شرۆڤە

هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی تر (٩)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

میتۆدەکان ئەمانەن: سەیری هەموو بەشەکانی بابەتەکە دەکەین، هەوڵدەدەین هەموو فاکتەکان کۆبکەینەوە، بە پێداگرتن لەسەر بۆچوونی خۆمان لەگەڵ ئەو خەڵکانە قسەدەکەین وا رایان پێچەوانەی رای ئێمەیەو، لە کۆتایشدا ئەو فەڕز و بۆچوونانە دووردەخەینەوە وا پێمان وایە لەگەڵ بابەتەکە نایەنەوە. ئەمە ئەو میتۆدەیە وا زانست بەکاری دەبا و بینای خۆی لەسەر بونیات ناوە.

 

بێرتراند راسل و زانیاری لەسەر دونیای دەرەوە

سەبارەت بە ژینڕوانگە جیاوازی هەیە لە نێوان ئەقڵگەرایی فەلسەفی و ئەزموونگەرایی دا و، رەخنەی 'کانت'یش لەم دووانەی یەکجار سەرنجڕاکێشە. فیلسووفێکی بەرجەستەی ئینگلیزی کە سەرنجی چووە سەر ئەم دوو رەوتە فەلسەفییە بێرتراند راسل (١٩٧٠ ـ ١٨٧٢) بوو. راسل بەردەوام بیری لەسەر دیاردە دونیاییەکان بوو و جووڵەیەکی بەربڵاوی لە بواری ژینڕوانگەی سیاسیدا بە درێژایی ژیانی نیشان دا، جا هەم لە ئامریکا و هەم لە ئینگلستان. کتێبەکەی "بۆچی من مەسیحی نیم" لە لایەن گەلێک چاپخانەوە چاپکرا و لە نۆروێژیش تەرجەمە کرایەوە (Russell 1998). لەم بەرهەمەیدا راسل ژینڕوانگەی خۆی بە گوێرەی ئەزموونگەرایی و ئەقڵگەرایی (بە مانای گشتیی وشەکە) شیدەکاتەوە. ئەو سەبارەت بە ژینڕوانگە دونیاییەکان بە شێوەی سەرەکی لە بواری تیۆری ناسیندا کاردەکا. یەکەم بەرهەمی گەورەی فەلسەفیی ئەم بیرمەندە واتە 'پرینسیپەکانی مەتماتیک' پیاچوونەوەیەکی بنەڕەتییە بە کەرەسەکانی ئەنالیزە کە لە ژمێریاری، لۆژیکی فەرمی و تیۆری جێرم دا هەن. ئەو تەئکید لەسەر ئەوە دەکا ئەم ئامرازانە هەم بۆ زانست و هەم بۆ فەلسەفە بە تەواوی بنەڕەتین. میتۆدی لۆژیکی ـ ئەنالیزەیی ئەو لە تیۆری زانستی نوێدا پێشوازییەکی زۆری لێکرا. ئەوەیکە ناسین لە رێگای ئەنالیزەوە بەدەست دێ، روانگەیەکە لە شێوەی ئەقڵگەرایی فەلسەفی. بەڵام لە بڕوای ئەساسیی خۆیدا راسل خۆی لە چوارچێوەی ئەزموونگەراییدا رادەگرێ و دەڵێ جوڵەی ئەنالیزی هەمان ناسینی ئەزموونگەرایانە نیە. لە راسل وەک فیلسووفێک دەڕوانرێ کە لە دووای جۆن ستوارت میل گەشەی بە ئەزموونگەرایی دا.

