شرۆڤە

تراژیدیای پەرتبوون

 عەلی شێخ عومەر

هەر لە سەرەتاوە چیرۆکنووس لە رێگای حیکایەتخوانەوە، بە رستەیەکی کورت دەمانخاتە بەردەم دوڕیانێک، ڕاستەوخۆ ئاماژە بە هاوکێشەیەک دەکات، رۆژێکی جیاواز دەکاتە دەرچە، هەر لە ترازاندنی دەرگای حەوشەی ماڵێکەوە ئاوێتەی رووداوێکی نامۆ و سەیر و نەبیستراو دەبین.

 

تراژیدیای پەرتبوون لە چیرۆکی (نیگایەک پڕ لە گرفتاری) فاروق هۆمەر دا

عەلی شێخ عومەر

"گەورەترین مەسەلە کە جێگای بایەخم بوو، تێکشکاندنی ئەو سنوورانەیە کە جیاوازی فەراهەمدەکات لە نیوان ئەوەی لە ڕاستەقینە دەچێت، لە گەڵ ئەوەی لە فانتازیا دەچێت  "گابڕێل گاریسیا مارکیز

1

لە دوایی کتێبی "سەر گەردانییەکانی پیاوێک" 1، یەکەم بەرکەوتنی من لە ڕێگای خوێندنەوەی گووتارێکی ڕەخنەیی عەتا قەرەداخی یەوە بوو بە ناوی "شکستی پرۆژەی کوشتنی باوک" 2، لە دوا جاردا، بە کتێبی "نیگایەک پڕ لە گرفتاری "3 ئاوێتەی جیهانە تایبەتەکی فاروق هۆمەر بووم، ئەم کتێبە جگە لە پێشەکییەکەی کە ڕەخنەگری بە توانا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی بۆی نووسیوە، لە پێنج کورتە چیرۆک پێکهاتووە، هەڵبەت سەرجەم ئەم چیرۆکانە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە تەک پێشهاتەکانی وەرگردا جیاوازی فەراهەمدەکات، کاتێ لە ڕێگای ڕەگەزەکانی خەیاڵەوە، خەون لەنێو ڕیالیستدا تێکەڵدەکات، لە گۆشەنیگای نامەئلوفەوە گوزارشت لە دیدەو بۆچوونەکانی دەکات، لە بیرکردنەوەی جیاوازدا سەوڵی خۆی لێدەدات، تا ئەو ئاستەی وەرگر دەگەیەنێتە کەناری شۆک و ڕامان، بەیکدادانی ڕیاڵ و خەیاڵ لە ڕەوتی گێڕانەوەدا، وێناکردنی سەیروسەمەر لە ناوکۆی دەقدا، ڕیالیست دەهێنێتە سەر سەنگی مەحەک، ڕەگەزەکانی فانتازیا دەخاتە گور،ِ خۆپاراستن و بێ لایەنی بابەتیانە وادەکات سەرجەم ئەم چیرۆکانە بێ ڕاڕایی بچنە ژێر کاریگەری ئەدەبی ڕیالیزمی ئەفسووناوی، چیرۆکی "نیگایەک پڕ لە گرفتاری"، ناونیشانی یەکێکە لەو چیرۆکە سەرکەوتوانەی فاروق هۆمەر، ناوونیشانی کتێبەکەشی بە هەمان ناوەوە ناودێڕ کراوە، فاروق هۆمەر لەم چیرۆکەدا، بە گوتارێکی نامەئلوف تێبینیەکانی تۆمار کردووە، بە دیدەیەکی دیکەوە داکەوتەکان دەخوێنێتەوە و شیتەڵی دەکات، باس لە شوێنکاتێکی وێڵگرد و تێکچوونی پێوەرو تەنگەژە بەدوا یەکەکانی مرۆڤ دەکات، هەر لە وونبوونی ناسنامەو قەیرانەکانی جەنگ، گێژنەی تەنیایی و درککردن بە پووکانەوەی هەستی خۆشەویستی، زەقبوونەوەی دڵڕەقی، نامۆبوون، کۆچکردن بەرەوو نەزانراو چ بۆ هەندەران بێت، یان بۆ مردن، ئەم کێرفە بەم تەوەرە لە هڵکشاندایە تا دەگاتە خاڵی شپرزەیی و لێتێکچوون، ناناسرێتەوە، ئەفڕیدەو بوونێکی نەزانراوە، هەریەکەو بە پێی یەقدانەوەی خودو خاسێتەکانی ناخیان ناوی لێدەنێن، ئاستی تێگەیشتنیان دیاری دەکەن، گوێزانەوەی ڕۆحی مرۆڤ، لە دوایی مردن دا، بۆ نێو گیاندارێکی زانراو، لای ئاینی کاکەیی و هیندۆسیەکاندا بە پێی کردەوەکانیان دەبێت، جا ئەو کەسە لە ژیاندا رفتاری چۆن بووبێت لە دوای مردندا ڕۆحی دەچێتە نێو گیاندارێک هەڵگری هەمان خەسڵەت دەبێت، گەر مرۆڤێکی باش بێت ڕۆحی دەچێتە نێو گیاندارێکی باش، پێچەوانەکەشی دروستە، ئەمەش وەک پەرچەکردارێک و درێژیدان بە مانەوە کارێکی دروست و ئاساییە، دیارە لەم ڕوونکردنەوەیەدا، ئاماژە بۆ کردەی "دۆنادۆن" دەکەم، بەڵام ئەوەی پارادۆکس ئەنجامدەدات، کارەسات فەراهەمدەکات ئەوەیە کە دەبێتە فەرزندەیەکی ئاوێتە، هەڵگری کۆمەڵێ خاسیەتی سەیرە، دژوارە بناسرێتەوە، پێناسەی بۆ بکرێ، نەبوونی ئاماژەی تەواوەتی بۆ وێناکردنی فۆڕم و خەسڵەتەکانی، ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستگۆیە لە تراژیدیای پەرتبوونی تاک و کۆکردنەوەیانە لە جەستەیەکدا، لە ئاستێکی فراوانتردا، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریدا ڕووماڵکردنی ئەو پاشاگەردانییە دەخاتە ڕوو کە لەم ووڵاتدا دەگوزرێت، فاروق بە ڕەگەزەکانی فانتازیا و بە ئاوێتکردنی بیرو دیدەی خەڵک، کە لەسەر گومان حوکم دەکەن، شکستی دەسەڵات لە ڕامکردنی تاک و پابەندبوونی بە خۆشەویستی نیشتیمانەوە ئاشکرا دەکات، داهێنەرانە ڕووە جوانییە جوداکەی ئەم دنیایەمان بۆ وێنا دەکات، دنیایەکی سەیروسەمر، لای فاروق، خوێندنەوەی پێدراوەکانی دنیا، لە سەر چەمکی هاودژەکان بونیاد نراوە، لەگەڵ ڕۆنانی دەقی بەرهەم هاتووشدا هاوتەریبە، بۆ تاتڵە کردن و بەدواچوون،  پرسیارکردن بزۆێنەر و دادوەری دەرئەنجامەکانە، کە لە نیشتەمەنیەکانی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، دیاریکردنی پێشهاتەکان، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە کردنەوەی هاوکێشەکانی ڕابردوو، گرێدانی بە هەنووکەوە، ئیستای ئامادە پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ لانکی یەکەم بەرکەوتن و یەکەم خۆشەویستی، بەڵام لە بەرگێکی تردا، بە جەستەیەکی دیکەوە، بە زمانێکی تر بە هەستێکی دیکەوە، لە زەمەنێکی تردا، لە هەمان کاتیشدا تێدەکۆشێ بۆ گەڕانەوەی مافێکی زۆر سادە و سروشتی لە خۆ هەڵسەنگاندن و لە ناساندن، لە ئارامگرتنی دەروونی،  لە پتەوکردنی پەیوەندی خۆشەویستی درککردن بە هاتنەڕیزی و خۆ لادان لە چەواشەیی و لە کەنارکەوتن، ئەم کارەش ئەستەنگ نیە لە ئاست تواناکانی چیرۆکنووس، بە گەمەکردن بە زمان و خوڵقاندنی فانتازیاو بەکارهێنانی ئاماژەو دەلالەت و پیشخستنی مانا و فەراهەمکردنی ڕووداو، لەم ڕوانگەیەوە  فاروق هۆمەر ڕەهەندەکانی چیرۆکی "نیگایەک پڕ لە گرفتاری" دەخاتە ڕوو، لە زمانی بگێڕەرەوەی هەموو شتزانەوە بە کەسی دووەم ئاوێتەی زنجیرەی ڕووداوەکانمان دەکات، هەر لە سەرەتاوە پابەندی دۆخێکی نامۆ دەبین، کات بەیانیەیە، باران دەبارێ، گیاندارێکی نامۆ، کەس نازانێ چییە خۆی دەکاتە نێو دەرگای حەوشەی ماڵی کچێکی مناڵەوە، کچە دەیەوێت بچێت بۆ قوتابخانە، کە دەیبینێ دەترسێ، بە پرتاو دەگەرێتە دواوە پەنا بۆ دایکی دەبا، لای کچە منداڵەکە بە سەگ شووناس دەکرێ، لای دایکە لە بەر مل درێژی بە سەگ سەیر ناکرێ، لە ماریش ناچێت، خۆ دووپشکیش نییە، نەرۆیشتنی ئەم بوونەوەرە، سەیر کردنی بە شێوەیەکی مانادار بەوەی چاوی لە ئینسان دەچێ پرسیار لای ژنەی خاوەن ماڵ دروست دەکات، بۆ هاتووەتە بەر ماڵیان؟ چاوەکانیشی لە چاوی کورەکەی دەچێت! دڵی بۆی دەجوڵێت، پەیوەندییەک بە کورەکەیەوە گرێیدەدات، ئیتر لە ڕێگای دیالۆگی کچەو دایکەوە، حیکایەتخوان هەندێ شت لەسەر کوری ژنەکە ئاشکرا دەکات، ئەو کورەی بێ جانتا و بە دەستی خاڵی چۆن لە بێزاری و لە لەدەستدانی هەستی خۆشەویستییەوە، ترس لە کوشتنی ناوەوە، کردنی بە سەگ لە دەرئەنجامی نەبرانەوەی زنجیرەی جەنگەکان، هەستکردنی بە مردن، لە دوای فڕۆشتنی کتێبەکانییشی ئیتر سەری خۆی هەڵگرت، لەو دەرگایەوە چووە دەرێ، نەگەڕایەوە ئیستا ئەم گیاندارە گەڕاوەتەوە،  سەیری یەک بەیەکی ژوورەکان دەکات، لە وێنەیەکی فانتازی لە سەر گەڵایەک ڕادەوەستێت هەور ڕادەکێشێت ناوچەوانی پێدەبەستێ، باڵندە بانگدەکات و ماچیان دەکات، لە گەڵ بەردەوامی و مانەوەی گیاندارەکە خەڵک و دراوسێ کۆدەبنەوە، منداڵێ بە کیسەڵ تێیدەگات، یەکێ ووتی پشیلەیە، لە کۆتریش دەچێت، سیمای هەموو ئاژەڵێکی تێدایە، نەخێر وڕچە، یەک دوو مناڵ کەوتنە لێدانی،  لە بەر دەرگاکە دووریان خستەوە، بەڵام دیسان گەڕایەوە بۆ بەر دەرگاکە، ژنێ ووتی با خەبری پۆلیس بدەین، نەک بتەقێتەوە،  پیاوێک ووتی ئەم لەوانەیە لە هەسارێکی ترەوە هاتبێ، لە دوای گریانی ئاژەڵکە، دایکەی خاوەن ماڵ ترس و گومان لە دڵیا نەما، کە ئەمە کورەکەیەتی و لە شێوەی ئاژەڵدا گەڕاوەتەوە، ئەوەتا سەری درێژ کردووە، حاجی لەقلەقە، نەخێر کیسەڵە با بیکوژین، ژنێ ووتی گوناهە بەزۆر لە گەڵ خۆی بردی، کەچی خیرا گەڕایەوە، کچە مناڵەکە ووتی دایە با بۆ خۆمان بیبەین، بەخێوی دەکەین، مناڵێ بردێکی لێدا ووتی با بیکوژین، جنۆکەیە، کچە گریاو ووتی دایە مەهێڵە، مناڵێ گورسێکی کردە ملی ڕایکێشا، بەزۆرە ملێ بردی بەڵام ئەو ئاژەڵە هەر چاوی لە سەر ئەو دایکە بوو، بەردەوام لەو ژنەی دەڕوانی، هەتا ئەو هەموو مناڵە بردیانە ناو قەرەباڵغییەکەو، لە چاو وونبوو، ئەوەی مابووە وە، هەرگیز لە یاد ناچێت، ئەو نیگایە پڕ مانایە بوو کە هەرگیزاو هەرگیز ساڕێژ نابێت و ڕەهەندی ماناکانی نادۆڕێنێ

