شرۆڤە

ڕەهەندەکانی (مستەر گرینۆک) لە ڕۆمانی هەورەکانی دانیال دا

عەلی شێخ عومەر

دوو دیوی یەک پوولن، بێ یەک ناژین دیوێکی شکستە و ئەوی تریان سەرکەوتنە، یەکێکی گریانە، بارانە ئەوی تری هاوارو گرمەیە، تووڕەبوونە بەوەی ڕووداو هەیە بەڵام گۆرَان نییە، مێژوو بە هەمان شێوە خۆی دووپات دەکاتەوە.

 

 

ڕەهەندەکانی (مستەر گرینۆک) لە ڕۆمانی هەورەکانی دانیال دا

عەلی شێخ عومەر

کاتێ دەست بە خوێندنەوەی ڕۆمانی (هەورەکانی دانیال)ی 1 بەختیار عەلی دەکەین، دەرکەوتەکانی تراژیدیای ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، دەردەکانی سیاسەت و ستەمکاری، هەستکردن بە توانەوە لە نێو گەردگیربوونی کێشەی ڕۆژانەو ، نەزانین و پەی نەبردن بە نهێنیەکانی بوون و نەبوونی ئەوین بە چەمکە ئینسانییەکەی، کارەساتەکانی جەنگ وەک تارمایی سێبەرێکی قێزوەن لە ڕیاڵ و لە نێو دەروونی کارەکتەکانەوە بە هەماهەنگی سەردەکەن، ئەمانە بە ڕادەیەک وەک زیندگی تێکشکاون، ناژین، تەنانەت خەونیش ناتوانێ پاساویان بداتەوە، قەرەبوویان بکاتەوە، برێک سەنگەری دەروونیان ڕاگرێ و خەون بە دیوە جوانەکەی ژیانەوە ببینن، جگە لە مۆتۆکە خەونیان نییە، هەموو لە ژێر یەک کاریگەریدان، بە یەک دەردەوە دەناڵێن، قەیران قەیران ڕادەکێشێت، ئامبازی یەکتر دەبن، بۆیە ئاساییە یەکی تاک خەونی گشت ببینی، یان بە پێچەوانەوە، گشت یەکی تاک بێتە خەونیان، کارەسەتەکان لە سڕینەوەی جیاوازییەکانەوە دەستپێدەکات، جیاوازی لە خەون، لە هەنگاونان، لە چەقین و لە سڕینەوەی چەمکی باو، کە بە درێژایی شوێنکات و سەردەمە جیاوازەکان چارەسەر و ساڕێژکردنی برینەکان دژوار دەکات، بە ئاستەم تۆنی دەنگی ئومێد دەبیسترێ و نابیسترێ، ماکی ترس بە تەواوەتی دەستی بە سەریاندا کێشاوە، قوتاربوون لە ترسی ژیان ڕزگار نەبوونە لە ترسی مردن، جێگیربوونە لە هیچی و پووچی و بێ مانایی، لە نەگۆڕینی ستایلی ژیان گوزەران و شوناس و ناسنامە، ئەوەندی مژۆڵی بەدی هێنانی حەزو خواستی غەریزەن، ئەوەندە بەداوای هێزسالاری بیرو ئاوەزو هزری مرۆیی نین، ئەمش ئەوەندی شۆک و پەشمە لە سروشتی مڕۆڤ، ئەوندە هێدمەگرتن و داکۆکی نییە لە ڕادەستبوون بە دەستی چاڕەنووسی چاوەرونکراو. هەرچەندە ڕەگەزی گێڕانەوە هەمە لایەن و فرە ڕەهەندە چەندەها ڕووداو بەیەکەوە دەبەستێ، دەتوانێ بەووردی شۆڕبێتەوە، پێداویستی غەریزی و دنیای خەیاڵی بەدیبێنێ، وێنە جیاوازەکان بەرجەستە بکات، ئاستەکانی گێڕانەوە و ئارەستەکانی لە ناو دەقدا، ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەم ڕۆمانە لە سۆنگەی ئەوەی توانیویەتی ئاست و ئاراستەکانی گیڕانەوەی هەمە جۆر فەراهەمبکات لە نێو تێکسێکدا گرێبدات دەکرێ بە تێکستی ئاوێتە هەژماربکرێت، تێکست لە نێو تێکست یان ڕۆمان لە نێو ڕۆماندا، تا لە ئەنجامدا دەگەینە ئەو دەقەی کە بە ئاستەکانی گیڕانەوە، پەیوەندی لە نیوان تێکست یان دوو بەسەرهات لە دوو سەردەمی جیاواز بەیەکەوە گرێدەدات.

ڕۆمانەکە

ئەم ڕۆمانە پەیوەستە بە شوێنێکی جوگرافییەوە، بە شارێک یان ووڵاتێک، لە چوار لاوە بە دوژمن گەمارۆدراوە دەستپێکی ڕۆمان بە کەسی یەکەمی تاکەوە ڕۆدەچێتە نێو زنجیرەی گێڕانەوە، بە ڕەوتێکی لە سەرخۆ پردی لە یەکگەیشتن لە تەک وەرگردا، ئاڵو وێردەکات، پەیوەستکردنی وەرگر بە پرسیار کردن و تێڕامان لە خوێندنەوەی ڕووداوەکان، لە ڕێگای کارەکتەری هەمە جۆرەوە ئەنجامدەدرێت، گێڕانەوە بە دیاریکردنی ئاستەکانی دەلالە، هەڵدەستێ بە پرکردنەوەی ڕووبەرەکان، بە ڕەهێڵەکردنی بیر و ڕەهەندەکانی هەست و نەست لە قەوارێکی فانتازییدا وتوانەوە،  ئاوێتە بوون ئەنجامدەدات، دەمانگەینێتە تێکستی کۆتایی ڕووداوەکان، بێئەوەی گووتاڕی ڕۆمان هاوسەنگی خۆی لە دەستبدات، ڕۆمانووس تێکست بە کراوەیی بەجێدەهێڵت، بوارێک بۆ وەرگر دەرخسێنێ کە سەرفرازە لە دیاری کردنی داهاتووی شاری (دیلاوار)ی پاش کارەساتەکانی شەر کە وەک دەرئەنجامێکی کۆتاییە. گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا پێش ڕووداو دەکەوێت، هەر لە دەستپێکەوە پەیتا پەیتا زەمینە خۆش دەکات بۆ باوەڕهێنان و وەرگرتنی متمانەی وەرگر،  ئاوێزە بوونی بە دانی شەرعیەت، هەڵکشانی درامای گێڕانەوە لە بەرەوپێشچوونی زنجیرەی ڕووداوەکاندا، پەڵپ و بیانوو دەرەخسێنێ، لە بزاڤی شوێنکات، لە تەنگەژەی بوون، لە ڕەهەندەکانی ڕابردوودا، بە ئایدۆلۆژیا پاساومان بۆ دەهێنێت، دیسپلین کردنی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو بۆ لەباربردنی چەمکەکانی مەعریفە، گرێدانی بە ناخی مرۆڤەوە لە یەکەمین نیشانەکانی هەڵگیرسانی جەنگەوە دەستپێدەکات، لە بڵاوبوونەوەی درم و پەتای خەونی لێکردنەوەی سەر لە جەستە، فوبیایی سەربڕین و ڕاکردن لە دەستی دوژمنێکی نەزنراو کە بە خوێنی سەریان تینووە (یەکەمین سەربرین نە لە سیاسەت، نەلەعەشق، نەلە تۆڵەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لە تاریکی ناخەوە لە قوڵایی خەونەوە هاتووە ــ ڕۆمان ل 173). بێگومان تاریکی ناخ وەک ئاکامێک لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو وێنەیەکە لە ڕیاڵ، مێژوویەک لە خود جێگیر دەکات، ڕستی نیشتەمنییەکانی غریزە کلیلێکی کورتکراوەیە بۆ چوونە نێو پێشینەی ئاسۆکانی خەون و ترس و ئەفسانەوە، بەهانەیەکە بۆ سپیکردنەوەی کارەساتە ڕەشەکانی جەنگ، پەردەپۆشییەکە بۆ شاردنەوەی ڕووی ناشرینی ستەمکاران چونکە (سەرجەم خەونەکان بریتین لە تێرکردنی ئارەزووە شاراوەکان یان هەوڵدانە بۆ تێرکردنی ئارەزووە شاراوەکان)ـ2  ، هەڵخلیسکان (میتافۆرس) لە ئاست یەکتاخستنی ئارەزووە شاراوەکان، لەسەر سێ ئاڕاستە کاردەکات، یەکەم بە دیوی ناوەوە، ئاشکراکردنی نیشتەمەنی نێو بەرزەمن(superego) بەگوێرەی منی(ego) یادکردنەوەی بەسەرهاتەکانی ڕابردوو یەکسانە بە کارەساتەکە خۆی، بە مانایەکی تر سەرنەکەوتن، لە جیاکردنەوەی ئەم ئاوێتە بوونە لە دوژمنایەتی بەستراوە بە کەلەپورێکی دێرین و بە بەسەرهاتێکی مێژوویی پڕ لە نەهامەتی جەنگ و بگرەوبردەی شەڕی مانەوە، کە سەرچاوەکەی مێژووییەکی خوێناوییە لە سەر بنەمای چەوساندنەوە و زیندانی بنیاتنراوە، شوێنی ڕووداوی ڕۆمانەکە تەژییە بە گیانی تۆڵەکردنەوە، داکۆکیکردنە لە مانەوە، لە خود، ترسە لە هەرەشەی سڕینەوە، جەنگ، جەنگی شکۆیە لە سنورێکی ئابڵووقەدراو بە دوژمن، ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لەمەر شارێکی ڕۆژهەڵاتییە ناوی (دیلاوار)ە بناغەی شارەکە زیندانی بووە، مێژووی ئەم شارە لە مۆزەخانە پارێزراوە، کەسێک بە ناوی (دانیال)ەوە نووسیوویەتی، شاری (مەمەدحەسار) کانگای تیڕۆرە، دوژمنە، یەکێکە لە هاوسنوورەکانی، ئیمام سوبحان بە ڕەوتێکی ئایینی حوکمی تێدا دەکات، لە کاتی خۆیدا شاری (دیلاوار) لە بن دەستیدا بووە، ئیستا رزگاریان بووە، بەڵام دوژمنایەتی نیوانیان هەر ماوە، لە شاری (دیلاوار)دا نەخۆشییەکی سەیر تەشەنەی کردوە، خەونێکە دڵە ڕاوکی دروستکردوە، کەسێکە دەچیتە خەونیان سەریاندەبریت، دەسەڵات بە سەرجەم تیمەکانییەوە، دەگەرێن بۆ ئەو کەسە وەهمەیەیی کە دەچێتە نێوخەونەکانیان، سەریان دەبریت، بۆ ئەم مەبەستەش پەنا دەبنە بەر سێ وێنەکێش، تا وێنەی بکوژەکە بکێشیت، ئەمەش بە هاوکاری سیامەند کە دکتۆری دەروونییە، مامی (ڕێنوار زەریاواری)ە لە دواییدا بە (مستەر گرینۆک) دەناسرێت، لەعیادەکەی مامی کاردەکات، دەتوانی خەونی کەسانی دیکە ببینێت، دکتۆری مامی هاوکاری دەسەڵاتە، چارەسەری نەخۆشەکان بەوە دەدۆزێتەوە، کە لە شار دوورییان بخاتەوە، لە سەر سنوور ئیشیان پێبکات، لە بەرەکانی جەنگدا خەندەقیان پێلێدا، خەڵکی ئەم شارە گەر شەرێکی دەرەکیان بۆ پەیڕەو نەکەن ئەوا لە ناو خۆیاندا لە بێ ئیشیدا یەکتر دەخۆن چونکە (دیلاوار ئەوەی ڕایگرتبوو هێز نەبوو، چەک نەبوو پلانی سەربازی نەبوو، بەڵکو خەونی جەنگاوەران بوو بۆ شکاندنی دوژمن ــ ڕۆمان ل 532) لەو دیو سنوور (مەمەدحەسارییەکان) بە هەمان شێوە خۆیان تەیار و ئامادە کردووە بۆ جەنگ لەوێش هەمان نەخۆشی بڵاوبووەتەوە واتا خەونی بینین بە سەر برینەوە، پێش هەڵگیرسانی شەڕەکە (ئەل موراد) لە یەکەم فەسیلی سەربازی (دیلاوار)دا بوو لە عەشیرەتی غەفورییە، لە دواییدا لە خولی قەناێیدا یەکەم دەرچوو، بە دەسیسەیەک چەند رۆژێ لە پێش هێرشەکەی (مەمەدحەسارییەکان) بە قەناێ (عەبدولسەلام ماروفی) فەرماندە دەکوژێت، هەڵدێت، ئەم کوشتنە دەبێتە فتیلەی هەڵگیرسانی شەر، ئالەم کاتەدا (مستەر گرینۆک) ڕێگای گەرانەوەی نابێت بە ناچاری هەڵدێت، بەرێکەوت لە ڕێگا تووشی (ئەل موراد) دێت، کە لە ڕێگای دکتۆر (بەهنام)ەوە دەیەوێت کتێبەکەی (دانیال) لە فەوتاندن ڕزگار بکات لەگەڵ قاچاخچییەکدا رێکدەکەوێت تا بیبات بۆ لای دکتۆر (قاسم شابندەر) کەلەبەری سنووری (مەمەدحسارییەکان)ە، لە دوای داگیرکردنی (دیلاوار)و کاولکردنی لە لایەن سوپای (مامەدحەسار) ییەکانەوە، شاری (دیلاوار) تاڵان و کاول دەکرێ، مەزەندە دەکرێ، (مستەر گرینۆک) لە بەرەکانی جەنگدا کوژرابێت، وەلێ لە پاش داگیرکردنی (دیلاوار)دا، (مستەر گرینۆک) دێتەوە بۆ ماڵًێ ساردو سڕ، مامی مردووە، چینی دەسەڵاتدار (سەی ئەسڵان) بەرپرسی سوپای باغەوانەکانە، (حاکم یاسین) سەرۆکیانە ، خۆی و دارو دەستەکەی هەڵهاتوون، ئایا ئەنجامدانی جەنگ دەرمان و چارەسەرە، بۆ نەمان یان گۆڕینی شیواز و ڕەهەندەکانی خەونی جەنگاوەران ؟، یان زبری ترس لە یەکتر بەسە بۆ پووکانەوەی خەون و سەقامگیری بارو دۆخەکە، پرسیارەکە ئەوەیە لە پاش ئەو کارەسات و وێرانکارییانەی جەنگ وکوشتارەکانی، ئایا (مستەر گرینۆک)  دەگەرێتەوە بۆ زێدی خۆی یان بۆ ئەبەد بە جێیدەهێڵێت، هەڵبژاردەکە هەڵبژاردەیەکی بوونەگەرییە، بۆ ئەم (دیلاوار) هیچ جیاوازییەک لەگەڵ شاری (مەمەدحسار) دا دروست ناکات، چونکە ئەم بە ئاشکرا دانی پیادێنێت و دەڵێت (جێگایەک بتوانم رزگاری خۆمی تێدا بە دەست بهێنم و لەم جەنگەدا نەخنکێم (دیلاوار) نییە، من سەر بە هیچ شارێک و نەتەوەیەک نیم تەنیا ترسێکم بە سەر زەویدا دەگەرێم ــ رۆمان ل 472 ) 

