شرۆڤە

رۆمان چییە (٧)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

روانگەی هیگلی فیلسووف لەسەر رۆمان وەک حیماسەی مودێڕنی بۆرژوازییە کە رێنیشاندەری میتۆدی لوکاچە. بۆ هیگل رۆمان بریتییە لە بەرهەمێکی حیماسی دەوڵەمەند بە کەسایەتی و بە دۆخی زۆر، وە ئەوەی جێی بەتاڵە ئەو دۆخە گشتی و شیعرییەیە وا لە سەردەمی کۆندا هەبوون و حیماسەیان لەسەر چێدەکرا. بە گوێرەی هیگل رۆمان لە مانای مودێڕنی کەلیمەدا جیهانێکە لە فۆرمی پەخشاندا خوڵقێندراوە.

 

حیماسە بۆ سەردەمی بۆرژوازی

"بەختەوەر ئەو سەردەمانەن وا ئەستێرەکان نەقشەی رێگاکان بوون، سەردەمانێک رێگاکان بە تیشکی ئەستێرەکان رووندەکرانەوە." ئەمە دەستپێکی رۆمانێک نیە، بەڵکو دەستپێکی کتێبێکە بە ناوی 'تیۆری رۆمان' (١٩٢٠) لە نووسینی 'جۆرج لوکاچ'ی مارکسی، فیلسوفی مەجار و تیۆریستی ئەدەبییات.١٩ زۆر پێش باختین، وات و سەعید نەریتێک هەیە سەبارەت بەوەی لە رۆمان وەک فۆرمێکی پەخشان ئامێزی مودێڕنی لە گۆڕاندا دەڕوانرێ ـ ئاکامی حیماسە و لەکاتێکدا جیهانیی حیماسەیش بەسەرچووە. وشەکانی لوکاچ ئاماژە بە کات و شوێنێک دەدەن بەسەرچووە ـ جیهانی یەکدەستی کەونارا، کاتێک مرۆڤ و ژینگە یەکبوون. بۆیە رۆمان بۆ ئەو فۆڕمی دووهەم و سکولارە، کە لە دیاردە ئایینیەکان و ترانسێندنتاڵەکان جیادەبێتەوە، فۆرمێک کە گشتیەتی حیماسەی لەدەستداوە و کەوتووەتە ژێر کاریگەریی جودایی نێوان مرۆڤ و ژینگەوەو، لەوێوە بۆ حەزی دۆزینەوەی 'سەردەمە بەختەوەرەکان". بەگوێرەی قسەی ئەم بیرمەندە رۆمان "شکڵی ئاوارەی ترانسێندنتاڵی ئایدیایە"؛٢٠ شکڵی حیماسی لە سەردەمێکدا کە گشتیەتی ژیان شتێکە مرۆڤ دەبێ بە شوێنیەوە بێ لەجیاتی ئەوەی هەر لە سەرەتاوە خرایە ناو ئێمەوە. بەگوێرەی لوکاچ ئەگەرچی جیهانی ئێمە لەچاو سەردەمی کۆنی یۆنانییەکان هەم لە بواری دەستکەوتەکان و هەم لە بواری مەترسییەکان گەورەتر و دەوڵەمەندترێکە، بەڵام ئاڵۆزیی مودەرنە ئەو گشتییەتە پوزیتیڤیە لەناو دەبا وا سەردەمانێک مانای بە ژیانی مرۆڤ دەدا. پارادۆکسەکە لەوەدایە ئەگەرچی مرۆڤی مودێڕن لەسەردەمێکدا دەژی ماناکان چیدی راستەوخۆ پێشکەش ناکرێن، بەڵام سەردەمێکە بەردەوام لە تێرمە گشتییەکاندا بیردەکاتەوە. جیهانی رۆمان بەگوێرەی لوکاچ جیهانێکە خودا جێی هێشتووە، بەڵام ئامرازەکەی بۆ زاڵبوون بەسەر جودایی نێوان ژیان و مانا لەخۆیدا تەنز و ئیرونییە. ئیرونی لێرەدا ئەو شتەیە مەرگی خودا قەرەبوودەکاتەوە؛ ئەم ناوبژیوانییە، هەرچەند بەشێوەی نگەتیڤ، لەنێوان مرۆڤ و ژینگەدا ئەنجامدەدرێ.

