شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (١٩)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

رەخنە لە بەڵگەی دووهەم: ئێمە بە شێوەی لۆژیکی کەڵک لە ئەزموونەکانمان وەردەگرین بۆ روونکردنەوەی ئەو شتانەی لە دەرەوەی ئەو دیاردانەن وا ناتوانرێ بە شێوەی لۆژیکی روون بکرێنەوە. ئێمە لەوە دڵنیا نین کە ژیان و دونیا بە شێوەیکی سەرەکی خۆیان لە هۆ و هۆکاردا دەبیننەوە. وە ئەگەریش وەهایە بێگومان ئەمە لۆژیکی نیە بڵێین هەموو شتێ لەو کاتەوە دەستی پێکرد وا خودایەک جیهانی چێکرد.

 

بەڵگەی سەلماندنی خودا، ئاتەئیسم و ئەگنۆستیسیسم

هیچ شتێک بەقەدەر گفتوگۆ سەبارەت بە خودا مێشک ناهێنێتە جۆش. زۆر کەس لە وەڵامی خۆیان بۆ ئەم پرسە یەکجار دڵنیان. لای ئەوان بڕوا دەبێ بە زانستێکی تەواو ـ لە هەر دوو لاوە. زەمەنیکی دوورو درێژیش بەم شێوەیە بووە.

زۆر فیلسووف و تیۆلۆگ هەوڵیان داوە هەبوونی خودا بسەلمێنن. ئێمە لە پاژەکانی پێشوودا لەگەڵ هەندێکیان ئاشنا بووین. گەلێک فیلسووفی سەردەمی کەونارا باسی ئەم پرسەیان کرد و، لەم پێنج سەد ساڵەی دوواییشدا بەردەوام لە دیالۆگی نێوان ژینڕوانگەکاندا هەبووە. کۆمەڵێک دیعایەی بێ بەڵگە سەبارەت بەم بابەتە هەن کە لە مێژووی فەلسەفەدا دەستەبەندی کراون. لە پێش هەر شتێکدا تایبەتمەندیی ئەوان ئەوەیە کە هەوڵدەدەن لە رێگای ئەقڵ و لۆژیکەوە هەبوونی خودا بسەلمێنن. دووهەم، بەڵگەکانی سەلماندنی هەبوونی خودا لە لایەن ئیمانی مەسیحییەوە دەهێنرێنە گۆڕێ. هەر دووکی ئەمانە خۆیان لە پانتایی کلتوری ئۆرووپاییدا دەبیننەوە، کاتێک بە هۆی سەردەمی رۆشنگەری، رەوتی نوخبەوی و بڕوا بە پێشکەون ئۆرووپا لە باوەری مەسیحی دابڕا و، بۆیە گەلێک مەسیحی هەوڵیاندا بە کەڵک وەرگرتن لە ئەقڵ بەڵگەی سەلماندنی خودا بەدەستەوە بدەن.

لەدرێژەی باسەکەدا من باس لەو بەڵگانە دەکەم لەلایەن ئەو کەسانەوە بەکاربراون وا پێیان وابووە بوونی خودا دەسەلمێنن. هەروەها باس لەو بەڵگانەیش دەکەم ئاتەئیستەکان و ئەگنۆستیکەکان دەیهێننەوە لە بەرامبەر باوەڕداران بە خودادا. ئیمانوئێل کانت یەکێک لەو فیلسووفانە بوو بەتووندی لەدژی لێکدانەوەی ئەقڵانی سەبارەت بە پرسگەلێکی لەم چەشنە راوەستاوە. لە کتێبی 'رەخنە لە ئەقڵی رووت' کە لە ساڵی ١٧٨١ بڵاوبووەوە، ئەو باس لەوە دەکا پرسی خودا وەک پرسی نەمری لە دەرەوەی توانا ئەقڵییەکانی مرۆڤدایە. بۆ زۆر مرۆڤ لە سەردەمی مودێڕنی ئێمە بەڵگەی لەم چەشنە بێ مانا و کۆن دەنوێنێ. چونکە پرسی بوونی خودا یاخود نەبوونی، بە رای من شتێکی تر دەگرێتەوە هەتا ئەوەی ئێمە تا چەندە دەتوانین بە یارمەتی ئەقڵ بوون یان نەبوونی خودا بسەلمینین. بەڕای من باوەڕ یاخود ناباوەڕیی خەڵکی بە خودا دەبێ رێزیان لێبگیردرێ، ئەگەرچی ئەمە بە بێ دەلیل و بەڵگە هێنانەوەی لۆژیکیانە گفتوگۆی لەسەر دەکرێ. دیارە ئەمە هەر دوو بەشەکە دەگرێتەوە. چونکە بە هەمان رادە کە باوەڕدارێک مافی ئەوەی نیە باوەڕی خۆی بە سەر ئەوی تردا بسەپێنێ، هەر بەو رادەیە باوەڕنەدارێکیش ئەو مافەی نیە باوەڕی خۆی بەسەر کەسی بەرامبەردا بسەپێنێ. مەبەستی من لێرەدا لە ناباوەڕدار، ئاتەئیست و ئەگنۆستیکەکانن.

