شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (١٥)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئەزمونی ئەمریکی و فەڕەنسی گرینگن بۆ ئەو وڵاتانەی وا ژینڕوانگەی جۆراوجۆریان تێدایە و هاوکات دەیانەوێ دەوڵەتی مودێڕن دروستبکەن، کە ئەمە بە کردەوە هەموو وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە. بەتایبەت ژینڕوانگە ناباوەڕمەندەکان لە بارودۆخێکی دژواردان ئەگەر دەوڵەت ژینڕوانگەیەکی تایبەت بە فەرمی رابگەیەنێ.

 

لائیسیتە ـ لە پێناوی سێکۆلاریسم لە قوتابخانەدا

شۆڕشی فەڕەنسی کە لە ساڵی ١٧٨٩، روویدا، یاسایەکی بنەڕەتیی نوێی لە ساڵی ١٧٩١ لێکەوتەوە. لەم یاسا نوێیەدا باس لە پێویستیی دەسەڵاتی بێ ئەملاولای ئازادی بیروڕا لە دەوڵەتی نوێدا کرابوو. هەروەها گوترا خوێندنی گشتیش دەبێ پارێزەری ئەمە بێت. هۆکاری ئەم گۆڕانە نەفرەت و رقی هاوڵاتیان لە دۆخی باو بوو. دۆخێک کە تێیدا هاوڵاتیانی فەڕەنسی موجبور دەکران مل بدەنە سیاسەتی چینی ئەشراف کە تێکەڵ کرابوو بە روانگەی دوواکەوتوانە و بەهێزی کلیسای کاتۆلیک. گەلێک لە هاوڵاتیانەی وڵاتە کاتۆلیکەکان هەستیان بەوە دەکرد لە ژێر دیکتاتۆریەتی ئایینیدا دەژیان و ئەم دیکتاتۆریەتە بە هەمان ئەندازەی چینی ئەشراف جێگای نەفرەتی خەلکی بوون. کلیسا بە هاوکاری دەسەڵاتداران دەیتوانی ژیانی فیکریی نوخبە راوەستێنێ، ئەوان دەیانتوانی هاوڵاتیان ناچار بکەن پێملی دەسەڵاتی ملهوڕان بن. ئەوە زیاتر کلیسا و چینی باڵا بوون کە ببوونە ئامانجی رق و نەفرەتی خەڵکی، نەک باوەڕ بە خودا. رۆحی شۆڕشی فەڕەنسی روون و ئاشکرا بوو. ئەم رۆحە دەیگوت: ئازادی بیروباوەڕ مافی هەر مرۆڤێکە و بابەتێکی تایبەت بە ژیانی تاکەکەسیە. بۆیە ئەوەی لە فەڕەنسە روویدا و لە لایەن بیرئازادەکان، دەیستەکان، ئەگنۆستیکەکان و ئاتەیستەکان هاتنە گۆڕێ، لەچاو وڵاتانی دراوسێی ئەم وڵاتە خاوەن کاریگەری زیاتر بوو. بەڵام دەبێ هاوکات دان بەوەیشدا بنێین گۆڕانکارییەکان کاریگەریی گەورەیان دانا لەسەر وڵاتانی وەک بێلژیک، سپانیا، ئیتالیا و هەندێ وڵاتی تریش کە کلیسای کاتۆلیک بەسەریاندا زاڵ بوو.

