شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (٢١)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

هیومانیسم باوەڕی بە تیۆری داروین هەیە سەبارەت بەوەی مرۆڤ ئاکامی گەشەی سرووشتە. مرۆڤ بەشێک لە سرووشتە و، بۆیە نە لە دەرەوەی سرووشتە و نە بەسەریەوە راوەستاوە. هیومانیسم هەروەها باوەڕی بەوەیە کە وشیاریی مرۆڤ گرێدراوە بە جەستەو بە تواناکانی مێشکیەوە. کەسایەتی و جەستە پێکەوە گشتییەتێکی لێکدانەبڕاو (مونیست) پێکدێنن.

 

خاڵە بنەڕەتییەکانی ژینڕوانگەی هیومانیستی

ناوەڕۆکی ژینڕوانگەی هیومانیستی چییە؟ بۆ وەڵامدانەوەی وردی ئەم پرسیارە، پێویستە باس لە رەگ و ریشە مێژووییەکانی ئەم ژینڕوانگەیە بکەین کە من لەوە پێش لە پاژی سێدا باسم لێکردن. هەروەها ناکرێ بە جیا لەو چوارچێوە رێکخراوەیی و سیاسییانە سەیری ئەم پرسیارە بکرێ کە ئەم ژینڕوانگەیە هەیبوو و هەیەتی و، من دیسان لە بەشی دووهەم دا باسم لێکردن. بەهەرحاڵ وا باشە باس لە هەندێ بواری گرینگی ئەم ژینڕوانگەیە بکەین.

هیومانیستی ئامریکایی 'کورلیس لامونت' باس لە تیۆرێک لە داهێنانی خۆی دەکا کە ناوی لێناوە 'دە بەردی بنەمای ژینڕوانگەی هیومانیستی'. ئەو پێی وایە ئەم دە خاڵە " لە فۆڕمی مودێڕن و گونجاودا وێنای ناوەڕۆکی هیومانیسم دەکا." (Lamont 1988, s. 20 ff)  بەردە بناخەییەکانی لامونتس سەرنجڕاکێشن و، لێرەدا باسیان لێ دەکەین. ناوەڕۆکی ژینڕوانگەی هیومانیستی لە سێ بواری ناسینی دونیا، ئەخلاق و  مرۆڤناسیدا، کە سێ بواری سەرەکیی هەموو ژینڕوانگەکانن، ئاسانتر خۆبەدەستەوە دەدا و رەحەتتر لێی تێدەگەین. هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ژینڕوانگەیە لە بوارەکانی مرۆڤناسی و ئەخلاق لە پاژەکانی ١٦ تا ١٨ بەشێوەی بنەڕەتی تر باسیان لێدەکەین.

سەرچاوەیەکی گرینگی ناوەڕۆکی ژینڕوانگەی هیومانیسم ئەو راگەیەندراوەیە رێکخراوی جیهانیی هیومانیستی (IHEU)   بۆ ئەندامەتی باسی لێکردووە: "هیومانیسم شێوازێکی ژیانی دێمۆکراتی و ئەخلاقییە کە تەئکید لەسەر ئەوە دەکات مرۆڤایەتی ماف و بەرپرسیارەتی ئەوەی هەیە باس لە ئایدیاکانی خۆی بکا و خۆی ژیانی خۆی رێکبخات. هیومانیسم بۆ چێکردنی کۆمەڵگایەکی پتر ئینسانییە لە رێگای ئەخلاقێکەوە کە لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی و بایەخە سرووشتییەکانی تر راوەستاوە کە ئەوانیش رەگیان لە ئەقڵ و داوا ئازادەکاندا هەیە. ئەم ژینڕوانگەیە تەئیستی نیە و باوەڕی بە روانگە بانسرووشتییەکان لەسەر جیهانی راستی نیە."

