شرۆڤە

هیومانیسم و ژین ـ روانگە دونیاییەکانی تر (١١)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

لە فەلسەفەدا سرووشتگەرایی لە بەرامبەر ئایدیالیزمدا دێت. سرووشتگەرایی پێی وایە تەنیا سروشت بوونی هەیە و شتەکانی تر واقعی نین. سرووشتگەرایی دابەشکردنی واقع بە سەر دوو بەشی مەتریاڵ و رۆح دا رەددەکاتەوە، یاخود دابەشکردنی مرۆڤەکان بە سەر دوو بەشی جەستە و رۆح دا.

 

"هەموو شتێک سرووشتە" ـ سەبارەت بە سرووشتگەرایی و مەتریالیزم وەک ژینڕوانگە

سرووشتگەرایی

دەستەواژەی سرووشتگەرایی لە زۆر بواردا بەکاردەبرێ، بۆ وێنە لە بوارەکانی هونەر و ئەدەب. لێرەدا ئێمە لە بواری تێڕوانین بۆ واقع بەکاری دەبەین کە دەچێتە خانەی سرووشتگەرایی وەک فەلسەفە، وەک ژینڕوانگە، وەک بواری ئەخلاق و وەک ئاراستەی زانستی.

لە فەلسەفەدا سرووشتگەرایی لە بەرامبەر ئایدیالیزمدا دێت. سرووشتگەرایی پێی وایە تەنیا سروشت بوونی هەیە و شتەکانی تر واقعی نین. سرووشتگەرایی دابەشکردنی واقع بە سەر دوو بەشی مەتریاڵ و رۆح دا رەددەکاتەوە، یاخود دابەشکردنی مرۆڤەکان بە سەر دوو بەشی جەستە و رۆح دا. هەروەها ئەو بۆچوونەیش کە دەڵێ رۆح دەتوانێ لەجەستە جیابێتەوە. بۆیە سرووشتگەرایی لەگەڵ دوالیسم نایەتەوە. بە پێچەوانەی ئایدیالیزم، سرووشتگەرایی باوەڕی وایە ژیانی رۆح، بیر و ئایدیاکان ـ هەموو ئەو شتانەی مەتریاڵ نین ـ لە مەتریاڵ یاخود سرووشتەوە سەرچاوەدەگرن. باس لەوەدەکا ژیانی رۆحیی مرۆڤەکان گرێدراون بە خانەکانی لەشەوە و، بۆیە هیچ شتێک ناتوانێ بە بێ مەتریاڵ شیکردنەوەی بۆ بکرێ. بەم بۆچوونە دەگوترێ 'مونیزم' کە لە بەرامبەر 'دوالیسم' دا قەراردەگرێ (مونو وشەیەکی یۆنانییە و بە واتای یەکە دێت)

کاتێک وەها تێگەیشتنێک سەبارەت بە ژیان لە سەر رووی زەوی، دەستپێک و ئەمانجی و هەروەها کەسایەتی مرۆڤ دێتەئاراوە، ئێمە دەتوانین لە سرووشتگەرایی وەک ژینڕوانگەیەک بڕوانین. لە نێوان فۆڕمە جۆربەجۆرەکانی سرووشتگەرایی، مەتریالیزم دەبینین کە لە رژیمە کۆمۆنیستییەکاندا هەبوو و 'ئایینی دەوڵەت'ی ئەوانی پێکدەهێنا. هەموو ژینڕوانگە سرووشتگەراییەکان خاوەنی تایبەتمەندییەکی سەرەکین کە ئەویش ئەوەیە گشت دیاردەکان (بە کلتور و ژیانی رۆحیشەوە بگرە)، بە گوێرەی پێوەندییە مەتریاڵی و سرووشتییەکان و بە گوێرەی ئەو یاسایانە لێکدەدەنەوە کە دەتوانرێ هەستیان پێبکرێ و بەشێوەی کۆنکرێت پیشان بدرێن. ئەوان هیچ شوێنێک بۆ دیاردە میتافیزیکییەکان (یاخود خوداکان) ناهێڵنەوە.