بەهەرحاڵ زۆر کەس بەتایبەت لەناو گەنجەکاندا هەن، نەک تەنیا وەک زانیاریی لەسەر میژووی فەلسەفە، حەزیان لێیە ئاگایان لەو بەڵگانە بێت وا هەر دوو لا بۆ سەلماندنی بوون و نەبوونی خودا بەکاریدێنن. دیارە دەبێ ئاماژە بەوەیش بدەین لە سەردەمی ئێمەیشدا گەلێک هەن دەیانەوێ لە ئەقڵ و لە لۆژیک بۆ وەڵامدانەوەی ئەم 'پرسیارە ئەبدەییە' کەڵک وەرگرن.

ئاتەئیسم و ئەگنۆستیسیسم

ئاتەئیست (لە وشەی یۆنانی تێوس بە واتای خودا نا) بەشێوی پوزیتڤی باس لەوە دەکا کە هیچ خودایەک بوونی نیە. بۆیە ئاتەئیستەکان بەوە تاوانبار دەکرێن کە یەکجار زۆر سەرقاڵی پرسیاری هەبوونی خوداکانن. بنەمای روانگەی ئاتەئیستەکان ئەوەیە کە دەڵێن وێنای خودا وێنایەکی درۆیینە و لە لایەم مرۆڤەوە درووستکراوە بۆ ئەوەی وەڵامی رازەکانی ژیانی پێبداتەوە.

تا ئەو جێگایەی بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی خودا پەیدانەبێ، دڕدۆنگیی ئەوان سەبارەت بە هەبوونی خوداکان دەتوانێ راست بێت. ئەوان بەکەڵک وەرگرتن لەمە بەرەوڕووی هەموو ئیدیعاکان دەبنەوە سەبارەت بە هەبوونی خودا. 'ئاڵفرێد ی. ئایەر' (١٩٨٩ ـ ١٩١٠)، ئاتەئیستێکی سەرنجڕاکیشە کە لەم بوارەدا بە شێوازێکی تر خۆی دەردەخا. ئەو دەڵێ هەموو گوتەکان سەبارەت بە خودا بێ مانان، هەروەها قسەی وەک "رەنگە خودا نەبێ"(Ayer 1962) . بەم شێوەیە ئاتەئیستەکان ئاگادار دەکاتەوە هێز و کاتی خۆیان بۆ وەها گوتەگەلێکی بێ مانا بەفیڕۆنەدەن.

وەک لە کۆمەڵێک نمونەی مێژووییدا سەیرمانکرد، گەلێک بیرمەند هەر لە سوقراتەوە تا 'رۆبێرت ئا. ئینگەشول'، بە ئاتەئیسم تاوانبار کران تەنیا لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە ئایینی باوی سەردەمی خۆیان نەبوو. بۆیە لە دەستەواژەی ئاتەئیست وەک ناوێک کەڵک وەردەگیردرا بۆ ناو و ناتۆرە لێدان و هەڵاواردنی جودابیران، تا مەبەست ئاماژەکردن بە بێ باوەڕی کەسەکە بە خودا بێت.

ئەگنۆستیک (لە 'گنوسیس' بە مانای نەبوونی زانیاری)، باوەڕیان وایە هەبوونی خودا نە دەسەلمێنرێ و نە رەد دەکرێتەوە، بەڵام ئێمە دەبێ بەو ئاراستەیەدا خۆمان رێکبخەین کە خودا وجودی نیە. کەسی ئەگنۆستیک دەڵێ ئەزموونەکانی ئێمە وەڵامدەری پرسی خودا نین. ئێمە ناتوانین بزانین خودایەک هەیە یاخود گەر هەیە لەسەر هەبوونی بزانین. بۆیە زۆریەک لە ئەگنۆستیکەکان سەرقاڵی ئەم پرسە نین، هەرچەند ئەمە هەموویان ناگرێتەوە. لە دێباتە ئایینیەکانی سەدەی نۆزدەهەم ئەگنۆستیسیسم مانای مودێڕنی خۆی لە 'توماس هێنری هاکسلی'ی فیلسووف وەرگرت لەو بەرهەمەیدا لەسەر ئەگنۆستیسیسم و مەسیحییەت نووسی(Huxley 1894).. لەم بەرهەمەیدا ئەم فیلسووفە لە روانگەی ئەگۆستیسیسمەوە بەڵگە دەهێنێتەوە لە دەژی ئەو بەڵگانەی وا مەسیحییەت بۆ سەلماندنی بوونی خودا بەکاریان دێنێ. پێداچوونەوەی ئەم بەرهەمە ئەوە نیشاندەدا کە بەڵگەکانی مەسیحییەت ناتوانن بوونی خودا بسەلمێنن، بەڵام هەروەها ئەو بەڵگانەی نووسەریش بۆ سەلماندنی ئاتەئیسمیش دەیهێنێتەوە، ناخۆن. 'دەیڤید هیوم' (١٧٧٦ ـ ١٧١١) بریتانی، نوێنەری ئەقڵگەرایی، ئەزموونگەرایی و قازانجخوازیی utilitarisme ، 'هێربێرت سپێنسەر' (١٩٠٣ ـ ١٨٢٠) و، 'جۆن ستوارت میل' (١٨٧٣ ـ ١٨٠٦)، وەک بیرمەندانی ئەگنۆستیک دەژمێردرێن، ئەگەرچی ئەوان هیچ کامیان لەم دەستەواژەیە بۆ پێناسەی خۆیان کەڵکیان وەرنەگرت.

ئاتەئیسم و ئەگنۆستیسیسم لە زەمەنی نوێتریشدا سەرنجەکانیان بەرەو خۆیان راکێشاوە. 'کریستیان هۆڕن' دامەزرێنەری رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی لە نۆروێژ مەرجێکی بۆ ئەندامەتی لەم رێکخراوەیەدا دانا کە ئەویش بریتی بوو لەوەی کەسی ئەندام 'ئازاد بێت لە باوەڕی ئایینی'. لە نووسینەکانیدا کاتێک ئەو لەسەر پرسی هەبوونی خودا دەدوا لەم گوتەیە کەڵکی وەردەگرت "چەمکێک لە دەرەوەی زانیاریی مرۆڤ"(Horn 1993, s 122).. بەم شێوەیە ئەو هۆگری نەریتی 'توماس هێنری هاکسلی' بوو.

بەو ناکۆکییە گرینگەی لە کلتوری ئێمەدا سەبارەت بە هەبوونی خودا هەیە، رەنگە لای هەندێ کەسیش بەردەوام بێت، ئاماژەدان بەو دوانزە بەڵگە کلاسیکیەی بۆ سەلماندنی بوونی خودا هەیە و هەروەها هەڵوێستی ژینڕوانگە دونیاییەکانیش دەتوانن جێگای سەرنج بن.

بەڵگە کۆسمۆلۆژییەکانی سەلماندنی خودا

پێش لە هەر شتێک من باس لە سێ بەڵگەی سەلماندنی خودا دەکەم کە پێیان دەگوترێ بەڵگە کۆسمۆلۆژییەکانی سەلماندنی خودا. ئەم بەڵگانە باس لەوە دەکەن هەبوونی خودا پێوەندی هەیە بە کۆسمۆسەوە (جیهان).

١ـ دەبێ لەپشت هەموو جووڵەیەک هێزێک هەبێ. یەکەمین بەڵگەی سەلماندنی خودا ئەوەیە کە دەڵێ کە هیچ شتێک لە خۆیەوە ناجوڵێ. لەبەر ئەوەی جووڵە هەیە، دەبێ کەسێک یان شتێک هەبێ مشوری جووڵەکە بخوا. گۆکان بە دەوری هەتاودا دەسووڕێنەوە، مانگ بە دەوری گۆکاندا و خودی ژیانیش لە سەر گۆی زەوی لە جووڵەیەکی زیندوودایە. بۆیە دەبێ هێزێک لە پشتەوەی بێ. دەبێ 'جووڵێنەرێک' هەبێ کە جیاوازە لە هەموو ئەو شتانەی دەجووڵێنەوە. چونکە ئەم جووڵێنەری جووڵەیە ناتوانێ لە جووڵەدا بێ بە هۆی جووڵێنەرێکی تر لە دەرەوەی خۆی، کەواتە ئەم هێزە، کە جیاوازە، پێی دەگوترێ خودا.

رەخنە لەم بەڵگەیە: ئێمە بە هیچ جۆرێک نازنین هەموو جووڵەکان پێویستییان بە 'جووڵێنەرێک' هەیە. ئاتەئیستەکان دەڵێن تەیستەکان یاسا فیزیکییەکان، کە شمولی دونیای دەورووبەری ئێمە دەکەن، بەکاردێنن بۆ هەموو دۆخەکان. ئەگنۆستیکەکانیش دەڵێن ناو لێنانی ئەم 'شتە' وەک 'خودا' کارێکی ئاسانە، ئەو خودایەی دەستبەجێ داوامان لێدەکەن بیپەرەستین.

٢ـ هەر هۆگرێک (معلول، اثر) پێویستیی بە هۆکارێکە. ئەم بەڵگەیە لە بەڵگەی یەکەم دەکا. هەموو ئەو شتانەی ئێمە ئەزموونیان دەکەین دەبێ خاوەن هۆکارێک بن. لێرەدا بڕوای دەیستەکان دەبینینەوە، واتە بڕوا بە 'یەکەم جووڵێنەر'. دیاردەیەک کە ئێمە بەردەوام تێیدا بەرەوڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە "بۆچی"، وە لە دووای ئەوەی وەڵام دەدەینەوە دیسان پرسیاری تر دێتە گۆڕێ و بەم شێوەیە لە پرسی هۆکاردا قووڵ و قووڵتر دەبینەوە. بەڵام لە شوێنێکدا دەبێ لە وەڵامدانەوە راوەستین. دەبێ یەکەم هۆکار لە ئارادابێ و ئەمە لە لایەن ئەوانەوە مەترەح دەکرێ کە لایان وایە دووهەم بەڵگەی سەلماندنی خودا بەسە بۆ سەلماندنی. مەسیحییەکان لایان وایە خودا جیهانی چێکردووە و، ئەمە دەتوانێ هۆکارێک بێت بۆ هەبوونی دونیا.

رەخنە لە بەڵگەی دووهەم: ئێمە بە شێوەی لۆژیکی کەڵک لە ئەزموونەکانمان وەردەگرین بۆ روونکردنەوەی ئەو شتانەی لە دەرەوەی ئەو دیاردانەن وا دەتوانرێ بە شێوەی لۆژیکی روون بکرێنەوە. ئێمە لەوە دڵنیا نین کە ژیان و دونیا بە شێوەیکی سەرەکی خۆیان لە هۆ و هۆکاردا دەبیننەوە. وە ئەگەریش وەهایە بێگومان ئەمە لۆژیکی نیە بڵێین هەموو شتێ لەو کاتەوە دەستی پێکرد وا خودایەک جیهانی چێکرد، چونکە پرسیار ئەوەیە کێ یاخود چی خودایشی دروستکرد؟ کاتێک باوەڕمەندان بە خودا دەڵێن خودا خۆی خۆی دروستکرد، ئەوسا ئەمە دەبێ بە بەڵگەیەکی جیاواز لەم بەڵگەیەی لەم بەشەدا باسمان لێکرد. ئەوا دەبێ بە بڕوای رووت، نەک زانست.

٣ـ ناکرێ هەموو شتێک کاتی بێت. بەڵگەی سێهەم باس لەوە دەکا دەبێ نەگۆڕێکی ئەبەدی لە بەرامبەر بگۆڕەکاندا، کە ئێمە بەردەوام ئەزموونیان دەکەین، هەبێ. هەموو شتێ لەدایک دەبێ و دەمرێ، دێنە ئاراوە و وندەبن. وە هەموو ئەمانە ئێمە ناتوانین تێیان بگەین بە بێ هەبوونی لایەنی بەرامبەریان. ئێمە لەدایکدەبین و دەمرین. ئەستێرەکان وندەبن و لە شوێن خۆیان چاڵە رەشەکان جێدێڵن، لە کاتێکدا ئەستێڕە نوێیەکان لەدایکدەبن. هەندێ شت هەن و هەندێ شت نین. جیهان سەردەمانیك خوڵقا، لە دەورووبەری پێنج میلیارد ساڵ لەوە پێش و، بێ گومان لە پێنج میلیارد ساڵی داهاتوودا وندەبێتەوە، رەنگە لە پێش ئەمەیشدا. کاتێک هەموو شتێ کاتییە و بگۆڕ، دەبێ شتێکی نەگۆڕ هەبێ و ئەم شتەیش 'خودا'یە. کاتێک جیهان هەیە و کاتییە، دەبێ خودایەکیش هەبێ نەگۆڕ و هەمیشەیی. ئەمە ئەو بەڵگەیەیە باوەڕمەندان بە خود باوەڕیان پێی هەیە.

رەخنە لە بەڵگەی سێهەم: لە ئاستی لۆژیکیدا دوو جۆرە لۆژیک لەم بەڵگەیەدا تێکەڵکراون. یەکەم، ئێمە نازانین جیهان کاتییە، ئەگەرچی رەنگە گۆی زەوی بۆخۆی کای بێت. بەڵام ئەگەر هەموو شتێ لەناو دەچێ و هیچ شتێک نامێنێتەوە ئەمە ئەوە ناسەلمێنێ کە خودا دەمێنێتەوە. بەم شیوەیە وجوودی بەڕوالەت پێویست و ئەبەدی خودا دەبێ بە بابەتی باوەڕ، نەک وەک بەڵگەیەکی بۆ سەلماندنی لژیکیانەی ئەوەیکە شتەکانی تر هەموویان کاتین.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for gud