شرۆڤە

رۆمان چییە (٣)

لە نۆرویژییەوە: سایتی قەڵەم

زۆر جار وادێتە بەرچاو روونکردنەوەی ئەوەی رۆمان چی نیە لەوەی رۆمان چییە ئاسانترە. رۆمان بیۆگرافی نیە، نووسینەوەی مێژوو نیە، نامە نیە، بەڵام هاوکات رۆمان ژانرێکە دەتوانێ هەموو ئەم ژانرانەی تر لەخۆی بگرێ؛ یەکێک لە تایبەتمەنییەکانی ئەم "قەوارە بێ شکڵە" ئەوەیە خاوەن سکێکی گەورەی بەردەوام لەگەورەبووندایە.

 

پاژی یەکەم

مێژووی رۆمان، رۆمانی مێژوو

ئەرەستو و هەندێک بۆچوون لەسەر مێژووی رۆمان

رۆمان یاخود رۆمانس (چیرۆکی ئاشقانەی کۆن بە شێوازی شیعر ـ وەرگێڕی کوردی)، رۆمانی گوتیکی یاخود گرافیکی، رۆمانی نامەیی یان مێژوویی، رۆمانی مودێرن یاخود پۆستمودێڕن، ئۆتۆپی یان دیستۆپی (پێچەوانەی ئۆتۆپی ـ وەرگێڕی کوردی): بەڕاستی ئێمە لەسەر چی دەدوێین کاتێک قسە لەسەر رۆمان دەکەین؟ دەرفەتەکان بەقەدەر نموونەکانن و، دۆزینەوەی ناوە هاوبەشەکان بۆ هەموو ئەم فۆرمە جودایانە لەژێر ناوی رۆمان ئاسان نیە؛ جگە لە پێناسەیەکی وەک ئەوەیکە رۆمان بریتییە لە کۆمەڵێک رووداوی چێکراو لە شێوازی گێڕانەوەی درێژی پەخشان ئامێز. وتمان درێژ؟ بەڵام زۆر رۆمان هەن یەکجار کورتن و، لە راستیدا پێناسەکردنی نێوان رۆمانێکی کورت و چیرۆکی درێژ دژوارە. داخۆ کتێبی 'پیرمێرد و دەریا'ی همینگوای کە لە ساڵی ١٩٥٢ نووسراوە و ناگاتە سەد لاپەڕە، رۆمانە؟ یان 'دڵی تاریکی'ی (١٨٨٩) جۆزێف کۆنراد؟ 'سولباکێن'ی (١٨٥٧) بیۆرنستیەرنە بیۆرنسۆن چی؟ وتمان پەخشان؟ ئەی رۆمانی شیعری چی؟ دروستکراو، یاخود خەیاڵی؟ لە ئینگلیزیدا 'داستانی خەیاڵی' fiction هاومانای رۆمان و چیرۆکە. ئێمە هەروەها رۆمانی ژیاننامەیی و رۆمانی بەڵگەییمان هەیە کە تایبەتمەندییەکانی رۆمان گرێدەدەنەوە بە واقع و بە مرۆڤە راستەقینەکان. دەتوانین بەم شێوەیە درێژە بەم بەشە بدەین. بەڵام دەتوانین بڵێین زۆربەی خوێنەران لە ئاستێکی زۆردا هەستێکی دیاریکراویان هەیە سەبارەت بە پێناسەی رۆمان، لای ئەوان رۆمان دەقێکە پێوەندیدار بە درێژی، بە پەخشان و بە خەیاڵەوە fiction.

