئەوەش بێت کە (ئێوە بە هەڵە لە یاساکە گەیشتوون و بە هەڵە پێناسەی دەکەن.) مەبەستی لە ‌گوتنی ئەم رستە هەر کامەیان بێت گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە کە «ک» پێیوایە دەبێ شوێن یاساکە بکەوێت و لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت. ئەم بۆچوونە ‌«ک» بەرەو رێکخراوە لابیرێنتی و تووناوتوونەکەی دادگا رادەکێشێت. ئەو ئەگەرچی سەرەتا پێیوایە ئەم رووداوی دەست بەسەر کردنە و، تەنانەت دۆسییە و تۆمەتەکەشی شتێکی جیدی نییە و نابێ بە جیدی وەریبگرێ و کاری بۆ بکات و خۆی پێوە ماندوو بکات، بەڵام بە هەڵە چووە. ئەو بێئەوە پێبزانێ دەکەوێتە ناو زەلکاوێکەوە کە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر تێی دەچەقێت. بێئەوە زەختێکی دەرەکی لەسەر بێ، بەرەو دادگا و سیستەمێکی دادوەری رادەکێشرێ کە بەردەوام هەوڵ بۆ سووک کردنی دەدات. ئەوە راستە کە بۆ یەکەمجار لە دادگاوە بانگ دەکرێ و لێکۆڵینەوەی لە بارەوە دەکەن، بەڵام دواتر ئەوە خۆیەتی کە بەردەوام، وەخت و ناوەخت، خۆی بە ژووری نووسینگەکانی دادگادا دەکات و واز ناهێنێت. ئەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە ‌تاوانی بارودۆخەکە بخەینە ئەستۆی «ک»، بەڵکوو بەو مانایەیە کە دادگا و میکانیزمی کار کردنی ئەو سیستەمە رێکخراوەییە بە شێوەیەکە، کە تۆمەتبار بەرەو خۆی رادەکێشێ. وای لێدەکات کە‌ شەو و رۆژ بیر لە ‌تۆمەتەکە و ئەو سیستەمە دادوەرییە بکاتەوە کە بێتاوان تۆمەتباری کردووە. ئەمە، بە رواڵەت، بە ‌پێچەوانەی ئامۆژگاری دادوەر و نیگابانەکانە کە پێی دەڵێن:

«بە کەمی بیر لە ئێمە و لەو شتانە بکەرەوە کە ‌بۆت روو دەدات، لەبری ئەوە، زیاتر بیر لە ‌خۆت بکەرەوە. هات و هاواری ئەوە‌ مەکە ‌کە ‌گوایە بێتاوانی. ئەم کارە کاریگەرییە باشەکانی دیکەت زایە دەکات.»

ئەڵبەت ئەم ئامۆژگارییە پەیامێکی زۆر گرینگی تێدایە. ئەوان دەڵێن: «بیر لە خۆت بکەرەوە و مەڵێ بێتاوانی.» ئەمە یانی بە ژیان و رابوردووی خۆتدا بچۆرەوە، لە تاوانێک بگەڕێ کە نە ئێمە و نە دادگا نازانین چییە. ئەوان بەمشێوە دەیخەنە بارودۆخێکی ئێجگار نامرۆڤانە و ترسناکەوە.

ڤیلەم، یەکێک لە‌ نیگابانە گەمژەکان، دەڵێ: «لە ‌نێوان یاسا و تاواندا جۆرە راکێشانێک هەیە.» ئەم گوتە راستە و لە زۆر رۆمانی وەک «تاوان و سزا» ی داستایۆڤسکیشدا بەرجەستە کراوەتەوە. لەو رۆمانەدا «راسکولنیکۆڤ»ی تاوانبار بەردەوام بەرەو یاسا، یان با بڵێم بەرەو سزای تاوانەکەی رادەکێشرێت. بەڵام «ک» بە پێچەوانەی راسکلنیکۆڤ، تاوانبار نییە و لە ‌سزادرانی خۆی ناگەڕێت. ئەو مرۆڤێکی تۆمەتبارە و کەوتووەتە ناو سیستەمێکەوە کە دەبێ خۆی تاوانێک بۆ خۆی ببینێتەوە. کوندێرا لە هەمان وتاری ناوبراودا ئەم بارودۆخە تایبەتییەی «ک» بە «وەگەڕ کەوتنی میکانیزمی خۆ تاوانبار کردن» دەزانێت. لەم دۆخەدا تۆمەتبار نەک لە لایەن دادگاوە، بەڵکوو لە لایەن خویەوە، هەموو ژیانی دەکەوێتە ژێر نیشانەی پرسیار. بە واتایەکیتر، تۆمەتبار «لەبەر ئەوە کە دەبوو لە بەرامبەر تۆمەتێکی نادیاردا بوەستێ، بێئەوە ناوی تۆمەتە مومکینەکانیتر ببات، دەبوو هەموو ژیانی خۆی، تەنانەت بچووکترین کردە و رووداوەکانیش وەبیر بێنێتەوە و لە هەموو روانگەیەکەوە بە ئاشکرا لێکی بداتەوە. ئەمە بە راست ئەرکێکی وەڕسکەرە!»

