شێعر و پەخشان

تیشکە پڕەکان

سەباح رەنجدەر

خوداوەندەکان مژدەن و دێنە لام و باسی وەفاى دەریام بۆ دەکەن

 

چەند میهرەبانانە سەوڵ دەکاتە دەستى منداڵێکى تازە لەدایکبوو 

 

تیشکە پڕەکان

 

دواى جارێکى تر خوێندنەوەى سەرجەم داهێنانەکانى کاروان کاکەسوور، بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خانمى نووسین.

 

بەشی دووەم

لەدایکبوون و مردن

 

لە سەدەى بیست چاوم لە لاسکە ماندووەکان ئاڵا و سەرکەوت

لە سەدەى بیست و یەکدا

چاوى ئاڵاوم لە لاسکە ماندووەکان دەکەوێت

هەردوو سەدە لەو خرۆش و خولیایەى لە منیان ڕسکاند

کرمى ئاوریشم لەناو لەپیان کەوتە گڕوگاڵ

سەیر زۆر سەیر تەماشاى ئاگرى ناو شووشەى لامپای کرد

ئاوریشم بەشە میراتى منە

بەشە میراتى خۆم دەپارێزم و ڕۆژگار دەیهێڵێتەوە

لە زۆر بۆنەدا سینیی کێکی بەدیۆمم قڵپ کردووەتەوە و پەنجەرەى مۆنم شکاندووە 

دەرگاى خەزنەم بە گەرمایى پەنجە کردووەتەوە

لەناو بەلەمى ڕاوچییەکان چرام داگیرساندووە و لە حیکمەتى چارەنووسم پرسیوە

پەپوولەم ئاشق کردووە و تەمومژى سەر ئاویشم لاداوە

تووڕەیی تێکەڵى بەزەیی نابێت

با شوێنى هەیە لێى هەڵبکات و خۆشى لە لووتکەى  درۆزن لادا 

لە بیریشى ناچێتەوە بۆچی هەڵى کردووە و لە چیشدا دەبێتە سروە

سروە باڵ دەجووڵێنتەوە

لە ڕۆژێکدا کە خۆرەکەى زۆر ڕۆشنە

بە بزەیەکى ئاشنا خەڵاتم کە و دەستبەردارم مەبە ئاوریشم ڕوێن

لەدایکبوون پەڕەمووچی کۆترەکانى بڵاو کردمەوە و بۆم کۆ نەکرایەوە

مردن فریام کەوت و بۆ لاى هیچ شتێک نەگەڕامەوە

ئاگرى کەس لە ئاگرى کەسدا ون نەبووە

کەسیش بە ئاگرى کەس نەسووتا

لە بەرپەنجەرەى یەکیش تێپەڕین و خۆشحاڵین بە سەمای زەماوەند

سەیر زۆر سەیر تەماشاى ئاگرى ناو شووشەى لامپا دەکەین

 

ئەوسا و ئێستا

 

