شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (١٦)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

هەموو ئایدیا ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە رووی وێنەی خۆمانەوە چێکراون. هیچ چەشنە ئایین و سیستمێکی ئابووری و سیاسی ناتوانێ بڵێ نوێنەرایەتی حەقیقەتی موتڵەق دەکا. خەونەکانی مرۆڤ لەگەڵ سەردەمەکاندا گۆڕانیان بەسەردادێت. هیچ ئایین و هیچ رەگەزێک مافی ئەوەی نیە بەزۆر ئایدیاکانی خۆی و ئەو سیستمەی باوەڕی پێی هەیە بە سەر خەڵکی تردا بسەپێنێ.

 

"مرۆڤ ئازادترینە کاتێک خاوەن باوەڕ بێت!"

ئەگەر ئەو رووداوانە نەبووایە کە لە پێش نووسینی یاسای بنەڕەتی وڵات ('ئەیدسڤۆڵ' لە ساڵی ١٨٢٤)، هاتنە پێشێ، داخۆ نۆروێژ نەیدەتوانی ئەو مودێلە سکۆلاریتسییە لە دەوڵەت رەچاو بکا کە لە فەڕەنسەوە هاتبوو؟ مودێل و بیرەکانی دەوڵەت لە شۆڕشی فەڕەنسەوە وەرگیرابوون. لە بەشی دووی یەکەم پیشنووسی یاسای بنەڕەتی وڵاتی نۆروێژ باس لەوەکرابوو کە نەتەوە دەبا خاوەن ئازادیی ئایین بێت. بەلام مێژووناسان قەت نەگەیشتنە ئەوەی کە چی بووە هۆی ئەوەی لە بەشی دوودا ئەم فۆرمولەیش بێت کە "پرۆتستانیسم وەک ئایینی دەوڵەت دەمێنێتەوە" و، "یەهوودییەکان، یەسوعیەکان و راهبەکان نابێ لە وڵاتدا جێگایەکیان هەبێ". هەندێ پێیان وایە پاشا ئەم کارەی کرد، چونکە ئەو پرۆتستان بوو. هەندێکی تر دەڵێن رەنگە هۆکارەکەی ترسی جوتیاران بوو لە نفوزی ئایینی کاتۆلیک و یەهوودی. بەڵام سەرەڕای ئەم بۆچوونانە، نۆروێژ بووە خاوەن یاسایەکی بنەڕەتی کە رەخنەگرانی دەڵێن بە تێهاویشتنی ئەم خاڵە بەزۆر خەڵکی دەکرانە باوەڕدار.

ئەمە بووە هۆی شەرمی 'هێنرێک وەرگەلاند' (١٨٤٥ ـ ١٨٠٨) کە کوڕی یەکێک لە پیاوە سەرەکییەکانی داڕێژەری یاسای بنەڕەتی وڵات لەو سەردەمەدا بوو. ساڵانی زۆر ئەو خەباتی کرد لە پێناوی لابردنی ئەو پەرەگرافەی باسی لە یەهوودییەکان دەکرد. لە ساڵی ١٨٤٢، ئەو ئەم رستە سادانەی نووسی کە پیشاندەری روانگەی ئەو بوون:

"مرۆڤ دەبێ لە لە باوەڕدا ئازاد بێت، جا بۆیە بەشی دوو دەبێ بگۆڕدرێ!"

تا ساڵی ١٨٥٢، ئەو پەرەگرافە نەگۆڕدرا و، لە دووای ئەو سالە بوو یەهوودییەکان توانیان لە وڵات نیشتەجێ بن و کار و کاسبی بکەن. یاسای قەدەغە لە دژی یەسوعییەکان و راهبەکان، لە ساڵی ١٨٩٧ لابرا لە دووای ئەوەی دژبەرەکان لە پەڕلەمان باسەکەیان هێنایە گۆڕێ.