ئەمە نەک هەر ئەرکێکی وەڕسکەر، بەڵکوو ئەرکێکی نامرۆڤانەشە. لەم دۆخەدا مرۆڤ بە ‌بەردەوامی لە‌ خەڵوەتی خۆیدا دادگا بۆ خۆی ساز دەکات، لێکۆڵینەوە لە‌ خۆی دەکات، بە ‌هەموو ژیانیدا دەچێتەوە و لە‌ هەموو رووداوێکی ژیانیدا بۆ تاوان دەگەڕێت. گەرینگ نییە ئەم گەڕانە بە مەبەستی دان پیانان بێت یان شاردنەوەی تاوانەکە. گرینگ ئەوەیە کە ‌ئەو لە‌ خەڵوەتی خۆشیدا ئاسوودە نییە و بەردەوام خۆی دەخاتە دۆخی دادگایییەوە. گرینگ ئەوەیە کە‌ دادگا و ئەو سیستەمە دادوەرییە، لە خەڵوەتی خۆشیدا وازی لێ ناهێنێ و بەرەو خوی رایدەکێشێت. ئەمە ‌بە‌ هەمان ئەندازە ‌کە لایەنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، لایەنێکی ئایینییشی هەیە. لە لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتییدا مرۆڤ بە‌ شوێن تاوانەکەیدا دەگەڕێ کە‌ بیشارێتەوە، لە لایەنە ئایینییەکەیدا مرۆڤ بە شوێن تاوانەکەیدا دەگەڕێ کە دانی پێدا بنێت. لە لایەنە ‌سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیدا رزگاری و ئازادی مرۆڤ لە‌ گرێوی شاردنەوەی تاوانەکەیدایە، لە لایەنە ‌ئایینییەکەیدا لە گرێوی دان پیانان بە ‌تاوانەکە و تۆبە ‌کردندایە. بەڵام بە ‌هەر دوو خوێندنەوەکە، دەسەڵاتی ئەم جیهانە دامەزراوەییە (وەک دەسەڵاتی سیستەمە توتالیتارییەکان لە واقیعدا ) جیلوە و دەرکەوتەیەکی ئایینیی هەیە. ئەم دەسەڵاتە بە هیچ شتێکی بێجگە لە دان پیانانی مرۆڤ بە‌ تاوانەکەی، رازی نابێت. لێنی (پەرستاری پارێزەر) دەڵێ: «تۆ ناتوانیت لە گەڵ ئەم دادگایە بجەنگیت، دەبێ دان بە تاوانەکەتدا بنێیت. لە یەکەم دەرفەتدا دان بە‌ تاوانەکەتدا بنێ، ئەگەر دانی پێدا نەنێی، لە چنگ ئەمانە رزگار نابیت.»

بەڵام ئایا دان پیانان بە ‌تاوان، تەنانەت تاوانێکی نەکردووش دەبێتە ‌هۆی رزگاری و ئازادی مرۆڤ؟ بێگومان نا. لێنی لە دەوامەی قسەکەیدا دەڵێت: «تازە ئەو کاتەش بێئەوە لە دەرەوە یارمەتیت بدەن دەرەقەت نایەیت، بەڵام پێویست بەوە ناکات نیگەران بیت، خۆم یارمەتیت دەدەم.»

«ک» بەردەوام رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە بەڵێنی یارمەتیدانی پێ دەدەن، بەڵام هیچ یارمەتیدانێک لە ‌ئارادا نییە. دیارە ‌ئەمەش هەر بە هۆی درۆزنی و گەندەڵی و مەبەستی خراپی بەڵێندەرەکانەوە نییە، بەڵکوو بە هۆی ئەو بارودۆخەوەیە ‌کە ‌هیچ مەجال و دەرفەتێکی بۆ یارمەتی و یارمەتیدان نییە.

بارودۆخێک کە ‌یوزف «ک» تیایدا گرفتار بووە ــ بارودۆخی کافکایی ــ گەلێک تایبەتمەندی هەیە کە ئەو نە دەیانناسی، نە پێشبینییان دەکات و نە تەنانەت لەگەڵ لۆژیکەکانیدا، کە ‌لۆژیکی ئاسایی دەرەوەی ئەو دامودەزگا سەیر و سەمەرەی دادگایە، دەگونجێت. بەشێک لەو تایبەتمەندییانە لە یەکەم ساتەوەختی تۆمەتبار کردنییەوە خۆیان دەردەخەن و دایدەچڵەکێنن. یەکەم شتێک کە دایدەچڵەکێنێ پێشێل کردنی سنوورەکانی ژیانی شەخسی و تاکە کەسییەتی. دوو نیگابانی گەوج و گەمژە یەکەم کەسانێکن کە بەبێ هیچ پرس و ئاگادار کردنەوەیەک خۆیان بە ژوورەکەیدا دەکەن و ناشتاکەی دەخۆن و جلەکانی ژێرەوەشی لەبەر دادەماڵن. ــ لە‌بیرمان نەچێت کە ‌گەوجی، گەمژەیی (بێعەقڵی)، درۆزنی و فێڵە بازی تایبەتمەندی ئاکاری زۆربەی ئەو کەسانەیە کە ‌بە شێوەیەک ‌پەیوەندییان بە ئەو و دۆسییەکەیەوە هەیە. رەنگە تەنیا کەسێک کە بەمشێوە نەبێت خانمی بورستنەر بێ کە یوزف «ک» خۆشی دەوێ و لە سەرە مەرگیش دا تاکە کەسێکە کە بە‌شێوەیەکی خەیاڵی و زهنی رێی نیشان دەدات. ــ دانیشتوانی ماڵەکەی ئەوبەر، پیرێژن و چەند کەسیتر، بەردەوام سەرەتاتکە دەکەن و وەک سەیر کەری سیرک و تیاتر لێی ورد دەبنەوە. ئەم رەوتە هەر بە ‌پێشێل کردنی سنوری ژیانی شەخسییەوە ناوەستێتەوە و، لە ‌دەوامەی خۆیدا، هەموو سنوورێک لە نێوان ژیانی شەخسی و تاکە کەسی لە گەڵ ژیانی کۆمەڵایەتی دەشێوێ و دەسڕدرێتەوە. ئێستا ئیتر ئەو، هەموو ژیانی لە ‌خەڵک ئاشکرایە، هەموو کەس دەیناسێ و دەزانێ تۆمەتبارە، لە هیچ کوێ پێویستی بە خۆ ناساندن نییە. ئەم دۆخە ئەوەندە ناخۆش و داچڵەکێنەرە کە بەوپەڕی گوناحییەوە دەڵێ: «چەندە‌ خۆشە مرۆڤ بەر لەوەی بناسرێ، خۆی بناسێنێت!»

تایبەتمەندییەکی دیکە، پێشێل کردنی سنوورەکانی ئازادییە. ئەمەش هەر بەو مانایە نییە‌ کە جەغزی ئازادیەکەی بەر تەسکتر دەکەنەوە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە سنووری نێوان ئازاد بوون و ئازاد نەبوونی دەسڕنەوە. «ک» دوای ئەوە کە لە ‌دەست بەسەر بوونەکەی دڵنیا دەبێ، پێیوایە دەبێ بیگرن و لە زیندانی رۆ بکەن. بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکەیەوە، نەک هەر نایگرن، بەڵکوو رێگەی پێ دەدەن کە ‌بچێت بۆ بانک بۆ سەر کارەکەی و بە ژیانی ئاسایی و رۆژانەی خۆیدا رابگات. ئەو سەرەتا ئەم حاڵەتەی پێ ناخۆش نییە، تەنانەت بە لێکۆڵەرەکەی دەڵێ: «کەواتە ‌دەست بەسەر بوون زوریش خراپ نییە!»