'هێنری جەیمز' نووسەری ئامریکایی لە سەردەمی خۆی رۆمانی وەک پەیکەرێکی بێ شکڵ وەسفکرد کە لە پێناسەدا زۆر کێشدارە، پەیکەرێک کە دەتوانێ لەهەموو پێناسەیەک نزیک بێتەوە؛ بەڵام هاوکات ئەم نووسەرە دەیشیگوت داهاتووی رۆمان بەستراوەتەوە بە داهاتووی ئەو کۆمەڵگایەی رۆمان بەرهەم دێنێ، هەروەها رۆمان وابەستەیە بەو کۆنتێکستەوە وا لە هەر سەردەمێکدا دیاریدەکا رۆمان چییە.٥ رەنگە بتوانین بڵێین رۆمان بریتییە لەوەی کۆمەڵگایەک لە سەردەمێکی دیاریکراودا ناوی دەنێ رۆمان؟ واتە کاتێک چاپخانەیەک لە سەر بەرگی کتێبێک دەنووسێ رۆمان، ئیتر ئەوە رۆمانە. جگە لەمە رۆمان ماوەیەکی زۆر جگە لە وتار و چیرۆک بریتی بووە لەناوێک بۆ ئەو بابەتانەی شیعر نەبوون. بۆ وێنە کاربەدەستێکی بواری ئەدەبییات لە پێوەندی لەگەڵ ئەو گفتوگۆیەی لەسەر کورتە رۆمان هەبوو، بە رۆژنامەی 'گاردیەن' ٢٠١١.١٠.١٨ دەڵێ "کاتێک تۆ پێشنیاری کتێبێک وەک رۆمان دەکەی بە کتێبفرۆشییەک، زیاتری لێ دەفرۆشی،" بەڕێوەبەری کتێبی رۆژنامەکە 'ستێڤێن کینگ' لە روانینێکی نزم و نگەتیڤانەدا لە میتافۆرێک کەڵک وەردەگرێ و سەبارەت بە رۆمانی کورت دەڵێ: کورتە رۆمان بریتییە لە "کۆماری مۆزی ئەدەبی". (کۆماری مۆز، میتافۆرێکی نگەتیڤە لەسەر وڵاتانی ئامریکای باشوور ـ وەرگێڕی کوردی). رۆمان ژانرێکی جێگیر و قبوڵکراوە؛ زۆرجار کاتێک قسە لەسەر "نووسەر" دەکرێ مەبەست نووسەری رۆمانە و؛ "خوێنەریش" وەک خوێنەری رۆمان. کاتێک ئەمە لەسەر نووسەری رۆمان نەبێ، بە گوتنی شاعیر، شانۆنووس یاخود نووسەری غەیرەداستانی تایبەتی دەکەینەوە. ئەگەر خوێنەریش خوێنەری رۆمان نەبێ، دەڵێین خوێنەری شیعرە، یاخود کەسێکە حەزی بە مێژووە، بۆ ئەوەی نرخی خۆی بدەینێ.

هەڵبەت هەمیشە وەها نەبووە. لە ئۆرووپا یەکەمجار رۆمان لە سەدەی هەژدەدایە بەشێوەی جیددی دێتە ئاراوە و، لەکۆتایی سەدەی نۆزدەدایە رەگی خۆی دادەکوتێ. ئەو کات رۆمانە ریالیستییەکان باوبوون، ئەو تێکستانەی باسیان لەو بابەت و کەسانە دەکرد وا لە واقعی ناسراوەوە دەهێنران، شێوازێکی تایبەت لە رۆمان کە بەردەوام  لە باشترین حاڵەتی خۆیدایە. سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی کەونارا دەقی گێڕانەوەی پەخشان ئامێزمان هەیە کە دوواتر پێیان گوترا رۆمان، بەڵام رۆمان لاوترین ژانری ئەدەبییە. لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆکە ئێمە لە نێوان رۆمانی جیددی و ئەدەبی پۆپولار جیاوازی دادەنێین، بەڵام رۆمانی سەدەی نۆزدە لەوەدا تایبەتی بوون کە هاوکات رۆمانی پۆپولاریش بوون. رۆمانی سریاڵی، واتە ئەو بەسەرهاتانەی لە گۆڤارەکاندا چاپ دەکرێن، ئاستیان دابەزیوە بۆ چاپکردن لە حەفتەنامەکاندا.

سریاڵ ئەو سەردەمە سەرەتای رۆمان و چیرۆکی درێژ بووە کە ئەمڕۆکە ئێمە وەک کتێب یان بەرهەم دەیخوێنینەوە؛ سریاڵ ئەو سەردەمە وەک زنجیرەیەک چاپدەکرا کە خوێنەر دەیتوانی هەفتە بە هەفتە، یاخود مانگ بە مانگ بەشوێن کەسان و بەسەرهاتەکانیانەوە بێت. رۆمانی سریاڵی، ئاراستەی بەرەو گرووپی زۆری خۆێنەرانەوە بوو و هەتا دەهات خەڵکانی زیاتری بەرەو خۆی رادەکێشا، بەڵام بۆ ماویەکی زۆر لەچاو ژانرەکانی تر، بۆوێنە شیعر، شوێنێکی نزمتری پێدەبەخشرا و لە راستیدا نیاز بە کۆمەڵێک راهێنانی پەروەردەیی بوو بۆ ئەوەی بتوانرێ هەم بنووسرێ و هەم بخوێنرێتەوە. رۆمان "خاوێن" نەبوو؛ دیاردە باش و نزمەکانی پێکەوە گرێدەدا، تێکەلێک بوو لە نووسینی رووداوەکان و شیعر و، بۆ جەماوەرێک دەنووسرا بێ بەری لە زانیاری پێویست لەسەر کتێب، یاخود پەروەردەی نەریتی. رۆمانە نوێ و زۆر لەچاپدراوەکانی باڵزاک و دیکێنز لەوە نەدەترسان دیاردە ریالییەکان و مێلۆدراماتییەکان پێکەوە تێکەڵ بکەن و ئاراستەیان هەم بەرەو عەقڵ و هەم بەرەو هەست بێت، لە راستیدا ئەدەب زیاتر بۆ خەڵک بوو تا بۆ نوخبە. پیاوان و بەتایبەت ژنان وشیاردەکرانەوە لەسەر لایەنە نگەتیڤەکانی خوێندنەوەی رۆمان؛ واتە هومێدە درۆینەکان و هەستە زەرەرمەندەکان. رۆمانەکانی سەدەی نۆزدە پڕی ئەو ژنانەن وا لە ژێرەوە خەیانەت لە مێردەکانیان دەکەن کە 'ئاننا کارەنینا' یەک لەوانە. 'ئێما بوڤاری' (١٨٥٧)، 'کۆنستانس رینگ' (١٨٨٥)، 'ئێفی بریست' (١٨٩٥)، هەمووی ئەمانە خاوەنی ئەو رۆمانانەن کە بەردەوام هەنووکەیش دەخوێندرێنەوە و لەسەریان گفتوگۆدەکرێ.

