شرۆڤە

ئابووریی سیاسی چیە؟

و: هاوڕێ یوسفی

لەڕاستیدا، تیۆری پێشکەوتن لەسەر دەستی مارکس بووبە ماتریالیزمی مێژوویی. تیۆری بەهاکەی ناکۆکیی ناو سرووشتی دوو جۆرەکیی کاری هەم وەک پێوەر و هەم وەک سەرچاوەی بەها تۆکمە کردەوە. مارکس ئەگەرچی تیۆری کەڵەکەی قبووڵکرد، هەوڵێدا، لەڕێگەی مێتۆدی ناونشینەوە، لایەنی خێرخوازانەی کارکردی سەرمایەداری دەربخات. 

 

ئابووریی سیاسی چیە؟

مەگناد دێسای

و: هاوڕێ یوسفی

ئابووریی سیاسی (political economy) زاراوەیەکە وەک هاوتای زانستی ئابووری بەکار دەهێنرێت تاکوو دەلالەت لە پانتایەک بکات کە دەپەرژێتەسەر توێژینەوەی دابەشکردنی سەرچاوەکان و دیاریکردنی چالاکیە ئابووریە زیادەکان. واتای تایبەتیتری ئابووریی سیاسی لە بواری مارکسیستیدا پێوەندیی بەو کۆمەڵە بەرهەمەی نووسەرە دیاریکراوانەوە هەیە کە دەپەرژێنە سەر خوێندنەوەی دابەشکردن و کەڵەکەکردنی زیادەی ئابووری و پرسە هاوشانەکانی لەمەڕ دیاریکردنی نرخەکان، حەقدەستەکان و کارامەیی یان خوێندنەوەی تەمهیدە سیاسیەکان بۆ پێشخستنی کەڵەکەکردن. ئەم تێڕوانینە پتر بە بەرهەمەکانی ئادام سمیت و ریکاردۆ و هەروەها نووسەرانێکی وەک مالتووس، جێیمز میل، جەی. ئێس. میل، مەک کالیوک و سینیرەوە گرێدراوە. مارکس بۆخۆی قایلە بە جیاوازیی نێوان ئابووریی سیاسیی زانستی، و ئابووریی سیاسیی ڕەشۆکی کە پاش 1830 پەیدابوو. مارکس بەرهەمە گەورەکەی خۆی [واتە] سەرمایەی بە ڕەخنە لە ئابووریی سیاسی دەزانی، بەڵام دواتر ئابووریزانانی ئاکادێمێک کە لە مارکسیزم نزیکن لە ئابووریی سیاسی وەک [ئێتیکێت/ناوێک] بۆ ئابووریی ڕادیکاڵ لە سۆنگەی جیاکردنەوەی لە ئابووریی بوورژوایی یان نیۆکلاسیک کەڵک وەردەگرن. سەرەڕای ئەمانە، ڕەگێکی دیکەی لە ئابووریی ئاکادێمیکدا، کە خۆی بە ئابووریی سیاسیی دەزانێت، دەپەرژێتەسەر کردەی دوو لایەنەی گەشەکەری سیاسیی دێمۆکراکتیک و پێوەندیەکانی ئابووریی بازاڕ. ئەم بەرهەمانە پڕۆسەی سیاسی، تا ئەو شوێنەی ئەم پڕۆسەیە بنەماکەی پەیوەندیەکانی بازاڕ (کاڵا) نیە، بە قەڵب و چەواشەکردنی ئابووریی بازاڕ دەزانێت.

کۆی ئەم هێڵانە، گەرچی وادیارە ناهاوچەشنن، [بەڵام] ڕەگێکی هاوبەشیان هەیە لە بەرهەمی ئادام سمیتدا و کلیلی چوونەژوورەوە و کردنی ئەم کارە چەمکی ئابووریی سەربەخۆ و خۆمیزانکەرە تەعبیرەکەی کۆمەڵگای مەدەنیە. بەهرەی ئادام سمیت بوو کە ئەگەری جیایی کۆمەڵگای مەدەنی لە پانتای سیاسی (دەوڵەت)، توانی بۆ خۆمیزانکردن بەو مەرجەی ئازادانە و بێ لەمپەر لێیگەڕێن، ئەگەرە هێزەکیەکەی بۆ دەستڕاگەیشتنی بە دۆخی فراوانیی بەرژەوەندی بۆ کۆی ئەو بەشدارانەی کە دەستیان ئاوەڵا دەکرێت تاکوو بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوە بن و کەواتە گۆنجاویی فەلسەفیی فەراهەمکردنی وا دۆخێک ببینین کە تیایدا کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانێت لە دەوڵەت جیا و سەربەخۆ بێت.