بەڵام زۆر زوو پەی بەو راستییە دەبات کە ‌ئەم ئازاد بوونە رواڵەتییە کەمەندێکە کە خراوەتە گەردنی و بەرەو ئەو رێکخراوە هەزار ئەشکەوتە بێسەر و بنەی دادگا و سیستەمی دادوەری رایدەکێشێت. ئەو دیلی رێکخراوەکەیە. دیلێکی هەڵواسراو، دیلێک کە پێیوایە لەگەڵ دەسەڵاتی رێکخراوەکەدا دەجەنگێت، بەڵام لە راستیدا بە‌ پێی خواست و بەرنامە و تەنانەت لۆژیکەکانی ئەو دەسەڵاتە دەجووڵێتەوە. هەموو ئەو کەس و رووداوانە کە هانی شەڕ کردنی دەدەن و، هەموو ئەو کەس و رووداوانەش کە هانی تەسلیم بوونی دەدەن، بە گشتی، بەشێک لەو رێکخراوە و بەشێک لە ‌سیستەمی کار کردنی ئەو دەسەڵاتەن. «ک» بەمانە ‌دەزانێ، بەڵام لە ‌هۆکارەکانی ناگات. ئەو هەموو ئەمانە بە گەندەڵکاری رێکخراوەکەوە دەبەستێتەوە‌ کە خۆی گوتەنی «لە لایەکەوە، نیگابانە گەندەڵەکان، لێکۆڵەرە گەوجەکان و ئەو داوەرانە دەخاتە سەر کار کە باشترین بۆچوون لە بارەیانەوە ئەوەیە کە  سنوورەکانی خۆیان دەناسن. لە لایەکی دیکەشەوە زنجیرەیەک دادوەری بە راست پایەبەرزیشی لەبەر دەستدایە، هەروەها ئاپۆرەیەک خزمەتکار و سکرەتێر و پۆلیس و هاوکاری دیکەش، رەنگە ‌کۆمەڵێک جەلادیش...» ئەو دەزانێ ئەمانە‌ لە ‌خزمەتی ئامانجێکدان کە سووک و تڕۆ کردنی مرۆڤ  و تۆمەتبارەکانە. ئەو زۆر زوو لەوە‌دەگات کە ‌ناتوانێ‌ لەم رێکخراوە و لەم سیستەمە بە ناو دادوەرییەدا کە خۆی گوتەنی «سەیر بێمانایە» چاکسازی بکات، بەڵام بەو پەڕی سادەیی و ساویلکەیی پیاوێکی خەباتکارەوە، پێیوایە ‌دەتوانێ لەگەڵیدا بجەنگێ و شکستی پێ بێنێت. «من هەر ناخۆشییەک کە شکستی ئەوانی لێ بکەوێتەوە پێم خۆشە. من چیم لە ‌دەست بێت دەیکەم تا ئەوان شکست بێنن.»

 

***

لەم رۆمانەدا، ئەوەندە کە کەسایەتی و رووداوەکانی وابەستە بە دادگا سەیر و سەمەرە و گاڵتەجاڕی نمایش دەکرێن، بە هەمان رادە، کردە و هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانی «ک»ێش منداڵانە و ساویلکە دەنوێندرێ. کەواتە رووبەڕوو بوونەوەی دادگا و تۆمەتبار، یان سیستەمی دادوەری و «ک»، رووبەڕوو بوونەوەی گاڵتەجاڕی و مەسخەرەیی لەگەڵ سادەیی و ساویلکەییە. بەڵام دڵرەقی و توند و تیژییەک کە لە‌ کەسایەتی و رووداوە گاڵتەجاڕیەکانی دادگادا هەیە لە کردە و هەڵویستەکانی «ک»دا نییە. بە پێچەوانەوە، ئەوەندە کە ‌پیاوانی دادگا توند و تیژ و مۆن و گرژن، «ک» وەک هەموو تۆمەتبارێکی تر، جوان و لە بەردڵانە. کەواتە دەشێ بگوترێت رووبەڕوو بوونەوەی دادگا و تۆمەتبار، لەگەڵ ‌ئەوەدا کە‌ رووبەڕوو بوونەوەی گاڵتەجاڕی و ساویلکەییە، رووبەڕوو بوونەوەی توند و تیژی و جوانیشە.

«ک» تا زیاتر لە دادگا نزیک دەبێتەوە و تا زیاتر بەرەو ئەو دامەزراوە هەزار ئەشکەوتییە رادەکێشرێ، زیاتریش پەی بە دڵرەقی و توند و تیژی رێکخراوەکە و سیستەمە دادوەرییەکە دەبات. توند و تیژییەک کە‌ لە ژێر چەتری گاڵتەجاڕیدا نەشاردراوەتەوە، بەڵکوو بە هۆی گاڵتەجاڕیەوە ئاشکراتر بووە. بێگومان ئەم گاڵتەجاڕی و مەسخەرەییە لە جیاوازی لۆژیکەکانی دادگا و «ک» ــ هەروەها دادگا و ئێمەی خوێنەریشەوە ــ سەر هەڵدەدات. بە پێی لۆژیکەکانی «ک»، دادگا دەبێ‌دامەزراوێکی پاک و خاوێن و ساغڵەم بێت، دامەزراوێکی رێک و پێک و بەشکۆ بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بە پێی یاساگەلێکی دیار و شەفاف. بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەم دادگایە دامەزراوێکی پیس و پۆخڵ و گەندەڵە و بە هۆی نادیاری و نائاشکرایی یاسا، بەردەوام توند و تیژی بەرهەم دەهێنێت. ئەم توند و تیژییە بەر لە هەموو شتێک لە سووک و ریسوا کردنی خۆی و تۆمەتبار و تەنانەت پارێزەرەکانیشدا خۆی دەردەخات.