لە دووای ئەوەی ناپلیۆنی یەکەم کە بۆ خۆی لە شۆڕشی فەڕەنسەدا بەشداری کردبوو و لە ساڵی ١٨٠٤ بوو بە ئیمپراتۆری وڵات، ئایدیا شۆڕشگێڕییەکان ئەهوەن بوونەوە. ئەو لەگەڵ پاپ لەسەر ئەوە سازان کە پرینسیپە نوێیەکان وەها بخوێندرێنەوە نەبنە هۆی کێشە لە نێوان کلیسا و دەوڵەتدا، بۆیە زۆرینەی شتەکان وەک جارانی خۆیان مانەوە. بەڵام لە ساڵی ١٨٢٦ ئەرکێک بە هەموو کۆمۆنەکانی فەڕانسە راسپێردرا بۆ ئەوەی خوێندنی سەرەتایی دابین بکەن، ئەمە بەناچار بەمانای رەچاوکردنی یاسای بنەڕەتی وڵات بوو. لە کاتێکدا لە ساڵی ١٨٣٣وە قوتابخانە گشتیەکان لە لایەن دەوڵەتەوە دابین و کۆنتڕۆڵ کران، بەڵام کلیسا تەنیا ئیزنی بەڕێوەبردنی قوتابخانە تایبەتییەکانی پێدرا. شۆرشی نوێ لە ساڵی ١٨٤٨، دەیتوانی ریفۆرمی نوێ لەگەڵ خۆی بێنێ، بەڵام لەجیاتی ئەمە، ساڵی دوواتر بە هۆی سەرکەوتنی سەڵتەنەتخوازەکان لە هەڵبژاردندا تێیدا یەکەمین برازای ئیمپراتور، ناپلیۆنی سێ بە شێوەی فەرمی وەک سەرۆککۆمارهەڵبژێردرا. ئەو سەرۆککۆمارەی سێ ساڵ دوواتر کودتای کرد و بوو بە ئیمپراتور. بەگشتی، ئەم رووداوانە بوونە هۆکاری گەرانەوەی ئەو ریفۆرمانەی وا لە بواری قوتابخانەدا کران.

پرسیاری گەورەی جێی مشت و مڕ پێش لەهەر شتێک لەوێدابوو کە کلیسا چۆن و چەندە پشکی بەردەکەوت لە بواری ئایین و لە پەروەردەی ئەخلاقی لە قوتابخانەکاندا. لە بوارەکانی تردا ئەم مشت و مڕە کەمتر بوو. لە ساڵی ١٨٥٠، خەباتکارانی ئازادی بە هاوکاری ڤیکتۆر هۆگۆ (وەک کەسی یەکەم)، لە بەرامبەر هەموو ئەو هەوڵیە مونارکییانە راوەستان وا دەیانویست کلیسا خاوەن رۆڵێکی تایبەت بێت لە بەڕێوەبردنی پەروەردەی رۆحی و ئەخلاقی لە قوتابخانە گشتییەکاندا. بەڵام ئەوان تەنیا لە ئاستێکی تایبەتدا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. لە ساڵی ١٨٦٧، ناپیلیۆنی سێهەم لەگەڵ پاپ گەیشتنە رێکەوتنێک کە تێیدا سیاسەتی سکۆلاریستی لەبواری قوتابخانە کرایە قوربانی لەبەردەم سیاسەتی بەرامبەریدا. بە گوێرەی ئەم رێکەوتنە کلیسا رۆڵی خۆی بەتایبەت لە بواری قوتابخانە تایبەتییەکاندا دەپاراست.

کاردانەوەکان سەریان هەڵدا. چەند سال دوواتر لە ساڵی ١٨٧١، چوارسەد هەزار هاوڵاتی فەرەنسی داوایەکیان واژۆکرد لەسەر 'لائیستیتە'.١١ ئەمە سەردەمی پڕ لە هەورازونشێوەکانی سیاسەت لە فەڕەنسە بوو و، 'کۆمۆنی پاریس'یش وەک دووا ئۆلتیماتۆم (یەکێک لە داواکارییەکانی ئەم بزووتنەوەیە ـ وەرگێری کوری) لە سەر جیاکردنەوەی کلیسا و دەوڵەت سەریهەڵدا. لە ساڵی ١٨٧٠، ئیمپڕاتۆری دووهەم کەوت و، جمهوری سێهەم سەریهەڵدا. لە ساڵەکانی دەیەی ١٨٧٠، قوتابخانە بوو بە شوێنی مشت و مڕی سیاسییەکان، چونکە دروشمی لائیستیە لە قوتابخانە، بابەتی ئەو لایەنانە بوو وا دەیانویست فەڕەنسە ببێ بە سیستمی کۆماری و، کلیسا لە دەوڵەت جیابکرێتەوە.

قوتابخانە، ئایین و جمهوریی سێهەم

لە جمهوریی سێهەمدا قوتابخانە بابەتی سەرەکی سیاسەت بوو. لەم جمهورییەدا 'جولز فێری' بوو بە وەزیری پەروەردە و فێرکردن. بەزوویی کابینەی وەزیرەکان هەندێ پێشنیاری یاسایی هێنا بۆ جیاکردنەوەی کلیسا و دەوڵەت و، فێری ئەو شانازییەی بەرکەوت بۆ ئەوەی رەوتی دەستپێکردنی فڕێدانی کلیسا لە زانکۆکان و، قەشەکانیش لە خوێندنی سەرەتایی دەستپێبکا. هەندێ ریفۆرمی تریش لە بواری خوێندندا کران، بۆ وێنە کچان بۆ یەکەم جار توانیان بچنە قوتابخانەی گشتی (لە شێوازی قوتابخانەی تایبەت بە خۆیان)و، بەم شێوەیە چینی مامناوەندی سەریهەڵدا. لائیسیتە کاکڵی ئەم گۆڕانانە بوو. لە ساڵی ١٨٨٢، ئۆرگانە چاوەدێرییەکانی دەوڵەتی، کە لەبواری ژینڕوانگەدا بێلایەن بوون، دامەران بۆ ئەوەی پەروەردە و راهێنانی رۆحی و ئەخلاقی لە قوتابخانەکان بگرنەئەستۆ و بەم شێوەیە کلیسا مەجبوور پاشەکشەی کرد. بەڵام هەروەها کلیسا بە پێچەوانەی یاساکا نوێیەکان راوێژیان دەدا چونکەهیچ ئاتەئسیتێکی لۆکاڵی ئەوانیان لە قوتابخانەکان دەرنەکرد. لە ساڵی ١٨٨٦، قوتابخانەی گشتی بە شێوەی یاسایی وەک قوتابخانەی سکۆلار راگەیەندرا. بەڵام تا پێش ١٩٠٥، جودایی نێوان کلیسا و دەوڵەت لە فەڕەنسە بە شێوەی فەرمی نەگەییە کۆتایی خۆی.

هەر ریفۆرمێک، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، رووبەڕووی هەڵوێست دەبووەوە. کاتۆلیکەکان خۆیان رێکخست بۆ ئەوەی شکستەکەیان قەربوو بکەنەوە. جا بۆیە بەتایبەت هەتا ساڵی ١٩١١ قوتابخانە بابەتی مشت و مڕی سیاسی بوو بە بێ ئەوەی سکۆلاریستەکان شکستی تیابخۆن. لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهان، فەڕەنسە وەک یەکێک لە وڵاتانی هاوپەیمان وابەستە بوو بەو پێوەندە باشەی وا لەگەڵ وڵاتانی کاتۆلیک هەیبوو و، ئەو هاوپەیمانییە نەتەوەییە دەروونییەی نێوان دەسەڵاتە سیاسی و ئایینیەکان بووە هۆی ئەوی کلیسا دۆخێکی نوێ پەیدا بکاتەوە. ئەمە بەوپەڕی خۆی گەیشت کاتێک لە کۆبوونەوەیەکی گەورەی کلیساکان لە ساڵی ١٩٢٥، داواکرا یاسا سکۆلارییەکان لاببرێنەوە و هەروەها داوای بێلایەنیان کرد لە سیستمی خوێندندا. هەڵبەت ئەم هەڵوێستە دژانە هەتا هەنووکەیش سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە. سێ چوار ساڵ دووای ئەو کۆبوونەوەیە، ئەوان ستراتێژیان گۆڕی و رێکخراوێکیان پێکهێنا بۆ پاراستنی داواکانی قوتابخانە تایبەت و ئایینیەکان. پاپ لە راگەیەندراوێکدا قبوڵیکرد دەوڵەت قوتابخانە مەدەنییەکان بەڕێوەببات، رووداوێک کە بووە هۆی بەهێزبوونی بیری لائیسیتە لەو وڵاتانەی وا ئایینی مەسیحیی کاتۆلیک بەسەر سیستمی خوێندندا زال بوو. ئەمە بووە هۆی سەرهەلدانی رێکخراوی تر لە وڵاتانی کاتۆلیک کە لە پێناوی لائیسیتەدا خەباتیان دەکرد.

چاکسازییەکان لە ساڵەکانی نێوان دوو شەڕی گەورەی جیهانیدا بەردەوامبوون و، لە ساڵی ١٩٣٦، لە فەڕەنسە ریفۆرمێک لە قوتابخانەدا کرا کە تێیدا خوێندنی ئایین رۆڵی راهێنانی خۆی لەدەستدا. لە کاتی دەسەڵاتی نگریسی دەوڵەتی 'ڤیچی' لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهاندا هەموو ریفۆرمەکان سڕانەوە، بەڵام لەدووای شەڕ دیسان گەڕانەوە.

مشت و مڕە ئایینیەکانی دووای شەڕ

فەرەنسە لە دووای شەڕ بەردەوام لە ژێر کاریگەریی مشت و مڕەکانی نێوان ژینڕوانگە جۆراوجۆرەکان بوو سەبارەت بە شوێنی قوتابخانە لە کۆمەڵگادا. لە لایەک ژینڕوانگە دونیاییەکان دەبینران بە لائیسیتە لە پیش هەموویانەوە و بەو یارمەتییە گەورەیەی لە لایەن حیزبە سۆسیالیستییەکانەوە وەریاندەگرت و، لە لایەکی ترەوە کاتۆلیکەکان بە بێ یارمەتییەکی تایبەتی سیاسی. هەر دوو لا خاوەن رێکخراوی پان وبەرینی دایک و باوکان بوون بۆ بەرەوپێشبردنی ئایدیای خۆیان. بەرەی لائیسیتە هەوڵیدەدا قوتابخانە لە خوێندنی ئایین رزگاربکا و کاتۆلیکەکانیش دەیانویست ئایین وانەی قوتابخانە بێت. بەرەو کۆتایی ساڵەکانی ١٩٥٠، کێبەرکێکە گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و، لە ساڵی ١٩٥٩، زیاتر لە یەک میلیۆن دایک و باوک لەلایەن لائیسیتەکانەوە رێکخران بۆ ئەوەی بەشی گشتی قوتابخانەکان بپارێزن لە بەشی تایبەت کە بەردەوام بازاڕیان زیادی دەکرد. لە ساڵی ١٩٥٩، دە میلیۆن و هەشتسەد هەزار واژۆ کۆکرایەوە لە دژی ئەو داواکارییەی وا دەیگوت بەشی تایبەت دەبێ هاوڕیزی بەشی گشتی بێت. ئەمە، ئەو سەردەمە بەشی زۆرینەی دایک و باوکانی فەڕەنسی دەگرتەوە. بە گۆڕانی یەک لە دووای یەکی دەوڵەتەکان ئەم دوو بەرەیە بەتووش سەرکەوتن یاخود شکستەوە دەبوون، بەڵام لائیسیتە و هێزی چەپ توانیان پێشکەوتنی زیاتریان بەربکەوێ. لە ساڵی ١٩٧٢، سەدهەزار کەس لە سەر شەقام بۆ بەرگری لە لائیسیتە خۆپیشاندانیان کرد و، لە ساڵی ١٩٩٤یش هەمان رادە خەڵک هاتنە سەر شەقام.

