شرۆڤە

رۆمان چییە (٥)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

لەم بەرهەمەدا ئەو رووانینی فەرمی سەبارەت بەوەی ئێمە بۆ یەکەم جار لە سەدەی هەژدەدایە وەک فۆرم رووبەرووی رۆمان دەبینەوە دەخاتە کێشەوە؛ واتە ئەو روانگەیەی وا رۆمان دەبەستێتەوە بە سەرهەڵدانی بۆرژوازی لە ئۆرووپا و بەتایبەت لە ئینگلیزدا. ئەو دەیەوێ ئەوە بسەلمێنێ کە بەپێچەوانەی روانگەی ئینگلیزیانەی یان وات، رۆمان خاوەن سەرەتایەکی کۆنتر و جیهانیترە.

رۆمان چییە (٥)

لە روانگەی 'یان وات' شوێنێک بۆ ئەم رۆمانە نیە و، ئەمڕۆکە مەیلێکی روولەزیادبوون هەیە بۆ پرسیارخستنەسەر کاری سۆسیۆ ـ مێژوویی ئەم نووسەرە سەبارەت بە چییەتی رۆمانی تازە. داخۆ راستیی مێژووی رۆمان چییە، ئایا دەتوانین باس لە مێژوویەکی راستەقینە بکەین؟ 'ماگارێت ئان دوودی' ئەو نووسەرەیە دەیەوێ ئەمە بکات: کتێبی مەزنی ئەو بەڕاستی شیاوی ناوەکەی خۆی واتە 'مێژووی راستەقینەی رۆمان'ە  The True Story of the Novel (1996). لەم بەرهەمەدا ئەو رووانینی فەرمی سەبارەت بەوەی ئێمە بۆ یەکەم جار لە سەدەی هەژدەدایە وەک فۆرم رووبەرووی رۆمان دەبینەوە دەخاتە کێشەوە؛ واتە ئەو روانگەیەی وا رۆمان دەبەستێتەوە بە سەرهەڵدانی بۆرژوازی لە ئۆرووپا و بەتایبەت لە ئینگلیزدا. ئەو دەیەوێ ئەوە بسەلمێنێ کە بەپێچەوانەی روانگەی ئینگلیزیانەی یان وات، رۆمان خاوەن سەرەتایەکی کۆنتر و جیهانیترە. دوودی دەیبەستێتەوە بە کلتورە کۆنەکانی ئافریقا، ئاسیا و ئۆرووپا و هەروەها ئاماژە بە چیرۆکی سوری، ئافریقای و یۆنانی دەدا کە بە زمانی یۆنانی و لاتین لە هەزارەی یەکەم لە دووای مەسیح نووسراون، ئەو بەرهەمانەی بەفراوانی دەخوێندرانەوە. دیارە مەرج نین ئەم تێکستانە داواکانی وات لەپێوەندی لەگەڵ ریالیزم و ئەگەرەکانی بە رۆمانبوون دەستەبەربکەن. زۆر لەم بەرهەمانە زیاتر لەوەی دوواتر مرۆ دەیتوانی ناوی رۆمانیان لێ بنێ رۆمان بوون و، دوودی حەزی وات دەبینێ بۆ بەرتەسککردنەوەی ناوی رۆمان بۆ فۆرمی نوێی پەخشانیی ریالیستی، کە ئەمە نموونەی روانگەیەکی بەرتەسکە لە تێگەیشتنی نامێژووییانە بۆ رۆمان. نووسەرانی وەک 'سێرڤانتس' و 'فیلدینگ' دانیان بە پێشینیانی خۆیاندا دەهێنا، بەڵام چیرۆکە کۆنەکان لەسەدەی هەژدە بەشێوەی رەمزاوی لە قەفەسەی کتێبەکاندا نەمان و ونبوون، تەقریبەن لەسەردەمی لەدایکبوونی رۆمانی ئینگلیزیدا! بەگوێرەی دوودی نوخبەگەرایی ئۆرووپیانە لەو کاتەدا وەها پێی لەسەر خۆی دادەگرت کە پەخشانی خەیاڵئامێزی دونیای دەریای ناوەراستی کۆنی فڕێدایە ناو کۆگایەکی زبڵ بەناوی رۆمانس. بەم شێوەیە ماوەیەکی زۆر توانیان سەرکەوتوو بن لە بەدوورڕاگرتنی غەریبەکان لە پانتایی ئەدەبییات.