سروشت هەموو پرسیارەکانى ئێستا و ئەوساى کردووە و بۆ هەموو شت سەرەتایە

خەیاڵ سەرەتاى خۆى دەدوێنێ و هانا بۆ شکۆى خۆى دەبا

پەپوولە ئاگرى ڕاونا و کەوتە بۆسەی و کوشتى

گەرمایی لە دڵى جریوەى دەهات

بە ئاوى حیکمەت درەختى سێبووریی گۆش کرا

ئاو ڕێڕەو دەگۆڕێ

بەڵام بیر ناگۆڕێ

لە دەرەوەى باخەکانى بەهەشت میوەکان ناسیمیانەوە

باڵ لە گەرمیى پێگەیینى میوە کرانەوە و بە خوداوەندەکان ئاشنا بووم

لە خۆشیاندا سوور هەڵگەڕام

خوداوەندەکان مژدەن و دێنە لام و باسی وەفاى دەریام بۆ دەکەن

چەند میهرەبانانە سەوڵ دەکاتە دەستى منداڵێکى تازە لەدایکبوو

کاتێکیش جێم دەهێڵن بە سەرمدا زاڵ دەبن و بیریان دەکەم

پرسیارەکانى ئێستا و ئەوسا لەبارەى ئەو شتانەى دەتوانم هەمبێت دووبارە دەکەمەوە 

بۆ هەموو شت سەرەتام

سەرەتا پێوستى بەوەیە

هەموو ڕەگەکان لە شوێن پێی جوانیی و لێبووردن بچێنێت و شتەکان دەست پێ دەکەن

گوڵاو دێ تایبەتمەندترین نهێنیى گوڵ دەدرکێنێت

زەوى لە پەردەی ڕاز دێتە دەرێ

ڕازاندنەوەى خۆى دەداتە دەست هەموو ڕەنگەکان

گوڵ سەرسپاردەی گوڵاوە

 

وەچە و بنەچە

 

شوێنپێ ئەمەکى ڕێگا نادیارەکانن

جەللادیش دەیەوێ ئاسمان خامۆش بێت

چۆلەکەکانم لەناو ڕەشەبادا بەڕەڵلا نەکرد

دوور کەوتمەوە و هەڵمدان

بەشە مێوژى خۆم لە قەرتاڵەدا هەڵگرت

هەنجیر و گوێز و باویم داتەکاند و چوومەوە یاریی گومبەتانێ

بەرانبەر چیا وەستام و بزمارەکانى کەشتیی نائومێدانم توند کردەوە

بە پەرۆشم خودا بۆ داوەتى ماڵى خۆى بانگم بکات

پۆلە چۆلەکەکەى هەڵمدابوون بۆ ئەوەى خۆیان پێشانى برووسک دەن

لەگەڵم بنیشنەوە و دەنووک لە زایەڵەى سنگى

 قەڵا بدەن و گۆرانییەک لە لێوى جێ بهێڵن

ئاوى تۆفان و لافاو لە بەر دەستماندا مردن

شارمان لاواندەوە و وەچە و بنەچەی ئاگرمان ژمارد

کەمى نەکردبوو

شەقامەکان لەبن پێی ڕێبواران گڕِوگاڵیان بوو

ئەسپ و پاڵەوان و پەیکەرەکان پیرۆزەى دوو چاوى تێرخەو دەبەخشن

هەردوو تاى تەرازوویان مەل لەناوى مەشقی غاردان و باڵ دەکات

 

باوەڕ و گومان

 

هەستە تووڕەکان قولابیان لە ئاو کێشایەوە و باوەشم لە خودا وەرێنا

باوەڕ و گومان باوەشیان پێدا کردم و خۆیان نەدرکاند

دڵوپ و دڵۆپ کەوتنە ناو کاسە و کەوچکمانەوە

هەراسان و بێزار بووم

لە قسەى دووبارە لەبارەى ڕێنوێنییەکان

لە ئومێدى ئەوان هیچم بۆ نەگوازرایەوە

ڕووبەڕووبوونەوەى خۆدرکاندنم هەڵبژارد

گردۆڵکە و چیاکان سوور هەڵگەڕان

لەناو دەستە بەهێزەکانى تەفرەدان خۆم ڕاپسکاند و بوومە ترپە و ئاوازی نووسین

بەناو دارستانێکى گەورەدا ڕۆیشتم یانى جێگایەکى نەناسراو

درەختەکان بەدوامدا هاتن

دایکێکى ئەفسانەییم ناسی

کەروێشک لەگەڵى دەڕۆن بەرى درەختەکان کۆ دەکەنەوە

هەندێک نیشانەى ئاگریان دروست کرد

بەرەو گردۆڵکە و چیا سوور هەڵگەڕاوەکان بەرز بوونەوە

دەبێ تەماشا بکەین

خوێن سەر دەکات و فرمێسک خوڕەى دێ

کاروان دوانەکەوت و گەیشت

هێماى کلیل و کلیلسازى لەسەر تاج چنى و ئاسۆیەک پێکهات 

بۆ فەرمان و بەرفرمانى ئەوە بکە و ئەوە مەکە

زمانى کوردییان پێ بەخشیم

لەسەر بەرد تۆمارم کرد و هەتا بڵێى ڕۆشن

 

لەکەدار و کلکدار

 

