شرۆڤە

رۆمان چییە(٦)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەلەم

سەدەی هەژدە سەدەی گەشەی رۆمانی مودێڕنی ئۆرووپاییە، بەڵام سەدەی نۆزدە لە مێژووی رۆماندا بێ وێنەیە لەبەر ئەوەی بۆ یەکەم جارە لەناو خوێنەراندا وەک ژانرێکی پێشڕەو خۆی سەقامگیردەکا و دەبێ بە جۆرێک لە میدیای جەماوەری و هاوکاتیش دووا سەردەمە کە لەلایەن میدیاکانی ترەوە، وەک میدیای رادیۆ، فیلم، تەلەفزیۆن و یاخود میدیای ئلکترۆنییەوە، ناکەوێتە بەر چالنجەوە.

 

زاڵبوونی رۆمان

جگە لەقسەوباس سەبارەت بە سەرەتای سەرهەڵدانی رۆمان، بەڕای من واباشە نموونە بهێنینەوە لەسەر ئەوەی رۆمان چ لە رابردوودا و چ هەنووکە خاوەن چ رۆڵ و شوێنێک بووە و هەیە. کاتێک جگە لە چەند نموونەیەک، کە جیایان دەکەمەوە، من لە سەردەمی نوێدا رۆمان سنوورداردەکەم و وەک فۆرمێکی نوێ پێناسەیدەکەم، ئەمە خاوەن لایەنی پراگماتیکی و مێژووییە. کاتێک ئێمە لە سەدەی نۆزدە نزیک دەکەوینەوە بۆ یەکەم جار رۆمان دەبێتە فۆرمی ئەدەبیی زاڵ و، هەر لەو سەردەمەیشەوە ئەم شوێنەی خۆی پاراستووە. رۆمانی یۆنانی و رۆمی، یاخود ئەدەبی چیرۆکی حیماسی  saga، وەک ئەمڕۆکە دەیزانین پێشەنگی رۆمان بووە؛ ئەمانە وەک مێژووناسەکانی بواری رۆمان پێناسەیان کردوون "رۆمانەکانی پێش رۆمان" بوون.١٥ هەرچەند زیاتر سەبارەت بە مێژووی رۆمان دەخوێنینەوە، مرۆ زیاتر دەگاتە ئەو رایەی کە رۆمان چەندە لەلایەکەوە درەنگ وەک ژانرێک هاتەئاراوە و، لەلایەکی ترەوە لە کۆتایی سەدەی هەژدەوە بەهەمان ئەندازە چ رۆڵیکی زاڵی گێڕاوە هەر لە پێوەندی لەگەڵ بەجەماوەری بوون و بڵاوبوونەوەی بە دونیادا. هەروەها رۆمان یەکەم ژانری ئەدەبییە کە لە مێدیای چاپەمەنیدا وەک ناوەندێکی کلتوری دەردەکەوێ. ئەمە دەرفەتی جووڵەیەکی وەهای دەداتێ کە هیچ فۆرمێکی تر نەیبووە. بەبێ هۆ نیە ریچاردسۆن (نەک تەنیا لەلایەن 'وات'ەوە) زۆرجار وەک کەسی سەرەکی لە مێژووی رۆمانی مودێرندا باسی لێدەکرێ، ریچاردسۆن تەنیا رۆماننووس نەبووە، بەڵکو چاپگەریش بووە. جگە لەمە 'میخائیل باختین'ی تیۆریستی بواری رۆمان خاوەن سەرنجێکی گرینگە کاتێک باس لەوە دەکا لەو سەردەمانەیدا رۆمان زاڵبووە ـ نیوەی دووهەمی سەدەی هەژدە و هەتا دوواتر ـ ژانرەکانی تر کەم تا کورت "بەڕۆمانکران"، واتە کەوتنە ژێر کاریگەریی زمانی رۆژانەی رۆمانەوە.١٦ دراماکانی سەردەمی 'ئیبسن' نموونەی باشن لەم بوارەدا بۆ ئەوەی نیشانیبدەن چلۆن دیالۆگە ریالیستییەکان دراما داگیردەکەن. کاتێک 'پێتێر ژوندی' لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا سەبارەت بە تیۆری مودێڕنی دراما لە ١٩٥٦ دەڵێ هەوڵی ئیبسن بۆ نیشاندانی ژیانی دەروونی لە جیهانی بۆرژوازیدا دەگاتە قەیرانێکی دراماتیکی لە فۆرمی رۆماندا، کاتێک بۆرژواکان دەیانتوانی ژیانی خۆیان بە ئاسوودەی بژین، بەڵام مەجبووریان دەکا بەڕچاوکردنی ئەو شێوازە دەربڕینانە ژیانیان بەرەو فەوتان بڕوات.١٧

وەک ئاماژەمان پێدا لەپێش رۆمانی ریالیستیدا رۆمان کەم تا کورت بە دیالۆگە رۆژانەکانیانەوە هەبوونە. لێرەدا نموونەی 'دۆن کیشۆت' وەبیردێنینەوە کە لەلایەن نووسەرانی دوواترەوە بەشێوەی گاڵتەئامێز لاساییکراوەتەوە، بۆ نموونە لە لایەن 'فیڵدینگ'ەوە لە 'مێژووی جۆزێف ئاندروس' و هاوڕێکەی 'ئابراهام ئادامز' لە Written in Imitation of the Manner of Cer- vantes. دۆن کیشۆت رۆمانێکە پلۆتەکەی (نەقشەی رووداوەکانی)، بەگوێرەی خوێندنەوەی ئەو رۆمانانە نووسراون وا باسی سوارچاکان دەکەن و ئەوە پیشاندەدات کە چەندە دەکرێ بەتووش هەڵەوە بین کاتێک خەیاڵ و حەقیقەت تێکەڵ بکەین. رومانس مودێلێکە لەگەڵ جیهانی واقع نایەتەوە کە لە دۆن کیشۆتدا ژینگەی لادێی سپانییە. کاتێک 'ئالۆنسۆ کویجانو' لە شێوازی دۆن کیشۆتی سوارکاردا دەیەوێ خانمەکان رزگاربکات و لەدژی دوژمنە خەیاڵییەکان دەجەنگێ، کۆمەڵێک دۆخی کۆمێدی و دژواری دێنە پێشێ. ئەمانە بەنۆرەی خۆیان هەندێ کاردانەوە لەبەرامبەر پرسی خەیاڵدا چێدەکەن کە لە سەردەمی سێرڤانتسەوە بەشێکی جیانەکراوەی ئەو گفتوگۆیەیە وا سەبارەت بە ژانری رۆمان لەئارادایە.

سەدەی هەژدە سەدەی گەشەی رۆمانی مودێڕنی ئۆرووپاییە، بەڵام سەدەی نۆزدە لە مێژووی رۆماندا بێ وێنەیە لەبەر ئەوەی بۆ یەکەم جارە لەناو خوێنەراندا وەک ژانرێکی پێشڕەو خۆی سەقامگیردەکا و دەبێ بە جۆرێک لە میدیای جەماوەری و هاوکاتیش دووا سەردەمە کە لەلایەن میدیاکانی ترەوە، وەک میدیای رادیۆ، فیلم، تەلەفزیۆن و یاخود میدیای ئلکترۆنییەوە، ناکەوێتە بەر چالنجەوە. جگە لەمە رۆمانی ریالیستیی سەدەی نۆزدە لەسەر تێگەیشتنی دوواتری ئێمە لەسەر ئەم ژانرە رۆڵی سازندە دەبینێ. زۆر زیاتر لە رۆمانی نامەیی سەدەی هەژدە، وەک 'پامێلا'، یان 'جولیە'ی ژان ژاک رۆسۆ، یان 'هێلۆیسی نوێ' (١٧٦١)، یان لە لایەنی بەرامبەر، واتە رۆمانی مودێڕنی سەدەی بیست کە تاقیکاریدەکەن لەسەر قەراردادەکانی ژانری ریالیستی، رۆمانی ریالیستی بەو شێوە جیددییەی ئێمە لە سەدەی نۆزدەدا بەتووشییەوە دەبین شوێنی تایبەتی خۆی بەردەوام دەپارێزێ. لە سەدەی نۆزدە رۆمان بە واتایەکی تر دەبێ بە ژانرێکی خاوەن پلەیەکی شیاو کە بەردەوام لەو ساتەوە ئەم پلەیە بەهێزتر بووە. رۆمان لەو سەردەمە لەگەڵا بووە بۆ یارمەتیدانی شوناسی نەتەوەیی و دامەزراندنی نەتەوە، ئەگەرچی بەشێوەی راستەوخۆ ئەم بابەتە ناکا بە تێما و وەک 'بێنێدیکت ئاندێرسۆن' ناوی لێدەنێ یارمەتی دەگەیەنێ بە دامەزراندنی "کۆمەڵی خەیاڵی"، کە ئەمە تایتڵی کتێبەکەی خۆیەتی لە ساڵی ١٩٨٣دا. یان رەنگە دروستتر ئەوەیە بڵێین رۆمان ئاشنامان دەکا بە ژیانی رۆژانەی خەڵک کە ئەمە یارمەتی دەگەیەنێ بەوەی ئێمە لەخۆمان بگەین و بزانین کێین و چۆن دەژین؛ رۆمان دەبێ بە شوێنێک بۆ شەڕ لەسەر کلتور وەک چۆن شوێنێکە بۆ شەڕ لەسەر شوناسی نەتەوەیی. ئیدوارد سەعید کە ئەویش باسی لە رۆمانی رۆژئاوایی، وەک شوێنێک کە تێیدا شوناس و کلیشە نەتەوەییەکان سەقامگیربوونە، کردووە، بە جوانی روونی دەکاتەوە رۆمان وەک فۆڕمێکی بەتەواویی گەشەپێدراو، وەک چۆن بۆ خۆی وەک نەریتێکی گەورە لە 'دیفۆ'وە تا دیکێنز و باڵزاک ناوی لێدەنێ، ئەدەبێک نیە ئێمە دەتوانین لە هەموو جیهاندا و لەهەموو سەردەمێکدا پەیدای بکەین. ئەو ئاماژە بەوە دەکا کە ئەدەبی مودێڕنی عەرەبی بە رۆمانیشەوە، تایبەت بە سەردەمی خۆمان واتە سەدەی بیستەمن. نووسەرانی عەرەب لە سەردەمانێکدا بە رۆمانی ئۆرووپایی ئاشنا دەبن و وەک ئەوان رۆمان دەنووسن، بەڵام بە گوێرەی ئەم نووسەرە هیچ چەشنە نەریتێکی رۆمانی عەرەبی دەستناکەوێ. ئیدوارد سەعید دەنووسێ: "بێگومان زۆر ئاسان نیە؛  بەهەرحاڵ باس لە حەزێکە کە دەیەوێ جیهانێکی ئەڵتەرناتیڤ دروستبکا، لە رێگای نووسینەوە جیهان بگۆڕێ یاخود گەشەی پێبدا (هێزێکی دنەدەر کە لە نەریتی رۆمان لە رۆژئاوادا هەیە) و لەگەڵ جیهانبینیی ئیسلامدا ناتەبایە. پێغەمبەر ئەو کەسەیە  ئەم جیهانبینییەی بەتەواوی داڕشتووە؛ بۆیە وشەی کفر لە زمانی عەرەبیدا هاومانایە لەگەڵ 'شتی نوێ چێکردن' یاخود 'دەستپێکردن'. ئیسلام لە جیهان وەک گشتییەتێک دەڕوانێ کە نە بچووک دەکرێتەوە و نە گەورە. بۆیە هەزار و یەک شەو جوانکاریی دونیایە و نەک تەواوکەری دونیا؛ هەروەها زانیارییەکان، گەشەپێدانەکان یاخود ئەو گشتییەتانەی مەبەستیان ئەوەیە توانای نووسەر نیشان بدەن بۆ نوێنەرایتیکردن، گەشەی کەسەکە یاخود گۆڕانی دونیا قبوڵ ناکرێن."١٨

ئەوەی سەعید باسی لێدەکا دەرفەتە زۆرەکانی رۆمانە بۆ نوێکردنەوە و گۆڕین، تەمەحیەتی بۆ چێکردنی جیهانە ئەڵتەرناتیڤەکان لەجیاتی ئەو جیهانەی ئێمە دەیناسین. بە وتەی ئەو ئەمە لەگەڵ جیهانبینیی ئایینی نایەتەوە کە تێیدا جیهانی باو جیهانێکی تەواوە کە لەلایەن خوداوە چێکراوە، جا هەر چەشنە حەزێک بۆ گۆڕینی وەک کفر لێکدەدرێتەوە. سەعید لێرەدا لەگەڵ روانگەی میخائیل باختین لەسەر رۆمان هاوڕایە کە دەڵێ رۆمان لە چاو ژانرەکانی تر زیاتر خاوەن توانای جوڵە و هێزی گفتوگۆیە، بە واتایەکی تر خاوەن دەرفەتگەلی بێکۆتاییە بۆ لەخۆگرتنی دەنگە جۆراوجۆرەکان. بەگوێرەی باختین رۆمان ژانرێکە لە گەشەدایە و تەنیا ژانرێکە لەناو ژانرەگەورەکاندا کە گەنجترە لە نووسین و لە کتێب. بۆیە کراوەترە لە ژانرەکانی تر. رەنگە گرینگترین شت ئەوەیە کە: رۆمان پێشبینی نەکراوە و زیاتر رووەوە داهاتووە تا رابردوو، بۆیە خاوەن یاسایەکی هەمیشەیی نیە. بە واتایەکی تر بە دژواری دەتوانێ لەگەڵ جیهانبینیی ئایینی بێتەوە بەو شێوەیەی سەعید ئاماژی پێدەدا.

درێژی هەیە...

Bilderesultat for ‫تاریخ رمان‬‎