شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (١٨)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی، رێکخەری بزووتنەوەی سازماندراوی هیومانیستی لە نۆروێژە. ئەمڕۆکە ئەم رێکخراوەیە پێگەیەکی باشی جیهانی هەیە و خاوەنی شەست و سێ هەزار ئەندامە و گەورەترین کۆمەڵی ژینڕوانگەیی لە دەرەوەی کلیسای نۆروێژی پێکدێنێ. سێ هۆکاری گرینگ هەن کە دەبنە هۆی پێشکەوتنی ئەم رێکخراوەیە.

 

ژینروانگەی هیومانیسم لە پێشڕەویدا

نۆورێژ سکۆلاریستی دەکرێ

سەرژمێرییەکی نۆروێژی نیشانی دەدا کە تەنیا ٣١ کەس لە ساڵی ١٨٧٥ ئەندامی کلیسا نەبوون. لە ساڵی ١٩٢٠ ئەم ژمارەیە هەڵکشا بۆ هەفدە هەزار کەس. لە ساڵی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ بوو بە بیست هەزار کەس. کتوپڕ ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٩٧٠ بوو بە پەنجاودوو هەزار کەس. لە ساڵی ١٩٧٨ یانزە هەزار و حەوت سەد و پەنجاوپێنج کەس وازیان لە کلیسا هێنا کە تا ئەو کاتە ئەم ژمارەیە بێ هاوتابوو. ژمارەی ساڵانەی ئەو کەسانەی وەک ئەندامی کلیسا نەدەمان لە ساڵەکانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٤ بە شێوەی نێوەنجی لە هەشت هەزار کەسدا بوون. ئەم ژمارەیە دوواتر کەمی کرد و ساڵانە خۆی لە پێنج هەزار کەسدا دەبینییەوە(Aagedal 1995). ژمارەی ئەو کەسانەیشی وا دەبن بە ئەندامی کلیسا ساڵانە لە هەزار کەس کەمترن و قەت وەها نەبوو کە بەئەندامبوونەکان هاوترازبن لەگەڵ دەرچوونەکان. ژمارەی ئەو کەسانەیشی وا ئاوی موقەدەس کرا بە سەریاندا (غسل تعمید)، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٠ تا ١٩٨٥ روویان لە کەمی کرد. دوواتر ئەم ژمارەیە دیسان کەمێک زیادی کردەوە، بەڵام بەرزونزمییەکان بەلەبەرچاوگرتنی ژمارەی منداڵە لەدایکبووەکان ئەوەندە بەرچاونەبوو (Årbok for DNK).

 ئەوەیکە کەسیک ببێ بە ئەندامی کلیسا (یان هەر کۆمەڵێکی ئایینی تر) یاخود خۆی لێدەرهاوێ، یاکوو منداڵەکەی ببات بۆ رێوڕەسمی کلیسا بۆ ئەوەی ئاوی موقەدەس بە سەردا بکەن و ناوی لێ بنێن، خۆبەخۆ بە مانای ئەوە نیە ئەو کەسە باوەڕمەندێکی باش بێت. نەریتەکان بەشێک لەو فاکتۆرانەن باوەرەکان پێکدێنن و، وەها نیە کە هەمیشەیش خەڵک رەچاویان بکەن.

جیا لە ئامارەکانی کلیسا، هەندێ لێکۆڵینەوەی تر نیشانی دەدەن هەتا دێت ژمارەیەکی کەمتر لە ئەندامانی کلیسا باوەڕیان بە بەشە سەرەکییەکانی باوەڕی مەسیحی ماوە، بۆ وێنە وەک چیرۆکی لەدایکبوونی مەسیح ئەوەیکە مەسیح کوڕی خودایە، یاخود زیندووبوونەوە و گەڕانەوەی سەرلەنوێی بۆ سەر زەوی. هەروەها باوەڕ بە ژیانی دووای مەرگ لاواز بووە. سەردانی کلیسا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە (Årbok for DNK). راپرسییەک کە لەلایەن رۆژنامەی 'وڵاتی ئێمە' لە مارسی ٢٠٠١ ئەنجامدراوە ئەوە نیشان دەدات کە هەنووکە لەسەدا چل و نۆی خەڵکی نۆروێژ باوەڕیان بەخودا هەیە. لەخۆوە نیە کە راپۆرتی سەرەکیی 'کۆمیسیۆنی بایەخەکان' لە ساڵی ٢٠٠١ باس لەوەدەکا کۆمەڵگای نۆروێژی غەیرەمەسیحی بووە. (Verdikommisjonen 2001).

شۆڕشی قوتابیان و پێشرەوەیی بزووتنەوەی ژنان لە ساڵەکانی ١٩٧٠ و هەشتاکانی دوواتری، بووە هۆکاری دابەزینێکی بەرچاو لە ژمارەی ئەندامانی کلیسا واتە ئەو ژن و پیاوانەی لە دووای شەڕی دووهەم لەدایک ببوون. ئەو کەسانەی کلیسایان جێهێشت لە تەمەنی ژێر ٤٥دا بوون؛ ئەوان خاوەن خوێندەواری بەرز و داهاتی زۆربوون، رۆڵی سەرەکیان لە وڵاتدا هەبوو و دەنگیان بە سۆسیالیستەکان و لیبڕاڵەکان دەدا.

