شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (٢٣)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەلەم

جگە لەبەشەیتانیکردن و بەگرووپکردنی مرۆڤەکان، فۆڕمێکی تری بەنائینسانیکردن بریتییە لە بەشتکردن. مەبەستی من لەمە ئەوەیە کاتی لەبەشتکردن، لە مرۆڤ وەک سوبیەکتی (کەس) خاوەن کردار ناڕووانین، بەڵکو وەک شت هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەین کە ئەمەیش بە مانای ئەوەیە دەبێتە بابەتی کردار یاخود هێزی کەسێکی تر. لەوەها حاڵەتێکدا کەسەکە ئیتر دەرفەتی ئەوەی لێدەسێندرێ لەسەر چارەنووسی خۆی بڕیاربدات.

 

بایەخی مرۆڤ

بایەخی مرۆڤ و بەرابەری

"ئەمە تۆ لە بەرابەر تووندوتیژیدا دەپارێزی / ئەمە شمشێری تۆیە: / بڕوا بە ژیان / بە بایەخی مرۆڤ!" شیعری 'نورداڵ گریک' لە کتێبی 'بۆ گەنجان'.

ئەو شتەی دەبێتە هۆی ئەوەی راگەیەندراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سنوورەکان ببەزێنێ، ئەوەیە کە دەڵێ بایەخی مرۆڤ دیاردەیەکی زاتییە و ناهێڵێ هیچ هێزێکی دینی یاخود سیاسی لەم مافە وەک دیاردەیەکی رێژەیی بڕوانێ. بایەخی مرۆڤ بە گوێرەی ئەم فەڕزە نەگۆڕە، ناتوانرێ پلەبەندی بکرێ یاخود هەندێ کەس خاوەنی بێت و هەندێ کەسی دیکە نە، هەروەها بتوانرێ بە شێوەی یاسایی پێشێل بکرێ. فەڕزی ئەوەی مرۆڤ خاوەنی بایەخێکی زاتییە، لە ئادیاڵ و ئیرادەیەکەوە دێت کە رەگی لە نۆرمەکاندا هەیە.

ئەم ئایدیاڵە دوورە لەوەی مرۆڤ لە کردەدا چلۆن هەڵدەسەنگێندرێ. هەموو رۆژێک، لە سەرتاسەری دونیادا، مرۆڤەکان ناعادڵانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵا دەکرێ، زەبون دەکرێن، ئازاردەدرێن، دابەشدەکرێن و وردو خاش دەکرێن.

ئەو مافانەی کە دەبێ پارێزگاری لە بایەخی مرۆڤ بکەن رێزیان لێناگیردرێت. وەعد و بەڵێنەکان پێشێل دەکرێن. دەوڵەت بە رادەی پێویست ناتوانێ پارێزگاری لە هاوڵاتیان بکا و، بە گوێرەی قازانج دەجووڵێتەوە.

پێشێلکردنی بایەخی مرۆڤەکانی تر لەپێش هەر شتێکدا ئەو کەسە دەگرێتەوە وا بایەخەکەی پێشێل دەکرێ. بەڵام ئەوەیکە خودی دیاردەی پێشلکاری پەیدا دەبێ، پێشێلکردنی بایەخی مرۆڤە. پێشێلکاران کاتێک بە پیشێلکردنی مافی ئەوانی تر هەڵدەستن، لە راستیدا بایەخی خۆشیان پێشێل دەکەن.'هانا ئارێنت' ی (١٩٧٥ ـ ١٩٠٦) فیلسووف دەڵێ 'ئادۆڵف ئەیچمان'ی نازیست تەنیا یەهوودییەکانی نەدەشکاند، ئەو هەروەها ئاڵمانییەکان و خودی کلتوری ئەوانیشی بە هۆی کردەکانی خۆیەوە دەشکاند. بایەخی ئینسانی ئەو کەسانەیش وا ئاگایان لەمە بوو، شکێندرا. تاوان لە دژی مرۆڤایەتی بەو مانایەیە کە خودی ئەم تاوانە بریتییە لە تێکشکاندنی خودی مرۆڤایەتی وەک شتێکی بەرز. بەم شێوەیە بایەخی مرۆڤ دەبێ بە بەرپرسیارەتییەکی گشتی. ئەگەر کەسێک خاوەن بایەخی ئینسانی نەبێت ئەوا هیچ کەس خاوەنی نابێ. لەم روانگەیەوە ئێمە هەموومان لەئاست یەکتردا بەرپرسیارەتی وەردەگرین.

