شرۆڤە

هیومانیسم و ژین ـ روانگە دونیاییەکانی تر (١)

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

تایبەتمەندییەکانی ژینڕوانگە دونیاییەکان چین؟ داخۆ شتی هاوبەشیان لەگەڵ ئایینەکاندا هەیە؟ یاخود لە بەرامبەر ئەواندا قەراردەگرن؟ ژینڕوانگەکان داخۆ هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ فەلسەفەدا هەیە؟ ژینڕوانگە، وەها کە من ئەم دەستەواژەیە بەکاردێنم، دەتوانێ هەم دونیایی بێت و هەم ئایینی. ئەوەی لە کەمترین حاڵەتدا هاوبەشە لە ناو هەموو ژینڕوانگەکاندا، سێ تایبەتمەندین: هەڵگری ناسینی مرۆڤن سەبارەت بە دونیا، ناسینی مرۆڤ سەبارەت بە خۆی و، هەروەها هەڵگری ئەخلاقن.

هیومانیسم و ژین ـ روانگە دونیاییەکانی تر

لاش گوننار لینگۆس

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

 

 

پاژی یەکەم

ژین ـ روانگە دونیاییەکان، نەریتێکی پان و بەرین

 

١ـ یەکانگیر لەسەر ژیانی مرۆڤ

 

 

ژین ـ روانگەی دونیایی چییە؟

تایبەتمەندییەکانی ژینڕوانگە دونیاییەکان چین؟ داخۆ شتی هاوبەشیان لەگەڵ ئایینەکاندا هەیە؟ یاخود لە بەرامبەر ئەواندا قەراردەگرن؟ ژینڕوانگەکان داخۆ هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ فەلسەفەدا هەیە؟

ژینڕوانگە، وەها کە من ئەم دەستەواژەیە بەکاردێنم، دەتوانێ هەم دونیایی بێت و هەم ئایینی. ئەوەی لە کەمترین حاڵەتدا هاوبەشە لە ناو هەموو ژینڕوانگەکاندا، سێ تایبەتمەندین: هەڵگری ناسینی مرۆڤن سەبارەت بە دونیا، ناسینی مرۆڤ سەبارەت بە خۆی و، هەروەها هەڵگری ئەخلاقن.

فێرکارییەک لە ناسین، روانگەیەک بۆ بوون

پێش لە هەموو شتێ هەموو ژینڕوانگەکان هەڵگری روانگەن بۆ بوون. کە بەمە دەڵێن ئۆنتۆلۆگی (زانین لەسەر بوونی ئێمە)، بۆیە لێرەدا ناسینی مرۆڤ لەسەر دونیا رۆڵی سەرەکی وەردەگرێ. زۆربەی هەرە زۆری ژینڕوانگەکان خاوەنی ناسین ناسی واتە ئەپیستمۆلۆژین، کە ئەمە بەو مانایە دێ ئێمەی مرۆڤ چلۆن دەتوانین دونیا لە بەرینترین حاڵەتی خۆیدا بناسین وەها کە لە ئەنجامی ئەمەدا ئۆنتۆلۆژی بونیات بنێین. لەم پنتەدا فەلسەفە و ژینڕوانگەکان یەک دەگرنەوە. چلۆن ئێمە دەتوانین لەوە بگەین دونیا، زەوی و ژیان بوونیان هەیە و ئەم تێگەیشتنەی خۆیشمان شی بکەینەوە؟ تەنانەت ئەوانەی دەڵێن ئەم پرسیارە ئەبەدییانە خاوەن وەڵام نین، بەم وەڵامەی خۆیان دەیسەلمێنن ئەوانیش خۆیان گرێداوە بە جۆرێکی تایبەت لە ئەپیستمۆلۆژیا. پرسیار لەسەر هەبوونی خودا یان خوداکان دیسان پرسیارێکی سەرەکی ترە لەم پێوەندییەدا. هەر بەم شێوەیە پرسیار لەمەڕ ئەوەی ژیان داخۆ خاوەن مانایە یان نا، دەچێتە خانەی ئۆنتۆلۆژییەوە.