مستەر گرینۆک

پەیبردن بە جیاکردنەوەی ڕەنگەکانی کەسایەتی (ڕێنوار زەریاواری)، چوونە نێو جیهانە تایبەتییەکەی، لە ڕێگای شرۆڤەکردن و تێگەیشتن لە چەمکی دەقەوە دەستپێدەکات، لەگەڵ زنجیرەی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە قۆناغە جیاجیاکانی گێڕانەوەدا، ڕەوتی ڕووداوەکان بەیەکەوە دەبەستێت، تا دەگەینە ئاستێک ناچار دەبین بەدواچوون بۆ ئەو پرسیارانە بکەین کە لە بۆشاییەکانی دەقەوە گەڵاڵە بوونە، هەوڵدەدەین لە ڕێگای هزرو دەروونزانییەوە، وەڵاممان دەسکەوێت، بێگومان فێگەری هێزە درکپێکراوەکانی دەروون، لەسەر دوو ئاست نەخشەی خۆی دەکێشێت، یەکەم هێزی درکپێکراوی دەرکەوتەکانی دەرەوە، دووەم هێزی درکپێکراوەکانی ناوەخن، بەرایی ڕۆمانەکە، کەسێک بە ناوی (ڕێنوار زەریاواری) دەناسین، تەمەنی شەستودوو ساڵە، لە عیادە دەروونیەکەی مامە سیامەندی کاردەکات، هەر لەوێش دەنووێت، بەهرەیەکی هەیە، دەتوانێ خەونی کەسانی تر ببینێ، پەی بە نهێنییەکانی دەروونیان بەرێ، کاتێ وەک نوێنەری پزیشکی و بەرپرسی باری دەروونی ئیشکەرەکان دەچێتە بەرەکانی جەنگ، لەبەر ئەوەی بێویستی خۆی چاوی پردەبوو لە فرمێسک، ئیشکەرەکان بە توانجەوە ناوی(مستەر گرینۆک)یان لێنا، لە پاش هەڵهاتنی بۆ مەمەد حەسار لە کەسایەتی (حەسن تاج)دا رۆڵدەگێرێت، ئایا مۆڵ خواردن بە دەوری ئەم ناوانەدا، بە هەر هۆکارێک بێت سەپێنراوە بەسەریدا، هیچ لە پێکهاتەو کەسایەتی دەگۆرێت، ئایا وەرچەرخان لە دیدگاو تێروانینی فەراهەمدەکات !، یان دەبنە فاکتەرێک کەسایەتی خۆی پێ پتەو و سەقامگیر دەکات، یاخود کردنەوەی دەروازیەکە بۆ ڕزگاربوون و دەرچوون لە سنووری ئەو کەسایەتیە کە بە (مستەر گرینۆک)ناسراوە*، دوا  شت شیمانەی ئەوەی لێناکرێ کە بە ڕێگایەکدا بمباتە سەر شۆشتنەوە و ڕِەتووشکردنی ئەو وێنانەی کە ویست و حەزەکانی لەناو خۆیدا ڕەنگی تێدا دەدەنەوە منی(ego)پێ قایل دەکات، ئەمەش لە دوایی درزتێکەوتنی دیوارەکانی گرێی(خەساندن)وە سەر هەڵدەدات کە بە یەکێک لە بەرهەمەکانی سادیونیزمی ئەوانی دیکە هەژماردەکرێت، لە سۆنگەی ئەوەی (مستەر گرینۆک)، لە کۆمەڵگایەکی توندوتیژو پڕ لە تۆڵەو کوشتن و دوژمنایەتی چاوی هەڵهێناوە، هاوکات دوژمنایەتی لە ناوەخندا بە ئیرەیی و ڕەشکپێبردن ناوپۆشکراوە، ئازاردانی دەروونی و مازۆخیەت پتر ڕەنگدانەوەی بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، زیاتر لەوەی بەرهەمێکی سروشتی بێت، بۆیە بە دووری نازانین، گیانی تۆَڵەکردنەوە لە ناخی (مستەر گرینۆک)دا گەیشتووەتە ئاستێک کە دەتوانێ برینێک لە دەرەوەدا دروستبکات، هاوسەنگ بێت بەو برینەی کە بووەتە بەشێک لە خەسڵەتی نەهامەتییەکانی، داگیرکردنی (دیلاوار) لە لایەن (مەمەدحەساریی)ەکانەوە، ناراستەوخۆ کلیلێکی سیحراوی دەداتە دەست (ڕێنوار) یان (مستەر گرینۆک) تا دەرگا دێرینەکەی تۆڵە بخاتە سەر گازەرەی پشت کە لە دنیایی بێئاگاییدا دروستبووە .. بەپێی زانستی دەروونزانی تۆڵە وەچەی ئەو دایکەیە کە ئیرەیی لە ژێر سایەیدا پەروەردە دەبێ، بۆیە هەرگیز تێربوونی حەزو خواستەکان بەخۆوە نابینێ، بە درێژایی ژیان هەر بەشی چپاندن بووە، کارەساتی کەڵەکەبوو، ئاوڕنەدانەوە، تێنەگەیشتن، گوێنەگرتن لە داواکانی ناوەوە، بەرانبەر بە دەرکەوتەکانی دەرەوەی منی خود، پەرچەکردارێکی نەرێنی فەراهەمناکات لە ئازار، بۆیە کاتێ نیشتەمەنی و بەرماوەکانی ڕابردوو، دەبنە هۆکارێک بۆ چەسپاندنی سادیونیزم، گەڕانەوە بۆ قۆناغەکانی پێشتر، زۆر ترسناکتر دەردەکەوێت، چونکە سەرجەم قۆناغەکانی بەر لە زاوزێبوون، گەشونمای ووزەی سێکسی (لیبیدۆ) ڕەتدەکاتەوە، بەم پێیەش لە قۆناغەکانی فۆرمەڵەبوونی منی (ego) منی رەخنەلێگیراو دەچێتە جێگای بەرزەمن(superego) لەم نێوەندەشدا، هەمیشە منی نێرگسیەت ڕووبەڕووی ئەم دوو منە دەبێتەوە، ئەمەش لێکترازان و زیزبوونی لێدەکەوێتەوە، گۆشەگیری ئەنجامدەدات، بەڵام منی نێرگسی(خودئەوینی) بۆ داکۆکی و پارێزگاریکردنی خۆی، ناچێتە ژێر ئەم بارەوە بە لاڕێگادا دەروات، بە کردەی خستنەسەر (projection) چپاندنی هەست وحەزەکانی دەگەرێنێتەوە بۆ هۆکاری بۆماوەیی، بەم شێوەیە دەتوانێ پاکانە بۆ خۆی بکات و دڵی خۆی بداتەوە (ئەڵێن یەکێک لە مامەکانمان کاتی خۆی لە عەشقدا مردووە، بەڵام تا ساتی گیانکێشان نەیوێراوە ڕازی خوی بەیان بکات، شتەکە لە خوێنماندایە ــ ڕۆمان ل 58)، لە پەیوەندی ئەویندا، پڕۆسەی (خستنەسەر) لای مرۆڤی پێگەیشتوو، کردەی توانەوەو ئاوێتەبوونی دوو خودە، ڕەنگدان و یەکبوون و وەرگرتنی هەستەکانی یەکترە، ئەوین شکاندنی ئابڵوقەی نێرگسیەتە، ئەمەش یەکناگرێتەوە لە تەک گیانی نادروستی کەسێکی نێرگسی وەک (مستەر گرینۆک)، بە پلەی یەکەم چپاندنی هەست وحەزەکانی محاڵە لە دوایی ڕادەستبوونی خود بتوانی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوەی شتێکی وونکردبێ ناتوانێت هەمان شتبدات، کە منی(ego) بۆ پاراستنی پەیوەندیەکانی بە جیهانەوە دەست بە سەر ئەوی( id) و بەرزە منەوە (superego) بگرێت، چپکردنی هەستە پیرۆزەکانی ئەوینداری بە پلەی یەکەم لەزەت وەرگرتن نییە لە ئازاردانی خۆی، دووەم ئازار گەیاندن نییە بۆ ئەوی بەرامبەر، ئەوی دولبەر، ئایا لە دەرئەنجامی کۆتاییدا ملکەچی جۆرێک نییە لە سزادان، بونێک سزا دراوە بە ملکەچی نەک دژایەتی، بە ڕەوتی جیابوونەوە نەک بە لێکچوون وتەبایی، بە خۆبینین و گۆشەگیری، پەراوێزخستن و نەناسینی دنیایی دەرەوە بە کردەی (خستنەسەر)ە بۆ دنیایی ناوەوە، بۆشایی دنیایی دەرەوە کۆپی دنیایی ناوەوەیە، نەناسینی کەسانی دەرەوە، هەڵوەشاندنەوەی لێکەوت وپەیوەندییە، دابڕانی فاکتەکانە( بۆ گەنجێکی گۆشەگیرو بێ ئەزموون و کەم هاورێی وەک من ناسینی شارێکی ئاڵۆزو گەورەی وەک دیلاوار ئاسان نەبوو ــ ڕۆمان ل 52)، (مستەر گرینۆک) باس لە ئەزموونی بێ ئەزموونی دەکات، دەبێ ئەزموونی سەرەکی گەنج چیی بێت گەر خۆشەویستی نەبێت کە گەورەترین پێگە لە قەوارەی هەبوونیدا داگیردەکات، بەڵام تا چ ئاستێ(مستەر گرینۆک)سەرکەوتوو دەبێت، لە گواستنەوەی قۆناغی گۆشەگیری و نە بوونی پەیوەندی ئەوینداری، بۆ خۆ هەڵگرتن خۆ کڕینەوە نەک لە ئاستی خود، بەڵکو لە ئاست جێکەوت و دەرکەوتەکانی دەرەوەدا. درک کردن بە پرینسیپەکانی ئازادی، ئایا دەتوانێ بچێتە نێو قۆناغی قەرەبوونێک کە بۆنی سەقامگیری لێوەبکات !، حەزو ویستەکانی دیسپلین بکات، ئایا چاوێلکەی ئەو فاکتەرانە چین کە هەمیشە شکستییەکانی(ڕێنوار)ی پێ دەبینرێت، ڕەنگی پێیانەوە گرتووە، بوونەتە پێکهاتەیەکی سەرەکی لە کەسایەتییەکەی، گەر زیادڕۆیی نەکەین بووەتە مۆرکێک کە چارەنووسی دیاریدەکات، لە بارەی مۆرکەوە ناپلیون پۆناپۆرت گووتەزایەکی هەیە قسەکەمان ساغدەکاتەوەو دەڵێت (حەزی تێرنەبوو دەگۆرێت بۆ مۆرک، مۆرکیش چارەنووسە)3 ، ئایا  (ڕێنوار) لە هاوکێشەی کوتاییدا دەرئەنجامی پەیوەندییەکی نەخۆش نییە!..هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخە، پووکانەوەی ئەو پەیوەندییە سروشتییە کە لە دارشتندا منداڵ بە دایکەوە دەبەستێت، گەشەکردن لە ئەستۆ دەگرێت، لەباربردنی ئەو پەیوەندییە بە پلەی یەکەم، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دایکییەتی، بە پلەی دووهەم باوکییەتی، تا دەگاتە ڕادەیەکی ئەکتیڤ، هەر لەوێشەوە هاوردەی دەرەوە دەکرێ (کۆمەڵگا) ڕەنگی تێدا دەداتەوە، بۆیە دەبینین (ڕێنوار) بە هیچ شێوەیەک زمانی نابزوێت، نە بە باش نە بەخراپ باسی دایکی ناکات، نە باسی ژیانی سێکس و نە باس هیچ ئەزموونێکی ئەوینداری دەکات، کە سەرتۆپی گشت کێشەکانییەتی، هەوڵی شاردنەوەی دەدات ، ئەمەش بەو مانایە دێت کە پەیوەندی (ڕێنوار) لە تەک دایک و باوکییدا، پەیوەندییەکی ڕاستەقینە نەبووە، هەر وەک ژیانی ڕەمزی بووە، کە هیما زمانی نائاگاییەکانی ژیانی سێکسی و پەیوەندی لە گەڵ دایک و باوکییدا داپڵۆسێ و دەمکووتیبکات، بە هیچ کلوجێ حەزناکات لە پنتە قووڵاییەکانی نائاگاییدا، لانە بۆ خۆی پێکەوەبنێ، بەناچاری قوربانیدان بەهیما دەبێتە زمان و شایەدحاڵی ژیانی سێکسی و پەیوەندییە سۆزدارییەکانی، بە هەر نرخ و ڕێگایەک بێت هەوڵدەدات باری نائاسایی خۆی پرینسیپی یەکەم پەیوەندی ئەوینی تاربوو بگێرێتەوە، ئامادەیە هەموو نەمایشێک بکات تا بێتە جێگای سەرنج و متمانەی بەرامبەر، بە پلەی یەکەم (دایکی)، هەوڵەکانی لە ڕستێک نمایشدا خۆی دەنوێنێ بۆ پێکانی چەند ئامانجێک، یەکەم بۆ دۆزینەوەی خۆی، دووهەم بۆ گەیشتن بۆ بەر سێبەرو سۆزو خۆشەویستی دایکی، سێهەم بۆ قەرەبووی ئەو هەستە ئاڵۆزەی کەتێدا نغرۆ بووە داوای وەڵام و سەقامگیری دەکەن، وەک پەرچەکردارێک لە شوێنی دیکەدا، دەیخاتە کار، ساڵێک لە کولیژی حقوق خوێندی، ساڵێک ئەندازیاری خوێند، ساڵێکیش چووە بەر خوێندنی فەلسەفە، بۆ تەواو نەکردنی هەریەک لەمانە، (ڕێنوار)ی نێرگسی بیانوویەکی دەهێنایەوە، بۆ نموونە، دەربارەی کولێژی یاسایی دەڵێت (مرۆڤ یاسای دروست نەکردوە تا کێشەکانی خۆی پی َچارەسەر بکات، بەڵکو یاسای دروستکردووە تا ژیانی خۆی پربکات لە کێشەی بێ کۆتایی ــ ڕۆمان ل32)، پەنا بۆ کلیلێکی سیحراوی تر دەبات، دەچێتە ئەندازیاری ** لەوێوە هەڵدێ بۆ بەر خوێندنی فەلسەفە، ئەم هەموو بازدان و جێگۆرکێیە بێ لەکە نییە، لە پەشێوی دەروونەوە دێت، لە هەستکردن بە تاوانەوە دێت، ئەو جیگۆرکێیەی لە دەرەوە دەیکات قەرەبووی بۆشاییەکانی دەروونە، دەیەوێت پریبکاتەوە، کۆپی ناوەوەی خودە، دایک فەرامۆشیکردوە بە دابڕان نەک بە کۆمەک و پشتگرتن، بە جیابوونەوە و پارادۆکس نەک یەکگرتن و ئاوێتەبوون، دەکرێ کۆیی ئەمانە لە بۆتەی متمانە نەبوونی دایکیدا کۆبکەینەوە، کە بەقا بە (ڕێنوار)ی کوری ناکات بەوەی بتوانێ هیچبکات، ئاماژەکانی ئەم هاوکێشەیە و چەندایەتی پەیوەندییەکان و چۆنایەتی ئەوە ئاشکرادەکەن، کە باوکی گەمارۆدراو و کوری خەسێنراو لە ناو جەرگەی ئوینێکدان، کە بە ڕق و کینەی نا ئاگایی دایکدا ئاودراون، خەسێنراو ڕەگی زۆر قوڵترە لە ڕق و کینەی باوک، ڕقی باوک لاوەکییە لە موڵکایەتی دایکدا کورتدەبێتەوە، وەک ڕقی دایک سەرەکی نییە، بەوەی ئەو دایکە لە بنەرەتدا کورەکەی دەسەپاچەکردووە، بێبەشیکردوە، پشکی ئەوەی ناداتێ کە خاوەن خۆی بێت، چارەنووسی خۆی دیاریبکات، هیچ نەبێت بتوانێ لە بچوکترین شتدا ڕکابەری باوکی بێت، بە هەموو دووعایەک نەڵێت ئامین، چاوشکێنراوە، خەساندن و بێدەسەڵاتی نائومێدی پێبەخشیووە، حوکمی ئەم نا ئومێدییە بە کردەی (خستنەسەر) وەک ڕۆتین نەک تەنیا لای باوکی، بەڵکو لە سەرجەم کەسەکانی خێزانەکەیدا دەخوێندرێتەوە، لە دوای تەواونەکردنی خوێندنی فەلسەفەدا بە تەواوەتی دەچەسپێ، (وازهێنانم لە خوێندنی فەلسەفە باوکمی بە تەواوەتی نا ئومێدکردو ناوم لە ناو خوشک و براکانمدا وەک کەسێکی بێکەڵک و خۆ نەناس دەنگیدایەوە ــ ڕۆمان. ل 33) لەمە بەدواوە بۆ باوکی ڕوون بووەوە کە بۆ هیچ شتێک دەست نادات، چیی ماوەتەوە بیگرنەبەر کە نەکراوە دەرهەق بە (ڕێنوار)ی تەنیا لە کاتێکدا ئەمی داماو رۆڵیدەگێرا، خۆی نەمایشدەکرد تا ئافەریمی ئەوان بەدەستبهێنی، ئەوانیش سەرقاڵن بە دارشتنی ئەجیندای پیلانێک، کە لە چینە قووڵەکانی نائاگاییدا، سیناریۆییان بۆ کێشاوە، بە لینگووقووچی پاداشتی ئەدەنەوە، لە پشت پەردەی خۆشەویستیەوە، ئاراستەی خۆلادان و دوورپەرێزی هەڵدەبژێرن، چارەنووسی (ڕێنوار) لە گەڵ خۆیاندا پۆلین دەکەن، ژیانی هاوسەری دەخەنە سەر شانۆی ژیانی، دەیانەوێت ژنی بۆ بهێنن، نەک بۆ ئەوەی دابمەزرێت، ژیانێکی ئاسوودە بەسەر بەرێت، باوکی چاک دەزانێت ئەم بە کەڵکی هیچ نایەت، جومگەکانی لێک کراوەتەوە، ئایندەی دیار نییە، ئیتر دامەزراندنی چی، لە کۆڵی خۆیانی دەکەنەوە و سکتریدەکەن، ئەم پێش دامەزراندن یان هاوسەرگیری دەبێ ئاشتبکرێتەوە، یەکەم لەگەڵ خانەوادەکەی خۆیدا، دووهەم لە گەڵ کۆمەڵگاکەی بە مەرجی ڕاستکردنەوەی ئەوان و ڕاساندنی خۆی، نەک پێچەوانەکەی، منی (ego) بۆ ئەوەی ڕاستی و گومان جیابکاتەوە، دەبێت پتەوو بەهێزبێت، بەوەی دنیا هەموو چەوتە، ئەم بەتەنیا ڕاستە، هەر لەم دەرچەیەشەوەیە دەبێ ژیانێ بژێت کەسی تر بەو شێوەیە نەژێت ، دوالیزمەی دەرکردنی (ڕێنوار)ی پاش شکستییەکان و گەڕانەوەی بۆ ناو قاوغ و ژیانێکی نۆی لە ناو خودو منی (ego) دا پارادۆکسی نەتوانەوەی خودێک لە خودێکی دیکەدا ئەنجامدەدات، دەکرێ بە هیوای شکاندنی ئابڵوقەی نێرگسیەت ژیان لە باوەشبگرێ، بەپەلە ئامادەباشی ڕابگەیەنێت بە ڕازیبوون نەک بە خۆشەویستی(من لە کۆتای بیست وسێ ساڵی تەمەنمدا شتێکی ترسناکم تووشهات شتێک کە خۆشم هۆکارەکەیم خانمێکمیان بۆ دیاریکرد تا بیخوازم، کە کورێکی ئارام و شەرمنیش بووم هەر زوو پێشنیارەکەم قەبووڵکرد و رازیبووم بێ هیچ خۆشەویستییەک ــ ڕۆمان ل 34) ڕادەستبوونی (ڕێنوار) بە هاوسەرگیری ئەنەلۆگە لە گەڵ ئەو پەیوەندییە شاراوەی کە لە تەک دایکیدا هەیەتی، ئەوەی دایکی لەمی سەندووە، ئەم ناتوانی وەریبگریتەوە لە تەک ئەو کەسەی کە دەیەوێت هاوسەرگیری لە تەکدا بکات، واتا لە گەڵ (سابات)دا، رێنوار کەسێکە، دەرئەنجامێکە نهێنی خۆی هەیە، دەبێ کەسێک هەبێ بیخوێنێتەوە لە سەر بنەمای گۆڕینەوەی هەستێک کە تەواوکردنی یەکتربن، شوناس فەراهەمبکات، ئەوەی (ڕێنوار)ی هەراسان کردووە، نەبوونی پەیوەندییەکە، کە لە سەر بنەمای ئەوینداری دانەمەزراوە، هاوسەرگیرییەکی عادەتییە، تەنیا ماڵ پیکەوەنانەو هیچی تر، بەبێ ڕۆحی خۆشەویستیە، ئەم چیتر بەرگەی ڕووداوەکانی ڕابردوو ناگرێت، دەیەوێت سیستەمی یادەوەرییەکانی ڕوانین و هزری بگۆڕێت، ئەو ئەزموونە دووبارە نەکاتەوە کە باوکی بە دایکییەوە بەستووە، ئەمیش بەوانەوە وەک قوربانییەک گیری خواردووە، قوربانی خێزانێک، خاڵی لە خۆشەویستی و لە میهرەبانی، ناسین و پەیبردن بۆ ڕابردووی خۆی پێداگیری لە بریارەکانی سووک دەکات، هاوسەرگیرییەکەی پەکدەخات، بە سڕینەوەی پیلانی هاوسەرگیرییەکە سڕینەوەی خۆی دووپات ناکاتەوە، بە تایبەت ئەو کاتەی بۆ یەکەمجار وەک پەرچەکردارێک متمانە بەخۆی دەکات،  دەتوانێ خەون ئەوانی تر ببینێت، ئا لەو ساتە ناسکەدا، خەونێکی عاشقانەی دەبینێت دەزانێت کە (سابات) کەسێ دیکەی خۆشدەوێت، ئامادەشە وەک قوربانییەک لە گەڵ ئەمدا هاوسەرگیری بکات، چ هاوسەرگیرییەک وەک هی باووباپیرانی، وەک هاوسەرگیری (دیلاوار) لەگەڵ مێژوودا، یان لە گەڵ کتێبی (هەورەکانی دانیال)دا، ئیستا تاقیکردنەوەی زەمەنە لە سەر ڕەتکردنەوەی پێدراوەکانی ڕابردوو، ئیستا ڕزگاربوونی (ڕێنوار)ە لە کویلایەتی بریار وەرگرتنە، مالئاوایی هەتاهەتاییە لە (سابات) ئەم جیابوونەوەیەی (ڕێنوار) پێگەی باوکی لەقدەکات  تووش شۆک و نارەحەتیدەکات بۆیە زۆربێ بەزەییانە سزایەکی دەروونی تووندی دەدات، دوو ساڵ لە دوکانێکی بەتاڵدا گیریدەکات، سەرجەم بێ ئومێدی و نەهامەتییەکانی (ڕێنوار) بە کردەی (خستنەسەر) بەکۆی ڕازو خورپەکانیەوە کە بەدوای یەکدا کەڵەکبوون، هەر لە پەیوەندی خێزانی، هەوڵدان بۆ بەدەستخستنی باوەرنامەوە و هەموو ئەمانە بۆ سەلماندن و ڕازیکردنی ڕۆحی نێرگسیەتی بوو، پڕکردنەوەی ئەو کەموکوڕیانەیە کە دایکی پێی بەخشیوە، کاردانەوەی هەموو ئەمانە ئیستا وەک خەنجەرێکە تەشەری لێدەدەن، ئەو کون و کەلەبەرەی پێدەگرێت کە خوازیار بوو لە ناویاندا بەردەوامی بە ژیانبدات، وەلێ هەموو ڕۆیشتن، بەتاڵبوون وەک ئەو دوکانە بەتاڵەی