گەرچی ئادام سمیت بوارێکی دیاری کرد کە سەرچاوەی گۆڕانکاریەکان و ناکۆکیە دواییەکان بوو، کارەکەی ئەو دبێت لەو ناوکۆییە گونجاوەکەیدا ڕەچاوبکەین. جیا لە ئابووریزانانی تاکانەی پێشوو (جێ سەرنجتر لە هەمووان جۆن لۆک و ڕیچارد کانتیۆن)، دەبێت سەرچاوەکانی ئابووریی سیاسی لە ڕۆشنگەریی سەدەی هەژدەهەمدا بدۆزینەوە. کەوتنی ئۆتۆریتیی ئایینی پێویستیی ڕوونکردنەوەیەکی نوێی ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکانی هێنابووە ئاراوە و گەشە و بەرینبوونەوەی زانستە سرووشتیەکان، بەتایبەت لە کاری ئیزاک نیۆتۆن لە درێژەی سەدەی حەڤدەهەمدا، دەلالەت بوو لە ئەگەری گەیشتن بە وەها ڕوونکردنەوەیەک بە کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدەکانی زانست. یەکێک لە ڕەگەکانی هەوڵدان بۆ دامەزراندنی زانستی ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکان، ڕۆحی یاساکانی مۆنتسکیۆ بوو. کارەکەی ئەو ئاست ناسی بوو و لەهەمان کاتدا کە "مۆدێل"ێکی بۆ ڕوونکردنەوەی جۆراوجۆریی تەمهیدە کۆمەڵایەتیە مرۆییەکان درووست دەکرد ڕوونکردنەوەیەکی بزۆزی بەدەستەوە نەدەدا. گرووپێکی فەیلەسووفانی سکۆتلەندی، کە لە درێژەی ئەم سەدەیەدا زنجیرەپلەی مامۆستا-قوتابیان تەواو کردبوو، کۆمەڵە بەرهەمێکیان بەدیهێنا کە سەرچاوەکانی زانستی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن و ناویان نا ئابووریی سیاسی. فرانسیس هاچسێن، دێیڤید هیووم، ئادام سمیت، جۆن میلێر و لۆرد کیمز بە ئەندامی سەرەکیی ئەم گرووپە دادەنرێن. ئەوانە بەشیوەیەکی دەستەجەمعی و گرووپی ئەندیشەی مێژووی مرۆیی کە قۆناغەکانی گەشە دەبڕن بەدیهێنا و لەگەڵیدا کلیلێکیان بۆ ڕۆشتەناو هەموو قۆناغەکان و هەروەها تێپەڕاندنی قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە و شێوازی دەستڕاگەیشتن بە بژێوی لە هەموو کۆمەڵگاکاندا فەراهەم کرد. ڕاو، شوانی، کشت و کاڵ و بازارگانی چوار جۆری سەرەکیی ناسراون و کۆمەڵێك بارودۆخی کۆمەڵایەتی_ سرووشتیی ئابووریی سیاسی، گەشە و بەرینبوونەوەی ئەخلاقیات، پێگەی ژنان، "بونیادی چینایەتی"_ سەرجەمیان بەپێی جۆری دابینکردنی بژێوی ڕوونکرانەوە. ئەم ڕوونکردنەوەیە، لە جۆری ڕوونکردنەوەی تاک هۆکاری، تاک لاینی، تاک ئاراستەیی یان بەپێی مۆدێلی حەتمیەتی پێشکەوتنی مێژوویی نەبوو. ئەم تێڕوانینە تیۆریزەکردنەوەیەکی بوێرانە بوو کە پاڵپشتەکەی خوێندنەوەی بەربڵاو بوو دەربارەی بارودۆخی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان کە لە سەفەرنامەکانی گەشتیاراندا نووسرابوون و بنەماکەی شرۆڤەی مێژوویی نەتەوە جۆراوجۆرەکان بوو لە یونان و ڕۆما بەملاوە.