     2

هەر لە سەرەتاوە چیرۆکنووس لە رێگای حیکایەتخوانەوە، بە رستەیەکی کورت دەمانخاتە بەردەم دوڕیانێک، ڕاستەوخۆ ئاماژە بە هاوکێشەیەک دەکات، رۆژێکی جیاواز دەکاتە دەرچە، هەر لە ترازاندنی دەرگای حەوشەی ماڵێکەوە ئاوێتەی رووداوێکی نامۆ و سەیر و نەبیستراو دەبین، وەستان لە نێو دەرگا، ئەو دەرگایە سنوورە، هەڵدانەوەی پەڕەیەکی تازەیە، پەرینەوە بۆ ئەو دیو دەرگا، ناسنامەیەکی نوێ دەبەخشێت بە دابەش کردنی ڕەوتی ڕووداوەکان، دۆزینەوەی پەیوەندی نیوانیان و گونجاندنیان، پۆلینکردنی ئاراستەکانیان بە ڕەتکردنەوەی ڕەگەزەکانی ڕیالیزم بۆ دژەکەی، بۆ جیهانە فراوانەکەی، خەیاڵکردن و پرسیارکردن پەلکێشمان دەکات، کات سەر لە بەیانییە، باران دەبارێ، شوێن حەوشەی ماڵێکی ئاساییە، ئامادەبوونی گیاندارێک، کە لە زمانی کیژوڵەیی ماڵکەوە، بە سەگ دەچوێنرێ، ئەم سەگە خەسڵەتی بکەرێکە توانای دروستکردنی ڕووداوی هەیە، بە ڕاشکاوی لە زەمینەی یەکگرتنەوەدا ئاماژە بە جیابوونەوە دەدات، بە مەبەستەوە دەجوڵێت، پەیامێکی دەلالی و ئینسانی هەڵدەگرێ، هاتووە مانایەک بدات بە ئێمە، گەورەیی لەوەدایە بێ زۆر لەخۆکردن لە ڕێگای نمایشکردنەوە، هاتووە هەندێ شتی شاراوە ئاشکرابکات، هەندێ شت بخاتە ڕوو، بەو هیوایەی کیژوڵەو دایکەکەی لێی تێبگەن، باوەشی ئامانی بۆ بکەنەوە، بۆنی خاکە تەڕەکە دەکات، یەک بەیەک دیقەتیان دەدات، ڕادەمێنێ، لەسەر پێ بۆیان ڕادەوەستێ، لە دەرگا دەدات، جۆری لێدانی دەرگاکە بە کردەی هەڵرژان لای دایکە لێدانی دەرگای کورەکەی بیردەکەوێتەوە، هەمان لێدانە، هەمان دەنگە، دەستەبەرکردنی دەنگ بۆ ئاوێتە کردن و گێرانەوەی یادەوەرییە، لە فەراهەمکردنی ڕابردوودا، پێدانی مانایە، ڕێکخستنی ڕەهەندەکانی هەستە، لە سەر هزرو ئایدەفۆنی بەرامبەردا، بە فەرمی ئەزموونی شوێنکاتە، هەر کردەیەکی زیندوو کردنەوە بۆ گێڕانەوەی ڕابردوو، لە پێدراوەکانی ئیستادا، بێشک دابڕانی لێدەکەوێتەوە، پەکخستنی ئەگەرەکانی یەقینە، دروستکردنی گومانە، هەرچەندە دایکە دڵی بۆی دەجوڵێت، هەستی دایکایەتی بە توندی دەیبزوێنێ، چاوی لێناترووکێنێ، بەڵام بە گوێرەی پێدراوەکانی دەق، دایکە ناتوانێ نکۆڵی لە ڕاڕایی لە بێ ئومێدی خۆی بکات، دەمێ چاوی کورەکەی بە ڕەنگی زەرد، دەمی بە ڕەش دەیبینێ، هەستێکە نامۆیە، ئاوێتەیە لە نیوان هەڵسانگدنی روانینێکە لە ئیستادا و گیڕانەوە و کشانی مانای ڕابردوویەکە، پەی بە ئەنجامەکانی نابات، مەزندە ناکرێ، یاخییە بە ئاسانی دەستەمۆ ناکرێ، گۆرینی مانایە، زیندووکردنەوەو  نمایشی  شوێنکاتێکی بەسەرچووە، یەقدانەوەی ئەم بارو دۆخە، جێگای پێشوازی نییە لە ئاشکراکردنی سووژە، لە چۆنایەتی من لە منی کارلێکراو، مەیاندنی عەقڵی کارایە، بە باوەرهێنان، بە پەرینەوە ڕۆحی کورەکەی لە مردنەوە بۆ ژیان، ئەمەش بە چەسپاندنی شوێن و گۆرینی بە شوێنکاتێکی دیکەوە دەستەبەردەکرێت، هاتن لە وێنەیەکی تردا دێتە بەر دیدەی، خۆی تازە دەکاتەوە، لە ناو جەستەیەکی دیکەدا، بە کردەی دۆنادۆن ڕۆحی کورەکەی هاتووەتە نێو سەگێک، یان گیاندارێکی نەزانراوە، کورێکی بێناو، بێنازناو، هیچ دەربارەی نازانین، نە تەمەنی، نە سیماو ڕووخسار، نەدرێژی باڵا نە ڕەنگی، داماڵینی کەسایەتی لە خەسڵەتەکانی جەستەیی و پیشەیی، لە ئاستی چیرۆکدا لە لایەکەوە پەیامی شۆرشێکە لە سەر دابونەرێتی باو، لە لایەکی تروە، یاخیبوون و ڕەتکردنەوەی شوناسە، قایل نەبوونییەتی لەوەرگرتنی فۆرمێکی دیاریکراو لە جەستەی گیاندارێکدا، بەم کارەش لێکچواندن و سەرلێشێواوی  ئەنجامدەدات، نەناسینەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، سەر وسەکوتی لە خۆی زیاتر لە هیچی تر ناچێت، پارادۆکسێ لە گەڵ مەئلوفدا فەراهەمدەکات، بەهیچ پڕ ناکرێتەوە، پینەناکرێ، ئەوەی دەیبینیت، ئەوە نییە کە بناسرێت، بەم پێیەش ڕاساندنی ئەم کەسایەتیە نەناسراوە، دەرخەی تراژیدیایەکە، ڕقێکە گەر زیادە رۆیی نەبێ،  لە تراژیدیایەکەی "میتامۆرفیس" 4 ی کافکا فراونترو ئاڵۆزترە، بەوەی میتامۆرفیس کاتێ دەگۆرێت بە قالۆنچە، دەچێتە جەستەی جانەوەرێکی ناسراو و دیاریکراو، ناسینەوەکەی بە یەک ئامانج ئاراستەکراوە، ئاماژەدارە، بەڵام کارەسات ئەوەیە، کارەکتەرەکەی فاروق هۆمەر، پەرتە، دژوارە ناتوانی لە یەک شووناس و یەک پێناسەوە، لە یەک جەستەی دیاریکراودا بیناسیتەوە، ئەمەش لە ئاست نەگوتراوی دەقدا، ڕەنگدانەوەی ئەو ئەنجامە دەدات بە دەستەوە کە ڕایەڵەکانی کەسایەتی تاکی کورد لە دەرئەنجامی بارێکی ئاڵۆزی دەرەکیدا لە ناوەوە تووشی ئاشووب و ئاڵوسکاوی دەروونی هاتووە، بە ئاسانی ناکرێتەوە ناتوانێ ئەو تەمە بڕوێنێتەوە کە داکەوتەکان زۆر بە دڵڕەقی سەپاندوییانە بەسەریدا، هەر لە ناسەقامگیری ڕامیاری، دواکەوتنی ئاستی بیرکردنەوە و نسکۆی کەڵچەری و پاشا گەردانی ئابووری و جیاوازی چینایەتی، هەستکردن بە تەنیاباڵی، توند وتیژی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کاڵبوونەوەی هەستی خۆشەویستی بە گشت ئاستەکانییەوە، سەرتۆپی هەموویشیان گەندەڵیە، مارکس گووتەنی " هۆشیاری لە دوو باردا گەندەڵ دەبێ، تاوان ببینی سزا نەبینی، سزا ببینی تاوان نەبینی" ، خۆ دۆزینەوە لە نێو جەستەیەکدا، یاخود نیشتیمانێکدا، کە سنووریان هەیە، وەلێ ناوو ناسنامەیان نییە، کۆکراوەی مێژوویەکە، تژییە بە چەوسانەوەو وێرانکردنی مێژوو لە سڕینەوەی جوگرافیایی نەتەوایەتی تاکمەندی جەستەیی، بۆیە  گەڕانەوە بەم فاکتە بۆ ناو گۆڕەپانی ڕووداوەکان نایکاتە خاوەن جیهانێکی سەربەخۆ، وابەستەی ڕابردووە، جیهانێکی بە سەرچووە، تەنیا لە سنووری ئەو پەیوەندییانە نەبێ کە مەبەستی تایبەتی تێدا هەیە، ئایا بۆچی گەراوەتەوە، "بۆ هاتووەتە بەر ماڵیان"، چ نهێنییەکی بە دواوەیە؟ ئەمە پرسیاری ژنەی خاوەن ماڵە، واتا دایکی ئەو کورەیە کە تا کۆتایی چیرۆکەکە، نە لە ژیانیدا، نە لە هەنووکەدا، نازانین ناوی چییە، ئایا گەڕانەوەی تەنیا کۆششێکە بۆ گرێدانی ئیستایە بە ڕابردووەوە! ساتی ڕەوینەوەی گومانکردنە گەیشتنە بە یەقین، یان ترسە لە ئیستادا دەیەوێت خوشکە بچووکەکەی و دایکی بپارێزی،َ وەک کوری گەورەی ماڵ بەقای بە شیرینی پێشهاتەکان ناکات، هەمیشە هەست بە هەڕەشەی تاڵییەک دەکات، کە ئەگەرێک زیاتر هەڵدەگرێت، تا ژیانیان ژەهراوی بکات، لە پێداچوونەوەی داهاتەکانی دەقدا ئەوەمان بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە نە لە ڕابردوودا، نە لە ئیستادا تاقە کەسێ نابینین هەستێکی جوانی بەرامبەر بنوێنێ، هەر کاتێک هەستی جوانی بداتە پووکانەوە، لە بەرامبەردا ڕەگەزەکانی توند و تیژی، کوشتن و برین و جەنگە نەبڕاوەکان هەر جارەو لە ژێر ناوی تازە لە دووی یەکدا دێن و گەش ونمادەکەن، هاوکات چەمکی عەقڵیش شکست دێنێ، بێهێزیش و خۆخواردنەوە لە دنیادا بە سەرچۆپییەوە شایی و بەزموڕەزم بە خۆوە دەبینێ، ڕۆشنبیرو خوێندەوار جێگای تێدا نابێتەوە، گەر لە داخانا نەمرێ، پەرتەواز یان ئاوارە دەبێ، گەر نا دابڕان لە تەک خۆیدا دروستدەکات، تووشی نامۆبوون وخەمۆکی دەبێت، ئەوەتانێ حەکیاتخوان لە زمانی بگێڕەڕەوەی هەموو شتزانەوە، بە ئاشکرا پێشبینیەک دەکات بە کیژۆڵە بچووکەکە دەڵێت "لە جێی ئەوەی وون بیت بەرەو  قوتابخانە بروات" 5، گرێدانی ئەو ڕۆحە بەو خێزانەوە، لە خۆرا نییە جیاوازییەکان لە ئامێز دەگرێت، تێکەڵکردنی دوو گرتە لە یەک ساتدا، ئاستەکانی جووڵە بەرەو هەڵکشانی درامی ئاراستە دەکات، سەری داوەکان لە یەک تابلۆدا کۆدەکاتەوە، گرتەی یەکەم، کاتێ سەگەکە دەگری بە فرمێسک هەوینی میحنەتێک دەگرێتەوە، هەردوو دیوەکەی خەم و خۆشی لە یەک لووتکەدا یەک پێدەگرێتەوە، بە دیوێک گوزارشت لە خەمی تەمنێکی بەسەرچوو دەکات، هەلی دووبارە کردنەوەی نییە، وەک پڕاکتێکیش ناتوانێ هیچ پێشکەش دایک و خوشکی بکات، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان پەشیمانە لە چۆنییەتی مامڵە کردنی ئەوسای گەنجێنی، کە هەڵشەو یاخی و شکستبوو لە خۆشەویستی و پەیوەندییەکانی، بە دیوێکی دیکە ئەو فرمێسکە تەلیسمی دیمانەی پاش ئەوەندە ساڵە زیندوودەکاتەوە، تامی خۆشییەک ئەداتە پاڵ  پرۆژەی گەرانەوە بۆ ماڵ و هێلانەی ئاشتبوونەوە، شیمانەی قەبوڵکردنی تۆخدەکاتەوە، گرتەی دووەم وێنەیەکی فانتازییە بەلای ڕۆمانتیکدا دەشکێتەوە گێڕانەوەکەی پانۆرامیە، بەوەی سروشت هەماهەنگە لە نمایشکردن، کاتێ باران تێکەڵی بە فرمێسک دەکرێ کردەی ناسینەوە و پۆلینکردن دژوار دەبێت ، ئاوێتەبوونی ئاوی باران و فرمێسک ڕەهەندێکی ئەنەلۆگی دەبەخشن لە تەک بەیکدادانی بەخشینی مانا، لەو پنتە هەستیارەی کە خۆشی لە ناخۆشی جیادەکاتەوە، هەر ئەم جیاکارییە، ڕای جیاوازو دیالۆگ لە نیوان کچەو دایکە فەراهەمدەکات، کچەکە بە بارانەوە گرێیدەدات، دایکە بەفرمێسکەوە، ئاژەڵەکە بە هەردووکیانەوە، "کچەکەم ئەوە ئاوی باران نییە، فرمێسکە، ئاژەڵەکە دەگرێ" 6 ، کچەکە بە ئومێدی گلدانەوەی ئاژەڵکە لە لای خۆیان بە خاکەڕایی دەرگای چەند ئەگەرێک بۆ دایکی دەکاتەوە، بێسوودە، دایکە متمانەی تەنیا بە خەم هەیە، بێ ئومێدە، تەنیا بڕوای بە فرمێسکە، نەک باران  گوێی بۆ ناگرێت، دڵڕەقانە دەرگاکە لە دوایی خۆیەوە دادەخات، هەرچەندە لە دواییدا بە شتێک لە بەزیی و شتێک لە سۆسەکردن دەرگاکەی لێدەکاتەوە، کە چۆن ئاژەڵەکە لە ژوورەکان ڕادەمێنێ و بەسەر پلیکانەکاندا سەردەکەوێت، بەڵام وەک کردار دایکە بێدەسەڵاتە، داکۆکی لە تەلیسمی ئەو هەستە ناکات کە دڵی دەجوڵێنێ، لە ژێر فشاری پڕاکتیزە نەکردنی ئەم درککردنە پرسیاری ئاراستە دەکات، دەکرێ بە شێوازێکی ناراستەوخۆ دەرگایەکی تازە لە چەمکی تێگەیشتنی ئێمە واڵابکات، دایکی نەبەئەرێنی نە بەنەرێنی وەڵامی تاقە کچەکەی ناداتەوە، لە سەرەتادا کردەی دەرگا داخستنی دایکە لە دوای خۆیانەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان بێ بەزی بەرامبەر ئاژەڵکە دەنوێنی،َ لە هەمان کاتدا ئاماژەیە بە دەرکردنی، کچەکە لە رێگای گەیاندنی ئەگەرەکانەوە، ئاژەڵکەش لە رێگای بێدەنگییەوە بە هەموو چەشنێک هەوڵدەدەن پەیامی خۆشەویستی بگەیەنن، ئیستا گوێ لە کچەکەی ناگرێت لە ڕابردووشدا گوێیی لە تاقە کورەکەی نەدەگرت، ئەمە پیشەیەتی، ناسنامەیەتی، دایکێکیی زۆردار، یەقدانەوەی کۆپییەکە لە دەسەڵاتی تاک ڕەهەندی، کەلتووری سیستەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، دایکە بەوەندەوە ناوەستێ هەڕەشەی کردنەوەی دەرگاکە لە کچەکەی دەکات، دەرگاکە خاڵی وەڕچەرخانە، ساتی یەکلاکەرەوەی هەڵویستە، بریاردانە، پنتێکی چارەنووس سازە، فاروق دەیەوێت شتێ لە ڕیاڵ دەربهێنێت، کە بە چاوی ئێمە نەبینرێت، وەلێ لە گێڕانەوەی دڕامیدا ئاشکرا دەبێت، کە میوانی نامۆو ناوەختە چۆن دیەوێت ژیانی خۆی پەیوەست بکات بە کچەو دایکەوە، بۆیە لە دەرگاکە دەدات، عانێ گۆی قوڵاخی ڕای کچەکە دەبین، هاوشان ئاژەڵکە بە شێوازێکی دی دێتەوە، کاتێ ڕوو لە ئاژەڵەکە دەکەین، کچەکە بە پێشهاتێکی دیکەوە گفتوگۆ لە تەک دایکی دەکات "ئەی چییە دایە خۆ دووپشک نییە" 7 ڕازاندنەوە و تەژیکردنی