باوکی کە هەستی نیرگسیەتی ئەمی پێدەکولێنێتەوە، زاماری دەکات، دوکانێکی بەتاڵ و مرۆڤێکی بەتاڵ، ، بۆ ماوەی دوو ساڵ، نە ئەم پرسیار دەکات، نە باوکی لێیدەپرسێت، لە نۆی بەیانییەوە بۆ شەشی ئێوارە، لە دوکانێکی بەتاڵ، بێ ئیش و بێکار، بە دیار تەلەفۆن و کورسی و مێزو قاسەیەکی بەتاڵەوە دەبێ دانیشێنێت، ئەم سزایە تەنیا لەبەر ئەوەیە (ڕێنوار) وەک مرۆڤێ ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە وەک ئەوانی تر بێت، ناتوانی لە دنیای ئەواندا زیندگی بکات، پێدەچێت ئەم لە چاو ئەواندا، لە جیهانێکی شیزی (فێام)دا بژی، کەواتە دەکرێ ڕەهەندەکانی کەسایەتی (ڕێنوار)، ئەوە بدات بە دەستەوە، کە بوونایەتی ئەوە نییە کە هۆشیاریمان دیاریبکات، بەڵکو هۆشیاریمانە سکێچی بوونمان لە ژیاندا دیاریدەکات و ئاراستەی دەکات، بەم کردەیەش دووجار تووشی وونبوون دەبێت، یەکەم لە کەمکردنەوەی بەهاکانی جیهانی دەرەوە، بەوەی گۆیان ناداتێ و بێدەنگی هەڵبژاردوە، دووەم بە گەورە کردنەوەی جیهانی ناوەوە، بەرگە گرتنی لە ژیانێکی بێمانا و بێ بوون و بێبەرهەم، نەبوونایەتی بەڵگەی بوونیەتی چەوساندنەوەی ئەوانی دیکە بۆ ئەم، تەنیا لە سۆنگەی ئەوەوەیە کە لەوان ناچێت، ئەمەش پاڵنەرێکە بۆ دەرچەی بوون،  کەخۆی تێدا فەراهەمدەکات، چونکە بوونێکە لە بوونەکانی تر ناچێت، بە چەوساندنەوەی ئەوانی تر بوونی خۆی دەسەلمێنێت، لە نائامادەبووندا، بە هۆشیارییەوە ئامادە بوون بەدەستدەخات، هۆشیاری ناکەویتە دەرەوەی ئەم، لە ڕێگای ئەوانی دیکەوە بوون و پێگەی خۆی دەدۆزێتەوە، هەر لە سۆنگەی ئەمەشە کاتێ دکتۆر سیای مامی دیبات وەک هاوکارێک لەعەیادەکەی کاربکات، ئەم یەکسەر ڕازی دەبێت و هەر لەوێش دەخەوێت، دەگمەن نەبێت نایەتەوە بۆ ماڵی باوکی، نایەتەوە بۆ دۆزەخ و سزا، چونکە چاک لەوە گەیشتووە کە لە ناو زیاتر هیچ شتێک ئەم بەو خانەوادەیەوە نابەستێت، جوبران خەلیل ئاسا دەڵێت چیتر ( مناڵەکانتان مناڵی ئێوە نین)، لێرەوە یەکەم خاڵی وەڕگڕانە لە ژیانی (ڕێنوار زەریباوی) شکاندنی چەمکی ملکەچی فەراهەمدەکات، دەرگای یەکەمی هۆشیاری دەکاتەوە، یاخی دەبێت لە خێزان، ژیانی تەنیایی هەڵدەبژێرێت و بە درێژی رۆمانەکە هاوسەرگیری ناکات، وەچە ناخاتەوە، نابینین بەلای ڕەگەزی مێینەدا بڕوات، بە شێوەیەک لە شێوەکان بەرەنگاری حەزو ویستەکانی جەستەی دەبێتەوە، بە ناچاری لە پاش تیمارکردنی زامە نێرگسییەکانی لە بەرانبەر پیدراوەکانی دەرەوەدا، جگە لە شەرێکی بە وەکالەت هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەی نییە، ئەوە نەبێ بە لارێگادا بڕوات، چیتر ململانی دژی ئەم، شەری ئەم نەبێت، گوڕانکاری کۆمەڵایەتی، چارەنووس پیشەی ئەم نییە، وەک لەمەو پێش ئاماژەمان بۆ کرد، ژیانی زنجیرەیەک بوو لە کیشەوە لە دۆراندن و قوربانیدان، لە سۆنگەی ئەوەی شەری نێرگسیەت ئامانجەکانی دیاریناکات، ئیتر نە پێویستی بە هەبوونی کێشەیە، نە بە ململانی، هێز لە ناخدایە، لە کانگای خود دایە، ڕەهایە بەپێی سەرجەم پێوەرەکان، هەست ناکات پابەند بێ بە پەیوەندییەکەوە یان بە کەسێکەوە، بەکارخستنی نێرگسیەت ناچێتە دۆخێکەوە، تەنیا خود بخوێنێتەوە بەڵکو بۆ سەرجەم کەرەستەکانی درێژ دەبێتەوە، بۆیە (ڕێنوار) ئەو کارەی مامە (سیا) بۆی دەستنیشانکرد وەک لە پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد زۆری بە دڵ بوو، لەبەر چەند هۆیەک وازی لێ ناهێنێ، بە پێی ئەم خاڵانە بۆ ئەم چارەسەرە ، یەکەم تایبەتمەندییەکەی دەروونزانییە، بۆ ئەم دەرمان بوو تا بەسەر کێشە دەروونی و جەستەییەکانیدا سەربکەویت، ئەمێکی لاوازو تێکشکاو بە بچووکترین شت کاری لێدەکات، دەیخاتە گریانەوە هەر لەبەر ئەمەشە بە (مستەر گرینۆک) بانگی دەکەن، دووەم ئەم دەتوانێ خەونی کەسانی تر ببینیت، واتا دەتوانیت پەی بەنهێنی دەروونی خەڵک ببات، ئاشکرایان بکات هەر لەبەر ئەمەشە مامی دۆسیەیەک بۆ کۆکردنەوەی خەونی نەخۆشەکان بەم دەسپێڕێ، سێیەم عیادەکەی مامی پێگەیەکی باشی کارکردنە بۆ گێڕانەوەی بەها مرۆڤایەتییەکەی، چوارەم شکاندنی ئەو تەوقەیە، بەتاڵکردنی ئەو تێڕوانینەیە کە دەڵێت بە کەڵکی هیچ نایە، پێنجەم جۆریکە لە بەرنگاربوونەوە باوک ئینجا دایک و ئەوانی تر، شەشەم سەلماندنی خودە، حەوتەم ئیشەکەی دەکاتە دەسکەلا بۆ دوورکەوتنەوە لە ماڵە باوک و شەوانەش هەر لە عیادەکە دەخەوێت، کتێب و ڕۆمان دەخوێنێتەوە، دوا شت منی (ego) داکۆکیکی نێرگسیانە دەکات بەرانبەر بەو زام و شکستیانەی کە بەسەریدا هاتووە، لە دەرئەنجامدا ناچار دەبێت، بە پاڵپشتی خوودێکی بەهێز بوونی خۆی ڕەتبکاتەوە، هەر لە سۆنگەی ئەم قوربانیشەوەیە، جگە لە نەبینینی خەونەکانی خۆی دەتوانێ بچێتە خەونی ئەوانی ترو بیانبینێت، نهێنیەکانیان ئاشکرابکات، لە تەک خۆیدا دابڕان ئەنجامبدات، ئەوەی دیار نییە لە ناوەوەیدایە، ئەوەشی دیار و خەونیان پیوە دەبینێ کەسانێکی نەخۆشن، لە دەروەی ئەمن، ئامادە بوونیان تایبەتمەندیە، نائامادەبوونیان شتی گشتگیرە، لێرەوە بە دیاریکراوی (ڕێنوار) لە کەس ناچێت، کەسیش لەو ناکات، مامە (سیا) وەک دکتۆرێکی دەروونزانی ئەم بۆ چوونە پشتڕاستدەکاتەوە، بە ڕاشکاوی پێیدەڵێت(من دەزانم تۆ لە کەسی تر ناچیت، تۆ لە تایەفەی زەریاواری گەرێ، لە هەموو شارەکەشدا کەسی وەک تۆم نەدیوە ــ ڕۆمان ل 61) بەڵێ (ڕێنوار) تووشی فوبیای مێگەل نەبووە نابێت، بە پرینسیپی ملدان لە گەڵ خۆیدا دەژی، بە دڕوشمی (بەڵێ گەورەم) کارەکانی ڕاییدەکات، وازی لە خۆی هێناوە، لە کوی پچرا لەوێ گرێی دەدات، نە دژە نە هاوڕایە، بوونێکە ملکەچی و ترس بەسەریدا سەپێنراوە نەک دژایەتی، بە شووناسی پارادۆکس نەک لێکچواندن، بە باڵابوون و بە هەڵوەشاندنەوە، بۆشاییەکانی دەرەوە کتومت کۆپی ئەو بۆشاییانەی نێو ناخە، ئەم ڕێگاڕۆیشتنە کە لای (ڕێنوار) دەیبینین تامی لێنانی ژەمێکە تەژییە بە ئاڵەتی شکستی نەک سەرکەوتن، هەرگیز نەگەیشت بە مەرام نە لەلایەن خویندن نە خێزان نە لە پەیوەندی سۆزو ئەوینداری، تاکاندنی ئەم لە نێو کۆمەڵگایەکدا کە وەک مێگەل دەژین و دەکەن ودەخۆن، تەنیا ئەم نەبێت بە ڕاستگۆیانە، وەک نوێنەری پزیشکی سەرجەم نووشووستیەکانی بە کردەی (خستنەسەر)، لە دەروونی ئەو ئیشکەرانەدا دەبینێ کە بۆ کرێکاری بۆ خەندەق لێدان ڕەوانەی چیاکان کراون ، (ڕێنوار) نایشاریتەوە، بە ئاشکرا پێی لێدەنیت و دەڵێت( ئیشم ئەوەیە گوناهی هەموو خەڵکانی گوناهبار بخەمە ئەستۆی خۆم من پیشەم داوای لێبوورنە ــ ڕۆمان ل 227) ئەم دەستە واژەیە بە مکیاژەوە ڕەوانەی دەرەوە کراوە، بەڵام لە ناوەخندا بە خۆرسکی بەم جۆرەیە، (گوناهی من لە ئەستۆی خەڵکدایە، گەر پیشەیەک هەبێ، دەبێ داوای لێبوردن بێ لە من) چونکە من لەوان ئینسانیترم، نێرگسیەت و خود ئەوینی (ڕێنوار) گەیشتووەتە ئاستێ، پیغەمبەر عیسا ئاسا ئامادەیە بۆ ژیانەوەی ئەوان، بوونی خۆی بکاتە قوربان، گەر نا خۆی دەژێت و ئەوان دەکاتە قوربان، ئەمان لە یەک کاتدا هەم جەلادن، هەم قوربانیشن، هەروەک بڵند حەیدری شاعیر لە یەکیک لە هۆنراوەکانیدا دەڵێت ( ئەی تۆی بکوژو کوژراو .. تۆی برین وتۆی چەقۆ)4  دنیا هەمووی چەوتەو گوناهبارە، (ڕێنوار) بە تاق و تەنی ڕاستەو خۆبەخشە گوناهیان هەڵدەگرێ، بەم کردەیەش دەبێ لە ژیانێکدا بژێت کەسی تر بەو شێوەیە نەژێت، هەستکردنیش نییە بە ژیان و بە بوون، گەر ڕووبەڕووی مردن نەبێتەوە، جیاوازی بەینی مردن و ژیان ناکات، هەندێ جار ژیان وەک مردن وایە، مردنیش تەنیا ئومێدە لە ژیاندا، لە مردندا نە بوێری هەیە، نە هەڵبژاردن، نە رزگار بوون و نەحەوانەوە، سزایەکی ئەبەدییە، هەڵگرتنی خەمێکی ئەنتۆلۆژییە، بە ئامادە بوونی