تێرمی ژینڕوانگە

سەرەتا باس لەوە بکەین کە گەلێک تێرمی دیکە بۆ ژینڕوانگەی هیومانیستی دەستدەکەون. 'لامونت' دەڵێ تێرمی تر هەن خۆیان لەژێر ناوی هیومانیسم دا دەبیننەوە وەک هیومانیسمی زانستی، هیومانیسمی سکولار، هیومانیسمی سرووشتی یاخود هیومانیسمی دێمۆکرات. لێرە لە نۆروێژ ئەم دەستەواژە جۆراوجۆرانە رۆڵێکی گرینگیان نەگێڕاوە، بەڵام لە ئاستی نێونەتەوەییدا لە بواری نەریت و رێکخراوەییدا ئەو جۆراوجۆرییە دەنوێننەوە وا لە پێوەندی لەگەڵ رێکخراوی جیهانیی هیومانیسم دا هەیە.

لە نۆروێژ هیومانیستەکان زیاتر بەوەوە سەرقاڵبوون کە داخۆ بە خۆیان بڵێن هیومانیست (مرۆڤگەرا)، یان کەسی سەرقاڵی ئەخلاقی مرۆیی (مرۆئەخلاقی). گفتوگۆیەک کە هەنووکەیش بەردەوامە. لایەنگرانی تێرمی مرۆئەخلاقی دەڵێن ئەم تێرمە کاری لەسەر کراوە و ناسراوە و، بۆیە دەتوانێ بە شێوەیەکی جوان پێ لەسەر ئەخلاق لەم ژینڕوانگەیەدا دابگرێ. هەروەها ئەوان لەوە دەترسن کە دەستەواژەی هیومانیسم لە گەڵ دەستەواژەکانی تر تێکەڵ بکرێ. لایەنگرانی هیومانیسمیش دەڵێن هیومانیسم تێرمێکی ئاساییە لە ئاستی نێونەتەوەییدا و زیاتر لە مرۆئەخلاقی لەخۆی دەگرێ. بە رای ئەوان مرۆئەخلاقی تەنیا بواری ئەخلاق دەگرێتەوە. بە گوێرەی ئەو راپۆرت و دێکۆمێنتانەی لە دیالۆگە جۆربەجۆرەکانەوە ماون، تێرمی ژینڕوانگەی هیومانیستی لەپێشە. لەم کتێبەدا ژینڕوانگەی هیومانیسم وەک هیومانیسم بەکاردەبرێ.

ناسینی مرۆڤ لە دونیا

نەریتی سرووشتگەرایانە

 لە ناو ژینڕوانگەکاندا کاتێک باس لە ناسینی مرۆڤە لە جیهان (لەگەڵ گەردوون و هەروەها ژیانیش لە سەر گۆی زەوی)، هیومانیسم لەناو نەریتی سرووشتگەرایانەدا شوێن بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. نەریتی سرووشتگەرایی باس لەوە دەکا سرووشت "سیستمێکە لە ماددە و لە وزە کە بەردەوام لە گۆڕاندان". ئەمە بەو مانایە نایەت هەموو نەریتەکانی سەر بە سرووشتگەرایی لەگەڵ ژینڕوانگەی هیومانیستیی سەردەم یەکدەگرنەوە. خاڵی سەرەکی ئەوەیە هیومانیسم خاوەن رووانینێکی تایبەتە سەبارەت بە دونیایە کە تێیدا لە روونکردنەوە بانسرووشتییەکان وەک ئەفسانە دەڕوانێ. هیومانیسم "روانگە بانسرووشتییەکان لەمەڕ واقع رەد دەکاتەوە"، ئەمە لە راگەیەندراوەکەیاندا هاتووە.

