شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (١٢)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئێمە بینەری دیاردە کۆمەڵایەتییەکان نین، بەڵکو بەشدارانی چالاکی ناویانین. لە رێگای ناسینی دیاردەکانەوە بە یارمەتی زمان ئێمە ئەو راستییە فەرامۆش دەکەین کە واقع زیاتر لەوەیە وا ئێمە دەتوانین لە رێگای زمانەوە تێیبگەین. ئادۆرنۆ دەڵێ ئەقڵ، کە لە رێگای زمانەوە خۆی نیشان دەدا، راستەوخۆترین رێگای ناسینی واقع نیە. بۆیە ئەم بیرمەندە پێوەندێک درووستدەکا لە نێوان نەریتی مارکسیستی و تیۆری ناسینی ئەقڵگەرایی و ئەزموونگەراییدا.

 

مەتریالیزمی دیالکتیکی و کۆتایی مەتریالیزمی سەرەتایی

لە زانستدا کێبەرکێ هەبوو لە نێوان سرووشتگەراکان لە لایەک کە دەیانەویست لە رێگای مودێلە شیکارییەکانی سەر فیزیک لەو نەریتەیدا وا هۆبز بە ناوی شیکاریی مەتماتیکی و میکانیکی هێنایە گۆڕێ ئەرکی زانستی خۆیان درێژە پێبدەن و، لە لایەکی ترەوە ئەو نەریتەی وا کەڵکی لە مودێلە شیکارییە زیندوو و دینامیکییەکان وەردەگرت کە لە بایۆلۆژیدا هەیە. هەردووکی ئەم بەشانە بەشێوەیەک مەتماتیکی بوون، چونکە مەتریاڵ لای ئەوان بنەڕەتی 'بوون' بوو. بەڵام لایەنگرانی مودێلی شیکاریی بایۆلۆژی، لە میکانیکی مردوویان وەک دەرکێکی سادە و سەرەتایی دەڕوانی. یەکێک لەوانەی لەم بوارەدا رەخنەی هێنایە ئاراوە 'فرێدریک ئنگێلس'ی ئالمانی (١٨٧٥ ـ ١٨٢٠)، گەشەپێدەری مەتریالیزمی دیالکتیکی بوو. ئەو وەک هاوڕێی نزیکی کارل مارکس لە بواری سیاسیدا ناسراوە، بەڵام وەک فیلسووف داڕێژەری ئۆنتۆلۆژییەک بوو (یان لانیکەم تیۆرێک لەسەر گەشەی گشتیی 'بوون')، کە لەسەر بنەمای هاوبەشی دیالکتیکی ئایدیالیستی٩ و مەتریالیزمی سرووشتگەرایانە دامەرزراوە. هەروەها ئایدیاکانی داروین لای ئەم فیلسووفە گرینگییەکی زۆریان پەیداکرد.

 

لە زۆر شێوازدا تیۆرەکانی ئنگێڵس ژینڕوانگەیەک پێکدێنن کە لەسەر ئۆنتۆلۆژیای گەشە راوەستاوە. ئەو دەیگوت جیهان لە هەموو بوارەکاندا گەشەدەکا: بواری فیزیک، بواری ئۆرگانی، بەشی وشیاری، بەشی کۆمەڵایەتی و ئابووری و هەروەها لە بواری مێژوویی و کلتوریدا. لەم گەشەیەدا، کارتێکەریی دوولایەنە لە نێوان هەموو بوارەکان و هەموو ئاستەکان دا دەبینرێ. ئاستی بەرز لەسەر ئاستی نزم چێدەکرێ و، ئاستی بەرز ناتوانرێ کەمبکرێتەوە بۆ ئاستی نزم. بە گوێرەی ئنگێڵس باس لە یاسا گشتییەکانی گەشەیە، شوێنێک کە کارتێکەریی دوولایەنە (دیالکتیک) لەگەڵ خۆی گۆڕانی کتوپڕی لە رەوتی گەشەدا دێنێ. ئەو، لە هەمان مودێلی شیکردنەوە بۆ کۆمەڵگا کەڵکی وەرگرت کە لە بواری سرووشتدا کەڵکی لێوەردەگیردرا. لە راستیدا دیالکتیکی سرووشتی ئنگێڵس بوو بە بابەتێک بۆ مشت و مڕی گەورە لە نێوان درێژەدەرانی دوواتری لە نەریتی مەتریالیزمی دیالکتیکیدا.