وات یەکەمین کەسی بەر رەخنەکانی 'دوودی'یە؛ دوودی گریمانەکەی وات وەک شوینیزمی ئینگلیزی پێناسەدەکا. خوێندنەوەی ئەو شاکارێکی بێ وێنەیە لەناو مێژووی رۆمانی ئەدەبی جیهانیدا کە بواری چییەتی رۆمان و ئەوەیکە لە کوێ و کەی سەریهەڵداوە پەرەپێدەدا؛ خوێندنەوەیەک کە هەروەها باس لەوە دەکا چ روانگەگەلێک مافی ئەوەیان هەبووە مۆنۆپۆلەی روانینی خۆیان بۆ سەر رۆمان بکەن. ئەوەیکە وەها خوێندنەوەیەک دوواڕاستی لەم بارەیەوە بێت گومانم لێی هەیە، چونکە روانگەی توتالیتاری هەمیشە لەبەر مەترسی خۆتازنەکردنەوەدایە. بۆچوونی توندی رەخنەییانەی دوودی لە لێکۆڵەرەکانی پیشوو، بۆخۆیشی بەدوورنیە لە رەخنە. چونکە ئەگەر هەموو گێڕانەوە پەخشان ئامێزەکانی زەمانەکانی تر وەک رۆمان ناویان لێ بنێین، ئەوا قسەکردن لەسەر پرۆفایلی ژانرێک غەیرەمومکین دەبێ.

لێرە لە نۆروێژ چیرۆکە حیماسییە ئیسلەندییەکانی وەک 'نیۆڵس' و 'ئێگیل' (لە دەورووبەری ١٢٥٠)، کە بۆ ئەدەبی پەخشانی زوو نموونەی چیرۆکی زارەکین و، 'هانس ه. شەی' لە لێکسیکۆنی گەورەی نۆروێژیدا وەک "بەرهەمی رۆمانئاسای ریالیستی" گروپبەندیان دەکا ـ واتە وەک فۆرمیکی پێش رۆمان ـ نیشانیدەدا نەسڵەکانی دوواتر لەم ناوە گەیشتوون و بەکاریان هێناوە. ئەدەبی حیماسی بەدڵنیاییەوە لەسەر قاچی خۆی راوەستاوەو لەوەیکە وەک رۆمان ناوی ببرێ هیچ شتێکی دەستناکەوێ. هەروەها کاتێک لە سەدەی نۆزدە نزیک دەکەوینەوە، دەبینین رۆمان خۆی لە چیرۆکە کۆنەکان جیادەکاتەوە؛ ئەگەرچی بەشێوەیەکی سروشتی قەت دیوارێکی ئەستووری وەها لە نێوان ئەو دوو چیرۆکە گوندییەی 'بیۆرنسۆن'دا نین کە دەتوانرێ وەک رۆمان ناویان لێ بنرێ. بەهەرحاڵ ئاشکرایە نووسەرانی سەدەی نۆزدە لە رۆمان وەک فۆڕمێکی نوێ و رادیکاڵ، لەچاو چیرۆکە نەریتییەکان، دەڕوانن. بۆ نموونە 'تورە رێم' باس لەوەدەکا چلۆن 'ئەلکساندر شێللاند' قەناعەتی لە لایەن 'براندس'ەوە پێهێنرا بۆ ئەوەی 'گارمان و وۆرس' Garman & Worse (١٨٨٠) لە جیاتی چیرۆک وەک رۆمان ناو ببا. 'رێم' دەنووسێ: "رەنگە بە هۆی پێوەندی رۆمان بە بەرنامەیەکی رادیکاڵ و ریالیستییەوە بوو کە 'جۆرج براندس' قەناعەتی بە 'شێللاند' هێنا کەڵک لەم وشەیە وەربگرێ. ئەمە نیشانیدەدا چلۆن 'شێللاند' بوو بە وتەبێژی ئەم ژانرە نوێ و مودێڕنە.١٤

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for klassisk roman