شرۆڤە

هیومانیسم و ژینروانگە دونیاییەکانی تر (٧)

لە نۆرێژییەوە: سایتی قەڵەم
هاوشێوەبوونی هەندێ وشە و دەستەواژە لە زمانی ئیستا و ئەو کاتدا بەمانای وەک یەکبوونی تەواویان نیە. بە هیچ جۆرێک ئێمە ناتوانین بە تەواوی لەوە دڵنیا بین باوەڕی یۆنانییەکانی ئەو سەردەمە چۆن بووە. بەڵام لەوە دڵنیاین کە بە شوێن چێکردنی ماناوە بوون و دەیانویست پرینسیپە ئەخلاقییەکان گەشەپێبدەن و مرۆڤ لە سەنتەردا دابنێن نەک خواکان.

 

مەتریالیزم و دڕدۆنگیی ئایینی لەناو یۆنانییە کۆنەکان دا

گەلێک مرۆڤی مودێڕن کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەو بیرانەی وا لە سەردەمی زێڕینی یۆناندا هاتنە ئاراوە، بە تایبەت ئەو ئایدیایانەی وا لە شاری 'ئاتێن' لە سەدەی پێنجی پێش زایین لە لایەن بیرمەندانی ئەو سەردەمەوە پیشکەشکران. لەم بیرانەدا دیمۆکراسی (مافی مرۆڤی ئازاد بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت)، لە ناوەنددادانانی مرۆڤ (مرۆڤسەنتەری ـ وەرگێڕی کوردی)، رەدکردنەوەی هەڵاواردن و هەروەها پێداگرتن لە سەر مانای ژیان و هێنانەئارای پرسیارە موڕاڵییەکان و جیاکردنەوەی چاکە و خراپە، ئەو دیاردانە بوون باسیان لێدەکرا. بە خوێندنەوەی دەقەکانیان دەبینین بیرمەندە یۆنانییەکانی ئەو سەردەمە زێڕینە چلۆن بە شوێن راستیدا ماناکان هەڵدەوەشێننەوە و بیری تر چێدەکەن، دەبینین کە چلۆن ئەوان بە ناو هۆڵە سەقف بڵیندەکانی 'پێریپاتۆس'دا بە دەم قسەوباسی قووڵ لەسەر ژیان، مەرگ، خواکان و مرۆڤەکان سەرەوخواریان دەکرد.

ئاسان نیە ئەوە بیسەلمێنین لە ئایدیاکانی یۆنانی کۆندا هەندێ بابەتی گەورە و بەرچاوی رەدکردنەوەی خودا بوونی هەبووبێ (Hiorth 1993, s. 32)، بەڵام بەهەرحاڵ هەندێ لەو بیرمەندانە لە هەندێ قۆناخی ژیانیاندا و لە هەندێ لە بەرهەمەکانیاندا ئاتەئیست بوو. هەروەها هەندێکیان ئەگنۆستیست (نازانمگەرا) بوون. لە ناو ئاتەئیستەکان کەسێک هەبوو بە ناوی 'تێۆدۆرۆس' لە دەورووبەری ٢٧٥ی پێش زایین. لە فەلسەفەی ئەخلاقەکەیدا ئەو هێدۆنیست hedonist بوو. کە بە گوێرەی ئەم فەلسەفە ئەخلاقییە، واچاکە حەز و لەززەت ببنە گرینگترین بنەما لە کاتی هەڵبژاردندا. ئەو لە سەر خواکان دەقێکی نووسی و تێیدا بە تووندی لە دژیان وەستا و هەبووونیانی رەدکردەوە.