مێژووی ئەوەی چلۆن چێکردنی دەوڵەتی مودێڕن، وەک لە فەڕەنسە ئەنجامدرا، توانی ئایدیا دونیاییەکان سەبارەت بە ژیانی گشتی بپارێزێ، خۆی بە چەندان شێوە جێگای سەرنجە. ئێمە دەبینین کە دوڵەتی فەڕەنسە لە چاو دەوڵەتی ئامریکا لەم بوارەدا توانی زیاتر بێلایەن بێت. پێش لەهەر شتێک خودی سەرکەوتنی ریفۆرمەکان مێژوویەکی جێی سەرنجە کە پیشانی دەدا گواستنەوە لە دەسەڵاتی ئایین بەسەر بەشی گشتیدا بەرەو بێلایەنی لەم بوارەدا هەوڵێکی بێوچان و دوورودرێژ بووە. دووهەم، ئەوەیکە مێژوو نیشانی دەدا چلۆن ژینڕوانگە و پەروەردە دەتوانن هێزی بەهێزی جەماوەر هانبدەن. سێهەم، مێژوو گرینگی و دژواریی ئەو رەوتە پیشاندەدا کە رەچاوکردنی ئازادیی ژینڕوانگەکان کاتێک هەمان ئازادی بۆ ئایینەکانیش رەچاوکراوە دەتوانێ چەندە دژواربێت. ئەمە ئەمڕۆکە لە فەڕەنسە خۆی بە جوانی جارێکی تر پیشاندەداتەوە کاتێک موسوڵمانە گەنجەکان نایانەوێ بە بێ حیجاب بچن بۆ قوتابخانە. لەمێژە ئەمە وەک کێشەیەک لە سیاسەتی ژینڕوانگەی فەڕەنسیدا ماوەتەوە کە ئەو گرووپانەی لە ماڵەوە بە نەریتێکی تایبەت منداڵانی خۆیان باردێنن، ناتوانن حسێب لەسەر ئەوە بکەن کە لە لایەن دەوڵەتەوە یارمەتی بدرێن. ئەگەرچی دەوڵەت ئەو دەرفەتەیان دەداتێ کە لە قوتابخانە تایبەتییەکاندا رەچاوی ئەم نەریتەی خۆیان بکەن، هەڵبەت تا ئەو شوێنەی بۆ خۆیان پارەکەی دابیندەکەن.

ئەزمونی ئەمریکی و فەڕەنسی گرینگن بۆ ئەو وڵاتانەی وا ژینڕوانگەی جۆراوجۆریان تێدایە و هاوکات دەیانەوێ دەوڵەتی مودێڕن دروستبکەن، کە ئەمە بە کردەوە هەموو وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە. بەتایبەت ژینڕوانگە ناباوەڕمەندەکان لە بارودۆخێکی دژواردان ئەگەر دەوڵەت ژینڕوانگەیەکی تایبەت بە فەرمی رابگەیەنێ.

ژێرنووس:

١١ـ  وەرگێڕانی 'لائیسیتە' بۆ سەر زمانی نۆروێژی ئاسان نایێت بەدەستەوە، بەڵام وەک ناوەڕۆک بەو مانایە دێت کە چوارچێوەیەکی دونیایی و سکولارە بۆ خوێندن و پەروەردە و، پێشمەرجە  بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن لە مافی ئازادی بیروڕا بەهرەمەند بن. ئەم دەستەواژەیە زیاتر پێوەندی هەیە بە قوتابخانەی بەدوور لە ئایین، بەڵام وەک بێلایەنی (لە بواری ژینڕوانگە) لە زیندان و خەستەخانە و بەشی سەربازی و... بەکاریش دەبرێ.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for laicism