کەواتە‌ توند و تیژی دادگا، یان بە گشتی توند و تیژی ئەم جیهانە رێکخراوەییە، توند و تیژی بە ‌ئاراستەیەکی تایبەت و دیاری کراودا نییە و تەنیا تۆمەتبار ناگرێتەوە، بەڵکوو توند و تیژییەکە بە هەموو ئاراستەکاندا و هەموو سیستەمەکە و کەسانی ناو سیستەمەکەش دەگرێتەوە.

ئەم سیستەمی دادوەرییە کە لە رۆمانی دادگاییدا نمایش دەکرێت، سێ لایەنی مرۆڤی هەیە کە بریتین لە ‌پیاوان و فەرمانبەرانی دادگا (هەموو ئەو کەسانە ‌کە ‌راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە خزمەتی دادگادان)، تۆمەتبار و پارێزەر.

دادگا رێکخراوێکی شێرپەنجەییە کە بە هەموو دەمارەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی گۆمەڵگەدا بڵاو بۆتەوە. رێکخراوێکی گەندەڵ و بێ سەر و بەرە کە نووسینگەکانی لە گەڕەکە هەژار نشینەکان، لە خرابترین و سووکترین شوێنی بینا و ئاپارتمانەکاندایە. فەزاگەلێکی ترسناک و قەرەباڵغ کە هەوایەکی قورس و خنکێنەریان هەیە. پیاوان و فەرمانبەرانی ئەم دادگایە‌ کە یەکەم لایەنی مرۆیی سیستەمەکەن، لە سەرەوە بۆ خوارەوە مرۆڤی گەندەڵی لووت بەرز، بەڵام مەسخ و لەخۆ نامۆن. دادوەرەکان، کە پایە بەرزترین بەرپرسن، لە راستیدا خاوەنی نزمترین پلە و پایەن و، تەنیا لە رەسم و پۆرترێتەکاندا (کە ئەویش لە رووی رەسم و پۆرترێتە کۆنەکانەوە دەکێشرێنەوە) سیما و شکۆی دادوەریان هەیە. داوەری لێکۆڵینەوە و نیگابانەکانیش هەروا کە‌ خۆیان بەردەوام دانی پێدا دەنێن، بێئەوە ئاگاداری هیچ شتێک بن و هیچ زانیارییەکیان لە بارەی دۆسییە و تۆمەتبارەکانەوە ببێت، کوێر کوێرانە ئەمری بەرپرسە باڵاکانیان بەرێوە دەبەن. جوانترین دەرکەوتەی ئەم دادگایە و پیاو و فەرمانبەرەکانی، ئامادەییان لە یەکەم دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە بارەی «ک»ێوەیە، کە بە ‌ئاشکرا سووکی و ریسوایی و لە‌خۆ نامۆبوونیان دەردەکەوێت. ئەم دادگایە بێجگە لە‌ دادوەر و فەرمانبەر و نیگابانەکان، کۆمەڵێک خەڵکی سووک و ریسوای دیکەشی لە خزمەتدایە، کەسانێکی وەک شێوەکار و ئەو کچە مێرمنداڵە بەد ڕەوشتانە کە هیچ ئەرک و بەرپرسایەتییەکی دیاریکراویان نییە.

لایەنێکی دیکەی ئەم سیستەمە دادوەرییە تۆمەتبارە. ئەگەر زۆربەی فەرمانبەران و خزمەتکارانی دادگا مرۆڤی هەژاری سەر بە‌چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەن، بە پێچەوانەوە، هەموو تۆمەتبارەکان خەڵکی سەر بە ‌چین و توێژی ناوین و باڵای کۆمەڵگەن. کەسانێک کە لە ‌دەرەوەی ئەو رێکخراوە، بە ‌پلە و پایەی بەرزی خۆیان دەزانن و ئامادەن بەرگری لێ بکەن، بەڵام لە ناوەوەی رێکخراوەکە، وەک تۆمەتبار، مل بە ‌هەموو سووکایەتییەک دەدەن و توانای بەرگری کردن لە پلەوپایەی کۆمەڵایەتی خۆیانیان نییە. ئەوان لە‌ داڵان و رێڕەوەکانی دادگادا «هەمویان بە ‌شڕ و شڕۆڵی جلوبەرگیان پۆشیبوو، بە حاڵەتی روومەت و شێوەی هەڵسوکەوت و زۆر وردەکاری دیکە دیار بوو کە سەر بە چینەکانی سەرووی کۆمەڵگە بوون.» باشترین نموونەی ئەم تۆمەتبارانە بلۆکی تاجری دەغڵ ‌و دانە «ئەو پیاوێکی دنیا دیتووی بە ‌ئەزموون بوو، لە هەر شوێنێکیتر بوایە دەیزانی چۆن دەبێ هەڵسوکەوت بکات و، بە ‌سادەیی واز لە گەورەیی سروشتی خۆی نەهێنیت، بەڵام لێرە تەنانەت نەیدەزانی چۆن وەڵامی پرسیارێکی سادەش بداتەوە، بۆیە لە ئەوانیتر راما، دەتگوت پێیوایە ئەوان دەبێ یارمەتی بدەن، دەتگوت ئەگەر کەسێک یارمەتی نەدایە نەیدەتوانی وەڵام بداتەوە.» هەروەها زۆر نموونەی دیکەش.

   لەم سیستەمەدا هیچ جیاوازییەک لە ‌نێوان تۆمەت و تاوان، یان تۆمەتبار و تاوانبار نییە. شێوەکار وەک پیاوێکی بە ئەزموون و ئاگاداری سیستەمەکە بەمشێوە راستییەکان دەدرکێنێت: «بەڵام ئەوان (بەرپرسەکانی دادگا) وابیر دەکەنەوە کە تۆمەتەکان هەرگیز لە خۆوە هەڵنابەسترێن و، کاتێک دادگا کەسێک تۆمەتبار دەکات، لە تاوانی کەسەکە دڵنیایە و بە گران واز لەم دڵنیاییەی دەهێنێت.» ئەو دەستبەجێ بە وتەکەی خۆیدا دەچێتەوە و بۆ ئەوە حەتمییەتی بداتێ، دەڵێ: «بەگران؟! دادگا هەرگیز واز لە دڵنیاییەکەی خۆی ناهێنێت.»