تایبەتمەندیی ئەخلاقی سرووشتگەرایانە ئەوەیە کە نۆرمە ئەخلاقییەکان لە سروشتەوە یاخود وەک سرووشتگەراکان دەڵێن لە 'هاندەرە سرووشتییەکانی مرۆڤ'ەوە سەرچاوەدەگرن، وەک خۆشیان دەڵێن دەبێ ئەم هاندەرانە قبوڵ بکەین، بۆ وێنە هاندەرە سرووشتییەکانی وەک برسیەتی، خۆپاراستن و سێکس. ئەمە بەو مانایە ئێمە دەبێ لە رێگای حیسابکردنەوە بگەیەنە نۆرمەکان (واتە ئەو کردارە باشانەی وا باشە ئەنجامیان بدەین)، کە ئەم حیسابکردنانە لە دیاردە وەسفییەکانەوە deskriptive (ئەوەیکە مرۆڤ چۆنە) وەک وتمان سەرچاوەدەگرن.٦

سرووشتگەرایی زانستی خاوەن بنەمایەکی بنەڕەتییە کە دەڵێ هەموو ئەو شتانەی وا دەمانەوێ بە شێوەی زانستی لێیان بکۆڵینەوە و لێیان تێبگەین، دەبێ لە جیهانی فیزیکیدا لە کات و شوێن دا هەبن. لای ئەوان تەنیا راستیەک لە جیهاندا بوونی هەیە، ئەمەیە.

نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە، سەردەمی زێڕینی سرووشتگەرایی بوو، واتە لە پێش گۆڕانە گەورە سیاسییەکانی ئۆرووپا و هەروەها لە پێش دۆزینەوە گەورە زانستییەکان. بەڵام هەروەها مێژووی سرووشتگەرایی بە بێ ئاماژەدان بە 'دێمۆکریت'ی سەردەمی یۆنانی کەونارا، مێژوویەکی ناکامڵ دەبێ.

گۆڕان، جووڵە و جۆراوجۆری

دێمۆکریت (٣٨٠ ـ ٤٦٠ پێش زایین)، تێگەیشتنێکی زانستیی سرووشتگەرایانەی درووستکرد کاتێک وتی هەموو شتێ لە ئەتۆم و بۆشایی پێکهاتووە. ئەو دەیگوت جەستەی مرۆڤ و ئۆرگانە هەستییەکانیشی لە ئەتۆم پێکهاتوون. هەر شتێک لە جیهاندا روودەدات دەگەڕێتەوە بۆ جووڵە و گۆڕانی ئەتۆمەکان. بەڕای ئەو، ئەتۆمەکان یەکجار جۆراوجۆرن. دیمۆکریت دەیگوت کاتێک ئەم ئەتۆمە جۆراوجۆر و بگۆڕانە دەجووڵێن و بەریەکدەکەون، دەبنە هۆکاری هەرچی رووداوی جیهانە. بەڵام بەم هۆکارە، ئەو ئەقڵی مرۆڤی رەدنەکردەوە. ئەقڵ یارمەتیمان دەدا ئەم جۆراوجۆرییە، جووڵە و گۆڕانەکان بناسین، هەروەها ئێمە وەک مرۆڤ توانای ئەوەمان هەیە خۆیشمان بناسین. دێمۆکریت ئەخلاقێکی چێکرد کە تێیدا ئارامیی زەین، ئامانج و ئامرازی سەرەکی بوون. رەنگە بگوترێ پەیداکردنی پێوەندی لە نێوان دەرکی ئەو لە واقع، روانینی بۆ مرۆڤ و ئەو ئەخلاقەی سازیکرد، دژوارە. تا ئەو جێگایەی ئێمە لە بیرمانە دێمۆکریت خاوەنی ئایدیا لەمەڕ هەبوونی بوونەوەرە بەرزەکانی وەک خوداکانی ئۆلیمپیایش بوو، ئەگەرچی بەتووندی باوەڕی بەوەیش هەبوو ئەوانیش لە ئەتۆم چێکرابوون.

