دیمانە

وتووێژ لە گەڵ محەممەدئەمین مەجیدیان

ئامادەکردنی سایتی قەڵەم

چیرۆکەکانی ئەم کتێبە نووسینی نووسەرانی گەورەی ئەم جیهانەن، پڕن لە خەیاڵی ورد و بەهێز، لە شێوازی نووسین و بیروبۆچوونی جۆراوجۆر، خوێندنەوەی چەند دانەیەک لەم چیرۆکانە مەیلی کردنە کوردییان لە منا جووڵاند. 

 

وتووێژ لە گەڵ محەممەدئەمین مەجیدیان

ئامادەکردنی سایتی قەڵەم

١ـ کۆمەڵێکی بەرچاو لە چیرۆکی کۆن و نوێی گەلانی جۆربەجۆرەوە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی. هەندێ لەم چیرۆکانە هی چەند هەزار ساڵ لەمەوبەرن و هەندێکیان هی سەدەی ١٩ و بیستەمن. بۆچی وەها پانتاییەکی بەرفراوان لە هەڵبژاردن؟

ـ هەڵبژاردنی ئەم بابەتە، بەم پانتاییە، کە پرسیارت کرد شتێک نەبوو لە پێشدا بیرم لێ کردبێتەوە. لە راستیدا ئەمە بەڕێکەوت بوو. ئەمن لەو کاتەوە کە لە مەدرەسە ئینگلیسی خوێندنم دەسپێکرد، حەزێکی زۆرم بۆ ئەم زمانە لە خۆما هەست پێدەکرد. لە هەر دەرفەتێکیشدا کتێب و نووسراوەی ئینگلیسیم دەخوێندەوە. کەچی بەداخەوە نە رشتەی خوێندنم ئینگلیسی بوو، نە لە دوورە وڵاتیش لە وڵاتێکی ئینگلیسی زمان گیرسامەوە، تاکوو لە رێگای گوێگرتن و قسەکردنەوە فێری ئەم زمانە ببم. رەنگە ئەمەش هۆکار بێ بۆ هەندێک ناتەواوی کە لە وەرگێڕانی ئەم چیرۆکانەدا بکەونە بەرچاو. هەروەک لە پێشدایش باسم کرد ئەم کارەم تەواو بەڕێکەوت بوو. ئەویش ئەوکاتە بوو کە کتێبی کورتە چیرۆکەکانی جیهان (The short stories of the world)  کەوتە دەستم. چیرۆکەکانی ئەم کتێبە نووسینی نووسەرانی گەورەی ئەم جیهانەن، پڕن لە خەیاڵی ورد و بەهێز، لە شێوازی نووسین و بیروبۆچوونی جۆراوجۆر، خوێندنەوەی چەند دانەیەک لەم چیرۆکانە مەیلی کردنە کوردییان لە منا جووڵاند. حەیفم لێهات جێگای ئەم چیرۆکە کۆنە دڵڕفێنانە لە زمانە شیرینەکەمان بزر بن. هەرچەند لە پێشدا بەو توانا کەمەی کە لە زمانی ئینگلیسیدا هەمبوو، لە خۆم رانەدەدی بتوانم  دەرەقەتی ئەم کارە بێم. بەڵام رەنجی دوورەوڵاتی و خانەنشینی پاڵیان پێوەنام بە زەحمەت و ماندوو بوونێکی زۆر ئەوەی بەرهەم بێنم کە لە بەر دەستدایە، تا خوێنەرانی بەڕێز لە سەری چۆن بیر بکەنەوە. 

 

٢ـ وا دێتە بەرچاو ویستووتە بەم وەرگێڕانانە جۆرێک لە مێژووی چیرۆک لە ئاستی جیهانیدا پێشکەش بە خوێنەری کوردزمان بکەی. ئەمە تا چەندە راستە و تا چەندە پلانی تۆ بووە؟

ـ لە راستیدا ئەو کتێبە میژوویەکی کورتە چیرۆکانە، کتێبێکی گەورە و گرانە، زیاتر لە هەزار لاپەڕەی لەخۆ گرتوە. دەقی نووسینەکانی بۆ من ئێجگار قورس و زۆر جار نامۆ بوون. بۆیە وەرگێڕانی  کتێبێکی وا بۆسەر زمانی کوردی  پێویستی بە کات و شارەزایی  زۆرتر لە زماندا هەیە. ئەوانەش لە توانای من بەدەر بوون.  بۆیە ناڵێم ویستوومە بەم وەرگێڕانە جۆرێک لە مێژووی کورتە چیرۆک لە ئاستی جیهانیدا پێشکەش بە خوێنەری کوردزمان بکەم. هەرچەندە ئەوەی کە من کردوومە تا ئەندازەیەک ئەو مەبەستە ئەگەیەنێ.  بەڵام من تەنیا و تەنیا گوڵبژێرێکم لەو چیرۆکانە کردوە کە خۆم پێم خۆش بووە، نەک شتێکی دیکە.