کەواتە مادام تۆمەت هەمان تاوان و تۆمەتبار هەمان تاوانبار بێت، دادگایی یان پڕۆسەی دادگایی کردنەکەش لە سەرەتاوە تا کۆتایی سزا و سزا درانە. من پێموایە ‌خوێنەری رۆمانەکە دەبێ زۆر بە ‌جیدی سەرنج بەم خاڵە بدات کە لەم دادگایە و لەم سیستەمە بە ‌ناو دادوەرییەدا هیچ ئاماژەیەک بە سزای ئاسایی وەک زیندانی کردن و تەنانەت کوشتنیش ناکرێت. دەکرێ بڵێن مرۆڤ لەو رۆژەوە ‌کە ‌وەک تۆمەتبار دەناسرێ و دەستبەسەر دەکرێ (نەک گیران)، حوکمی تاوانباری بۆ دەرچووە و، سزاکەشی راکێشران بۆ ناو ئەو جیهانە دامەزراوەییە سەیر و سەمەرەیە کە لە پڕۆسەیەکی سووک  کردن و مەسخ و لە خۆ نامۆ کردندا، هەموو بیر و هەڵوێستێکی مرۆڤانەی لێ دەستێنێتەوە، واتە لە ‌مرۆڤ بوون دایدەماڵێت.

ئەوەش کە‌ شێوەکار بە ناوی سێ جۆر حوکمی بەرائەت و بێتاوانی ناوی دەبات، هیچ نییە جگە لە نەبوونی بەرائەت و حوکمی بێتاوانی. من پێموایە‌ کوشتنی «ک»ێش نموونەیەکی دەگمەنە کە بە هۆی جەنگاوەری «ک» و تەسلیم نەبوونی بە خواست و تەمەنای دەسەڵاتی ئەو جیهانە رێکخراوەییەوە روو دەدات. ئەمە نموونەیەکە کە هیچ کەس، نە دادوەر و نە پارێزەر و نە شێوەکاریش لە لێدوانە دوور و درێژەکانیان لە بارەی دادگاوە باسی ناکەن، نموونەیەکی جیاواز لە تۆمەتبارەکانیتر، کە وەک بلۆکی تاجری دەغڵ و دان مل بە‌ سووک بوون و مەسخ و لە‌خۆ نامۆ بوون دەدەن و، وەک بوونەوەرێکی بێ هەست و بێ ئاوەز و نائومێد، لەوپەڕی ترس و دڵەراوکەیەکی بێ بنەما، لە‌ هۆڵ و رێڕەوەکانی دادگا و، لە ‌ماڵی پارێزەرەکانیاندا دەکەون.

لایەنی سێهەمی ئەم سیستەمە دادوەرییە، پارێزەرە. پارێزەر ئەگەرچی بە چەند بەشێکی وەک باش و خراپ و ساختەچی و ... دابەش دەکرێت، بەڵام لەبەر دەمی دادگادا، لە تۆمەتبار بە بایەختر نییە. هەموو ئەو سووکایەتییە کە سیستەمەکە بە ‌تۆمەتباری دەکات، بە پارێزەریشی دەکات. لە خرابترین ژوورەکانی دادگا جێی بۆ دەکاتەوە و، رێگەی پێ نادات کە لە کۆبوونەوەکاندا بەشداری بکات. باشترین پارێزەرەکان، کە بە رواڵەت دەبێ ئاگاداری دۆسییەکان بن و لەسەر بەرپارێزەکانیان هەڵبقڕێن و بەرگرییان لێ بکەن، خۆیان دەبنە جەلادێکی دادگا و ئامێرێکی ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار و، لە باشترین پاکانەکانیشدا وەک سەگی بەر قاپی دادگا و دادوەرەکان، خۆیان دەناسێنن. ئەوەش کە پێی دەگوترێ پارێزەری باڵا، وەک بەرپرسی باڵا و دادگای باڵا هیچ نییە جگە لە خەیاڵێک کە تۆمەتبار خۆی پێوە سەرقاڵ دەکات.

شتێک کە لەم جیهانە رێکخراوەییە و لەم سیستەمە دادوەرییەدا ئەم سێ لایەنە پێکەوە دەبەستێتەوە، دۆسییەیە. بەڵام ئەوەش کە هیچی لێ نازاندرێ و وێڕای باس لەسەر کردنی، هیچ شتێکی دیار نییە، دیسان دۆسییەیە. لێرەدا جێی ئەوەیە بپرسین دۆسییە کە جەمسەری هەموو کردە و هەڵوێست و مایەی ترس و تۆقینەکانە، لە کوێی ئەم سیستەمە دادوەرییەدایە؟ بێگومان دۆسییە لەم سیستەمەدا دەورێکی هێمایین و تەمسیلی هەیە، بەڵام ئەم دەورە چییە و چۆن دەخوێندرێتەوە؟ لە رووکەشیترین خوێندنەوەدا دۆسییە ناوی دیکە، یان با بڵێین ناوی سەرەکی تۆمەتبارە. دۆسییە نوێنەر، یان واچاکە بگوترێ، رووی حەقیقی تۆمەتبارە. کۆی ئەو زانیاریانەیە کە تۆمەتەکە دیاری دەکات، کۆی ئەو راپۆڕت و سکاڵایانەیە کە تاوان ئاشکرا دەکات، سەرجەمی ئەو سوێند و شایەتی و پاکانە و سکاڵایانەیە کە کۆ دەبنەوە تا بخرێنە بەر دەستی دادگا و بە پێی یاسا قەزاوەتیان لەسەر بکرێت. بەڵام یاسا چییە و لە کوێیە؟

 

پێشتر باسی موتیڤە سەرەکییەکانی ئەم رۆمانەم کرد کە بریتین لە ئازادی، ماف و دادپەروەری. ئەمانە و موتیڤگەلێکی دیکەی وەک تۆمەت، تاوان، سزا و... بە گشتی لە ژێر چەتری یاسادا کۆ دەبنەوە. یاسا ــ شتێک کە ‌هەرگیز لەم رۆمانەدا ئاماژە بە نەبوونی ناکرێت ــ سنوورەکانی تاوان دیاری دەکات. یاسا تاکە ‌وشەیەکە کە زۆرترین جار ئاماژەی پێکراوە، دووپات کراوەتەوە، تەنانەت بە رەشتر کردن و پڕ رەنگتر کردنی پیتەکانی جەختی لەسەر کراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە ناو تەمومژێکی ئەوەندە ‌خەستدایە کە هیچ شتێکی دیار نییە.