 ناتەیسم (بەرامبەر بە تەیسم ـ وەرگێڕی کوردی)

ناتەئیسم نەریتێکی سرووشتگەرایانەیە و باوەڕی بە روانگە بانسرووشتیەکان سەبارەت بە دونیا نیە، هەروەها روونکردنەوە تەیستییەکانیش رەد دەکاتەوە. واتە ئەو روونکردنەوانە وا پشت دەبەستن بە خوداکان. راگەیەندراوی هیومانیستی باس لەوە دەکا هیومانیسم ناتەیستییە، دەستەواژەیەک کە هەم ئاتەئیسم لەخۆ دەگرێ و هەم ئەگنۆستیسیسم، بەڵام لە لایەکی ترەوە هەڵوێست ناگرێ بەرامبەر بەو دووبەرەکایەتییەی لەنێوان ئەم دوو روانگەیەدا هەیە.

روانگە نادۆگماتیەکان

ئەو تیۆرە زانستییانەی سەبارەت بە سەرەتا و گەشەی گەردوون، گۆی زەوی و ژیان لەسەر زەوی هەن، وەها نیە کە هەڵگری راستییە ئەبەدییەکان بن. دەرکی هیومانیسم لە واقع ئەوە رەد ناکاتەوە کە رەنگە ئەم دەرکە گۆڕانی بەسەردا بێت. سنورەکانی زانست ـ سەرەڕای دیتنە نوێیەکان و مودێلە تازەکانی ـ  بێگومان ناتوانن پرسیارە قووڵە فەلسەفەییەکانی لە رەگەزی ئۆنتۆلۆژیا بگۆڕن. وەک 'هێلمۆت ئورمەستاد'ی زانا و هیومانیست دەڵێ (ئەم دێڕانە لە بیرەوەرییەوە وەرگیراون، لەو گفتوگۆیەی لە ساڵی ١٩٩٤ هەمانبوو): "ئێمە دەتوانین لەسەر هێزی راکێشانی زەوی خاوەن زانیاری بین، ئەوەیکە ئەم هێزە ئیش دەکا و مانای هەیە بۆ هەڵاتن و داچوونی هەتاو، بۆ کونە رەشەکانی ناو گەردوون، بۆ شوێنی زەوی و چارەنووسی، بۆ گەڕانی مانگ بەدەوری هەسارەکاندا و رەنگە بۆ گەشەی زیندووی گەردوونیش. بەڵام ئەم زانیارییانە ناتوانن بە تەواوەتی ئەوە بسەلمێنن هێزی راکێشانی زەوی هەیە."

لەم پێوەندییەدا دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە هیومانیسم قەت لە خۆی وەک ژینڕوانگەیەکی دۆگما ناڕوانێ. هیومانیسم کراوەیە بۆ تاقیکردنەوەی بەردەوامی زانستی سەبارەت بە گریمانە و بیروڕا باوەکانمان. راگەیەندراوی جیهانی هیومانیسم کەڵک لە دەستەواژەی 'رۆحی ئازادی زانست' وەردەگرێ. کە ئەمە دەبێ گریمانە و بیروڕاکانی خودی هیومانیسمیش بگرێتەوە. لامونت بەم شێوەیە باسی ئەمە دەکا(Lamont 1988): "هیومانیسم دۆگمایەکی نوێ نیە، ژینڕوانگەیەکە لە گەشەدا کە هەمیشە کراوەیە بە رووی تاقیکاری تازەدا و بە رووی فاکت و دەلیلهێنانەوەی لۆژیکی تردا."

