چیرۆک

خەیاڵەکانی حاجی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

حاجی رەقی لە باسی هەرچی قەدەر، خراپەی دونیای ئەمڕۆ، ئیبلیس و قسەو شێوازە سەیروسەمەرەکەی شێرکۆیە. حاجی کە قەت لە ژیانیدا پێکەوە سەری ئەم هەموو باسەی لای خۆی نەکردبووەوە، ئیتر گومانی لەوەدا نەبوو رێک لەو کاتەیدا... شەیتان زۆر زیرەکانە خەڵەتاندبووی!

 

خەیاڵەکانی حاجی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

حاجی کە لە حەج گەڕایەوە، جگە لە عادەتە قۆڕەکەی جاران نەبێ ئەزیەتی دەکرد، ئەگینا تەواو کەیف خۆش و لەسەرحاڵ بوو. پێی وابوو دووا ئەرکی موسوڵمانێتی خۆی بەجێ هێناوە و، ئیتر خوا بۆ خۆی سەرپشکە لە سەر ئەوەی دووای مردن دەینێرێتە بەهەشت یان نا. کە لەناو فڕۆکەکە دانیشتبوو و لە پەنجەرە گچکەکەیەوە سەیری ئاسمانی پایتەختی وڵاتی دەکرد (تەیارەکە بە تەمای نیشتنەوە بوو)، لە کاتێکدا جاروبارە وەک هەمیشە بە دزییەوە دەستی بەسەر میزەڵدانیدا دەهێنا، وەک هەردیی شاعیر دەڵێ شریتی عومری رابردووی دەهاتەوە بەرچاو. هەتا چاو هەتەری دەکرد جگە لە کوێرەوەری، زەحمەت، ماندوو بوون و یارمەتیدانی خەڵکی نەبێ، بەتایبەت خەڵکی فەقیر و هەژار، چیدی نەدەهاتەوە خەیاڵی. هەڵبەت تەمەنیشی ئەوەندە درێژ بوو کە هەندێ شتی بە بێ ویست لەدەست دەرچێ و، فەرامۆشی بکا. ئەمەیش لای ئاسایی بوو، بەڵام تا ئەو جێگایەی ویژدانی رێی پێدەدا، هەستی بە هیچ بارگرانییەکی لە جۆری ناحەز نەدەکرد و بگرە یەکجار کەیف خۆش و مورتاح بوو. سەفەری حەج لە دووابزماری تابووتی ژیانی دەکرد! ئیتر ئامادە بوو بارگەوبنە بە تەواوی بپێچێتەوە و ماڵئاوایی لەم دونیایەی بکا کە لای ئەو جگە لە ماندووبوون، کوێرەوەری، ئەزیەت و ئازار و ئەرک، چیتری پێوە نەبوو. ئەگەرچی لای کوفر بوو، بەڵام هەندێ جار سەری سوڕدەما لە کاری خوا! ئاخر خودا بۆچی ئەم جیهانە و بنیادەمی خوڵقاندبوو؟ ئەویش ئا بەم شێوەیە! لەوێ لە خوارەوە لە سەر عەرز، هەتا دەهات وەزع خراپتر دەبوو. شەڕ، کوشتن، گرتن، بێسەرەوشوێن بوون، بێدەرەتانی و... بگرە لە هەموویان خراپتر بێ متمانەیی جیهانی کردبوو بە جەهەننەم (لای حاجی دونیا دەبا لانیکەم تێکەڵێک بایە لە بەهەشت و جەهەننەم، نەک تەنیا جەهەننەم). دونیا سەرەونخوون دەهاتە بەرچاوی. ئاهێکی هەڵکێشا و، شوکری خودای کرد لە سەردەمێکی تردا ژیابوو. ئەو سەردەمەی وا زۆرینەی خەڵکی کاتێ بە بەر دووکانەکەیدا تێدەپەڕین، سڵاویان دەکرد. "ئاخ، یادی بەخێر،... هەزار جار یادی بەخێربێت!"