بەرابەری ـ مەرجی بەرابەری

ئایدیای بەرابەری بەوەوە بەستراوەتەوە کە مرۆڤەکان خاوەن بایەخی جیاواز و تایبەت بەخۆیانن. دیارە دەستبەجێ بە دەستەبەندی کردنی بایەخی مرۆڤ لە نێوان کەسەکان یاخود گرووپەکان، ئەم بیرە لێکهەڵدەوەشێتەوە. دەبێ ئاماژە بەوە بکەین بیری بەرابەری دەبێتە هۆی جیاکردنەوەی ئایدیۆلۆژییە سیاسییەکان.  لیبڕاڵەکان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە هەموو کەس دەبێ وەک یەک بایەخی هەبێ، ئەگەرچی جیاوازن. سوسیالیسم پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ بەرابەری کاتێک مسۆگەر دەبێ کە ئێمە بە شێوەی جیاواز لەگەڵ مرۆڤە جیاوازەکان هەڵسوکەوت بکەین لە رێگای دانی زیاتر بە هەژارەکان لەچاو دەوڵەمەندەکان. فەلسەفەی موراڵ کە سەرقاڵی ئەوەیە عەداڵەت چییە قەت، نەیتوانی پردێک لە نێوان  ئەم نەریتانەدا چێبکا. بەڵام هیچ کام لەم نەریتانە پێویست ناکا بایەخی مرۆڤ و بەرابەربوونیان رەدبکەنەوە.

 کاتێک دەمانەوێ بەرگری لە بایەخی مرۆڤ و بەرابەری بکەین، کێشەی گەورە لەوەدایە هەندێ رەوت هەن دەیانەوی هەندێ کەس و گرووپ نائینسانی بکەن. نائینسانی کردن بەو مانایە کە دەیانەوێ تا رادەیەک، یان بە گشتی هەندێ لە مرۆڤەکان لە دایرەی بە مرۆڤبوون بهاونە دەرێ. ئەمە لە رێگای بەشەیتانی کردنی ئەوانەوە، بە بەرز و نزم دانانیان و بەشتکردنیان دەکەن.

کاتێک ئێمە کەسانی تر بەنائینسانی دەکەین، بەرامبەریان سنووری بێ رێزی و کردەی خراپی خۆمان دەبەزێنین. رێزگرتن، پرینسیپێکی دوو لایەنەیە. کاتێک ئێمە خەڵکی تر بەنائینسانی دەکەین بەو واتایە دێت لە ئەوان وەک خۆمان ناڕوانین و خاوەن هەمان بایەخ نین. ئێمە دەتوانین لەبری دوژمنکاریەکان، قسەخراپەکان، دەمارگرژی، بەکەم گرتن و بە نزم سەیرکردنەکان خاوەن هێزێکی ئەخلاقی بین بۆ کردەی مرۆڤانە.