مەتریالیستەکان

ئەگەرچی گوتنی ئەم قسەیە ئەوەندەیش ئاسان نیە، بەڵام دەتوانین بڵێین بیرمەندە مەتریالیستەکان باوەڕیان بە خودا نەبوو. باوکی مەتریالیستەکان، واتە 'دێمۆکریت' (٤٦٠ ـ ٣٧٠ پێش زایین)، پێی وابوو خوداکان هەندێ بوونەوەری بەرزتر لە گیانلەبەرانن کە دەمرن و تەنیا لە رێی ئەو وێنانەوە دەتوانین بیانبینین وا خۆمان لێیان دروستدەکەین. 'ئەپیکور'یش Epikur (٢٧٠ ـ ٣٤١ پێش زایین)، خوداکان وەک ئەو بوونەوەرە بانمرۆڤ و جوان و خۆشبەختانە وەسف دەکا کە لە دەرەوەی جیهان دەژین، کە هاوکات هیچ چەشنە حەزێک ئەوان بە ژیانی مرۆڤی سەر زەوییەوە نابەستێتەوە. ئەو هەروەها پێی وابوو خوداکان ئەو ژن و پیاوانەی بوون وا لە ئەتۆم دروستکرابوون و دەیانتوانی بخۆن و بخۆنەوە و بە زمانی یۆنانیش دەدوان! وەک دەبینین ئەپیکور وێنەیەکی تایبەت لەو وێنا ئانترۆپۆمۆرفیستیەکەی خۆی دروستدەکا (ئانترۆپۆمۆرفیسم بە واتای ئەوەی دێت کە مرۆڤەکان وێنەکان لە رووی ژیانی خۆیانەوە دروستدەکەن). ئەو خوداکان لە رووی وێنا مەتریالیستیەکان و لە رووی خەونی مرۆڤانەوە وەسفدەکا. ئەپیکور بە شێوازی خۆی بە شوێن سەلماندنی ئەو خودایانەوە بوو وا لە بیروباوەڕی خەڵکیدا بوون. مەتریالیزمی ئەپیکور، سەردەمی خۆی خاوەن کارتێکەری و نفوزی درێژخایەن بووە، ئەگەرچی دەستنووسەکانیان ئاگر تێبەردا و نەوەکانی دوواتر چیتر نەیانتوانی وەک سەرچاوەی رەسەن کەڵکیان لێوەربگرن.

ئاناکساگوراس (٥٠٠؟ ـ ٤٢٨ پێش زایین)، مەتریالیستێکی تری سەردەمی یۆنانی کەونارا بوو. ئەو دەیگوت کۆمەڵەی هەسارەکان تا رادەیەکی زۆر هەر بەو شێوەیەی ئەمڕۆکە دەیزانین چێکراون و، هەتاویش مەتریاڵێکی ئاگرینە و نەک خودا. ئەو یارەمەتی 'ئاتێن'ی دا لە بواری خوێندنی ئەستێرەناسیدا. دوواتر گوتیان ئەمە بێ رێزیکردن بە شتە پیرۆزەکانە و هەر بۆیە لە سێدارەیان دا.

سوقرات و سوفیستەکان

ناسراوترین فیلسووفی یۆنانی، واتە سوقرات (٤٦٩ ـ ٣٩٩ پێش زایین)، لەبەرئەوەی پرسیاری دەخستە سەر هێزی دەروونیی بزوێنەری ئایدیاکان، سزای مەرگی بەسەردا سەپا. هاوچاخەکانی بە گوناهی رەدی خودا تاوانباریان کرد، ئەگەرچی سوقرات بۆ خۆی هەبوونی خوداکانی ئۆلیمپیای رەد نەدەکردەوە. پەیامی ئەو ئەوە بوو کە ئەخلاق دەبێ لە سەر مرۆڤ و کۆمەڵگا بونیات بنرێ، نەک لەسەر بیروباوەڕە ئایینییەکان. ئەو دروشمێکی بونیات نا کە بوو بە یەکێک لە بنەما هاوبەشەکانی هیومانیسم، دروشمەکەیشی ئەمە بوو: "خۆت بناسە!"

کەسانێکی زۆر لەناو سوفیستەکان باوەڕیان بە ژینڕوانگەی ئاگنۆتیسم بوو. 'پرۆتاگۆراس' Protagoras لە هەموویان جوانتر ئەم ژینڕوانگەیەی شیدەکردەوە. ئەو هاوڕێی 'پریکلیس' Perikles بوو و، تەقریبەن لە ساڵەکانی ٤٩٠ تا ٤٢٠ی پێش زایین ژیا. پرۆتاگۆراس دەیگوت:

"سەبارەت بە خوداکان من هیچ رێگایەکم نیە بۆ ئەوەی بزانم داخۆ هەن یان نین، یاخود خاوەن چ شکڵ و شێوازێکن. کورتیی ژیان و ناڕوونیی باباتەکە بەر بە وەها زانیارییەک دەگرن."