ئادام سمیت "ماتریالیست"ترین فەیلەسووف نەبوو لەناو فەیلەسووفانی سکۆتلەندیدا (جۆن میلێر بوو) بەڵام ڕێک بە کاریگەرترین  و بەناوبانگترین دادەنرا لەناو ئەم فەیلەسووفانەدا. لە سروەتی نەتەوەکاندا تیۆری چوار قۆناغ سیمایەکی بەرجەستەی نیە، بەڵام لۆژیکی ئەم تیۆرە سمیتی پاڵنا بەرەو پێوەندیدانی بازرگانی لەگەڵ ئازادیدا. گەشەی بازرگانی و گەشەی ئازادی بەشێوەیەکی بەرامبەر یەکتر دیاریدەکەن. دەتوانین بازرگانی بە کلیلی ڕۆشتن بەرەو ڕەونەق و کرانەوە بزانین، بەڵام تەنیا خواستی ئازادانە و بێ لەمپەر لانی زۆری ڕەونەق زامن دەکات. بەم چەشنە ئازادی کلیلی گەشەی بازرگانیە. بازرگانی، لەڕێگەی بەرینبوونەوە لە پانتای جیهان و فەراهەمکردنی کەڵەکەکردنی سروەت وەک پارە/ نەقد (واتە بکرێ ڕاگوێزرێت) بازرگانان [جیادەکاتەوە] لە ئیستێبدادی سیاسی و سەربەخۆیان دەکات کەواتە ئەگەرەکانی گەشەی ئازادی زیاد دەکات.