بەشەیتانیکردن

بەشەیتانیکردن بە واتای ئەوەیە لە هەندێ کەس وەک شەیتان بڕوانی. رۆمەکان خەڵکانی نامەسیحییان بە شەیتانیدەکرد(Cohn 1997). دوواتر لە ئۆرووپا مەسیحییەکان ئەم کارەیان لە دژی یەهوودییەکان کرد. لە ئۆرووپا، لە سەدەی نۆزدە، ژنان (یاخود جادووگەرەکانیان) بەشەیتانیدەکرد و لە ئاوردا دەیانسووتاندن و ماویەکی زۆر لەبەر چاوی خەڵکیدا دەیانهێشتنەوە. هەروەها لە رێگای بەشەیتانیکردنەوە کەمئەندامەکانیان ئازاردەدا. دەیانگوت ئەوان بەم شێوەیە لەدایکبوون چونکە دایکەکانیان لەگەڵ شەیتان خەوتبوون، یان لەبەر ئەوەی شەیتان دەستی لێوەشاندبوون. نموونەیەکی تر بۆ بەشەیتانیکردنی کلتووری تر ئەوەیە کە مەسیحییەکان بە کەسانی بێگانە دەڵێن 'شەیتانی غەریب'. بەشەیتانیکردن لە سەردەمی ئێمەدا رەنگە زۆر بەشێوەی جاران نەمابێ. بەڵام ئێمە بەردەوام لە شکڵی 'نەرم'دا جوێن بەخەڵکی تر دەدەین، وەک 'کەسە شەیتانییەکە'، یاخود 'ئەی نگریس!'.

نازییەکان لە بواری ئاستدانان بۆ بایەخی مرۆڤەکان تووندڕەوترین کەسەکان بوون. ئەوان خەڵکیان گرووپبەندی دەکرد و، بۆ وێنە لە دەستەواژەی 'مرۆڤەنزمەکان' کەڵکیان وەردەگرت(Untermenschen). هەڵبەت بەگرووپکردنی مرۆڤەکان لە سەردەمی ئێمەدا هەر بەردەوامە. ئێمە مرۆڤەکان بەگوێرەی تەمەن و بایەخی بازاڕەوە گرووپبەندی دەکەین. وەک چۆن 'راندی براتەلی' ناوی لێناوە 'تەمەنگەرایی'، کە بەمانای جیاکردنەوە و هەڵاواردنی مرۆڤەکانە بە هۆی تەمەنی زۆریانەوە. ئەمە دەکرێ رووبدات کاتێک مرۆڤە بەتەمەنەکان لە دوواوەی ئەو ریزەدان وا خەڵک تێیدا چاوەڕوانی ژووری نەشتەرگەری دەکەن و فوتباڵیستە باشەکان و بەڕێوەبەرەکان بە هۆی سەرقاڵییەوە پێشیان دەکەون.

 رەگەز، پێوەرێکی باوی گەرووپبەندی کردنە، ئەگەرچی تیۆرەکانی تەندروستیی رەگەز هیچ جێگا و شوێنێکیان لە زانستدا نیە. بۆیە خەبات لە دژی رەگەزپەرستی ئەرکێکی گرینگە بۆ هەموو بیرە مرۆڤ سەنتەرەکان کە باس لە مرۆڤ دەکەن. بەخۆشییەوە لێرە لە نۆروێژ وازیان لەو هەڵسوکەوتانە هێناوە کە لەوە پێش لە دژی 'سامی'یەکان و 'قەرەجەکان' بەڕێوەیان دەبرن. بەڵام بەردەوام خەڵک لە کلتورەکانی ترەوە نزمتر لەوانی تر سەیردەکرێن. ئەم دیاردەیە هەموو رۆژێک لە بازاڕی کاری نۆرێژیدا دەبیندرێ.

بەگرووپبەندی کردن بە گوێرەی زمان و ناوەڕۆکیش روودەدات. لە زمانی ئێمەدا وشەگەلی هاوتراز بۆ پیاو بریتین لە 'رەگەزی بەهێز'، سەرەوەری خڵقەت، قارەمان، سوارە و نەجیبزادە؛ بەڵام بۆ ژنان بەردەوام ئەم وشانەن: رەگەزی لاواز، شەرینگ kjerring (کە بە مانای بچوکتر لە پیاو دێ) و هەندێ وشەی تریش.