ئەم قسەیە بە قیمەتی مافی هاووڵاتیبوونی تەواوبوو، دەریان کرد و بەرهەمەکانیان سوتاند. ئیفلاتونی ئایدیالیست (٣٤٧ ـ ٤٢٧؟ پێش زایین)، یەکێک لە رەخنەگرانی سوفیستەکان بوو کە هەروەها مەتریالیستەکانیشی قبوڵ نەبوو. ئەو دەیگوت سوفیستەکان بە پێچەوانەی وشەی 'سوفیست' کە بە مانای 'زانا' دێت، تەنیا کەسانێکی بۆڵەبۆڵکەرن کە بە شوێن زلکردنەوەی شتە بچووکەکانن.

کاتێک قسە لەسەر باوەڕمەندان بە ئاگنۆستیسمە، دەبێ بڵێین ئەم باسە تەنیا بۆ ئەوەیە پێوەندی ئەوان بە خوداباوەڕیی ئەو سەردەمەوە شیبکەینەوە. پرۆتاگۆراس دەیگوت "مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە" و، ئەمە بەناوبانگترین رستەیەتی. ئەو، پێشڕەوەی هیومانیسمی کلاسیکی بوو. بەڵام نامانەوێ لێرەدا تەنیا رێز بۆ ئەم بیرمەندانە دابنێین چونکە بیروڕاکانیان تا رادەیەک بوونە ئایدیاکانی مرۆڤی مودێڕن. ئەوان خاوەن لایەنی تریش بوون. هەندێ لە ئایدیاکانی ئەو سەردەمە بە خۆشییەوە چیتر ئایدیای هیومانیستی نین، بەو شێویەی کە وەتەنپەرەستە توندڕەوەکان و پیاوگەراکان کەڵکیان لێوەردەگرت بۆ شەڕ و بەگژیەکترداچوونەوە. ئێمە لە بیری ناکەین کە ژن لەو سەردەمەدا لە ژیانی گشتی وەلانرا. تەنیا لە شانۆی کۆمێدیای دیۆنیستی بوو کە ژنان ـ ئەویش لە شکڵی ئەکتری پیاو ـ دەیانتوانی لە دژی کۆمەلگای پیاوسالاری ئەو سەردەمە شۆرشبکەن.

بەڵام لە پشت دروشمی 'وەتەنپەرستیی شار'، هەندێ بایەخی تر هەن کە لە بەرهەمی شاعیرە مەزنەکانی ئەو سەردەمە  وەک 'ئێفریپیدس' Evripides، سۆفۆکلێس Sofokles و ئاریستوفانس Aristofanes باسیان لێکراوە. لە بەرهەمەکانی ئەواندا مرۆڤ سەنتەرییەکی تایبەت دەبینین کە تێیدا مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ لەم دونیایەدا دەبێ بە سەنتەری هەموو شتێک. سۆفۆکلێس لە Antigone دا دەنووسی:

"زەوی بەشێوەیەکی سەیر دەوڵەمەندە. مرۆڤەکان گەورەترینن!"

هەروەها بە تووش فەزیلەتەکانی وەک 'ئەقڵ' و 'میانەڕەوی'یەوە دەبین، بە تووش بایەخەکانی بەرابەری و بە چاکە هەڵسوکەوتکردن لە ژیاندا، بۆ ئەوەی ناو و ناوبانگێکی باشمان هەبێ.

پریکلیس، رێبەری شاری ئاتێن هاوڕێی پرۆتاگۆراس بوو. ئەو لە ساڵی ٤٣١ ی پێش زایین خیتابێکی بەناوبانگی دا کە تێیدا باسی فەزیلەتەکان و ئایدیاڵەکانی هیومانیسمی کلاسیکی کرد، خیتابی ناشتنێک کە بوو بە بەڵگەیەکی بەناوبانگی هەتا هەنووکەیش. لێرەدا وەرگێڕانێک لە لایەن 'هێنینگ مولاندس'ەوە لەم خیتابە پێشکەش دەکرێ:

"دیمۆکراسی یاسای بنەڕەتیی ئێمەیە، چونکە تێیدا نەک کەسانێکی کەم بەڵکو ئەوە زۆرینەیە شار بەڕێوەدەبات. بە گوێرەی یاسا هەموو کەس لە بەرابەر یاسادا بەرابەرە، بەڵام ئەو رێزەی کەسێک دەتوانێ وەریبگرێ پیوەندیی بەوەوە هەیە چی هەیە پێشکەشی بکا نەک ئەوەیکە سەر بە چ چینێکە، بە کورتی زیرەکی و توانا گرینگە... . ئێمە ئاشقی جوانین بە بێ زایەکردنی، ئێمە ئاشقی ئەقڵین بە بێ ئەوەی نەرم بین. لە وڵاتی ئێـمە خاوەن ئامرازی کردەین، بە شوێن بیانووەوە نین بۆ پیاهەڵگوتنمان... بە کورتی من شارەکەم وەک قوتابخانەیەک بۆ سەرتاسەری یۆنان وەسفدەکەم. لێرە لای ئێمە هەمان کەس دەتوانێ لە زۆر بواردا خۆی توانا بکا و، هاوکات بە رواڵەتێکی جوان و سەرنجڕاکیشەوە دەرکەوێت. بە بەڵگە مەزنەکانمان، ئەو بەڵگانەی وا هەموومان دەیانزانین، هێزی خۆمان نیشان دەدەین و هەموو مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە و داهاتوویش سەرماممان دەبن." 

سەبارەت بەو سەربازانەیش وا لە شەڕدا کوژران، دەڵێ:

"هەر کامیان ناوبانگێکی بێ وێنە و گۆڕێکی پیرۆزیان بەرکەوت، بەڵام ئەوان لەو گۆڕەدا نیە دەحەسێنەوە، بەڵکو لەو گوتە و کردانەی ئێمەدایە کە تێیاندا یادیان دەکەینەوە. هەموو زەوی گۆڕی پیاوانی مەزنە و، تەنیا نووسینی سەر کێلەکانیان نیە یادی ئەوانی تیا دەکرێتەوە، بەڵکو لە وڵاتانی تریش هەر یادکردنەوەیەکی بێ نووسین زیاتر یاد لە کردە و ژیانی ئەوان دەکاتەوە."

لە سۆنگەی ژینڕوانگەوە جێگای سەرنجە بڵێین کە ئەم خیتابی ناشتنە، جگە لە سەرنجدان بە دیاردە دونیاییەکان و ئایدیا نەمرە گشتییەکان، نە باسی خودای تێدا دەکرێ و نە باسی ژیانی دووای مەرگ. جا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ کە لەو سەردەمەدا باوەڕ بە خوداکانی ئۆلیمپیا چلۆن لە ژیانی رۆژانەدا خۆی دەنواند. هیومانیستە بەرجەستەکانی سەردەمی ئێمە دەڵێن خوداکان بۆ نوخبەی یۆنانی تەنیا سیمبول و وێنا بوون بۆ هێزەکانی سروشت، هەروەها بۆ هێز و توانای خوڵقێنەری مرۆڤ لە ژیاندا(Lamont 1988, s. 56). بۆ نمونە لە راگەیەندراوە پزیشکییەی 'هیپۆکراتێس'ی فیلسووف و دکتۆرە کە لە دەورووبەری ساڵی ٣٥٠ی پێش زاییندا راگەیەندرا، ئەمە بە جوانی خۆی نیشان دەدا. ئەو خودایانەی وا راگەیەندراوەکە سوێندی پێدەخوا، تەنیا کۆمەڵێک سیمبول پێکدێنن بۆ سڵامەتی و نەخۆشیی مرۆڤ و، هیچ رۆڵێک ناگێڕن لە پرینسیپەکانی ئەخلاقی پزیشکی دا. جگە لەمە ئەم پرینسیپانە لە راگەیەندراوی پزیشکیانەی مەسیحیدا لە ساڵی ٩٠٠ درێژەیان پێدراو و هەروەها لە نوسخەی (و. ه. و.) WHO لە ساڵی ١٩٤٩ەوە کە هێشتاکەیش هەر ماوە و کاری پێدەکرێ.(Lingås 2000)

کاتێک ئێمە وەک مرۆڤی مودێڕن گوتە و نووسینەکانی یۆنانی کەونارا دەخوێنینەوە، دەتوانین بەئاسانی بەگوێرەی بۆچوونەکانی خۆمان لێکیان بدەینەوە. بەڵام دەبێ ئەوە بڵێین کە هاوشێوەبوونی هەندێ وشە و دەستەواژە لە زمانی ئیستا و ئەو کاتدا بەمانای وەک یەکبوونی تەواویان نیە و بۆیە دەکرێ بە لاڕێدا بڕۆین. بە هیچ جۆرێک ئێمە ناتوانین بە تەواوی لەوە دڵنیا بین کە باوەڕی یۆنانییەکانی ئەو سەردەمە چۆن بووە. بەڵام لەوە دڵنیاین کە بە شوێن چێکردنی ماناوە بوون لەم ژیانەدا و دەیانویست پرینسیپە ئەخلاقییەکان گەشەپێبدەن و، جگە لەمە زیاتر سەرقاڵی ئەوە بوون مرۆڤ لە سەنتەردا دابنێن هەتا خواکان. ئەوان دانیان بەوەدا دەنا کە بۆچوونەکانیان لەمەڕ خوداکان پرسێکی ئاسان نەبوون و تەنانەت هەندێ ئەو پرسیارەیان دەهێنایە ئاراوە کە رەنگە خۆداکان لە رووی وێنەی خودی مرۆڤەوە دروستکرابێتن. تەنانەت 'زێنۆفانێس'ی Xenophanes  (٤٧٠ ـ ٥٦٥ پێش زایین)، ئەگنۆستیست لەم بوارەدا واوەتر دەڕۆیشت و دەیگوت ئاژەڵەکانیش دەتوانن وەک مرۆڤەکان بۆتی سەیروسەمەرە بە هەمان هۆکارەوە دروستبکەن.

ئەرەستو و دڕدۆنگەکان (گومانیست) skeptikerne

ئەرەستو (٣٨٢ ـ ٣٢٤ پیش زایین)، ئاگای لە دیالۆگ و گفتوگۆی توندی نێوان ئیفلاتون و سوفیستەکان و هەروەها دیالۆگەکانی سۆقرات بوو. ئەو بۆخۆی قوتابیی ئیفلاتون بوو، بەڵام لە زۆر بواردا خۆی لە مامۆستاکەی جیاکردەوە، بە تایبەت کاتێک باس لە جیایی نێوان رۆح و جەستەیە (واتە دوالیسم). ئەرەستو پیش لە هەر شتێک زانایەکی گشتی بوو کە بەشیوەیەکی ریشەیی راڤەی پێوەندیی نێوان شتەکانی دەکرد. ئەو زانستی سەردەمی خۆی بەسیستم کرد کە بریتی بوون لە لۆژیک، ئێتیک، هونەری پەیڤین، دراما، زانستی سیاسی، بیۆلۆژی، فیزیک، سایکۆلۆژی و مێتافیزیک. ئەرەستو وەک خاڵی دەستپێک لە کۆکراوەی زانستی پێشینیانی خۆی کەڵکی وەرگرت و کورتیکردەوە و سەرلەنوێ پێشکەشی کردەوە. خاڵی ناوەندی لای ئەو روانگەی مرۆڤە. ئەرەستو لە مرۆڤ وەک ئاژەڵێکی ئەقڵانی دەڕوانێ و روانگەی ئەو سەبارەت بە مرۆڤ و ئێتیک خاڵی دەستپێکی دامەزراندنی کلتوری جیهانییە هەتا ئەم سەردەمی ئێمەیش. ئەو نە ئاتەئیست بوو و نە ئەگنۆستیست، لەبەر ئەوەی ئەویش وەک سوقرات ئەخلاقێکی بونیات نا بۆ پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان کە دەیتوانی خزمەتی مرۆڤەکان لە دونیادا بکا، ئەمە بووە کاریگەریی گەورەی ئەو لە سەر بیرمەندە دونیاییەکانی تر. ئەرەستو لە مرۆڤ وەک گشتییەتێک دەیڕوانی، گشتییەتێک لە رۆح و لە جەستە.

رەوتێکی فەلسەفی کە لە سەردەمی ئەرەستودا گەشەی کرد و لە ٥٠٠ ساڵدا خۆی راگرت 'گومانیسم' skeptisism بوو. دامەزرێنەرەکەی 'پیرۆن' Pyrrhon (٢٧٠ ـ ٣٦٠ پێش زایین) بوو. گومانیستەکان لە دژی ئەوە بوون خۆیان بەو قسانەوە ببەستنەوە وا پێیان وابوو تەواو راستن، لەبەر ئەوەی دەیانگوت ئەمە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ لە زەیندا. دەبێ پرسیار لە هەموو شتێ بکرێ. هەموو شتێ دەکرێ بەڵگەی دژی بۆ بهێنرێتەوە. هەبوون و نەبوونی خوداکانیش هەروەها دەکرێ قسەیان لەسەر بکرێ. بەم شێوەیە ئەوان لە ئەگنۆستیستەکان نزیک بوون، بەڵام دەبێ ئەوە بڵێین کە پرسیاری هەبوونی خوداکان بۆ زۆربە پرسیارێکی یەکجار گەورە بوو. تەنیا کەسێک کە بە ئاشکرا چووە ناو باسی هەبوونی خوداکانەوە 'کارنێدەس' Karneades (١٢٨ ـ ٢١٣ پێش زایین)، بوو. لەبەر ئەوەی ئەو خەباتێکی نزیکی لە دژی رەواقییەکان کرد کە دەیانگوت باوەڕی خەڵک بە خوداکان بەڵگەیە بۆ هەبوونیان. کارنێدەس ئەو راستیەی پیشاندا کە هەموو کەس باوەڕی بە هەبوونی خوداکان نیە و بۆیە ناکرێ باوەڕی زۆرینە هەبوونی دیاردیەک بسەلمێنێ. ئەو هەروەها بەڵگەی بۆ ئەوە دەهێنایەوە کە بە شێوەی پێویست زەوی لە لایەن خوداوە دروستنەبووە چونکە رەنگە خودی سروشت زەوی خوڵقاندبێ. بۆ ئەم بیرمەندە هەروەها بێکۆتایی بوونی خودایش قسەیەکی بێمانا بوو، چونکە مەگەر خودا بەهەرحاڵ شوێنێکی ناوێ بۆ ئەوەی بەرەو ئەوێ بجوڵێ! لە بواری ئەخلاقیشدا ناتوانێ هێزێکی خودایی هەبێ کە باش، ئەقڵانی، هەمووشتزان و بە تەواوی مانا بەتوانا بێت، چونکە ئەمە لەگەڵ ئەو دیاردە هەرە ناخۆش و گەمژانەیە نایەتەوە لە دونیادا هەن

وەک وترا گومانیسم سەدان ساڵ مایەوە و، 'سێکستوس ئپریکوس' Sextus Epiricus (٢٠٠ دووای زایین)، دوواکەس بوو نوێنەرایەتی کرد و هەوڵیدا وەک بیر بەردەوام بێت.

گرینگترین شت کە دەتوانین سەبارەت بە ژینروانگە باسی بکەین ئەوەیە هەبوونی خوداکان و ژیانی دووای مردن، خاڵی سەرەکیی قسەوباسەکانی ئەوان نەبوو، بەڵام بەهەرحاڵ باوەڕگەلێگی زۆر لە ئاتەئیسم، مەتریالیزم و ئەگنۆستیسیسم و گومانیسمەوە بگرە هەیە هەتا وەفاداریی گەورە بە خوداکان، دوالیسم و نەمریی رۆحی مرۆڤ لە دووای مردن. رەنگە جۆراوجۆریی دیالۆگ و جیاوازییەکانی نێوان سوفیستەکان و ئیفلاتونیستەکان، هەروەها نیوان رەواقییەکان و گومانیستەکان بوو کە بووە هۆکاری هاتنە ئارای بیرەگەورەکانەوە. هەڵبەت هاوکات ئێمە نابێ خۆمان گێل کەین لەوەی کە لە ژن و منداڵیان وەک مرۆڤ نەدەڕوانی. دیتمان کە کوشتن، دەرکردن و سووتاندنی کتێب وەک ئامراز کەڵکیان لێوەرگیرا بۆ سڕینەوەی بیری بەرامبەر. بەڵام بەهەرحال دەبێ بڵێین مرۆڤ، بایەخی مرۆڤ، ئێتیکی مرۆڤانە و ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی خرانە سەنتەرەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین سەرەڕای ئەمانە ئەم بیرانە لانکەی هیومانیسم بوون.

درێژەی هەیە...