لە کتێبی 'زانستی ئێمە لەسەر دونیای دەرەوە' (١٩١٤)، راسل رەخنە لە ئەزموونگەرایی رووت دەگرێ کە چەند ساڵ لەوە پێش لە کتێبێکی تریدا بە ناوی 'کێشەی فەلسەفە' (١٩١٢) باوەڕی پێهێنابوو. ئەم ئەزمووگەراییە باسی لەوە دەکرد کە جیهانی فیزیکی دەرەوە بەدەر لە ئەزموونەکانی ئێمە وجوودی هەیە. لە بەرهەمە تازەکەیدا راسل باس لە فۆرمێک لە فێنۆمێنالیزمە دەکا، فۆڕمێک کە دەڵێ ناسین دەتوانێ دابەزێندرێ بۆ ئەو فاکتە هەستیانەی وا لە فێنۆمێنەکان (واتە دیاردەکانەوە) وەریاندەگرین. بۆ وێنە کاتێک ئێمە لە جەغزێک دەڕوانین بە گوێرەی شوێنی رووانینمان دەتوانێ هەم بە شێوەی جەغز و هەم بەشێوەی هێلکەیی خۆی بنوێنێ. ئێمە هەروەها دەتوانین جەغزێک ببینین کە لە راستیدا بوونی نیە، دیارە ئەگەر خەیاڵییەک بتوانێ هونەرەکەی بە جوانی ئەنجام بدات. وە مرۆڤێک کە لە وەهمدایە شتێک دەبینێ کە وجوودی نیە. ئەمە ئەوە نیشان دەدا خودی جەغزەکە نیە ئێمە دەیبینین، چونکە ناتوانرێ لە هەمان کات دا بە شێوەی دایرە و بە شێوە هێلکەیی ببینرێ یاخود هەر وجوودی نەبێ! ئەوەی ئێمە لێرەدا دەیناسین زانیارییە هەستییەکانی ئێمەیە لەسەر جەغزەکە. راسل باس لەوەدەکا کە شتە دەرەکییەکان پێکهاتەی لۆژیکین لە زانیارییە هەستییەکان. هەر گوتەیەک لەسەر شتێکی دەرەوە دەتوانرێ بۆ کۆمەڵێک گوتە و زانیاریی هەستی دیکە، ئەنالیزە بکرێ و لێکبدرێتەوە.

لە کتێبێکی تردا بە ناوی 'ئەنالیزەی وشیاری' راسل دەڵێ وشیاری ـ وەک شتەکان ـ پێکهاتە و سترۆکتۆرێکی لۆژیکیە لە زانیارییە هەستییەکان. کاتێک ئێمە زانیارییە هەستییەکانی سەر بە مەتریاڵ دەخەینە پاڵ یەکتر دەگەینە یاسا فیزیکییەکان و، کاتێکیش زانیارییە هەستییەکان بە گوێرەی یاسا سایکۆلۆژییەکان دەخەینە پاڵ یەکتر، دەگەینە وشیاری. بەڵام ئەمە بەو مانا نیە زانیارییە هەستییەکان، جا چ سەبارەت بە مەتریاڵ بن یان وشیاری، هەمان جیهانی مەتریاڵ یاخود وشیاری ئێمەن. راسل پێی وایە ئەم جۆرە روانگەیە سەبارەت بە وشیاری و مەتریاڵ، دەتوانێ کێشەی وشیاری چارەسەر بکا وا فیلسووفانی وەک دێکارت پێیەوە ماندوو بوون و نەیانتوانی جگە لە جیاکردنەوەی نێوان دونیای دەرەوەو وشیاری (واتە دوالیسم) چارەسەرێکی تری بۆ پەیدا بکەن.

گرینگترین تایبەتمەندیی بیری راسل لەسەر ناسین، ئیرادەی ئەوە بۆ رەخنە و گومان. بەم شێوەیە ئەو پردێک لە نێوان زانستی ئەزموونگەرایانە و زانستی ئەقڵگەرایانە (چ لە بواری ژینڕوانگە و چ لە بەشی فەلسەفیدا) دروست دەکا. ئەو سەبارەت بە ئیرادەی گومان دەڵێ(Russell 1998):

"ناتوانین بڵێین تێگەیشتنەکانمان هەڵگری حەقیقەتی تەواون، بگرە هەموویان بەشێوەیەک هەڵگری هەڵە، ناڕوونی و سێبەرن. ئەو میتۆدانەی ئێمە سەبارەت بە زیادکردنی ئاستی تێگەیشتنمان لە حەقیقەت بەکاریان دێنین، ئەمانەن: سەیری هەموو بەشەکانی بابەتەکە دەکەین، هەوڵدەدەین هەموو فاکتەکان کۆبکەینەوە، بە پێداگرتن لەسەر بۆچوونی خۆمان لەگەڵ ئەو خەڵکانە قسەدەکەین وا رایان پێچەوانەی رای ئێمەیەو، لە کۆتایشدا ئەو فەڕز و بۆچوونانە دووردەخەینەوە وا پێمان وایە لەگەڵ بابەتەکە نایەنەوە. ئەمە ئەو میتۆدەیە وا زانست بەکاری دەبا و بینای خۆی لەسەر بونیات ناوە. لە جیهانی زانستدا تەنیا شوێنێک کە دەتوانین بۆ دەستخستنی زانستی رەسەن تێیدا سەرکەوتووبین، ئەو شوێنەیە وا رەچاوی روانگەی تاقیکردنەوە و گومانی تەواوی تیادەکەین.