بەشتکردن objektgjøring

جگە لەبەشەیتانیکردن و بەگرووپکردنی مرۆڤەکان، فۆڕمێکی تری بەنائینسانیکردن بریتییە لە بەشتکردن. مەبەستی من لەمە ئەوەیە کاتی لەبەشتکردن لە مرۆڤ وەک سوبیەکتی (کەس) خاوەن کردار ناڕووانین، بەڵکو وەک شت هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەین کە ئەمەیش بە مانای ئەوەیە دەبێتە بابەتی کردار یاخود هێزی کەسێکی تر. لەوەها حاڵەتێکدا کەسەکە ئیتر دەرفەتی ئەوەی لێدەسێندرێ لەسەر چارەنووسی خۆی بڕیاربدات. ئەمە دەتوانێ لە 'لەخۆنامۆبوون' و 'بە ئەشیاکردن'یشدا tingliggjøring خۆی بنوێنێ کە لە کاپیتالیزمدا هەر هەمووان لە ژیانی رۆژانەدا بە تووشیەوە دەبین، کە تێیدا وەک بەشی بچوکی ماشینێکی گەورەمان لێدێ. یاخود لە رێگای سیستمی بیرۆکراتییەوە کە لەم نیزامەدا هەیە لەگەڵ ئێمە نەک لە شیوازی مرۆڤ، بەڵکو وەک 'بابەت' هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکرێ. بۆیە زۆرجار ئەمە راستە کە سیستمی بیرۆکراتی دیاردەیەکی نگەتیڤە. لە بەشی تەندروستی، وەک شت هەڵسوکەوت لەگەڵ مرۆڤەکان دەکرێ و، زۆر جار لەبیری دەکەن ئەوە مرۆڤە خەریکی چارەسەری نەخۆشییەکەین نەک شت. هەروەها دەبێ نیگەرانی ئەوە بین کە هێزی بازاڕیش مرۆڤەکان بەشتدەکا. مرۆڤ لە بازاڕدا دەکرێ بە کاڵا، جا چ قسە لەسەر بازاڕی کار بێت یان بازاڕی مەعامەلات. لە بواری پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکانیشدا ئەم بەشتکردنە دەبینین. بۆ وێنە لە پێوەندیی نێوان نێر و مێ، کاتێک ژن دەبێ بە شت بە هۆی رەگەزی مێینەبوونەکەیەوە.

هەندێ جار دژوارە لەوە بگەین کە چلۆن ئێمە بۆ ئەوەی کردە نائەخلاقییەکانمان پاساوبدەینەوە، خەڵکی تر لە دایرەی مرۆڤ دەردەهاوین و لە جیاتی ئەوەی وەک کەسانی هابایەخی خۆمان سەیریان بکەین، دەیانکەین بە غەیرە. رەنگە ئێمە هەردووکی ئەم کارانە پێکەوە بکەین. لە حاڵەتی یەکەمدا هەوڵ دەدەین کارە نەشیاوەکەی خۆمان لە رێگای بەکەمگرتنی کەسەکەوە بە کارێکی عادڵانە بنوێنین. لە حاڵەتی دووهەمیشدا نابینین کە ئەو شتەی دەیکەین هەڵەیە، چونکە لامان وایە کەسی بەرامبەر مرۆڤ نیە.

خۆشەویستی

ئەو پارێزگارییە فەرمییەی لە مافەکانی مرۆڤ دەکرێ مانایەکی گەورەی هەیە بۆ بەردەوامیی بایەخی مرۆڤ. بەڵام ئەمە هێشتا بەس نیە. هەندێ لایەنی تر لە مرۆڤ بینیی هیومانیستی هەیە کە زیاتر جێگای سەرنجن، بۆ وێنە پرسی خۆشەویستی.