لەبیری دێ بە منداڵی، هەر بە شوێن باوکییەوە بوو. لە سپێدەوە هەتا شەو. کە باڵای کرد و خەریکبوو سمێڵی گووگرە بێت (تەمەنی چواردە ساڵان)، لە گەڵ چەند وڵاغار یەکیان خست و هاتووچۆی ئەو دیو سنووریان پێکرد. لە یەکێک لەم سەفەرانەدا بوو لە سەر باری خوار، وەها شەقێکیان تێهەڵدا کە بۆ هەمیشە میزەچرکێی گرت. کە ریش و سمێڵی دانا و چوارچێوەی هەیکەلی جوان داڕشت (بیست ساڵی)، دووکانێکی کوتاڵفرۆشی پێکەوە نا و تیادانیشت، هەرچەند قەت دەستی لە قاچاخ بەرنەدا. لەو کاتەوەی بوو بە بەززاز، ئیتر تەواو بە مزگەوت و نوێژ و رۆژووەوە لکا و، هەتا ئەم تەمەنەی هەنووکە بۆ یەک جاریش بێت پشتی تێنەکرد. لە ماوەی چەند ساڵ دا، بە نێوانی دوو دوو، چوار ژنی هێنا و لە کۆتاییدا ببوو بە خاوەنی شانزدە منداڵ (هەشت کوڕ و هەشت کچ). تەنانەت لە تەمەنی هەفتاد ساڵیشدا چووبوو بۆ حەج. (تەواوی رووداوە گرینگەکانی تەمەنی حاجی لەو ساڵانەدا روویاندابوو وا بە رەقەم جووت بوون: چواردە و بیست و...، هەتا هەفتاد). حاجی کە بیری لەمە دەکردەوە بزەی دەهاتێ. هەستی دەکرد خودا بە ئەنقەست ئەمەی رێکخستووە. حیکمەتێک لە پشتیدا بوو. هەر لەمەوە، بەو ئاکامەیش گەیشتبوو کە مردنی، دیسان لە ساڵە جووتەکاندا دەبێ: هەفتاد و دوو، هەفتاو چوار، یان... . بۆیە حاجی دڵنیا بوو لەوەی لانیکەم دوو ساڵی تریش دەژی (هەرچەند هەوڵیدەدا لەم بیرە کوفراوییەیش خۆی دوور رابگرێ، چونکە بڕیاری ژیان و مەرگ تەنیا لای خودا بوو و بەس).

لەگەڵ دەوردانەوەی فڕۆکەکە بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە، دیسان حاجی وەک عادەتی هەمیشەی، بە دزییەوە و بە ئاستەم دەستی بە میزەڵدانیدا هێنایەوە و هەستە مورتاحەکەیش بەهێزتر رووی تێکردەوە. بە بێ ئیرادە جەستەی گرد و بێ سەروبنی زیاتر لە کورسییەکەدا نوقم کرد و بگرە باوێشکی بێ خەیاڵیش دەمی پێ کردەوە و، پڕ بە سییەکانی هەوای قورسی ناو تەیارەکەی هەڵمژی. ئەگەرچی لەوێ لە سەر زەوی، لە لای، ژیان یەکجار قورس دەهاتە بەرچاو، بەڵام خۆی وەک نموونەیەک دەبینی کە دەکرا ئەم قورسییە سووک بکا، وەها کە بەردەوام هیوا بۆ ژیان بگێڕێتەوە. نموونەیەک کە لەم رۆژانەدا یەکجار کەم دەست دەکەوت. زیاتر بیری لە کارە خێرخوازانەکانی خۆی کردەوە. بیری ئەوەی بە ئاشکرا و نائاشکرا دەستی بە چەندین بنەماڵە و بێوەژن و پیرەپیاوی فەقیرەوە بوو. ئەوەی کە، زەکاتی خۆیشی دەدا و لە هیچ مزگەوت دروستکردن و کارێکی خێری تریش بێ بەری و بێ بەش نەبوو. کورت و موختەسەر، حاجی تورەکەکەی کۆڵی پڕ بوو، ئەوەندە پڕ کە هەستی دەکرد جاری وابوو ئەژنۆکانی لەژێرباری گرانی چاکەدا شل دەبوون! لای ئەو، ئاخر، کاری چاکەیش وەک خراپە وایە، بە درێژایی تەمەن هەتا دێ قورس و قورستر دەبێ و جەستەی مرۆڤ وەها شەکەت دەکا، نەبێتەوە. ئەگەرچی ئاکامەکانیان بە تەواوی جیاوازن.

