شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (١٤)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

 لەم بەرهەمەدا ئێمە لەگەڵ بەڵگەهێنانەوەیەکی کلاسیکی بۆ بیری ئازاد رووبەڕوودەبین، ئەوەیکە هەر مرۆڤێک خاوەن مافی بیرکردنەوە و باوەڕە سەبارەت بەو شتەی حەزی لێیە. هەر مرۆڤێک بیروباوەڕی خۆی هەیە و، بۆیە مافی ئەوەی هەیە بە شێوەی جیاواز لەوانی تر بیروباوەڕی خۆی هەبێ. نە فشاری زۆرینە، نە دەسەڵاتی سەرەڕۆ و نە هیچ چەشنە دەوڵەتێک ئیزنی ئەوەی نیە کۆنتڕۆڵی بڕوای مرۆڤ بکات.

 

بیری تۆ ئازادە!

ئازادیی بیروڕا لە 'جیهانی نوێ'دا گەشە دەستێنێ

ئەقڵگەرایی، یاخود باوەڕ بە ئەقڵی مرۆڤ لە ناو بیرمەندە فەڕەنسی و ئینگلیزییەکاندا زیاتر پەرەی سەند و، بە کۆچی ئینسانەکان بۆ ئەمریکا، کە شوێنێک بوو بۆ پەنابردنی باوەڕە جۆراوجۆرەکان، ئەم ژینڕوانگەیە 'جیهانێکی نوێ'ی بۆ خۆی دۆزییەوە. وەک لە پاژی ئەقڵگەراییدا باسمان لێکرد گەلێک لە ئەقڵگەراکان دەیست بوون.

یەکێک لەم ئەقڵگەرا گرینگە دەیستانە 'تۆماس جێفێرسۆن' (١٨٢٦ ـ ١٧٤٣)، نووسەری راگەیەندراوی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٧٧٦ بوو کە وەک سێهەمین سەرۆک کۆماری ئامریکا لەسەر کورسیی دەسەڵات دانیشت. جێفێرسۆن بە هۆی زانیاریی هەمەلایەنەی لەسەر بیناسازی، زانستی سرووشتی و فەلسەفە لە پێوەندێکی تۆکمەدا بوو لەگەڵ نوخبەی ئینگلیزیدا، بە تایبەت لەگەڵ 'ئیسهاق نیۆتۆن' و 'جۆن لۆک' و هەروەها بیرمەندی فەڕەنسی 'مۆنتسکیۆ'. جێفێرسۆن ماوەیەک لە پاریس سەفیر بوو. بیروڕای ئەم فیلسووفانەی سەردەمی رۆشنگەری١٠ لە بوارەکانی سرووشت، وشیاری و مافی گەل لە پارێزگاریکردنی مافەکانی خۆیان لە بەرانبەر ملهوڕی و چەوساندنەوەدا ئیلهامی بەخشی ئەو بوو لە بواری بیر و کردەی سیاسی لە شۆڕشی ئەمریکادا. ئەو لە رۆشنگەری وەک 'هاوبەشیی زانست و فەلسەفە، هەوڵی هونەری، خوێندن، پێشکەوتن و ئەقڵانییەت' دەیڕوانی (Pharo 1994).

لێرەدا بە تایبت لە دوو بواردایە کە دەمانەوێ کاریگەیی فرەچەشنی جێفێرسۆن لە سەر دووارۆژ باسبکەین: یەکەم، هەوڵی ئەو بۆ ئازادیی بیروڕا و، دووهەم، گەشەی بیری لە بواری مافەکانی مرۆڤدا. ئەو هەروەها روانینێکی گرینگی لەسەر دەسەڵاتی خەڵک هەبوو لە پێوەندیی لەگەڵ دەسەلاتداراندا و هەروەها خاوەن رووانینێکی پێشکەتوو سەبارەت بە پرنسیپی دابەشکردنی دەسەڵات. هەڵبەت لەم کتێبەدا باسی ئەم بەشانە ناکەین.