ناسینی مرۆڤ

هەموو ژینڕوانگەکان وێنایەکیان لەسەر مرۆڤ و بایەخی مرۆڤ هەیە. گەلێک ژینڕوانگە، هەم دونیاییەکان و هەم ئایینیەکان، لەسەر بنەمای ئانترۆپۆسەنتریسم راوەستاون کە بە مانای لە ناوەندابوونی مرۆڤە. بەڵام لەناو ئەواندا هەر کامە بە شێوازێک ئەم بە ناوەندبوونەی مرۆڤ لێکدەداتەوە. ئانترۆپۆسەنتریسمی مەسیحی باوەڕی وایە خودا مرۆڤی لە چەشنی خۆی خوڵقاند، بەڵام هیومانیستەکان ئانترۆپۆسەنتریسمی خۆیان لەسەر مرۆڤایەتی بونیات دەنێن. دوواتر دەچینەوە سەر ئەم بابەتە.

ژینڕوانگەی وایش پەیدادەبن خاوەنی ئانترۆپۆسەنتریسم نین، بەو مانایە کە ئەوان لە مرۆڤ وەک ئامانجێک لە خۆیدا ناڕوانن. ژینڕوانگەی ئایینی وا هەن لە مرۆڤ وەک ئامرازێک بۆ ترس لە خودا دەڕوانن. زۆر ژینڕوانگە هەن دەڵێن هەموو ژیانەکان، واتە نە تەنیا ژیانی مرۆڤ، پیرۆزن و نابێ پێشێل بکرێن. ئانترۆپۆسەنتریسم خۆی لە خۆیدا رێگر نیە لەبەردەم ئەوەیدا هەموو ژیانەکان وەک دیاردەیەکی بایەخدار سەیربکەین، بەڵام ئانترۆپۆسەنتریسم دەیەوێ بایەخی ژیانەکانی تر بە گوێرەی مەرجەکانی خودی مرۆڤ لێکبداتەوە. بۆ وێنە کاتێک باس لە پێوەندیی نێوان مەتریاڵ و رۆح یاخود جەستە و رۆحە. هەروەها ناسینی مرۆڤ هەڵگری خاڵێکی تریشە کە لە هەموو ژینڕوانگەکاندا هەیە، کە ئەویش ئەخلاقە.

ئەخلاق (ئێتیک)

ئەوەیکە مرۆڤەکان چلۆن باشە لەگەڵ یەکتری بژین تێمای سێهەمین تایبەتمەندیی ژینڕوانگەیە کە پێی دەلێن ئەخلاق (ئێتیک). هەم ئێتنیک و هەم موڕاڵ باس لە جیاکردنەوەی دروست و نادروست، چاکە و خراپە دەکەن. هەروەها باس لە پەیداکردنی ئەو نۆرمانەی وا بە پێودانگیان دەتوانین بە شێوەی دروست یان نادروست هەڵس و کەوت بکەین. زۆر کەس دەڵێن ئێتیک تیۆری موڕاڵە، لەبەر ئەوەی ئێتیک هەڵبژاردنی وشیارانەی نۆرمەکانە لەسەر بنەمای بایەخەکان، ئەو بایەخانەی بەرزدەنرخێنرێن و بەرگی وشەیان بۆ لەبەر دەکرێ. ژینڕوانگە وەک باسمان کرد بنەمایەکی بایەخیانەی فۆرمولەکراوە. موڕاڵیش بریتییە لە وەشوێنکەوتن یاخود ئەنجامدانی نۆرمەکان کە ئەوانیش زۆربەی کات ئاکامی عادەت و نەریتەکانی باوی ناو کلتورن. زۆربەی کات ژینڕوانگەیش هەڵگری یەکجار گرینگی ئەم نەریتانەیە. هەر ژینڕوانگەیەک دەتوانێ خاوەنی جۆرێک لە بنەما بایەخییەکان بێت، ئەوەیکە پێ لەسەر چ بایەخێک دادەگرێ و چ نۆرمێک پەسنددەکا لە ناویاندا جیاوازە. بۆ وێنە هەندێکیان پتر بایەخ بە کردەی تاک دەدەن و هەندێکی تریان بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. هەندێکی تریان لە ناو خۆیاندا بەتووش کیشەوەن کە داخۆ کامە گرینگترین پرسی ئەخلاقییە و چی راستە و ناڕاستە یاخود چی خراپە و چی چاکە. بەڵام بەهەرحاڵ جیاوازییەکان لەوە گەورەتر نین کە زۆریەک لە ژینڕوانگەکان لە ناو خۆیاندا دیالۆگ لەمەڕ پرسە ئەخلاقییە هاوبەشەکان سازنەکەن.