ژێرنووس:

٢ـ لوکرێتس  Lukrets شاعیری رۆمی بیرمەندێکی تری درێژەپێدەری ئایدیاکانی ئەپیکور بوو. ئەو لە دوواسەدەی پێش زاییندا ژیا و بیروبۆچوونەکانی خۆی لە نووسینێکدا نووسی سەبارەت بە سروشت، بە ناوی De Rerum Natura. کتێبەکەی لە ژێر کاریگەریی 'سیسێرۆ'یشدا Cicero بوو. لە بەرهەمەکەیدا ئەو ئەقڵ لەگەڵ سەرسوڕمان سەبارەت بە سروشت تێکەڵ دەکا بە بێ ئەوەی دەست بداتە ئەفسانەسازی. ئەو نکۆڵی لەوە کرد سروشت خاوەن هەدەف یاخود مەبەستێکە لە رەوتی بەرەوپێشچوونیدا. هەروەها لە پیش هەر شتێکدا دوالیسمی رەدکردەوە کە دەیگوت سروشت لە لایەن هێزە دەرەکییەکانی دەرەوەی خۆی بەڕێوەدەچێ. 'هوراتس' و 'ڤیرگیل'، دوو شاعیری بەناوبانگی ئەو سەردەمە بیروڕاکانی لوکرێتسیان (وە لەم رێگایەوە هی ئەپیکوریشیان) لە رێگای شیعرەکانیانەوە درێژەپێدا. لەم رێگایەوە ئەم بیروڕایانە کە مەتریالیستی بوون گەیشتنە ئیمپراتۆریی بیزانس و لەوێوە سەدان ساڵ دوواتر گەیشتنە ئیمپراتۆرییە ئیسلامییەکان

عومەری خەیام (١٠٤٨ ـ ١١٣١)، شاعیر وزانایاکی مەزنی ئەو سەردەمە بوو کە کاریگەریی زۆری لە دەورانی خۆیدا هەبوو. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئەو کاتی ئیسلام دا ئەم شاعیرە بیروڕاکانی خۆی نووسی کە لە ژێر کاریگەریی ئەپیکوردابوون. ئەو دەبا تا رادەیەک بیرەکانی لە ژێر پەردەی شیعردا بشارێتەوە:

"من ناتوانم هەتاو بە هەوری چڵکن داپۆشم، هەربەو شێوەیە رازی چارەنووس. لە قووڵایی بیرەکانەوە ئەقڵ دەتوانێ گەوهەرێکم پێشکەش بکا کە ترس قەت ناهێڵێ بۆ جوانکاری کەڵکی لێوەربگرم.

خەییام هەروەها لە ژێر کاریگەریی 'ئیبنی سینا'یشدا (٩٨٠ ـ ١٠٨٧) بوو کە وەک گەورەترین فیلسووفی ئیسلامی ئەو سەردەمە دەهاتە ئەژمار. ئەو، خوێندنەوەی قووڵی سەبارەت بە ئیفلاتون، ئەرەستو و ئەپیکور هەبوو. خەییام و ئیبنی سینا خاوەن مانایەکی گەورە بوون بۆ 'ئیبنی روشد' (١١٢٦ ـ ١١٩٨). ئیبنی روشد ئەو کەسەی بوو کە لەگەڵ نوخبە یەهوودییەکان فەلسەفەی یۆنانی هێنایەوە بۆ ئۆرووپا و ئەمە دوواتر بنەماکانی رێنسانسیان چنی (Hutcheon 2001). ئەو لێکۆڵەرانەی وا دوواتر هاتن و دەقە یۆنانییەکانیدان لێکدایەوە، ئەو موسوڵمانانەی بوون وا کەوتنە دیالۆگ لەگەل مەسیحییە ئۆرووپاییەکاندا، کە ئەمانە هەر هەموویان باوەڕیان بە یەک خودا هەبوو. بەڵام لە لێکدانەوەکانیاندا سەبارەت بەم دەقانە بەڵگە نادۆزینەوە سەبارەت بەوەی مەتریالیستە یۆنانییەکان، واتە دێمۆکریت و ئەپیکور، هەروەها ئەرەستو بەشێوەیەکی تایبەت سەرقاڵی پرسیاری هەبوونی خودا بووبن. مەیلی ئەم مەتریالیستانە لەسەر ئەوە یەکانگیر بوو کە بیسەلمێنن جیهان بە شێوەی کۆنکرێت لە ماددە چێکراوە.

Bilderesultat for old greek