دەرکەوتەکان، بە دیوێک بەتاڵ کردنی ناوەرۆک و تەوەری خۆشەویستی بە زەقی دەخنە ڕوو، بە ئاشکرا چاوخەڵتاندن بەرهەمدەهێنن، پارادۆکس فەراهەمدەکەن، لێرە ئاژەڵکە دەردەکات بە مەرجی جێگربوونی هاوکێشەیەک کە چاوەکانی لە چاوی کورەکەی دەچێت، وەلێ هەستی خۆشەویستی وەک کردوە، کاری پێناکری،َ وێنەی کورەکەی کە لە سەر دیوارەکە جێگیرکراوە، تەنیا بووتە پرۆپاگندە، ئاماژەیەکە بۆ نواندنی ئەمەگ و خۆشەویستی، وێنەکە بەو پەری ڕێزو خۆشەویستییەوە لە ژوورەوە هەڵواسراوە، وەک کردوەش خاوەن وێنەکەش لەو دیو دەرگاکەوە دەردەکرێت، بۆ شاردنەوەی شوێنەواری ئاوڵەکانی ڕوو، چۆن مکیاژێکە، چۆن گەوجاندنێکە، لەڕووی فۆڕمەوە  هەر وەک گەوجاندنی ئاژەڵەکەیە بۆ ئەوان، ئاژەڵکە بە ئەنقەست بێدەنگی کردووەتە بژاردەی خۆی، دەزانێت دایکی گۆی بۆ ناگریت، کچەکەی زیندووە گۆی بۆ ناگرێت، ئیستا لە کوی گوێ بۆ ئاژەڵیک یان بۆ مردوویەک دەگری،َ دڵنیاشە لەوەی پرۆسەی گۆێگرتن نەماوە، ئەزمونی کەلتووری بیستن دەمێکە لەم  هەرێمەدا بەسەرچووە، گووتاری دەق جیاوازی و دژایەتی جەمسەری دوو شوێنکات دەخاتە بەردەست، لە فاکتەکانی هەنووکەدا، فاکتەرەکانی بێدەنگی ڕادەستبوون نییە بە نائومێدی، ئەوەندەی ڕەگەزەکانی ئاشتبوونەوەی تێدا ڕەچاو دەکرێ ئەوەندە یاخیبوونی ڕابردووی لە سەر بونیاد نانرێَ، گەر پیلانی بێدەنگییەکەی بەشێک نەبێت  لە دەنگ و ئاخاوتن و ئەجیندای گەڕانەوە هەڵنەگرێت، ئەوا بێشک جۆرێکە لە نەرمی و لە دانای و لە خۆگرتن، گەر لە ڕابردوودا دەنگ و هەراو تووڕەبوون و سەرهەڵگرتن و تەراوگەی بە دوایخۆیدا هینابی،َ ئایا بە ئاراستەی پێچەوانە، بێدەنگی سەقامگیری و گەڕانەوە بەدەستناهێنی، گەر ڕاساندنی ناڕەزایی و ژاوەژاو، ڕێنوماییەکانی خۆ گونجاندن هەڵوەشێنێتەوە، نەتوانێ لە ڕابردوودا جیاوازی دروستبکات، ئایا لەم بێدەنگییەی ئیستادا دەتوانێ ئەو جیاوازییە فەراهەمبکات، گەر ئەوسا چەکەڕەی فەوتاندنی بەرهەمهێنابێ، ئایا ئیستا دەتوانێ بەر لەگەیشتن لە نێویبەرێت، گەر ئەوسا بە ناسنامەو بە نەبوونی جانتاوە، لە پرینسیپەکانی مانەوە وەک مرۆڤ داکۆکی دەکات بۆ ئەوەی جانتای هەبێ، سنوورەکانی کەسایەتی خۆی تێدا کۆبکاتەوە نەبوونی جەنتا ئاماژەیەکی دەلالیە بە لەق بوونی شوێن، لە هەرشوێنی جەنتات هەبوو، مانای ئەوەیە شوێنێکت هەیە بەستنەوەیەکت هەیە بە شوێنێکەوە پابەندیت، گەر بچووک و کاتیش بێت، ڕووبەرێک هەیە پڕیبکەیتەوە، تڕاژیدیای ئەم برادەر هێزە سەرەکییەکەی وابەستبوونی بە شوێنەوە وونکردوە، لە سەرجەم ئاستەکانی خۆشەویستیدا هەڵلوشین سەروەرە لە تەنگەژەو هەستی بێ ئومێدی ، لە گیانەڵابوونی هیوادا هیچ نەماوە خۆی پێوەبگرێ، بەتال،َ خودی خاڵی، سەری خۆی هەڵگرت، ئایا ئیستا محاڵ نییە بتوانێ بگەڕێتەوە، داوای شوێن بکات و بەتاڵییەکانی پڕکاتەوە، هەستی خۆشەویستی بگێرێتەوە، ئایا دەتوانێ پردی لکاندنی دوو شوێنکاتی جیاواز بەدژەوابوونەکانییەوە بەیەکەوە گرێبدات، کاتێ لە ژێر فشارێکی دەروونیدا دەتەقێتەوە، وەک دەرئەنجامێک کردەی بێزاری هێڵنجی پێدەدات، جوانییەکانی سروشت نابینێ، پێ لەوە دەنێ هەستی خۆشەویستی نەماوە، ئایا ئەمە وەک دەرهاویشتەیەک هەوێنی پرسیارگەلێک ناگرێتەوە، پێویستی بە ڕوونکردنەوەیک زیاتر نییە، ئایا ئەم هەڵوێست وەرگرتنە، تۆڵەکردنەوە و سزادانی خودی خۆی نییە، کە ڕۆژێ لە ڕۆژان خەونی هەبووە، ئیستا متمانەی پێنەماوە، یان پەرچەکردارێک نییە ڕووە نێگەتیڤەکەی وەرگرتووە، بەو پێیەی " هەر شتێک لە ڕادە بەدەر پتر بوو هەڵدەگەڕێت و دەبێتە دژەکەی" 8 ،  بێ نرخکردنی بەهاکانی مرۆڤ، لە دەرئەنجامی جەنگ و وێرانکارییەکانی وەشاندنێکی محاڵە بتوانێ ئۆقرە بگرێ، خۆی لە کردەی سەگبوون بپارێزێ، ئاگری جەنگ دۆزەخێکە لە دەرەوەی هەڵبژاردەکانی ئەمەوە هاتووە، سارتر گووتەنی " ئەوانی دیکە دۆزەخن" 9 لە دۆزەخدا جگە لەوەی لێبوردن نییە، شتێکش نییە ناوی هێمنکردنەوە و دڵدانەوە بێت، هەر لەسۆنگەی ئەمەشە سەرجەم هەوڵەکانی دایکی بۆ مانەوەی کورەکەی بێسوود دەبێت، ئەم وەک دایکی ڕادەستی سڕ کردنی دۆزەخی داکەوتەکان نەبووە و نابێت، ئەم وەک دایکی لە دوای دۆزەخەوە، گەشبین نییە بە هەبوونی بەهەشتی ئایندە، ئەم لە ڕێگای سەرخۆهەڵگرتنەوە تەژییە بە رەتکردنەوەی ئەم دۆزەخەو دەست و پەیوەندەکانی، ئەم جگە لە رۆیشتن و دوورکەوتنەوە، بە هیچ چارەسەرێ گەشبین نییە، ئەم ڕەشبینە بەوەی چیتر بەرگەی بەدۆزەخ کردنی داکەوتەکان ناکات، مەجبوری مانەوە نییە، دەروات سەری خۆی هەڵدەگرێت، ئامادەیە دۆزەخێکی دیکەی نادیار تاقیبکاتەوە، دایک چییە.. نیشتیمانی بێ ئیرادە چییە، کە نەتوانێ ئاسوودەی و سەقامگیری بە تاکەکانی ببەخشێت، ئەم نایەوێت لە نێو مێگەلدا تاکێکی سواو بێت، ئەم وای پێ باشترە ڕەشبینێکی بە ئیرادە بێت، پارادۆکس فەراهەمبکات لە تەک گەشبینێکی بێ ئیرادە، گرامشی گووتەنی "ڕەش بینێکی بە ئیرادە نەک گەش بینێکی بێ ئیرادە"10  ئەم ئیرادەیە لە هیچەوە نەهاتووە، بەڵکو پاشخانی ڕۆشنبیری لە دواوەیە، لە ئەشقی کتێب و شەونەخوونییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەیەک کاتدا قەیرانی ئابووری و تەنگژەی بوون، ناتوانێ کتێب و دۆزەخ لە یەک پێگە کۆبکاتەوە، ڕەنگە کتێب بفرۆشرێت و لە ناوبچێت، بەڵام مەعریفە نافرۆشرێت و لە ناو ناچیت ، دوانەی کتێب و مەعریفە، وەک دوانەی جەستەو ڕۆح وایە، پابەندی یەکن، هەر دابڕانیک مردنی جەستەو کۆچکردنی ئەوی تر واتا ڕۆح دەستەبەردەکا، بوونی ئەم بە کتێبەوە