لە کاتێکدا فڕۆکەکە سوڕ دەخوا و فڕۆکەوانەکە دووا پەیام بە موسافیرەکان دەدا، بزەیەکی دەنیشتێتە سەر لێوی. بیر لە بەردەبارانکردن و رەجمی شەیتان دەکاتەوە. خۆشی، وەک ئاوی روون جامی دەروونی لێواولێو دەکا. چەند بە لەزەوە وردەبەردەکانی دەست دەدایە و تێی دەگرت! کاتی خۆیشی حەزرەتی ئیبراهیم هەر ئەمەی کردبوو. بەردی لە شەیتان گرتبوو و،... توانیبووی راوی بنێ. حاجی هەڵبەت نایشارێتەوە ئەگەرچی لەگەڵ ئەو حەشیمەتە گەورە و بێ ئەژمارە لە 'حجرالاسود' نزیک کەوتبووەوە، بەڵام هاوکات ترس و خۆفێکی گەورە و سەیریش دایگرتبوو! بڕوای نەدەکرد قەت لە ژیانیدا بتوانێ ئەوەندە لە مەلایکەی وەدەرنراوی خوا نزیک بکەوێتەوە، هەرچەند جیلوەی شەیتانی بە درێژایی ژیان لە زۆر شوێن و لە زۆر شتدا بینیبوو. هەوڵی دا بەو بیرەی کە شەیتانیش یەکێک لە مەلایکەکانی خودا بووە و خۆفەکەیشی هەر بۆ ئەمە دەگەڕایەوە، هەستە ناخۆشەکە لەخۆی دووربخاتەوە. بۆ یارمەتی زیاتری خۆی، دیسان سەری هەڵهێنایەوە و لە پەنجەرەکەوە سەیرێکی دەرەوەی کردەوە. ئەگەرچی فڕۆکەکە نزم ببووەوە، بەڵام هێشتا بە سەر هەورەکانەوە هاڕڕەی دەهات.

حاجی دەستێ بە کەمەرەکەی دەوری سکی دا دێنێ و، دیسان خەیاڵی شەیتان دەیباتەوە. دیسان بیر لە ئیبراهیم کە بە بەرد راوی نابوو و لە خۆی دووری خستبووەوە. لای، چەندە ئەمە کردەیەکی ئاسان بوو. تەنیا ئەوەندە بەس بوو دانەویت و دەست ببەی بۆ چەند وردیلە بەرد و بیهاوی و، ئیتر خۆت لە حوزوری ناحەز و نەگبەتی بۆ هەمیشە دەرباز بکەی. بەڵام حاجی هەستی کرد کە نا، لە ژیانی راستەقینەدا ئەوەندە ئاسان نیە. باشە بۆ؟ ئەم پرسیارە رۆحی گووشی. خەیاڵی، بە ناو کۆڵانەکانی بیرکردنەوەدا کەوتە سوڕان و  گەڕان. ئیبراهیم شەیتانی بینیبوو، بۆیە تووانیبووی راوی بنێ، بەڵام ئەی عەبدی نەگبەت! کێشە ئەوە بوو کە شەیتان ئیستا بۆ ئەوان تەنیا رۆح و هەوەس و کردەیەکی نادیاربوو، بۆیە نەدەکرا بیبینی و، بە بەرد راوی بنێی، نە دەشکرا نەیبینی و خۆی لە نەبان بکەی! شەیتان هەمیشە لە شوێنێک بە دەوری مرۆڤەوە بوو، ئەسڵەن دروستکرابوو بۆ ئەوەی هەمیشە بە دەوری مرۆڤەکانەوە بێت، هەر هەموویان. حاجی لێرەدا بە زەحمەت دەستبێحەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و لە ژێر لێوەوە دۆعایەکی بۆ دوورخستنەوەی شەیتان خوێند. خەیاڵی ئەوەی بۆ دەربازبوون لە ئیبلیس، بیر و خەیاڵ و هێزێکی دەروونیی سەیر پێویست بوو، خەمگینی کرد. ئاخێک هەڵدەکێشێ. چەندە کارەکان هەمیشە لای پێغەمبەرەکان ئاسان بوونە. بۆ ئەوان هەموو شتێ دەستی دەدا. تەنیا پێویست بوو ئیرادە بکەن و بەس، بەڵام بۆ عەبدی نەگبەت چی؟... نا،... نا!