 

٣ـ چ تایبەتمەندییەک لەم چیرۆکانە سەرنجی تۆیان بۆ وەرگێڕان راکێشا؟

ـ ئەزانین رابردوویە ئێستا دروست ئەکا. کار و تێکۆشان لە هەر بوارێکدا پێویست بەوە دەکا تۆ لە رابردووەکەی ئاگادار بیت. جا ئەمە چ لە بواری ئەدەبی و فیکری و فەلسەفی بێت یان زانستی و تەکنیکی، فەرق ناکا. و ئێمە ئەگەر رابردوومان نەناسین رێی داهاتووشمان لێ لێل و ناڕوون ئەبێ. لەم روانگەوەیە کە شتە کۆنەکان سەرنجڕاکێشن. ئەم چیرۆکانە ئێمە ئەباتەوە بۆ رۆژگارانی کۆن، بۆ نێو ئەو خەڵکانەی سەدان و هەزاران ساڵ بەر لە ئێمە هەبوون، چۆن ژیاون، بیر و بۆچوونی ئایینی و کۆمەڵایەتییان لە چ ئاستێکدا بووە. ئەمانە ئەو تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشانەی ئەو چیرۆکانە بوون کە هانیدام بۆ وەرگێڕانیان. 

٤ـ لە کاتی وەرگێڕان، لە گەڵ چیرۆکە کۆنەکان راحەتتر بوویت یان چیرۆکە تازەکان؟

ـ زۆر جار وشە و شێوەی دەربڕینی مەبەست لە رابردوودا، جیاوازە لەگەڵ ئێستادا. زۆر وشە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتوە، یان لەبیر چوونەتەوە و لە ئێستادا بەکار نابرێن. ئەم واژانە ئەگەر مابێتن جێگایان لە فەرهەنگەکانداخۆش کردوە. پشکنینی ئەم فەرهەنگانە بەدوای مانا و تێگەیشتن لە مەبەستی نووسەرەکانیان گەڕان و دواکەوتنێکی زۆری دەوێ. بۆیە چیرۆکەتازەکان  زەحمەت و ماندووبوونیان  کەمترە.

٥ـ وەک جیاوازیی دەربڕین لە نێوان زمانی کوردی و زمانی ئینگلیزی دا چ شتێک زیاتر سەرنجی رادەکێشای؟

ـ زمانی ئینگلیسی زمانێکی زۆر بەهێزە و ئەمڕۆکە قسەی یەکەم ئەکا لە جیهاندا. ساڵانە رەنگە بە هەزاران وشەی تازە لە بوارە جۆربەجۆرەکانی زانست و ئەدەبدا بێتە ناویەوە. ئەم زمانە لە هیچ بوارێکدا بۆ دەربڕینی مەبەست دانامێنێ. بەڵام بەداخەوە زمانە زۆرلێکراوەکەی خۆمان وا نییە. زمانی کوردی لە بواری زانست و تەکنیکدا ئەوەندە هەژارە، بێجگە لە وەرگرتنی واژەگەلی ئەم بوارانە لە زمانی ئینگلیسی رێگایەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە. بەڵام لە بواری ئەدەبدا زمانی کوردی هەرچەند لە ژێر گوشاری زمانە زاڵەکانی دەور و بەرمانە، ئەو توانای لە خۆیدا هەیە، هەم بەرگری لە مانەوەی خۆی بکا و هەم بەرەو گەشەسەندنی باشتریش بچێ. خۆ ئەگەر بێتوو بە هێممەتی شارەزایانی زاراوە جۆربەجۆرەکانی زمانی کوردی، بەنووسینی واژەنامە و کتێب ئەم زاراوانە لە مردن رزگار بکرێن و بۆ تێکەڵ کردن و ستاندارد کردنی زمانی کوردی هەوڵی جیددیش بدرێ داهاتوویەکی گەش وروون چاوەڕوانی زمانەکەمان دەکا.

٦ـ ئایا هەوڵت بۆ بە چاپ گەیاندنی ئەم بەرهەمانە لە دوو توێی کتێبێکدا کردووە؟

ـ تاکوو ئێستا ئەم کارەم نەکردوە، هەوڵێکم داوە بەڵام تەکوو ئیستا  نەگەیشتۆتە ئەنجام.

٧ـ پلانت بۆ وەرگێڕانی پتری چیرۆک لە داهاتوودا هەیە؟

ـ لەوە ناچێ

٨ـ وەک دووا گوتە، حەز دەکەی چی تر لە گەڵ خوێنەرانت باس بکەی؟

 

ـ سپاسی سایتی قەڵەم و خوێنەرانی دەکەم.

 

 

محەممەدئەمین مەجیدیان