شێعر و پەخشان

کسپەی سوتان

رەسوڵ سەفەریانی

به‌قه‌یرایی سه‌ده‌یه‌که‌ ئه‌م مردنه‌م له‌گه‌ڵدایه‌ و

گه‌رد و لوولی گه‌رده‌لوولم له‌سه‌ردایه‌ و

هه‌مو رۆژێ سه‌دان که‌ڕه‌ت

له‌ سه‌دان جێی له‌شی له‌تله‌ت کراۆمدا

ئه‌و کرچه‌یه‌ ده‌چێژم.

 

کسپه‌ی سوتان

رەسوڵ سەفەریانی

 

ئه‌ڵێن مردن

یانی خرمه‌ی دابڕانی

 له‌ش و ره‌گی ژیان له‌یه‌کتری

کاتێ داسی مه‌رگ ئه‌یدورێ

که‌ ژیانیش لێت ده‌بێته‌ شوشه‌ی شکاو

لێوه‌ی تیژی ماڵئاوایی

ئه‌ناسێنێ به‌ شلکایی دڵی جووتی خۆشه‌ویستان

چه‌شنی شوتی و زه‌بری چه‌قۆ

کرچه‌ی بڕین و دابڕان

مردنێ وا ده‌خولقێنێ

که‌ته‌رمه‌که‌ی به‌ تابووتی چ وشه‌یه‌ک هه‌ڵناگیرێ

جه‌هه‌ننمی ئه‌و مردنه‌

دوایین ساتی سه‌ر لێواری دابڕانه‌ و

له‌ ته‌نوری ماچ و بوغز وفرمێسکدا

 هه‌ڵم ئه‌بیت و...

خه‌یاڵ ئه‌تباو...

له‌شه‌وێکی چاوو خنکێنا

که‌ هه‌ناسه‌ی گه‌رمی ژیان

 له‌ سپیایی کفنی به‌فرا قه‌تیس ده‌بێ

یه‌که‌م گوڵه‌ به‌فری ئه‌تۆ

وه‌ک په‌پوله‌ له‌لێواری په‌نجه‌ره‌که‌ی ژووری خه‌ویان

به‌ئه‌سپایی هه‌ڵئه‌نیشی و

وه‌کو زه‌رده‌ی لێوی ساوای خه‌ولێکه‌وتو

که‌م ته‌مه‌نی و

به‌برووسکه‌ی دیدارێکیان

وه‌ک کۆتری تیر لێدراو

یه‌ک دوو فرته‌ و

سێ چوار په‌لی با هه‌ڵگرتوت

له‌چوار چێوه‌ی بیره‌وه‌ری په‌نجه‌ره‌که‌ تۆمار ده‌بێ

له‌ده‌سرێژی رێژنه‌ بارانی به‌هاراندا

دڵۆپێکی فرمێسک ئاسای

وه‌ک باڵنده‌ی ترس هه‌ڵگرتوو

خۆ ده‌کووتی به‌سه‌ر چاوه‌ شووشه‌یانانداو

وه‌ک رێبواری وزه ‌سووتاو به‌هه‌ناسه‌ی سووری هاوین

که‌ ده‌گاته‌ ژێرسێبه‌ری تاقه‌داری گوێ شلکردو

بۆ گۆرانی کانیاوێکی بچکۆلانه‌

ئارام وه‌کو خزانی خه‌و به‌جه‌سته‌دا

ئه‌خشی به‌سه‌ر کوڵمی ساردی په‌نجه‌ره‌دا و

به ‌پرشنگی تاوی چاوی به‌ره‌و رۆچنه‌ی چاوه‌ڕوانی داکوتراویان

وه‌کو ئاوی تکاوی سه‌ر سۆپای به‌تاو

ته‌نیا کسپه‌ی سووتانێک و

هێڵی شوێنه‌ گریانێکت

له‌سه‌ر گۆنای شوشه‌ییان جێ ده‌مێنێ

له‌گه‌ڵ سروه‌ی به‌یانێکدا

ئه‌چیه‌ سنگی گڕکه‌یه‌کی دێمه‌کار و

شان به‌شانی کۆڕه‌ میوه‌ی ره‌شبه‌ڵه‌کی نێو سه‌له‌یان

به‌ بێده‌نگی خۆ ده‌که‌یتۆ به‌درگادا و

پڕ به‌ پێستی گشت ماڵه‌که‌ ده‌گه‌ریت و

به‌قه‌د تاسه‌ی دیداریشیان

ئه‌چیه‌ ناخی سنگیانه‌وه‌.

به‌هارێک و پاییزێک و

ساڵێتر و

           چه‌ن ساڵیتر ...

به‌قه‌یرایی سه‌ده‌یه‌که‌ ئه‌م مردنه‌م له‌گه‌ڵدایه‌ و

گه‌رد و لوولی گه‌رده‌لوولم له‌سه‌ردایه‌ و

هه‌مو رۆژێ سه‌دان که‌ڕه‌ت

له‌ سه‌دان جێی له‌شی له‌تله‌ت کراۆمدا

ئه‌و کرچه‌یه‌ ده‌چێژم و

ئازارێکی تیژتر له‌ خوێ

زامه‌کانم دێنێتۆ سوێ

Relatert bilde