ئامادەم، هەم، پێچەوانەی ئەزموونی خۆشەویستییە کە هەرگیز نامکاتەوە بەوەی جاران، چیتر ڕێگا نادەم، ئومێدو چاوەروانی بمکوژێت، من ئەوسا بەیەکجاری مردم، کە بەهای خودی لە دەستچووم گێڕایەوە (سابات)م سڕییەوە و فەرامۆشم کرد، زەردەخەنەی تۆراوم گەراندەوە، (ڕێنوار) بێ شاردنەوە پێ لەو ڕاستییە دەنێت و دەڵێت (چ خۆشبەختی و بار سووکییەکە کەس خۆشی نەوێت، چ نیعمەتێکی گەورەیە هەمووان فەرامۆشتبکەن ــ ڕۆمان ل 323) بە مانایەکی دیکە بە کردەی (خستنەسەر) دەکرێ بەم شێوازەیە ڕاستی بکەینەوە (چ خۆشبەختی و بار سووکییەکە، کەست خۆشی نەوێت، چ نیعمەتێکی گەورەیە هەمووان فەرامۆشبکەیت) دەروونێکی خاڵی وەک دووکانەکەی باوکی، لەبار بردن، نە لە خاچ دەدرێت، نە بەردەباران دەکریت، نە سزادەدرێت، نە وەک ئەوین دەتوانێ گەمارۆی نێرگسیەت تێکبشکێنی، ( کەمترین رادە لە نێرگسیەت ژیان دەپارێزیت دوا ڕادەش ژیان وێران دەکات)ئەریک فڕۆم 5 . ئافرەت ئەو پیاوەی خۆشدەوێت کە داوای بکات نەک ئەو پیاوەی پەیوەندی لە گەڵیدا هەیە و داوای ناکات، ئەی کەواتە بۆ (سابات) (ڕێنواری) ڕەتکردەوە، ئایا بەس لەبەر ئەوەیە کە (ڕێنوار) لە ڕێگای خەونێکەوە پەیوەندییە شاراوەکەی ئاشکرا دەکات، ئایا نابێت (ڕێنوار) لە بنەرەتدا ئەو وێنەیی بۆ دروستکردبێ، سەلماندنی ئەو وێنەیە بکاتە ڤیزا تا (سابات) لە گەڵیدا نەگونجێت، بە ناراستەوەخۆ ڕەتکردنەوەکە بخاتە مل ساباتەوە، چونکە (ئەو پیاوە کە وێنەی ژن بۆ خۆی دروستدەکات و ژن تەنها خۆی لە گەڵ ئەو وێنەیەدا دەگونجێنێ) 6 ، خودی (ڕێنوار) بەو نێرگسیەتەوە ناتوانێ خودێک ئاوێتەی خودێکی تر بکات، بۆیە ئەو خەونە تەنیا بیانوویەکە، بۆ شکستهێنانی ئەو هاوسەرگیرییە، ڕاستییەکەی (ڕێنوار) ئەوی ناوێت و نایەوێت خۆی خراپ بکات، بەڵکو خراپەکە دەخاتە ئەستۆی، ئەوەتانێ خەیاڵ دەکات، دڵی خۆی دەداتەوە، لەبری ئەو، بە زمانی ئەوی نائامادە، دەدوێت دەڵێت  (لەبەر ئەم عەقڵەت عاشقت نەبووم ــ ڕۆمان ل 323) کام عەقڵە! ئەو عەقڵەی کە ڕەگی لە یەکنەگەیشتنێک مەیسەر دەکات، سەرچاوەکەی جیاوازییەکە، گەمەیەکە، بە ڕەتکردنەوە، ڕیساکانی هاوبیرکردنەوە لە خۆ دەگرێت، نە داکۆکی لە حەزەکانی دەکات، نەهیچ، بێ زیادەرۆی کڵۆمدراوە، دژوارە دەسکاری بکرێت، (سابات) ژیانی دەوێت (ڕێنوار)یش وەک قوربانیی کۆمەڵێ نسکۆ، بوونی خۆی ڕەتکردووەتەوە خۆی بە مردوو دەزانێت، دوانەی ژیان و مردن لەژێر یک سایەدا کۆنابنەوە، ئامادەبوونی یەکیکیان، نائامادەبوونی ئەوەی دیکە دەسەلمێنێ، ئیرادەی جیابوونەوەی لە (سابات) و هەڵبژاردنی ژیانی ئازادی و دوورپەرێزی، لە بەرەنگاڕی و لە بریاری ئازایەتیەوە نایەت، بەڵکو لە ترسنۆکی و بێ ئیرادەیەوە دێت، ئەگینا چۆن وا بە سانای دەسبەرداری (سابات) دەبێ، کە لە ناوەخندا خۆشیدەوێت و هەندێ جاریش بیری دەکات، (مستەر گرینۆک) باک ڕاوندێکی خۆشی لەگەڵ ئەزموونی خۆشەویستیدا نییە، ڕاساندن ئاراستەیە بۆ ئەوین، پشتکردن لە ئەوین وێنەیەکی زیندووە بۆ سزای دەروونی، شیزوفرینا گەر نەچێتە چوارچێوەی زەینەوە کە لە گەڵ شکستیەکانیدا گوزارشت لە کێشبەندییەکانی دەکات دەنەی جێگیرکردنی ڕابردوو دەکات دەیانگەرێنێتەوە بۆ قۆناغی(نگوێ) واتا قۆناغی پێش خۆی، بە مانای گەڕانەوەی پەیوەندی (مستەر گرینۆک) لە تەک دایک و باوکیدا، بەوەی بابەتی یەکەمن لە ئەوین و لە ڕق ، ( شیزوفرینا بێدەسەڵاتی مرۆڤە لە دەربازبوون لە دەستی ڕابردوو و دریژبوونەوەی مێژوویەکەیەتی) فیلیب ریف 7، ئەم ترسنۆکە، بەڕادەی ئەوەی نیشتەمەنییەکانی ڕابردووی ترسێکیان تێدا هەڵکۆڵیوە کە پارسەنگە بە ترسی ئایندە، لە ئایندە دەترسێت، خۆی پێی لێدەنێت و دەڵێت(من کەسێکی ئازانیم ترسنۆکم هەر لە حاکم و فەرماندە ناترسم، وەک سەگ لە مام و باوکیشم دەترسم ــ ڕۆمان ل 338)، ترس و فوبیای ئەم لە ناڕوونی ئایندە، مایەپووچییە، هەمیشە بۆ مردنی خۆی دەگریەت، خود شڕۆڤەی ئەوەی بۆ دەکات کە ئەمە سزایەکی دادپەروەرانەی تەنیاییە، نامۆبوونە بە شوێنێکەوە کە بە درێژای مێژوو بۆنی خوێنی لێ دێ، لە کوشتنو برین و سەربرین، تا لە خەونەکانیشدا بۆ سەربرین دێنە سەرت، توندو تیژی لە ناخی خەڵکی (دیلاوەر)دایە لە دێر زەمانەوە (دانیال) ئاشکرای کردووە، بەرگەی ئەو دۆخەی نەگرتووە، ئیستا (مستەر گرینۆک) (دانیال) ئاسا بەرگەی ئەو دۆخە ناگرێت، مامە خەمەیە، هەست بە گوناە دەکات، ئەمیش وەک (دانیال) دەزانێت کە خەڵکی شاری (دیلاوەر) تا ترسی خۆیان لە بیربەرنەوە بۆ گوناهبارێک دەگەرێن، تا ئاوێنە ئاسا، نەهامەتییەکانی خۆیانی تێدا بشارنەوە، ئەمیش وەک پەرچەکردارێک، خەمێکی خنکێنەری ڵاڵ بە کردەی گریان ڕەنگ ڕێژی دەکات، چار نییە (دیلاوەر)ێک زل و زەبەڵاح بە ناوی نیشتیمانی بوونیەوە، هیچ ڕێگایەک، هەڵبژاردنێک لە بەردەم هاووڵاتیدا ناهێڵێتەوە، یان دەبێ ببێت بە جەنگاوەر، یان بۆ هەتا سەر بێبەش و بێ ئومێد بێ،  ببێ بە (گرینۆک)، کتێب و شەریان نەوتووە، ئەم وەک (دانیال) بەرگەی درۆ ناگرێت، سەرەتا لە (ڕێنوار زەریباوی)وە بە(مستەر گرینۆک)ناودێر دەکرێت، جگە لە مێژووی (دیلاوار) زۆر شت (دانیال) بە (گرینۆک)ەوە دەبەستێ، گەر بەراوردێکی سەرپێی لە نیوان (مستەر گرینۆک) و (دانیال)دا بکەین دەبنین*** دەرکەوتنی (دانیال) لە گەڵ مێژووی قەسابخانەکاندا دەستپێدەکات، دەزانێت چ ترس و خۆێنێک لە ناویاندایە، دەزانێت جانەوەرەکان لە دەرەوە نین، بەڵکو لە ناو دڵی خۆمانە، لە بەرامبەردا دەبینین (مستەر گرینۆک)یش لە گەڵ تەشەنە کردنی خەونی سەربرین و لەگەڵ تەپەڵ لێدانی جەنگدا دەردەکەوێت، لە ڕێگای بینینی خەونی ئەوانی دیکەوە دەزانێت چ ترس و خوێنێک لە ناویاندایە، جانەوەرەکان لە دەرەوە نین، بەڵکو لە ناو دڵی خۆمانە، (دیلاوار) چووەتە جەنگێکی مەزهەبیەوە سەد ساڵی خایاندوە، بە هەمان شێوە لە ئیستادا (دیلاوار) دەچێتە جەنگێکی مەزهەبیەوە کۆتایی دیار نییە، (دانیال) ترس دروستنەکردووە بەڵکو دۆزیەتەوە، (مستەر گرینۆک) ترسی دروستنەکردووە، بەڵکو پیادەی ترس دەکات، لە ڕێگای خەونەوە ترسی ئەوانی دیکە دەبینێ، و دەیاندۆزێتەوە، لای (دانیال) هاوار نیشانەی ترسەکانە، بەڵام لای (مستەر گرینۆک) گریان نیشانەی ترسەکانی (دیلاوارە)، لەکاتی (دانیال)دا یەکەمین کۆمەڵەی نهێنی دروست دەبێت، ئیشیان رزگار کردنی مرۆڤەکانە، لە کاتی (مستەر گرینۆک) دا هەمان کۆمەڵە دروست دەبێ، تێیدا دەبێ بە ئەندام، پرۆفیسۆر بەهنامی هاوڕێی، (زەهاو)ی پێدەناسێنێ، (گرینۆک) بۆ ئەوەی خۆی پاکبکاتەوە، دەبێ مرۆڤێ رزگاربکات، هەر لەوشوێنە (زەهاو) دەناسێو ڕزگاری دەکات، (زەهاو)وەک خۆی دەربەدەرە، هەرچی پێ بڵێیت بە (بەڵێ گەورەم وەڵامت دەداتەوە)، کتێبی (هەورەکانی دانیال) لە کاری ئەو کۆمەڵەیە، کتێبی (خەوننامەکانی مستەر گرینۆک) دەتوانین لە هەمان کۆمەڵە حسێبی بکەین، (دانیال) کە لە زیندان هەڵدێت، ئیتر کەس نازانێت چی لێدێت، ئاخۆ لە (دانیال) کوژیەکەدا بەرکەوتووە، یان هەڵهاتووە، لەبەر کەسێکی تردا خۆی گۆڕییوە، لە دوای هێرشەکەی (مەمەدحەساری)یەکانەوە بۆ نێو (دیلاوار) (گرینۆک) و (زەهاو) ڕێگای گەڕانەویان نامێنی بگەرێنەوە بۆ (دیلاوار) بە ناچاری هەڵدێن بۆ (مەمەدحەسار) لە ڕێگا تووشی (ئال موراد) دەبن، کە لە ترسانا هەڵاتووە، بە قەناێ فەرماندەی (ماروفی)ەکانی کوشتووە (سەی ئەسڵان) سەرکردەی سوپای (باغەوان)ەکان یەکسەر (مەمەدحسار)ییەکان بەو کوشتنە تاوانبار دەکات، هەڵگیرسانی شەر بە دوای خۆیدا دێنێ، (ئەل موراد) نامەیەک و کتێبی (هەورەکانی دانیال) ی پێیە بۆ پرۆفیسۆر (قاسم شابەندەر)ی (مەمەدحەسار)ی کە پرۆفیسۆر (بەهنام) بۆی ناردوە، تا ڕزگاری بکات لە کاتی داگیرکردنی مۆزەخانەکەیدا کە لە لایەن (سەی ئەسڵان) ەوە ئەنجامدراوە، لە دوای هێرشەکەوە، لە شەوی یەکەمەوە، لە پاش ئەوەی ناوی (گرینۆک) و (زەهاو) وەک دوو بی سەرو شوێن دەدرێت بە سوپاو دەدرێت بە ماڵی باوکی، دەگەنە لای پرۆفیسۆر (قاسم شابەندەر) رزگارکردنی کتێبەکەی (هەورەکانی دانیال) رزگارکردنی (گرینۆک)ە لە ناو و لە نازناوەکەی، لە خەونەکانی لە یەکاڵاکردنەوەی ڕاستی و گومانە، دۆزینەوەی خۆیەتی، ئایا تا ئەم ساتە وەختە وون ببوو، گریانەکەشی هەر لە داخ و مەراقی ئەم وونکردنەدا نەبووە!، چۆن پاکی ئاسوودەیی دێنێ، ئاواش گریان لە ناوەخندا گوناە پاکدەکاتەوە، لە بەرکەوتەکانی دەرەوەشدا، بوونی خۆی ڕەتکراوەتەوە لە دواییدا چۆن بوونی خۆی دەکرێتەوە بەرزگارکردنی (زەهاو) بوونی خۆیی دەکڕێتەوە  ئاسوودەیی دێنێ، ئیستا لە (مەمەدحەسار) لەگەڵ ئەو (زەهاو)ەی کە وون ببوو، ئەم دۆزییەوە و ڕزگاری کرد تا پاک بێتەوە، بە دوو ناسنامەی تازەوە دەردەکەون، (ڕێنوار زەریاواری) (مستەر گرینۆک) دەبێت بە (حەسەن تاج)، (زەهاو) دەبێت بە (ئەمین لاهور)ی، ئایا لە رووی دەروونناسیەوە بە تیۆری ئاوێنە (زەهاو عەبد) یان (ئەمین لاهور)ی ڕوویەکی شاراوەی (ڕێنوار زەریاواری) (مستەر گرینۆک) نییە، ئایا (گرینۆک) لە ویستگەیەک لە قۆناغەکانی ژیانییدا وەک (زەهاو عەبد) بە پاساوی ترس و دوور پەرێزی و ڕەتکردنەوەی خۆی سەرجەم وەڵامەکانی بە (بەڵێ نەبوو گەورەم)، هەڵبژاردنی ئەم بۆ رزگارکردنی (زەهاو عەبد) بەشێک نییە لە ڕزگارکردنی لایەک لە مێژووی کەسایەتی خۆی، وەڵامی (بەڵێ گەورەم) بەشێک نییە لە ڕابردووی خۆی ئایا بە بچوککردنی (زەهاو عەبد) و رزگار کردنی گەورەییەک بە خۆی نابەخشێت بەوەی بە ناسنامەو چوونە نێوخودێکی نوییوە ببێت بە (حەسن تاج) واتا بەخشینی هیمای پاشایەتی لە زاراوەی تاجدا خۆی بەرجەستەدەکات، لە هەمان کاتشدا، ئەویش دەکات بە (ئەمین لاهور)ی گەمەی ناو گۆرین، گەر بە ویستی خۆی بێت یان لە بەر هۆکاری دەروونی بێت، ڕێگا بۆ پرسیارێ خۆشدەکات، بە دوا چوون بە دوایی خۆیدا دەهێنێ، قایل بوونی (گرینۆک) بەم ناوانە لە خۆرا نییە، لە بۆشاییەوە نەهاتووەتە بەرهەم، ئایا گەمەی ئەم ناوانە لە سۆنگەی ئەوەوە هاتووە، کە هەر ناوێک ئەوەی پێش خۆی ڕەتدەکاتەوە، یان کردەی گۆڕین گەشەکردنێکی دیالەکتییە، لەو قۆناغەدا کە کەسایەتی (ڕێنوار) تێیدا گوزەر دەکات، تا دەگاتە پێچی خۆ ڕزگار کردن لەو قەیرانە دەروونییە، کە تێیدا مۆڵی خواردووە، دەرچەیەک دەدۆزێتەوە، بۆ پەڕینەوە و پەیوەندییەکی بابەتییە بە گرێبەستی دالی ناوێک، مەدلوولێکی تازەی پێببەخشێت، تا لە گەڵ کەسێکی دیکەدا، لە چوار چێوەی ئەو پەیوەندییەدا خۆی بگونجێنیت، واتا بە دوو خوودەوە دێت بە مافی خۆی دەزانێت، ئەوەی پێشوو بسڕێتەوە بە ناوێکی شاهانەی وەک (حەسەن تاج) بێتەوە، ببێتە جێگرەوەی نازناوەکەی جارانی کە بە (مستەر گرینۆک) ناودێر کراوە، کە بەرجەستەی ڕابردوو دەکات، لە ئیستادا جێی شەرمەزارییە، وەک ئەو ناوەی ئیستای جێی شانازییە، کە لە ئایندەدا خۆی دەنوێنێ، بە کەسێکی تر خۆی نمایشدەکات، وا هەست دەکات ئەو کەسەی جاریجاران نییە هەر ڕۆنانی ئەم هاندەرەش وای لێدەکات، لە پاش داگیر کردنی (دیلاوار) و کاول بوونی لە لایەن (مەمەدحەسار)ییەکانەوە گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوکی، باوک و دایک و ژوورو ماڵکەش بۆ ئەم نامۆ بن ئەم لە هەرەسهێنانی خودێکەوە، بە خودێک و ناوێکی تر و بۆ نیشتیمانیکی تر گەڕاوەتەوە (دوو مرۆڤی وون و بێ شارو نیشتیمان هیچ شەرەف و شانازییەک لەوەدا نابینین خەڵکی ئەم شارە بین ــ ڕۆمان ل 537) ئەم لە بینین و ئەزموونکردنی ئەم دیمەنەدا، دووچاری تەنگەژەیەکی ئەنتۆلۆژی نەبووە، بە ئامادە بوونی دیاردەکان، ئامادە بوونی خۆی بسەلمێنێ، بەڵکو تووشی نامۆ بوون و دابرانێک بووە لەخۆی و لە جیهانی ڕابردوو، کە تێیدا ژیابوو ئەو درزو ویرانکاریە کە لە دەرەوە ڕوویانداوە لە (دیلاوار) هاوکات نییە لە گەل ئەو ویرانکارییەی کە لە ناوەوەی (مستەر گرینۆک)دا ڕوویاندا، لە ئاکامی ئەو بێ ئومێدیەی کە بە درێژایی ژیان دووچاری ببوو، لە نەبوونی ویست و حەزەکانی، بە ویرانبوونی (دیلاوار) ئەم تێر ئاو دەبێ و وەک دوژمنێک تۆڵەی تەمنیک لە نائومیدی لە (دیلاوار) دەکاتەوە، هەست بە گوناهێکیش ناکات، ئەم دەزانێت خەلکی (دیلاوار) ( بەردەوام بۆ گوناهبارێک دەگرێن بۆ دوژمنیک دەگەرێن ئەو ئیفلیجی و ترسەی خۆیان لە بیربەرێتەوە ــ ڕۆمان ل 189) ئەی ئەم ئەو گوناهبارە نەبوو، گوناهی هەموویانی هەڵنەگرت بوو، لەبڕی هەموویان نەگریا، ئەی ئەمیش بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەر بە هەمان بۆ چوون، بە تیوری ئاوێنە، نابێتە دیوی دووەمی (دانیال) ئەی (دانیال) هەمان خوێندنەوەی نییە بۆ (دیلاوار) کە ئەم هەیەتی بەوەی (دیلاوار بۆ گوناهبار دەگەرێت)..هتد، بە پێی ئەو بەڕاووردکارییەی نیوان (مستەر گرینۆک) و (دانیال) کە لەمەو پێش ئاشکرامان کرد، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە لە زۆر ویستگەدا ئەنەلۆگن، بۆ نموونە یەکەم هەردووکیان لەکەس ناچن وکەسیش لەوان ناکات، خوێندەوارن یەکی کتێبێک دادەنین، دووەم هەردووکیان لە کاتی دەرکەوتنی شەردا دەردەکەون، سێیەم بڕوایان وایە کە جانەوەر لە دەرەوە نییە بەڵکو لە ناوماندایە، چوارەم لە کۆمەلەی نهێنی کاردەکەن ئیشیان ڕزگار کردنی مرۆڤەکانە لەکاتی هێرشدا هەردووکیان هەڵدێن، لای (دانیال) هاوار نیشانەی ترسە، لای (گرینۆک) گریانە، گریان و هاوار تەواوکەری یەکن لە هەوردا کۆدەبنەوە، لە هاوارو گرمەی هەورەکاندا ( ڕۆحەکان)دا باران و گریان دروست دەبێت لە کتێبی (هەورەکانی دانیال)دا یان لە کتێبی (خەونەکانی گرینۆک)دا بەرجەستە دەبن، لە هەردوو باردا (دیلاوار) چووەتە جەنگێکی مەزهەبییەوە، کەواتە زۆربەی بەسەرهاتەکانی (دانیال) یەکسان و هاوشێوەن بەوەی (مستەر گرینۆک) لە ژیانیدا دووبارەی دەکاتەوە، کەواتە دژوار نییە، بڵێین کە (مستەر گرینۆک)و (دانیال)یەکن، گەر نا ئەوا بێشیمانە بە کردەی دۆنادۆن هەڵگری ڕۆحی (دانیال)ە، بۆ پێداگری زیاتر لە بۆچوونەکەمان، بەڵگەیەکی دیکەمان هەیە، (مستەرگرینۆک) گەرخۆی (دانیال) نەبێت چۆن دەتوانێت بچێتە ناو خەونی ئەوانی تر، چۆن خەونەکەی ئەوان دەبینێت، گوناهیان هەڵدەگرێت، گوناهی کەسێک هەڵناگیرێت گەر خۆی سزای نەدابێ، بۆ کەسێکیش ناگرییەت و ئەسرین نارێژێت گەر خۆی ئازاری نەدابێت و نەچووبێتە خەونیان، ئەوەتانێ (مستەر گرینۆک) خۆی کەسێکی تر نا قسەکەمان پشتڕاستدەکاتەوە دەڵێت( تەنیا نهێنی مرۆڤەکانم نەدەبینی بەڵکو هەموو ترسەکانی دیلاوارو ئاوات و پەلانەکانیشم دەبینی ــ ڕۆمان ل 380)، لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە (مستەر گرینۆک) هەر خۆی (دانیال)ە،(زەهاو عەبد)یش دیوێکی شکستخواردووی ڕابردووی (دانیال)ە، (دیلاوار) و(مەمەدحەسار)یش دوو دیوی یەک پوولن، بێ یەک ناژین دیوێکی شکستە و ئەوی تریان سەرکەوتنە، یەکێکی گریانە، بارانە ئەوی تری هاوارو گرمەیە، تووڕەبوونە بەوەی ڕووداو هەیە بەڵام گۆرَان نییە، مێژوو بە هەمان شێوە خۆی دووپات دەکاتەوە، لە ناو هەمان ڕووداودا سیزیف دیسانەوە بەردەکە سەردخاتە سەر لووتکەی شاخەکە و دیسان بەردەکە بەرەو خوارخل دەبێتەوە، دەچێتەوە شوێنەکەی خۆی. دوکانێکی بەتاڵ و شارێکی وێران،  یەکسان و هاوشێوەیە، بە دیوێکی تۆڵەکردنەوە و سەرکەوتن بەو تێگەیشتنەی کە منی (ego) گەر ئەرێنی بێت و گومانی لەسەر نەبێت ئەوا گەران بە دوای هاوشێوە بەرپەرچدانەوەی جیهانی ئەوانی دیکەیە گەر هی خۆی نەبێت، خۆ سەلماندن بە کراوەیی وەک برینەکان بەجێیدەهێڵم.