لە‌ هەموو کۆمەڵگەیەکی ئینسانیدا، یاسا، چاک یان خراپ، بە رادەیەک لە ئاشکرایی، لە سەرچاوەیەکی دیاریکراو و لە لایەن دەسەڵاتێکی باڵاوە دادەڕژێ و، بە هۆی سیستەمێکی بەڕێوەبەرییەوە پیادە دەکرێت. بەڵام لەم جیهانە داستانییەدا، یاسا لەوپەڕی نائاشکراییدایە. سەرچاوە و دەسەڵاتی داڕێژەری یاسا دیار نییە و، کەس، تەنانەت دادگا و فەرمانبەرانی دادگاش، کە بەرپرسی پیادە کردنین، ئاگایان لێی نییە و نازانن چییە. لەم جیهانە‌ داستانییەدا دەسەڵاتی باڵا کە مەرجەع و داڕێژەری یاسایە، وەک دادگای باڵا و بەرپرسە پایەبەرزەکان و پارێزەرە پایەبەرزەکان، ونە. ئەوەی کە‌ ئاشکرایە، رووپەڕی بەرهەستی جیهانە رێکخراوەییەکە و سێ لایەنی مرۆیی ئەو سیستەمە بەناو دادوەرییەیە کە هیچ پەیوەندییەکی دیاریان بە دەسەڵاتی باڵا و یاساوە نییە. ئەم سێ‌ لایەنە ‌مرۆییە (فەرمانبەرانی دادگا، پارێزەر و تاوانبار)، وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، سێ‌ لایەنی گەمەیەکی تاڵ و ترسناک و ناعەقڵانین. تێکڕا نێچیری داوی ئەو جیهانە رێکخراوەییەن کە بە ‌تەمای سووک کردن و مەسخ کردن و لەخۆنامۆ کردنی هەموویانە. ئەم مەسخ و لەخۆنامۆ کردنە، بەرئەنجامی میکانیزم و شێوازی کار کردنی سیستەمێکە کە نە دەسەڵاتی دامەزرێنەر و نە یاسای بەڕێوەبەری دیار نییە.

بێگومان ئەم بۆچوون و ئەنجامە، ئەوەندە ‌کە بە رواڵەت سادەیە، لە ناخی خۆیدا ئاڵۆز و ترسناکە. ئەوەندە کە  عەینی و بەرهەستە، ئەوەندەش زهنی و نابەرهەستە. ئەوەندە کە پەیوەندی بە دنیای واقیعەوە هەیە، ئەوەندەش پەیوەندی بە متافیزیکەوە هەیە.

داڵغەی سەرەکی کافکا لە داهێنان و گێڕانەوەی ئەم جیهانە تەمسیلی و داستانییە، زیاتر لەوە کە رەخنە گرتن لە دەسەڵات و خراپی یاساکان بێت، گەڕان بە شوێن یاسا و پەیوەندی نێۆان مرۆڤ و یاسایە. پەیوەندی نێوان مرۆڤ و یاسا، پەیوەندی نێوان مروڤ و دادپەروەری، مرۆڤ و ئازادی و رزگاری، دیاری دەکات.

«ک» لە ‌بەیانی ئەو رۆژەوە کە‌ تۆمەتبار دەکرێت، بە ‌ئومێد و شێلگیرییەوە شوێن یاسا دەکەوێت. ئەو، پێناچێ گومانی لە بوونی یاسا ببێ، دەزانێ لە کۆمەڵگەیەکی یاساییدا دەژی کە بە پێی یاساکان بەرێوە دەبرێ، خودی تۆمەتبار کردنەکەش بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگر بۆ بوونی یاسایە (بێگومان لە ‌نەبوونی یاسادا کەس تۆمەتبار ناکرێت). ئەو سیستەمە بە پێچ و پەنا و ئاڵۆز و سەیر و سەمەرەش بەڵگەیەکی دیکە بۆ بوونی یاسایە. بوونی یاسا لە سەرەتادا جۆرێک دڵنیایی و ئارخەیانی بە «ک» دەبەخشێت. ئەگەرچی دواتر بەرە بەرە تووشی ترس و دڵەراوکە و هەڵچوون دەبێت، بەڵام ئەو ترس و دڵەڕاوکە و هەڵچوونەشی بە هۆی نائومێد بوون لە بوونی یاسا نییە. ئەو ترس و هەڵچوونەی «ک» لە گومان و دڕدۆنگییەکەوە سەر هەڵدەدات کە گومان لە بەرێوە بردنی یاسا و گەیشتن بە ‌دادپەروەرییە، گومان لە دووری و دوورە دەست بوونی یاسایە.

«ک»، وردە وردە پەی بەوە دەبات کە ئەم سیستەمی دادوەرییە، واتە دادگا و دادوەر و لێکۆڵەر و نیگابان و تەنانەت پارێزەرەکانیش، لەمپەرێکن لەسەر رێگەی گەیشتنی ئەو بە یاسا. بۆیە بەو پەڕی ئازایەتییەوە لەگەڵ ‌سیستەمەکە، لەگەڵ دادگا و دادوەرەکاندا بەشەڕ دێ و، تەنانەت واز لە هاوکاری پارێزەرەکەشی دەهێنێت. ئەو پەی بە ‌تەنیایی خۆی لە بەرامبەر سیستەمەکە دەبات و بەو ئەنجامە دەگات کە دەبێ بۆ خۆی کاروباری دۆسییەکەی راپەڕێنێ و شوێن یاسا بکەوێت. «ک» تا ئێرە ئەگەرچی ماندوو، ئەگەرچی نیگەران و ترساو و دڵ لە دوایە، بەڵام نائومێد نییە. ئەو هێشتا هیوای بە گەیشتن بە یاسا و، لەوێشەوە گەیشتن بە‌ دادپەروەری و رزگاری هەیە. بەڵام کاتێک لەگەڵ‌ قەشەیەکی کلێسەی جامیعە رووبەڕوو دەبێتەوە کە ‌هاوکات پیاو و فەرمانبەری دادگاشە، پەیامێکی لێ وەردەگرێ کە خەتی راست و چەپ بەسەر هەموو هیواکەیدا دەهێنێت. ئەو، کە‌ تا ئەو کاتە جەنگاوەرێکی رێگەی گەیشتن بە دادپەروەری و رزگاری بوو، ملی بە مەسخ و لە خۆ نامۆبوون نەدەدا، لەو کاتەوە دەبێت بە ‌مروڤێکی تێشکاو. لەو کاتەوە ئیتر هیچ هیوایەکی بە گەیشتن بە یاسا و دادپەروەری و رزگاری نامێنێ و، لە ‌دواهەم بەشی رۆمانەکەدا وەک جەنگاوەرێکی تەسلیم و نائومێد، مل بە قەدەری تێشکانەکەی دەداو، وەک قوربانییەکی بێ هیوا، خۆی بە جەلادەکانی دەسپێرێت. ئەو، ئەوەندە لە مردن و تیاچوونی خۆی بە پەلەیە کە‌ دەیهەوێت چەقۆ لە جەلادەکانی وەربگرێ و، خۆی، چەقۆکە لە سنگی خۆی رۆ بکات.