ئازادیی ئایین

رووانینی جێفێرسۆن بۆ ئازادیی ئایین لە 'ئاگادارنامەی ئازادیی ئایین'دا Bills for Religious Freedom (1787)  دێت و، یەکێک لە دەرئەنجامەکانی، ئەو ریفۆرمە گەورەیە بوو لە ئەیالەتی ڤیرجینیا لێی کەوتەوە. لەم بەرهەمەدا ئێمە لەگەڵ بەڵگەهێنانەوەیەکی کلاسیکی بۆ بیری ئازاد رووبەڕوودەبین، ئەوەیکە هەر مرۆڤێک خاوەن مافی بیرکردنەوە و باوەڕە سەبارەت بەو شتەی حەزی لێیە. هەر مرۆڤێک بیروباوەڕی خۆی هەیە و، بۆیە مافی ئەوەی هەیە بە شێوەی جیاواز لەوانی تر بیروباوەڕی خۆی هەبێ. نە فشاری زۆرینە، نە دەسەڵاتی سەرەڕۆ و نە هیچ چەشنە دەوڵەتێک ئیزنی ئەوەی نیە کۆنتڕۆڵی بڕوای مرۆڤ بکات.

 

دەبینین ئەم پرینسیپە (واتە ئازادیی ئایین) بە هۆی ئەوەی زۆرینەی ئەوانەی وا لە ئۆرووپاوە کۆچدەکەن بۆ ئەمریکا و لەم وڵاتە نیشتەجێ دەبن، پەرەدەستێنێ. کۆچبەران خاوەن ئەزموونی تایبەت بوون لە بواری چەوساندنەوەی ئایینی لە وڵاتانی خۆیاندا، بەڵام هاوکات لە وڵاتی نوێی ئامریکا خۆیان لە وابەستەییەکی دوولایەنە لەگەڵ یەکتردا بینییەوە و، لەوە تێگەیشتن رەنگە دراوسێکەیان سەر بە ئایین و کلیسایەکی تر بێت. لە وڵاتێکی لەم چەشنە کە کاتولیک، پرۆتستان، ئۆرتۆدۆکس، مێتۆدیست، کڤێکەر، سکولار، جوولەکە و موسوڵمان و جودابیرانی تر پێکەوە تیایا دەژیان دەکرا ئەم جیاوازییانە کارەساتی گەورەی لێبکەوێتەوە ئەگەر دەوڵەتێک درووستنەکرایە کە رێز لە ئازادیی ئایین نەگرێ و هاوکات خۆیشی لە ئایینەکان جیانەکردایەتەوە و سیستمی قوتابخانەیش بەربەرە دیسان هەر ئەم هەڵوێستەی وەرنەگرتایە.

مافەکانی مرۆڤ

یەکێک لە کارەکانی تری جێفێرسۆن گەشەپێدانی مافەکانی مرۆڤ بوو. بەکەڵک وەرگرتن لە روانگەی دەیستیی خۆی بە شێوەیەکی روون پرینسیپی بەرابەری داڕشت، بەڵام هاوکات بەکەڵک وەرگرتن لە لێکدانەوەیەکی مەسیحییانەیش، ئەوەیکە هەموومان وەک یەک خوڵقاوین، هەوڵیدا ئەم پرینسیپە بسەلمێنێ. جێفێرسۆن وەک کەسێکی لیبراڵ دێمۆکرات زۆر سەرقاڵی دەرئەنجامەکانی ئەم وەک یەکبوونە نەبوو، مەبەستی ئەو ئەوە بوو کە هەمووان بایەخێکی وەک یەکیان هەیە. جێفێرسۆن لە دژی کۆیلەداری دووا، بەڵام هاوکات خاوەن کۆیلەیش بوو، بۆیە تیۆر و کردە هەمیشە پێکەوە نەدەهاتنەوە.