بەندە، جوانییەکانی ڕۆحی بە مەعریفەوە گرێدراوە، کەواتە بە هەبوونی کتێب، جوانییەکانی معریفە ئامادەباشی هەیە، بە فرۆشتن و نەمانی کتێب، تیرکی جوانییەکانی مەعریفە، ڕۆح ئاسا بێ بەربەست بە تاک ڕەویانە کۆچ دەکەن، درککردن بە مردنی پێشوەختەی خۆی، لە دوایی فرۆشتنی کتێبەکانییوە ئاشکرا دەبێت، خۆی بە مردوو دەزانێ، لەوە زیاتر هیچ نەماوە دەبێ ڕۆحی خۆی لەو دۆزەخە رزگاربکات، سەری خۆێ هەڵگرێت، لە دوای کردەی هەر ڕۆیشتنێکی ڕاستەوەخۆ بۆ چارەسەرکردن، نهێنی زامی  گەڕانەوەیەکی ناراستەوخۆ هەیە ، ڕۆیشتن و بەجێهێشتنی دۆزەخ توانایەکی بێ سنووری هەیە لە سڕینەوەی شتە جوانەکان، گەڕانەوەش لێکەوتە بۆ دۆزینەوەو بڕینی هەردوو هێڵە هاوتەریبەکەی دۆزەخ و بەهەشتی لە دەستچوو، هەردوو جەمسەرە بەیەک نەگەیشتووەکەی مردن و ژیانە، پەرتە، بۆشاییەکە لە نیوان ژیان و مردندایە، لانەوازە لە مردن گەڕاوەتەوە، تامەزرۆی ژیانە، تینووە بە ڕادەی دوورکەوتنەوەی لە مردن، بە زیادەوەش هەڵپە بۆ ژیان دەکات و تێر ناخوات، سەرسامە بە هەبوونی ژیان لە ژینگەیەکدا کە سەرەکەترین هۆکارەکانی ژیانی تێدا نەبووە، کە لە ژیاندا بوو بۆ ئاوێک دەگەرا بیهێڵێتەوە، زیندوویەتی پێببەخشێت لە هەستی مردن دووری بخاتەوە، ئەو ئاوە نەبوو ماڵێکی مردوو، کۆمەڵگایەکی مردوو، مرۆڤێ زیندوو ناخوازێت، یان دەبێت لەو گۆڕستانە بمێنێتەوە، بە مردنێکی فەلسەفی  بمرێ، یان دەبێ لە پێناو بیروبۆچوونەکانی سەریخۆی هەڵگرێت، لە گەڕانەودا دوای "سەرکەوتنی داخراو"11 مردنی خاوەنەکەی، ئاو چ بەهایەکی دەمێنێ، هەر بۆ خۆت ئاو بخۆرەوە هیچی لێ بەرهەم نایەت، مردەلۆکی ترسی زیندووبوونەوە و ئاوەدانبوونەوە هەڵناگرێت، تینویەتیش ناشکێنێت، ئەم مردووە، ناسنامەی زیندووی هەڵگرتووە بۆیە لە ئاو خواردن تێر ناخوات، دایک و خوشکی و گەڕەک و شار زیندوون بە ناسنامەی مردنەوە ماونتەوە، ئاویان بۆ کراوەتەوە، بەلوعەکەیان وەک جاران بێ ئاو نییە، ئاویان هەیە ژیانیان نییە، هزرو خۆشەویستیان نییە، نەترسی مردنیان هەیە، نە لە ژێر هەڕەشەدان تا بیر لە ڕۆیشتن بکەنەوە، رایەڵەکانی وێنەکە دژوازە بە خستنەڕووی دوو سەردەمی جیاواز، سەردەمی خەباتی مانەوەی پێش ڕاپەرین و سەردەمی ڕادەستبوون و گەڕانەوەی دوای ڕاپەرین، سەردەمی ئاوێتەکردنی ڕەنگەکانە، یەقدانەوەی ڕەشی ڕابردووە لە نێو پاییزی زەردی هەنووکەدا، سەردەمی کەشفکردن و بۆنکردن و کاتی ناسینەوەیە، گەڕانی بەنێو ژوورەکاندا، سەرنجدان و بۆنکردنی بەردەوام، گەیاندنی پەیامێکی ئاشکرایە، لە ڕێگای گرێدانی سەردەمە جیاوەزەکانەوە ئەم بناسنەوە، بیر لە ئایندەیەکی تر بکەنەوە، ئەم بۆچوونە یەکدێتەوە لە تەک ئەم پەندە ئیسپانیە کە دەڵێت" ڕابردوو بە وێنەی ئیسفەنجێک بگووشە و ئیستا وەک گوڵێک بۆن بکە و ماچی بۆ ئایندە بنێرە" واتا ئامانج لە گەڕانەوەی ئەم زیاتر بۆ ئاشتبوونەوەی لە گەڵ ئایندەو نۆستلۆژیادایە ، گریان و پێکەنینی لە یەک ساتەوەختدا ئاماژەیە پەلارە بۆ کاڵفامی دایکی، هەر لێیناگات، گیڕانەوە هاوتەریبە لەبەر ئەوەی نووسەر کە لە پشت حەکایتخوانەوە خۆی حەشارداوە، جارجار رۆڵی گێڕانەوە بە دایکی دەسپێرێ، دایکی بگێڕەڕەوە بە زمانی منی قسەکەرەوە، پێ لەو راستیە دەنێ کە ئاژەڵەکە لە شوێنکەدا دەوەستێ، دەبێتە باکڕاوندێ بۆ پەردە هەڵماڵین لەسەر شێتبوونی کورەکەی، سوتاندنی ئەو کتێبانەی کە لە کتێبخانەکەیدا مابوونەوە، بە مانایەکی تر ئەم زۆربەی کتێبەکانی فڕۆشتووە ئەو کتێبانەی ماونەتەوە هەڵبژاردەن، لە سۆنگەی ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەستن بە ژیانی تایبەتییەوە، هەر یەکێکیان بە جۆرێک رۆڵیان هەبووە لە داڕشتن و لە پێکهاتەو لە پاراستنی نهێنییەکانی، بۆیە تایبەتمەندییەکیان هەیە، قابیلی فڕۆشتن نین، دڵی نەهاتووە بیانفڕۆشی،َ لە ساتە وەختێکی زۆر شپرزەدا کە هزر پڕزی لێدەبرێت سنوورەکانی دان بەخۆداگرتن تێکدەشکێت، ئیتر هیچ لەمپەڕێک لە نیوان من و نامندا نامێنێ، ئا لەو ساتەدا بە گرتەیەکی زۆر فانتازی تەژی بە تراژیدیای کەنارکەوتن، فاروق هۆمەر لە گەڵ بەیاندا تابلۆیەک دەرازێنێتەوە، بە ئاهەنگی هەڵهاتنی ڕۆژێکی تازەو بە هەرسهێنانی مڕۆڤێک بێ پرسە لە سووتاندنی کتێبەکانیدا سەمای مەرگ دەکات، هیچ ئاساوار و ژیلەمۆیەک لە سەر زەوی بەجێناهێڵێت، هەر پەڕەیەکی سووتاو دەنگێکە، ناڵەیەکە، بەشێکە لە ڕۆحی، بەشێکە لە هەبوونی، هەڵسپاردنی ڕۆحی بە پۆلینکردنی ئەو کەسانەی لە گۆڕینی ڕێڕەوەی مرۆڤایەتیدا مێژوویەکان ئەنجامداوە و دابڕانێکیان فەراهەمکردووە، هەر یەک لە سوکرات * ، لە شەوە سپییەکانی دۆستۆیەڤسکی **و لە مەسیحدا، پەنابردن بۆ زیندووکردنەوەی ئەم ناوانە، گوزارشتە لە تایبەتمەندی و بارگاوی بوونی ڕۆحە، بە ڕەنگەکانیان درککردنە بە ژان و ژۆیان تامکردنی کێشەکانیانە، خۆ دۆزینەوەیە لە ناویاندا، ڕەنگدانەوەی شووناسییەتی، نیشتەمەنییەکە لە ناخیوە سەردەکات، ناتوانێ لێی رزگار بێت، هەر یەکەو بە شێوازیک و بە چەشنێک پشکێکیان لە ڕۆحی پچڕیوە، لە سوکراتەوە خودی خوی ناسی، ڕەخنەی لە دەسەڵات گرت، لە شەوە سپییەکانی دۆستۆیەڤسکییەوە فێری تەنیایی و ئەوینی یەک لایەنە بوو، ئەو کچەی خۆشیدەویست یارمەتی ئەدا، حەزی لە کورێکی تر بوو، لە دواجاردا لەو کاتەی ئەم ئەیەوێت بێدەنگی بشکێنێ، ئەوینی خۆی بۆ ئاشکرا بکات، ئەو دەڕوات لە تەک ئەو کورەی کە فەرامۆشیکردبوو، ئەمەش بێ ئومێدیەکی تر، داخستنی دەرگایەکی تر لە ژیانیدا ساغدەکاتەوە، دەرگای یەکەم دایکییەتی، پەیوەندییەکی