مەتریالیزمی مێژوویی ـ دیالکتیکی

بە تایبەت لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کلتور و مێژوودا بوو ئنگێڵس خاڵە هاوبەشەکانی خۆی لەگەڵ مارکس دۆزییەوە. ئەوان پێکەوە لە هاوکارییەکی نزیکدا مەتریالیزمی مێژوویی ـ دیالکتیکی یان چێکرد. ئایدیاکانی ئەوان بوون بە تیۆرێکی گشتی و شمولی لەسەر مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، دۆخی ئیستا و رەوتی داهاتوو، وەها کە بەشێوەیەکی شیعریانەی کورت لە 'مانیفێستی کۆمۆنیست'دا ئەم ئایدیایانە هاتووە. لەم کتێبەدا هاتووە:

 "مێژووی هەموو کۆمەڵگاکان هەتا ئەمڕۆکە مێژووی خەباتی چینایەتییە. ئازاد و کۆیلە، دەوڵەمەند و هەژار، ئاغا و رەعییەت، وەستا و شاگرد. بە کورتی، چەوسێنەران و چەوساوەکان بەردەوام لە کێبەرکێی یەکتردا بوونە. خەباتێکی بەردەوام، کە گا شاراوە و گا ئاشکرا بووە، خەباتێک کە یان بە شۆڕشێک کۆتایی پێهاتووە تێیدا کۆمەڵگایەکی تر بنیاتنراوە، یاخود بە شکستی هەردوو چینی خەباتکار... کۆمەڵگا زیاتر و زیاتر بەسەر دوو بەرەی دوژمندا دابەش دەکرێ، دوو چین کە لەبەرامبەر یەکتردا رادەوەستن، بۆرژوازی و پرۆلیتاریا."

هەر لەم کتێبەدا باس لە رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگادا دەکەن:

"لەیەک وشەدا بۆرژوازی لە جیاتی چەوساندنەوەیەک کە بە وەهمە سیاسی و ئایینییەکان شارابوونەوە، چەوساندنەوەیەکی جێگیر کرد کراوە، بێ ئابڕوویانە و وشک. ئەوان بەرگە پیرۆزەکانیان لە هەموو جووڵە موقەدەسەکان دادڕی و قەشە، شاعیر و زاناکانیان کردە کرێکارانی خۆیان."

لە کۆتاییدا رستەی بەناوبانگی کۆتایی کتێبەکە کە دەڵێ:

"کرێکارانی جیهان یەکگرن!"

زێدەڕۆییمان نەکردووە گەر بڵێین بیروڕاکانی مارکس و ئنگڵس وەک ژینڕوانگەیەکی دونیایی و گشتی، لەچاو ژینڕوانگەکانی تر قووڵایی و بەریناییەکی تری پەیداکرد. بەرهەمەکانی ئەم دوو بیرمەندە کرانە وانەی قوتابخانە بۆ میلیۆنان مرۆڤی گەنج لە سەرتاسەری جیهان لە سەدەی بیست لەو وڵاتانەی وا کۆمۆنیستەکان دەسەڵاتیان هەبوو. لەم وڵاتانە مارکسیزم کرا بە ژینڕوانگەیەکی دەوڵەتی.

بەڵام ناتوانین لە مەتریالیزمی مێژوویی ـ دیالکتیکی بە بێ ئاوڕدانەوە لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی مارکس (١٨٨٣ ـ ١٨١٨)، بگەین. مارکس لە بەرهەمەکانی سەردەمی گەنجیەتیدا لە ژێر کاریگەریی نەریتی دیالکتیکیی هیگل دا بوو. لە بواری مرۆییدا مارکس بە تووندی رەخنەی دەگرت لەو روانگەیە وا ئاستی مرۆڤی دەهێنایە خوارەوە و هاوئاستی دەکرد لەگەڵ ئاژەڵەکانی تر. روانگەیەک کە هەندێک لە سرووشتگەراکان و کەسانی وەک فویرباخ دەیانهێنایە گۆڕێ. مارکس لە مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی چالاک و داهێنەر دەڕوانی کە لە خۆیدا هەڵگری توانای دەسەڵات بەسەر سرووشتدا بوو و، دەیتوانی رزگاری بێت لەو چوارچیوە بەرتەسکانەی وا سرووشت و ژیانی کۆمەڵایەتی بۆی پێکدەهێنا. مارکس لەسەردەمی گەنجیەتیدا پێوەندی مرۆڤی لەگەڵ کار ئەنالیزەکرد و تیۆری 'لەخۆنامۆبوونی' هێنایە گۆڕێ. باوەڕی وابوو وشیاریی مرۆڤ لە رێگای ستاندنی بەرهەمی کارییەوە دەڕووخێندرێ. مارکس دەیگوت لەوەها دۆخێکدا مرۆڤ مانا و هاوپێوەندی لە کاری بەرهەمهێنەری خۆیدا نابینێ، بۆیە نامۆدەبێ هەم لە بەرامبەر خۆیدا و هەم لەو رۆڵ و نەقشەی وا لە پرۆسەی کاردا لە ئەستۆیەتی.