ئادام سمیت کە لە قۆناغی زۆر سەرەتایی شۆڕشی پیشەسازیدا دەینووسی لە گرینگیی چارەنووسسازی بەرهەمهێنانی پیشەسازیانە تێگەیشت. دابەشکردنی کار لە بەرهەمهةیانی پیشەسازیانەدا گەشەیەکی بێوێنەی لە وەبەرهێنان و بەرهەمدارییدا مەیسەرکرد. گەر ئەگەری فرۆشتنی ئەم وەبەرهێنانە زیادە بوونی هەبێت، ئەوکات وا دابەشکردنێک قازانجدار دەبێت و دەتوانرێت قازانجەکان بخرێتەگەر لە چالاکیەکی قازانجهێەری دیکەدا. سمیت گەشەی ئابووری بە بەرهەمی کردەی دوو لایەنەی نێوان دابەشکردنی کار و گەشەی بازاڕەکان دانا و بەم چەشنە ئابووریی لە گرۆیەتیە عەرزیەکەی کە فیزیۆکراتەکان پێیاندابوو، یان ئەو گرۆیەتیە بەرتەسکەی پەیڕەوانی قوتابخانەی سەوداگەری پێیاندابوو ڕزگارکرد. تەنیا سەرچاوەکەی عەرز زیادە نیە، هەربەوجۆرەی دەسڕاگەیشتن بە کانگاکان (بەردە بەنرخەکان) چیتر تاقە پێوەر یان دڵخوازی ڕەونەقی ئابووری نیە. بەمجۆرە، سروەت دەتوانێت فۆرمی ئەو کاڵایانەی دەفرۆشرێن (بەرهەمهێنانەوەیی) بگرێتەخۆی. کەواتە، گەر خاوەندارانی سروەت بەشێوەیەکی بەپیت سەرفبکەن لە سەرمایەگوزاریەکی زیاتردا سروەت گەشە دەکات و پەرەدەستێنێت. لایەنێکی دیکەی پەیامەکەی سمیت پێویستی بە لێگەڕانی تاکەکان بۆ خواست بەرژەوەندیی شەخسی خۆیان هەیە دوور لە دەستێوەردانە دەرەکی (سیاسی)یەکان. سمیت لە باسی ئەمەی کە تاکەکان، بۆ خواست بەرژەوەندییشەخسیان، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بێئاگایانە بەرژەوەندیی جەمعی پێشدەخەن، چەمکی کۆمەڵگای مەدەنی وەک تەمهیدێکی خۆمیزانکەر و چاکەکارانە دیارخست. عەقڵانیەتی فەردی ئەنجامەکەی خێری گشتیە، ئانارشیی ڕووکەشیی خواستی فەردیی بەرژەوەندی خۆویستانە ئەنجامەکەی جیهانێکی نۆرماتیڤە، نۆرمێک کە نەک لەبەر کردەی تاکە سیاسیی ئانقەست و ووشیارانە بەڵکو ناووشیارانە بەهۆی کردەی تاکە جۆراوجۆرەکانەوە فەراهەم دەبێت. بەم چەشنە، پانتای بەرژەوەندیە تایبەتیەکان بە لەبەرچاوگرتنی بەستێنی بەرژەوەندیی گشتی سەربەست دەبێتەوە، [لێرەوە] تاکی تایبەتیی جیادەبێتەوە لە شارۆمەند. بەڵام بەرامبەر خەوفە پێشووەکان لە کەوتنی نەزم و جەنگی ناوخۆیی لەنێوان بەرژەوەندیە تایبەتەکان لە غیابی ئەو دەوڵەتەدا کە چاودێریی بەستێنی ئابووری دەکات، سمیت وێنەیەک لە هاوئاهەنگی، خێرخوازی و ڕەونەق بەدەستەوە دەدات کە ڕێک لەبەر کەوتنی دەوڵەت لە پانتای تایبەتیدا فەراهەم دەبێت. کۆمەڵگای مەدەنیی سەربەست، خێرخواز و پێشڤەڕۆ دەنوێنرێتەوە. لەوێوە کە ئەو سروەتەی بنەماکەی ئەو کاڵایانەیە وا دەفرۆشرێن و بەرهەمدەهێنرێنەوە، کار وەک یەکەم هۆکاری بەرهەمهێنان (و لەڕێگەی دابەشکردنی کارەوەکلیلی گەشەی بەروبوومداریی) وەک پێوەری بەهای ئەم کاڵایانە بە هەڵاوێردێکی ئاشکرا دەدەنرێت. بەڵام کار نەک پێوەری بەهایە، بەڵکو هەروەها بە هۆکار یان سەرچاوەی بەها دادەنرێت. ئەگەر لەهەرحاڵدا کار سەرچاوەی کۆی بەهاکانە، کەواتە دوو وتەزای سەرەکیی ناکاری، واتە چلۆن دەتوانین بەهرەی خاوەندارانە یان کرێ و قازانج پاساو بدرێت؟

کاری دوایی لە ئابووریی سیاسیدا_ ئەوەندە بەرفراون پێناسەکراوە کە زۆربەی [چلەکانی] زانستە کۆمەڵایەتیەکان دەگرێتەوە_ سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆئەم هێڵانە لە نووسراوەکانی سمیتدا. ئەم [هێڵانە] بریتین لە: یەکەم) تیۆری ئابووریی پێشکەوتنی ئابووری، دووهەم) تیۆری کەڵەکە و گەشەی ئابووری لەڕێگەی دابەشکردنی کار و پەرەدانی دانوستاندنەوە، سێ) پێناسەکردنەوەی سروەت بەشێوەیەک کە کاڵاکان نەک خەزێنە بگرێتەوە، کە ڕەخنە لە سیاسەتەکانی قوتابخانەی سەوداگەری و لایەنگری لە بازرگانیی ئازادی ورووژاند، چوارەم) تیۆری ڕەفتاری فەردی کە خوساتی بەرژەوەندیی فەردی ئاشت دەکاتەوە لەگەڵ خێری گشتیدا و بەرنامەیەک بۆ دەست ئاوەڵاکردنی ئابووری و دەوڵەتی لانیکەمی دەستەبەر دەکات، و پێنجەم) تیۆری بەها بەپێی کار کە بەڵگاندن دەکت لەبەر بەهای کار وەک پێوەر و سەرچاوەی بەها.

