شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (١٣)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

لە راستیدا فرۆید لەسەر بنەمایەکی سرووشتگەرایانە بیری خۆی دادەمەزرێنێ کاتێک دەڵێ مرۆڤ لە لایەن دیاردەیەکی دەرەوەی وشیاریی خۆی، بەڕێوەدەبرێ. ئەو لە رێگای میتۆدی سرووشتگەراییەوە ئەو هێزانەی دۆزییەوە و لە ناو پارادایم و مودێلە سرووشتگەراییەکانیشدا جێگای بۆ کردنەوە. بەشێک لەو دۆخانەی پەردەی لەسەر هەڵدانەوە بە گوێرەی میتۆلۆژیای یۆنانی ناوی لێنان.

 

 درامای 'رۆحەکان' و دۆزینەوەی ناوشیاری

وەک بینیمان سرووشتگەرایی شوێن پێی خۆی لە سەردەمی خۆیدا دانا و ئەم شوێن پێیە نەوەکانی دوواتریشی لە بوارەکانی فەلسەفە، سیاسەت و زانستدا گرتەوە. بەڵام لە مانایەکی قووڵتردا کلتوری خۆناسینی ئێمەیشی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. لەم بوارە دراماکانی 'هێنریک ئیبسن' دەتوانن پێوەرێکی چاک بن. ئیبسن لە زۆر بواردا تێگەیشتنێکی باشی لە بیروڕاکانی سەردەمی خۆی هەبوو: سرووشتگەرایی فەلسەفی، دابڕانە سیاسییەکان و ئەو شۆڕشەی لە بواری ناسین سەریهەڵدا و لە پێشکەوتنی سایکۆلۆژیادا خۆی نیشان دەدا.

گەر سەرنج بدەینە نووسەرە گەورەکانمان، دەبینین باسی ئەمەیان کردووە. بۆ وێنە لە درامای 'رۆحەکان'ی ئیبسێن دا هاتووە:

"خاتوو ئالفینگ:... تەنیا ئەمە نیە لە دایک و باوکەوە بۆمان بە میرات ماوەتەوە و دەبینین دیسان لە ئێمەدا درێژە بە ژیانی خۆی دەداتەوە. بەڵکو هەموو مانا و باوەڕە مردووەکانیشمان بۆ بە میرات ماوەتەوە. ئەمانە لە ئێمەدا زیندوو نین، بەڵام بەهەرحاڵ لە ناوماندان و، ناتوانین لە دەستیان قوتاربین. گەر رۆژنامەیەک بەدەستەوە بگرم و بیخوێنمەوە، دەبینم رۆحەکان خۆیان دەخزێننە ناو خەتەکانەوە. رۆحەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا هەن و دەژین. پێم وابێ ئەوان بەقەد دنکە زیخێکن. ئێمە هەموومان زۆر ترسنۆکین.

قەشە ماندێرس: وایە، ئێمە هەروەها لە خوێندنەوەی ئەوانەوە فێردەبین. میوە جوانەکانی حەقیقەت! رستە بێ رەحم و ئازاد و سەرکێشەکان!"

دەتوانین هەروەها سریمەی سرووشتگەرایی لە 'سیگموند فرۆید' دا (١٩٣٩ ـ ١٨٥٦) ببینینەوە کە هەوڵی ناسینی دەروونی مرۆڤی دا. من لێرەدا بە قووڵی ناچمە ناو باسی راڤەی دەروونەوە، تەنیا کەمێک دەربارەی ئەم روانگەیە دەدوێم. فرۆید پێی وایە بە پێچەوانەی بیروڕای باو، نەک وشیاری، بەڵکو ئەوە ناوشیارییە کە تا رادەیەکی زۆر کردەی مرۆڤ بەڕێوەدەبا. ئێمە وشیاری دەخەینە ژێر فشارەوە (وشیاریی چەپێندراو) و، لەبەرانبەریدا رادەوەستین. تا رادەیەکی زۆریش ئاگاداری ئەم کارەی خۆمان نین و نازانین خەریکین بەرەنگاری وشیاری دەبینەوە. ئەوە دۆخی پێش وشیاری، خەونەکان و وشیاریی چەپێندراوە کە دیاریدەکەن مرۆڤ چلۆن لە سەر ناسینی خۆی و دونیا کاردەکا. ئەم بەشانە کە لەدەرەوەی وشیاریدان و بگرە رەنگە گەورەترن لە وشیاری، بەڕێوەبەری راستەقینەی کردەی مرۆڤن. بەهەرحاڵ بەشیكی گەورەتر لەو شتەی وا ئێمە پێمان وایە داگیردەکەن. بەڵام تیۆری فرۆید هومێدیش دەگرێتەوە. چونکە لە رێگای رەوتی وشیاربوونەوە دەتوانین کردەکانمان بکەین بەو کردانەی وا پشت ئەستوورن بە وشیاری.