سەبارەت بە سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ هەندێ سنووربەزێنی لە بیرەکانی ئەودا هەن کە مانایەکی زۆریان بۆ هیومانیسم هەبوو. مافی ژیان، ئازادی و هەوڵ بۆ خۆشبەختی ئەو تایبەتمەندییانە بوون کە جێفێرسۆن وەک بەشێک لە مافە سرووشتیەکان لێیانی دەڕوانی، ئەمانە ئەو چەمکە ئازادی بەخشانەن کە مرۆڤ دەیتوانی بۆ گەشەی خۆی کەڵکیان لێوەرگرێ. لێرەدا جێفێرسۆن ئایدیاکانی 'جۆن لۆک'ی گەشەپێدا. لۆک مافەکانی مرۆڤی وەک نیازێک بۆ بەرگری کردن لە تاک لە دژی چەوساندنەوە و زوڵمی دەسەڵات پێناسەدەکرد. 'ئازادی بۆ' و 'ئازادی لە' ئەو دەستەواژانەن کە بەردەوام بابەتی بیرکردنەوەکانن سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و، ئەو چەمکانەن کە دوواتر دەبن بە بنەما بۆ هیومانیسمی دوواڕۆژ.

دۆخی ژینڕوانگە دونیاییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا

ژینڕوانگە دونیاییەکان لە ناو ئەوانەیدا وا کۆچیان کرد بۆ ئامریکا خاوەنی نوێنەری زۆر نەبوون، بەڵام لە ناویاندا سێ گرووپ دەبینران. یەکەمینیان ئەو نوخبە بیرمەندە ئازادە دەگمەنانە بوون کە لە ناو کۆچبەرە سەرەتاییەکاندا دەبینران. دووهەمینیان کلیسای 'ئۆنیتار' بوو. لە سەدەی نۆزدە کلیسای 'ئونیتار' لە ئامریکا دامەزرا و ئایدیای سەرەکی ئەوان بریتی بوو لە پاراستنی پرینسیپە سەرەکییەکانی ئەخلاق و بەردەوامبوون لە رێوڕەسمە کلیساییەکان بۆ هەمووان سەرەڕای باوەڕمەندبوون یان نەبوونیان. ئەم کلیسایە هەروەها خاوەن گەلێک ئەندامی ئەگنۆستیکیش بوو. سێهەمین گرووپ 'کۆمەڵی ئەخلاق'ی بوو کە سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بەلای خۆیدا راکێشا بەتایبەت لەناو جولەکە سکۆلارەکان و ئەقڵگەرا ئینگلیزییەکاندا. کۆمەڵی ئەخلاق، پێش لەهەر شوێنێکی تر لە رۆژهەڵاتی ئامریکا دام و دەزگاکانی خۆی دامەزراند. ئەوان خۆیان وەک جۆرێک لە کلیسا پێناسەدەکرد و، رۆژانی یەکشەممە کۆبوونەوەیان سازدەدا بۆ گەورەساڵان و منداڵانی قوتابخانە، هەروەها خاوەنی رێوڕەسمی لەدایکبوونی منداڵ، دەستپێکی ژیانی گەورەساڵی، هاوسەرگیری و مەرگیش بوون. جگە لەمە ئەوان ئاتەیست و ئەگنۆستیک بوون و، پابەندبوون بە ئەخلاق، پەیامی سەرەکی ئەوانی پێکدەهێنا. هەنووکە، بەردەوام ئەم سێ گرووپە، واتە بیرئازادەکان، کلیسای ئونیتار و کۆمەڵی ئەخلاق لە ئامریکا پەیدا دەبن و، هەر سێکیان پێوەندییان بە ئەنجوومەنی جیهانیی مرۆڤگەراکانەوە هەیە.

