چیرۆک

یەک هاورێ/ چیرۆک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە گەڵ خۆر و مانگ بووە بە هاوڕێ و ئیتر لەو کاتەوە شار بووە بە تاریکستان. ئیتر لەو ساتەوە تەنیا ئەستێرەکان بە دەرەوەن و خەڵکیش گلەیی دەکەن کە ناکرێ هەتاو و مانگ تەنیا هاوڕێی یەک کەس بن.

 

لە گەڵ خۆر و مانگ بووە بە هاوڕێ و ئیتر لەو کاتەوە شار بووە بە تاریکستان. ئیتر لەو ساتەوە تەنیا ئەستێرەکان بە دەرەوەن و خەڵکیش گلەیی دەکەن کە ناکرێ هەتاو و مانگ تەنیا هاوڕێی یەک کەس بن.

ئەم لە هۆکاری گلەیەکە تێدەگا، بەڵام لەوە تێناگا بۆچی مانگ و خۆر نابێ تەنیا هاوڕێی یەک کەس بن، ئەویش لە شوێنێکدا کە خۆر و مانگیان تەنیا بۆ رووناکی و گەرما دەوێ. خەڵکی لە وەڵام دا دەڵێن گەر خۆر نەبێ، ژیان نابێ. ئەوان دەڵێن رووناکایی و گەرمای هەتاو سەرچاوەی ژیانن. کە بە کاتی شەویش هەتاو ون دەبێ مانگ جێگای دەگرێتەوە، هەڵبەت تەنیا بۆ روونکردنەوە. ئەمیش لە وەڵامدا خەمینانە پێکەنینی بەم قسانە دێت و پێی وایە خەڵک شتێکیان لە بیر کردووە، شتێکی یەکجار گرینگ.

رۆژەکان و شەوەکان نوقماونوقمی تاریکی تێدەپەڕین. تاریکە سەلاتێکی رەها و موتڵەق. وەها، مرۆڤەکان دەبا ئیتر قەت بە تەنیا نەبن. ئەوان هەمیشە بە کۆ دەجوڵان، بە کۆ کاریان دەکرد و تێدەپەڕین و تەنانەت دەشخەوتن. لەو تاریکییەدا ئیتر هیچ شتێکی شاراوە و تاکەکەسی و تایبەت بە یەک کەس بوونی نەما. هەموو شت ببوو بە موڵکی هاوبەش، لە ژێر تاریکیی ئاسمانێکی رەشدا. دەنگە شاراوەکان بۆ هەمیشە بزر بوون.

ئەمیش لەم لاوە لە گەڵ هاوڕێیەتی خۆر و مانگ بەردەوام بوو. لای ئەو وەک جاران دونیا بە رۆژدا روون و بە شەو نوقرەیی بوو. بگرە تەنانەت یەکجار زیاتر، ئەوەندە کە جاری وابوو چاوەکانی دەیشان و بە ناچار رووی دەکردە سێبەرە تۆخەکان.

نەدەکرا بەم شێوەیە درێژە بە ژیان بدرێ. خەڵک لە تاریکایی موتلە‌ق دا کۆبوونەوەو و بڕیاریان دا بچن قسەی لە گەڵ بکەن و رازی بکەن واز لە هاوڕێیەتی هەتاو و مانگ بێنێ. بە قسەیان بکا ئەوا باشە، ئەگینا دەبێ لە یەکێک لەم شەوە بەردەوامە تاریکەسەلاتانەدا بیکوژن و بۆ هەمیشە تەرمەکەی لە شوێنێک فڕێبدەن. وەڕێکەوتن. لەو شوێنەی ئەوان بینیانەوە، بۆ ئەو هەر وا روون و گەرم بوو و کەچی بۆ خەڵکەکە تاریک و سارد. پێیان گوت کە چیدی نابێ هاوڕێی هەتاو و مانگ بێ و، دەبێ واز بێنێ. گوتیان ئەگینا دەیکوژن. ئەو کە نەیدەزانی چلۆن خەڵکەکە دەتوانن لەو شەوە تاریک و چاو لە ئەنگوستەدا جەستەی ئەو ببیننەوە و بیکوژن، گوتی کە گەر کارێکی وەها بکەن ئیتر بۆ هەمیشە خۆر و مانگ لە دەست دەدەن، چونکە ئیستا تەنیا لە رێگای ئەوەوەیە دەتوانن ئەو دووانە ببیننەوە. خەڵکەکە بەم قسەیە سەرەتا کش و مات هەڵگەڕان و ئەوسا بوو بە ژاوە ژاو. راستی دەکرد، گەر بیکوژن، چلۆن دەتوانن هەتاو و مانگ ببیننەوە؟ کتوپڕ یەکیان هاواری کرد کە درۆ دەکا و گەر بیکوژن مانگ و هەتاو خۆبەخۆ ئازاد دەبن و دەگەڕێنەوە. ئەو کەسە گوتی شتێک کە لە دەستی یەک کەسدا بوو، دووای لە دەست دانی خۆبەخۆ دەبێتە هی هەمووان. خەڵکەکە جوڵان. کتوپڕ دەنگێکی تر گوتی ئەی ئەگەر وانەبوو؟