ئەم ژمارانە بەشێوەیەکی گشتی رەوتی سکۆلاریستی کردن پیشاندەدەن کە هەمان پرۆسە لەناو وڵاتانی تری ئۆرووپایشدا لەئارادابوو. خەڵکی دەیانویست لە دۆگماکان دووربکەونەوە. 'ئۆگەداڵ' لێکۆڵەرێکی بواری ئایین دەنووسێ: "دەرچوون لە کلیسا ئەنجامی شۆڕش و مودەرنیتە بوو." (Aagedal 1995). لایەنێکی گرینگی رەوتی سکۆلاریستی کردن بیرە شۆڕشگێڕییەکان بوون لەو سەردەمەدا، چ بزووتنەوەی دژە سەرەڕۆیی قوتابیان و چ داوای بزووتنەوەی ژنان لەمەڕ بەرابەری لەگەڵ پیاوان. ئەمانە ئەو هێزانەی بوون بوونە هاندەری دەرچوونی وشیارانە لە کلیسای دەوڵەتی و پەیوەستبوون بە ژینڕوانگەکانی تر. راستییەکەی ئەوە بوو کلیسا لەم بوارانەدا خاوەن ئایدیا و بۆچوونی کۆنسێرڤاتیڤ بوو. لایەنێکی تری رەوتی سکۆلاریستی کردن خودی مودەرنیتەیە کە بە مانای دەرچوونی خەڵک لە پێوەندییە نەریتییەکان و ئەو بایەخانەن وا بۆیان بەجێ دەمێنن، خەڵکی دەیانویست خۆیان شوێنی خۆیان پەیدا بکەن، جا چ لەبواری ژیانی هاوبەش، رێوڕەسمەکانی لەدایکبوون و مردن و یاخود ئەو بایەخانەی وا دەیانویست بە گوێرەی بژین. دۆگمابەمیرات ماوەکان زیاتر وەک کێشەیەک سەیردەکران هەتا وەک خاڵێکی دەستپێک بۆ بنیاتنانەوە. کاتێک هەڵبژاردنی بایەخەکان بۆ کەسەکان دەگەڕێتەوە (وەک لە مودەرنیتەدا هەیە)، ئەمە دەبێتە هۆی جوڵە لە روانگەکاندا. مرۆڤی مودێڕن لە خۆی وەک کەسێک دەڕوانێ کە دەتوانێ ئازادانە هەڵبژێرێ، بگرە لە بواری ژینڕوانگەیشدا.

رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی لە گەشەی خێرادا

بۆ زۆر کەس جێگرەوە، بەو شێوەیەی لە رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی لە ساڵی ١٩٥٦ فۆرمولە کرابوو، ژینڕوانگەی هیومانیستی یاخود ئەخلاقی ئینسانی بوو. من دوواتر لەم پاژەدا بەقووڵی باس لە ناوەڕۆکی ئەم ژینڕوانگەیە دەکەم. لێرەدا پێش لەهەر شتێک دەمەوێ باس لەو کارەی بکەم بزووتنەوەی هیومانیستی لە نۆروێژ  بەشێوەی ئۆرگانی و سیاسی کردی بۆ شوێن بەخشین بە خۆی وەک پێشنیارێک بۆ لایەنگری لێکردن و حەزی هاوبەش لەلایەن مرۆڤی مودێڕنەوە. 'لێڤی فراگێل' دەڵێ "کات لەگەڵ ئێمە بوو." ئەو کەسی سەرەکی لە بزووتنەوەیەک بوو بە ناوی 'چوونە دەرەوە لە کلیسا' کە لە دەیەی ١٩٧٠ لەباشترین دۆخی خۆیدا بوو. فراگێل دوواتر لە رێکخراوی ئەخلاقی ئینسانیدا بوو بە کەسی سەرەکی هەم وەک سکرتێری گشتی و هەم وەک بەڕێوەبەر. لە ساڵی ٢٠٠١ ئەو جارێکی تر وەک پرێزیدێنتی رێکخراوی جیهانیی هیومانیستی هەڵبژێردرایەوە. فراگێل خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشانە لەدژی سیستمی کلیسای دەوڵەتی لە نۆروێژ. ئەو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە ئایدیۆلۆژییەکای دەیەی شەست و هەفتای سەدەی بیست کە لە دژی چەوساندنەوەی ژنان و دژی ملهوڕی بوون، بەشێک لە رۆحی جیهانیی ئەو سەردەمە بوون کە بوونە هۆکاری سکۆلاریستی کردنی کۆمەڵگای نۆروێژی.

رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی، رێکخەری بزووتنەوەی سازماندراوی هیومانیستی لە نۆروێژە. ئەمڕۆکە ئەم رێکخراوەیە پێگەیەکی باشی جیهانی هەیە و خاوەنی شەست و سێ هەزار ئەندامە و گەورەترین کۆمەڵی ژینڕوانگەیی لە دەرەوەی کلیسای نۆروێژی پێکدێنێ. سێ هۆکاری گرینگ هەن کە دەبنە هۆی پێشکەوتنی ئەم رێکخراوەیە. یەکەم، پێش ئەوەی لەم ئاستە گەورەیەدا گەشەبکا لە لای خەڵکی ناسراوبوو. ئەم رێکخراوەیە لە ساڵی ١٩٧٧، خاوەنی هەزار و نۆسەد ئەندام بوو و، خۆی لە رێگای ئەو دێباتە گشتییانەوە ناساند کە لەسەر موڕاڵ و پرسە ژینڕوانگەییەکان دەهاتنە گۆڕێ، بەڵام هاوکات لە رێگای ئەو رەخنانەوە کە ئاراستەی کلیسای دەکرد و هەروەها لە رێگای بەڕێوەبردنی ئەو رێورەسمە مەدەنییانەی بۆ دەستپێکی ژیانی گەورەساڵی بۆ گەنجان رێکیدەخستن، دیسان خۆی زیاتر هێنایە پێشەوە. ئەو ئەلتەرناتیڤانەی رێوڕەسمەکان پێشکەشی خەڵکیان دەکرد یارمەتی ناساندنی زیاتری رێکخراوەکەیان دەکرد لە ژیانی گشتیدا. دووهەم، لە ساڵەکانی ١٩٧٦ و ١٩٧٧ گەلێک خەڵکی زیرەک بوونە ئەندامی ئەم رێکخراوەیە. ئەوان لە گرینگیی میتۆدی کاری رێکخراوەیی مودێڕن گەیشتن بۆ دانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی لەناو کۆمەڵگادا. فارگێل بە هۆی شارەزایی لە کاری رێکلامەیی خاوەنی کۆمەڵێک توانای میتۆدیک و ئایدیا بوو کە تێیدا کلیلی سەرکەوتن لە میتۆدە غەیرە ئاکادێمیکیەکاندا دەبینرا، دیاردەیەک کە هەندێ پێیان دەگوت 'بزووتنەوەی روودارەکان' کە خۆی گرێدەدایەوە بە چالاککردنی ئەو سەرچاوانەی لەوە پێش کەڵکیان لێ وەرنەدەگیردرا. سێهەم، لە ساڵی ١٩٨١، رێکخراوەکە توانی وەک کلیسا ئازادەکان یارمەتی لە دەوڵەت بە گوێرەی ژمارەی ئەندامەکانی وەربگرێ. شایانی گوتنە کە کلیسا ئازادەکان لە ساڵی ١٩٦٨ ببوونە خاوەنی ئەم مافە. 'هالدیس هارۆی' و 'تور گولبراندسن' دوو نوێنەری پەڕلەمان و ئەندامی پارتی کرێکاران، کەسانی سەرەکی لەم بوارەدا بوون. وەزیری کلیسا لەو سەردەمەدا یەکجار سەرقاڵ بوو بە نووسین، بەدوواداچوونی یاسایی و داوا لەو هاوڕێ حیزبیانەی هیومانیست بوون. ئەو یارمەتییە گشتییەی ئەم رێکخراوەیە وەریدەگرت بووە هۆی یەکجار باشتر بوونی دۆخی ئابووری، وەها کە توانیان زیاتر و زیاتر خەڵک بۆ کاروبارەکانیان دابمەزرێنن (Fragell 2001).

زۆرکەس دەڵێن نەک بە هۆی زیرەکیی و ستراتێژی هیومانیستەکان، بەڵکو بە هەمان رادە بە هۆی نازیرەکیی کلیساەوە بوو کە رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی بەو شێوە مەزنە گەشەی کرد. لە 'پرسی هۆگنێستاد' دڕدۆنگیی ئەو تیۆلۆگە گەنجە سەبارەت بە دۆگما ناوەندییەکانی ئایینی مەسیح بووە هۆی ئەوەی لە کارەکەی دەریبکەن. ئەمە لە راگەیەنێرە گشتییەکاندا کاریگەرییەکی زۆری هەبوو. لە زۆر بواری تری وەک بەرنگاربوونەوە لەدژی بۆمبی ئەتۆم و مافی لەباربردنی منداڵ کلیسا لەگەڵ راستییە سیاسییەکانی ئەو سەردەمەدا نەدەهاتەوە. هەروەها سەبارەت بە شێوەی ژیان، پێکەوە ژیانی کچ و کوڕ بە بێ هاوسەرگیری و هەروەها پرسی هۆمۆفیلی راوبۆچوونەکانی کلیسا لەگەڵ روانگەی زۆر کەس لە نۆروێژی مودێڕندا ناتەبابوون. هەمووی ئەمانە لە لایەن رێکخراوی ئەخلاقی مرۆییەوە بە تەواوی قۆسترانەوە بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵکی بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی رێکخراوەکەیان.

ژینڕوانگەی هیومانیسم ئاسایی دەبێتەوە

گەشەی مەزنی هیومانیسم بووە هۆی ئەوەی روانگەی کۆمەڵگا سەبارەت بەم ژینڕوانگەیە بەشێوەی بەرین گۆڕانی بەسەردابێت. لەکاتێکدا لە کۆتایی دەیەی پەنجادا هیومانیستەکان لە لایەن خەلكی تەمەن مامناوەندیی نۆروێژەوە بە سەرسوڕمانەوە چاویان لێدەکرا، ئەمڕۆکە خەڵکانێکی کەم هەن کە سەبارەت بەوە نەیانبیستبێ کە رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی رێوڕەسمی بەخێرهاتنی منداڵان بۆ تەمەنی گەورەساڵی بەشێوەی مەدەنی جێژن دەگرێ. روانگەکان سەبارەت بە هیومانیستەکان، کە لێیان وەک کەسانی تایبەت و ئازادبیری نوخبە دەڕوانرا، گۆڕا بۆ ئەو کەسانەی وەک هاوڵاتی ئاسایی سەیریان بکرێ، ئەو هاوڵاتیانەی خاوەن تەعەهودێکی ئەخلاقیی گەورەبوون و هەنووکە لە لایەن خەڵکەوە بە رێزێکی گەورەوە سەیریان دەکرا. لە دەیەکانی رابردوودا، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی گیراون، لەنێوان لە سەدا ١٦ تا ١٩ی خەڵکی لە هیومانیسم وەک نزیکترین ئایدیا بە خۆیان دەڕوانن(ScanFact 1995-97) . بۆیە دەتوانین لێرەدا باس لەوە بکەین کە ئەم ژینڕوانگەیە لە ناو کۆمەڵگادا ئاسایی بووەتەوە.

جگە لە هەموو ئەو هەوڵە باشە رێکخراوانە کە زۆر کەس لە پێناوی هیومانیسمدا دای، هۆکارێکی تریش بووە هۆی سەرکەوتنی رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی لە ئاسایی کردنی ژینڕوانگەی هیومانیسمدا. لێرەدا باس لەسەر ئەو پێوەندییە گرینگەیە لەگەڵ کەسە سەنتڕالەکانی ناو ئەو دەوڵەتانەی وا پارتی کرێکاران رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕان. 'ئینگر لویسە ڤاڵە' سەرۆک وەزیرانی زوو، وەک هاوکارێکی نزیک 'لێڤی فارگێل'ی لە خۆی نزیک کردەوە. ئەم خانمە رۆڵێکی گرینگی گێرا لە وەرگرتنی یارمەتی بۆ رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی کە لە ساڵی ١٩٨١ەوە سەریگرت. بەڵام پێوەندی لەگەڵ پارتی کرێکاران بۆ مێژوویەکی زووتر لەمە دەگەڕایەوە. لە دەیەی ١٩٥٠، 'وەرنا گێرهاردسێن'ی هاوسەری سەرۆک وەزیران، وەک کەسێکی پێشڕەو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێوڕەسمی بەگەورەساڵ وەرگرتنی گەنجان بە شێوەی مەدەنی بوو. لەو سەردەمەدا گەلێک لە منداڵانی نوخبەی سیاسی و کلتوری وڵات، ئەم شێوازەیان بۆ منداڵەکانی خۆیان هەڵبژارد.

ئەو نۆروێژییە بەناوبانگە هیومانیستانەی لە پاژی پێشوودا باسمان لێکردن، سیمبولگەلێکی گرینگ بوون بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە ژینڕوانگە دونیاییەکان شتێکی سەیروسەمەر و تووندڕەوانە نین. بە پلەی یەکەم هیومانیسم لەلایەن رواڵەتە ناسراوەکانەوە لە کۆمەڵگای نۆروێژیدا ناسێندرا.

'برینیولف بول' شارەداری ئۆسلۆ، 'هانس یاکوب ئوستڤێت' بەێوەبەری پەخش، 'ئێڤا کۆڵستاد' یەکەمین نوێنەری بواری بەرابەری نێوان ژن و پیاو، 'ئارنۆڵف ئۆڤێرلاند'، 'فین کارلینگ'، 'ئۆکە ئانکر ئوردینگ' نووسەر، 'توریلد سکارد'، 'هالدیس هاڤرۆی'، 'سیسل رۆنبێک'، 'ئولاڤ یەرەڤۆڵ'، 'ئەینار فۆردە' نوێنەری پەرلەمان و وەزیر، 'ڤیلهێلم ئەوبەرت'، و چەندین و چەندین کەسی تر نموونەی ئەو جۆرە مرۆڤە ناسراوانە لەو سەردەمانەدا بوون. (بۆ کورتکردنەوەی لیستی ناوەکان، هەندێکیان لە وەرگێڕانەکدا لابراون ـ وەرگێڕی کوردی)

جۆراوجۆری لەنێوان ژینڕوانگە دونیاییە نۆروێژییەکاندا

چالاکی بواری ئاشتی 'فرێدریک س. هێفێرمێل' یەکەمین سکرتێری گشتیی رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی لە ساڵی ١٩٨٠لە دووای 'سولڤەیگ ئورمەستاد' بوو کە مووچەی تەواوی هەر لە سەرەتاوە وەردەگرت. 'هێفێرمێل' لە دووای ماوەیەکی کورت لە لایەن 'لێڤی فرگێل'ەوە جێگاکەی گیرا کە لە دووای دوو دەورەی پێنج ساڵە ئەویش جێگاکەی دایە 'کاری ڤیگەلاند لە ساڵی ١٩٩١. لە ساڵەکانی ١٩٩٣ ـ ١٩٩٧، 'لاش گوننار لینگۆس' سکرتێری گشتی بوو و دوواتر 'تۆڤە بێیاتە پەدەشن' جێگای گرتەوە. ئەم خانمەیش دوو ساڵ سکرتێری گشتی بوو تا دوواتر بەرپرسایەتییەکەی سپاردە 'لاش گولە' لە ساڵی ٢٠٠١. هەبوونی ئەم سکرتێر و بەڕێوەبەرە چالاکانە بوو بە هۆی ئەوەی ئەم رێکخراوەیە ببێتە خاوەنی گەلێک روخساری جۆراوجۆر و هەروەها رواڵەتی جۆراوجۆر لە گەلێک بواردا.

ئەم جۆراوجۆرییە لە کەسەکاندا نیشاندەری فرەچەشنییە لە ئایدیاکانی ئەنداماندا. بە گشتی دەتوانین بڵێین لە رێکخراوی ئەخلاقی مرۆییدا چوار رەوت دەبینرێ. گرووپێکی گەورەی ناچالاک ئەندامی بەردەوامی رێکخراوەکەن پێش لەهەر شتێک لەبەر ئەو رێوڕەسمانەی لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا پیشکەش دەکرێن. ئەمە دەبێتە هۆی یارمەتیدانی ماددیی رێکخراوەکە لە رێگای ئەندامەتی ئەوانەوە و، بەم شێوەیە ئەوان پیشانی دەدەن کە دەتوانن پێشبڕکێی سیستمی کلیسای دەوڵەتی بکەن. گرووپێکی گەورەی چالاکیش بەشێوەی خۆبەخش کاروباری رێوڕەسمەکان بەڕێوەدەبەن و، لایان وایە بەشداری کردن لەو کۆرسانەیدا وا پێشکەش دەکرێن گرینگییەکی تایبەتی هەیە. گرووپێکی بچووکتریش لەگەڵ رێکخراوەکەن لەبەر ئەوەی پێیان وایە فوروومێکە بۆ گفتوگۆی نوخبەویانە. ئەوان بەشداری دەکەن لەو کۆرس و کۆبوونەوانەی باسی ئەخلاقی تێدا دەکرێ و تێمی ئایین دەبێتە بابەتێک بۆ رەخنە. گرووپێکی یەکجار بچوکتر چالاکن لە بواری رێکخستندا و، لە راستیدا تا رادەیەک لەگەڵ دوو گرووپەکەی پێشوودا هاوشێوەن.

ئەو کەسانەی وا داوای ئەندامەتی دەکەن زۆرتر کسانی تەمەن مامناوەندیی رادیکاڵن کە پرسەکانی کۆمەڵگا یەکجار لایان گرینگە. ئەوان خاوەن داهاتی باش و خوێندەواریی چاکن. زۆرینەیەکی نە یەکجار زۆریان ژنانن و زۆربەیان لە بەشی گشتیدا کاردەکەن. رێکخراوەکە لە شوێنە پڕ حەشیمەتەکان خاوەنی زۆرترین ئەندامە. بەڵام ئەم گوتەیە دەتوانێ لێکدانەوەیەکی ورد نەبێ و بەلاڕێماندا ببات، چونکە ئەندامان لە راستیدا لە هەموو وڵاتدا هەن، جا بە هەموو جۆرە تەمەن و چین و توێژی کۆمەڵایەتییەوە.

هۆکارێکی گرینگی سەرکەوتنی رێکخراوەکە ئەوەیە توانیوویەتی ئەم خەڵک و گرووپە جۆربەجۆرانە لەگەڵ یەکتردا بیانگونجێنێ و یەکیان بخات. جگە لە هەندێ کیشەی  نێوان کەسەکان، کێشمەکێشی ناوخۆیی لە ناو رێکخراوەکەدا کەمە و گرینگییەکی ئەوتۆیان نیە، بەڵام بەشێوەی پرینسیپی کێشە هەیە لە نێوان ئەنداماندا سەبارەت بە سیاسەتی کۆچبەران و خەبات لە دژی رەگەزپەرستی. کێشەیەکی چارەسەرنەکراوی تر بریتییە لەو ستراتێژەی وا رێکخراوەکە دەبێ رەچاوی بکا، کە ئەوەیش بریتییە لەوەی داخۆ رێکخراوەکە دەبێ لەسەر قەرەبووکردنەوەی دۆخی ژینڕوانگە کەمینەکان خۆی خڕبکاتەوە، یان کاربکا لەسەر بەرابەریی تەواو لە نێوان ژینڕوانگەکاندا و هەروەها دابینکردنی دەوڵەتێکی بەری لە ژینڕوانگە. پرسێکی تری چارەسەرنەکراو ئەوەیە کە داخۆ ستراتێژی رێکخراوەکە دەبێ چ بێ سەبارەت بە بەکارهێنانی وزە و تواناکان کاتێک دەوڵەت و کلیسا ئەگەر هاتوو لێکجیاکرانەوە. مەودای نێوان مرۆی هەستیاری پۆستمودێڕن و مرۆی دڕدۆنگی یەکجار ئەقڵانیکراو زۆر ئاسان دەیتوانی گەلێک لەوە پێش ببێتە هۆی شەقبوونی ریزەکان ئەگەر 'کریستیان هورن'ی بنیاتداڕێژەر لە سەردەمی خۆیدا خاڵێکی ئەگنۆستیستی نەکردایە بە مەرج بۆ ئەندامەتی (Fragell 2001). هەندێ لە ئاتەئیستە رووتەکان، کە لەناو رێکخراوەکەدا لە بواری کاری ئایدیۆلۆژیدا شوێنێکی یەکجار گرینگیان هەیە، گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە پیویستیان بە رێکخراوێکی خۆیان هەیە. ئەم رێکخراویە ناوی 'کۆمەڵی بێخودایانی نۆروێژ'ە و، خاوەن سەدان ئەندامە، دیارە زۆربەیان بە پاراستنی هاوکاتی ئەندامەتییان لە رێکخراوی ئەخلاقی مرۆییدا.