ئەم ژینڕوانگە دونیاییانە قەت نەیاندەتوانی لە کۆمەڵگای ئامریکا دامەزرێن و گەشەبکەن ئەگەر ئاگادارنامەکەی جێفێرسۆن سەبارەت بە ئازادیی ئایین کە تێیدا دەرفەتی بۆ باوەڕمەندان و ناباوەڕمەندان دەڕەخساند، نەدرایەتە دەرەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی هەوڵی جێفێرسۆن وەک پرینسیپ بۆ ئازادیی ئایین لە روانگەی مێژووییەوە گرینگیەکی زۆری هەیە (هەروەها لە بیرکردنەوە دوواترەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ)، رەوتە ئایینییەکان وەها کاریگەرییەکیان لە ئامریکا دانا کە یاسای بنەڕەتیی وڵاتیش، بەو شێوەیەی جێفێرسۆن دەینووسێ، باس لەوە دەکا هەموو کەس بە هۆی خوڵقێنەری خۆیەوە هەڵگری مافە سەربەخۆ تایبەتەکانی خۆیەتی.

رستەی "بڕوامان بە خودا هەیە"ی سەر دۆلار و، ئاماژەدان بە خودا لە رێوڕەسمە سیاسییەکان و لە دادگاکان و لە کۆمەڵگادا ئەوە نیشان دەدەن کە گەڕانەوە بۆ خودا وەک سەرچاوە لە ئامریکا دیاردەیەکی گشتییە. زۆر کەس بە نەتەوەی ئامریکا دەڵێن "وڵاتی خودا". دەیسمی جێفێرسۆن بەم شێوەیە هاوڕاییەکی دروستکرد لەسەر زۆرینەی ئایینەکان، جا چ مەسیحی و چ نامەسیحییەکان. بەڵام ئەمە چ ئەو کات و چ ئیستایش هەمان شوێن نابەخشێ بە ناباوەڕداران لە کۆمەڵگای ئامریکادا. ئەوان هەم جاران و هەم ئیستاکە ناتوانن ببن بە مامۆستا، ئەزیەت و ئازار دەدرێن و ناتوانن چالاک بن لە بزووتنەوەی 'سپەیدر' (بزووتنەوەیەکی منداڵان و مێرمنداڵانە ـ وەرگێڕی کوردی) و لە سیاسەتدا.

 'ئینگێرسول' و بەرگری لە دەوڵەتی سکولار

'رۆبێرت گ. ئینگێرسول' نووسەر و یاساناسێکی ئامریکایی بوو کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەدا چالاک بوو. ئەو خاوەن نفوزێکی زۆر لە بواری سیاسەتدا بوو. رۆبێرت دەیست بوو و هەندێ دەڵێن بە مەیلی زیاتر بەرەو ئەگنۆستیسیسم. بەڵام لە پێش هەر شتێکدا ئەو بیرمەندێکی ئازاد و لایەنگری ئەقڵگەرایی فەلسەفی بوو. وەک ئەقڵگەرا، ئەم بیرمەندە هەندێ جار هێرشی توند و قورسی دەکردە سەر مەسیحیەتی ئۆرتۆدۆکس. ئەم هێرشانە سەرنجی زۆری راکێشا لە وڵاتێکدا کە گرووپی بەهێز و گەورەی ئایینی تێدابوون و باوەڕێکی دۆگمایی و بنئاژۆیانەیان هەبوو سەبارەت بە کتێبی پیرۆز.

لە سەردەمی ئەودا سیاسەتی ئامریکا ئاوێتەبوونی ئایینێکی بەهێزی ناو کۆمەڵگای لە گەڵ ژینڕوانگەی سیاسی لێکجوداکردەوە، هەر بەو شێوەیەی لە رۆحی جێفێرسۆن دا هەبوو بۆ دابینکردنی ئازادیی ئایین بۆ هەموو گرووپەکان. ئینگێرسول رۆڵێکی گرینگی گێڕا لە هێنانەگۆڕی ماڤی کەسانی ناباوەڕمەند. ئەمە بووە هۆی ئەوەی ئەم بیرمەندە لەناو رێکخراوە ژینڕوانگە دونیاییەکانی ئامریکادا شوێنێکی بەرز پەیدا بکا. خەبات لە پێناوی سیاسەتی دەوڵەتی سکولار لە هەموو بوارەکاندا، یەکێک لە هەوڵە گرینگەکانی ئەو بوو، ئەگەرچی ئەم هەوڵانە نەگەیینە ئەو شوێنەی وا بۆ خۆی ئارەزووی دەکرد.