ریکاردۆ هێڵە ئابووریە بەرتەسکەکانی کارەکەی سمیتی لەژێر دوو)، سێ) و پێنج)دا باسکرا تەخت کرد و دایڕشتەوە بەڵام تیۆری پێشکەوتنی نادیدەگرت. هێگل لە سمیت تیۆری پێشکەوتن و چەمکی کۆمەڵگای مەدەنی وەرگرت کە لە تیۆرەکەی خۆیدا سەبارەت بە دەوڵەتدا بەکاریهێنا. مارکس لەڕێگەی ڕەخنە لە فەلسەفەی دەوڵەتەوە گەیشتە ئابووریی سمت. لێرەوە بوو کۆمەڵگای مەدەنیی و جیاییەکەی لە کۆمەڵگای سیاسی لایەنی جەوهەریی ەبوو. هێگل هەوڵیدا سەڵتەنەتی میراتیی پرووس وەک دەوڵەتی ئایدیال بەم بەڵگاندنەوە پاساوبدات کە جیایی کۆمەڵگای مەدەنی لە کۆمەڵگای سیاسی هۆکاری دابەشکردنی کۆمەڵایەتیی بنەڕەتیە و لێرەوە لەمپەری بەردەم پێشکەوتنی مێژووییە. بۆ هێگل ئەم ناکۆکیەی نێوان کۆمەڵگای مەدەنی وەک پانتای بەرژەوەندیە خۆویستانەکان و کۆمەڵگای سیاسی وەک پانتای بەرژەوەندیی گشتی تەنیا ئەو تەمهیدە سیاسیانە کە لەسەرەوە و دەرەوەی کۆمەڵگای مەدەنیەوەن_ واتە نێوەنجیگەریە "بان چینایەتی"یەکان_ دەتوانێت لەگەڵ یەکدی ئاشت بکاتەوە. ئەمانە بریتین لە سیستمی پلە چینایەتیەکان، بروکراسی و سەڵتەنەتی میراتی. مارکس لە ڕەخنە لە تیۆری هێگل، مافی دەنگدانی گشتی، پڕۆلێتاریا و دێمۆکراسی وەک سیانەیەک دانا کە بەپێچەوانەی هێگل دەیتوانی بە دەسپێکردنی کۆمۆنیزم و پاشان لەڕێگەی خۆهێنانەدیی زێدەتری مرۆڤەوە ناکۆکیەکانی کۆمەڵگای مەدەنی چارەسەربکات و هەڵکشێت. بەڵام مارکس سەربەخۆیی کۆمەڵگای مەدەنیی بە پێدراوێک دادەنا. توێژینەوەکانی دوایی مارکس ئەوی لە تیۆری دەوڵەتەوە بەرەو پشکنینی تیۆری کارکردی کۆمەڵگای مەدەنی، واتە بەرەو ڕەخنە لە ئابووریی سیاسی ڕاکێشا.

لەڕاستیدا، تیۆری پێشکەوتن لەسەر دەستی مارکس بووبە ماتریالیزمی مێژوویی. تیۆری بەهاکەی ناکۆکیی ناو سرووشتی دوو جۆرەکیی کاری هەم وەک پێوەر و هەم وەک سەرچاوەی بەها تۆکمە کردەوە. مارکس ئەگەرچی تیۆری کەڵەکەی قبووڵکرد، هەوڵێدا، لەڕێگەی مێتۆدی ناونشینەوە، لایەنی خێرخوازانەی کارکردی سەرمایەداری دەربخات. ئەو کەڵکی لە ماتریالیزمی مێژوویی وەرگرت تاکوو مێژوومەندیی سەرمایەداری_ سەرمایەداری وەک قۆناغێکی مێژوو_ بسەلمێنێت و کەڵکی لە ناکۆکیی تیۆری بەها وەرگرت تاکو تیۆری خەباتی چینایەتی ڕێکبخات کە لە سەرمایەداریدا فۆرمی لێکدژیی نێوان کار و سەرمایە دەگرێتەخۆی. هەوڵیدا بیسەلمێنێت چلۆن خواستی فەردیی بەرژەوەندیی شەخسی، بەبێئەوەی ئەنجامەکەی لەهێج ڕوویەکەوە عەقڵانیەتی جەمعی یان خێری گشتی بێت، ئەنجامەکەی دووپاتبوونەوەی قەیرانەکانە و ئەمەی کە چلۆن هەوڵەکانی سەرمایەدارن  بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم قەیرانانەدا ئەنجامەکەی تێکشکانی سەرمایە یان ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیزم دەبێت کە لەڕێگەی خەباتی سیاسیەوە دەستەبەردەبێت.