ئەقڵگەرایی رەخنەیی

ئەقڵگەرایی رەخنەیی، وەک درێژەدەری ئەقڵگەرایی فەلسەفی، دەبەستڕیتەوە بە فیلسووفی زانستی و هیومانیست 'کارل پوپێر' (١٩٩٤ ـ ١٩٠٢). لە تیۆری ناسینی خۆیدا کارل پوپێر هەم رەخنە لە ئەقڵگەرایی فەلسەفی دەگرێ و هەم لە ئەزموونگەرایی. ئەو دەڵێ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بنەمایەکی جێی باوەڕ بۆ ناسین ـ چ لە ئەقڵگەراییدا و چ لە ئەزموونگەراییدا ـ هەوڵێکی بێسوودە. هەر بەو رادەیە ئەو رەخنەی توندیش لە پوزیتیڤیسم دەگرێ کە دەڵێ شتەکان هەر بەو شێوەیەن وا خۆیان بۆ ئێمە دەردەخەن (لە پاژەکەی تردا باسی ئەمە دەکەین). پۆپێر دەڵێ ئەو شتانەی وا بە دڵنیاییەوە دەڵێین دەیانزانین، وەها نین کە یەک جار بۆ هەمیشە راستییەکەیان نەسەلمێندرابێ، بگرە زانیارییەکانمان زیاتر مانان هەتا زانست، بەڵام هێشتا نەمانتوانیووە ئەم مانایانە ردە بکەینەوە و، هەروەها واقع وایلێنەکردووین گومانیان بخەینە سەر. بەهەرحاڵ ئەوان ئەو مانایانەن ـ نەک خودی حەقیقەت ـ وا ئێمە پێیان گەیشتووین. بۆیە ئێمە قەت نابێ واز لەوە بێنین ئەم مانایانە یاخود ئەم بە ڕواڵەت زانستانە بدەینە بەر لێکۆڵینەوەی رەخنەییانە. هەروەها ئێمە قەت نابێ واز لە پرسیارکردن بهێنین لەسەر شێوازەکانی ناسین. ئەمە هەم جیهانی یاسا فیزیکییەکان دەگرێتەوە و هەم جیهانی دیاردە ئەبستراکتەکان. پوپێر خۆی بە رادەیەکی زۆر لەسەر تیۆری زانستە سروشتییەکان کاریکرد و بەڵگەی باشی بۆ 'تیۆری ناسین'ی خۆی لە بواری فیزیکدا پەیدا کرد، لەوێیدا وا تیۆری ئەنشتەین ئایدیا کۆنەکانی فیزیکی نیۆتۆنی رەد دەکردەوە. تێگەیشتنی نوێ لە جێرم، کات و شوێن، جووڵە، وزە و رێژەییەت لە فیزیکی ئەنشتەین بووە هۆکاری ئەوەی ئایدیا بنەڕەتییە کۆنەکانی فیزیکی میکانیکیی سەردەمی نیۆتۆن وەلابنرێن. خاڵی سەرەکیی پوپێر ئەوە بوو کە لە پێش ئەنشتەین هیچ کەسی تر پرسیاری نەخستبووە سەر ئایدیاکانی نیۆتۆن. هەر بۆیە ئەم ئایدیایانە وەک سروشتی و حەقیقەت سەیریان دەکرا.