لوکاچ دەڵێ لە رۆماندا دەبێ رۆح بچێتەدەرەوە بۆ ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە. ئەم بیرمەندە تیپۆلۆژییەک پێشکەشدەکا کە لە پێوەندیی قارەمانی رۆمانەوە لەگەڵ واقع دەستپێدەکا. لە ژێرنووسی ئەم بەرەهەمەیدا هاتووە "وتارێکی فەلسەفی ـ مێژوویی لەمەڕ فۆڕمە مەزنەکانی ئەدەبی حیماسی" و، لێرەدا لەوە تێدەگەین کە ئەم بەرهەمە بۆ خوێندنەوەی جەماوەر نیە. کتێبی 'تیۆری رۆمان' هەم ئەبستراکتە و هەم شیعرییە و پڕە لە دەربڕینی هەستیارانەpatos . بۆیە لێ تێگەیشتنی هەمیشە ئاسان نیە. لوکاچ لە دووای ئەوەی پاش ماوەیەکی کورت بووە مارکسیست و ریالیست، لە بەرهەمی سەردەمی گەنجیەتیی کشایەوە و لە پێشەکییەکی دوواتردا باس لەم دۆخە نوێیەی خۆیدەکا "لەدووای حاڵ و هەوایەکی بەردەوامی پڕ لە ناهومێدی سەبارەت بە دۆخی دونیا"٢١ ـ ناهومێدییەک کە لە ئەزموونی شەڕی یەکەمی جیهانەوە و ئەو کۆمەڵگا بۆرژوازییەوە سەرچاوەی دەگرت وا ئەم شەڕەی لێکەوتەوە.

روانگەی هیگلی فیلسووف لەسەر رۆمان وەک حیماسەی مودێڕنی بۆرژوازییە کە رێنیشاندەری میتۆدی لوکاچە. بۆ هیگل رۆمان بریتییە لە بەرهەمێکی حیماسی دەوڵەمەند بە کەسایەتی و بە دۆخی زۆر، وە ئەوەی جێی بەتاڵە ئەو دۆخە گشتی و شیعرییەیە وا لە سەردەمی کۆندا هەبوون و حیماسەیان لەسەر چێدەکرا. بە گوێرەی هیگل رۆمان لە مانای مودێڕنی کەلیمەدا جیهانێکە لە فۆرمی پەخشاندا خوڵقێندراوە. وەڵامی لوکاچ بۆ "پەخشان" ی هیگل ئەوەیە کە "مەوزوعی رۆمان بریتییە لە نواندنەوەی جیهانێک کە لەیەک ترازاوە".٢٢ دەتوانین بڵێین لە نووسینە مێژووییەکانی لوکاچ لەدایکبوونی رۆمان ئاکامی نگەتیڤی مەرگی حیماسەیە. ژیان و مانا ئەو دوو بوارەیە رۆمان بەدەوریاندا دەسوڕێتەوە؛ نۆستالۆژیایە بۆ ئەو سەردەمە وا ئەم دووانە یەکانگیربوون و هەروەها حەزی دووبارە یەکگرتنەوەیانە. بۆیە رەنگە فۆڕمی رۆمان زۆر هاومانا نەبێ لەگەڵ ئەم ژانرە ئەوەندەی دەربڕی دونیای ژیانە، یان ئەوەی من لە سەرەتادا ناوم لێنا ئانترۆپۆلۆژی. بە واتایەکی تر رۆمان وەک فۆرم بریتییە لە وەڵامێکی ئانترۆپۆلۆژیانە بۆ جیهانێکی گۆڕاو.

