دیمانە

نووسین دەستەمۆکردنی ترسە

ئامادەکردنی: شاخەوان سدیق

نووسەر زیاتر چێژ لە نووسین وەردەگرێ تا خوێندنەوە. زۆر سادە بەو هۆکارەی کە نووسین پروسەی داهێنانە و نووسەر تێیدا خۆی وەک بوونێکی نوێ پێشکەش بە دونیای دەرەوە و بگرە پێشکەش بە خۆیشی دەکا. بە رای من نووسین گەورەترین چێژە. چێژێکی یەکجار ئینسانی، چونکە خۆتی تیا سەرلەنوێ درووست دەکەیتەوە و وەک خودا شتێکی دەخوڵقێنێ کە تا ساتێ لەوە پێش نەبووە.

 

نووسین دەستەمۆکردنی ترسە

وتووێژ لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئامادەکردنی: شاخەوان سدیق

 

ـ مرۆڤ بۆ دەنوسێت؟

ـ پرسیارەکە مرۆڤ بە گشتی دەگرێتەوە، بۆیە وەڵام دژوارە. چونکە دەکرێ هۆکاری نووسین لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر جیاوازبێت. پێم وابی پرسیارەکە بەم شێوەیە بکرێ باشترە: "تۆ بۆ دەنووسی؟" ئەو کات دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێ من وەک ئەزموونی نووسەریی خۆم بەشێوەی کۆنکرێت و دیاریکراو وەڵام بدەمەوە، وەڵامیک دامەزراو لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی خۆم وەک 'فەڕۆخ نێعمەتپوور'.

بەڵام بۆ ئەوەی وەڵامەکان ـ تەنانەت کاتێک لەسەر ئەزموونی تاکەکەسی دامەزراون ـ وەڵامی بنەڕەتی بن، دەبێ زیاتر بەشێوەی گشتی فۆرمولە بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر بچنە قووڵاییەکان. لە راستیدا وەڵام دەبێ هات و چۆیەک بێت لە نێوان کۆنکرێت و گشتی بە پێداگرتنی زیاتر لە سەر گشتی.

من وەک خۆم کە دەگەڕێمەوە بۆ رابردووی خۆم و بیرلەوە دەکەمەوە بۆ دەستم کرد بە نووسین و بۆ بەردەوام دەنووسم، دەگەمە زۆر شت. دیارە هاوکات دەبێ ئەوە بڵێم دەبێ جیاوازی دابنێم لە نێوان دوو قۆناغی 'دەست بەنووسین کردن' و 'بەردوامبوون لە نووسین'.

من لە ساڵی ١٣٥٩ هەتاوییەوە دەستم کرد بە نووسین، واتە کاتێک تەمەنم ١٥ ساڵان بوو. رێک زستانی ١٣٥٩. شەڕی ناو شاری بانە لە کۆتایی بەهاری ئەو ساڵەدا تەواو ببوو و شار گیرابووەوە و دۆخێکی تایبەت زاڵبوو. بەڵام ساڵ بەردوام پڕ بوو لە شەڕ و لە کوشت و کوشتار و لە ئیعدام و ترس. من کە لە منداڵییەوە بە هۆی بنەماڵەمەوە فێرکرابووم بچم بۆ کتێبخانە، پاییز و زستانی ئەو ساڵە دیسان رووم کردەوە کتێبخانە و ئەم جارەیان بەشی گشتی کە تایبەت بە گەورەساڵان بوو. لە بیرم دێ دەستم کرد بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ڤیکتۆرهۆگۆ. زۆربەی رۆمانەکانیم خوێندەوە. بیهێنە بەرچاوی خۆت مێرمنداڵێک شەوانە لەبەر چرا لامپادا کاتێک کارەبا نیە و لە دەرەوە ترس بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێ و تازە لە ئەزموونی دوو مانگەی شەڕێکی ناو شار رزگاری بووە و دانیشتووە و بە کتێبەکانی ڤیکتۆر هۆگۆوە سەرقاڵە! لە هەمان زستاندا من دەستم کرد بە نووسینی یەکەمین نووسینم کە چیرۆکێک بوو بە زمانی فارسی. هەر ئەو بەهارە لە کاتی شەڕدا من یەکەمین ئەشقی خۆم ئەزموونکرد. واتە ئەشق و شەڕ پێکەوە.

کەواتە ئەزموونی خوێندنەوە زۆرکانم، دۆخی تایبەتی ئەو ساڵە، دۆخی عاتفی و هەستیاری دەروونی و جیهانی ڤیکتۆر هۆگۆ وەک نووسەرێکی مەزنی رۆمانتیکی منیان بەرەو قەڵەم راکێشا. هەڵبەت دەتوانم شتێکی تریشی پێ زیاد بکەم. شەرمی دەروونیم کە دەبووە هۆی ئەوەی کەسێکی لەڕوو نەبم و لە مەجلیس و لە ناو کۆدا خۆم نەنوێنم و ئیتر بەناچار قەڵەم و کاغەز بوونە شوێنی دەربڕینی من وەک مرۆڤێک کە دەبا بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی دەرببڕێ.

گەر ئەم ئەزموونە کۆنکرێتیانە گرێ بدەمەوە بە بۆچوونە گشتییەکانەوە، دەبێ بڵێم من (رەنگە مرۆڤیش) دەستم کرد بە نووسین، چونکە: ئەزموونێکی زۆری خوێندنەوەم لە پشت بوو، چونکە شەڕم ئەزموون کرد وەک مەترسیدارترین دیاردەی مرۆڤ، چونکە ئاشق بووم و چونکە ئەو چرا لامپایەی ئەو شەوانە لەبەریا دادەنیشتم تا کتێبەکەی بەردەمی منی بەجوانی روون دەکردەوە و ئیتر لەوە بەدووا دونیا تاریکەسەلات بوو!

کەواتە دیسان: مرۆڤ دەنووسێ چونکا: دەیەوێ باس لە ئاکامی خویندنەوە زۆرەکانی خۆی بکا، چونکا دەیەوێ ترس بەجۆرێک لە دەروونی خۆیدا دەستەمۆبکا، چونکە ئەشق وەک دیاردەیەکی دەروونی پێویستی بە چارەسەرکردنێکی دەروونیش هەیە و، سەرئەنجام چونکا نووسین درێژکردنەوەی مەودای کورتی تیشکەکانە بۆ رووناکی خستنە سەر تاریکاییەکانی دەورووبەرمان. هەڵبەت تاریکایی نەک تەنیا لە مانای سیاسی دا بەڵکو لە مانای گشتیی خۆیدا.

  دیسان، من دەنووسم چونکە شتێک لە دەرەوەی من و لە دەروونی من نامۆ و غەریبە و لە رێگای نووسینەوە دەمەوێ خۆم لەو نامۆیەتییە دەریبێنم و بیکەم بە بەشیک لە خۆم یاخود من بە بەشێک لەو. بەهەرحال رەوتێک کە تێیدا نامۆیی بزر دەبێ و مرۆڤ دیسان خۆی دەدۆزێتەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە داخۆ مرۆڤ بەڕاستی دەتوانێ بگاتە ئەمە، تەنانەت لە رێگای نووسینیشەوە؟

نووسین هەوڵە بۆ دەربازبوون لە 'لەخۆنامۆیی'. هەڵبەت نەک تەنیا لە مانا مارکسییەکەیدا بەڵکو لە مانا ئێگزیستیانسیالیستییەکەیشیدا. لای مارکس لەخۆنامۆیی بەرهەمی دوورکەوتنەوەی مرۆڤە لە رەوتی بەرهەم هێنان و نامۆبوون لە بەرهەمی خۆی ئەگەرچی بۆخۆیشی بەرهەمی هێناوە، بەڵام لای وجوودییەکان بە رای من لەخۆنامۆبوون ئاکامی ئەو کاتەیە مرۆڤێک کە مەحکوومە بە هەڵبژاردن، بەڵام ناتوانێ هەڵنابژێرێ و دەمێنێتەوە. نووسەر لە رێگای نووسینەوە دەچێتەوە ناو پرس و پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. بۆ وێنە گەر جارێکی تر شەڕ بووەوە من چی بکەم، یان لەگەڵ ترس چ بکەم، لەگەڵ ئەشق و لەگەڵ ئەو تیشکەی وا بەڵێنە درێژبێتەوە و لەگەڵ ڤیکتۆرهۆگۆ کە ئەگەرچی سەدان ساڵە مردووە دیسان چ بکەم؟

نووسین بە گشتی وەڵامدانەوەی پرسیارە گشتییەکانە کە لە رێگای دیاردە کۆنکرێتییەکانەوە سەرهەڵدەدەن، بەڵام دەمانگەیەننە وەڵامە گشتییەکان.

 

 ـ چى لە نووسین دەوێت؟

ـ پێم وابێ لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم بەمەیش دا. بۆ دەنووسی وەک ئەوە وایە بڵێی چیت لێی دەوێ. بەڵام من هەلەکە دەقۆزمەوە و دەڵێم لە نووسینیشم دەوێت هەندێ لە بیرەوەرییە لەبیرکراوەکانم بێنێتەوە یاد، لەبەر ئەوەی بەبێ ئەو بیرەوەرییانە من هەم بەشێکی خۆمم لێ ونبووە و هەم بە بێ ئەوان ناتوانم بەو شێوەیەی پێویستە بە رێگاکانی هەنووکە و داهاتوو بڕۆم. بۆیە نووسین هاوکات قووڵبوونەوەیە بە رابردوودا هەم وەک خۆی و هەم وەک کاریگەرییەکانی لەسەر من (یاخود مرۆڤ بە گشتی). من لە نووسینم دەوێت وەک 'مارسل پرۆست' بە هەموو شتە وردەکانی رابردوودا بمباتەوە. ئەگەرچی جاری وایە بۆ ئەو سەفەرە ناچاریش بم هەموو کەلێن و قوژبنی پەنجەرەکانیش ببەستم بۆ ئەوە لە کاتی نووسین دا جیهانی جەنجاڵی دەرەوە ئازارم نەدەن و، زەینم راپێچی شوێنی تر نەدەن.

ـ چون نوسینى باش لە نوسینى خراپ جیابکەینەوە؟ واتە دەقى نەمر لە دەقى مردوو.

ـ بە رای من دەقی باش خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانەیە: زمانی باش، راستگۆیی نووسەر لەگەڵ ئەزموونەکانی خۆی، گوزەرکردنی وشە و رستەکان لە جیهانی دەروونەوە، شارەزایی بە سەر ئامرازەکانی نووسینی دەقدا بە تایبەت تکنیک، داهێنان، جورئەتی بەزاندنی سنوورەکان، زانیاری پێویست لەسەر کۆمەڵگا و جیهانی سەردەم کە ئەمە بەتایبەت رەوتە گشتییەکان دەگرێتەوە، نوێگەری، توانای بیرکردنەوەی قووڵ، پەلەنەکردن، دووریکردن لە پۆپۆلیزم، پێداگرتنی بەردەوام لەسەر رەخنە، تەسلیم نەبوون بە دۆخی باو، وننەکردنی مرۆڤایەتی، ماندوونەبوون لە دەقدا و سەرئەنجام دەق تەنیا لە پێناوی شتی دەرەکیدا پێناسە نەکەین و دەبێ جۆرێک لە گەڕانەوەی دەق بۆ خۆیشی لە ناو دەقدا هەبێ.

هەڵبەت وەک دەزانین ئەوە زۆرتر نوخبەکانن بڕیاردەدەن چ دەقێک باشە و چ دەقێک خراپ. بگرە لەناو ئەوانیشدا زۆر جار هاوڕایی نیە و ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ روانگەکان رێژەیین و لەناو کەسەکاندا دەکرێ جیاوازبن. بەڵام بەهەرحاڵ لە کۆتاییدا جۆرێک لە کۆدەنگی دروستدەبێ.

ئەزموون پیشانی داوە کە زۆر بەرهەمی باش لە کاتی ژیانی نووسەرەکەیدا پێی نەزانراو، بۆ وێنە ئەزموونی مارسل پرۆست لەگەڵ رۆمانە بەناوبانگەکەی خۆی 'بەشوێن زەمەنی لەدەستچوودا' کە باشترین نووسەری ئەو کاتی فەڕەنسە رەدی کردەوە. کەواتە نوخبەکانیش هەڵەی گەورە دەکەن و بۆیە هەمیشە بڕیاری نوخبە پێوەرنیە.

ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە کە سەرئەنجام لە دووای ماویەکی زەمەنی هەندێ بەرهەم شوێنی دیارتر پەیدا دەکەن و دەمێننەوە. رەنگە لە بواری ناوخۆیی دا ئەم دەرکەوتن و مانەوەیە جیاواز بێت تا بواری نێونەتەوەیی. وەک دەبینین لە ئاستی جیهانیدا زۆرتر نووسەرانی ئۆرووپایین کە مەترەحن و لە راستیدا کلتورەکانی تر بەو شێوەیە ناتوانن لە گەڵیا پیشبڕكی بکەن. ئەمەیش بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە کلتوری ئۆرووپی جگە لەوە پیشڕەو بوو، بگرە بە هۆی زاڵبوونی کلتورەکەی و سیاسەت و توانای ئابووری بە سەر دونیادا جۆرێک لە زاڵبوونی دەقیشی بەشوێن خۆیدا هێناوە. لەوەها دۆخێکدا تەنانەت گەر دەقی زۆر باشیش لە ناو کلتورەکانی تردا بەرهەم بێن بەڵام لە دەرفەتی پێشبڕکێی پێویست بەهرەمەند نین و دەمێننەوە. دیارە زمانیش لەم بوارەدا دەوری گرینگ دەگێڕێ. هەموومان دەزانین کە نووسین بە ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئاڵمانی و سپانی شتێکی ترە تا بۆ وێنە نووسین بە فارسی یان بە کوردی.

بۆیە دەتوانم بڵێم کە ئەگەر کلتورەکانی تر لە مێژوویەکی باشتر بەهەرەمەند بوونایە ئەوایە رەنگە دەقەکانی ئەوانیش لەم پێشبڕکێیە بێ روحمانەیدا بەختی باشتریان دەبوو بۆ مانەوەیان. کەواتە مانەوەی دەقی باش لەم دونیایەی ئێمەی تیا دەژین تەنیا بۆ خودی دەق ناگەرێتەوە.

بە کورتی دوو هۆکار بۆ مانەوەی دەق دەور دەگێڕن: هۆکاری دەروونیی دەق و هۆکاری دەرەکی. لە هۆکاری دەرەکیدا کلتورەکانی وەک ئێمە زۆر کورت دەهێنن.

ـ بۆ نووسەر خوێندنەوە گرنگ و چێژبەخشە یان نووسین؟

ـ سەبارەت بە بەشی 'گرنگ' دەبێ بڵێم بێگومان هەم خوێندنەوە گرینگە و هەم نووسین، بگرە خوێندنەوە گرینگترە. دیارە خوێندنەوە نەک تەنیا وەک خوێندنەوەی دەقی تر، بەڵکو وەک خوێندنەوەی دونیا و دیاردەکانی دەورووبەرمان لە رێگای چاولێکردن، هەست پێکردن و بیرکردنەوەی قووڵ لێیان. نووسەر ئەگەرچی بە نووسین دەبێتە نووسەر، بەڵام پیش نووسین ئەو خوێنەرە، بگرە خوێنەرێکی یەکجار چاکیش. چونکە بە بێ خوێندنەوەی چاک نووسینی چاک بەرهەم نایەت و دەبێتەوە بە دووپاتکردنەوە.

بەڵام کاتێک باس لە 'چێژ'ە، بە رای من نووسەر زیاتر چێژ لە نووسین وەردەگرێ تا خوێندنەوە. زۆر سادە بەو هۆکارەی کە نووسین پروسەی داهێنانە و نووسەر تێیدا خۆی وەک بوونێکی نوێ پێشکەش بە دونیای دەرەوە و بگرە پێشکەش بە خۆیشی دەکا. بە رای من نووسین گەورەترین چێژە. چێژێکی یەکجار ئینسانی، چونکە خۆتی تیا سەرلەنوێ درووست دەکەیتەوە و وەک خودا شتێکی دەخوڵقێنێ کە تا ساتێ لەوە پێش نەبووە. پرۆسەی خۆڵقاندن لەززەتێکی مەزنە. هەستبەخۆ کردنە لە دونیایەکدا کە کەمتر ئێمە هەست بە یەکتر دەکەین. نووسین مانەوەیە لە دووای خۆت. دەستەمۆکردنی زەمەن و کاتە. جێ شوێنی چڕنوقەکانی ئێمەیە بە سەر دیواری زەمەنەوە.

ـ کەى پێویستە نووسەر لە نوسین بوەستێت؟

ـ وەک چۆن نووسین خۆی دێت، وەستانیش خۆی دێت. دیاریکردنی ئەو 'کات'ە لە لایەن خودی نووسەرەوە نیە. ئەو نووسەرەی خۆی کات دیاریدەکا، مانای ئەوەیە لەگەڵ نووسین مامەڵەیەکی بازاڕیانە دەکا. جگە لەمە نووسین دەکرێ سەرەڕای وەستان، دیسان رۆژێک بگەڕێتەوە، وەک چۆن لای 'ماکس وێبێر'ی ئاڵمانی سەرەڕای وەستانێکی چەند ساڵە (پێم وابێ چوار ساڵە)، گەڕایەوە. هەندێ جار وەستانی نووسین بە هۆی مەرگەوەیە. پێم وابێ نموونەی ئەم جۆرە نووسەرانەیش لە دونیادا زۆرترە تا ئەوانەی لە کاتی ژیاندا دەوەستن. باشترین نووسەرەکانیش ئەوانەن وا مەرگ رایگرتن نەک خودی خۆیان.

دیارە دەتوانین بڵێین نووسەرێک نەتوانێ تازەگەری بکا و بەردەوام خۆی دووپات بکاتەوە، واباشە رابوەستێ. ئەم گوتەیە شیاوە، هەرچەند دەبێ بە رێزەوە باسی بکەین. جا لێرەدایە کە گرینگیی خوێندنەوەی بەردەوام بۆ نووسەر دەردەکەوێ. خوێندنەوەی بەردەوام ئەو دەرفەتە دەدا کە لە بازنەی دووپاتبوونەوە دەرباز بین.

ـ چۆن نوسەرى ئاڵۆزو ئاڵۆزى نووسین لە یەک جیابکەینەوە؟

ـ ئاڵۆزیی لە نووسین دا لە کەسێکدا دەردەکەوێ کە خاوەن میتۆد نیە و بەسەر بوار و تکنیکە جۆربەجۆرەکانی دەقدا زاڵ نیە و بۆیە لە کاتی نووسین دا ئەو بالانسەیە وا لە نێوان دەروونگەرایی و دەرەوەگەراییدا کە بۆ پیشکەشکردنی دەق پێویستە، لەدەست دەدا. نووسەری ئاڵۆز بگرە پەیامی دەقەکەیشی روون نیە. خوێنەر کاتێک لە خوێندنەوەی دەقەکەی تەواو دەبێ ناگاتە شوێنێ. بەڵام نووسەری ئاڵۆز وشیارانە مامەڵە لەگەڵ دەقدا دەکا و وشیارانە ئاڵۆزی دەکا زۆر جار لەبەر ئەوەی کە دەیەوێ لە رێگای سازکردنی پێوەندی ئاڵۆز جۆرێکی تر لە پێوەندییەکانی نێوان جەمسەرە جۆربەجۆرەکان پیشکەش بکا. نووسەری ئاڵۆز پێی وایە بە پێچەوانەی سەرنجی سەرەتایی مرۆڤ، لە راستیدا دونیا دیاردەیەکی ئاڵۆزە و بۆیە دەبێ ئەم ئاڵۆزییە لە دەقدا بگوێزرێتەوە. بۆیە زۆر جار لە دووای تەواوکردنی دەقی نووسەر ئاڵۆز بە جۆرێک لە روونبوونەوەی ماناکان و تکنیک و پەیام دەگەین.

دیارە هەموو ئەمانە پیوەندیشی هەیە بە رادیە وشیاریی خوێنەرەوە. لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی دەقی نووسەری ئاڵۆز و ئەو دەقەی ئاڵۆز نووسراوە، پێویستیمان بە خوێنەری وشیارتر هەیە.

من زۆر جار هەست دەکەم کە نووسەری ئاڵۆز بە جۆرێک دەکەوێتە گەمە لە گەڵ تکنیک و بۆیە گەر وشیار نەبێ جۆرێک لە دەستکردبوون بە دەقەکەیەوە دەردەکەوێ. بۆیە دەبێ وشیار بێت، یاخود باشتر بڵێم وشیارتر بێت!