پتەوە خودی داگیر کردووە، تووڕە بوون و هاتوهاواری تەنیا بۆ گێرانەوەی خودی لە دەستچووە، ئەم لە تاوانا نەبا وون بێت فریای خۆی دەکەوێت بەجێیدەهێڵێت، دەنکەکەی حەشارگایەکە، ئەلتەرناتیڤی دایکییەتی، دۆزینەوەی خودە، خۆی تێدا دەبینێ، بێدەنگییەکەی ترسە، نەوەکوو ئەمیشی لە دەست بچێت، بەڵام ئەفسووس پێش ئەوەی بێتە دەنگ دەنکەکەی ئەم بەجێدەهێڵێت، ئەم هەمیشە قوربانی بووە، لە سوکرات بووە قوربانی مەعریفە، لە شەوە سپییەکانی دۆستۆیەڤسکیدا، ئەوینی خۆی دەکاتە قوربانی ئەو کچەی کە خۆشیدەویست، دوا شت معریفەو ئەوین کۆدەکاتەوە، مەسیح ئاسا خۆی دەکاتە قوربانی، بە مردنی خۆی ژیان بۆ ئەوانی تر مەیسەر دەکات، گەر ئەوسا مەسیح لە خاچ درابی،َ ئەوا ئەمیش بە جۆریک لە جۆرەکان لە خاچ دراوە، هاوکێشەی مردوویەکی زیندوو بە یەکیانەوە دەبەستێ ، مەسیح بۆ دابینکردنی داد پەروەری و خۆشەویستی، لە ئاخر زەمندا دێتەوە، ئەمیش لە ئیستادا بۆ هەمان پەیام گەڕاوەتەوە، مەسیح لە خاچ دەدرێت، ئەمیش هەڵگری پەیامەکەی مەسیحە، لە دوای پەیوەندی دوو خۆشەویستی دۆڕاو، کۆمەڵگایەکی سەقەت، شەرو لێکەوتەکانی، بە فەرمی شوێنی لە دنیادا نەماوە، بە ئاگرەوە لە دەرگاوە دەردەکرێت، دابەشکردنی ڕووداوەکان، دۆزینەوەی پەیوەندی نیوانیان، رێکخستنیان لە هاوکێشەیەک کە دیفاکتۆ بگۆرێ بۆ دژەکەی بۆ خەیاڵکردن یان ڕەگەزەکانی ڕیالیزم وەرچرخێنَی بۆ گرتەیەکی فانتازی، وەک ئەوەی نووسەر لە ڕەوتی گێڕانەوەی بە دوای یەکدا ڕەچاویان دەکات و جیایاندەکاتەوە، لە گرمەی تەنگژەی کەنارکەوتنەدا، جارێکی تر هەڵدەسێتەوە، هەستێ دەیگێرێتەوە لەو دژەوابوونەدا، جارێکی دیکە خۆی نمایشدەکات، هەوڵدەدات بوونی خۆی بسەلمێنێت سارتر ئاسا لە دژایەتی ئەوانی تردا بوونی دەسەلمێنێت، گەر بە کردەویی لە ژێر فشاری داکەوتەکاندا دۆڕابی،َ ئەوا بە دیوەکەی تردا، لە دەرخەی خەیاڵ و فانتازیادا خۆی دەکڕێتەوە و دیباتەوە، کاتێ ئازووقەی خۆشەویستی هانی ئەدا باوەش بە دارهەنجیرەکەدا دەکات و لێینابێتەوە، هەرچەندە باران دەیگرێتەوە ڕۆژئاوا دەبێ، شەوی بەسەرا دێ خۆرهەڵدێ، ڕاگیری بە چەقینی بە دار هەنجیرەکەوە دالێکە بۆ مەدلولی مانەوەو خۆشەویستی، هەر وەک باران دالێکە بۆ زیندووبونەوە ، سەردەکەوێت، تا لەسەر تاقە هیوایەک تاقە گەڵایەک لەنگەر دەگرێ، دەوەستێت، ئەم گەورە دەبێت، خۆشەویستی نامرێ شار لە سۆنگەی ڕق وجەنگەدا بچوک دەبێتەوە، دەمرێت، دوانەی جەنگ و شار گەر لە گۆشە نیگایەکی دیکەوە ووردبوونەوەی بۆ بکەین، دەکرێت یەکبێنەوە لە گەڵ دوانەی من و دەسەڵات، ئەو جەنگەی کە لە ناخیدا هەڵگیرساوە کەمتر نیە لەو جەنگەی کە لە دەرەوەی ئەمدا ڕوودەدات، دەستپێکی جەنگی ئەم  لە هەژموونی دایکیەوە پەل دەهاوێت، سەرنجبدەن هیچ جۆرە ئاماژەیەک نیە بە هەبوونی ڕۆڵی باوک، پێدەچێت دایکی بێوەژن بێت، رۆڵی باوکشی بگێڕێ، بێوەژن هەم سۆزە وەک دایک، هەم دەسەڵاتە وەک باوک، ئەم لە نیوان دوو بەرداش پەرت بووە، دایک بە دیوێک خۆشەویستی دەنوێنێ، بە دیوێکی تر زۆرداری و دەسەڵات پەیڕەو دەکات، ئەوە دەنگ و گازندەی دەسەڵاتە لە گەرووی دایکییەوە سەردەکات" ئای کوڕەکەم چەن عەزێتی ڕۆحت داوم لە هەر کوێ رۆحت شاد بێ  زیندوویت یان مردوو" 12 ئەمە پتر لە گووتاری سیاسەتمەدارێک دەچێت سەیری دژەوابوونەکان بکەن، عەزێتی ڕۆحت داوم/ ڕۆحت شاد، ناشرین کردنی لایەکە، بەرانبەر بە جوانکردنی لایەکەی تر، زیندوویت / مردوویت، بێ منت کردن و بێ نرخکردنە بۆ ئەمی دەسەڵات، جیاوازی دروستناکات، چۆن عەزێت و ئازارەکە لە بیرناکات، چەند لێبوردنش ئەنجامدەدات، گەرچی وەک نیشتیمان دایکی هەیە، بەڵام وەک پێشەوا باوکی نییە، پەرتە، هەمیشە بەترسی بۆشایی شوینی باوک گەماڕۆ دراوە، ئەم هەستە لای فاروق لە چیرۆکی باوکم دا بە ئاشکرا ڕەنگدەداتەوە، هەمیشە دەسەڵاتی باوک گەروەک پیویستش نەبێ دەتوانێ هەستی دڵنیابوون بۆ خێزانەکەی بێنێت، هەستکردن بە هەڵتۆقینی ئەم بۆشاییە، دوو کەرت بوونی ئەمی بکەری لێدەکەوێتەوە، لە گێژنەی خەمێکی ئەبەدیدا دەخولێتەوە، ناگات بە مەرام، بە دیوێک هەستدەکات کوری گەورەی ماڵە، خۆی بە پیاو دەزانێ، دەیەوێت جێگای باوکی بگرێتەوە، بە دیوێکی تر لە لایەن دایکییەوە دووچاڕی کێشەبووە، دایک نایەوێت دەسەڵاتی ڕادەستی کورەکەی بکات، وەک بیوەژنێک تەنیا متمانە بە خۆی دەکات، ئامادە نییە دەرخستنی کورەکەی ببێتە هۆی سڕینەوەی خۆی، وەک دایک ئەمە هێڵی سوورە، کۆدیتایە، نەمانی باوک کێشەیە، بۆشاییەکی چەورە بۆ جێگرتنەوە، بانگشەی شەرێکی نهێنی ناوەخنە، دەرچەی ئەم کێشەیە لەسەر دوو ئاستدا ڕایەڵەکان ڕەنگدەکات، قۆناغی یەکەم بۆ پتەوکردنی پێگە و سەپاندنی دەسەڵات، کورەکە پەنا بۆ سەنگەرەکانی ڕۆشنبیری دەبات، بە خەباتی ڕۆشنبیری قەرەبووی هەست بەو کەمبوونە دەکات کە دایکی پێی بەخشیوە، هەر لە نەبوونی حیکمەت، خۆشەویستی و دادپەروەری، هەر لە بەڕ ئەمەشە هانا دەبات بۆ هەر یەک لە ئەریستۆ، لە شەوە سپییەکانی دۆستۆیەڤسکی و لە مەسیح، لە پاش سووتاندنی ئەمانە و دەرکردنی بە ئاگرەوە کاردانەوەیەک ڕوودەدات، دەچینە قۆناغی دووەم ئەم قۆناغە، خۆ نمایشکردنی کردەوییە، گۆاستنەوەی بۆ پڕاکتیک، بە پڕۆسە خۆ هەڵواسینە بە کەسانێکی شۆڕشگیرەوە، ئازاردان و داخکردنی بەرانبەرە، کاتێ  بە ئەنقەسد کەسیک دەهێنێتە ماڵەوە دەڵێت دایە ئەمە "وڵ سۆینکا"13 یە وەک هەرەشەیەک پێناسەی بۆ دەکات، ڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ هەڵاتنی خۆی