زۆربەی کات جیاوازی لە نۆرمەکاندا پێوەندی هەیە بە جیاوازی لەو بنەمایانەیدا وا نۆرمەکانیان لەسەر بونیاتنراوە. وە لێرەدایە کە پیوەندێکی تۆکمە لە نێوان ئەو سێ بەشەداهەیە (واتە بەشی ناسینی جیهان، ناسینی مرۆڤ و ئەخلاق). بۆ وێنە بڕوا بەوەی کە مرۆڤ خاوەن 'مەیلی ئازاد'ە خۆی لە هەر سێ بەشەکەدا دەبینێتەوە و هەر سێ بوارەکە دەوروژێنێ.

هەروەها لەم بەشەدا پێوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ فەلسەفەدا پەیدا دەبێ. ئەگەر لە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆنتڕۆڵکراو لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە بڕوانین، ئەمە لە خۆیدا دەگاتە جۆرێک لە تێگەیشتن لە واقعییەت کە بنەمای ئەخلاقی تایبەت بەم تێگەیشتنە لەگەڵ خۆیدا دێنێ.

ژینڕوانگە جۆراوجۆرەکان بە شێوازی جۆراوجۆر لەگەڵ ئەو سێ بەشە پەیوەندی دەگرن. ئەگەر ژینڕوانگەی دونیایی وەک نموونە بهێنینەوە ئەوا دەتوانین بڵێین کە هیومانیستە نۆروێژییەکان لانیکەم لە بواری دەرکی واقعییەت کەمتر هاوڕان ـ لانیکەم لەسەر بنەمای خاڵی ئامانجی سەرەکی فێدراسیۆنی ئەخلاقی مرۆڤ ـ بەڵام تەئکیدی زیاتر لە سەر ئەخلاق و ناسینی مرۆڤ دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە لە ئاستی جیهاندا رێکخراوی ژینڕوانگەی دونیایی پەیدا دەبن کە بە دەگمەن خۆیان لە قەرەی ئەم باسە دەدەن.

جگە لەم سێ بەشە سەرەکییە کە پێناسەی ژینڕوانگەن، رێ و رەسم دەتوانێ بەشێکی دیکە بێت. هەندێ، تەنیا خاوەن رێ و رەسمن. رێ و رسم چوارچێوە بۆ بەکارهێنانی ژینڕوانگە دەڕەخسێنێ، کە بنەمای ئەم چوارچێوانە لە داب و نەریتە ئەخلاقی و کلتوری و جوانناسییەکاندا شیکراونەتەوە. ئەمە بەرەو ئەوەمان دەبات ژینڕوانگەکان جۆراوجۆرن. ژینڕوانگەی وەها هەیە باوەڕی بە خودا نیە و لەبەرچاوی ئێمەدا رێ و رەسمەکانیان وەک شێوازێ بۆ نزا دەنوێنێ و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە ئەوان بە داب و نەریتە ئایینیەکانەوە گرێ بدەین. بۆ وێنە پوزیتیڤیستەکان لە برازیل و هەندێ داب و نەریتی 'بودیستی'یش. لە لایەکی ترەوە ژینڕوانگەی تر هەن کە باوەڕیان بە خودا هەیە، وەک ئایینی مەسیحی و ئایینەکانی تر و، ئەمە لە رێ و رەسمەکانیاندا دەنوێننەوە.

دونیایی

گەر دەمانەوێ باس لە ژینڕوانگە دونیاییەکان بکەین پێویستە سەرەتا وشەی 'دونیایی' شیبکەینەوە. ئەم وشەیە زۆربەی کات وەک هاومانای پروڤان profan بەکاردێت (پرۆڤان وشەیەکی لاتینە و بە مانای لەدەرەوە یاخود لەپێش 'پیرۆز'دا دێت)، هەروەها دونیایی هاومانای سکولاریشە. 'سکولار' وەک دەستەواژە کاتێک هاتە ئاراوە کە کلیساکان لە ئەورووپا لە شمەک و لە ئاڵتۆن بەتاڵبوونەوە (سکولار بە مانای خاڵیکردن یاخود وشککردن دێت). هەنووکە ئەم وشەیە ئاماژە بەوەیە وا لە دەرەوەی کلیسا یاخود فەزا پیرۆزەکانە. کەڵک وەرگرتن لە پرۆڤان و سکولار بەو مانایە کە لە ئەورووپا و رۆژئاوا مەسیحییەت کرا بە بواری سەرەکی بۆ تێگەیشتن لە ژینڕوانگە دونیاییەکان. هەڵبەت ئەمە لە زۆر شوێندا وەک خاڵی دەستپێک بەرتەسکە و بەجوانی وەڵام ناداتەوە. ئەمە هەروەها خاڵی دەستپێکی نگاتیڤە بۆ تێگەیشتن لە ژینڕوانگە دونیاییەکان، ئەگەر بە چاویلکەی ژینڕوانگە دونیاییەکانەوە سەیریان بکەین. بۆیە من لە دژی بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانەم، بەڵام لە هەندێ بواردا وشەی سکولار دەتوانێ یارمەتیدەر بێت کاتێک پێوەندی نێوان کلیسا و شارۆمەندە بێ باوەڕەکان لە هەندێ رووداوی کۆنکرێت دا دەخاتەڕوو.