پوپێر هەروەها سەری بە سیاسەتیشەوە قاڵبوو. ئەو باوەڕی بە ریفۆرمی کۆمەڵایەتیی هەنگاوبەهەنگاو بوو و خودی رەوتی ریفۆرمیشی خستە ناو لێکدانەوەیەکی رەخنەییانە لە کۆمەڵگای کراوەدا. ئاکامێکی لۆژیکیانەی ئەقڵگەرایی رەخنەیی ئەو ئەوە بوو کە پوپێر ئەو ئایدیایانەی رەد دەکردەوە وا باوەڕیان بە یاسایەکی دیاریکراو هەبوو بۆ گەشەی مێژوو (واتە مێژووگەرایی historisisme). ئەو هەروەها ئەو بیرەی رەد دەکردەوە وا پێی وابوو زانست ئامرازێکە بۆ کردە (واتە ئامرازگەرایی instrumentalisme).

بە گوێرەی پوپێر گەر دەمانەوێ بە شتێک بگەین دەبێ پێش لەهەر شتێ ئازاد و داهێنەر بین. ئەو پێی وایە خۆبەستنەوە بە میتۆدێک یارمەتیدەر نیە و دەبێ تا دەتوانین پرسیارەکانمان ئازایانە بێنینە گۆڕێ. هەروەها واباشە بە شوێن ئەو میتۆدانەوە بین ـ کە لە پێوەندی لەگەل ئەو پرسیارانەی دەیانهێنیە گۆڕێ ـ لە میتۆدەکانی تر ئەقڵانی تر و لۆژیکی ترن. دەبێ هەوڵبدەین رەخنەگرانە بە شوێن یاسا لۆژیکییەکانەوە بین. دەبێ هەموو هەوڵمان بدەین بۆ ئەوەی فەڕزییەکانمان رەدبکەینەوە. پوپێر دەڵێ ئێمە دەبێ فەڕزییەکانمان ئازایانە بێنینە گۆڕێ و هەوڵیشبدەین رەدیان بکەینەوە. ئەو ئەمە ناودەنێ میتۆدی تاقیکاریی رەخنەیی.

گەر بتوانین بەم ئەرکە هەستین، ئەوا دەتوانین بە شێوازێکی نوێ، یاخود لە ئاستێکی بەرزتردا لە بابەتەکان بڕوانین و بەم شێوەیە بگەینە روانگەی تازە لەسەر جیهان و کۆمەڵگا و ژیان.

ئەو رەوتە فەلسەفیانەی لەم پاژەدا لێیانکۆڵرایەوە ـ واتە ئەقڵگەرایی، ئەزموونگەرایی و ئەقڵگەرایی رەخنەیی ـ خاوەن مانایەکی گەورە بوون بۆ گەشەپێدانی ژینڕوانگە دونیاییەکان. فیلسووفە ئەزموونگەراکان و ئەقڵگەرایی فەلسەفی سەرەڕای ئەوەی دژی یەکتر بوون، بەڵام هەردووکیان لە بنەڕەتدا خاوەن ئاراستەیەکی ئەقڵانی و لۆژیکی بوون. جیاوازییەکان لە بواری تیۆری ناسین بەریان بەوە نەدەگرت ژینڕوانگە دونیاییەکان کە خۆیان بە ئەقڵانی ناودەبرد نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەزموونگەرایی و ئەقڵگەرایی فەلسەفییەوە. زۆر گروپی بیرمەندی ئازاد لایەنگری فەلسەفەی 'راسل'ن. هەم راسل و هەم پوپێر بە روانگەی کراوە و رەخنەییانەوە سەبارەت بە پێوەندی نێوان زانیارییە هەستییەکان و ئەنالیزە، خاوەن شوێنێکی باڵان لە بزووتنەوەی هیومانیستیی جیهانیدا.

نموونەیەکی دیاری ئەمە، بزووتنەوەی 'پاول کورتز'ی گومانیست و هیومانیست و حەڵقەی دەورووبەری لە 'بوفالو'  لە وڵاتی ئامریکایە. ئەو گۆڤارێک بە ناوی Sceptical Inquiery دەردەکا کە تێیدا بابەتی زۆر چاپ دەکرێ لە پێوەندی لە گەڵ ئەزموونگەرایی ئەنالیزەیی راسل و ئەقڵگەرایی رەخنەیی پوپێر. پاول کورتز کە ماوەیەکی زۆر بەرپرسی ئەنجوومەنی جیهانیی هیومانیستەکان بوو، خاوەن چاپخانەیەکیشە بە ناوی Prometheus، ئەم چاپخانەیە گەلێک کتێبی لەم پێوەندییەدا بە چاپ گەیاندووە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫پوپر  راسل‬‎