چەترى کاسەى سواڵ بپێچەوە پیاوى لەکەدار و کلکدار

وەک سیسارکەکەچەڵ چڕنووکت بەسەرماندا کردووەتە قەفەس

ئەسپى شەل ڕاوى پێ ناکرێ

چاو بە فرمێسک سڕە و دەخیلەى دڵشکاوانە

پایز دڵەڕاوکێى سروشتە

لاپەڕەکانى ناوچەوانى هەڵدەدەمەوە

مێشکێکى باش و سادە

کە خوێنى لێ دەتکێ سەردانى دەکات

ساتمە ناکات و ناکەوێ

لە مێژوویەکى زیندوودا پشوو دەدا

هێشووەکانى پێگەییوون و دەستەکانى بۆ بەرز کردوونەتەوە

بووە هەتاوێک تانوپۆی ڕەش و سپی چنیوە

زۆر ڕامام تا لە چنین بگەم 

خۆى لادا لە لێوى ڕەشى نزا خوێن

گوێى لە زمانێکى تر بوو

لە دەشتاییەکدا وێڵ مەبە

کلیلى شار بخەنە سەر ئاوێنەى زوڵاڵ کە زمانى نەرم دەهەژێتەوە

شەرمم لە برین نەکرد

شەرم لە برسیەتى دەکەم

 

هاتن و نەهاتن

 

کەسێکى چاوەڕێم لە هاتن و نەهاتندا تەنیا نەبم

تەنیایی دڵ دەسووتێنێت 

دەستیشم لە کردنەوەى پەنجەرەدا گیر بووە

پەنجەرە لە ژوورى زیندانیشدا دڵخوازى دیدارە

مێوان لە بەرپەنجەرە ئاڵوواڵاى ڕێژەنى ڕوخسارە

دڵى سپاردووە بە خۆرێکى سەد و یەکجار

سادە و ساکار

ڕوون و ئاشکرا

تەنیا ڕەنگى هاتن لە چاویدا دەنیشێت

جۆرەها دەنگى تێکەڵ لەسەرت جێ بە یەکتر چۆڵ دەکەن

دەیانەوێ بچنە ئاسمان بزرینگێنەوە

بە خومارى سەیرى زەمینى خومار بکەن

بیر لەو تیشکەش بکەنەوە

بە نێوانى شاخى کەڵەکێوى ڕەت دەبێت و لە پەنجەرەى زیندان دەدات

تیشکێکى لەناکاو نییە 

خۆر و پەنجەرە گۆرانیى یەکەمن

دەچنە ناو چارەنووسێک هێڵ و هێماکانى هیوایان لێ دەخوازرێ

خۆیان بەسەر نەهاتن دادەخەن و بەسەر هاتن دەکەنەوە

 

ڕاست و چەپ

 

ڕێوییەکى قونگیراو لە ئاوێکى جادوولێکراودا ددانى شووشت

کاتژمێرى فێرە هەڵخەڵەتاندن کرد

ئەوەى چاوەڕوان دەکرا ڕووى دا

ڕاست ئەسپى چووە ڕێ

چەپ شەقامى ناهاوسەنگە و ڕێبوارانى لەگەڵ یەکتر نامێننەوە و بخوور دەکوژێننەوە

لە پشت شۆستەکانیەوە جورج دەمى یەکتر لە ئاوێنەى چێژدا بە پێوانە و قەوارە دەبینن 

پیت و هێڵ و نیشانەکانى هاتوچوویان کڕاند

ئێمە تێکسووڕاین و گاکانمان لەناو کێڵگە بۆ نەهاتنەوە

هەر بە چاو شوێنپێیەکانى دزین

گوللەى قینى کوڵاوى تەقاند

گوللەى فرمێسکڕێژیشى بۆ هەلێکى تر هەڵگرت

لە خاکى ڕەنگەکان گۆپکە و چرۆ و گوڵ

ژەهراوى دەکرێن ئەوجا پێى دەزانن

 

شەو و ڕۆژ

 