خورتیگەراییDeterminisme و ئیرادەی ئازاد

لە نێوان دێمۆکریت و سرووشتگەرایی سەدەی ١٩دا، بیرمەندی گرینگی تری وەک 'تۆماس هۆبز' (١٦٧٨ ـ ١٥٨٨)، هەن. هۆبز خاوەن خوێندەواریی کلاسیکی باش بوو و دێمۆکریت مەتریالیست، 'ئۆکلید'ی مەتماتیکزان و 'هۆمێر'ی شاعیری خوێندبووەوە. هەروەها ئاشنا بوو بە بیرەکانی فیلسووفی رێنسانس و پیاوی سیاسی گرینگی ئەو سەردەمە 'فرانسیس بەیکۆن' کە وەک یەکەمین ئەزموونگەرای ئینگلیزی سەیری دەکرێ. هۆبز سکرێتەری بەیکۆن بوو و بیرەکانی ئەوی درێژەپێدا. هەردووکیان لەسەردەمێکدا دەژیان کە دۆزینەوە گەورە تەکنیکی و زانستە سرووشتییەکان ژیانی مرۆڤیان بە شێوەی بنەڕەتی گۆڕی.

هۆبز بە مەتماتیک و هندسەوە سەرقاڵ بوو و دڵنیا بوو لەوەی مەتماتیک، بەو شێوەیەی لە لایەن 'گالیلە'وە (١٦٤٢ ـ ١٥٦٤)، گەشەی پێدرابوو، وەڵامی زۆر پرسیاری لەمەڕ رازەکانی ژیان لەلابوو. لای ئەو واقع لە مەتریاڵ پێکهاتووە کە لە جووڵەی میکانیکیدایە و هۆکاری ئەو دیاردانەن وا ئێمە دەتوانین بیانبینین. هەروەها کردار و بیری مرۆڤ دەتوانرێ بە گوێرەی ئەو هۆکارانەوە شیبکرێنەوە وا هێزی دەرەکین و لەسەر کردە و بیری ئێمە کاریگەرییان هەیە و بڕیاریان لەسەردەدەن. بەمە دەگوترێ خورتیگەرایی. هۆبز دەیگوت بیری ئێمە لەسەر بونیاتی لێکدانەوە و ژمێریاریی راوەستاوە.

مرۆڤ بەو مانایە ئازاد نیە کە نەکەوێتە ژێر هیچ چەشنە کاریگەرییەکەوە. بەڵام هۆبز هەوڵیدا ئایدیای ئیرادەی ئازادی مرۆڤ راگرێ و، ئەو بیرەی گەشەدایە کە ئازادی دەکرێ لە گەڵ خورتیگەرایی یەکبگرنەوە. هۆبزی دەیست دەیگوت یەکەم جووڵێنەر (واتە خودا) کە هەموو شتێکی خستەگەڕ، وەها نیە هەمیشە بەر بە ئیرادەی ئێمە بگرێ. نەبوونی لەمپەرەکان جۆرێک ئیرادەی ئازاد بە ئێمە دەبەخشێ کە ئێمە دەتوانین کەم یان زۆر لێی بەهرەمەند بین. بەڵام کردەی ئیرادە هەر لە سەرەتاوە هۆکار دیاریدەکا.

ئەخلاقناسیی هۆبز بەشێکی گەورە لە کتێبی 'لێڤایاتان' کە لە ساڵی ١٦٥١ نووسراوە، پێک دێنێ. ئەو لەم بەرهەمەیدا باس لە دۆخێکی سرووشتی دەکا کە تێیدا ئەخلاق بریتی بووە لە شەڕی هەمووان لە دژی هەمووان بۆ مانەوە، ئەخلاقێک کە لەسەر خۆویستی دامەزراوە. ئەگەرچی غەریزەی خۆپاراستن و خۆویستی یەکێک لە غەریزەکانی مرۆڤە، بەڵام بە یارمەتی ئەقڵ و ئەزموون ئێمە دەگەیەنە ئەو ئەنجامە کە پێویستیمان بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی (دەسەڵاتدار) هەیە کە ئێمە هاوکات هەم لێی دەترسین و هەم ملکەجین بە گوێرەی ئەو یاسایەی کە ئەمە لە قازانجی ئێمەدایە بۆ ئەوەی بتوانین ژیانی خۆمان بپارێزین. پەیمانی کۆمەڵایەتی هەروەها لەسەر بنەمای مافی سرووشتییە و بۆیە بەستراوەتەوە بەو قازانجە شەخسییەوە وا لە دۆخی سرووشتیدا دیانی پیانراوە.

لەوبەری 'کەناڵی ئینگلیز' لە هەمان سەردەمدا فیلسووفێکی بەناوبانگی تر دەژیا بە ناوی 'باروک دێ سپینوزا' (١٦٧٧ ـ ١٦٣٢). سپینوزا بیروڕاکانی بەیکۆن و هۆبزی خوێندەوە و تیۆری ناسینەکەی ئەقڵگەرایانە بوو. بەڵام ئەو بە شێوەی سەرەکی وەک سرووشتگەرا دێتە ئەژمار. سپینۆزا وەک زۆر کەسی تر بە ئاتەیست بوون تاوانبارکرا. ئەم فیلسووفە خاوەن بڕوایەک بە خودا بوو کە لەگەڵ رابردووی یەهوودیانەی خۆی و ئەو کۆمەڵگا مەسیحییەی تێیدا دەژیا، نەدەهاتەوە. تێگەیشتنی ئەو لە خوا و لە نەمریی خوا، بە گوێرەی زۆریەک لە لێکۆڵەران تێگەیشتنێکی نوخبەویە لە سرووشت وەک یەکەیەک. هەندێ دەڵێن سپینوزا دامەزرێنەری فۆڕمێکە لە پانتەئیسم.

سپینوزا لایەنگری فەلسەفەی سرووشتگەرایانە و دەروونناسی بوو. لە ئاستێکی بەرزدا لە ژێر کاریگەریی ئەو پیشکەوتنە گرینگ و مەزنانەدا بوو وا لەو سەردەمەدا روویاندا و، هەروەها سەرقاڵی رێکخستنی جیهان بە گوێرەی تەرحە هندسییەکان بوو. کتێبەکەیشی بە ناوی 'ئێتیک' کە دوو ساڵ لە دووای مەرگی چاپکرا، لە سۆنگەی ژینڕوانگەی سرووشتگەرایانەوە، نەک تەنیا لایەنە ئەخلاقییەکان، بەڵکوو هەموو لایەنەکانی دیکەی لێکدەدایەوە.

سەرچاوەی جۆرەکان

لە ساڵی ١٨٥٩، بە هۆی هاتنە دەرەوەی کتێبێک، گرینگیی سرووشتگەرایی لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە و هەروەها بۆ دوواڕۆژ زیاتر بەرجەستە کرایەوە. کتێبیک بە ناوی 'سەرچاوەی جۆرەکان' لە نووسینی 'چاڕڵز داروین' (١٨٨٢ ـ ١٨٠٩). داروین سەر بە بنەماڵەیەکی 'ئونیتاریست' (بزووتنەوەیەکی پرۆتستانی کە دۆگماکانی مەسیحییەتی فڕێدەدا ـ وەرگێڕی کوردی) بوو و، وەک قەشە لە کلیسای سەر بەم ئایینەدا خوێندی٧، بەڵام بەرەبەرە رێچکەی خوێندنەکەی گۆڕی. لە ساڵی ١٨٢٥، کەوتە پەیوەندی لەگەڵ مەتریالیستە ئازادبیرەکان لە 'ئێدینبۆرگ' و کەوتە ژێر کاریگەرییانەوە. لە پاش ماوەیەکی زۆر لە دووای سەفەرە بەناوبانگەکەی کە بۆ رووانین لە جیهانی ئاژەڵان کردی، وازی لەوە هێنا تیۆر و دۆزینەوەکانی بناسێنێ و شکڵیان پێبدا. بەڵام لە ساڵی ١٨٥٩، سەرکەوتنێکی گەورەی لە کتێبەکەی خۆیدا بەدەستهێنا. لەم بەرهەمەیدا داروین ئەوە پیشان دەدا کە فۆڕمی ژیان لەسەر رووی زەوی لە قۆناغە خوارەکانەوە دەستی پێکردووە و، ئەمە تەنانەت مرۆڤیش دەگرێتەوە. زۆریەک لە لێکۆڵەرە ئایینییەکان تیۆرە جۆراوجۆرەکانیان لەمەڕ گەشەی سرووشتی قبوڵکردبوو، بەڵام ئیستاکە دۆگمایەکی یەکجار گرینگ هەبوو درابووە بەر هێرش، ئەویش ئەو باوەڕەی ئەوان لەمەڕ ئەوەیکە مرۆڤ لەچاو ئاژەڵان جۆرێکی ترە چونکە لە رووی وێنەی خوداوە درووستکراوە. دۆزینەوەکانی داروین گۆڕانی گەورەی لە رووانینی مرۆڤەکاندا سەبارەت بە مرۆڤ پێکهێنا و هاوکات بووە هۆی قسەوباسێکی زۆر، بگرە لە وڵاتی نۆروێژیشدا تا ١٩٥٠کان. بە دۆزینەوە جێ باوەڕەکانی داروین، ئەو بنەمایەکی درووستکرد بۆ تێگەیشتنی سرووشتیانە لە مرۆڤ. داروین دەیگوت مرۆڤ هەیە و دەبێ بە بەشێک لە خودی سرووشت.

داروینیسم باسی لە بابەتێکی تریش کرد کە ئەویش خودی 'تیۆری گەشە' بوو. داروینیسم دەیگوت هێزی دنەدەری پشت گەشەی هەموو شتەکانی ناو ژیان بریتییە لەو گۆڕانەی بەهۆی هەڵبژاردنی سرووشتییەوە روودەدات. تیۆری گەشە، خودی مرۆڤیشی دەخستە ناو پڕۆسەی گەشەوە. ئەم تیۆرە هەروەها هەڵگری ئایدیا سرووشتییەکان بوو لەبابەت گەشەی یاسامەند لە فۆڕمە سادەکانی ژیانەوە بۆ فۆڕمە باڵاکان. تیۆری گەشەی یاسامەند، کاریگەریی دانا لەسەر بەردەوامبوونی پوزیتیڤیسم و، هەروەها لەسەر مەتریالیزمی مێژوویی ـ دیالکتیکی (کە دوواتر دەچینەوە سەری).

"مرۆڤ ئەوەیە وا دەیخوا!"

لە کاتێکدا نە دێمۆکریت و نە هۆبز خوداکانیان لە تێڕوانینی سرووشتگەرایانەی خۆیان دەرنەهاویشت، بەرەبەرە هیچ جێگایەک بۆ خوداکان لەم ژینڕوانگەیەدا نەما بەو شێوەیەی فیلسووفی ئاڵمانی 'لودڤیگ ئا. فویرباخ' (١٨٧٢ ـ ١٨٠٤)، ئەم فەلسەفەیەی گەشە پێدا. فویرباخ زۆر حەزی بە لێکۆڵینەوە لە بواری ئاییندا بوو و بە ناو گەلێک گۆڕانی گەورە لە پێوەندیی خۆی لەگەڵ ئاییندا گوزەری کرد. لە قۆناغی هەرە سەرەتای ژیانی فەلسەفیدا دەیست بوو، بەڵام دووای ماوەیەکی کورت لە پانتەیست بوونی وتی کە مرۆڤ لە دووای مردنی "لە گشتییەتدا وندەبێ"و، بەم شێوەیە باوەڕی بە هیچ چەشنە خودایەک نەما. ئەو بە گشتی رەخنەگرێکی ئایینی و راڤەکارێکی ئەم بوارە بوو و داڕێژەری تیوری گەورە بوو لە بواری ناسنامەی مرۆڤانەی ئایینەکان. بیرەکانی ئەم فیلسووفە لە بیرەکانی نیچە دەچن کە دوواتر دێنە ناو دونیای فەلسەفەوە. فویرباخ لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە مرۆڤەکان لە هەموو سەردەمەکاندا خوداکانیان لە وێنەی خۆیان خوڵقاندووە، بە گوێرەی دۆخی ژیانی خۆیان و ئەزموونەکانیان. لەسەر ئەو رایە بوو تایبەتمەندییە بەرزەکانی خودی مرۆڤ خراونەتە پاڵ خوداکان. فویرباخ دەڵی هەر چەشنە باوەڕێک بە خودا دەربڕی خۆشەویستی مرۆڤ خۆیەتی بۆ خۆی (خۆخۆشەویستی). چونکە بەم شێوەیە خوداکان دەبن بە دەربڕی لایەنی گشتیەتی مرۆڤ. بۆیە کردارە ئایینییەکانیش لە خۆیاندا سنووری مرۆڤەکانیش دەبەزێنن.

کرداری ئایینی یارمەتی ئەوە دەدا کە مرۆڤ لە بوونەوەرێکی (یان سرووشتێکی) تاکەوە گوزەربکا بۆ بوونەوەرێکی گشتی و، لە راستیدا خوداکان وەک سیمبولی ئەم گۆڕانەن (بە تایبەتمەندییە ئینسانییەکانی خۆیانەوە). کرداری ئایینی (وەک خۆخۆشەویستی) ناتوانێ جێگای پیاهەڵگوتن بێت، چونکە تەنیا دەربڕی تێڕوانینە هەڵەکان لەسەر ئەو خودایانە نین کە بوونیان نیە، بەڵکو واوەترن لەمە.

بەلام فویرباخ فەلسەفەکەی خۆی لەسەر ئایین زیاتر لەمە گەشە پێدەدا. لە وانەیەکی خۆیدا لە ساڵی ١٨٥١ کە لەسەر نێوەڕۆکی ئایین پیشکەشی کرد، باس لە سرووشتگەراییەکی رووت دەکا. ئەو لێرەدا دەڵێ هەموو شتێک، هەروەها ئەقڵی مرۆڤەکانیش، بەرهەمی دۆخی مەتریاڵییە. ئەو بە رستە بەناوبانگەی خۆیەوە لە دژی هەموو چەشنە ئایدیالیزمێک رادەوەستێ، رستەیەک کە دەڵێ "مرۆڤ ئەوەیە وا دەیخوا!" لای ئەو، مرۆڤ ئاژەڵێکە وەک هەموو ئاژەڵەکانی تری ناو سرووشت و، هەموو ئەو تیۆرە ئەخلاقییەکانیش لەسەر خۆویستی و هێزی خۆپاراستن بنیاتنراون.

ژێرنووس:

٦ـ جووڵە لە 'ئەوەی هەیە' بۆ 'ئەوەی وا باشە هەبێ' لە لایەن رەوتە ئەخلاقییەکانی ترەوە درایە بەر رەخنە. بۆ نموونە 'گ. ئێ. موور'ی فیلسووفی ئینگلیزی (١٩٥٨ ـ ١٨٧٣)، کە سەر بە فەلسەفەی لەززەت  utilitaristenبوو و لە ژێر کاریگەریی کانت دا بوو، بەمەی دەگوت "هەڵەی بڕیاری سرووشتگەرایانە". ئەو دەیگوت ناتوانین 'چاکە' بە شێوەی ئەنالیزەیی لە دیاردە وەسفییەکانەوە هەڵێنجین، چونکە 'چاکە' دەستەواژەیەکی نۆرمییە

٧ـ کلیسای ئونیتار سەر بە ژینڕوانگەیەکە تێیدا گرینگیی زیاتر بە داب و نەریتە ئایینییەکانی وەک رێ و رەسمەکان دەدرێ و، بە هۆی باوەڕمەندبوون بە خودا یاخود باوەڕمەندنەبوون پێی، مرۆڤەکان جیاناکرێنەوە. بۆیە هەم باوەڕداران و هەم نازانمگەراکان لەوێ دەتوانن کاربکەن.

٨ـ فویرباخ وەک زۆربەی کەسەکانی ئەو سەردەمە بە لایەنگری لە فیلسووفی ئایدیالیستی گەورە 'هیگل' دەستی پێکرد کە بناخەداڕێژەری دیالکتیک بوو. یەکێکی تر لە قوتابیانی هیگل، کارل مارکس بوو. هەڵبەت فویرباخ و مارکس لە زۆر شتدا هاوڕانەبوون، بۆ وێنە وەک شوێنی ئایین لە کۆمەڵگادا.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for naturalism livsyn