یەکێک لەو شتانەی ئەو بەتایبەت لە بەرامبەریدا وەستایەوە ئایدیای هەبوونی خودایەکی سزادەربوو کە بەڵێن بوو بەشێوەیەکی ترسناک مرۆڤە تاوانبارەکان سزابدات. هێژمۆنیخوازی و ئاکاری تووندی بۆ وێنە کلیسای ئۆرتۆدۆکس کە خۆی لە نیوەەی دووهەمی سەدەی نۆزدەدا دەنواند، خەریک بوو ئایدیاکانی جێفێرسۆنی لەمەڕ پێکەوەژیانی ئایینە جۆراوجۆرەکان دەخستە مەترسییەوە. ئەم بیرمەندە هەستێکی بەرزی هەبوو سەبارەت بەو ئایینانەی وا باوەڕیان بە خودایەکی میهرەبان و بەخشندە بوو.

دروشمی تایبەتی ئینگێرسول لەژێر سریمەی باوەڕ بە بیری ئازاددا بوو. ئەو دیگوت "بۆخۆت بیربکەوە!" لەم پێناوەدا بە روونی و بە جوانی ئاماژەی بەوە دەدا کە باوەڕ بە خودا دیاردەیەکە مرۆڤ بۆ خۆی خوڵقاندوویەتی. ئەو دەیگوت "خودایەکی شەرافەتمەند باشترین دەستکری مرۆڤە". ئینگێرسول لە دەرەوەی ئامریکایش گرینگیی پەیداکرد. لە ساڵی ١٨٨٣، 'بیۆرنستیەرنە بیۆرنسۆن' (کە ببووە بیرمەندێکی ئازاد)، هەندێ لە نووسراوەکانی ئەوی کرد بە نۆروێژی و لە ژێر سەردێڕی "خۆت بیربکەوە! لە چاپی دا و بڵاوی کردنەوە. (Ingersoll 1883)

ئینگێرسول پێش لەهەر شتێک وەک ئەقڵگەرایەک پێناسەدەکرێ رێک لەو سەردەمەیدا کێشمەکێشی نێوان ئەقڵگەرایی و ئایینەکانی دژی لە ئارادابوون و ئەم دژایەتییە هەتا دەهات زیاتر پەرەی دەسەند. ئەم رەوتە لەسەردەمی شۆڕشەکانی بۆڕژوازی لە ئۆرووپایشدا دەبینین. لە ئۆرووپا هەوڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ کە تێیدا ئازادیی بیروباوەڕ دەپارێزرا بە تووندی کەوتە بەر پەلاماری ئەو ئایینانەی وا دژی ئەم ئازادی بیرە بوون.

ژێرنووس:

١٠ـ فەلسەفەی رۆشنگەری رەوتێکی گەورەی بیر بوو لە ئۆرووپا لە سەدەی هەژدە. بەو چاخە دەگوترێ سەردەمی رۆشنگەری و، پشت ئەستوور بوو بەو دۆزینەوە گەورانەی لە بواری زانستی سرووشتی لە سەدەی هەفدەدا روویاندابوو. تایبەتمەندییەکەی بریتی بوو لە ئەزموونگەرایی لە تیۆری ناسین، تێکەڵێک لە دەیسم و مەتریالیزم لە بواری ئۆنتۆلۆگی، مرۆسەنتەری و هەروەها سرووشتگەرایی لە فەلسەفەی ئەخلاقدا.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫جفرسون‬‎