شرۆڤە

هیومانیسم و ژین ـ روانگە دونیاییەکانی تر (٢)

 

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم
بڕوا بە رۆشنگەری، ئەقڵ و توانای مرۆڤ بۆ چێکردنی دونیایەکی باشتر ئەو چەمکە سەرەکییانەن کە زۆرتر تایبەتی ژینڕوانگە دونیاییەکانن. حەقی مرۆڤ بۆ ئەوەی رۆڵی سەرەکی هەبێت و، بۆ ئەوەی بتوانێ شوێنێک لە سەر زەوی بۆ خۆی پەیدا بکا، تایبەتی هەموو ژینڕوانگە دونیاییەکانە. بەم شێوەیە ئوستورەی پرۆمیتۆس بە باشترین شێوە دەتوانێ سیمولی هیومانیسم، واتە مرۆڤگەرایی بێت.

هیومانیسم و ژین ـ روانگە دونیاییەکانی تر (٢)

لاش گوننار لینگۆس

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

٢ ـ لە 'پرۆمیتۆس' ەوە تا زەرتۆشت

ئەو خودایەی ئاگری لە خوداکان دزی و دای بە مرۆڤەکان

لە میتۆلۆژیای یۆنانی دا چیرۆکێک هەیە سەبارەت بە خودایەک بە ناوی پرۆمیتۆس، ئۆستورەیەک کە لە ژیانی مەعنەوی ئۆرووپا، لە کاتی کێشمەکێشی نێوان مەسیحییەت و ژینڕوانگەی دونیاییدا، رۆڵێکی گەورەی نواند. لەم میتۆلۆژیایەدا هاتووە:

"کاتێک پرۆمیتۆس، کوڕی زەوی، کە لە خێڵی خودا کۆنەکان بوو، یەکەم مرۆڤەکانی دروستکرد و بە یارمەتی 'مینەرڤاس' رۆحی پێبەخشین، 'ئاتێن' وتی کە ژیانی زەوینی گەلێک بچوک و خەمینە. بۆیە رۆژێک بە پرۆمیتۆسی وت:

ـ مرۆڤەکانی تۆ وەک یارمەتی پێویستیان بە ئاگرە. بەم شێوەیە دەبنە خاوەن ژیانێکی تر. بەڵام تەنیا 'زیۆس' کە گەورەترین خودای 'ئۆلیمپێن'ە حاکمی ئاگرە.

ـ کەواتە ناکرێ.

پرۆمیتۆس کەوتە بیرەوە و لە ئاتێنی پرسی کە داخۆ لە رێگایەکی نهێنییەوە دەیتوانی ئەو بگەیەنێتە ئۆلیمپێن. ئاتێن رێگاکەی پێ وت. پرۆمیتۆس لە کاتێکدا قەدی ناو رهۆڵی گیای رازیانەی بەدەستەوە بوو بەرەو شوێنی زیۆس بەڕێکەوت. لە چرکەیەکدا زەفەری بە ئاگرەکە برد و توانی چەند پشکۆیەکی گەشی لێ هەڵگرێ و لە کونی قەدەکەی خنێ. ئەم ئاگرە دەبا یارمەتی مرۆڤەکانی بدایە. ئەمە دەبووە هۆی بەرەوپێشچوونی ئەوان، زیادبوونی حەشیمەتیان و چاندنی زەوی و بەخشینی خواردن پێیان، بەم شێوەیە مرۆڤەکان دەوڵەمەند دەبوون. پرۆمیتۆس یەکجار لەم کارەی خۆی خەنی بوو.

بەڵام کاتێک زیۆس زانی خەڵەتێندراوە، یەکجار تووڕە بوو. لە چاوەکانییەوە پزیسکی تووڕەیی دەپژان. سوێندی خوارد تٶلە بکاتەوە. بۆیە داوای لە خودایەکی تر بە ناوی 'هەفایستۆس' کە ئاسنگەر بوو کرد ژنێک دروست بکا و ئەمری بە چوار با کرد ژیانی پێ ببەخشن. ئەوسا داوای لە ژنخواکان کرد ئەم خودایە کە ناوی 'پاندۆرا' بوو بکەن بە جوانترین ژنی دونیا کە تا ئەو کاتە بینرابوو. زیۆس بۆخۆیشی جەعبەیەک پڕ لە ئاڵتونی قوفڵدراوی چێکرد. ناو جەعبەکە پڕی نەخۆشی و دەرد و کارەسات بوو. ئەوسا چاوەڕوان لە پاندۆراسی جوانی داوا کرد بە کۆڵکەزێڕینەیەکدا دابەزێتە سەر زەوی. بە گوێرەی پلان بەڵێن بوو پرۆمیتۆس بکەوێتە داوی جوانیی پاندۆراسەوە.

پرۆمیتۆس لە بەردەم خانووەکەی خۆیدا خەریکی کارکردن بوو کە پاندۆراس دەرکەوت. کاتێک بیستی لە کوێوە هاتووە دەستبەجێ ویستی بیگێڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی. پێی وت:

ـ تۆ ناتوانی لێرە بمێنیتەوە!

پاندۆراس بە پێچەوانەی فرمانی زیۆس بەقسەی کرد. ئەمە وەها زیۆسی توورە کرد کە بە تەواوی هۆشی بەخۆیەوە نەما. بۆیە ئەمری بە خودای ئاسنگەر کرد پرۆمیتۆس بگرێ و بە رووتی بە زنجیرەوە بە کێوی 'قەوقاس' یەوە بکات کە کۆتایی دونیا بوو. بەڵێن بوو ئەو لەوێ بۆ هەزاران ساڵ لە زنجیردا بێت. بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی پرۆمیتۆسی خۆڕاگر مرۆڤەکانی لە خوداکان زیاتر خۆش نەوێت. بۆیە لەگەڵ زیۆس نەسازان و زیۆس هێشتی هەورەتریشقە لێی ئاڵێ و لاشخۆرێکی گەورە هەموو رۆژێ جەرگی هەڵکۆڵێ. پرۆمیتۆس بۆ شەوەکەی دەژیایەوە و بۆیە لاشخۆرەکە دیسان دەیتوانی بۆ رۆژی دوواتر دەرد و ئازارێکی زۆری پێبداتەوە.

پرۆمیتۆس برایەکی هەبوو بە ناوی ئەپیمیتۆس. ئەو بۆ ئەوەی بە تووش چارەنووسی براکەیەوە نەبێت لەگەڵ پاندۆراسی جوان هاوسەرگیری کرد. کە ئەمەیش بە هۆی جوانیی پاندۆراسەوە بۆی ئاسان بوو. کاتێک بوو بە هاوسەری پاندۆراس، فریواندی سەری جەعبەکەی بۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێ داخۆ ناتوانێ پرۆمیتۆس لەو دەرد و ئازار و مەینەتە تاقەتپڕوکێنە رزگار بکا. هەر کە سەرەکە کرایەوە، کۆمەڵێک زەردەواڵەی تووڕە فڕینە دەرەوە و هورژمیان بۆ مرۆڤەکان هێنا و لێیان ئاڵان. بەم شێوەیە لەو کاتەوە نەخۆشی، ماندوویی، مەراق، ئازار، شێتەیەتی، خراپە و هەوەسەکان بوونە چارەنووسی مرۆڤ. بەڵام لە کۆتاییدا لە جەعبەکەوە هومێدیش هاتە دەرەوە. بۆیە دەگوترێ مرۆڤ بە بێ هومێد ناتوانێ بژی.

کلتوری رۆژئاوایی بێ ئەژمار سیمبۆلی لەم ئەفسانەیەوە دەرهێنجاوە کە من لێرەدا بە شێوازی خۆم و بە شێوەیەکی کورت دیسان گێڕامەوە.

پێش لە هەر شتێک، ئەوە 'پۆرفۆرۆس' pyrphoros واتە دزێکی ئاگر بوو کە ئازادی و رۆشنگەری لەگەڵ خۆی هێنا، مەشغەڵەکەی دەستی بووە سیمبۆلی ئازادی، پیشکەوتن، رۆشنگەری و بێداری. رێکخراوە رۆشنگەرییە گەلییەکان و هەروەها بزووتنەوەی سنوردارکردنی خوارندەوەی ئەلکول، گەلێک جار لەم سیمبۆلە لە پاش سەردەمی رۆشنگەرییەوە کەڵکیان وەرگرتووە. بەڵێ، رێک لە سەردەمی زانای باکوری ئۆرووپا 'ئێراسموس رۆتێرداموس' (١٥٣٦ ـ ١٤٦٩) کە دەیویست هیومانیسم و مەسیحیەت یەکبگرن. پرۆمیتۆس نموونەیەک بوو بۆ هەموو ئەوانەی وا دەیانویست لە دژی نەزانی و گەوجیەتی بجەنگن.

دووهەم ئەوەیکە پرۆمیتۆس سەرکێشێک بوو دەسەڵاتی سەرۆکی خواکانی خستە لەرزە و، هێز و ئۆتۆریتەی ئەوی رەدکردەوە. بۆیە بوو بە سیمبولی بیری ئازاد و ئەقڵ. بیرئازادەکان، مرۆڤگەراکان و ئەقڵگەراکان لە سەرتاسەری جیهان لە ناوی پرۆمیتۆس بۆ رێکخراوەکانیان کەڵک وەردەگرن و مەشغەلەکەیشی دەکەن بە لۆگۆ.

سێهەم، پرۆمیتۆس کەسێکی زیرەک و ئاقڵ بوو. خودی ناوەکەیشی، واتە پرۆمیتۆس، بە مانای کەسی لە پێشازیرەک دێت، بەڵام ناوی براکەی واتە 'ئەپیمیتۆس' بە مانای کەسی لە دووازیرەک دێت. پرۆمیتۆس سیمبولێکە بۆ هێزی گەورە و خوڵقێنەری بیری مرۆڤ، بۆ رۆحی لێکۆڵینەوەو زیرەکیی فیلوسووفیانە، بۆ پێشکەوتنی تکنۆلۆژیا و زانست. لێرە لەم وڵاتە تۆڕێکی لێکۆڵینەوە هەیە بە ناوی پرۆمیتۆس.

چوارەم، دەکرێ لە پرۆمیتۆس وەک کەسێکی بێپەروا بڕوانین کە لە دژی خواستی خوداکان راوەستا و غروری نومایشدا، کەسێکی بەزێنەری سنوری ئازایەتی کە چارەنووسەکەی شکست و رۆژڕەشی بوو. جا لەم پەیوەندییەدا لە پرۆمیتۆس وەک سیمبولێک بۆ فشەکەری، گەوجیەتی و نەهامەتیی پێشکەوتنیش دەڕوانن. جگە لەمە چونکە ئەو مرۆڤی لە ئاو و گڵ دروست و دروستکردەوە و بە یارمەتی 'مینەرڤاس' رۆحی پێ بەخشی، وەک سیمولێک لێی دەڕوانن کە بە شێوەیەکی ترسناک دەستی لە سروشت وەردا. بۆیە بوو بە هۆکاری ئەو خێوەی وا 'دکتۆر فرانکشتەین' سازی کرد و کەچی دوواتر دکتۆری خستە ژێر رکێفی خۆیەوە. دیسان لە پرۆمیتۆس لە نەریتی رێنسانسیش دا وەک سیمبول کەڵکی لێ وەرگیرا. بۆ وێنە لە لایەن مارسیلو فیچینو (١٤٩٩ـ ١٤٣٣)، وەک رۆحێک کە بە شوێن حەقیقەتەوە بوو، بەڵام هاوکات بە هۆی گەیشتنی بەم ئەقڵە، ئەشکەنجەیەکی ئەبەدی چاوەڕوانی بوو.

لە شاخەکانی قەوقاس کە پرۆمیتۆسی تیا بە بەندکێشڕا، ئێمە بە تووش پێنجەمین سیمبۆل واتە 'حەڵقە' دەبین. لە بەردی ئەم شاخانە حەڵقە چێکران، وەها کە مرۆڤەکان دەیانتوانی وەک سیمبۆلێک بۆ سوپاس لە پرۆمیتۆس کە ئاگری بۆ مرۆڤەکان دزی، لە پەنجەی کەن. هەروەها، ئەمە وەک هاوسۆزییەک بۆ ئەو ژان و ئازارەی ئەو لە پێناوی مرۆڤایەتیدا کێشای.