کتوپڕ فڕۆکەکە دەکەوێتە چاڵێکی هەوایی و بە توندی دەلەرێتەوە و دادەکشێتە خوارەوە. جۆرێک لە نائارامی خەڵکەکە دەگرێتە خۆ. چەند حاجی ژنێک هاواردەکەن. تەیارەکە دەناڵێنێ. وەک بڵێی لە دیوارێکی نەدیتراو خشاوە. کە دۆخەکە ئارام دەبێتەوە، حاجی لەبەرخۆیەوە ئەمە بە وەبەرکەوتنی مرۆڤ و شەیتان دەشوبهێنێ. شەیتان رێک ئاوایە. لە شوێنێک کتوپڕ لێی دەخشێی، یان لێت دەخشێ. ئەوسا هەست دەکەی هەموو شتێک دەکەوێتە ناو بۆشاییەکەوە کە تێیدا خەریکە بە توندی و بە خێرایی بەردەبیتەوە،... گشت شتێ لە سەر سنووری کۆتایی. لە راستیدا زۆر جاریش هەموو شتێک کۆتایی پێ هاتووە. هەڵبەت نەک وەک جەستە، بەڵکو وەک هەموو ئەو توێشەبەرەیەی لە ژیاندا مرۆڤ کۆی کردووەتەوە. حاجی پەنجەکانی دەکا بە مشت و توند توند دەیگوشێ. گەر بەردێکی پێ بوایە، ئیستا وەها بەرەو حجرالاسودی دەیهاویشت کە چاوەکانی شەیتانی بەڕاستی کوێر کردایە! ئەو چاوانەی رێگایان بە شەیتان نیشان دەدا و، پێیان دەگوت بەرەو کوێ و بەرەو کێ بچێ.  

نەفەرەکەی تەنیشتی روو دەکاتە حاجی و دەڵێ بە من بوایە کارێکم دەکرد مرۆڤەکان لە ئاسمان بژین، بڕوا ناکەم لێرە ساتێک لە یادی خودا غافڵ بن! حاجی سەر وەردەگێڕێ و لێی دەڕوانێ. چەند چاوەکانی ئاشنان. لە کێ دەچێ لە کێ ناچێ، حاجی بیری شێرکۆی کوڕی مامە حەمەی دراوسێیان دەکەوێتەوە. بیری چاوەکانی، شێوازی بەڕێدا رۆیشتن و هەروەها... قسەکانی،... قسە سەیرو سەمەرەکانی شێرکۆ، رقی لە مەلا و لە حاجییەکان. رقی لە دین، ئەوەیکە دین دونیای لە ئەزەلەوە شێواندبوو. شێرکۆ دەیویست دونیا بگۆڕێ، رۆژ تا ئێوارە قسەی بە حکومەت دەگوت و باسی لە جیهانێک دەکرد تێیدا هیچ کام لەم کێشانەی ئەمڕۆ نەدەبینران. حاجی چەندەی پێ سەیر بوو. لەخۆوە نەبوو لەوێ لەسەر زەوی دونیا ئەوەندە تێک چووبوو. مرۆڤ و گۆڕینی دونیا! لە قورئاندا باسی هەژار و دەوڵەمەند کرابوو. ئەمە مانای ئەوە بوو خوای گەورە بڕوای بە هەبوونی فەقیر و دەوڵەمەند هەتاهەتایە هەبووە. خوا، بۆ رەواندنەوەی هەژاری، تەنیا باسی لە خێر و خێرات کردبوو و بەس. ئیتر هیچی تر نا. بەڵام شێرکۆ جۆرێکی تر بوو. لەگەڵ ئەوەی ئەمەی رەد دەکردەوە، کەچی باوەڕیشی بە خێر و خێرات نەبوو! بیسمیللا! شتی چۆن چۆنی لەم دونیایەدا پەیدا دەبن! لاحەولە... گرژدەبێ. ئەوسا وەک بڵێی کتوپڕ سەرچاوە و هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی سەردەمی دۆزیبێتەوە، روخساری گەش گەش دەبێتەوە. لە کاتێکدا دیسان خۆبەخۆ دەستی بۆ میزەڵدانی دەچێتەوە، هۆکاری ئەم کەشفە بۆ سەفەری حەج دەگێڕیتەوە، بۆ ئەوە بە دڵ رەجمی شەیتانی کردبوو و هەتا ئیستایش بە پێچەوانەی حاجییەکانی تر لە جیاتی ئەوەی لە بیری دیاری و خۆهەڵکێشانی دوواتر لەناو خەڵکدا بێت، بەردەوام لە بیری خوا و پەیامبەرەکان و شەیتان و ئەرکەکانی مرۆڤ ببوو. "ئەیچۆن وەهایە!... سەرچاوەی بەدبەختیی بەشەر لەم سەردەمەدا تەنیا و تەنیا بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە،... بۆ ئەوەی هەندێ کەس نەک تەنیا خودا و یاسا و دەستوورەکانی خودایان لەبیر چووبووەوە، بەڵکو دەیانەویست بۆخۆیان جێی ئەویش بگرنەوە!... ئەستەغفوڕەڵڵا،... ئەستەغ... "

فڕۆکەکە نزمتر دەبێتەوە. هەورەکان، دوورەدەستەکان وندەکەن. حاجی، شەیتان و مرۆڤی ئەم سەردەمەی وەک ئەم هەورانە دێتە بەرچاو. نەک تەنیا ئاسمانی روون و دیمەنە دڵفڕێن و جوانەکانی دادەپۆشن و لەچاو ونیان دەکەن، بەڵکو تەنانەت خۆشیان لە خۆیان ون دەکەن. هیچ هەورێک دوو بست ئەولاتر لە تەنیشت خۆیەوە نابینێ! "مرۆڤ ئاوایە!... هەمیشە پێشینیان بەهەشتی تر بوونە،... هەمیشە!" وە چەندە خۆشیشە ئیستا بۆ خۆی یەکێکە لە پێشینیان،... چەند خۆشە!

لەبیری دێ ئەوەندەی نەخایاند شێرکۆ ون بوو و ئیتر کەس ساڵانی ساڵە نەیبینیەوە. بە ئیستایشەوە هەر ونە. حاجی ئاگای لێیە، باوکی، هەمیشە دەستی پێیەوە بووە و یارمەتی دەدا. دەهاتە لای حاجی و گلەیی لە بەختی خۆی دەکرد. جاری وایش بوو دەگریا. دەیکێشا بە ئەژنۆی خۆیدا و دەیگوت تازە ئیتر بە تەمای ئەوە نیە چاوی بەکوڕەکەی بکەوێتەوە. حاجی ئاهێک هەڵدەکێشێ. ئاهێک کە لە بنەوەی رقێکی سەیریشە. ئەوەی وا ویستی دونیا بگۆڕێ و باوەڕی بە خێریش نەبوو، ئیستا نەک تەنیا دونیای پێ نەگۆڕدرا، بەڵکو بۆ خۆیشی کەوتە خێر وەرگرتن! بزەیەکی تاڵی دێتێ. حەک داوەشێی،... حەک!