بێگومان لێرەدا خوێنەر دەپرسێت ئەو پەیامە چییە کە ‌قەشە بە یوزف «ک»ێی رادەگەیەنێ، ئاوی سارد بەسەر ئاگری هیواکانیدا دەڕێژێ، ئاڵای تەسلیم بوونی پێ هەڵدەکات و مل بە قوربانی بوون دەدات؟

ئەگەرچی من دڵنیام کە دێڕ بە بەش بە بەشی رۆمانی دادگایی، وەک یەکێک لە‌ مەزنترین تراژدییەکانی ئەم سەردەمە، دەبێ ‌چەندان جار بخوێندرێتەوە، بەڵام دوو بەشی کۆتایی رۆمانەکە و، دیمەن و وتووێژەکانی ئەو دەوو بەشە، بەهرەی داهێنەرانەی کافکا و توانا و گرینگی رۆمانەکەی، لە ئاستێکی زۆر باڵادا نمایش دەکەن. بە داخەوە من لەم نووسینە کورتەدا دەرفەتی پیاچوونەوە بە ‌دیمەنەکانم نەبووە و، نەمتوانیوە قسە لە کارامەیی نووسەر بۆ هەڵبژاردنی شوێن و فەزاسازی و چنینی بە جێ و ڕێی شتەکان بکەم و، دەوری تاریک و روونی ئەم فەزا و شوێن و شتانە، لە راگوێزانی هەست و داهێنانی ماناکاندا لێک بدەمەوە. دەرفەتی ئەوەم نەبووە باسی زمانی سادەی گێڕانەوەکە و چۆنییەتی بەرهەست کردنەوەی چەمک و مەفاهیمە مەزنەکان بکەم. دیارە کەم نووسەر دەتوانێ لە ‌داهێنانی رۆمانێکی ئەوەندە ‌زهنیدا، بۆ راگوێزانی هەست و مانا دژوازەکان، وەک شانۆکارێکی کارامە و هونەرمەند فەزاسازی بکات، سوود لە ‌شوێن و چنینی شتەکان و بوون و نەبوونی رۆشنایی وەربگرێ و، بیانکات بە‌ پاڵپشتی زمان و لەحن و ئیقاعی گێڕانەوەکەی. لە کۆتاییدا ئەوەی کە نابێ پشت گوێ بخرێ، ئاماژەیەکی کورت بە پەیامە هیوابڕەکەی قەشەیە.

قەشە (رەنگە بە هۆی قەشە بوونییەوە) تەنیا کەسێکە کە لە ناو ئەم جیهانە رێکخراوەیی و ئەم سیستەمە دادوەرییەدا، ئاگاداری توانا و قابلییەتی چیرۆکە تەمسیلی و هێماییەکان بۆ داهێنان و راگوێزانی پەیامە مەزنەکان هەیە. ئەو بۆ بەرهەست کردنەوەی بارودۆخی «ک» لەم جیهانە رێکخراوەییە سەیر و سەمەرەدا، حەقایەتی پیاوێکی لادێیی دەگێڕێتەوە کە بە هیوای چوونە ناو ماڵی یاسا، تا دوا ساتەکانی ژیانی لەبەر دەرکە چاوەڕوان دەبێ و، جگە لە ‌ژیان و تەمەنی، هەموو سەروەت و سامانەکەشی بە دەرکەوانی ماڵەکە دەبەخشێت. بەڵام دەرکەوان لە ‌دوا ساتەکانی ژیانی کابرادا پێی رادەگەیەنێ کە ‌ئەگەرچی ئەو ماڵەی یاسا تەنیا بۆ ئەو بووە و ئەو دەرکەش تەنیا لەبەر ئەو کراوەتەوە، بەڵام ئەو هەرگیز نەیتوانیوە و ــ نەیدەتوانی ــ  بچێتە ناو ماڵەکەوە.