راستییەکەی ئەوە بوو هەتاو و مانگ ببوونە هاوڕێی ئەو، چونکە ئەو تەرمەکەی لە ئەواندا بینیبوو. ئەو تەرمەی وا لە شەوێکی درەنگ وەختدا لە خانوویەکی سازکراو بە چیمەنتۆ هێنرابوویە دەرەوە و لە گۆشەیەکی قەراخ شار لە بن داربەڕوویەکدا بە جێیان هێشتبوو. تەرمێکی خوێنین. بۆ سبەی و دوواتر، هەتاو و مانگ وێنەی تەرمەکەیان لە خۆیاندا هەڵگرتبوو. وە تەنیا کەسێکیش دەیتوانی ئەو وێنەیە ببینێ، کە سەر هەڵبڕێ و بە ناو تەوێڵی ئاسمانەوە لە کاتی گەڕان بە شوێن جوانییەکانی هەتاو و مانگ دا، کتوپڕ بە سەر وێنەی تەرمەکەدا بکەوێ.

ئەو لە شەو و رۆژێکی پشت سەری یەکدا وێنەکەی دیتبوو. سەرەتا پێی وابوو هەڵە دەکا، بەلام کە جوانتر دەڕوانێ، دەبینێ راستە. هەر بە ناو و نیشانی مانگ و خۆردا، شوێنی تەرمەکەی ەکەی لە سەر زەوی بینیەوە و رۆژێک کاتی ئێوارە چووە سەری. هەر لەوێدا ناشتی و درەختەکەی کرد بە کێلی. ئەوسا ملوانکەیەکی لە گەڵا دروست کرد و بە کێلەکەدا هەڵواسی.

نەیدەزانی چۆن باسی ئەم بەسەرهاتە بۆ خەڵکەکە بکا. ئەوەی کە هەتاو و مانگ تەنیا بۆ گەرمی و رووناکی نین، ئەوەی دەکرێ جاری وایە ئەرکی دیکەیان پێ بسپێردرێ و لە چەشنێکی دیکە بن. مانگ و هەتاو کە ئاگایان لەم قەرەباڵغییە نەبوو، لە جۆری هەڵس و کەوتی ئەو رۆژەی ئەو سەریان سوڕمابوو. مانگ رووی کردە هاوڕێکەی و گوتی وادیارە وەڕەزیی دەکا.

خەڵکەکە هەر وا راوەستابوون و خەریکی مقۆ مقۆ و گفتوگۆیەکی توند لە ناو خۆیاندا بوون. نە دەیانتوانی بگەڕێنەوە و نە ئەویش بکوژن. بنبەستترین شوێنی ژیان،... سنووری نێوان تاریکی و رووناکی. سەرئەنجام ئەو جارێکی تر سەری بەرز کردەوە و لە هەتاو و مانگی رووانییەوە. ئەوسا روو لە خەڵکە تاریکەکە گوتی:

ـ "یەک تاقە رێگا ماوە. ئەویش ئەوەیە هەر وەک چۆن ئاوا بە یەکەوە و بە کۆ هاتوون، بگەڕێنەوە و بچنە قەراغ شار. لەو شوێنەی وا کوێرە رێگاکان تەواو دەبن، بە تووش داربەڕوویەکەوە دەبن. داربەڕوویەک بە ملوانکەیەکی گەڵاوە. ژێر درەختەکە گۆڕێکە. هەڵیبدەنەوە و تەرمەکە دەربێنن. ئەوسا ملوانکەکە دەکەنە ملی و هەڵیدەگرن و دەیبەن بۆ گۆڕستانی شار،... لەوێ دەینێژن."

خەڵکەکە مقۆ مقۆیان تێکەوت. ئەمە ئیتر لە مەحاڵات بوو. باشە ئەو تەرمە لەوێ چدەکا و بۆچی لە گۆڕستانی شار نیە؟ ئەوە چ مردوویەکە کەس لە مردنی ئاگادار نیە و خۆی لە پەنا و پەسیوان دەبینێتەوە؟ یەک لە ناو جەماوەرەکەوە هاواری کرد:

ـ "نەناسیاو دەبێ لە شوێنی نەناسیاو بمێنێتەوە. گەر هەڵیبگرین و بیبەین بۆ قەبرستانی شار، رۆحی باو و باپیرانمان ئازار دەدەین،... بۆ هەمیشە لێمان زویر دەبن."

ئەو ئیتر گوێی بە قسەی خەڵکەکە نەدا. جەماوەرەکە مایەوە و خۆی. چ بکا، چ نەکا؟ بە کۆ گەڕانەوە. رێک بەرەو شوێنەکە. درەختەکەیان دۆزییەوە و گۆڕەکەیان هەڵدایەوە. ملوانکەکەیان کردە ملی و ئەوسا مانەوە دووای ئەمە چبکەن. داخۆ بە قسەی تاکە هاوڕێکەی مانگ و هەتاو بکەن، یان نا؟ یەکیان گوتی راوەستن! بۆ ئەوەی بیناسینەوە دەتوانین لەم تاریکەسەلاتەدا هەوڵی خۆمانی بۆ بدەین. ئەوسا یەک بە یەک دەستیان بە هەموو جەستەی تەرمەکەدا هێنا، بە تایبەت روخساری. لەو تاریکییەدا بە چەندان خەڵک بوورانەوە و بە چەندانی تریش رشانەوە. هەر کەسەو و ناونیشانێکی لە منداڵی خۆی تیا بینییەوە. ترسێکی وەها رووی تێکردن کە هەر هەموویان چاوەکانیان بۆ ماوەیەک قونجاند و بیریان لە رابردوو کردەوە، ئەوەی کە داخۆ بڵێی بە راستی کەسێکیان لە ون بووبێ و ئەمان تا ئیستا پێیان نەزانیبێ؟

سەرئەنجام هاتنە سەر ئەو رایەی تەرمێک کە دەکرێ هی هەمووان بێت، ناکرێ لە یەک گۆڕدا لە گۆڕستانی شاردا بنێژرێ. چونکە لەوێ یەک کەس دەچێتە گۆڕی خۆی، نە بە هەزاران کەس. بە نیازی ئەوەی دەتوانن فێڵ بکەن، تەرمەکەیان هەڵگرت و بردیان چەند مەترێک واوەتر هەر لەوێ لە بن دار بەڕوویەکی تر ناشتیان و ئەوسا دووای ئەوەی قەبرێکی تریان لە گۆڕستانی سەرەکی شاردا سازکرد و لاشەی پشیلەیەکی سووتاویان تێهاویشت، ملوانکەکەیان کرد بە کێلەکەیدا و گەڕانەوە.

لەو رۆژەوە شار تەمێکی بە ئاستەم سپیی لە رووناکایی بە سەرەوەیە. لەو رۆژەوە لەوێ دیارنیە داخۆ شەوە یاخود رۆژ. ئەوانەی عادەتیان بە شەو گرتووە سەیری ئاسمان دەکەن و چاوەڕێی گەڕانەوەی یەکجارەکی تاریکایین و ئەوانەیشی لە بیری رۆژدان، دەڵێن ئەم روونییە سەرئەنجام مژدەیەکی گەورەی پێیە. شاریش پڕی دەنگی خشە خشی ئەو گەڵایانەی بە سەر کێلی گۆڕی پشیلەیەکەوە، بە دەم "با" وە سەمایەکی ئەبەدی دەکەن.