لە رێگای راڤەی رەوتی گەشەی سیاسی و ئابووریی کۆمەڵگاوە، بەتایبەت لە بەرهەمە گەورە ئەزموونگەراییەکەی سەبارەت بە گەشەی سەرمایەداری لە سەدەی نۆزدەدا، واتە 'سەرمایە'، مارکس دەیەویست یاسا دیالکتیکییەکان لە رەوتی مێژوودا نیشان بدات. لەمەدا ئەو هاوڕابوو لەگەڵ دیالکتیکی مێژوویی ئنگێڵس. مێژوو وەک مێژووی شەڕی چینایەتی لێکدرایەوە کە تێێدا چینە کۆمەڵایەتییەکان لە پێوەندێکی تایبەتدا بوون لەگەڵ رەوتی کاردا و، ئەمە کاریگەریی دادەنا لەسەر پرۆسە سیاسییەکان و پێوەندییەکانی دەسەڵات لە ناو کۆمەڵگادا. هاوکات ئامرازەکانی بەرهەمهێنان هەنگاو بە هەنگاو بۆ ئاستی بەرزتر گەشەیان دەسەند و ئەمە دەبووە هۆی ئەوەی وشیاریی مرۆڤەکان لەگەڵ گۆڕانی کاراکتێری کار گۆڕانیان بەسەردابێت. هەموو شتێک وا دەبینرا کە لە رەوتێکی دیالکتیکیدا گەشەدەستێنێ، کە تێیدا کۆمەڵگای کۆیلایەتی شوێنی خۆی دەدا بە فیۆدالیزم و فیودالیزمیش بە سەرمایەداری و، سەرمایەداریش بە سوسیالیزم. سوسیالیزم کۆمەڵگایەکی پیشەیی وەسفدەکرا کە چینی کرێکار تێیدا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە.

لایەنێکی ئەم روانگەیە ئەوەیە چلۆن دۆخی ماددی بەشێوەی دیالکتیکی لەسەر دۆخی سیاسی و وشیاری کاریگەری دادەنێ. بەڵام ئەمە خاوەن تایبەتمەندیی تریشە. لە بڕوا بە گەشەی یاسامەندی مێژوو، مێژووگەرایی دەبینرێ. مارکس و ئنگێڵس هەندێ بەڵگەی ئەزموونکراویان دۆزییەوە کە پیشانیان دەدا هەتا سەردەمی ئەوان دەتوانرا لە گەشە وەک مودێلی تایبەت بڕوانرێ. ئەگەرچی هەندێ لە مێژووناسان پێیان وایە کە مێژوو لەم مودێلانەدا بەزۆر ئاخێنراون. شتێکی تر ئەوەیە ئەم مودێلانە دەبن بەو مودێلانەی کە دەکرێ بە شێوەی خوازراو بەسەر شێوازەکانی گەشەی کۆمەلگا لەداهاتوویش دا فەڕزبکرێن. ئەم بیرمەندانە بڕوای نەگۆڕیان بۆ سۆسیالیزم هەبوو، کۆمەڵگایەکی تایبەت کە لە پێویستییەکی مێژووییدا بەسەر کاپیتالیزمدا سەردەکەوێ و دوواتر دەگاتە کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی و بەهەشت ئاسا کە تێیدا نە چینەکان دەمێنن و نە دەوڵەت. ئەوان بڕوایان بە خەونی جوانی 'دامەزراندنی بەهەشت لێرە لەسەر زەوی!' هەبوو. لایان وابوو مرۆڤ لە وەها کۆمەڵگایەکدا لەکاری کۆیلەئاسا رزگاری دەبێت. هەموو کەس بە گوێرەی توانا و بە گوێرەی نیازی خوی دەتوانێ بەهرەمەند بێت.

دەبێ ئەوە بڵێین مارکس لە ئاستێکی بچوکدا شوێنی بۆ ئۆتۆپیا کۆمۆنیستییەکەی خۆی دیاریکرد. بەڵام لە دەرکی مارکسیستی لە مێژوو ئێمە بەتووش باوەڕێکەوە دەبین کە تێیدا دەگوترێ مێژوو خاوەن مانا و مەبەستێکی پێدراوە، واتە مەبەستێکی هاوپێچکراو. گەلێک لە رەخنەگران دەڵێن ئەمە شتێکە کە خودی مێژوو بۆ خۆی پێشکەشی ناکا و، بۆیە ئەمە تەنیا ئایدیایەکی میتافیزیکییە کە لە زۆر بواردا لەو مێژووە دەچێ وا ئایینە مەسیحی و یەهوودییەکان باسی لێدەکەن، مێژوویەک کە لە گوناهی یەکەمەوە دەست پێدەکا وا تێیدا ئادەم و حەوا لە بەهەشت دەردەکرێن و بەڵێنە لە پاش رزگاربوونەوەیەکی نوێ سەرلەنوێ ئاسمان و زەوی یەکبگرنەوە.

جیاوازییەکی جێی سەرنج هەیە لە نێوان مارکسی گەنج و مارکسی پیردا کە دوواتر بووە جێی مشت و مڕ و جیاوازیی نێوان گروپە مارکسییەکان. جیاوازییەکان لە نێوان خۆشبینی سیاسی و مەتریالیزمی خورتیگەرایانەدا خۆیان دەبیننەوە. لە سەردەمی گەنجیەتیدا مارکس لە مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی خوڵقێنەر و ئارەزوومەند دەڕوانی. پێی وابوو چەوسێنەران دەتوانن راپەڕن و دۆخە ماددییەکانی ژیانیان تێپەڕێنن. ئەوان هەر ئێستاکە دەتوانن لە دژی چەوسانەوە خەبات بکەن و، دەکارن کاتێک دۆخ پێدەگات کاریگەرییان هەبێ بۆ شۆرش و گۆڕان. کاتێک بەم شێوازە ئیرادە بەرجەستە دەکرێتەوە، پێی دەگوترێ 'ئیرادەگەرایی'. مەتریالیزمی خورتیگەرایانە لە کتێبی سەرمایەدا دەیبینینەوە کاتێک مارکس باس لەوە دەکا چلۆن هێزەکانی بەرهەمهێنان بە زەروور دۆخێکی تایبەتی سیاسی و ئاستێکی تایبەت لە وشیاری بەرهەم دێنن. لێرەدا ئێمە لەگەڵ سرووشتگەراییەکی رووت بەرەوڕووین کە دەڵێ هەموو شتێ لە لایەن مەتریاڵەوە بڕیاری لەسەردەدرێ. بنەمای ماددیی کۆمەڵگا، واتە ئابووری، هۆکاری روودانی هەموو شتێکن. بەمە هەروەها دەگوترێ 'ئابووریگەرایی'. مشت و مڕی نێوان ئیرادەگەرایی و ئابووریگەرایی هەروەها خۆی لە مارکسیزم وەک ژینڕوانگە لە لایەک و لە لایەکی ترەوە لەو میتۆدە سیاسی ـ ئابوورییەدا خۆی نیشان دەداتەوە کە بۆ راڤەی کۆمەڵگا کەڵکی لێ وەردەگیردرێ.

مارکسیزمی رەخنەیی

گەلێک کەس لەوانەی وا فەلسەفەی مارکسیزمیان خوێندووەتەوە، رەخنەیان لێگرتووە و لەناو ئەوانەدا زیاتر لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر ئەوانەن وا لەناو خودی ئەم فەلسەفەوە رەخنەیان لێگرتووە. بۆ نموونە نوخبەی مارکسیستی ئۆرووپایی دەبینین (فیلسووفەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت)، کە بە خۆدوور راگرتنێکی باش لە کۆمۆنیزمی جۆری لێنین لە سۆڤیەت و مائۆ لە چین، جۆرێکی تر رووانیانە مارکسیزم. لێرەدا من کورت ئاماژە دەدەم بە تیۆدۆر ئادۆرنۆ (١٩٦٩ ـ ١٩٠٣)، کە سەر بە قوتابخانەی فرانکفۆرت بوو و رەخنەی لە تیگەیشتنی مارکسیزم لە واقع گرت. لە کتێبی 'دیالکتیکی رۆشنگەری' کە ئەم بیرمەندە لەگەڵ 'ماکس هورکهەیمەر' لە ساڵی ١٩٤٧ نووسیان، باس لەوە دەکەن کە پێشکەوتنە گەورەکانی زانست و تکنۆلۆژیا مرۆڤی ئازادکرد بۆ ئەوەی سوڵتە پەیدابکات بەسەر سرووشتدا. وە ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە لە گەشەی شارستانییەتدا، بەڵام مرۆڤ خۆی بەشێکە لە سرووشت، بۆیە سوڵتە بەسەر سرووشت هاوکات بۆ سەر مرۆڤ خۆیشی دەگەڕێتەوە. جا پێش لەوەی سرووشت زەخت لە ئێمە بکا، کۆمەڵگا لێماندەکا. بەم شێوەیە پیشکەوتن و رۆشنگەری مرۆڤ دەکا بە کۆیلەی پێشکەوتنی خۆی. کۆمەڵگای مودێڕن لە راستیدا بووە بە ئامرازێک بۆ سوڵتە. ئەوان دەیانگوت مرۆڤ بە بێ دۆزینەوەی سەرلەنوێی خۆی ناتوانێ وەک بەشداری ناو سرووشت درێژە بە رێگای بدا. مرۆڤ وەک دەسەڵاتداری دەرەوەی سرووشت تەنیا بووەتە خاوەن وەهمی ئازادی نەک خودی ئازادی.

ئەمە سەرلەنوێ پێوەندی هەیە بە رۆڵ و نەقشی ئێمە وەک کەسانی بەشدار و بەکارهێنەری زمان لە کۆمەڵگادا. ئێمە بینەری دیاردە کۆمەڵایەتییەکان نین، بەڵکو بەشدارانی چالاکی ناویانین. لە رێگای ناسینی دیاردەکانەوە بە یارمەتی زمان ئێمە ئەو راستییە فەرامۆش دەکەین کە واقع زیاتر لەوەیە وا ئێمە دەتوانین لە رێگای زمانەوە تێیبگەین. ئادۆرنۆ دەڵێ ئەقڵ، کە لە رێگای زمانەوە خۆی نیشان دەدا، راستەوخۆترین رێگای ناسینی واقع نیە. بۆیە ئەم بیرمەندە پێوەندێک درووستدەکا لە نێوان نەریتی مارکسیستی و تیۆری ناسینی ئەقڵگەرایی و ئەزموونگەراییدا کە دوواتر لە پاژی پێنجەم دەچینەوە سەری.

ئادۆرنۆ دەڵێ بۆ تێگەیشتنی زیاتر و قووڵتر لە سرووشتی شتەکان، رەخنەگرەکان دەبێ هەوڵبدەن ئەو سنوورانە ببەزێنن وا ئەقڵ و زمان بەسەریاندا دەیسەپێنن. بۆیە ئەو بەشێک لەو سنوورە بنەڕەتیانە دەتەقێنێتەوە کە لە نێوان مەتریالیزمی سرووشتگەرایانە و دیالکتیکی ئایدیالیستیدان.

ژێرنووس:

٩ـ هێگل باسی لە دیالکتیکی ئایدیالیستی دەکرد کە ریشەی لە ئیفلاتوندا هەبوو. بە کورتی دەبێ بڵێین ئەمە تیۆرێکە لەسەر ئەوەی چلۆن دەرکی ئێمە لە واقع رەوتێکی گەشەیە پێکهاتوو لە جوداییەکان، پێوەندییەکان و دژبەیەکبوونەکان. بۆیە تێگەیشتن دەرکێکی دوولایەنەیە (دیالکتیکی)کە دەتوانێ جیهان لە منداڵدانی خۆیشیدا نیشان بدات. دەرکێکی لەم چەشنە دەتوانێ بەدوور بێت لە لە دەرکی سرووشتگەرایانە و مەتریالیستی، بەڵام خودی ئەم بیرە لە بابەت دژەکانی ناو دیاردەیەک و چلۆن ئەم دژانە سەرئەنجام یەکیان بە سەر ئەوی تریاندا سەردەکەوێ و دوواتر دەبێتە هۆی قۆناغێکی نوێ، جێگای سەرنجی مارکس، ئنگێڵس و هەندێ کەسی تر بوون وا خۆیان لە قوتابخانەی ئنگێڵس دا دەبینییەوە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫آدورنو‬‎