شێعر و پەخشان

زیندانی ڕۆح

نەسرین تەنیا

قەڵەم دەڵێ بەسیە ئیتر ئەتۆ بویتە کەسێکی تر

 
چاو هەڵبڕەو هەستە لە خەو من و تۆین و ڕۆژێکی تر

 

زیندانی ڕۆح

 

نەسرین تەنیا

 

ئەو کاتەی وا ڕۆح و دڵم زیندانی ژینی ئەستەم  بوو

هەوری ڕەشی ئاسمانی تار دووژمنی ساتێ خەندەم بوو

 

چاوەڕوانی دەرکەوتنی تیشکی خۆر و ئازادی بووم

لە دووزەخی زووحاکی پیر بەس لە فکری هەڵاتن بووم

 

من و قەڵەم هاوڕێی زەمان ئاوێتە بوین لە گەڵ شەماڵ 

دەیلاواندین کەژاوەی عەشق لەسەر دەریاو بەحری خەیاڵ

 

هاوسەفەری پەپولەی ڕۆح مەنزگامان باغی گوڵان

هەستی من و سەمای لاولاو عاشقانە لە یەک ئاڵان

 

نەرم نەرم بۆنی  زریان ڕای دەکێشاین بۆ  دارستان

تێکەڵ دەبون شیعر و ژوان  نەرمە ماچی هەور و باران

 

بۆ دیداری پاییزی پیر دیاری دەستم چەپکێ وشە

بۆی دەکردم کراسی زەرد نەخش و نیگار گوڵ وەنەوشە

 

هاوڕێیەتی من و قەڵەم  گوزەرێکە لە زەماندا

ئەوەی جوانی جیهان هەیە دەینەخشێنین لە خەیاڵدا

 

هیچ نەبوایێ بۆ ساتێکیش دوور دەکەوتین لە قرم و قاڵ

لە  بێ ڕێزی و  لە گرین و دەردو ژان و زمانی تاڵ

 

خۆ لە مێژە من ئازادم لەو زیندان و قوفڵ و دەرە

بەڵام  ڕۆحم بریندارەو  یاریم  نادا و بێ سەمەرە

 

وەکوو تیرێک لە ناغافڵ بۆم دەهاوێ یادم لە پڕ

ئەوەی خۆشی وجوانی و ڕەنگە ون دەبێ لێم گشت کوتوو پڕ

 

قەڵەم دەڵێ بەسیە ئیتر ئەتۆ بویتە کەسێکی تر

چاو هەڵبڕەو هەستە لە خەو من و تۆین و ڕۆژێکی تر

 

بە خەندەو ماچی لێوی ئاڵ بونیاد بنە عەشقێکی تر

چەپکێ ووشە بکە دیاری لە بۆ جوانی بەهارێک تر

Image result for ensomhet kunst