هەموو روونکردنەوەی لوکاچ سەبارەت بە ژانری رۆمان لە راستیدا روونکردنەوەیە لەسەر جیهانێکی گۆڕاو و وشیارییەکی گۆڕاو کە فۆڕمێکی گۆڕاو لەگەڵ خۆیان بەخورتی دێنن. لەباشترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین روانین بۆ سەر جیهانی یەکانگیری کەونارا لەراستیدا زیاتر ئەفسانەیە تا راستی و، لوکاچ جیهانی سەردەمی خۆی وەک پێچەوانەی ئەم ئەفسانەیە پێناسەدەکا. لوکاچ رابردوو دەنرخێنێ و روانینێکی بە ئایدیاڵکراوی هەیە لەسەر ئەدەبی کەونارا، ئەدەبێک کە وەک گشتیەتێک هەموو فۆڕمەکانی دوواتر لە گەڵی هەڵدەسەنگێندرێن؛ رۆمان فۆڕمی ناکامڵییە. وە سەرەڕای ئەمە: لە گفتوگۆ سەبارەت بە جیهانی رۆمان رووانینی ئەم بیرمەندە بۆ رۆمان لە زۆربەی ئەوانی تر جیددیترە، جا چ لە سەردەمی خۆیدا و چ دوواتریش. لۆکاچ لە رووانینی بۆ رۆمان وەک فۆڕمی ژیانی مودێڕن، سەرەڕای ئەوەی چەندە ئەم فۆڕمە و ئەم ژیانە ناتەواوبێت، لە زۆربەی بیرمەندانی مودێرنیتە یەکجار لەپێشترە. سەرنجڕاکیشە چلۆن کەسێک مودێڕنیسمی پڕ لە تاقیکاریی فۆڕمی رەد دەکردەوە دەگەینە کەسێک پێشبینی ئەو رەوتانە دەکا وا دوواتر لە مێژووی رۆماندا دێنە پێشێ، بەو شێوەیەی لە لایەن مێژووناسانی ئەدەب فۆرمولە دەکرێن و لە لایەن خودی نووسەرانی رۆمانیشەوە بەکاردەبرێن. جیاوازی لەوەدایە لە کاتێکدا لوکاچ پێ لەسەر نەتوانینی رۆمان بۆ یەکخستنەوەی مرۆڤ و ژینگە دادەگرێ، لە داهاتوودا هەر ئەم شتەیە دەبێتە تایبەتمەندیی سەرەکیی رۆمان، واتە نیشانەی چلۆنایەتییەکەی. زۆر نموونە هەن نیشانی دەدەن چلۆن رۆمانی مودێڕن رۆڵی مومتازی خۆی یاسایی دەکا بە پێداگرتن لەسەر ئەوەی رۆمان پێش لەهەر شتێک فۆڕمی کێشەکانی ژیانی مرۆڤە. توانای رۆمان بۆ دەرخستنی ئەزموونەکان، بەتایبەت ئەزموونی مرۆڤی مودێڕن، زۆر جار لە لایەن تیۆریستەکانی رۆمان و نووسەرانەوە باسی لێکراوە. جا توانای رۆمان بۆ بەکێشەکردنی دەرفەتەکانی ئەم یەکخستنەوەیە باسی لێدەکرێ. لێرەدا نموونەیەک دەهێنینەوە: دەلیلی داوەرەکان بۆ دانی خەڵاتی کتێب بە رۆمانی "هەستی کۆتایی" لە نووسینی 'جولیان بارنێز' لە ساڵی ٢٠١١، ئەوە بوو ئەمە کتێبێکە قسە لەسەر مرۆڤبوون لە سەدەی ٢١دا دەکا. جا لەم قسەیەدا ئەو مانایە خۆی حەشاردابوو کە مرۆڤبوون دژوارە. رۆمانی کورتی 'بارنێز' باس لە پیاوێک دەکا دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی خۆی و بەرەبەرە ـ  بۆ خۆی وەک چۆن بۆ خوێنەریش ـ دەردەکەوێ چلۆن بەهەڵە لەمە گەیشتبوو، درامایەکی تراژێدی کە نیشانی دەدا چۆن بەشێکی گەورە لە گشتی بەسەرهاتەکە لە خودی خۆیشی شاراوە بووە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫لوکاچ‬‎