چیرۆک

سووربوون

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خەڵکەکە کە ئیستاکە پێ ناکەنن و نیگایان مۆڕ بووە و بە وردی گوێی لێدەگرن، بە دەنگێکی نەوی دەڵێن دەی باشە با وای دابنێین کە وایە، بەڵام بەڵگە؟ کێ دەتوانێ بیسەلمێنێ کە لە سەر ئەو قوتەیە، لە دوورترین پنتی نیشتمان، لە سەر سنوور، باوەگەورە شتی وەهای بینیوە؟... ها، کێ دەتوانێ؟ 

 

سووربوون

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەگەرچی شۆڕش سی ساڵ دووای ئەو رووداوە دەستی پێکردبوو، بەڵام ئەو هۆکاری شکستەکەی بۆ سی ساڵ لەوە پێش دەگێڕایەوە، بۆ ئەو کاتەی چەتەکان باوەگەورەیان لە ماڵەکەی خۆی بە رۆژی رووناک دزیبوو و، لەگەڵ خۆیان بردبوویان.

کە پێیان دەگوت حەمزە بە هەباس چی و تڕە بە تەوراس چی، ئەو لە وەڵامدا دەیگوت دونیا وەک گڵۆڵەیەک وایە کە ئەم سەر تا ئەو سەری پێکەوە پەیوەندیان هەیە،... گرێ دراون،... هەرچەند بە فەرسەنگ لەیەکتر دووریش، دەیگوت نابێ تەنیا سەیری سەرێکی بکەی، دەبێ هەوڵ بدەی هەموو گڵۆڵەکە بێنیتە بەرچاوت ئەگەرچی ناتوانی بست بە بستی ببینی! ئەوانیش پێی پێدەکەنین و دەیانگوت ئاخر رووداێک کە سی ساڵ لەوە پێش رووی داوە چ فڕی بە سەر دیاردەیەکی مەزن و گرینگی وەک شۆڕشەوە هەیە؟ تازە ئەگەر باسی شۆڕشەکانی تریش بکەی هێشتا بەهەرحاڵ، بەڵام چەتەیەک و دزینی مەلایەک چۆن دەتوانێ شکستی رووداوێکی مەزنی وەک شۆڕشی پێ پاساو بدرێتەوە؟ بەڵام بێ سوود بوو، ئەو هەر لە سەر قسەی خۆی سوور بوو و دەیگوت و، دەیگوتەوە.

ئەو زۆر حەزی بەو چیرۆکە بوو. کاتی خۆی لە باوکی بیستبوو. چیرۆکێک لە رەگەزی چیرۆکە دەگمەنەکان. هەمیشە لەبەر خۆیەوە دەیگوت و دەیگوتەوە. ئەگەرچی باوەگەورەی نەبینیبوو، بەڵام پێی وابوو سەرەڕای کوشتنی، بەختەوەرترین مرۆڤی سەر رووی زەوی بووە، یاخود یەکێک لە بەختەوەرەکان، ئاخر لای ئەو مردنێک کە بتوانێ سی ساڵی تر رەوتی رووداوێکی مەزن دیاری بکا، خۆی لە خۆیدا یەکجار گرینگ بوو، مردنێک بوو پڕ لە بەختەوەری.

باوکی گوتبووی گەورەترین چەتەی ئەو سەردەمە کە دەیانگوت جارو باریش، ناوە ناوە، لەبەر ئەوەی لەو دونیایەدا بە تەواوەتی تەریک و تەنیا نەکەوێتەوە، لەبەر فەقیر و هەژاران چەتەیی دەکرد و لە دەوڵەمەندەکانی دەسەند و بەوانی دەدا، بە کاتی نیوەڕۆیەکی گەرمی یەکێک لە پاییزەکانی سی ساڵ لەمەوبەر لە گەڵ چەند چەکداری تر خۆی بە گونددا کردبوو و، باوکی بردبوو. باوەگەورە ملی نەدابوو و لەگەڵیان نەچووبوو، چاوەڕوان بوو لەبەر ئەو حورمەت و رێزەی لەناو گوندییەکاندا هەیبوو، لەبەر پێش نوێژییەکان و خوتبە و پیاو چاکییەکانی، خەڵکی بەر بە چەتەکان بگرن و نەهێڵن بیبەن، بەڵام وەک هەمیشە خەڵکی پاش کەمێک مقۆ مقۆ و دەست بردنی هێواش بۆ کێشەکە، تەنیا لە رووداوەکەیان رووانیبوو. ئەم دەیگوت خەتای تفەنگەکان بووە، گەر تفەنگەکان نەبوایە ئەوا خەڵکی ئاوایی بەگژیاندا دەچوونەوە و باوەگەورەیان قوتار دەکرد. تفەنگەکانیش بڕنۆی ئاڵمانی و ئێم یەکی ئەمریکایی بوون، بەو قۆناغانەوە جێ جێ توێخیان هەڵدابوو. چەکدارەکان داوای پارەیان کردبوو. باوەگەورەیش گوتبووی قەت پارە نادا بە چەتە، چونکە حەرامە و لەو دونیای تر دەکەوێتە بەر غەزەبی خودا و دەبێ تەقاس بداتەوە. چەتەکان کۆڵێکی قورسیان (کە کەل و پەلی خۆیان بوو) بە کوڵیدا دابوو و پێش خۆیان دابوو، بە لێدانی دوو قۆنداغە تفەنگ بە شان و پشتە لاوازەکانیدا، وەپێش خۆیان خستبوو. باوەگەورە خەمگینانە سەیرێکی خەڵکی و سەیری خانووە داتەپیوو و پەرپوتەکانی ئاوایی کردبوو و، ملی دابوو و رۆیشتبوو، رۆیشتنێک بۆ هەمیشە.

ئەو پێی وایە گەر باوەگەورە پێی داگرتایە و قۆناغە تفەنگەکانی تەحەمول بکردایە، ئەوا سەرئەنجام چەتەکان ناچار دەبوون وازی لێ بێنن و بەری بدەن (ئاخر کەس ناتوانێ هیچ مردوویەک پێش خۆی بدا). ئەو پێی وابوو چەتەکان لەوە ترسنۆکتر بوون بتوانن بیکوژن. ئەوپەڕی، باوەگەورە دەبورایەوە و لە دووای رۆیشتنی چەکدارەکان تیماریان دەکرد و ئیتر ئاو بە ئاوردا دەڕژا. بەڵام وەک بڵێی باوەگەورە لە دڵەوە حەزی بەم سەفەرە بووبێ، وەک بڵێی بیری لەوە کردبێتەوە ئەم دووا سەفەرە بەجێ بگەیەنێ و بۆ دوواجار چاوێک بە دونیادا بخشێنێتەوە. ئیتر رۆیشتبوو! وەک دەڵێن رێک بەرەو سنوور. ئاخر چەتەکان هەمیشە هەوڵدەدەن زۆر لە سنوورەکان دوور نەکەونەوە. ئەو سنوورەی، ریزە شاخێکی بەرز بوو و لە داوێنیدا چۆمێکی خۆڕ و بە هەیبەتی لەمێژینە دەخرۆشا.

خەڵکی کە گوێی لێدەگرن دەڵێن زۆرباشە، چیرۆکەکەت زۆر سەرنجڕاکێشە، بەڵام ئەو چەتانە و ئەو مەلا پیرە و، ریزە شاخە بەرزەکە بە شۆڕشی سی ساڵ دوواتر چی؟ ئەویش لە وەڵامدا هەوڵدەدا تەنیا چیرۆکەکە بگێڕێتەوە و دەڵێ نە چەتەکان و نە باوەگەورە حسێبی ئەوەیان نەکردبوو کە باوەگەورە چەندە پیرە و ناتوانێ بەرگەی ئەو رێگا ئەستەمانە بگرێ،... بیهێنە بەرچاوی خۆت پیرێک بە کۆڵێک گەورەتر لە قەبارەی خۆی، بە شاخێکەوە کە چی ئاوی لەشە وەک ئارەق دەتکێنێتە سەر زەوی،... بیهێنە بەرچاوی خۆت پیرێک کە دەم لە هیچ زەوایەکی چەتەکان نادا چونکە پێی حەرامە و تەنیا هەناسە دەکێشێ و رێگا دژوارەکان دەبڕێ!... چەتەکان ناوە ناوە هەوڵدەدەن بە زۆر و بە ترساندنیش بێت شتێکی دەرخوارد بدەن، بەڵام ئەو مل نادا، سەرئەنجام چەتەکان مەجبووردەبن زیاتر لە رادەی ئاسایی لە دێهاتەکان لابدەن بۆ ئەوەی بەڵکو باوەگەورە لە ماڵان نانی خەڵکی بخوا، باوەگەورەیش دەیخوا، بەڵام چونکە دڵی تەنگە و ماندووە و نازانێ داهاتوو چی لە هەگبەدایە، تەنیا دوو پاروو دەخوا... لە گەڵ قومێک ئاو، باوەگەورە لەوە قیسیچمەترە،... هەر ئەو نانە ناخوا چەتەکان لە ماڵان هەڵیدەگرن و دەیخەنە ناو هەگبەکەی خۆیانەوە،... سەیر نیە! وەک باوکم دەیگێڕێتەوە، باوەگەورە وەک گوندەکەی خۆی، خەمگینانە سەیری خەڵکی دەکرد و بێ هومێدانە دیسان هەنگاوی هەڵدەگرتەوە و لە گەڵ چەتەکان رێگای کوێستانە چەموشەکانی دەگرتەوە بەر،... دەڵێن ئەوەندە سەیری ئاسمان و خۆڵی بەردەمی کردبوو، ئەوەندە گوێی لە 'با' گرتبوو کە جگە لە ئەو سێ دیمەن و سێ دیاردەیە هیچی تری لە دەرووندا نەمابوو. چەتەکان جاری وابوو قۆشمەیەتی رووی تێدەکردن و دەستیان دەکرد بە رابواردن بە باوەگەورە، بەڵام باوەگەورە لەوە داخراوتر بوو گوێی لە قسەکانیان بێت، ئەو تەنیا سەیری دەکردن، سەیری ئەو لێوانەی دەجوڵان بە بێ درکاندنی یەک تاقە وشە. باوکم دەڵێ زۆر کەس پێیان وایە باوەگەورە هەر ئەو کاتە زانیویەتی سی ساڵ دوواتر لەم وڵاتە راپەڕینێک دەبێ و شۆڕشێکی گەورە بەرپادەکرێ، پێیان وایە باوەگەورە ئەگەرچی لە قسە و لە وشە و رستەکانی چەتەکان تێ نەگەیشتووە، بەڵام دڵنیا بووە لەوەی باسی شۆڕشی سی ساڵ دوواتر دەکەن، ئەمە باوەگەورە کتوپڕ ئارام دەکاتەوە، هاوکات بیریش لەوە دەکاتەوە کە چۆنە ئەم چەتانە کاتێک باسی دەکەن لە هەمان کاتیشدا پێدەکەنن. لێرەدا باوەگەورە زۆر پەشیمان دەبێتەوە کە بە بێ بەرگری لە خۆی پێملی چەتەکان ببوو و شوێنیان کەوتبوو. بیر دەکاتەوە ئەو لە بەر سی ساڵ دوواتر دەبا هەر دوو قاچەکانی لە زەوی بچەقانایە و شوێنیان نەکەوتایە، بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو. لەم کاتەدا باوەگەورە یادی گۆرانییەک دەکاتەوە کە قەرار بوو چەندین ساڵ دوواتر بگوترێ، گۆرانیی 'نەسیمەکەی ساردی پاییزی'. زۆر سەیرە! ئەم گۆرانییەیە بیری دەخاتەوە کە دوواسەفەری لە وەرزی پاییزدا بووە، 'نەسیمەکەی ساردی پاییزی، چ بێ رەحمی، چ دڵ بەردی،...' کتوپڕ ئەوەندە دڵی تەنگ دەبێ کە دەکەوێتە گریان، فرمێسکەکانی دەوەرنە سەر کڵاشە سپییە دڕاوەکانی، 'ئەتۆ پاییز گوڵت ژاکان، بە جەورت بولبولت تاران'، باوەگەورە بۆ شاعیرەکە و بۆ گۆرانی بێژەکەیشی گوایا دەگری، ئەوسا یەکێک لە چەتەکان کە لە هەموویان گەنجتر دەبێ بە فیکە بە شێوەیەکی نەخوازراو ئاهەنگی گۆرانییەکە لێدەداتەوە، باوەگەورە دڵنیا لەوەی ئەو چەتەیە باوکی گۆرانی بێژەکە دەبێ، بزەیەکی تاڵ بە لێوەکانیدا دەخشێ، ئاخر ئەو لەمێژە پێی وایە هەندێ رووداو و دیاردە وەک تیشک و رۆح وان، دۆنادۆن دەکەن و بە ناو تەواوی نەوەکاندا دەگەڕێن،... بێ ئەژمار گەڕان.

چەند جار هەوڵدەدا لە شاخێکەوە خۆی هەڵدێرێتەوە خوارەوە، بەڵام هەر کە بۆ حەسانەوە دادەنیشن، یەکێک لە چەتەکان دەستبەجێ دێت و لە تەنیشتی رادەوەستێ و، لە کاتێکدا خۆی بە سەر تفەنگەکەیدا هەڵدەپەستێرێ، بە مۆڕەوە لێی دەڕوانێ. پاشان پێی دەڵێ شوێن بگۆڕێ. ئەویش دەیگۆڕێ. سەرۆکی چەتەکان پێی وایە باوەگەورە سەرئەنجام مل دەدا، تەنیا قسە لە سەر کاتە و بەس. ئەمە یەکەم جاری نیە لەم شێوازە کەڵک وەردەگرێ، ئەگەرچی کەمێک زیاتر لە جارانی خایاندووە،... ئەگەرچی دیلەکەی پیرەمێردە و بە جەستە کەم تاقەت، بەڵام بە رۆح بە پێچەوانەوە دەنوێنێ. بۆیە رێگای بەرزترین شاخ دەگرێتە بەر، بەو هیوایەی رێگاکە و بیننی لوتکە هەورینەکە چۆک بە پیرەمێردەکە دابدا، بەڵام باوەگەورە هەر دەڕوا و دەڕوا. سەرۆک بزەیەکی تاڵ دەنیشێتە سەر لێوەکانی و لە بەر خۆیەوە دەڵێ "شەو درێژ و کاکی خۆت بێدار!" (ئەم رستەیەی لە ژەندەرمەیەکی دیل هەڵگرتبووەوە، بە کەمێک دەستکاری لە لایەن خۆیەوە).

باوکی ئەگەرچی زۆربەی وردەکارییەکانی لەبیرە، بەڵام زەمەنی لێ تێکچووە، نازانێ باوەگەورە چەند رۆژ، چەند مانگ، یان چەند هەفتە بەو شاخانەوە بووە. جاری وایە بۆ ئەوەی بەروارێکی دابێ (هەرچەند ناڕوون)، دەڵێ هەتا یەک هەفتە پێش کوشتنی چەتەکە بە دەستی یەکێک لە هاوڕێکانی خۆی. ئەو، چەندە بە هەواڵی کوشتنی سەرۆکی چەتەکان لەدڵەوە خۆشحاڵە، بەڵام ئەوەی کە کەی کوژراوە، کەس تاریخێکی رێکی لەبەر دەستدا نیە. یەک دەڵێ ئەو ساڵەی کوژرا وا چەمە خوڕەکەی سەرسنوور یەک تاقە ماسی چییە تیانەما، یەکی تر دەڵێ ساڵی وشکایی کنگر و رێواس بوو، یەکی تر باس لە سەردەمی بێزاریی ژنە و پیاوەکان لەجووتبوون دەکا. کە دەڵێی دەی باشە بە ژمارە و رەقەم کامە ساڵ، هەر هەموویان بزبز لێت دەڕوانن.

کەواتە ئەو هەر ئەوەندە دەزانێ کە باوەگەورە لە گەڵ چەتەکە لە ساڵێکدا مرد و بەس، ساڵێک لە قەوارە و ناودا وەک ساڵەکانی تر. ئاخر ناکرێ کەسێک بمرێ و لە یەکێک لە ساڵەکاندا نەبێ.

دیسان بە زەردەخەنەوە رووی تێدەکەنەوە و، دەڵێن دەی باشە ئەمە بە سی ساڵ دوواترەوە چی؟ ئەو کە بەرەبەرە خەریکە رقی هەڵدەستێ و نەفرەت دەکا لە گەمژەیی خەڵکی، دەڵێ باوکم دەگێڕێتەوە، باوەگەورە تاقە خوێندەواری ئەو دەڤەرە بووە، ئەوەندە زیرەک کە لە یاسا و رێسای حکومەت بەجوانی گەیشتووە، لە راستیدا دەگمەن خوێندەوارەکانی تر نەیانتوانیوە تۆزی پێی بشکێنن،... خۆش خەت و قسەزان و فەسیح. خەڵکی هەر حەزیان کردووە لە مەجلیسی دابنیشن و گوێی لێبگرن. دەڵێ گەر یەک دوو هەزار ساڵ زووتر بژیایە، ئەوا بێگومان خودا وەک یەکێک لە پەیامبەرکان و نێردراوەکانی خۆی بۆ سەر گۆی زەوی هەڵیدەبژارد، بەڵام وەک زەمەن، بە هەڵە لە دایک بوو. رەنگە چەتەکان ئەمەیان زانیبێ و بۆیە لە پاش هەزاران ساڵ دەستیان خستبووە سەری و دزیبوویان! ئاخر چەتەکان تەنیا بە دەوڵەمەندی و نان و خۆراکی خەڵکی بەخیلی نابەن، بەڵکو ناو و ناوبانگیشیان بۆ ئەوان کێشەیە. گوایا باوەگەورە ئەو رۆژە سەرئەنجام گەیشتبووە سەر قوتە هەرە بەرزەکە، لەوێوە بۆ دوواجار سەیری نیشتمانی کردبوو، گوایا لە سەر ئەو لوتکەوە سی ساڵ دوواتری بینی بوو،... سەر و ئاپۆرا و رەشایی ئەو حەشیمەتە بێ ئەژمارەی بینیبوو کە دەجوڵان و هاواریان دەکرد و داوای رووخانی شتێکیان دەکرد، باوەگەورە بیری خەڵکی ئاوایی خۆیان کەوتبووەوە، بیری ئەو نیوەڕۆ پاییزییەی کە ئەو دەبا بۆ هەمیشە زێدی خۆی بەجێ بێڵێ. بۆیە پێکەنیبوو،... بە دەنگی بەرز،... وەها، شاخ و دۆڵەکان دەنگیان دابووەوە. پێکەنینێکی شێتانە،... لە ناخی دڵەوە. گوایا باوەگەورە شتێکی تریشی بینیبوو،... بینیبووی ئەوەی خەڵک دروشمیان بۆ دەدا، چەند چەکدارێک دەوریان دابوو و لەگەڵ خۆیان بردبوویان، ئەو خەڵکەی لەبەر تفەنگەکان نەیانوێرابوو لە سەری هەڵبدەنەوە.

خەڵکەکە کە ئیستاکە پێ ناکەنن و نیگایان مۆڕ بووە و بە وردی گوێی لێدەگرن، بە دەنگێکی نەوی دەڵێن دەی باشە با وای دابنێین کە وایە، بەڵام بەڵگە؟ کێ دەتوانێ بیسەلمێنێ کە لە سەر ئەو قوتەیە، لە دوورترین پنتی نیشتمان، لە سەر سنوور، باوەگەورە شتی وەهای بینیوە؟... ها، کێ دەتوانێ؟

کە دەگەنە ئێرە، ئەو دیسان حەز دەکا لە سەرەتاوە چیرۆکەکەی باوکی لە سەر بەسەرهاتی باوەگەورە بگێڕێتەوە:

 

ـ "نیوەڕۆیەکی گەرمی پاییز دەبێ،... سی ساڵ پێش رووداوە مەزنەکەی شۆڕش،..."