'کنوت هامسۆن' لە ١٨٩٠ لەسەر بەرهەمەکەی خۆی 'برسیەتی' بۆ 'جۆرج براندێس' دەنووسێ "نابێ لەم کتێبەی من وەک رۆمان بڕوانن." تامسۆن ئەو رۆمانە ریالسیتیانەی وا بازاڕیان هەبوو، ئاسان بوون و خەڵکی لێیان تێدەگەیشتن، دەکا بە نموونە و بە گوێرەی ئەوان بەرهەمەکەی خۆی لە ژانری رۆمان دەرهاوێ و وەک "کتێبێک لەسەر بەرزونزمییەکانی رۆحی مرۆڤێکی ناسک"٦ باسی لێدەکا. ئەم نووسەرە تەنیا لە پێشینیانی خۆی فاسڵەی نەدەگرت، بەڵکو تەنانەت نەیشیدەویست لەگەڵ تۆلستۆی خۆی پێناسەبکا. تۆلستۆی دەیەویست بەرهەمە مەزنەکەی خۆی 'شەڕ و ئاشتی' (١٨٦٨ ـ ٦٩)، زیاتر وەک حیماسە (کە لە سەردەمی کەونارا شێوازێکی گێڕانەوەی بەسەرهاتی قارەمانەکان بوو) چاوی لێبکرێ تا رۆمان. بەگوێرەی بیوگرافییەکەی 'گۆرکی'٧ تۆلستۆی وتوویەتی: "زۆر سادە دەبێ بڵێم کە شەڕ و ئاشتی بەرهەمێكە وەک ئیلیاد." 'ویرجینیا وۆڵف'یش (بە بێ ئەوەی بۆخۆی بزانێ)، لە وتارێکدا بەناوی "کاکە بێنێت و خانمی براون" وەک تامسۆن کاتێک دەیەویست فاسڵە بگرێت لە رۆمانی ریالیستی سەردەمی خۆی کە زۆرتر سەرقاڵی وەسفی دیاردە دەرەکییەکان بوو، دەنووسێ: فێربوون بۆ نووسینی رۆمان لە نووسەرانی سەردەمەوە "وەک ئەوە وایە بچیتە لای پێڵاوچییەک بۆ ئەوەی سەعاتت بۆ دروستبکا." بەڵام بە بێ ئەوەی باس لە مەرجەکانی رۆمان بکا.٨ بە واتایەکی تر هەر سەردەم و هەر نووسەرێک خاوەن روانگە و خاوەن شۆڕشی خۆیەتی و، هەروەها خاوەن روانگەی تایبەتی خۆی سەبارەت  بە رۆمان و، لەم رەوتەدا زۆرتر نەسڵی پێشوویشە دەکەوێتە بەر هێرش و پەلامار. لەهەمان کاتدا حەزی تۆلستۆی بۆ ئەوەی گرێ بدرێتەوە بە 'ئیلیاد و ئۆدیسە'ی 'هومێر'ەوە بۆ زۆریەک لە نووسەران نموونەیە، بۆ وێنە بڕوانە 'جەیمس جۆیس' و بەرهەمەکەی 'ئولیسە' (١٩٢٢).