کە دەگەنە ژێر هەورەکان، لەجیاتی ئەوەی دونیا رووناکتر بێتەوە، تاریکتر دەبێ. حاجی پێی سەیرە. لە پەنجەرەکەوە سەیرێکی دەرەوە دەکاتەوە. چ رەهێڵە بارانێکە! ئیستا دێتەوە بیری فڕۆکەوانەکە ماوەیەک لەوە پێش ئاگاداری کردبوونەوە. بەڵام ئەم ئەوەندە خەیاڵی شەیتان و دونیا و شێرکۆ هەڵیگرتبوو کە ئاگادارییەکە تەنیا وەک وشە و رستە بە تەنیشت گوێیەکانیدا تێپەڕیبوو،... بێ مانا. بۆچی حاڵیش بێت؟ خۆ فرمان و سەرەداوی فڕۆکەکە بەو نیە!... جا بۆیە فەرق ناکا. بەڵام نا،... رادەوستێ. ئەگەرچی قەزا و قەدەر بە سەر دونیادا حوکم دەکا و ئەم قەزاو  قەدرەیش کاری خودی خودایە، بەڵام خوا قەت نەیگوتووە مرۆڤ دەبێ بەتەواوی خۆی بداتە دەستی قەزا و قەدەر. حاجی کە هەمیشە لە ئاڵۆزی و قورسبوونی حوکمەکانی خودا سەری سووڕمابوو و قەت هەوڵی نەدابوو زۆر بیریان لێ بکاتەوە (ئەو پێی وابوو لە دوواجار تەنیا خودا لە خۆی بە تەواوی تێدەگا و بەس)، ئەمجارەیش هەوڵی دا بە هەمان شێوە بە لایاندا تێپەڕێ، بەڵام هەرچی کرد نەیتوانی. هی خۆشیی شوێنی دانیشتنەکەی بوو، هی بیری رەجمی شەیتان و سەرکەوتن بە سەریدا، یان گەمەژەیی شێرکۆ؟... نازانێ. پێی سەیر بوو. سەر وەردەگێڕێ و سەیرێکی دوواوە دەکا. جگە لە ریزە کورسی ئەم بەر و ئەوبەر بە پشت سەری خۆیەوە کە تێێدا مرۆڤەکان بە هەموو روخساریانەوە دیارن، ریزەکانی تر تەنیا تۆقە سەریان بەدەرەوەیە. پێشەوەیش تەنیا بێ ئەژمار تۆقە سەر. سەرە ماندووەکان. ئەوانەی وا چەندین هەفتەیە لەبەر گەرما و هەتاوی توند و تیژدا فەڕزێکیان بەجێ هینابوو کە بۆ زۆر کەس خەون بوو. چاودادەخا و هەوڵدەدا ئەو نەختە رێگایەی ماوە بیر لە هیچ نەکاتەوە. ئەسڵەن بۆ دەبێ بیربکاتەوە؟ ئەمە چییە خۆی تێ هاویشتووە؟ بۆ ئەوەی خەیاڵی خۆی بخەڵەتێنێ، بیر لەو زەمانانە دەکاتەوە وا حاجییەکان نەک بە فڕۆکە، بەڵکو بە پێ و بە وڵاغ دەچوون بۆ حەج. پەککوو زەحمەت بووە،... پەککوو! هاوکات بە نیشانەی سەلماندنی قسەکەی خۆی سەر دەلەقێنێ، کتوپڕ هەست بە زەختێکی زۆر لە ناو میزەڵدانیدا دەکا. فشارەکە لەناکاو ئەوەندە بەهێزە، کە دەست پیاهێنانە بە ئاستەمەکانی سەر میزەڵدانیش چیدی یارمەتی نادەن. حاجی میزی دێ. ئەو هەمیشە لە ژیانیدا ئەوەتەی لەبیری دێ وابووە، هەر لەو سەفەرەی ئەو دیو سنوورەوە وا بە ناحەق تێیان هەڵدا. کە میزیشی دێ، دەبێ دەستبەجێ بچێ بۆ ئاودەست. راوەستان مەحاڵە. حاجی هەر لەبەر ئەمە دووکانەکەیشی لە تەنیشت مزگەوتدا کڕیبوو. ئەم لەم بەر دەرگاکەوە و باوکی شێرکۆیش لەو بەرەوە. رێک بە بیست میتر دوور لە دەرگا سەوزە گەورەکە و، بیست و ئەوەندە میترێکیش دوور لە یەکتر. کەممەرەکەی شلدەکاتەوە و دەیەوێ هەستێ، موسافیرەکەی تەنیشتی بە تەعەجوبەوە سەیری دەکا. نا، تەعەجوب نیە، مۆڕەکەیە. چاوە شێرکۆ ئاساییەکان. حاجی دادەنیشێتەوە. بیری دەکەوێتەوە لە کوێیە! دەبێ تا زەوی خۆی راگرێ. فڕۆکەکە دیسان نزمتر و نزمتر دەبێتەوە. وەی لەم نزیکبوونەوەیەش! وەک بڵێی بە هەر داکشانێک، ئەوەندەی تر میزەڵدانی حاجی دادەکشێ و لاواز و لاوازتر دەبێ. بەسەر خۆیدا دەنەوێتەوە.

حاجی لە ناو بێنە و بەرەی ئازاری میزەڵدان، بیری شێرکۆ، دونیای خوارەوە و شەیتان، خواخوایەتی فڕۆکەکە زوو بگاتە زەوی. ئەگەر زوو نەگاتێ، رەنگە یەکێک لە ناخۆشترین بۆنەکانی دونیا بە ناو ئەم حەشیمەتەدا بڵاو بێتەوە کە لە گرینگترین سەفەری ژیانیان دەگەڕانەوە. حاجی خۆی دەگووشێ. لێوەکانی دەکرۆژێ. جەستەی ئەوەندەی تر خڕ و گرمۆڵە دەبێ. کورسییەکە چیتر جێگای بۆ رۆچوون نەماوە. بارانی دەرەوە ئەوەندەی تر یارمەتی دەر و دنەدەرە بۆ خۆکردنەوە،... بۆ خۆ فشکردنەوەی بەشێک لە جەستە! رقی لە خۆی هەڵدەستێ کە بۆچی دە خولەکێک لەوە پێش هەڵنەستابوو و، بچی بۆ ئاودەستە بچوک و بۆگەناوییەکەی ناو تەیارەکە. ئەو کە لەو سەرەوە کاتێک بەرەو حەج فڕیبوون یەکجار بۆ ئەمە زیرەک بوو، بۆچی لێرەوە، لەمسەرەوە  فەرامۆشی کردبوو؟

حاجی رەقی لە باسی هەرچی قەدەر، خراپەی دونیای ئەمڕۆ، ئیبلیس و قسەو شێوازە سەیروسەمەرەکەی شێرکۆیە. حاجی کە قەت لە ژیانیدا پێکەوە سەری ئەم هەموو باسەی لای خۆی نەکردبووەوە، ئیتر گومانی لەوەدا نەبوو کە بە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێ، رێک لەو کاتەیدا زیاتر لە هەر کاتێکی تر هەستی بە زۆرترین کامەرانی لە ژیانیدا کردبوو، شەیتان زۆر زیرەکانە خەڵەتاندبووی!... خۆی هاویشتبووە ناو ژیانییەوە. ئای لە شەیتان!... بەڵام نا، رەنگە زیاد لە رادە بۆ بەردەکان دانەویبووەوە. حاجی رقی لەخۆی دەبێتەوە. ئەوسا ئەو خوتبەیەی مەلای مزگەوتەکەی خۆیانی هاتەوە یاد کە هەمیشە دەیگوت قەت هەوڵ مەدەن لە ژیانتان رازی بن،... لە کردەوەکانتان رازی بن،.... رازیبوون بۆ خودا دانێن... قەت! رازیبوون یەکێک لەو شوێنانەیە غەفڵەت دروست دەکا و ئیتر شەیتان خۆی پیادەکا.

شەیتان تازە خۆی پیاکردبوو. حاجی چاوەکانی دەقونجێنێ و لێوەکانی دەگەزێ. هەندێ جار پێویستە مرۆڤ خۆی بداتە دەست قەدەر. ئەگەرچی لە ژێرەوە لە سەر زەوی ژیان کارەساتە،... ئەگەرچی مرۆڤی وا پەیدا دەبن کە دەیانەوێ جێگای نەعوزوبیللا خوا بگرنەوە،...،... ئەگەرچی قەدەر لە رەگەزە شەیتانییەکەیشی بێت!  

لە کارەساتی ئەو دیو سنووری ساڵانی ساڵ لەمەوبەر، هیچ کارەساتێکی تری وەهای وەک ئەوەی ئیستای نایەتەوە یاد! حاجی هەست دەکا بۆ یەکەم جارە لە ژیانیدا خۆی بە تەواوی داوەتە دەست شەیتان. شەیتان بە نیگا ورد و پڕ لە زۆڵیەتییەکەی لێی رادەمێنێ،... بەو بزە رەشەوە کە دەروونی حاجی هەتا قووڵاییەکان شەقار شەقار دەکا. "ئای شەیتان،... ئای شەیتان!"