شرۆڤە

هیومانیسم و ژین ـ روانگە دونیاییەکانی تر (٣)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەلەم

وەک میتولۆژیای پرۆمیتۆس پێمان دەڵێ شۆڕش لە دژی دەسەلاتی خودا ئێمە دەجوڵێنێ، وەک ئەوەی نیچەیش ئێمەی لە سەر ئاگادار دەکاتەوە ئەویە کە داخۆ دەتوانین ئەو دەسەڵاتە وا وەرمانگرتووەتەوە بە شێوازێکی باش بەکاری بێنین؟ ئەمە ئەو باسە گرینگەیە گەلێک کەس لایان وایە ناوکی ئەو کیشەیەیە وا مرۆڤ لە ژینڕوانگە دونیاییەکاندا لەگەڵیا بەردەوام رووبەڕوویە.

هیومانیسم و ژین ـ روانگە دونیاییەکانی تر (٣)

لاش گوننار لینگۆس

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

سەروەری خۆبوون

نیچە (١٨٤٤ـ١٩٠٠)، وەک فیلسووفێکی مودێرنیتە، کە زۆر جار بە باشی لێی ناگەین، لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆی 'وەهای گوت زەرتۆشت' بە جورئەتەوە باس لە مەرگی خودا دەکا.

کەسی گێڕەڕەوەی یەکەمی ناو بەرهەمە ئەدەبییەکانی نیچە 'زەرتوشت'ە. ئەو تەنیا لە زەرتوشت کە ناوی پەیامبەری دامەزرێنەری ئایینی زەرتوشت لە سەدەی شەشەمی پێش زایینە، کەڵک وەردەگرێ. زەرتوشتی نیچەیش خاوەنی لایەنی پەیامبەرییە، ئەگەرچی ئەم پەیامبەرییە لەسەر باوەڕ بە خودا رانەوەستاوە.

نیچە ئاماژە بە خاڵی دەستپێکی ئایین دەکا ئەویش ئەوەیکە ئایین خوڵقێنراوی مرۆڤە و خواکانیش لە لایەن مرۆڤەوە چێکراون، ئەو خوایانەی لە رووی وێنەی خودی مرۆڤەوە دروستکراون و بۆیە زۆر لە خودی مرۆڤ دەکەن:

"ئەفسووس براکانم، ئەو خودایەی من دروستم کردووە، دەستکردی مرۆڤە و لە پێناوی مرۆڤەکان بوو، وەک هەموو خوداکان.

مرۆڤ ئەو بوو، تیکەیەکی بەزیی بزوێنی من لە من بوو: لە خۆڵەمیشی من، پشکۆی گەشی من بوو ئەم رۆحەی بەرزکردەوە! ئەو لە ئاسمانەکانەوە نایەت!"

ئەم نیازە بۆ خوڵقاندنی ئەو خودایانەی لە مرۆڤیان دەکرد، یان ئەو خودایانەی لە رووی وێنەی مرۆڤەوە چێکران، نیچە بۆ بێ توانایی، بێ هێزی و بێ ئیرادەیی مرۆڤی  دەگێڕایەوە، هەروەها بۆ ئاگایی مرۆڤ سەبارەت بەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکە دەمرێ:

"ئازار و بێدەرەتانی، سەرچاوەی جیهانە ئاسمانییەکانە ـ هەروەها ئەو خۆشبەختییە شێتانەیەی کە مرۆڤ پێی وایە لە رێگای ئازارکێشانێکی زۆرەوە دەیگاتێ.

ماندووییەکی تەژی لە مەرگ کە لای وایە کتوپڕ (بە مەرگێکی لەناکاو) دەتوانێ بە ئامانجی خۆی بگا، ماندووییەکی نەزانانە و داماو کە ئیرادەی خۆی بۆ ئیرادەکردن لەدەستداوە: ئەمە سەرچاوەی هەموو خوداکان و هەموو جیهانە ئاسمانییەکانە."

لە دژی ئەم لاوازی و هومێدە درۆینە، زەرتۆشتی نیچە باس لەوە دەکا کە مانا و بوونی ژیان پەیوەستە بەوەی مرۆڤ بۆ خۆی مانا بۆ ژیانی خۆی پەیدابکا. زۆر جار نیچە بەوە تاوانبار دەکرێ نیهیلیستە، چونکە ئەو باوەڕی بەوە نەبوو مانایەکی لەوەپێش داڕێژراو لە ژیاندا هەبێ کە مرۆڤەکان دەتوانن بیدۆزنەوە و شوێنی بکەون. خاڵی دەستپێکی نیهیلیزم ئەوەیە کە ژیانی مرۆڤ بێ مانا و تراژیکە و، لە راستیدا هیچ بایەخێک نیە ئێمە بەشێوەی ئەخلاقیانە شوێنی کەوین. بەڵام نیچە خۆی لە خۆی وەک نیهیلیستی نەدەڕوانێ و، لە زەمانی خۆیدا نیهیلیزمی دایە بەر رەخنە. ئەوەی ئەو دەیەویست پێی لەسەردابگرێ ئەو هەستە روونە بوو کە مرۆڤ بوونەوەرێکی بێ هێزە لە جیهانێکی بێماندا:

"لە خۆمەوە فێری غرورێکی نوێ بووم، کە بۆ مرۆڤەکانی تری رادەگوێزم: چیتر سەری خۆتان وەک کەو مەخەنە بن بەفری ئاسمانییەوە، بە پێچەوانەوە فێربن سەرتان راست و ئازاد رابگرن، سەرێکی زەوینی کە هەموو مانا زەوینییەکانتان دەداتێ!"

هەروەها بایەخەکان دەبێ لە لایەن مرۆڤەوە چێبکرێن و هەڵبژێردرێن. ئێمە ناتوانین موڕاڵ و ئێتیک لەسەر ئەو راستییە درۆیینانە بونیات بنێین وا پێیان داوین. ئێمە دەبێ بڕوامان هەبێ هەڵبژاردنەکانمان باش دەبن. نیچە لە ئاستێکی باڵادا مەیلی ئازادی مرۆڤ و توانای خوڵقانی بەرزدەنرخێنێ و، لە 'وەهای گوت زەرتوشتدا دەڵێ:

"کاری بەنرخ بریتییە لە خوڵقاندن: گوێ رادێرن، ئێوە خوڵقێنەرن! خوڵقاندن پڕبایەخترینی شتەکانە!"

ئەو پێی وایە مرۆڤ دراوەتە دەست خۆی. ئەو پێشکەوتنەی جیهانی مودێڕن لەگەڵ خۆی هێناویەتی، مرۆڤ تێیدا بووە بە 'تاک' و کردوویەتی بەو 'تاک"ی (individ)، وا بە تەنیا لەناو چاکە و خراپەدا راوەستاوە. مرۆڤ تەنیا خۆی سەرچاوەی (رێفێرانس) خۆیەتی. نیچە لای وایە نیە ئایدیای ئەو دونیا و خۆشەویستی بۆ مرۆڤەکانی تر ناتوانێ رێنومای ئەخلاق بن، چونکە لەبیری دەکەن مرۆڤ زیاتر لەهەر شتێ خۆیەتی:

"تۆ ئەوی ترت پێویستە بۆ ئەوەی خۆت بخەیتە ناویەوە، تۆ ناوی جوانت بۆ ئەمە داناوە. بەڵام من پێت دەڵێم: خۆشەویستیی تۆ بۆ ئەوی تر بریتییە لەو خۆشەویستییە شکست خواردووەی تۆ بۆ خۆتت هەیە!"

بەڵام بەهەرحاڵ نیچە هومێدێک بە مرۆڤی مودێڕن و بەجێهێڵراو لەگەڵ خۆی دەبەخشێ کە ئەویش بریتییە لەوەی بتوانێ بە دۆزینەوەی هێزی خۆی بە شێوەیەکی کارامە هەڵس و کەوت بکا و ئازادانە شۆرش بکا لە دژی ئەو بیروباوەڕە کۆنانەی وا وابەستەیی و لاوازیی پێدەبەخشن. لێرەدایە نیچە دەستەواژەیەک بە ناوی 'بانمرۆڤ' بەرهەم دێنێ، دەستەواژەیەک نازییەکان لە تەعبیرێکی ئاوەژوودا کەڵکیان لێوەرگرت و مرۆڤەکانیان بە گوێرەی ئەمە پلەبەندی کرد. دەبێ لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین نیچە رقی لە ژن بوو و دژەدیمۆکراتێکی ئاریستۆکراتگەرا بوو، بەڵام ئاراستەی دەستەواژەی بانمرۆڤ تەنیا بەرەوە ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێ خۆی ببێ بە سەرۆکی خۆی. وەک فیلسووفێکی دانمارکی لە تەعبیرێکی دەگمەندا دەڵێ، "بانمرۆڤی نیچە هەر بەو رادەیە لە سوپەرمەنی ئینگلیزی دوورە کە لە ئاریایی چاوشین و قژزەردی نازییەکان." نیچە باس لەوە دەکا کە بانمرۆڤ هەمان مرۆڤی مودێڕن، زانا، ئازاد و ئاراستەکراو بەرەو دیاردە دونیاییەکانە. بەڵام گەورەترین دژواریی ئەم مرۆڤە ئەوەیە چلۆن بتوانێ ئازادیی خۆی بۆ هەڵبژاردنی بایەخەکان و موڕاڵی خۆی بەکاربێنێ لە کاتێکدا خوداکان مردوون. لە 'وەهای گوت زەرتوشت'دا دەنووسێ:

"کاتێک مرۆڤ لە ناوەڕاستی چارەنووسی خۆیدا ـ واتە لە نێوان ئاژەڵبوون یاخود مرۆڤبووندا ـ راوەستاوە، بەڵێنە بۆ خوانی گەورە بانگهێشت بکرێ. ئەو، رێگای خۆی بەرەو ئاسۆی سوور، وەک گەورەترین هومێد، جەژندەگرێ، کە رێگایەکە بەرەو رۆژێکی سووری نوێ. لەم کاتەدا ئەوەی رۆدەچێ، دۆعای ئەوە دەکا کە دەبا لەوانە بایە وا بەسەر پردەکەدا دەپەڕنەوە، وە هەتاوی زانستی ئەو لە ناوەڕاستی رۆژدا راوەستاوە. "هەموو خوداکان مردوون، هەنووکە دەمانەوێ بانمرۆڤ بژی!" لە خوانی گەورەدا دەبێ ئەمە دووا حەز و مەیلی ئێمە بێت!"

بە هۆکارێک نیچە پرۆمیتۆسی وەک وێنەیەک هەڵبژارد بۆ دوواتێزە فەلسەفییەکەی. نیچە ئەو وێنایەی ناو زۆربەی ئایینەکان و ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکانی خستە بەر رەخنە کە گوایا مێژوو خاوەن ئامانجێکە، ئامانج یاخود مەبەستێک کە بەرەبەرە بە گوێرەی رەوتێکی یاسامەند دەستەبەر دەبێ. وێناگەلی لەم چەشنە لە بەرگی جۆراوجۆردا لە زۆربەی ئایین و ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکاندا دەستدەکەون. بڕوایەک کە بۆ وێنە لە ناو پۆزیتیڤیستەکان و مارکسیەکاندا باوە و پێیان وایە ژیان و داهاتوو لە رەوتێکی ئەرێنی لەگەشەدان. بە پێچەوانەی ئەم ئایدیایەوە، بۆچوونێکی رەشبین هەیە کە پێی وایە هەموو شتێ بێ مانا و تراژیکە و، چارەنووسی مرۆڤ ـ وەک نیهیلیستی نۆروێژی 'وێسێل زافە' (Zapffe 1969)  دەڵێ ـ تەنیا بریتییە لەوەی 'خراپترین ئاژەڵی وێرانگەری سەر رووی زەوی' بێت. بەڵام هەروەها 'وجوودگەرایی ئاتەئیستی' یش لای وایە هیچ رێگایەک لەوە پیش دیاری نەکراوە. بۆیە وەک ژان پۆل سارتەر دەڵێ مرۆڤ دەبێ بۆخۆی رێگاکان دیاری بکا و، ئێمە مەحکومین بەمە. هاوکات وجوودگەراکان دەڵێن مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە لە نێوان چاکە و خراپەدا هەڵبژێرێ.

ئەم گوتەیەی نیچە زۆر خۆشبینانە نیە. شێوازی بینی ئەو بەو مانایە نیە ئیـمە واز لە وەهمەکانمان بێنین. راستییەکەی ئەوەیە کە هیچ ئاسمان و بەهەشتێک لە کۆتایی مێژوودا دەست ناکەوێ، چونکە لەبەرئەوەی مێژوو قەت بە کۆتایی خۆی ناگا. وەک ئەو دەڵێ "گەڕانەوەی ئەبەدی بۆ هەمان شت"، ئەمەیە دووا کێشەی مرۆڤی مودیڕن، وە هاوکات پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە هەموو شتێک بێ ئامانجە، لەو مانایەدا ئامانجەکە لەوە پێش دیاریکرابێ و پێشکەش بە مرۆڤەکان کرابێ. جا پرسیارەکە ئەوەیە داخۆ ئێمە دەتوانین مانا لە بێ مانایی هەڵێنجین؟ دەوێرین بڵێین ئەوەی مەیل و حەزی ئێمە بە وەیلانیەتی، خەونە و قەت نایگاتێ؟ داخۆ مرۆڤ دەتوانێ بگەڕێتەوە لای خۆی، زاڵ بێ بە سەر لاوازییەکانیدا و ببێ بە سەرۆکی خۆی؟

نیچەیش وەڵامی هەموو ئەمانەی لا نەبوو. بەڵام ئەو پرسیارەکانی داڕشت و مرۆڤی مودێڕنی رووبەڕووی کێشە گەورەکانی ژیانی کردەوە. وەک میتولۆژیای پرۆمیتۆس پێمان دەڵێ شۆڕش لە دژی دەسەلاتی خودا ئێمە دەجوڵێنێ، وەک نیچەیش ئێمەی لە سەر ئاگادار دەکاتەوە ئەویە کە داخۆ دەتوانین ئەو دەسەڵاتە وا وەرمانگرتووەتەوە بە شێوازێکی باش بەکاری بێنین؟ ئەمە ئەو باسە گرینگەیە گەلێک کەس لایان وایە ناوکی ئەو کیشەیەیە وا مرۆڤ لە ژینڕوانگە دونیاییەکاندا لەگەڵیا بەردەوام رووبەڕوویە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for nietzsche