لە راستیدا فرۆید لەسەر بنەمایەکی سرووشتگەرایانە بیری خۆی دادەمەزرێنێ کاتێک دەڵێ مرۆڤ لە لایەن دیاردەیەکی دەرەوەی وشیاریی خۆی، بەڕێوەدەبرێ. ئەو لە رێگای میتۆدی سرووشتگەراییەوە ئەو هێزانەی دۆزییەوە و لە ناو پارادایم و مودێلە سرووشتگەراییەکانیشدا جێگای بۆ کردنەوە. بەشێک لەو دۆخانەی پەردەی لەسەر هەڵدانەوە بە گوێرەی میتۆلۆژیای یۆنانی ناوی لێنان، بۆ وێنە 'گرێی دەروونیی ئۆدیپوس'، وەک دەستەواژەیەک بۆ نەفرەت لە دایکی خۆ.

لە کاتی خۆی ئەمە دیاریکردنی ئەو دەورانانە بوو وا زۆر کەس حەزی دەکرد زانیاری هەبێ لە سەریان. پرسیاری گەورە ئەمە بوو "چی مرۆڤ بەڕێوەدەبات؟" سرووشتگەرایی و لە گەڵیا دەروونناسی دەیانویست وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە. 'خاتوو ئالفینگ'ی ئیبسن ئەو هەستەی هەبوو کە هێزە بەرێوەبەرەکان دەخزێنە ناو ئەوەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرقاڵی ئەوە بوو ئەم هێزانە وەک خێو لە بەر هەتاودا ون بن، ئەگەر بە قەولی خۆی ئێمە "هەموومان ئەوەندە لە تیشک بێزار نەدەبووین."

ناسینی ناسین

گەلێک سرووشتگەرا سەرقاڵی تیۆری ناسین بوون. چلۆن مرۆڤ دەتوانێ بە کەڵک وەرگرتن لە هەستە سرووشتییەکانی خۆی لە واقعی ئەو سرووشتەی بگا وا بۆ خۆی بەشێکە لێی، ئەو پرسیارە گرینگە بوو کە زۆربەی ئەوانەی لەم پاژەدا باسم کردن، لە دیمۆکریتەوە تا مارکسیستە نوێیەکانی وەک ئادۆرنۆ پێیەوە سەرقاڵ بوون. دەبێ ئەوەیشی پێ زیاد بکەین کە زانایانی ئامریکایی لە ساڵەکانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠، نوێنەرەکانیان هەم لە بەشی زانستی سرووشتی و هەم زانستی کۆمەڵایەتی، وک 'جۆن دیوی' (١٩٥٢ ـ ١٨٥٩)، پێداگۆگ و هیومانیست کەڵکیان لە تیۆری ناسینی سرووشتگەرایانە وەردەگرت.

دیوی باوەڕێکی بەهێزی بەوە هەبوو کە توانای زانستی دینامیکی بۆ شیکردنەوەی دیاردەکان، مرۆڤ لە مودەرنیتەدا بەرەوپێش دەبا. لە تیۆری خۆیدا سەبارەت بە ئامرازگەرایی پراگماتیستی وتی کە واقع تێکەڵە بەو کێشانەی وا لە رێگای ناسینەوە دەتوانرێن چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. کاتێک ئێمە ئەو زانیاریانەی دێنینە گۆڕێ کە لامان وایە دەتوانین بیانسەلمێنین، ئەمانە دەبنە ئامراز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و، بۆیە دۆخی کێشە گۆڕانی بەسەردادێت. ئەمە بەو مانایە ئێمە لە ئاراستەی شێوازێکی پراگماتیستی و تێکەڵ بە پێشکەوتندا دەگەینە ئاستێکی نوێ و بەرزتر لە بواری ناسیندا. دیوی دەیگوت هیچ زانیاری یاخود ناسینێک دەست ناکەوێ کە جودا بێت لەو دۆخەی posisjonen تێیداین و لە بەشداری چالاکانەی ئێمە لەسەر ئەو شتەی وا دەمانەوێ بیناسین (دیوی ١٩٢٢).