مرۆڤبینی

مونیسم

هیومانیسم باوەڕی بە تیۆری داروین هەیە سەبارەت بەوەی مرۆڤ ئاکامی گەشەی سرووشتە. مرۆڤ بەشێک لە سرووشتە و، بۆیە نە لە دەرەوەی سرووشتە و نە بەسەریەوە راوەستاوە. هیومانیسم هەروەها باوەڕی بەوەیە کە وشیاریی مرۆڤ گرێدراوە بە جەستەو بە تواناکانی مێشکیەوە. کەسایەتی و جەستە پێکەوە گشتییەتێکی لێکدانەبڕاو (مونیست) پێکدێنن. لە لایەکەوە ئەوە کارکردە جەستەییەکانی مرۆڤ نین کە پێناسەی مرۆڤبوونی مرۆڤن، بەڵکو کارکردە وشیارییەکان و مەیلەکانیەتی. لە لایەکی ترەوە هیچ چەشنە وشیاری و مەیلێک پەیدا نابێ بە بێ جەستە و بە بێ پەیوەندیی بە مێشکەوە. ئەمە بەرەو ئەو ئەنجامە لۆژیکیەمان دەبا کە لە دووای مردن چیتر وشیاری نامێنێ. هەندێ لە ئەگنۆستیکەکان دەڵێن پرسی ژیان لە دووای مردن لە دەرەوەی سنووری زانیارەکانی مرۆڤە و بۆیە ناتوانین بە دەلیلەوە باس لەوە بکەین کە لە دووای ئەم ژیانە ژیانێکی تر هەیە. هیومانیسم لەگەڵ دوآلیسم نایەتەوە کە باوەڕی وایە ژیانێکی رۆحی بەجیا لە ژیانی ماددی هەیە.

ئەقڵگەرایی

باوەڕ بە تواناکانی مرۆڤ ـ کە لەسەر بنەمای ئەقڵ راوەستاون ـ بۆ چێکردنی ژیانێکی باش، بەشێکی یەکجار گرینگی ژینڕوانگەی هیومانیسمە. لامونت دەڵی مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە کێشەکانی خۆی چارەسەر بکا لە رێگای "بەکارهێنانی ژیرانە و پێشکەوتووانەی ئەقڵ و شێوازە زانستییەکان". لە راگەیەندراوی هیومانیستیدا باس لەوە دەکرێ کە "ئەقڵ و رۆحی ئازادانەی زانست لە رێگای توانا مرۆییەکانەوە " ئامرازێ چیدەکەن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی مرۆڤانە. ئەقڵگەرایی لێرەدا وەک وەک چەمکێک بەکاردەبرێ بۆ توانای مرۆڤ بۆ بیرکردنەوەی سیستماتیک و بەئامانجکراو و، مەرج نیە حەتمەن بەشی ئەپیسمۆلۆژیا لەم فەلسەفەیەدا بگرێتەوە کە لە لایەن ئەزموونگەراکانەوە درایە بەر رەخنە.   (jf. Kapittel 6)

ئیرادەی ئازاد

هیومانیسم وەک ژینڕوانگە پێی وایە مرۆڤ خاوەن ئیرادەی ئازادە. راگەیەندراوەکەی دەڵێ مرۆڤ خاوەن "ماف و بەرپرسایەتییە بۆ ئەوەی رای خۆی دەربڕێ و ژیانی خۆی شکڵ پێبدا." کە ئەم رستەیە رەگی لە باوەڕ بە ئیرادەی مرۆڤدا هەیە وەک مەرجێک بۆ ئەم تایبەتمەندییە. هیومانیسم هەروەها باوەڕی وایە مرۆڤ سوبیەکتێکی کارایە کە بەشداری دەکا لە شکڵ پێدانی دەورووبەری خۆی.

مرۆڤ لە رێگای ئیرادەی ئازادەوە بەرپرسایەتی لە ئاستی خۆی و ژیاندا وەردەگرێ. ئیرادەی ئازاد هەروەها توانای هەڵبژاردنمان دەداتێ لە نێوان چاکە و خراپەدا و، مەرجێکی گرینگە بۆ ئەخلاق. کردە مەزنەکانی مێژوو، ئایدیا سیاسییەکان، دەستکەوتە کلتورییەکان و داهینانە گەورەکان هەر هەموویان دەستکردی مرۆڤن. بەڵام شەڕە کارەساتبارەکان و دەسەڵاتە سەرەڕۆکانیش دەستکردی مرۆڤن. ئێمە دەتوانین ئەمە ناوبنێین لێکدانەوەی هیومانیستی بۆ شوێن و بەرپرسایەتی مرۆڤ لە ژیاندا.

