شرۆڤە

شرۆڤەی سێ رۆمانی داستایڤسکی

 سەلاح بەهرامی

لە ڕومانی تاوان و سزا جەخت دەکرێتە سەر ئەوەی کە ئایا دەکرێ مرۆڤ به بێ ئەوەی کە خەیاڵ و ئاواتی سەیری هەبێت ژیانێکی ئاسایی بکات یان نا، ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە وەهمی خۆی دەرباز بێت، ئایا مرۆڤ بە بێ ئامانجیش هەر مرۆڤە یان دەبێ ئەرک و ئامانجێکی هەبێت و ئایا ژیان خۆی لە خۆیدا دەتوانێ جوان بێت.

 

شرۆڤەی سێ رۆمانی داستایڤسکی

سەلاح بەهرامی

گەر بمانەوێ بە پێی ڕومانەکانی گەمژە، برایانی کارامازۆف، تاوان و سزا بەرهەمەکانی داستایوفسکی شرۆڤە بکەین، دەبێ بڵێین کە مرۆڤی ئەو سەردەمە وەکوو حەزێکی غەریزی هەوڵی گەیشتن بە دەسەڵات و پارە دەدات و لەو پێناوەدا هەموو بنەما و پێوەر و بەهاکان پێشێل دەکات.

هەموو بەرهەمەکانی داستایوفسکی وەکوو کەسایەتی خۆی، چیرۆکی کەسانێکی یاخی، ئاڵۆز، نەخۆش و لە ڕووی دەروونییەوە تێکشکاون کە هەموو کەسایەتییەکانی ناو ڕومانەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی شەخسی داستایوفسکییە. بۆ نموونە حەزکردن لە یاری رۆلت لە ڕومانی قومارباز، نەخۆشی فێ، کەسایەتی ناستازیا فیلیپۆنا، سێدارە لە گەمژە و کەسایەتی باوک لە ڕومانی برایانی کارامازۆف یان کاتێ کە بە وردی چاو لە بەشە سەرەتاییەکانی ڕومانی گەمژە دەکەین، لەوێدا کە داستایوفسکی ئاماژە بە بنەما لەرزۆکەکانی ژیانی گەمژە دەکات کە هەمووی ترس و ناحەزییە، دەبینین کە باشترین کەسایەتییەکانی سۆڤییەت چ لە ڕوانگەی تاک یان پێگەی کۆمەڵایەتییەوە دان بە ناحەزترین و قیزەونترین کرداری ئینسانی دەنێن و تا ئەو جێگا دەچێتە پێش کە هەموو خەڵکی سۆڤییەت وەکوو تاوانبار و سەرۆکی سۆڤییەت وەکوو تاوانباری یەکەم و خۆیشی وەکوو دادوەر و خوێنەرانیش وەکوو لێژنەی دادوەران، هەموو سۆڤییەت بە دە جار بەندی هەتاهەتایی و کاری زۆرەملی سزا دەدات.

داستایوفسکی لە ۲٦ رۆژدا رۆمانی قومارباز دەنووسێت و رۆمانی بێ وێنەی گەمژە لە باروودخی نەخۆشی و قەرزی فراوان بە هۆی یاری رۆلت و دابینکردنی تێچووی ژیانی براژنی و برازاکەی دەنووسێت. داستایوفسکی بە گشتی سێزدە بەرهەمی هەیە کە بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە چوار لەو بەرهەمانە لە پازدە بەرهەمی نموونەیی ئەدەبی جیهانیدا جێگایان دەبێتەوە. هەروەها بە بۆچوونی گابریل گارسیا مارکز که‌ داستایوفسکی بە پاشای هەموو نووسەران دادەنێت.

بیرۆکەی سەرەکی ڕومانی گەمژە هەروا کە خودی داستایوفسکی ئاماژەی پێدەکات نیشاندانی وێنەی تەواوی مرۆڤێکی جوان و ڕازاوەیە، پرەنس میشکین گەمژەیەکی پیرۆزی سۆڤییەتە و قارەمانێکە لە جۆری دۆن کیشۆت، جۆرێک لە مەسێح لە دونیایەکی غەیری مەسیحیدا، گەمژە بە پێچەوانەی بەرهەمەکانی دیکەی داستایوفسکی لە دیاسپۆرا نووسراوە و لەم کاتەدا بوو کە داستایوفسکی تا ئاستی خۆکوژی قوماری دەکرد و تووشی فێ دەهات، پرەنسی گەمژە لە یەکەم نووسراوەکانی داستایوفسکیدا بە کەسێکی لووتبەرز و شەیتانی ناو براوە و کەسێکە دەسدرێژی دەکاتە سەر زڕخوشکی خۆی و بە ڕێکخستنی سناریۆی ئاگرکەوتنەوە ژنەکەی خۆی دەکوژێت، بەم پێیە سەرەتای ڕومانەکە داڕشتنێکی قاییمی هەیە بەڵام لە درێژەدا داستایوفسکی سەرکەوتوو نەبووە .

بە بۆچوونی جان جونز ئەم رومانە تەنیا بەرهەمی داستایوفسکییە کە بێبەشە لە زمانی قورس و یاری و تەکنیکە زمانییەکان ،بەشێک لە ڕەخنەگران گلەیی لەوە دەکەن کە پرەنسی گەمژە ژیانی هەموو تێکده‌دات و دەسکەوتیشی نییە و کەس نازانێت کە دەبێ چۆن هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکرێت .

لە ڕومانی گەمژەدا داستایوفسکی بیرۆکە سیاسی و ئایینییەکان پێکەوە بەکار دێنێت و هەوڵ دەدات کە ئاراستەی خۆی لە کەشێکی گوتیک (ترس و عەشق) بەرەو ژیانی ئایینی بگۆڕێت، ئەوەی کە بایەخی ئەم بەرهەمە زۆرتر دەکات کەسایەتی پرەنس و ڕووبەڕووبوونەوەی بەهێزی لەگەڵ مەرگە، تەوەری سەرەکی گەمژە ، بوون و نزیکبوونی مەترسی مەرگ و لەناوچوونە ، چوارچێوەی ڕومانەکە بە پێی قووڵترین نیگەرانییەکانی داستایوفسکی داڕێژراوە.

واتای مەرگ لەم ڕومانەدا گرێدراوی سێدارەیە، لە گەمژەدا باسی لەسێدارەدانی بکوژێکی فەرەنسی بە گیوتین دەکرێت، میشکین ئێمە ڕووبەڕووی مەترسی بوونی مەرگ، سەرەڕای تەندرووستی جەستەیی و ڕۆحی دەکاتەوە کە لە ئەزموونی شەخسی خودی داستایوفسکییەوە سەرچاوەی گرتووە، داستایوفسکی خۆی بە لەسێدرەدان تاوانبار کرابوو بەڵام بە هۆی بڕیارێکی کتوپڕی پاشایەتی ڕزگاری دەبێت، ئەمە لە کاتێکدا بووە کە لەبەردەمیدا هاوڕێکەی لەسێدارە دەدرێت، نووسینی ئەم ڕومانە لە شاری فلۆرانس کۆتایی پێهاتووە .

تەوەر و فەلسەفەی سەرەکی رومانی برایانی کارامازۆف بریتییە لە دژایەتی نێوان باوەڕ و گومان، ئەم شەڕە بەرهەمی پرسی توانای هەڵبژاردنی مرۆڤە واتە مرۆڤ ئازاده بڕوای بە خودا هەبێت یا نەبێت، داستایوفسکی ئاماژە بەوە دەکات کە باوەڕ یان گومان هەڵسووکەوتی بە تەواوی جیاوازی لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە عەشقی زوسیما و ئالیوشا بە خودا دەبێتە هۆی عەشق و خۆشەویستی بەرامبەر بە مرۆڤ و ئەوان عەشقێکیان هەیە کە خۆشەویستی و لێبوردەیی و خۆپاراستن لە دادوەری دەورووبەر و کەمکردنەوەی ڕەنج و مەینەتی خەڵک لە خۆ دەگرێت، لە لایەکی دیکەوە ئیوان کەسێکی لۆژیکییە کە گومانی لە بوونی خودا هەیە و بە بۆچوونی ئەو تەنیا هۆکاری چاکەی خەڵک ترسی ڕۆژی دواییە و هەروەها بڕوای بە چاکە و خراپە نییە و بڕوای بەوە هەیە کە ئەگەری هەموو شتێک هەیە کە ڕووبدات ، ئیوانی گوماناوی هیچ بڕوا یان عەشقێکی بەرامبەر بە مرۆڤ یان خودا نییە کە ئەم گومانە دەبێتە هۆی تەنیا مانەوەی بە ڕادەیەک کە بەرەو شێتی دەیبات.

تێکچوونی ئیوان جۆرێکە لە ڕەتکردنەوەی فەلسەفەی بێ باوەڕی و گومان لە لایەن نووسەر کە بە بڕوای ئەو گومان تەنیا ڕەنج و ئاڵۆزی دێنێت بە جۆرێک کە لە کۆتایی ڕومانەکەدا بوونی هیوا و ورە لە ئیواندا بە هۆی ئەو عەشقەیە کە کاترین بەرامبەر بە ئەو نیشانی دەدات.

لە ڕومانی تاوان و سزا جەخت دەکرێتە سەر ئەوەی کە ئایا دەکرێ مرۆڤ به بێ ئەوەی کە خەیاڵ و ئاواتی سەیری هەبێت ژیانێکی ئاسایی بکات یان نا، ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە وەهمی خۆی دەرباز بێت، ئایا مرۆڤ بە بێ ئامانجیش هەر مرۆڤە یان دەبێ ئەرک و ئامانجێکی هەبێت و ئایا ژیان خۆی لە خۆیدا دەتوانێ جوان بێت، ئەگەر کوشتنی پیرەژنێکی سووخۆر ئەرک و ئامانجی راسکولینۆف بووە هۆکاری گومان و دڵەراوکێ و پێکدادانی دەروونی ئەو چییە و بۆ دەشڵەژێت و بۆ لیزاوتا خۆشکی پیرەژنەکەش دەکوژێت، خۆ ئەو بێتاوان بووە.

راسکولینف لە کۆتاییدا بەوە دەگات کە مەزنایەتی لە ژیانی ئاساییشدا دەکرێ هەبێت و دەکرێ بە بێ وەهم و خەیاڵی گەورە ژیانێکی مەزنت هەبێت.

Image result for dostoevsky