لە نەریتی مەتریالیستیدا بەرهەمی باشی مودێڕن لە بواری تیۆری ناسین لە لای دوو فیلسووفی ئۆسترالیایی 'جۆن ج. س. سمارت' (لە دایکبووی ١٩٢٠)، و 'دەیڤید ئامسترۆنگ' (لەدایکبووی ١٩٢٦) دەبینینەوە. وەک ئادۆرنۆ، ئەوان فوکوسێکی زۆر لەسەر تیۆری شوناسی مەتریالیستی دەکەن، بەڵام ئەم دووانە لەچاو ئادۆرنۆ بە ئاراستەیەکی تردا دەڕۆن کە کەمتر لە بوارەکانی سرووشتگەرایی و مەتریالیزم دۆگماتیست بوو. 'سمارت' لە تیۆری ناسین بەرگری لە سرووشتگەرایی دەکا کە ئەو ناوی دەنێ فیزیکالیسم. بەکورتی ئەو باس لەوە دەکا کاتێک ئێمە دەڵێن شتێک دەناسین دەبێ بتوانین وەک دیاردە واقعییەکان بیانبینین، واتە لە فۆڕمی شتە فیزیکییەکان و کردە فیزیکییەکاندا. 'ئامسترۆنگ'یش تیۆرێکی ناسینی لە بواری سرووشتگەراییدا درووستکرد کە پێ لەسەر دەرکی ریالیستی لە پێوەندی نێوان 'تایبەت' و 'گشتی' دادەگرێ. ئەو لەم تیۆرەدا هەوڵدەدا ئەو روون بکاتەوە چلۆن مرۆڤ بە شێوەی ریالستی توانای ئەوەی هەیە 'گشتی' بناسێ بە بێ ئەوەی سەیری 'تایبەت' بکا. بۆ وێنە کاتێک ژنان یان پیاوان دەبینین بە بێ ئەوەی لایەنە 'تایبەت'ەکانیان بەرجەستەبکەینەوە، بە سەرنجدان لە 'گشتی'یەتیان بیانناسینەوە.

لایەنی هاوبەشی هەموو ئەم بیرانە ئەوەیە کاتێک قسە لەسەر راڤە و دەرکی پرسیارە دژوارەکانە لە سەر ئەوەی چلۆن ئێمەی مرۆڤ واقع دەناسین، خۆیان لە ناو نەریتی ئایدیا دونیاییەکاندا دەبیننەوە، هەروەها ناسینی ئێمە لەسەر ناسین وەک بەشێک لەم واقعە لایەنێکی دیکەی ئەوانە.

لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا ئێمە بەتووش سرووشتگەرایەکی ساکارەوە دەبین. بۆ نموونە لە کاتی گفتوگۆدا دەبینین هەندێ لە بەشداران کاتێک قسەوباسە لە سەر رۆڵی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادایە، بە ئاماژەدان بە سرووشت پێ لەسەر شێوازی باوی دابەشکردنی ئەرکان بەسەر ژنان و پیاواندا دادەگرن کە لە کۆمەڵگا نەریتییەکاندا هەیە. بە رای من ئەمە رەگی لە هەڵسەنگاندی خودی مرۆڤەکاندا هەیە و بۆ کلتور دەگەڕێتەوە، نەک بۆ سرووشت. هەمان شت لە بواری هۆمۆفیلیشدا دەبینرێ کە تێیدا هەندێ کەس بە گەڕانەوە بۆ سروشت هەوڵدەدەن رۆڵی ئەوان دیاری بکەن. هەروەها نموونە هەیە لەسەر ئەوەی کە بیروڕاکانیش لەسەر ئەخلاق پێوەند دەدرێنەوە بە سروشت، کە تێیدا مرۆڤەکان زۆر بە ئاسانی دەگەنە نۆڕمەکان بە گوێرەی دۆخی سرووشتیانەوە. واتە 'لەوەی کە هەیە' بۆ 'ئەوەی واباشە هەبێ'.

بە رای من ئەمە لە ئاستێکی نزمدا پێوەندی بە سرووشتگەراییەوە وەک ژینڕوانگەیەک هەیە. بگرە زیاتر پێوەندیی بە دەرکی میتافیزیکیانەی ئێمەوە هەیە لە سرووشت، کە رەگی لە خودی سرووشتیشدا نیە. زۆربەی هەرە زۆری سرووشتگەراکان، هەم لەناو ئەوانەیدا لێرەدا باسمان کردن و هەم لەناو ئەو لێکۆڵەرانەی خۆیان لە نەریتی سرووشتگەراییدا دەبیننەوە، جا چ لە بواری بایۆتکنۆلۆژیا یاخود لێکۆڵینەوە لە 'ژێن' کاربکەن، باس لەوەیە مرۆڤ بە گوێرەی دۆخی کلتوری، وشیاری و ئەخلاقی خۆیەوە دەرفەتی بۆ هەڵبژاردن هەیە. ناسینی واقع وەک ئادۆرنۆ دەڵێ لەژێر سریمەی ئەوەدایە کە ئێمە وەک مرۆڤ کەسێکی بەشدارین لە سرووشتدا. ئەم بەشدارییە ئازادی بە مرۆڤ دەبەخشێ. ئەمڕۆکە کەسانێکی کەم لەوانەی وا خاوەن ژینڕوانگەی سرووشتگەرایانەن، ئاستی مرۆڤ بۆ بوونەوەرێک دادەبەزێنن کە تەنیا سرووشت بڕیاریان لەسەردەدا، وەک چۆن هۆبز و فویرباخ لە ئاستێکی دیاریکراودا باسیان لێدەکرد و باوەڕیان پێی هەبوو.

Bilderesultat for ‫فروید‬‎