رواڵەتێکی تر هەیە کە ئێمەی مرۆڤ بانگهێشت دەکا بۆ ئەوەی برامبەری یەکتر چاک بین. ئەمە لە زۆربەی نۆرمە ئەخلاقییەکاندا دەبینرێ: 'ئێمانوئێل لێڤیناس' (١٩٩٥ ـ ١٩٠٥)، دەڵێ کەس مەکوژە. وەک گەلێک لە فیلسووفەکانی دووای شەڕ، ئەو سەرقاڵی لێکدانەوەی ئەخلاق بوو بە بێ سەرنجدانی ئەو دەسەڵاتە دەرەکییانەی وا دیاریدەکەن چی راستە و چی هەڵەیە. لە یەکدڵیی نێوان مرۆڤەکاندایە ئێمە دەتوانین سەرچاوەی 'چاکە' بۆزینەوە.

'لوک فێری' (١٩٥١ ـ)، فیلسووفی هیومانیستی فەڕەنسی دەڵێ ئێمە دەبێ سێ دەستەواژەی خۆشەویستی کە یۆنانییەکان بەکاریان دەهێنان، زیندوو بکەینەوە: پێکەوەبوون(agape) ، لێک نزیکبوونەوە و حەز بەرامبەر بەوی تر(philia)، سەرئەنجام عیشقی ئیرۆس(eros). فێری دەڵێ پێوەندیی نزیک لەگەڵ ئەوی دی دەتوانێ هەڵگری هەندێ شتی بەرز بێت و، ئەمە لە کتێبەکەی ئەودا 'مرۆڤ وەک خودا'، باسێکی سەرەکییە. ئەم فیلسووفە مرۆڤ ناودەنێ بوونەوەری خودایی، لەو مانایەدا ئەو کەسەی لە ئێمە وەک مرۆڤ نزیکە، دەبێتە کەسێكی موقەدەس و خاوەن رێزی زۆر(Ferry 1997).

ئازادی

راگەیەندراوی مافی مرۆڤ تەنیا خوێندنەوەیەکی کورت لە چۆنیەتی دەستەبەرکردنی مافەکانمان پێشکەش دەکا. بۆیە پیویستە بەشێوەی کۆنکرێتی باس لەو پرسە ئەخلاقییانە بکرێ کە بە هۆی باوەڕ بە بایەخی مرۆڤ لەم راگەیەندراوەدا هاتووە. پێش هەر شتێک باس لەسەر کارتێکەری لە سەر سیاسەت و لەسەر فەزای دونیاییە، چونکە لەم بەشانەدایە بەمرۆڤبوونی ئێمە دەردەکەوێ. بۆیە دەبێ ئێمە بۆ گەیشتن بە مرۆڤبوون (وەک ناسنامەی جیهانی)، کەسایەتی خۆمان وەک ئاژەڵی سیاسی، یاخود وەک ئەو مرۆڤانەی دەربەستی کۆمەڵگان، گەشە پێبدەین. 'هانا ئارێنت' بەم شێوەیە باس لەمە دەکا: "ئازادی... لە راستیدا هۆکاری سەرەکیی پێکەوە ژیانکردنی مرۆڤەکانە لە رێکخراوە سیاسییەکاندا. بە بێ ئازادی، ژیانی سیاسی بێ مانا دەبێ. دەلیلی هەبوونی سیاسەت ئازادییە؛ کردە، ئەو بوارەیە مرۆڤ ئەزموونی سیاسەتی تێدادەکا."

لە فەلسەفەی ئارێنت، ئازادی، بەو شێوەیەی کە لە تیۆری لیبڕالیستی رۆژئاوایی لەو نەریتەی وا 'جۆن لۆک' لە دووای خۆی جێی دێڵێ، باسیدەکا شتێکە زیاتر لەو مافانەی وا ئێمە دەپارێزن لە هێرشی نەیارانی، (Hagtvedt 1994). بە گەڕانەوەی بۆ رەگ و ریشەکانی چەمکی ئازادی لە سەردەمی کەونارا، ئەم فیلسووفە لە کتێبەکەیدا بە ناوی The Human Condition (1958)  ئازادی بەم شێوەیە پێناسەدەکا کە بریتییە لە دۆخێک بۆ بەشداریکردن لە ژیانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ مرۆڤە ئازادەکانی تر. بابەتەکە دەتوانێ بیری هەوڵەکانی 'تۆماس جێفێرسۆن'مان بخاتەوە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا کاتێک دەیگوت ئێمە دەبێ مافی ئازادی تەنیا لە رزگاری لە ژێردەستەییدا نەبینین، بەڵکو دەبێ سنورەکانی تا ئاستی گەشەی خۆ درێژ بکەینەوە، بەو شێوەیەی جۆن لاک مەبەستی بوو.