خەبات لەپێناوی ئازادیی ئایین سەرەتا لە لایەن ئەو مەسیحییانەوە دەستی پێکرد وا لە دەرەوەی ئایینی دەوڵەتیدا خۆیان دەبینییەوە. 'هۆگیان'ەکان یەکەم چەخماخەیان لێدا و، چەند ساڵ دوواتر لە لایەن بزووتنەوەیەکەوە درێژەی پێدرا کە روولەگەشە بوو و باسی لە کلیسای ئازاد دەکرد و باوەڕی بە هەبوونی رەوتە جۆربەجۆرە مەسیحییەکان لە دەرەوەی ئایینی دەوڵەت هەبوو. لە ساڵی ١٨٤٥، ئەم رەوتانە کە لە لایەن هاوبیرانی خۆیان لە ئەمریکا و ئۆرووپاوە یارمەتی دەدران، سەرکەوتنیان لە هەندێ بواردا بەدەست هێنا. سەرکەوتنێک کە تەنیا بواری جێبەجێکردنی رێوڕەسمە ئایینیەکانی دەگرتەوە. بە واتایەکی تر ئەمە بواری مافەکانی هاوڵاتیبوونیان نەدەگرتەوە. بۆ وێنە ئەوان هەتا پێش ساڵی ١٨٩٢، نەیاندەتوانی لە بەرگی قازی و هەتا ساڵی ١٩١٩ لە پۆستەکانی ناو وەزارەتخانەکاندا دەرکەون. نەیاندەتوانی هەتا پێش ساڵی ١٩١٧ لە قوتابخانە وانە بڵێنەوە. تەنانەت تا ساڵی ١٩٧٢، نەیاندەتوانی وەک مامۆستای ئایینی کاربکەن. (Nygård 1997).  

یەکێکی تر لە رەوتە فیکرییەکانی تر (کەم تا زۆر نە زۆر گرینگ)، بزووتنەوەی بیرەئازادەکان بوو. بیری ئازاد دەستەواژەیەکی گشتی بوو بۆ ئەو وڵاتانەی وا بیرە دونیاییەکانی نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە و ساڵەکانی دوواتری، لە دەرەوەی نەریتی مەسیحی تێدا هاتنەگۆڕێ. بیرئازادەکان ئەو مرۆڤانەی بوون وا ئایدیۆلۆژیاکانی سەر بە ئەقڵگەرایی، سرووشتگەرایی و مەتریالیزمیان خوێندبووەوەو لایەنگرییان لێدەکردن، بەو شێوەیەی ئەم رەوتانە لە فەلسەفەی ئۆرووپا و ئەمریکای باکووردا باسیان لێکرابوو. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم هەندێ تاقمی بیرئازاد لێرە لە نۆروێژیش هەبوون، بۆ وێنە لە شارەکانی ئۆسلۆ، بەرگەن و ستاڤانگێر و هەروەها هەندێ شوێنی بچووکی تریش.

بە هۆی ئەو جیاوازییە زۆرانەی لەناو ژینڕوانگەکاندا هەیە، قەت لە ناو ئازادبیرەکان و بزووتنەوەی کلیسای ئازاد یەکیەتی پێکنەهات. بۆیە هەوڵی ئازادبیرەکان لەپێناوی ئازادی بیروڕا گرینگییەکی ئەوتۆی پەیدانەکرد تا پێش ئەوەی رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی لە نیوەی دووهەمی سەدەی رابردوودا نەهاتە مەیدانەوە. هەڵبەت لەبابەت ئەمە لە پاژی دوواتردا زیاتر دەدوێین.

بیرئازادەکان لە مێژووی نۆروێژدا

لە مێژووی نۆروێژدا گەلێک لە بیرئازادەکان هەن کە دەتوانن نوێنەری ژینڕوانگە دونیاییەکان بن. ئەو مرۆڤانەی وا لە کۆمەڵگادا بە هۆی هەوڵەکانیان لە بوارە جۆربەجۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا ناسران، کەسانی وەک لێکۆڵەران، سیاسییەکان و هونەرمەندان. خاڵی هاوبەشی نێوان ئەوان کە بووە هۆی ناسینیان وەک گرووپێک، بریتی بوو لە هەوڵیان بۆ هێنانەگۆڕی بایەخی مرۆڤ و پرسیارە ئێپیستمۆلۆژییەکان. دەبێ زیاتر لێرەدا پێ لەسەر ئەو دابگرین کە سەرەڕای هەوڵی هەندێکیان، ژمارەیەکی کەمیان لەم بوارەدا وەک کەسی تایبەت دەرکەوتن. هەندێکیان خۆیان وەک بیرئازاد پێناسەکرد و لە گرووپەکانی بیرئازادەکاندا ئەندامبوون. ئەم گرووپانە زیاتر لە بواری ئەقڵگەراییدا خۆیان دەبینییەوە و بەشێکیشیان لە بواری پۆزیتیڤیسم دا. لەناو کۆڕوکۆمەڵە مەسیحییەکاندا هەم لەو سەردەمدا و هەم دوواتر، دەستەواژەی بیری ئازاد وەک دەستەواژەیەکی سووک کەڵکی لێوەردەگیردا.