سازدەکات، یان زەقترو تۆختری دەکات، بە بەردەوامی برینەکەی دایکی زیاتر پڕ ئازار دەکات، بە ناو هێنانی "لۆرکا" 14 ی شاعیر پیناسەکردنی قەوارەی تۆڵەیەک زیاتر لەخۆ دەگرێ، ئەوەتا لە ئیستادا، ڕۆحی کورەکەی لە ناو ئەو ئاژەڵەدا خۆی ئاشکرا دەکات، بەمەش لێکەوتەی بەراوردێکی پراکتیکی ئەنجامدەدات، کردەی جیاوازییەکان زەقدەکاتەوە، لە نیوان دنیای خەیاڵی پاکی شاعیرانەو دنیای پێدراوی پیسی داکەوتەکان، یان لە نیوان دنیای سروشت و دنیایەک کە لەسەر گومان بونیاد نراوە، ئەمەش لە ڕێچکەی خەیاڵکردنی دایکەکەوە فەراهەم دەکرێت بە گۆڕینی ڕیالیزم بە خەون کە مۆرکێکی داهێنەرانەو دەروونی هەڵدەگرێت، هەڵهێنجان لە دەقی نائامادە ئەوە ئاشکرا دەکات، ئەمی دایک لە بری ئەوەی بڵێت دڵم پڕ لە حەسرەتە، بەوەی هەلی پەشیمانی بۆ نەماوەتەوە، ئەوەی ڕۆی ناگەرێتەوە، بوو بە یادەوەری و خەیاڵ، بە لێوگفت بۆ ئێمە دەیگێرێتەوە دەڵێ "ئەو ئاژەڵە دڵ پڕ لە حەسرەتە دەبینم لەو بەرزاییەوە وەستاوە و دەیەوێت دەست بات لە هەورەکانەوە..هتد"15 ئاوێتەکردنی خەیاڵ لە تێکشکاندنی ڕەهەندەکانی واقعەوە ئەنجامدەدرێت، خەیاڵی فانتازی ئەلتەرناتیڤی حەسرەتەکانی واقعی لە دەستچوو جۆرێکە لە پاکانە، شانازییەکی بەر هەستەکیە کە چۆن باڵندەکان بانگ دەکات، ماچیان دەکات، یان لەسەر گەڵایەک وەستاوە فاروق هۆمەر پێچەوانەی زۆربەی چیرۆکنووسان بە زمانێکی سادە وێنەکان دەکات، بەڵام بە مانایەکی قووڵەوە بارگاوییان دەکات، ڕامکردنی زمان توانایەکی باش دەستەبەردەکات لە گەیاندن و لە کەشفکردنی خواست و دەرخستنی جیاوازییەکاندا، لە سەرجەم ساتەکاندا، هەست بە لێکترازندنی دەنگەکان دەکەین، گێڕەڕەوە هەوڵی داوە کەسانی جیاواز بێنێ و کۆیانکاتەوە، ڕۆڵیان بداتێ، خەڵکێ بێ ئیش و کار خەڵکێ سادە،  هەر لە دراوسێ و پیرەژن و مناڵ، پەی بە نهێنی ئەو بوونە نابەن، نادیارە، لە فۆڕمێکدا دەرناکەوێت تا لەسەر بنەمای لێکچون ناسینەوە دروستبکەن، کێشەی سەرەکی خەڵکەکە ئەوەیە کە ناتوانن جیاییبکەنەوە، ناوی لێبنێن، هەر یەکەو شتێک دەڵێت لە تەک بریاردان و شووناسدا یەکنایەنەوە، بۆچوونی جیاواز و تێکڵاوی لێدەکەوێتەوە، ئاوێنەیەکە هەر کەسێ دێت خۆی تێدا دەبینێ بە ناشرینیبێ یان بە جوانی، ئەم خەڵکە نوێنەری توێژەکانی کۆمەڵن، پێوەرو سامپڵێکن ئاستی گەشەی مامڵەی مرۆی ئاشکرا دەکەن، هەر یەکەو هەڵگری ئەو خەسڵەتەیە کە ناوی لێدەنێت، هەر لە سەگ، کیسەڵ،  پشیلە، کۆتر، ورچ و حاجی لەقلەق، ئەم بوونەوەرە فرە دەنگی ناسنامەکان دەردەخات، ناسنامەی هەرچی بێ چ تاوانێکی کردووە تا دەرکرێت، ئینجا لێبدرێت و ئازاربدرێت، ئەوەی بە تاوان هەڵدەسێدەت و لێیدەدات سزانادرێ، کەچی بێتاوان بە ئاشکرا سزا دەدرێت، لێرەدا نەک مرۆڤ بەڵکو ئاژەڵیش لە زوڵم و ستەم رزگاری نابێ، ئەم پەنای بۆیان بردووە، هاتووەتە بەر دەرگاکە خۆی بدۆزێتەوە، کەچی ئەوان، بە زۆربە لێدان و ئەشکەنجەدان دووری دەخەنەوە، دەگەڕێتەوە، رێکنەکەوتن لە سەر هاو شێوە بوون، پەیوەندی هەمە ڕەنگ دادەڕێژێت، بیرۆکەی جیاواز فۆرمۆڵە دەکات، تێنەگەیشتن ڕێگا خۆشکەرێ بە توانایە بۆ پەی بردن بە گومانی خراپ، هاندەرێکی گونجاوشە بۆ چەواشەکاری و بەلاڕێبردن، ئەم گیانەوەرە نە پەلەماریانی داوە نە هیچ، تەنانەت هیچ دەنگێکشی لێوە نایەت، ئیتر ئەم ترس و گومانە لە پایەی چی، لە داوا کردنی پەناو خۆشەویستی بەولاوە چ تاوانێکی نەکردووە تا ژنێ لەو لاوە پێشنیاری ئەوە بکات بدرێتە دەست پۆلیس، نەک بتەقێتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ئاشکرایە بە نەبوونی زمانی لەیک تێنەگەیشتن و قەبوڵکردنی یەکتر، گوێ نەگرتنە لە یەکتر، ئەوەی نەتوانێ شتێ بە خۆشەویستی بێنێ، هەوڵ ئەدات بە ڕق و کینە بیهێنێ، گەر نەتوانێ گوڵ پێشکەش بکات، خۆ دەتوانێ دڕک دەستەبەربکات، گەر نەتوانێ ژیانیان بۆ دەرخات، خۆ دەکرێ مەرگیان بۆ بێنێ، دوا شت، گەر نەتوانێ لە ڕابردوودا، وانە وەربگرێت دەتوانێ لە ئیستادا چاو بنووقێنێ، ئایندە ڕەشکاتەوە، ئەوان لە هەسارێکدان خۆشەویستی تێدا نەماوە بە زەوی ناودێر کراوە، ترسی تەقینەوەی لێدەکەن، ئەمیش نامەی خۆشەویستی پێیە، بۆیە گومانی ئەوەی لێدەکەن کە لە هەسارەیەکی دیکەوە هاتبێ، ئەوە خەمکانی خۆشەویستیە، ئەوە گریانی پاکژبوونوەیە، جەمسەرەکانی ناسینەوە بەیەکەوە دەبەستێت، هەست دەبزوێنێ و گومان ناهێلێت، دایکە دڵنیا دەکات کە ئەوە کورەکەیەتی لە شێوەی ئاژەڵدا گەڕاوەتەوە، لە ڕابردوودا ئەم بە ویستی خۆی دایکی بەجێهێشت، وەلێ لە ئیستادا کە گەڕاوەتەوە بێ ویستی خۆی دایکی دەستبەرداری دەبێت، وازی لێدینێ، بە قسەی کچەکەشی ناکات گلی ناداتەوە، دەیداتە دەست چارەنووسێ نادیار، پەرتبوونێکی تر، لە قاوغێکی تر، گریانی کچەکە بە دوای خۆیدا دێنی، لە کۆتاییدا چیرۆکنووس وەک گوزارشتکردن لە کارەسات و زیندووکردنەوەی تراژیدیای لە یەک پچران، لەڕێگای کڵۆم کردنی ئەنەلۆگییەوە بە کراوەی هەڵماندەسپێری بە دژەوابونێک لە بەرانبەر دوانەی وون بوونێک و دۆزینەوەی نیگایەک، تێڕامانێک، لە دیدەوە دەردەچێت کوونادڕ دڵدەپێکێ، سۆمایەکە جەرگبڕە، هەرگیز زەمەن ناتوانێ کاڵی بکاتەوە، لە یادەوریدا بە نەمری دەمێنێتەوە، نیگایەکە بە جوانترین زمان ئاخاوتن دەکات بە زمانی چاو، بە ئاوێنەی دڵ پەیامەکەی دەگەیەنێ دووبارەی دەکەینەوە هەتا هەتایە ڕەهەندی ماناکانی نادۆرێنێ، بۆشایی ئازارەکانیشی سارێژ نابێت، نیگایەک لە دڵەوە دەرچێت، دەچێتە دڵەوە، نەمرە، شوێنکات ناتوانێ کاڵی بکاتەوە. 