ئەم ئەفسانانە، ناوی خوداکان و تەواوی ئەو بابەتانەی لە پێوەندی لەگەڵ پرۆمیتۆس و پاندوراس هەن، ئەمڕۆکە وەک سیمبولگەلێک کەڵکیان لێوەردەگیردرێ بۆ ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو دیاردانەی لەدەوروبەری ئێمەدا روودەدەن. ئەمە هەر لە وڵاتی فینلاندەوە بیگرە هەتا ئامریکا کە لە رێکخراوگەلی جۆربەجۆری پەیوەندیدار بە چاپخانە، ناولێنانی منداڵ، نوێگەری لە تکنۆلۆژیا، سنووردارکردنی خواردنەوەی ئەلکول و قوتابخانەکان بەکاردەهێنرێن. هەروەها لە گروپە مۆسیقاییەکان و بەشی دروونناسیی نوێ و، لە پێشگۆیی سەبارەت بە دووارۆژ. دیسان لە بواری رێکخراوە ژینپارێزەکاندا، واتە ئەوانەی وا لە دژی مودێرنیتە و ئایدیای زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر سروشتدا خەبات دەکەن.

تەنانەت ئەوانەی چیرۆکە ترسناکەکەی 'فرانکشتەین'یان پێ خۆشە، لەم سیمبۆلە لە شیعری رۆمانتیکی ئینگلیزی کەڵک وەدەگرن. زیاتر لە هەزار نموونەی ناو ئینتەرنێت دیسان ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە پرۆمیتۆس بەردەوام جێگای سەرنجە. لەو کاتەیدا جەماوەری ئۆرووپا بە هیوای لەناوچوونی فیودالیسم شۆڕشیان کرد و بە تەمای پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و رووناکبیری بوون، ئوستورەی پرۆمیتۆس دەورێکی گەورەی گێڕا. لەکاتی شۆرشی فەڕەنسەدا پرۆمیتۆس جێگای سەرنجی تایبەتی بوو بە هۆی هێزی یاخی بوون و توانای پێشکەوتن و لەپاڵ مرۆڤەکاندا بوونی.  بە تایبەت لە لایەن رۆمانتیستە ئینگلیزییەکانەوە بە هەند وەرگیرا، بۆ نموونە لە لایەن شاعیرانی وەک لۆرد بایرۆن و هاوسەران 'ماری و.' و 'پێرسی بیش شێللی'ەوە. لە ساڵی ١٨٢٠ ئەو دوو هاوسەرە درامایەکیان نووسی بە ناوی Prometheus Unbound کە دەبێ وەک شیعرێکی تەواو رۆمانتیکی پێناسە بکرێ تەژی لە خۆشەویستیی ژیان، بڕوا بە ئەقڵی مرۆڤ و هەروەها باوەڕ بە پێشکەوتن و چێکردنی بەهەشت لە سەر رووی زەوی. لەم شیعرەدا هاتووە:

رۆحی من بەلەمێکی سیحراوییە

وەک قوویەکی خەوتوو

بەسەر شەپۆلە زیوینەکانی ئاوازی شیرینی تۆوە رادەخوشێ

تۆیش وەک فریشتەیەک

سەوڵ بە دەستەوە لێیدەخوڕی

لە کاتێکدا هەموو باکان بە ئاوازەکانیانەوە دەنگ هەڵدەبڕن

وا دەنوێنێ بەلەمەکە هەمیشە رەوانە بە سەر رووبارە پێچاوپێچەکەدا

لە نێوان کێوەکان، دارستانەکان و ‌بەردەکاندا و

لە بەهەشتی دەشت و دەرەکاندا

 

وەک خەوێکی سووک

بەرەو دەریا

لە کاتێکدا شەپۆلەکان گێژی و لوولی دەدەن و بڵیند و نەوی دەکەنەوە

لە ناو دەریای قووڵەوە

دەنگێک دێتە گوێ کە:

لە کاتێکدا رۆحت باڵەکانی لە ناو مۆسیقادا دەکاتەوە

باکان لە بەستێنی شادی ئاسمان لەخۆی دەگرن

ئێمە دەئاژۆین دوور

بە بێ رێگایەکی دیار

بە بێ ئەستێرەکان

بەڵام بە غەریزەی مۆسیقای شیرین کە سەوڵمانە

تا باغی دووری 'ئێلیسان'

جوانترین رێ نیشاندەر

جێگایەک کە مەرگ تێیدا ونەو

ئارەزووەکانی من بەرە ئەوێن

شوێنێک ئەو هەوایەی ئێمە هەڵیدەکێشین لە ئەشقە

کە بە ناو 'با' و بەسەر شەپۆلەکاندا دەڕوا

هاوئاهەنگ دەکا زەوی لە گەڵ ئەو شتەی

ئێمە لەو سەرانە هەستی پێدەکەین

 

ئێمە ساڵانی غارە سەهۆڵینەکان و

شەپۆلە تاریک و ترسناکەکانمان تێپەڕاندووە

ئۆقیانووسی سافی گەنجیەتی بزەی لەسەر لێوە

لەو لاوەی دووڕگە شووشەییەکان

ئێمە لە منداڵیی سیبەرئاسا دووردەکەوینەوە

بە ناو مەرگ و ژیاندا

بەرەو رۆژیکی قەرەباڵغ

بەهەشتی کانیاوە خۆشەکان

داگیرساو بە گوڵە رۆشنەکان

وە ئەو قەڵبەزانەی لە ناو دەشتی ئارام و سەوزدا دەبینرێن.

شکڵە گەشەکان

وە حەسانەوە

ریک وەک تۆ

کە بەسەر دەریادا دەڕۆیی و

ئاواز دەچڕی.

 

بڕوا بە رۆشنگەری، ئەقڵ و توانای مرۆڤ بۆ چێکردنی دونیایەکی باشتر ئەو چەمکە سەرەکییانەن کە زۆرتر تایبەتی ژینڕوانگە دونیاییەکانن. حەقی مرۆڤ بۆ ئەوەی رۆڵی سەرەکی هەبێت و، بۆ ئەوەی بتوانێ شوێنێک لە سەر زەوی بۆ خۆی پەیدا بکا، تایبەتی هەموو ژینڕوانگە دونیاییەکانە. بەم شێوەیە ئوستورەی پرۆمیتۆس بە باشترین شێوە دەتوانێ سیمولی هیومانیسم، واتە مرۆڤگەرایی بێت. ئەمە هەم لە گشتیەتی خۆیدا وەک چاکەخوازی بەرامبەر بە مرۆڤەکان و، هەم بە شێوەی تایبەتیش لە بەرگی هیومانیسمدا کە هەڵگری هیچ خوایەک نیە.

تیۆرە دونیاییەکانی بوون، واتە ئۆنتۆلۆژیای دونیایی، لەسەر گۆی زەوی بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێک بە هەموو حەز و خەمەکانییەوە و بەو ئازادیی وجودییەوە کە هەڵگری بەرپرسیارەتی لە ئاست خۆی و ئەوانی تردایە، شوێن دەبینێتەوە. ئوستورەی یۆنانیی پرۆمیتۆس، لە میتۆلۆژیای دەرکردنی مرۆڤ لە بەهەشت دەکا. ئەو میتۆلۆژیای وا باس لەوە دەکا مرۆڤ بە پێچەوانەی ئەمری خودا لە میوەی درەختی زانستی خوارد و بۆیە لە بەهەشت دەرکرا و بە تووش کێشە دونیاییەکانەوە بوو بە هەموو نەهامەتییەکانیەوە، هەر بەو شێوازەی کە ئازارەکان لە جەعبەکەی 'پاندوراس' هاتنە دەرەوە و دونیایان تەنییەوە. لەم میتۆلۆژیایەدا، ژیانی دونیایی مرۆڤ ژیانێکی ئاخلاقییە، تێکەڵ بە ئازادی و بەرپرسایەتییە بۆ چێکردنی خۆی، بەخشینی حەشیمەت بە زەوی، کشت و کاڵ و دەستەبەرکردنی خواردن و خوڵقاندنی سەروەت و سامان و، هەروەها هەڵس و کەوت کردن بە شێوازی چاک یان خراپ لە بەرانبەر یەکتردا. بەڵام لە میتۆلۆژیای ئنجیل دا هیچ بنەمایەک بۆ سڕینەوەی هەبوونی ئەو دونیا وجودی نیە. بۆیە لە نەریتی ئۆرووپاییدا، لەو شوێنەی وا مەسیحییەت زاڵە (دینێک کە رەگ و ریشەی لە دینی جوولەکەدا هەیە)، بۆ مرۆڤ ئاسانتربوو باس لە مەرگی 'زیۆس' بکا تا مەرگی خودا. بۆیە بۆ رەخنەگرانی ئایینی لە سەدەی هەژدە باسکردن لە پرۆمیتۆس وەک سیمبولێک بۆ مەرگی خودا ئاسانتر بوو تا ئەوەی خۆ لە قەرەی مەسیحییەت بدەن.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for prometheus