شێعر و پەخشان

چەپڵە لێدەن

 

شێرزاد فەقێ ئیسماعیل

ئێوەى مەڕیش بۆى هەڵپەڕن

بەو خەیاڵەى ، لەپێناوتان
دەسکەوتێکى باشى هێنا.
مەگەر بە چاوتان نابینن
ملهوڕان و کەڵەگاکان
 
چەند بەهێزن، چەند بێ رێزن

 

چەپڵە لێدەن

شێرزاد فەقێ ئیسماعیل

ئەى  بە رواڵەت ئەوروپى و،

پەروەردە و بیر و ناخیشت

مەڕەکانى سەدەکانى

ناوەڕاستی خۆرهەڵاتى،

کۆیلەکانى تۆرانێتى

بیدروونەوە

بەرهەمى رەگەزپەرستى.

ئەو دەسکەوتە گەورەى سەرۆک

بە دەستى خست

هەر بلیمەتى خۆیەتى

ئەگینا ئێوە چووزانن

سوڵتان چى دەڵێ و چى دەکات.

تەنیا لە تواناى ئەودایە

پەرجۆ و فەلسەفە دروستکات.

بەیانییان لە ئەنکەرە

حوکمى دەستگیرى سەدان کەس

لە رەخنەگرانى دەردەکا

ئێوارانیش

فەرمانى تۆپبارانکردنى

دەیان دێهات و شارۆچکە و

شارى خۆرئاواى کوردستان

واژۆ دەکا.

بە رووە شەرمەزارەکەى

فەرمانى رێگەپێدانى

تاڵانى سامانى کوردان

بە تلیاک کێشەکان دەدا.

خۆى خۆراکدانى تیرۆرە

هەرکەس لەو خولگە نەسووڕێ

بە تیرۆریست دەیناسێنێ.

ئێوە تەنیا بۆتان هەیە

چەپڵە لێدەن، سەما بکەن

پیرۆزبایى و ئافەرین و

دەستخۆشانەى پێشکەش بکەن.

گەر چاویشتان لە بەرامبەر

هەزاران گلەیى هەر زەقە

پشتیوانى هەزاران لە

نموونەى وەک خۆتانئاسا

لەو رۆژهەڵاتە وێرانە

لە کۆنەوە هەبووە و دەشبێ.

ئەوەى وانەى خیانەت و

گەندەڵچێتى و پانکردنەوەى

بە وردى رەوان کردبێ،

گوێ بە هیچ بەهایەک نەدا

رۆژ دواى رۆژ ساماندار و

بەختەوەر و شادتر دەبێ.

زلهێزەکان لە پاداشتى

ئەو خزمەتە، فڕوفێڵە

ملیۆنەها لیرە و دۆلار

دەبەخشن بەم گوێڕایەڵە.

یا رێگا خۆش دەکەن خاکى

گەلێکى بێ هێز و پەنا

داگیر و کاول و تاڵانکا.

ئێوەى مەڕیش بۆى هەڵپەڕن

بەو خەیاڵەى ، لەپێناوتان

دەسکەوتێکى باشى هێنا.

مەگەر بە چاوتان نابینن

ملهوڕان و کەڵەگاکان

چەند بەهێزن، چەند بێ رێزن

دەوڵەمەندن، چەند کەساسن

بە دروشمى چڵە زەیتوون

دارستانەکانى زەیتوون

بە ئاگر و ئاسن هەڵقرچان

هەزارەها تۆپ و بۆمبا

بۆ گیانى ژن و منداڵ

پەککەوتە و پیر

بە بێباکى بەڕێ دەکا،

خۆى و چەندان ریش چەپەڵێک

فتواى قڕکردنى کورد دەدا.

تلیاک کێشى دەیان وڵات

داماڵراو لە خوو و رەوشت،

لە گشت بەهاى مرۆڤێتى

شکستخواردوان لە ژیان

لە ژێر ئاڵاى ئیسلامەتى

کۆکردەوە لە دەورى خۆى

ئاسایشترین هاوسێى خۆى

کردە ئامانج

شارى ئاشتى و دۆستى و رۆزى و

میواننەواز ، خانەدانان

بەسەر یەکدا کردن وێران.

سەدان هەزار بێ گوناهى

لە ماڵ و زێد و هێلانەى

بەرەو دەشت و چۆل وەدەرنان

دیارە سەدەى بیست و یەکیش

لە رۆژهەڵات

ئاوەزى دڕندایەتى و

دیسان هەر خوێن رشتن و

ماڵوێرانکردن و تاڵانە،

جێبەجێکردنى پیلانە

زلهێزان ئەوە دەخوازن.

ئیتر ئەنجام هەرچى هەیە

مەڕ و بزن قەدەغەیە

پرسیار بکا لەپاى چییە

ئەو هەموو دەستدرێژییە؟

ئەى مەڕەکانى تورکیا

دە بخوێننەوە مێژوو

لەبیرتان چوو

دەسەڵاتى ملهوڕانتان

بەسەر دەیان وڵات هەبوو

ستەمکارى و بێ باکیتان

هەمووى دەرکرد لە ژێر دەستتان؟

چەپڵە لێدەن . . .

مامە حەمە و پیشەى ماستاو

دەیان ستەمکار و دەستڕەش

دەیان دیکتاتۆر ، نەشیاو

بەرهەمى چەپڵەى ئێوەیە

ئیتر تا هەن

نەک هەر خەڵک ، بگرە خۆشتان

بۆ ساتێکیش ناتوانن

لە ژیانتان ئۆخەى بکەن.

لە لاسایى ئەوروپییان

دیمەنتان وا دیارە گوایە

زۆر پێشکەوتوونە لە ژیان،

بەڵام روون و ئاشکرایە

هەر رووکەشى دەرەوەیە،

مێشک هەر بیرى سەردەمى

جەنابى سوڵتانەکانە،

ئێستاش بە ڕەواى دەزانن

سوڵتان خاوەنى سەدان ژن،

خزمەتکار و بەندە و کۆیلە و

دەیان گەنجى خەسێنراوى

  ناو حەرەم و

ئەندەروون، داڵانەکانە

ئیتر هەر خووى

سەدەکانى ناوەڕاستە

خۆتان و دەستەى حوکمڕان

بەو رێبازانە پەیوەستە

کلتوورى مەغۆلەکانى

ژێر فەرمانى هۆلاکۆیە

داگیرکردن ، ستەمکارى

خاپوورکردنى وڵاتان

لاى ئێوە تیۆرى ژیانى

سەرفرازى و رەوایەتى و

رێى دروستە.

رۆژێ هەر دێ

لەسەر خەونە گڵاوەکانتان

خۆتان و سەرکردە و سوڵتان

لە قوڕ بچەقێ دەمتان

ئەوەى زەوتیشتان کرد لەمەوپێش

لە قوبرس و ئەسکەندەروون

لە عەفرینى پڕ زام و ئێش

لەگەڵ تۆڵە و قەرەبوویان

ئەو شوێنانە بۆ یەکجارى

بۆ هەزاران چاوچنۆک و

زۆردارى لە وێنەى خۆتان

دەبێتە دوا گۆڕستان.

تا ئەو رۆژەى جێى دەهێڵن

عەفرین بۆ تۆرانییان ژانە

بۆ کوردانیش

دەروازەى، یەکبوون، ئازادى،

بەرخودان و تێکۆشانە.

 

 Image result for drep