ئارێنت لە ژیانی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک دیاردەیەکی مرۆڤانەی ئاسایی دەڕوانێ. وەها ژیانێک بە جوانی لەگەڵ ئەو ئایدیاڵە هیومانیستییە دێتەوە کە دەیەوێ بایەخی مرۆڤ بەحەقیقی بکات. ژیانێکی لەم چەشنە، سنوورەکانی رۆڵی نەریتیانەی مرۆڤ جێ دێڵێ کە مرۆڤ تێیدا کار لە پێناوی مانەوە دەکا. هەروەها سنوورەکانی مرۆڤیش وەک بەرهەم هێنەری ئامراز، بەڵام دەبێ ئەمە بە گوێرەی ئەو مەرجانە بێت کە بایەخی مرۆڤ بۆ ئاستی مرۆڤە کەمئەندامەکان دانەبەزێنێ.

باوەڕ بە ئازادی مرۆڤ دەتوانێ تا ئاستی ئازادیی پوزەتیڤ بەرزبکرێتەوە کە زیاترە لە ئازادبوون لەژێردەستەیی. ئەم جۆرە ئازادییە لەگەڵ گەشبینیی هیومانیستەکان سەبارەت بە داهاتووی مرۆڤایەتی دێتەوە. ئەمە دەتوانێ پردێک درووستبکا بۆ بەدەربەستبوونی ئەخلاقی بۆ ئەوەی باوەڕ بێنین بەوەی کە دەکرێ 'لێرە لەسەر زەوی بەهەشت سازبکرێ'.

ئەمە بە شێوەیەکی بەهێز لە بیری 'ئێریک فرۆم' (١٩٨٠ ـ ١٩٠٠)، دەروونناسی ئاڵمانی ـ ئامریکائیشدا رەنگدەداتەوە. بە دەستپێک لە مارکسیزمێکی هیومانیستی کە تێیدا لەخۆنامۆبوون خاڵی سەرەکییە، ئەو باس لە لە مرۆڤی مودێڕن دەکا کە لە ئازادی هەڵدێت، بەرپرسایەتی لە خۆی دادەماڵێ و خۆی دەهاوێتە ژێر دەسەڵاتەوە. فرۆم نەریتی 'لۆتەر'ی لەم بارەیەوە زۆر تاوانبار دەکا. لای ئەو، ئەمە یەکێک لە بنەماکانی فاشیزم بووە. ئەو دەڵێ کۆمەڵگایەکی ساخ لە سەر ئەندامی بەرپرس و ئازاد چێدەکرێ (Fromm 1965).

ژینڕوانگەی دونیایی کاتێک نکۆڵی لە هەبوونی ژیان لە دووای مردن دەکا، دەتوانێ لە خۆیدا هەڵگری حەزێکی تایبەت و بەهێز بێت بۆ بەحەقیقی کردنی دەرفەتە زاتییەکانی ژیان لە هەنووکە و لێرەدا، جا هەم بۆ کەسەکە خۆی، هەم بۆ ئەوانی تر و هەم بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەمە لە خودی روانگەی ژیاندایە، ئەوەیکە تەنیا یەک ژیان هەیە و یەک دەرفەت. جا شتێکی تراژیکە ئەم دەرفەتە هەموو جارێک لەکیس بچێ. هەروەها ئەم فرسەتە دەتوانێ دەربڕی پێوەندێکی وجوودی لە نێوان ئازادی و بەرپرسایەتیدا بێت.