ژێدەرەکان

1 ـ بەختیار عەلی ـ هەورەکانی دانیال ـ چاپخانەی پەنجەرە ـ چاپی یەکەم ـ ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشەبۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، سلێمانی شەقامی مەولەوی تەلاری سیروانی نوێ ـ نهۆمی چوارەم ـ ساڵ 2015

2 ـ جورج گرابیشی ـ ڕلمپقفون ڕلعرب والتراپ ـ ریاچ ڕلریس للکتب والنشر ـ الگبعە ڕلاولى، شباگ / فبرایر 1991 ـ ێ 26

3 ـ جورج گرابیشی ـ ڕنپى چد ڕلانوپە ـ دار الگلیعە للگباعە والنشر ـ بیروت لبنان ـ الگبعە ڕ ولى ـ کانون ڕلاول دیسمبر 1984ـ ێ50

*ـ لە دواجاردا بۆ دۆڵمەندکردنی باسەکەمان لەسەر ئەم خاڵە لێکدانەوەی دیکەمان هەیە

** ـ جارێکی تر بە شێوازێکی تر دێنەوە سەری

4 ـ یاسین النێیر ـ شعریە الماء ـ دار سردم للگباعە والنشر ـ کردستان سلیمانیە ـ الگبعە الاولى  ـ2012 ێ111

5 ـ سەرچاوەی ژمارە 3 ــ ل 50

6 ـ کۆمەڵێک نووسەر ـ گۆڤاری ئایدیا ـ ژمارە 12 ـ ئاشنا بوون بە نیچە ـ چاپخانەی کاڕۆ ـ سلێمانی ـ ل 29

7 ـ سەرچاوەی ژمارە 2 ـ ل 15

*** ـ بە داوای لێبوردنەوە هەندێ ڕستەی بەراووردکاییەانم راستەوەخۆ لە ڕۆمانەکە وەرگرتووە

 

 Image result for ‫هنر‬‎