لە دووای ساڵی ١٩٩٨، زیادکردنی ژمارەی ئەندامان راوەستا، رووی لە کەمی کرد و ژمارەیەک لە چالاکانی کۆن وازیان لە ئەندامەتی هێنا. هۆکارێکی ئەمە دەتوانێ بوونی گرووپە لیبڕاڵییەکان بێ لە کلیسا بە هەبوونی ئۆسقۆفگەلی وەک 'گوننار ستۆلسێت'، 'روزەماریە کوهن'و، ''سیگورد ئۆسبەرگ' کە مشوری ئەوەیان خوارد چیتر کەسی تر بەهۆی کاردانەوە لەبەرامبەر بیروباوەڕەکانیان و کەمایەسی لە بواری پابەندبوونی ئەخلاقی و هەروەها کەمایەسی لە بواری فوکوس لەسەر مافەکانی مرۆڤ و پرسە ئینسانییە گرینگەکانی تر لە ئەندامەتی کلیسا وازنەهێنن. بەپێچەوانەوە ئەوان هەندێ بابەتیان هێنایەگۆڕێ کە لەگەڵ ئایدیاکانی ژینڕوانگەی هیومانیستی سەبارەت بە پرسی ئەخلاق یەکیان دەگرتەوە. بێهۆنەبوو کەسێکی کارامە و خاوەن ئەزموونی وەک 'لێڤی فراگێل' دەڵێ "هیومانیسم لە ناو کلیسادا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی." (Fragell 2001).

هۆکاریکی تر بۆ ئەم دیاردەیە دەتوانێ دەرکەوتنی کەمی رێکخراوەکە بێت لە مێدیادا. کاتێکیش دەردەکەوت، بەشێوەیەکی توندڕەوانە رەخنەکانی خۆی لە ئایین دەهێنایە گۆڕێ و ئەمە لەشێوازی سیاسیدا دروست نەدەهاتە بەرچاو لە کۆمەڵگایەکی چەند کلتوریدا کە تێیدا ژینڕوانگەکان لەپاڵ یەکتردا دەژیان و بە دیالۆگ لەگەڵ یەکتر دەدوان. هەنووکە لە راستیدا رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی خۆی رێکخەری دیالۆگ بوو، بەڵام زۆر جار ئەمە لە مێدیای رۆژانەدا نەدەبینرا.

سناریۆکان بەردەوامن

فراگێل، کە لە درێژخایەندا پرسەکەی لەژێر چاوەدێریدا بووە، لەم چەندین دە ساڵەی دوواییدا لە لایەن رێکخراوی ئەخلاقی مرۆییەوە باس لە سێ سناریۆ دەکا (Fragell 2001). یەکەم، رێکخراوەکە دەبێتە هۆکاری سەرەکی لە کارکردن بۆ جیاکردنەوەی دەوڵەت و کلیسا. ئەم روانگەیە وەک پێشتر نیشانماندا لەم ساڵانەی دووایی لە بواری سیاسیدا زۆر کەس لایەنگرییان لێکرد. هەروەها لە ناو کلیسای نۆروێژیدا باڵی بەهێز هەیە لایەنگری لەم جیاکردنەوەیە دەکەن. بەڵام ئەمە زۆر لە پێشەوەی گۆڕانی یاسای بنەڕەتی وڵاتەوەیەو بۆیە پرسەکە بە بێ گۆڕان لە روانگەی حیزبی کرێکاراندا پێش ناکەوێ. لەم بوارەدا رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی رۆڵێکی گرینگ دەگێڕێ لە جیاتی ئەوانەی باوەڕان بە کلیسا نیە، کاتێک هەم قسە لە باسکردنی پرسەکەیە و هەم لە داوای جیاکردنەوەکە، هەروەها لە هەموو ئەو بوارە ئابوورییانەی سەبارەت بەم جیابوونەوەیە لەپێش دا دێنە گۆڕێ.

دووهەم سناریۆ، ئەوەیە کە رێکخراوەکە هەتا دێت زیاتر دەبێ بە سەرچاوەیەکی گرینگی پێشکەشکاری رێوڕەسمەکان لە کۆمەلگای نۆروێژیدا و، لەم بوارەدا لەپاڵ کلیسادا شوێنێکی شیاو و یاسایی پەیدادەکا. کاتێک لەهەر چوار مێرمنداڵ یەکیان ئەم رێکخراوەیە لەم بوارەدا هەڵدەبژێرێ بەو مانایە دێ ئەم رێکخراوەیە لە ئاراستەی بەرابەریی تەواودایە لەگەڵ رێوڕەسمی کلیسادا.

سێهەم سیناریۆ، چوونە سەرەوەی ئاستی چالاکیی ئەم رێکخراوەیە لە بواری ئەخلاقدا وەک ئۆرگانێکی 'ئین جی ئۆ'یی (بە زمانی نێونەتەوەیی) یاخود مەدەنی. پرسە رۆژانە و گرینگەکانی ناو کۆمەڵگا سەرنجی ئەم رێکخراوەیە دەقۆزنەوە و دەبنە هۆی قسەباسی سەرنجڕاکێشی نێوان ژینڕوانگە جۆراوجۆران لە ناو کۆمەڵگای چەند کلتوریی نۆروێژدا. رێبەرایەتی ئیستای رێکخراوەکە بەتایبەت سەرقاڵی خەباتە لەدژی رەگەزپەرستی و ئەمە کاریگەری دادەنێتە سەر چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە لە داهاتوودا.

ئەم سێ سیناریۆیە سێ رۆڵی ئەم رێکخراوەیە نیشاندەدەن: نەقش و رۆڵی بڵیندگۆی ئەوانەی وا باوەڕیان بە کلیسا نیە، رۆڵی پیشکەشکاری رێوڕەسمەکان و سەرئەنجام رۆڵی ئۆرگانێکی چالاک لە بواری ئەخلاق ق کاری مرۆڤانەدا. بەڵام هیشتا رۆڵی دیکە هەن کە ژینڕوانگە دونیاییەکان دەتوانن لە بواری نەریتدا لە ئەستۆی بگرن.

رێکخراوەکانی هیومانیسم لە ئاستی جیهانیدا

رێکخراوە هیومانیستییەکان لە وڵاتان بەشێوەی هەڵکەوت خاوەن هەندێ هێڵی پێوەندی بوون تا رێکخراوی جیهانیی هیومانیستی، هیومانیستی جیهانی و یەکگرتووی ئەخلاقی(IHEU)  لە ساڵی ١٩٥٢ پێکهاتن. ئەو هیومانیستانەی کە لە سیستمی هێشتا تازەی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیک بوون لە پشت ئەمەوە بوون و، یەکەم پریزیدێنت لە IHEU بەڕیوەبەری یونسکۆ 'ژولیان هوکسلی' بوو. IHEU خاوەن پێگەی راوێژکارییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشێوەی چالاک لە ئۆرگانەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری دەکا. رێکخراوەکە، کۆنگرە جیهانییەکان رێکدەخا و لە زۆر شوێنی جیهاندا لەسەر هیومانیسم، ئەخلاق و فێرکردنی ژینڕوانگەکان کۆدەبنەوە و زانیاری لەسەر ژینڕوانگەکان فێری خەڵکی دەکەن. زیاتر لە سەد رێکخراو لە نزیکەی چل وڵاتەوە پێوەندییان بە  IHEU هەیە کە بەردەوام لە ئاستی جیهانیدا پێکەوە گرێیان دەدا

لە ئاستی دونیا، هیومانیسمی جیهانی لە رێگای چالاکییە جۆربەجۆرەکانی هەوڵدەدا خۆی وەک ژینڕوانگەی مودەرنیتە بنوێنێ. لێڤی فارگێل پرێزیدێنتی رێکخراوی جیهانیی هیومانیستی، لە ساڵی ٢٠٠١ لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەو بوارانە داوە کە ئەوان زیاتر لە بوارەکانی تر پێی لەسەر دادەگرن: بە پلەی یەکەم ئەم رێکخراوەیە بەرگری دەکا لە مافی ئازادیی هەڵبژاردن لە پێوەندی لەگەڵ سێکسواڵیتە، شکڵی بنەماڵە و هەستەکانی مرۆڤ. بۆ وێنە ئەمە بواری مافەکانی کەسانی هۆمۆفیل و لیسبیسک دەگرێتەوە. دووهەم، ئەم رێکخراوە جیهانییە خەباێکی توند و تۆڵ بەڕێوە دەبا لە بواری سکۆلاریزم لە ژیانی گشتی دا و ئەمە گەلێک وڵات لە جیهانی دەرەوەی ئۆرووپای رۆژئاوایش دەگرێتەوە. ئەم خەباتە بواری جیاکردنەوەی ئۆرگانە ئایینیەکان لە دەوڵەت دەگرێتەوە و هەروەها خەبات لە پێناوی بێ لایەنکردنی قوتابخانە و بوارە گشتییەکانی تر لە بواری ژینڕوانگەدا. سێهەم، خەبات لە پێناوی ئازادیی بیر لە زۆر وڵاتدا، بەتایبەت لە ناو ئەو وڵاتانەیدا کلتووری ئیسلامیان تیا زاڵە، بۆ وێنە لە ئێران کە چاودێرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەلێک راپۆرتیان  لە بواری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە تایبەت لە بواری ئازادیی بیروڕادا دەرکردووە. بەڵام لە ئۆرووپای رۆژهەڵاتیشدا لە رژێمەکانی دووای کۆمۆمیزم دۆخەکە ترسناکە. گەلێک لەم رژێمە نوێیانە وەک رژێمی رووسیا دەسەڵاتێکیان بە کلیسا بەخشیوە کە دەتوانێ کۆنتڕۆلی ئەو کەس و رێکخراوانە بکا وا خاوەن ژینڕوانگەی ترن. هەندێ لەو کەس، نووسەر، نوخبە و هونەرمەندانە لە زۆر شوێن توانیویانە بە یارمەتی رێکخراوی هیومانیستیی جیهانی لە هاوکاری لەگەڵ ئەمنستی ئینتەرناشناڵ کێشەکانی خۆیان لە ئاستی جیهانیدا بخەنە بەر باس و بەدوواداچوون.

ئەم بزووتنەوە رەخنەئامێزە بەرامبەر بە ئایین لە وڵاتەوە بۆ وڵاتی تر جیاوازە، بەڵام بەتایبەت لە وڵاتانی وەک بەنگڵادش، پاکستان، ئێران، زۆر وڵاتی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لە سودان، فوندامێنالیسم ئەوەندە ستەمکارانە لە دژی بیروباوەڕەکانی تر دەجوڵێتەوە کە هیومانیسم دەبێ لە ئایین بەو شێوەی لەوێ هەیە رەخنە بگرێ. هەروەها لە پۆڵند کە تێیدا کلیسای کاتۆلیک خەباتێکی تووند بەڕێوەدەبا لە پێناوی زاڵکردنی دۆگما ئایینیەکان بەسەر یاساکانی وڵاتدا، هیومانیستەکان بە پلەی یەکەم بزووتنەوەیەکی رەخنەییان لە ئایین رێک خستووە.

بۆ سەرکەوتن پێویستە هیومانیسم لە شێوازی ئۆرگانیدا بەهێزتر بکرێ. لە زۆر شوێندا رێکخستنەکانیان لاوازە. رێکخراوە هیومانیستیەکان بچووکن و لە لایەن کەسانی بەتەمەن و ئەکادمیکەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. بۆیە رێکخستننەکانیان ـ وەک چۆن لە نۆروێژ و وڵاتانی تر ئەرکەکانیان بەڕێوە بردووە ـ بەتووش لەمپەری زۆرەوەیە. هەم لە هۆلەند و هەم لە بێلژیک، سەبارەت بە جیهانی سێهەم، هیومانیستەکان خاوەن بەشدارییەکی گەورەن بۆ کاری کۆمەڵایەتی، ئاگا لێبوون و هاوپشتی. لە ئاڵمان، بە تایبەت لە ناوچەی بەرلین، هیومانیستەکان بەهێزن. لەوێ نێزیکەی هەزار هیومانیستی کارمەند لە بواری وانەگوتنەوە و کۆمەڵایەتیدا کاردەکەن. لەم وڵاتانە هەروەها کار لە بواری رێوڕەسمەکاندا بەهێزە و، لە وڵاتی بریتانیایش ئەم بوارە شوێنی سەرەکیی چالاکییەکانی رێکخراوی هیومانیستییە.

لە ناو جیهانی سێهەم وڵاتی هیندستان بە هۆی هەبوونی چوار گرووپی چالاکەوە، قەڵای بەهێزی هیومانیسمە: ئەقڵگەراکان لە شاری نیودێهلی، هیومانیستە رادیکاڵەکان لە شاری مومبای، ئاتەئیستەکان لە ڤیجایاوادا و پێریاریستەکان لە مادراس. پێویست بە ئاماژەپێدانە کە ئەم شارانە شوێنی سەرەکیی نفوز و چاکالی ئەوانن. وەها نیە ئەم چوار گرووپە هەمیشە لە هەموو بوارەکاندا خاوەن دۆخیکی باش بن، بەڵام هەم کامەیان خاوەن نەریتی بەهێزی خۆیانن لە بواری ئاتەئیسمی هیندیدا.١٤ لە جیهانی سێهەم وڵاتانی تر دەتوانن پاکستان، بەنگڵادش، غەنا و نیجێر بن کە تێیاندا رێکخراوی هیومانیستی بەهێز هەن. لە ئۆرووپای رۆژهەڵات، رێکخراوی هیومانیستی رووسی زۆر چالاکە، بەڵام هەروەها رێکخراوی بچووکی تر لە پۆڵەند، مەجارستان، چیک و سلۆڤاکیایش دەستدەکەون.

وەک سیمبول هەموو ئەم رێکخراوانە خاوەن لۆگۆیەکی هاوبەشن بە ناوی 'مرۆڤی بەختەوەر'، دیارە بە کەمێک جیاوازیی بچوکەوە. کاتێک قسە لەسەر ئاراستە و بواری حەزەکانیانە ئەوان جۆراوجۆرییەک پێکدێنن و، ئەوەی لە یەکتریان جیادەکاتەوە رەگی لە جۆری پێوەندی ئەواندا هەیە لەگەڵ نەریتە مێژووییە ناوچەییەکاندا.

ژێرنووس:

ـ قارەمانی ئەقڵگەرایی و هیومانیستی رادیکاڵ 'م. ن. رۆی' (١٩٥٤ ـ ١٨٨٧) ە، کە لە سەردەمی گەنجیەتی دا کۆمۆنیست و سکرتێری کۆمینتەرنی نێونەتەوەیی کۆمۆنیستەکان بوو. بەڵام لە لایەن ستالینەوە دژایەتی کرا و دوواتر هێز و توانای خۆی لە سەر پرسی ژینڕوانگە کۆکردەوە.، دیارە بەردەوام لەسەر بنەمای دیالکتیکی مێژوویی. قارەمانێکی تری ئاتەئیست 'گورا' (١٩٧٥ ـ ١٩٠٢)یە، ریفۆرمیستكی هیندی و پیشڕەوی بواری کۆمەڵایەتی کە کەوتە دیالۆگی سەرنجڕاکێش لەگەڵ قارەمانی رزگارکردنی هیندستان 'مهاتمان گاندی'. 'پێریار'یش (١٩٧٣ ـ ١٨٩٧)، قارەمانێکی پێریاتیریستەکان بوو. رۆشنگەر و سیاسییەک لە رۆژهەڵاتی هیندستانەوە کە بە سازکردنی 'تەمبر' رێزیان لێگرت. پێریاتیریستەکان یۆنیفۆرم لەبەر دەکەن و وەک گرووپی سەربازی دەنوێنن. زەحمەتە ئەم رێکخراوە هیندییانە بەجیا لە نەریتی 'گورو'ی هیندی بهێنینە بەرچاوی خۆمان.

Bilderesultat for “Happy man” felles logo,