دیارە ئەم حەقایەتە چیرۆکێکی تەمسیلی ئێجگار قووڵە و پێویستی بە شیکاری و راڤەی هەر دووکیان هەیە. ‌ئەنجامی ئەم شیکاری و راڤە کردنەشیان ئەوەیە کە تۆمەتبار لە ‌هیچ دۆخێکدا ناتوانێ سەر بە‌ماڵی یاسادا بکات و بە دادپەروەری و رزگاری بگات. ‌پێشتریش گوترا، ئەمە بە مانای نەبوونی یاسا، یان چاک و خراپی یاساکان و رێژەی دادپەروەری و رزگاری نییە، بەڵکوو بە مانای قەدەری لە‌ گۆڕان نەهاتووی نەبوونی ئیمکانی گەیشتن بە ‌یاسا و دادپەروەری و رزگارییە. ئەم پەیامە لە گەڵ ئەوەدا کە ‌کۆتایی بە ئومێدی گەیشتن بە یاسا و دادپەروەری و رزگاری دەهێنێ، لە هەمان کاتیشدا کۆتایی بە ترس و دڵەڕاوکە و سەراسیمەیی یوزف «ک»ێش دەهێنێت. «ک» بە وەرگرتنی ئەم پەیامە قەدەرییە، لەگەڵ ئەوەدا کە ‌هەموو هیواکانی بۆ گەیشتن بە ‌یاسا و دادپەروەری و رزگاری دادەچۆڕێ، ترس و دڵەراوکە ‌و هەڵچوون و سەراسیمەییەکەشی نامێنێت. ئەو تێدەگات ئەم سیستەمە دادوەرییە گەمەیەکی قێزەون بووە کە‌ نەک هەر خۆی، بەڵکوو بەرامبەرەکەشی، واتە دادگا و فەرمانبەرەکانی دادگاش، بەو گەمەیان نەزانیوە. بە ‌پێی ئەم خوێندنەوە، دادگا و فەرمانبەرە ورد و درشتەکانی دادگا، بە گشتی، دەوری دەرکەوانی بەر ماڵی یاسایان گێڕاوە. ئەوانیش وەک دەرکەوانی بەر ماڵی یاسا توانای چوونە ژوور بۆ ناو ماڵەکەیان نەبووە و، ئەگەرچی خۆیان بە فەرمانبەری یاسا و مرۆڤی ئازاد زانیوە و پێانوابووە لە تۆمەتبارەکان مەزنتر و بانترن، بەڵام ئەوانیش وەک دەرکەوانی یاسا دەست بەسەر بوون و، وەک «ک»ێی تۆمەتبار، رێگەی چوونە ناو یاسایان نەبووە.

کەواتە لە دنیای رۆمانی دادگاییدا نەک هەر تۆمەتبار، بەڵکوو فەرمانبەرانی دادگا و هەموو ئەو کەسانەش کە خۆیان بە مرۆڤی ئازاد دەزانن، دەرفەتی گەیشتن بە یاسایان نییە. هەموویان نێچیری داوێک و کۆیلەی دەسەڵاتێکن کە ‌لە ‌خودی جیهانە رێکخراوەییەکەوە سەرهەڵدەدات و ئیمکانی گۆڕانی نییە. لەم جیهانەدا، یاسا و دادپەروەری و رزگاری بۆ هەموویان بوونێکی نەبووە. گاڵتەجاڕی و کۆمێدی جیهانەکەش، نەک هەر لە سەیر و سەمەرەیی رووداوەکان و کەسەکان، بەڵکوو لە تێ نەگەیشتن لەم بوونە نەبووەی یاسا و دادپەروەری و رزگارییەوە سەرچاوە دەگرێت. تراژدی مەرگی «ک»ێش بەرئەنجامی تێگەیشتن لەم جیهانە و، ملدانی پێشوەخت بەم قەدەرە تاڵ و نەگۆڕەیە. جیهانی ئەم رۆمانە جیهانێکی بەتاڵ لە هیواو ‌و تا سەر ئێسقان نائومێد کەرە.

لە ‌کۆتاییدا چەند پرسیارێک دەمێنێتەوە کە‌ من وەڵامدانەوەکەی بۆ خوێنەری ئەم رۆمانە و، ئەم نووسینە کورتەی وەرگێڕ بەجێدەهێڵم.

ئایا ئاسوودەیی «ک» لە‌ دوای وەرگرتنی ئەم پەیامە و، لە کاتی تەسلیم بوون بە مەرگ و قوربانی کرانی، بە هۆی رزگار بوونی لەم جیهانە پڕ لە‌ نائومێدییەوەیە؟ ئایا هەڵبژاردنی قەشە بۆ راگەیاندنی ئەم پەیامە مەبەستێکی ئایینی و متافیزیکی لە ‌پشتە؟

دووبارەی دەکەمەوە، دادگایی رۆمانێکی کراوەیە و هیچ خوێندنەوەیەک، خوێندنەوەی یەکلاکەرەوە نییە. دەشێ ملدانی «ک» بە ‌مەرگ و کوژران، بە ‌تەسلیم بوون نەزانین، چونکا دەسەڵاتی ئەو سیستەمە بەناو دادوەرییە خوازیاری مەرگی ئەو نییە، بەڵکوو خوازیاری مەسخ و لە خۆ نامۆ بوون و دوور کەوتنەوەی ئەو لە ‌مرۆڤایەتییە. بەم خوێندنەوە، مەرگی هەڵبژاردەی «ک»، دوا هەڵوێستی خەباتگێڕێکە کە نایەوێ هەموو شتێکی، تەنانەت مرۆڤ بوونیشی، لێ زەوت بکرێت.  ئەمەش خوێندنەوەیەکی ترە و دەکرێ وتارێکی تری لەبارەوە بنووسرێت.

 

ژێرنووسەکان

 

  ١- ئەم وتارە بە‌ناوی «شوێنێک لەو قەراغ و قوژبنانە» یەکەمجار لە کتێبی «کڵاوی کلەمینتس» بە قەڵەمی وەرگێڕانی ئەحمەد میرعەلایی، بە زمانی فارسی بڵاو بووەتەوە. بەشی زۆری ئەم وتارە لە لایەن وەرگێڕی ئەم رۆمانەوە کراوە بە‌ کوردی و، بە ناوی «جیهانی کافکایی» لە یەکێک لە ژمارە سەرەتاییەکانی گۆڤاری «سەردەم» بڵاو کراوەتەوە.

  ٢- ئەو چەند رستە و پاراگرافە کە لە ناو دوو کەوانە و بە قەڵەمی ئاسایی نووسراون ــ ناوبردە کرابێتن یان نا ــ وتەی میلان کۆندێران کە لە وتاری «جێیەک لەو قەراغ و قوژبنانە»، لە ‌کتێبی «کڵاوی کلەمینتس»ەوە گوێزراونەتەوە.

  ٣- «قەسابخانەی ژمارە پێنج» رۆمانی ناوداری «کورت ڤۆنێ گات» کە لە لایەن نووسەری ئەم وتارەوە کراوە بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی کردۆتەوە.

  ٤- ئەو رستە و پاراگرافانە کە بە پیتی رەشتر (بۆڵد) نووسراون، راستەوخۆ لە‌ رۆمانەکەوە گوێزراونەتەوە.

 

 ٥ - ئەم رۆمانەش بە قەڵەمی کاک «رەئوف بێگەرد» کراوە بە کوردی و لە لایەن چاپخانەی رەنجەوە بڵاو کراوەتەوە.