     ژێدەرەکان:

1 ـ فاروق هۆمەرـ سەرگەردانییەکانی پیاوێکـ ـ چاپی دووەم ـ 2011ـ چاپخانەی یاد، بازاری سۆز، نهۆمی سێیەم ـ ساڵ 2011

2 ـ عەتا قەرەداخی ـ شکستی پرۆژەی کوشتنی باوک ـ گەڕانەوە لە خەیاڵەوە بۆ واقیع ـ چاپی یەکەم ـ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ـ سلێمانی ـ ساڵی 2004 ـ ل 168

3 ـ فاروق هۆمەرـ نیگایەک پڕ لە گرفتاری ـ چاپی یەکەم 2011ـ چاپخانەی یاد، بازاری سۆز، نهۆمی سێیەم ـ ساڵ 2011

 4 ـ فرانز کافکا ـ میتامۆرفیس ( المسخ) ـ ترجمە مبارک وساگ ـ منشورات الجمل/ میتامۆرفیس ناوی کورتە رۆمانەکەی کافکایە مەبەست لە گۆرانکارییە کە بەسەر پاڵەوانی رۆمانەکەیدا دیت کە ناوی کریکۆری سامسایە

5 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارە 3 ـ ل 83

6 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارە 3 ـ ل 85

7 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارە 3 ـ ل 86

8 ـ پەندێکی عارەبییە

9 ـ عبدالرحمن بدوی ـ دراسات فی فلسفە الوجودیە ـ المسرحیە جلسە السریە ـ گبعە الاولى ـ المۆسسە العربیە للدراسات والنشر 1980 ـ ێ 267

10 ـ بەکر دەروێش ـ کۆمیدیای سیاسەت ـ چاپی یەکەم ـ لە بڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد، لقی کەرکووک ـ چاپخانە : کارۆ ـ ل 85

11 ـ یسینین قێائد مختارە ـ نقلها عن الروسیە حسیب شیخ جعفر ـ دار الرشید للنشر ـ ێ 9 / مەبەست لە سەرکەوتنی داخراو مردنی خاوەنەکەی و نەمری بیروباورەکەی

*ـ سوکرات فەیلەسوفێکی یونانییە لە 370 ی پ، ز لەدایک بووە، بە بیرو هزری لە فەلسەفەدا شۆرشی کرد، بنەماکانی زانستی ئەخلاقی دانا، دابرانێکی وای دروستکرد فەلسەفەی کردە دوو بەرەوە، بەرەی پێش خۆی، بەرەی دوای خۆی، فێردکرنی بە لێوگفتەوە بوو پرسیارو وەڵام بوو، ڕەخنەی لە دەسەڵات گرت، مێمڵەکانی بە زەندەقە تاوانباریان کرد، بە ئەڵقاوێز ( اعدام) سزا درا، مردنی هەڵبژارد نەک هەڵاتن،  لە بەندیخانەکەیدا خۆی بە ژەهر دەرمانخوارد کرد.

** ـ فیودر دستویفسکی ـ اللیالی البیچاء ـ ترجمە ابرهیم شکر ـ گبعە الاولى ت 2 1979 ـ دار الفارابی / چیرۆکەکە بەکورتی بگێڕەڕوە دۆستایەتی لەتەک کچێک دەکات ناوی (ناستینکا)یە، ئەم خۆشیدەوێت بێ ئەوەی پێیبڵێت، لە سۆنگەی ئەوەی(ناستینکا) کورێکی تری خۆشدەوێت بەردەوام نامەی بۆ دەنێرێت کورەش وەڵامی ناداتەوە، بگێڕەرەوە لە تەنیای و کچەش لە پەراوێز خستن بەجووتە تووشی بێ ئومێدی دەبن دۆستایەتیان پتەودەکەن، بە رادەیەک (ناستینکا) لە نامە نووسیندا بۆ دەنکەکەی پەنا بۆ بگێڕەڕوە دەبات تا یارمەتی بدات، (ناستینکا) نازانێ بگێڕەڕوە خۆشیدەوێت، بۆیە بگێڕەڕوە پێیدەڵێت من خۆشمدەوێ، چونکە نە کەوتیتە نێو ئەوینداریمەوە، کاتێ پێ لەو خۆشەویستیە دەنێ و ئاشکرا دەبێت، ئیتر چیتر ناتوانێ ببێتەوە بە دۆستەکەی جاران، ماوەیەک لێیدادەبرێت، دێنەوە سەر شەقام بە مەبەست گۆرینی جۆری پەیوەندییەکە لە دۆستایەتییەوە بۆ رۆمانسییەت، ئا لەو ساتەدا (ناستینکا) ئەو کورە دەبینێ کە بەردەوام نامەی بۆ دەنارد واز لەمی بگێڕەڕوە دینێ دوای ئەو کەسە دەکەوێت کە پەراوێزی خستبوو.  

12 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارە 3 ـ ل 92

13 ـ ول سوینکا: نووسەرێکی نێجیریە، لە 1934 لە دایک بووە، لە ساڵی 1986 لە ئەدبدا خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، باشترین شانۆنووسی ئەفریقایە، لە بەرامبەر گەندەڵی و نارەوای، هەڵسا بەسەرکردایکردنی خۆپێشاندانێکی نارەزایی لە دژی سەرۆک باسینجوا، تا لە ئەنجامدا گیرا و دەستبەسەرکرا، لە دانشگاکانی (ئیڤی کۆرت) لە لەندن کاری تۆژینەوەی کرد، وەک خوێنەری دەق لە شانۆکانی (رۆیاڵ) دا کاری کرد، دوای گەڕانەوەی لە لەندن ساڵی 1960 لە پاش هەڵگیرسانی شەری ناوخۆی بەندکرا. 

14 ـ فیدریکۆ گارسیا لۆرکا: شاعیرێکی ئیسپانییە، نووسەرو شانۆنووس و وێنەکێش و پیانوو لێدەرە و ئاواز دانەرشە، لە ساڵی 1898 لە گوندی (فوینتی فاکیرۆس)ی غەرناتە لە دایک بووە، لە سەراتاکانی شەری ناوخۆیی ئیسپانیا لە ساڵی 1936دا تەمەنی 38 ساڵ بوو بە دەست شۆرشگیرە نەتەوە پەرستەکان، لە سێدارەدرا

15 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارە 3 ـ ل 92

 

 Image result for kunst