ـ ئایا نووسین پێویستییە، ئیلهامە یان مەعریفەیە یان چێژە؟

ـ بە رای من هەر چواریانە. هەڵبەت لە مانایەکی پلۆرالیستیدا. ئەوەتەی مرۆڤ هەیە نووسین هەیە (جا بە شێوەی سەرەتاییش بووبێت). ئیلهامیشە (وەک رۆمانتیکەکان دەڵێن). ئەگەرچی ئەم ئیلهامە بە جۆرێک بە زیرەکبوونی زگماکیشەوە گرێدەدرێتەوە کە دیارە سەلماندنی دژوارە. چونکە بە رای من بەردەوامبوون لە کاردا گرینگیی زیاتری هەیە. هەروەها ئیلهام ئێمە بۆ جۆرێک دەبەستێتەوە بە دیاردە بانسرووشتییەکانەوە و بیری جیهانی نادیارمان دەخاتەوە. شتێک لە چەشنی جیهانی ئایدیاکانی ئیفلاتون کە هەموو شتێک تێیدا بەتەواوی کامڵ بوو. بە رای من ئیلهامیش بە جۆرێک ئاکامی دۆخێکی واقعییە و رەگی لە دیاردە بەرهەستەکاندا هەیە. ئیلهام زۆرتر ئاکامی بیرکردنەوە و خەیاڵێکی قووڵە کە ئەمانەیش بە بە هەبوونی میشک ناکرێن! نووسین مەعریفەیشە. چونکە بەو دەلیلە سادەی کاتێک دەقێک دەخوێنینەوە زانیاریمان پێدەبەخشێ، واتە هەڵگری مەعریفەیە. بەم پێیە بە بێ هەبوونی مەعریفە دەق ناتوانێ دەق بێت. ئەگەرچی دادائیستەکان دەیانگوت کە وشەکان گەر بە هەڵکەوتیش لەپاڵ یەکتردا راوەستن هێشتا دەبنە خاوەن مانا. کە ئەمەیش بۆ ئیعجازی زمان دەگەڕێتەوە. نووسین چێژیشە. چێژە چونکە زانیاری هێز دەبەخشێ (وەک 'فرانسیس بەیکن'ی فیلسووف دەیگوت). لە رێگای هێزەوە مرۆڤ هەست بە دڵنیایی دەکا و ئیتر چێژ لەدایک دەبێ. چێژی دووری لە مەرگ و هەڵێنانی رازەکانی دونیا کە پێی وایە رەنگە هەنگاوێک بەم زانیارییە لە مردن دوورخرابێتەوە.

لە کۆتاییدا ئیزن دەخوازم بگەرێمەوە بۆ خاڵێک کە لە سەرەتای وەڵامەکاندا ئاماژەم پێدا، ئەویش جیاوازیی نێوان دوو قۆناغی 'دەست بەنووسین کردن' و 'بەردوامبوون لە نووسین'دایە. بە رای من هۆکارەکان بۆ نووسین لە هەر دوو قۆناغدا هەر هەمانن بەو جیاوازییەوە کە لە قۆناغی بەردەوامیدا دوو شتی تر روودەدەن: یەکەم قووڵبوونەوە لەناو هۆکارەکاندا (کە دەبێتە گۆڕان لە بواری چلۆنایەتیدا)و، دووهەم ئەگەری سەرهەڵدانی هۆکاری تر بە هۆی ئەم قووڵبوونەوەوە. بۆ وێنە سەرەڕای ئەوەی دەگاتە ئەوەی لەگەڵ ترس و ئەشق و شەڕ چ بکا، بەڵام دەبینێ هیچی پێنەکراوە. نووسین کەواتە دەرفەتێکە بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوە. رەنگە نووسین تەنیا شوێنێک بێت تێیدا ئێمە بە تێفکرینی زیاترەوە دەتوانین هەڵبژێرین.

 

ئاماژە: ئەم گفتوگۆیە لە کتێبی 'چێژی نووسین' بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن 'شاخەوان سدیق' ەوە ئامادەکراوە.