شێعر و پەخشان

گفتوگۆی كۆیله‌و خاوه‌نه‌كه‌ی

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

كۆیله‌: بخۆ گه‌وره‌م بخۆ

        خواردنی ڕێك و پێك دڵ ده‌كاته‌وه‌

       خواوه‌ند (شه‌مه‌ش)یش له‌ خوانی وا ئاماده‌یه‌

       كه‌ به‌شادی و به‌ ده‌ستی پاكه‌وه‌ ده‌خورێ.

خاوه‌ن كۆیله‌: نه‌خێر ئه‌ی كۆیله‌ نان ناخۆم!

 

گفتوگۆی كۆیله‌و خاوه‌نه‌كه‌ی

 

و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

(ئه‌م گفتوگۆیه‌ نموونه‌یه‌كه‌ له‌و ئه‌ده‌به‌ی وێنه‌ی

داته‌پینی شارستانی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان سه‌رده‌مان،

 سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پ. ز ده‌رده‌بڕێ) - وه‌رگێڕ

 

 

خاوه‌ن كۆیله‌: گوێ بگره‌ كۆیله‌!

كۆیله‌: به‌ڵێ گه‌وره‌م، گوێم لێته‌

خاوه‌ن كۆیله‌: په‌یتوونه‌كه‌م ئاماده‌كه‌ و بیهێنه‌! ده‌مه‌وێ بۆ‌كۆشك بچم .

كۆیله‌: بڕۆ گه‌وره‌م، بڕۆ

         هه‌موو ئاره‌زووت دێته‌ دی،

        به‌ختت یار و پاشا چاوی لێت ده‌بێ.

خاوه‌ن كۆیله‌: نا كۆیله‌ نا... ناچمه‌ كۆشك

كۆیله‌: مه‌چۆ گه‌وره‌م مه‌چۆ

        پاشا به‌ ئیشت ده‌نێرێ

       له‌وێ له‌ خاكێكی غه‌ریب كه‌ نایناسی

      به‌ دیلت ده‌گرن

      شه‌و و ڕۆژ ماندوو  هیلاك…

خاوه‌ن كۆیله‌: گوێ بگره‌ كۆیله‌!

كۆیله‌: ئه‌وه‌تا گه‌وره‌م گوێم لێته‌

خاوه‌ن كۆیله‌: هه‌ر ئێستا ئاوم بۆ بێنه‌ ده‌ستم بشۆم

                 ده‌مه‌وێ نان بخۆم .

كۆیله‌: بخۆ گه‌وره‌م بخۆ

        خواردنی ڕێك و پێك دڵ ده‌كاته‌وه‌

       خواوه‌ند (شه‌مه‌ش)یش له‌ خوانی وا ئاماده‌یه‌

       كه‌ به‌شادی و به‌ ده‌ستی پاكه‌وه‌ ده‌خورێ.

خاوه‌ن كۆیله‌: نه‌خێر ئه‌ی كۆیله‌ نان ناخۆم!

كۆیله‌: مه‌خۆ گه‌وره‌م مه‌خۆ

         بنیاده‌م دوای خواردن هه‌ر برسی ده‌بێته‌وه‌

        دوای خواردنه‌وه‌یش تینوو...

خاوه‌ن كۆیله‌: به‌ر ئه‌مرم به‌ كۆیله‌، به‌رئه‌مرم به‌!

كۆیله‌: به‌ڵێ گه‌وره‌م ئه‌وه‌تام، به‌رفه‌رمانتم

خاوه‌ن كۆیله‌: بڕیارم داوه‌ شۆڕشێك به‌رپابكه‌م

كۆیله‌: بیكه‌ گه‌وره‌م به‌رپای كه‌

        چی به‌سه‌ر گه‌وهه‌رتان دادێ

     كێ ده‌تداتێ و تێرت ده‌كا؟

     بیكه‌ گه‌وره‌م، شۆڕشێك به‌رپا بكه‌.

خاوه‌ن كۆیله‌: نا كۆیله‌ نا، شۆڕش ناكه‌م

كۆیله‌: مه‌یكه‌ گه‌وره‌م مه‌یكه‌!

         ئه‌وه‌ی شۆڕش به‌رپا بكا ئازار ده‌كێشێ و

        زیندانیی ده‌كرێ و جه‌سته‌ی ده‌شێوێنرێ.

خاوه‌ كۆیله‌: به‌ر ئه‌مرم به‌ كۆیله‌، به‌رئه‌مرم به‌!

كۆیله‌: ئه‌وه‌تام گه‌وره‌م به‌رفه‌رمانتم ..

خاوه‌ن كۆیله‌: ده‌مه‌وێ ئافره‌تێكم خۆش بوێ

كۆیله‌: بیكه‌ گه‌وره‌م بیكه‌!

        ئه‌وه‌ی ئافره‌تی خۆش بوێ

        ئێش و ماندوویه‌تی

       له‌بیر نامێنێ.

خاوه‌ن كۆیله‌: نا كۆیله‌ نا، دڵداری ناكه‌م

كۆیله‌ : مه‌یكه‌ گه‌وره‌م، دڵداری مه‌كه‌

        ئافره‌ت بیره‌

        ئافره‌ت خه‌نجه‌رێكی ئاسنینه‌

     ملی پیاو ده‌په‌ڕێنێ...

خاوه‌ن كۆیله‌: به‌ر ئه‌مرم به‌ كۆیله‌ به‌ر ئه‌مرم به‌!

كۆیله‌: به‌ڵێ گه‌وره‌م به‌ڵێ، ئه‌وه‌تا گوێم لێته‌...

خاوه‌ن كۆیله‌: ئاوم بۆ بێنه‌ ده‌ستم بشۆم

                ده‌مه‌وێ قوربانییه‌ك بۆ خوداوه‌ند بكه‌م

كۆیله‌: بیكه‌ گه‌وره‌م بیكه‌!

        ئه‌وه‌ی قوربانی بۆ خوداوه‌ند بكا

        قه‌رز ده‌خاته‌ سه‌ر قه‌رز و به‌ختی یار ده‌بێ...

خاوه‌ن كۆیله‌ : نا كۆیله‌ نا قوربانی ناكه‌م

كۆیله‌ : مه‌یكه‌ گه‌وره‌م ، قوربانی مه‌كه‌!

        ده‌توانی خوداوه‌ند ڕابێنی

        كه‌ پێویستی به‌ نوێژ و قوربانی ده‌بێ

        دوات بكه‌وێ .

خاوه‌ن كۆیله‌: به‌ر ئه‌مرم به‌ كۆیله‌!

كۆیله‌: به‌ڵێ گه‌وره‌م به‌ڵێ

خاوه‌ن كۆیله‌: ده‌مه‌وێ چاكه‌ی بكه‌م

                زه‌وییه‌كه‌م بكه‌م به‌ سه‌ده‌قه‌ و

        خۆراك به‌ وڵاته‌كه‌م بده‌م

كۆیله‌ : بیكه‌ گه‌وره‌م بیكه‌!

        ئه‌وه‌ی خۆراك به‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌دا

        جۆ  هه‌مووی بۆ خۆی ده‌بێ و

        قازانجی فره‌ی پێ ده‌گا.

خاوه‌ن كۆیله‌: نا كۆیله‌ نا، خۆراك ناده‌مه‌ وڵاته‌كه‌م

كۆیله‌: مه‌یده‌ گه‌وره‌م مه‌یده‌!

        به‌خشش وه‌ك دڵداری وایه‌

        وه‌ك له‌دایك بوونی مناڵه‌

       دانه‌وێڵه‌ت ده‌خۆن و نه‌فره‌تیشت بۆ ده‌نێرن!

خاوه‌ن كۆیله‌: به‌ر ئه‌مرم به‌ كۆیله‌، به‌ر ئه‌مرم به‌!

كۆیله‌: ئه‌وه‌تا گه‌وره‌م به‌رفه‌رمانتم .

خاوه‌ن كۆیله‌ : ده‌مه‌وێ یارمه‌تی وڵاته‌كه‌م بده‌م

كۆیله‌: بیده‌ گه‌وره‌م

        ئه‌وه‌ی یارمه‌تی وڵاته‌كه‌ی بدا

       چاكه‌ی ده‌گاته‌ مه‌ردۆخی خوداوه‌ند...

خاوه‌ن كۆیله‌: نا كۆیله‌ نا

     هیچی وا ناكه‌م یارمه‌تی وڵاته‌كه‌می تیا بێ

كۆیله‌: مه‌یكه‌ گه‌وره‌م مه‌یكه‌!

        به‌سه‌ر هه‌واره‌ دێرینه‌كانا  تێپه‌ڕه‌

        سه‌یری كه‌لله‌سه‌ری ئێستا و ڕابردوو بكه‌

        كامیان شه‌ڕانی و كامه‌یان چاكه‌خواز؟

خاوه‌ن كۆیله‌: به‌ر ئه‌مرم به‌ كۆیله‌، به‌ر ئه‌مرم به‌!

كۆیله‌: به‌ڵێ گه‌وره‌م به‌ڵێ

خاوه‌ن كۆیله‌: ئێستا له‌ دونیا چ باشه‌؟

                ملی تۆ و ملی خۆم په‌ل ده‌ده‌م

                یا هه‌ردووكمان خۆمان به‌ ئاوێ داده‌ده‌ین

                ئا ئه‌مه‌یه‌ شتی باش

لێره‌دا (خاوه‌ن كۆیله‌) ڕای خۆی گۆڕی و

به‌ كۆیله‌ی وت:

نه‌ء كۆیله‌ نه‌ء ته‌نیا تۆ ده‌كوژم!

مه‌رگی تۆ به‌ پێش خۆم ده‌خه‌م

كۆیله‌  وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: داخۆ گه‌وره‌م

                        له‌ دوای منه‌وه‌، تۆ ده‌توانی

                          ته‌نانه‌ت

                        سێ ڕۆژیش بژی؟

 

 

 

* له‌ - ته‌ها باقر – (مقدمه‌ فی الادب العراقی القدیم) ـه‌وه‌

   به‌غدا 1976 كراوه‌ به‌ كوردی.