کاتێک سەیری مێژوو دەکەین دەبینین قەت مەرجێک نەبووە بۆ ئەوەی 'دەرکی دونیایی' وەک ئاتەئیست (رەدکەرەوەی خودا) یاخود ئانگۆستیسک (گومان لەسەر بوونی خودا) لێکبدرێتەوە. زۆربەی پێشگامانی ئایینی لە ئەورووپا کە خۆیان لە باوەڕە دونیاییەکاندا دەبینییەوە خوداپەرست بوون، لەو مانایەدا کە باوەڕیان بەوە هەبوو خودا خوڵقێنەری جیهانە. بەڵام هاوکات دەیانگوت مانای ژیان لەوەدایە کە مرۆڤ هەموو سەرنجی بداتە  ژیانی سەر زەوی. بە رای من بێ مانایە نوێنەرانی ژینڕوانگە دونیایی و ئایینیەکان ئەمڕۆکە شەڕ لەسەر ئەوە بکەن کامەیان خاوەنی رۆحی فیلسووفانی سەردەمی رۆشنگەرین. زۆر لەو فیلسووفانە وەهایان بیردەکردەوە کە خودا زەوی و ژیانی خوڵقاندووە، بەڵام هاوکات هەموو زیرەکیی خۆیان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی بیروڕای ئۆنتۆلۆژیانەی خۆیان، کە دونیایی بوو، بنووسنەوە. هەروەها دەبێ بڵێم بیروڕاکانی ئەوان سروشتگەرایانەیش بوون. وە کاتێک باس لە سەر بیرە ئانترۆپۆلۆژی و ئەخلاقییەکانە دەبینین کە تا رادەیەکی یەکجار زۆر دونیایی بوونە. بەڵام هاوکات دەبێ ئەوەیش بڵێین ئەوان ئاتەئیست نەبوون و زۆربەیان بەردەوام لە گەڵ کلیسا لە پەیوەندیدا بوون.

بۆ قسەوباس کردن لەسەر ژینڕوانگەی دونیایی لەم کتێبەدا من وەک پێوانە زۆرتر خۆم لەسەر 'ژیانی مرۆڤ' و 'ئەم دونیایە' یەکانگیرکردووە، نەک لەسەر لایەنە خوداییەکان یاخود 'ئاخرەت'. من ئەمەم وەک پێوانەیەک وەرگرتووە بۆ قسەوباسکردن لەسەر ئەو بیروڕاو و ئاراستانەی وا ژینڕوانگە دونیاییەکان دەگرنەوە، کە ئەمە ئەو ژینڕوانگە دونیاییانەیش دەگرێتەوە وا بەردەوام باون. ئەو ئاراستانەی کە لەگەڵ بوونی خوداکاندا یەک ناگرنەوە لەم کتێبەدا پشکی زۆرتریان بەرکەوتووە. ئەوەی لە ناو ژینڕوانگە دونیاییەکاندا هاوبەشە ئەوەیە گوێ بە خوداباوەڕی نادەن یاخود خوداباوەڕی رۆڵێکی گەورە و بنەڕەتیان تیاناگێڕێ. دەبێ ئەوەیش بڵێم ئەو بیرمەندانەی وا بە دەرەجاتێک باوەڕیان بە خودا هەیە لەم کتیبەدا ناویان دەهێنرێ و باسیان لێدەکرێ، بەو هۆکارە کە ئەوانیش رۆڵی گەورەیان هەبووە لە چێکردنی ژینڕوانگە دونیاییەکانی ئەم سەردەمەدا.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for livssyn