فۆڕمە جۆراوجۆرەکانی خورتیگەرایی (determinisme) کە رەدی ئیرادەی ئازاد دەدەنەوە، بەرپرسایەتی و (پرسی تاوان) لە کردەی مرۆڤ دەسڕنەوە. بە رای من هیومانیسم لە گەڵ هەموو فۆڕمەکانی خورتیگەرایی ناتەبایە. جا ئەم فۆڕمانە لە شێوازی 'مێژووگەرایی' لە ئایدیۆلۆژییە توتالیتارییەکاندا (ئەوەیکە رەوتی مێژوو خاوەن مەبەستێکی لەوە پێش دیاریکراوە) رەنگ بدەنەوە، لە فۆڕمی سرووشتگەرایی ساکار (کە تێیدا مرۆڤەکان وەک ئاژەڵی ملکەجی ژێن پێناسەدەکرێن)، لە فۆڕمی ئەو بوونەوەرانەی وا لە ئایینەکاندا چارەنووسیان لەوە پێش بۆ دیاریکراوە و، یان لە لایەن خورافەی ئەستێرەناسییەوە کە هەوڵدەدا داهاتووی لەوە پێش بەسەردابڕاویان بۆ بخوێنێتەوە. چونکە ئەگەر مرۆڤ بەم شێوەیە قوربانی بڕیارە دەرەکییەکانی دەرەوەی خۆی بێ، کەواتە ناتوانێ بەرپرسایەتی وەرگرێ لە ئاست کردە و هەڵبژاردنەکانی خۆیدا.

ئەمە بەو مانایە نیە کە هیومانیسم پێی وایە مرۆڤ لە ژێر کاریگەرییەکانی دەورووبەری خۆیدا نیە. مەبەست لە ئیرادەی ئازاد ئەوە نیە ئەم ئیرادەیە لە دۆخی بەتاڵدا روودەدا، جا ئەمە چ هەل و مەرجەکان بگرێتەوە و چ کاریگەرییەکانی ئیرادەی ئازاد. پێوەندیی نێوان ئیرادە و دەورووبەر لە شێوازی دیالکتیکیە. لە بەرزترین ئاستی خۆیدا دەبێ بڵێین ئیرادەی ئازاد بریتیە لە ئازادیی مرۆڤ لەو هێز و دۆخانەی وا سنوورداری دەکەن و دەیخەنە ژێر گوشارەوە. 'هاڕاڵد ئوفستاد'ی هیومانیست و فیلسووف بەم شێوەیە ئەم خاڵە فۆرمولە دەکا(Ofstad 1980) : "خاڵی سەرەکی لە گفتوگۆ لەسەر ئیرادەی ئازاد ئەوەیە ئێمە هێزی ئەوەمان هەیە جیاواز لەو شتەی دەیکەن بجووڵێینەوە."

'کارلۆس لامونت'یش بەم شێوەیە باس لەم خاڵە دەکا(Lamont 1988): "ئەگەرچی مرۆڤ لەژێر کاریگەرییەکانی رابردوودایە، بەڵام خاوەن توانای هەڵبژاردن و کردەی ئازادانەیە و، ئێمە لە ناو سنوورە دیاریکراوە ئۆبژێکتیڤەکاندا دەتوانین چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین."

مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە

لامونت دەڵێ هەر مرۆڤێک دەستبەری ژیانێکی باش بۆ خۆی دەکا لە رێگای "یەکگرتووییەکی هاوکیشەدار لەنێوان حەزە تاکەکەسییەکان و گەشەی خۆی لە رێگای کاری مانادار و هەروەها کردەی باش لە پێناوی گشتدا". کاتێک قسە لە سەر روانگەی ئێمەیە لەسەر مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی گشتی، داوادەکەم بگەڕێینەوە بۆ پاژی شازدە لەم کتێبەدا.