زۆر جار وادێتە بەرچاو روونکردنەوەی ئەوەی رۆمان چی نیە لەوەی رۆمان چییە ئاسانترە. رۆمان بیۆگرافی نیە، نووسینەوەی مێژوو نیە، نامە نیە، بەڵام هاوکات رۆمان ژانرێکە دەتوانێ هەموو ئەم ژانرانەی تر لەخۆی بگرێ؛ یەکێک لە تایبەتمەنییەکانی ئەم "قەوارە بێ شکڵە" ئەوەیە خاوەن سکێکی گەورەی بەردەوام لەگەورەبووندایە. ئەگەرچی رۆمانەکان جۆراوجۆرن و داوای جۆراوجۆر ئاراستەی خوێنەرانیان دەکەن، بەڵام بەهەرحال رۆمان بە درێژایی زەمەن هەندێ تایبەتمەندیی بۆخۆی بونیات ناوە، جۆرەیەک لە رواڵەتی ژانری تایبەت بە خۆی کە زمان و تێماکان دەگرێتەوە، بەڵام هەروەها بەردەوام لەگۆڕانیشدایە. لێرەدا دەبێ بڵێین خاڵێک کە دەتوانێ روونی بکاتەوە بۆچی مێژووی رۆمان لەپێوەندی لەگەڵ سەرەتاکەی ناڕوونە دەگەڕێتەوە بۆ کەمایەسییەک، ئەویش ئەوەیکە: ئەرەستو پێناسەی نەکرد، هیچ زانیارییەکی شیعری ـ هیچ یاسایەکی تایبەت بە هونەری شیعر ـ لەگەڵ رۆماندا نایەتەوە.٩ ئەرەستو باس لەسەر نووسینی شیعردەکا و دەڵێ یاساکانی شیعر بەکەڵکی رۆمان نایەن هەروەک چۆن بەکەڵکی دراما و شیعری حیماسی نەدەهاتن: لەکاتێکدا گێڕەرەوەی مێژوو ئەوەی دەگێڕێتەوە روویداوە، شیعر ئەو شتەی دەگێڕێتەوە وا دەتوانێ رووبدات. بۆ ئەرەستو ئەمە تەنیا فۆڕم یان تکنیک ناگرێتەوە ـ ئەو دەڵێ ئێمە دەتوانین دەقە مێژووییەکانی 'هێرۆدۆتس' بە شێوازی ئەو بەیتانەی بڵێینەوە وا وەزن و قافیەیان هەیە، بەڵام بەم هۆیەوە نابنە شیعر ـ توانای شیعر لەوەدایە کە جیهانێکی تر پێشکەشدەکا.١٠ ئەگەرچی ئەرەستو لە دەقەکانی سەبارەت بە شیعر باس لە رۆمان ناکا ، بەڵام باس لە پرسی خەیاڵ دەکا ـ پرسێک کە وەک فۆرم گرێدراوە بە رۆمانەوە، خەیاڵێک کە لە وشەگەلی وەک "وەکوو" و "وادێتە بەرچاو"دا خۆی دەبینێتەوە. ئەمە خاڵێکی گرینگە دەبێ سەرنجی بدەینێ.

یەکێک لەو دیاردانەی زۆر خێرا، کاتێک سەیری رۆمان و مێژووەکەی دەکەین، بەرچاومان دەکەوێ ناڕوونی و ئەو بیروڕا جۆراوجۆرانەیە وا لەناو رۆماننووسان و مێژووناسانی ئەدەبدا هەیە. بۆ وێنە لە بواری سەرەتای رۆمان: رۆمان داخۆ لە سەدەی ١٨ بە نووسینی 'رۆبینسۆن کروزە' (١٧١٩) لە لایەن 'دانیەل دیفوس'ەوە سەریهەڵدا، 'پامێلا'ی (١٧٤٠) 'ساموێل ریچاردسۆن'، 'جۆزێف ئاندرۆس'ی (١٧٤٢) 'هێنری فیلدینگ'، یاخود بە رۆمانەکانی سەردەمی کەونارای یۆنان و رۆم؟ ئەی 'دۆن کیشۆت'ی (١٦١٥ / ١٦٠٥) 'میگۆل دێ سێرڤانتس'، داخۆ ئەمە دەستپێکێکی باش نیە؟ ئایا دەبێ لە نێوان رۆمانس و رۆمان و، لە نێوان تیپە جۆراوجۆرەکانی رۆماندا جیاوازی دابنێین، یاخود پێ لەسەر جۆراجۆری وەک پاڵنەرێکی درێژەدانی ئەم ژانرە دابگرین؟ ئەگەر ئەمە راست بێ کە ئێمە بتوانین قسە لەسەر جۆرێک پرۆفایلی "رۆمان ئاسای"ی ئەم ژانرە بکەین، ئەوا گەیشتووینەتە شوێنێک. بۆ ئەوەی شتێک بڵێین سەبارەت بەو نەریتەی رۆمان بەشێکە لێی، واچاکە لە هەندێ لێکۆڵینەوە بڕوانین وا روانگەی جۆراوجۆریان سەبارەت بە مێژووی ئەم ژانرە هەیە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for novell art