ئەوان کێ بوون و، خاوەنی چ بیروباوەڕێک بوون؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە باس لە چەند کەسێکیان دەکەم. زۆربەی ئەو تێکستانە لێرەدا دەهێنرێن لە دەقێکەوە وەرگیراون کە لە ژێر ناوی 'دوانزە هیومانیستی نۆروێژی' باس لە رێکخراوە نۆروێژییەکان دەکا (Human-Etisk Forbund 1986).

یەکەم کەس کە دەمەوێ باسی لێبکەم 'یو یەندە'ەیە (١٨٨٤ ـ ١٧٩٥)، راوچی و کوڕێکی کوێستان لە 'نور گودبرانسداڵن'. ئەو لە گەورەساڵیدا فێری خوێندن بوو، بەڵام گەلێک زۆری خوێندەوە. 'یەندە' لەگەڵ ئایدیاکانی ڤۆڵتێر، لودڤیک هۆڵبەرگ و تۆماس پەین ئاشنا بوو و لە شوێنی ژیانی خۆی 'هیداڵ' بوو بە ئەندامی گرووپێکی ئەقڵگەرا. ئەو خۆی وەک بیرئازاد و کۆماریخواز ناساند و بەگوێرەی سەرچاوە زارەکییەکان خاوەن ژینڕوانگەیەکی سادە بوو و، دەیگوت دەبێ ئەقڵ ژیان بەڕێوەببات. 'یو یەندە' دەیگوت: "زانیاری گەشەدەکا و لەگەڵیا دەمارگرژی لاوازدەبێ. قەشە و دەسەلاتداران چیتر خاوەن هەمان دەسەلاتی کۆن نامێننەوە. ئەوەی ئێمە لەم دونیایەدا دەبێ بیپارێزین ئەقڵە. سنورەکانی ئەقڵ بەرینن و، ئەوەی ئەنجامی دەدەین، جا چ بە دروستی و چ بە نادروستی، پێویست ناکا لەوەی لێی تێناگەین بیربکەینەوە، چونکە بەهەرحال لەگەڵیا ناگەینە هیچ شوینێک..."

دووهەم کەس کە وەک بیرئازاد لە مێژووی ژینڕوانگەدا خۆی ناساند 'مارکوس ترانە' یە (١٨٩٠ ـ ١٨١٧). مارکوس پێش لەهەر شتێک کەسێکی ناسراوە لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکاریدا. ئەو لە ژێر سریمەی سۆسیالیستی ئۆتۆپیایی 'سێنت سیمۆن'ی فەڕەنسی دا بوو و، خاوەنی بیر لە بواری بەرابەری و دابەشکردنی عادڵانەی سەروەت و سامان و هەروەها جۆری پێوەندی لە نیوان گەل و دەوڵەت و بابەتە یاسایی و ئەخلاقییەکاندا. ئەو دەیگوت ئەگەر خەڵک لە دەسەڵاتدا بن ئەوا مرۆڤخوازی لەناو یاساکاندا جێگیر دەکرێن. لە ساڵی ١٨٤٩، ئەو یەکەمین رێکخراوی کرێکاری لە نۆروێژ دروستکرد کە خاوەنی سی هەزار ئەندام بوو. دەوڵەت بزووتنەوەکەی سەرکوتکرد و مارکوسی بۆ چوار ساڵ خستە زیندانەوە. دوواتر مارکوس چوو بۆ ئامریکا و لەوێ بوو بە بیرئازادێکی ناسراو. لە ئامریکا گۆڤارێکی بە ناوی 'داگسلیسە'  (رۆژی روون ـ وەرگێڕی کوردی)، دەردەکرد.

'گێرهارد ئارمور هانسن' (١٩١٢ ـ ١٨٤٢)، بەهۆی مامۆستایەکی ئایینی لە قوتابخانەی کادێتڕالی شاری 'بەرگەن' کە سەبارەت بە ئەقڵگەرایی شارەزاییەکی باشی هەبوو، بیری بزوا. دوواتر کاتێک گێرهارد بوو بە پزیشک و زانا و لە گەڵ کتێبەکەی داروین 'سەرچاوەی جۆرەکان' ئاشنا بوو، سەبارەت بەم بەرهەمە لە بیرەوەرییەکانیدا نووسی: "قەت شتی وام لەوە پێش نەخوێندبووەوە، ئیستا جیهان لەچاو جاران لە بەر چاوەکانمدا جۆرێکی ترە." ئارمور هانسن دوواتر بە هۆی دۆزینەوەی باکتری نەخۆشیی خۆرە (جذام) لە دونیادا ناسراو، دۆزینەوەیەک کە ژیانی میلیۆنان مرۆڤی گۆڕی. ئەو لە شاری بەرگەن ئەندامی گرووپێکی ئازادبیر بوو و کەسێکی توند بوو لە رەخنەکانی دا سەبارەت بە ئایین. ئەو لە نووسینێکدا دەنووسێ کە خەڵکی باوەڕیان بە خودایەکە کە سەرچاوەی هەموو شتەکانە و خاوەن دەسەلاتی رەهایە، بەڵام کاتێک باس لەوە دەکرێ ئەم خودایەیش پێویستی بە سەرچاوەیەکە، ئەوان بەوە پاساوی دەدەنەوە کە گوایا خودا ئەبەدییە، ئەم جۆرە بەڵگەهێنانەوە لەراستیدا لە نەزانییەوە سەرچاوەدەگرێ (پەرەگرافەکە بە زمانی دانمارکی بوو و وەرگێڕی کوردی لێرەدا بە شێوەی ئازاد کردوویەتی بە کوردی).

'ئارنە گاربۆرگ' (١٩٢٤ ـ ١٨٥١)، لە تەمەنی گەورەساڵیدا خاوەن ژینڕوانگەی جۆراوجۆر بوو، بەڵام لە مەودای درێژتری تەمەنیدا وەک بیرئازادێک دەرکەوت. بەو رابردووەی ئەو لەگەڵ پیەتیستەکانی (تاقمێکی مەسیحین ـ وەرگێڕی کوردی) شاری 'یەرن' هەیبوو و، نزیکبوونی لە رێکخراوە نەتەوەییەکان، هەم خۆی و هەم ژنەکەی 'هولدا گاربۆرگ'، وەک رووناکبیرانی کراوە لە ژێر کاریگەرییەکانی ژیانی فیکری ئۆرووپادا بوون. 'ئارنە گاربۆرگ' وەک یەکەم ئۆرووپایی لە نۆروێژ ناوبانگی دەرکردووە. هاوسەرەکەیشی هەر بەو شێوازە ئاگای لە ململانێی نێوان بیرەکان بوو.هەم پوزیتیڤیسم و هەم بیری ئازاد، گاربۆرگیان بە توندی لەخۆگرت. لە ساڵی ١٨٨٥، ئەو وتارێکی بە ناوی 'بیری ئازاد' نووسی کە تێیدا دەڵێ: "بیرئازادەکان هیچ شتێک سەبارەت بەو دونیایەی تر نازانن و، زۆرینەیشیان باوەڕیان پێی نیە، بۆیە رەنگە ئەو زیاتر باوەڕی بەم ژیانەی ئێستا هەبێ. بیرئازاد باوەڕی بە پێشکەوتنە، باوەڕی وایە بایەخەکان لە پێشکەوتندان و "بەهەشت لەدەرەوەی ئێمە نیە، بەڵکو لە پیشەوەماندایە". جا هەموو هەوڵ و حەزی دەخاتەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئەمە، تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرێ. ئەو بیر لە ئەخلاق دەکاتەوە و، کەسێکی باوەڕمەند نیە. وە شتێک لە ئاسماندا نیە ئەو چاوەروانی بێت. جا بیرئااد بەم بیرەوە سەرقاڵ نیە کە زۆربەی ئەوانەی لەم دونیایەدا دەژین دەبێ لەو دونیایەی تردا بسووتێندرێن، لای ئەو ئەمانە زیاتر کەسی بایەخدارن تا گوناهکار."

'بیۆرنستیەرنە بیۆرنسۆن' (١٩١٠ ـ ١٨٣٢) شاعیرێکی تر بوو کە لە بیروباوەڕی مەسیحی خۆیدا لەرزۆک بوو. ئەو وەک گاربۆرگ بە جوانی لەلەغ ژیانی فیکریی ئەورووپا ئاشنابوو. ماوەیەک وەها کە لە شیرەکانیدا پیشانی دەدا بوو بە پوزیتیڤیست (لە پاژی حەوتدا باسمان لێکرد). لە پیوەندێکی تۆکمەدابوو لەگەڵ دەرەوەی وڵات و لە ژێر کاریگەریی بیرەکانی 'رۆبێرت ئینگیرسولس' بوو سەبارەت بە ئازادی ژینڕوانگە، ئەو بیرانەی کە ئەو پێی وابوو دەبێ نۆروێژیش لەگەڵیان ئاشنابێت. بۆیە نووسینی 'بۆخۆت بیربکەوە!' ی وەرگێڕا.  لە نۆروێژ کەمتر کەس دەزانن کە نووسەری سروودی نیشتمانی، ئەندام بوو لە رێکخراوی بیرئازادنی بریتانی بە ناوی “The Rationalist Press Association”. بیۆرنسۆن ئەگەرچی لە زۆربەی تەمەنیدا بێگومان کەسێکی باوەڕمەندی مەسیحی بوو، بەڵام پێوەندێکی روونی لەگەڵ کلیسادا نەبوو. ئەو مەودایەکی زۆریش لە تەمەنی لایەنگری ژینڕوانگە دونیاییەکان بوو. پەیامی پوزیتیڤیستی بیۆرنسۆن وەک لەم نامەیەدا کە بۆ گۆڤاری 'سامتیدن' ی نووسیەوە و دەردەکەوێ، زۆرتر بەشی ئەخلاقی لەخۆدەگرت: "تەنیا رێگایەک بۆ ئەوەی چاکە برەوپێبدەین و خراپە کەم بکەینەوە ئەوەیە کە غەریزەکانی خۆپاراستنمان فێری ئەوە بکەین واوەتر لە خۆمان کەسی تریش بگرنەوە. ئەوەیکە ئێمە خۆمان لەو پێوەندییانەی وا لەگەڵ کەسانی تردا هەمانە دووبارە دەدۆزینەوە و، لە ناو نەوەکانی دووای خۆیشماندا ئێمە تا ئەو جێگایەی خۆمان دەدۆزینەوە کە تا چەندە خۆشمان ویستبێتن. دەبێ فێری ئەوە بین کە خراپە و چاکە شتێک نین زیاتر لە ئەزموونەکانی مرۆڤایەتی سەبارەت بەو قازانجانەی وا کۆمەڵگا بە ئێمەی دەبەخشێتەوە.

یەکێک لەو کەسانەی کەوتە بەر غەزەبی کلیسا، خەباتکاری بواری مافی ژنان 'کاتی مولەر' (١٩٤٥ ـ ١٨٦٨)، بوو. لە ساڵی ١٩١٥ ئەو پرسی مافی لەباربردنی منداڵی هێنایە گۆڕێ و، بەم شێوەیە لەسەر هاوسەرگیری نووسی: "ژنان بەو شێوەیەی کلیسا فێریکردوون لایان وایە هاوسەرگیری دامەزراوەیەکی ئایینیە کە خودا داوایکردووە و بۆیە ئەگەر کەسێک جێبەجێی نەکا ئەوا دەکەوێتەبەر غەزەبی خودا. لەم سەردەمەی ئێمەدا کلیسا خراپترین دوژمنی دایکانە. ئێمە دەبێ خۆمان لەم بۆچوونەی کلیسا دەربازبکەین و بونیادێکی مەدەنی بۆ هاوسەرگیری دامەزرێنین.