ئێستەتیک (جوانناسی ـ وەرگێڕی کوردی)

هیومانیسم وەک ژینڕوانگە باس لەوە دەکا کە مرۆڤ نیازی بە ئەزموونە جوانناسییەکان هەیە و هەروەها نیازی بەوە هەیە ئەم ئەزموونە جوانناسییانە بەرهەم بێنێ. لامونت لە کتێبەکەیدا دەڵێ هونەر و هەستی جوانناسی دەبێ تا ئەو جێگایەی دەست دەدا بەشێوەیەکی بەرین گەشە پێبدرێ، ئەمە جوانی و دەوڵەمەندیی سروشتیش دەگرێتەوە وەها کە ئەزموونی جوانناسی دەتوانێ ببێ بە راستییەک لە ژیانی مرۆڤدا(Lamont 1988). ئەمە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو رێوڕەسمانەیشدا وا هیومانیستەکان دەیگێڕن خۆی نیشان بدا.

ئەخلاقی ئینسانی

ئەخلاقی پشت بەستوو بە ئەزموون

ئەگەرچی ژینڕوانگە جۆراوجۆرەکان دەتوانن خاوەن گەلێک نۆڕمی ئەخلاقیی هاوبەش بن، بەڵام لەیەک جیادەبنەوە کاتێک پرس لە سەر بنەمای لێکدانەوەیانە. هیومانیسم باوەڕی بەو ئەخلاقەیە کە دەبێ لەسەر بنەمای ئەو بایەخانە دابڕێژرێن وا دونیایین (سکۆلارن). واتە بایەخەکان لە سەر ئەزموونەکان و دۆخی ئەم دونیایە چێکراون. لامونت دەڵێ ئامانجی سەرەکیی ئەخلاق بریتییە لە "خۆشبەختیی زەوینی، ئازادی و پێشکەوتنی ئابووری، کلتوری و ئەخلاقی بۆ هەموو مرۆڤایەتی، سەرەڕای نەتەوە، رەگەز و ژینڕوانگەی جۆراوجۆریان." (Lamont 1988) ئەمە خۆی لە نەریتی ئەخلاقیی تێلێۆلۆژیدا دەبینێتەوە کە شوێنی ناوەندی هەیە لەو نەریتەیدا لە دووای فەلسەفەی لەزەتگەرایی و قازانجخوازیی ئینگلیزیدا سەریهەڵدا.

باوەڕ بە مافەکانی مرۆڤ

ئەخلاقی ئەرکگەرایانە لە هیومانیسمدا خاوەن پێگەیەکی گەورەیە. ئەرکە ئەخلاقییەکان پێوەندییان بە مافەکانەوە هەیە و لەوانەوە سەرچاوە دەگرن. بەم شێوەیە نۆرمی پرینسیپی کارلێکەریی دوو لایەنە بۆ هەلسوکەوت لەگەڵ خەڵکی تر لە رێگای ئەو مافەوە دەسەلمێندرێ کە مرۆڤ بۆ خۆی قائیلە. بەیانێکی ناسراوی ئەم خاڵە لە لایەن هیومانیست و شاعیر 'ئانۆڵف ئۆڤێرلاند'ەوە باسی لێکراوە لە شیعری 'تۆ نابێ بخەوی': "تۆ نابێ تەحەمولی بکەی / ئەو ناعەدالەتییەی خۆت ناگرێتەوە!"

روانگەی هیومانیسم لەسەر مرۆڤ هەروەها راستەوخۆ بە ئەخلاقی 'نێوان ـ تاک'ەوە بەستراوەتەوە. لێرەدا ملکەجبوونی هیومانیسم بە مافەکانی مرۆڤ یەکجار گرینگە. چونکە نۆرمە ئەخلاقییەکان کە بۆ وێنە لە مافەکانی مرۆڤدا هەن، سەلمێنەری بایەخی مرۆڤن.لە پاژی نۆهەم بە شێوەی مێژوویی نیشانم دا کە ئەمە چ گرینگییەکی هەیە بۆ بەرگری لە شکاندنی بایەخی مرۆڤ. دوواتر لە پاژی شازدە دەگەڕێمەوە سەر ئەم چەمکە.

لە راگەیەندراوی مافەکانی مرۆڤدا هەندێک نۆرمی ئەخلاقی هاتووە کە پێوەندیی نێوان مافی هاوڵاتیان و ئەرکەکانی دەوڵەت رێک و پێک دەکا. لە ئەخلاقی هیومانیستیدا بایەخەکانی وەک هاوبایەخبوون، بەرابەری و ئازادیی تاک بایەخگەلی ناوەندین. راگەیەندراوی هیومانیستی دەڵێ "هیومانیسم پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە مرۆڤ ماف و بەرپرسایەتی هەیە بۆ دەربڕینی مانا و رێکخستنی ژیانی خۆی." (تەئکید لە منەوەیە)

دیمۆکراسی و ئاشتی

مافی بەشداری کردن لە بڕیارە دیمۆکراتیکەکاندا و ژیان لە ئاشتیدا بەسەربردن دوو بەشی گرینگی مافەکانی مرۆڤن. ئەمە، مافە کۆمەڵایەتییەکان و دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە بواری خواردن، جل و بەرگ، خانوو و گەرمادا دەگرێتەوە. هیومانیسم لە دیمۆکراسی وەک باشترین فۆڕمی دەسەڵات دەڕوانێ بۆ دابینکردن و پاراستنی ئەم پێداویستیانە. کاتێک دیمۆکراسی وەک فۆڕمی دەسەڵات پابەند دەبێ بە بایەخە ئەخلاقییە هیومانیستییەکانەوە، خۆی لە دوو بواردا دەبینێتەوە: یەکەم، دیمۆکراسی گرێنتی کاریگەریی تاک لەسەر کۆمەڵگادا دەکا و، لە هیومانیسمدا مافی ژیانی خۆرێکخستن، خاڵێکی گرینگی دەستپێکە. دوووهەم، دەوڵەتە دژەکانی دیمۆکراسی، واتە رژێمە دیکتاتۆرەکان، بە گوێرەی ئەزموون هەمیشە بایەخی مرۆڤیان تێکشکاندووە.

پرسی شەڕ و ئاشتی، خۆی لە بایەخە بنەڕەتییە هیومانیستییەکانی وەک مافی ژیان و گەشەپێدانی وەردەدا. هەروەها ئەو ئایدیاڵە گرینگەی هیومانیسم دەورووژێنێ کە پێی وایە دەبێ بە بێ بەکارهێنانی چەک و تووند و تیژی لە دژی مرۆڤەکانی تر، کێشەکان چارەسەر بکرێن. گەلێک لە هیومانیستەکان کاری گەورەیان لە پێناوی ئاشتیدا کردووە و لەمەیان وەک ئەرکێکی گرینگ لە پێناوی بایەخە مرۆییەکانیان رووانیوە. لە نۆروێژ 'نورداڵ گریکس' لە شیعری 'بۆ گەنجەکان' ئەم باباتەی بە شێوازێکی جوان دەربڕیوە. ئەم شیعرە هەم دەخوێندرێتەوە و هەم بە ئاواز گوتراوەتەوە و لە زۆر رووداوی پێوەستدار بە دیاردە مرۆییەکانەوە دووپاتکراوەتەوە. شیعرەکە دەڵێ: "شەڕ ژیان پێشێل دەکا / ئاشتی خوڵقێنەرە / وزەکانتان ئازادکەن / مەرگ دەیدۆڕێنێ!"

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for humanisme kunst