'ژان پۆل سارتێر' (١٩٠٨ ـ ١٩٠٥)، فیلسووفی فەڕەنسی، ئەم بەرپرسیارەتییە بێ سنوورە گرێدەداتەوە بە ئازادیی وجوودیی خۆمانەوە. ئەو لای وایە هەڵبژاردن، دیاردەیەک نیە کە بە هۆی هۆکارە لەوەپێش بۆمان دیاریکراوەکانەوە سەرهەڵبدات. نە هیچ ئایینێک، نەریت یان سرووشتێک ناتوانێ بنەمای نۆرمەکانی ئێمە یاخود هەڵبژاردنەکانمان بن. ئەزموونی مرۆڤ ئەوە دەسەلمێنێ کە نۆرمە ئەخلاقییەکان، بنەمایان نیە. لە روانگەی ئۆنتۆلۆژییەوە ئەوە ئازادییە خۆی لە خۆیدا بوونی ئێمە پێکدێنێ. سارتێر لای وایە مرۆڤ سەرەتا وەک مرۆڤ بوونی نیە. گەر ئێمە واز لە ئازادی بێنین، واتە گەر ئەوە هەڵنەبژێرین کە دەتوانین هەڵبژێرین، ئەوا بە حەزی خۆمان وازمان لە ئازادی هێناوە. بۆیە وازهێنان لە ئازادی خۆی بەیانی ئازادییە، یان وەک ئێریک فرۆم دەڵێ هەڵاتنە لێی.

لەبەر ئەوەی مرۆڤ توانای هەڵبژاردنی شتی تری هەیە، هەر ئەوەی نیە کە هەیە. مرۆڤ دەتوانێ ئەوەی کە پێیدراوە، لایبدات. سنووری ئەوەی هەیە بیبەزێنێ، هەروەها خۆیشی. خۆی بە دۆخەکانەوە گرێدەدا، ئەو دۆخانەی کە دەبن بە دۆخ کاتێک ئەو خۆی پێیانەوە گرێدەدات. مرۆڤ (بۆ خۆیەتی) لە پێناوی خۆیەتی. ئەگەر ئێمە خۆمان لە دڵەڕاوکێی خۆمان بۆ ئازادیی بێ سنوور لەدەستبدەین، بە لێکدانەوەی هەڵبژاردنەکانمان لەپێناوی شتێکی نەناسراو، ئەوە بریتییە لە هەوڵی ئێمە بۆ ناشتنی دڵەڕاوکێکانمان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی. بەڵام ئەوە ئازادی و هەڵبژاردن بە هۆی ئازادییەوەیە بایەخی ئێمە دەخوڵقێنی و شوناسی ئێمە شکڵ دەدات. لێرەدا سارتێر هاوئاراستەیە لەگەڵ نووسەری فەڕەنسی 'ئالبێرت کامۆ' (١٩٦٠ ـ ١٩١٣)، کە لەپاڵ سارتێر یەکێک لە نووسەرە گەورە وجوودگەرا مودێڕنەکانە. هەڵبژاردنەکانمان هی خۆمانن و هەموو جارێک تایبەتن بە تاکایەتی خۆمانەوە؛ هەڵبژاردنێکی تەنیا. بەڵام هاوکات ئەمە ئەو دەرفەتە دەدات کە 'بوون بۆ ئەوانی تر' بەرهەم بێنێ. بۆیە ئازادی گرێدەدرێتەوە بە جیهانی مرۆڤ و بە گشتەوە. بەم شێوەیە سارتێر پردێک دروستدەکات بەرەو هیومانیسم و بەرەو پابەندبوونە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆیەوە. سارتێر فەلسەفەی وجودگەرایی خۆی ناو نا هیومانیسم(Sartre 1997).

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for menneskeverd