'فریشۆف نانسن' (١٩٣٠ ـ ١٨٦١)، باوکی بەستەڵەکەکانی باکوور، لێکۆڵەر، سیاسەتمەدار و رێکخەرێکی هیومانیست بەشێویەکی کراوە سەبارەت بە ژینڕوانگەی خۆی دەینووسی. لە ساڵی ١٩٢٢ بەهۆی ئەو یارمەتییانەی لە وڵاتی رووسیە پێشکەشی کردن، خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی وەرگرت و کەسێکی جێگای رێزی گەورە هەم لە ناوەوەو هەم لە دەرەوەی وڵات بوو. نانسن خاوەن ژینڕوانگەیەکی راگەیندراو بوو.. لە ساڵی ١٩٢٩، ساڵێک پێش مردنی سەبارەت بە باوەڕەکانی خۆی ئاوەهای نووسی: "پێویستیمان بە چێکردنی یاسای ئەخلاقی نوێ و دادپەروەرانەیە بە گوێرەی رووانینە نوێیەکانی سەردەمەوە. ئەو یاسایەی کە دەتوانێ لە خورافە تا رادەیەکی زۆر رزگارمان بکا و لە سەر بنەمای خۆشەویستی و هاوکاری بونیات نرابێ. دەبێ بە روونی پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە یاسا ئەخلاقییەکان ئەمر نین کە ئێمە دەبێ بە هۆی ترس (نزمترین غەریزەی مرۆڤ) گوێڕایەڵیان بین. بەپێچەوانەوە، یاسای ئەخلاقی خۆی لە خۆیدا چاکە، چونکە راگرتنیان دەبێ هۆی بەختەوەریی مرۆڤ لێرە لەم ژیانەدا و، هیچ پێوەندێکی بەو بیرە خۆویستانەوە نییە کە باس لە رزگاری تاک لەو دونیای تردا دەکا."

نانسن کاتێک مرد بەشێوەی مەدەنی (نەک ئایینی) بەخاک سپێردرا و دەوڵەت خەرجەکەی لەئەستۆگرت. لە ئۆسلۆ بە هەزاران خەڵک بۆ ماڵئاوایی کردن لە نانسن لە شەقامەکان کۆبوونەوە.

'کریستیان میکلسن' (١٩٢٥ ـ ١٨٥٧)، لە ساڵی ١٩٠٥ سەرۆک وەزیر بوو. ئەو سەردەمە بە بێ ئەندامبوون لە کلیسادا ئەو نەیدەتوانی ئەم پۆستە وەرگرێ، بەڵام سەرەڕای ئەمە کریستیان وەک کەسێکی ئەگنۆستیکی بیرئازاد خۆی پێناسەکرد. سەبارەت بە ئازادی بیروباوەڕ وەهای نووسیوە: "هەموو ئایدیا ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە رووی وێنەی خۆمانەوە چێکراون. هیچ چەشنە ئایین و سیستمێکی ئابووری و سیاسی ناتوانێ بڵێ کە نوێنەرایەتی حەقیقەتی موتڵەق دەکا. خەونەکانی مرۆڤ لەگەڵ سەردەمەکاندا گۆڕانیان بەسەردادێت. هیچ ئایین و هیچ رەگەزێک مافی ئەوەی نیە بەزۆر ئایدیاکانی خۆی و ئەو سیستمەی باوەڕی پێی هەیە بە سەر خەڵکی تردا بسەپێنێ."

سەرئەنجام دەمەوێ باس لە پێشڕەوێکی بواری رۆشنگەری سێکسی لە سکاندیناڤیا بکەم بە ناوی 'ئێلیسە ئۆتێسەن ـ یەنسێن' (١٩٧٣ ـ ١٨٦٦)، یان بە کورتی 'ئۆتار' بەو شێوەیەی لە سوید بانگیان لێدەکرد. ئۆتار زۆربەی تەمەنی گەورەساڵیی خۆی لە سوید بەسەربرد. ئەو ئەندامی 'کلۆپی بیرئازادەکان لە بەرگەن' بوو و، وتەبێژێکی ماندوویی نەناسی ژن لە بواری رۆشنگەری سێکسی و پلاندانان بوو بۆ بنەماڵە. ئەو لەم دوو بوارەدا بە تووندی لە لایەن کلیساوە دژایەتی کرا. لە ساڵی ١٩٦٥، لە ژیاننامەکەی خۆیدا دەنووسێ: "جاران کە باسی پرسی جنسی دەهاتە گۆڕێ، دەیانگوت 'ئێمە نابێ قسەی لەسەر بکەین، شتێکی خراپ و ترسناک و قەدەغەیە'، بەڵام باسی لێکرا و ئیتر تەنیا تایبەت بە ژیانی گەورەساڵان نەما، یاخود تەنیا تایبەت بەژیانی تاکەکەس، ئیستا لە کۆمەڵگایشدا باسی لێدەکرێ، لە ژیانی هاوبەش و گشتیدا، بەڵێ، لە پرسیاری شەڕ و ئاشتیشدا."

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for norsk fritenkere