لە شەودا سینگ دەردەپەڕێنم و خۆم ئامادە دەکەم

بەناو ڕۆژدا بڕۆم و شتەکان دژى شەو هەڵگرمەوە

شەو زانى بێکەسم و بە سەرانسەرى دنیادا دەسووڕێمەوە

بەشێک لە کاتى خۆى کورت کردەوە

لە ڕۆژدا دەست لەسەر سینگ دادەنێم و خۆم ئامادە دەکەمەوە

بەناو شەودا بێمەوە و شتەکانى هەڵمگرتووەتەوە

لە مۆزەخانەى پایتەختى دابنێم

ڕێگاکانى شەو و ڕۆژ وایان کرد

شانازى بە بێ شەو و ڕۆژى خۆم بکەم

شەو و ڕۆژ گومانیان هەیە

هەموو ئەو بەردانەى هەڵمدان

نرکە و ناڵەیەکیان نەخستە دڵى گۆمێکەوە

کامێراکەم ئامادە دەکەم وێنەى قڕژاڵێکى چاو پەلکەزێڕینەیى دەگرم لافاو لاى داوە

گوڵەبەڕۆژە بەسەریدا چەماوەتەوە و سێبەرى لێ کردووە

ئەى ئەستێرەى بچووک بڕژێ

بە یەکەوە کۆچ دەکەین

نامەیەکم پێیە هیچ لە سەر زەرفەکەى نەنووسراوە

 

کۆن و نوێ

 

ڕۆژێک سادەیی جوانیی

بە شتى کۆن سەرسام دەکەم و لەگەڵیدا هەڵبکات

نوێ بێدەنگ و بێجووڵە و لەخۆڕازى

بە ڕێگایەک کە ڕووناکی لێ دەچۆڕێ

بەرەو پیرمەوە دێ

ژیان بە کۆن بەناز و ڕێزلێگیراو ماوەتەوە

بە نوێ خەمڵیو و زەماوەندگێڕ و بە خانە و لانە

لە تەماشاکردنى ڕێى خولیا دەمارى دادەخورپێ

لەگەڵ خۆى هەڵدەکات و گوڵاوى بەسەردا دەڕژێ

دەنگى لە هەموو جێیەک نەوا و ئەنوایە

بێدەنگى ڕێگا لە کوێ دەیهێنێتەوە

هەموو بە ڕێگایەک کە ڕووناکی لێ دەچۆڕێ

بەهانایەوە دەچین

گوڵاوى پاراوى شەوییمان لێ دەدا

بیر لە ئارەقەى بۆنخۆشى سەرەمەرگ دەکەینەوە

گوڵاو و ئارەقەى سەرەمەرگ ڕژاونەتە ناوێک

ڕووبارێک حەوت پردى بەسەرەوەیە

بە هەراوهۆریا لە ڕووبار نەپەڕیمەوە

 

ناولەپ و ناوچەوان

 

ڕەگ نازناوە بۆ لک و چڵ

لەبینینیان گلێنەى هەردوو چاوى گەورە دەبن

ناولەپ هێز و هێڵەکانى خۆى دایە ناوچەوان

ترووسکەى ئاویلکەیەک کۆى کردنەوە

بوون بە باڵا و سێبەرەکەیانم بینى

ئاگرى سێبەرەکەیان پێشوازى لە پیاوێکى بەختەوەر دەکەن

قۆچی گایەکى لە جەللادێک وەرگرتووەتەوە

ڕاوى گورگى دارستانى پێ دەنێ

زەوى درەختەکانى خۆى کرد بە تێلدڕ

پێى گورگ سووتا و ئەو چڕنووکەى لە گۆشتى دەچەقاند هەڵوەرى

قۆزاخەى ڕووناکى کرایەوە

ئاشنابووم بە سروودى شۆڕشەکان

دەستەبەرز هەڵبڕاوەکان بەخشش و بەخشندە و مژدە پێ دراون

مانگ مێوانى ئاسمانە و خودا بەخێرهاتنى کرد

دابەزى بۆ ناو دەستە بەرز هەڵبڕاوەکان و بە چاو و ناوچەوانى خۆیانەوە نا

ڕووەو هێمنى خوداوەندەکان غاریان دا

هێمنى خوداوەندەکان بۆ دەستە بەرز هەڵبڕاوەکان گواسترانەوە

 

 Image result for full lys kunst