 

لێرەوەیە مارکس کارەکەی ناودەنێت ڕەخنە لە ئابووریی سیاسی لەبەرئەوەی دەریخست کە وتەزا بنەڕەتیەکانی مێژوویین نەک گشتی. ئەوەی تەنیا ئابووریە لەپەیوەندیدا بە سەردەمە تایبەتەکەیەوە دەبێتە ڕێژەیی و تێپەڕ و چرکەیی. بەڵام گۆڕانکاریە دواییەکانی زانستی ئابووری بەشێوەیەکی هەسەنگێندراو یان ناوشیارانە ڕەخنەکەی مارکسیان ڕەچاونەکرد. ئابووریی نیۆکلاسیک لە دەیەی 1870 بەملاوە ڕەگەکانی یەکەم) و پێنجەم)ی لە کارەکەی ئادام سمیت (بەتایبەت ئەم دووهەمەیانی) نادیدەگرتووە، بەڵام تیۆری ڕەفتاری فەرد و لایەنگریکردنی لە بازرگانیی ئازادیان لێوەرگرتووە و کردیانە زانستێکی ئابووریی ڕووت. تیۆری کەڵەکەکردنەکەی، تا ئەوکاتەی شۆمپیتێر و نووسەرانی پۆست کێینزی بووژاندیانەوە هەموان جگە مارکسیستەکان نادیدەیانگرت. ئابووریی ئینگلیزی لەژێر کاریگەریی مارشاڵ و پیکو ئاماژەیان بە زۆربەی ناوازەکان سەبارەت بە بە یەکسان زانینی ساکاری خێری فەرد و خێر هەموان کردووە و بەڵگاندنێکیان بۆ دەستێوەردانی دەوڵەت بۆ بەرزکردنەوەی خۆشبژێویی ئابووری هێناەوەتەوە. سەربەخۆیی کۆمەڵگای مەدەنی، کە وەک توانستی ئابووری بۆ دەستەبەرکردنی بەکارهێنانی تەواوەتیی سەرچاوەکان دەنوێنرێتەوە، جارێکی دی بووبە بەستێنی باس و موناقەشەی پاش ڕەخنەکەی کێینز لە "یاسای سێ"ی داهات. ئەم دواییانە بووژاننەوەی ئایدیۆلۆژیای ئازادکردنی ئابووری هاتۆتەدی. ئایدیۆلۆژیای ئازادکردنی ئابووری لەسەردەستی "قوتابخانەی شیکاگۆ" وەک هێرشێکی دوولایەنە بۆسەر بەڵگاندنی ماراڵ-پیکو لە سۆنگەی دەستێوەردان ە چالاکیە ئابووریە تایبەتەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی "دەستی شاروە" و هەروەها هێرش بۆسەر بەڵگاندنەکانی کێینز دژی چیێتی خۆمیزانکەری ئابووری لێدەردەچێت. ئەم قوتابخانە کلاسیکە نوێیە کە لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ بەڵگاندنەکانی سمیت خوازیاری ناوی ئابووریی سیاسیە، هاوکات ڕەهەندی مێژوویی ئابووریی سیاسیی کلاسیک ڕيچاوناکات. ئاراستەیەکی ناو ئەم قوتابخانە بووژێنەرەدا دێمۆکراسی بە لەمپەرێک لەبەردەم کارکردی کارامەیی بازاڕی ئازاد دادەنێت و هەوڵدەدات ئەوەی سیاسیە بیکاتە ملکەچی ئەوەی سیاسیە، واتە هەوڵدەدات دەوڵەت بەپێی وێنەی کۆمەڵگای مەدەنی ڕێکبخات. لێرەوەیە، پێناسەیەک لە ئابووریی سیاسی وەک تیۆری کۆمەڵگای مەدەنی بەگشتی هەنووکەش باوەڕپێکراوە و لەجێگای خۆیدایە.

Bilderesultat for political economy