چیرۆک

وێنەیەکی ئاڵۆز

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ساڵی ٥٧ کاتێ باوەگەورە بۆ دوواجار چووەوە بۆ کاروان، دایەگەورە گوتبووی 'ئەمجارەیان دەبێ تفاقێکی باش بخەین، لە دڵی داوم ساڵانی ساڵ شتێک لە نوێ و لە نوێ روودەداتەوە، شتێک کە واز ناهێنێ.' باوەگەورە ناوچاوی ماچ کردبوو و، گوتبووی 'ئەمجارەیان جیاوازە!' راستی دەکرد ئەمجارەیان جیاواز بوو. زۆر جیاواز،... یەکجار!

 

 

وێنەیەکی ئاڵۆز

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نازانێ باوەڕ بە بەفرەکە بکا، بە گوێسەبانە داتەپیوەکە، بە باوەشی ئەو یارەی تێیدا خۆی منداڵانە مەڵاس دابوو، یان،... یان بە دایەگەورە کە لە پشت پەنجەرە رەنگ سەوزە هەڵبزرکاوەکەوە وەک تارماییەک دەبینرا و نەدەبینرا.

ئاە، ئەو ساڵانە!... لەو ساڵانە!

کۆڵانەکە وەک هەمیشە درێژ، سەرێکی لە رۆژهەڵات و سەرەکەی تری بەرەو رۆژئاوا، رێک لە ناوەڕاستیشیدا خانووەکە،... وەک هەمیشە.

بەڵام،... بەڵام وێنەکە تەواو نیە، دەکاڵێتەوە و لە بەستێنی بۆشایی پشتەوەی خۆی، لە سەمایەکی سەیردایە، سەمایەک لەناو بێکۆتاییدا، سەمای خۆدەرخستن و خۆونکردن، یان،... یان نا، سەمای نێوان خۆدەرخستن و خۆونکردن. چاوەکانی دەیشێ، ئەوەندە لێی راماوە کە تین چییە تێیدا نەماوە، وێنەکە بزۆزە،... راناوەستێ،... دەخزێ و دەخزێ، بە هەموو ئاراستەکاندا، سەر، خوار، راست، چەپ، بەر، پیش،... . ئەوەتەی لەبیری دێ هەروا بووە. وێنەکان لای ئەو شتێکن لە رەگەزی بیر، نەک لە رەگەزی شتە رەقەکانی دەرەوە. تەنانەت بەردیش لە لای ئەو زۆر ئاسان دەبێ بە بیر، ئیتر ئەوەندە شل و تراو دەبێتەوە کە بە زەحمەت دەبێتەوە بە بەردەکەی سەرەتا. دڵی دێشێ. لەو ئێشانەی لە دووای راوەستانی دڵێش هەر درێژەی هەیە. ئێشێک هەتا ئەودیوی مردن و ون بوون. ئێشەکە دەڵێی وەک کۆڵانەکە سەرێکی لە رۆژهەڵاتە و سەرەکەی تری بەرەو رۆژئاوا.

هەوڵدەدا هەتا دەتوانێ خۆی بە ئامیزی یارەوە بنووسێنێ. لە شیعرەکاندا خوێندوویەتییەوە کە ئەو ئامێزە لە هیچ شتێکی تر ناکا، دەڵێن گەرمترین و ئەمنترین شوێنی جیهانە، تەنانەت لە کاتی جەنگەکانیشدا، بەڵام ئەو سەرمایەتی، ئەو ترسی هاوەن و تۆپەکان لێی ئاڵاون. هەموو شتێ توێ توێیە. دوواتر گشتێک وەک خەیاڵ.

وێنەکانی تر دەیبەن، نیگای دەقۆزنەوە. گوێسەبانە داتەپیوەکە کە رێک لە ناوەڕاستدا هەرەسی هێناوە و وەک لچێکی شۆڕ بە سەر خانووەکەدا بەربووەتەوە، هەڵیدەلووشێ. جوان لە قوڕ و گڵ و گورگەکان دەڕوانێ. نازانێ بۆ پێی وایە دەبێ شتێکیان لە خۆیاندا حەشار دابێ. هەوڵدەدا بە لێوردبوونەوەی زیاتر شتە ونەکە بدۆزێتەوە، بەڵام هەتا زیاتر لێی دەڕوانێ، زیاتر ئاوارە و وەیلان دەبێ. وەک شێتێکی ناو ئامێز.  

سەردەمانێک باوکی گوتبووی "گوێسەبانەکان بۆ ئەوەن کاتێ باران و بەفر دەبارێ، دیوارەکان نەخووسێن. دیوارەکانی ئەم وڵاتە لە بەرد و قوڕن. کە قوڕەکە تووایەوە، ئیتر بەردەکان دەردەکەون." پێی سەیرە، باشە بۆ دەبێ بەردەکان دەرنەکەون؟... ئەی ئەوە نیە ئەوانیش لە رەگەزی بیرن؟ نا،... نا،... ئەو قەت نەیتوانیوە لە هەندێ رازی ئەم وڵاتە و ئەم کۆڵانە تێبگا، ئەگەرچی هەر لەم خانووەدا لە دایک بووە و هەر لەم کۆڵانەدا گەورە بووە و، لەم وڵاتەیشدا خەونی بە وڵاتەوە بینیوە.  

دایە گەورە وەک هەمیشە سەرەتاتکێیەتی. نا، باشترە بگوترێ تارماییەکەی دایەگەورە. لەو ساڵەوەی دایەگەروە مردووە، حەزێکی زۆری بە چاوشارکێیە. چاوشارکێ لە گەڵ ژیان، لە گەڵ خۆی، رەنگە لەگەڵ خەیاڵەکانیشی، ئەوانەی وا بە نیوە ناچڵی جێی هێشتن. ئەم حەز دەکا لە کۆڵانەکەوە، لە ئامێزی ساردی یارەوە هاواری لێبکا کە نا، نەمردووە و وەک هەمیشە، وەک جاران خەریکە لە پشت پەنجەرەکەوە لە کۆڵانە قەدیمییە سەیر و سەمەرەکە دەڕوانێ. بەڵام بێدەنگە، هیچ ناڵێ. لە بیری دێ دایە گەورە زۆر حەزی بە قسەکردن نەبوو. ئەو تەنیا لە پشت پەنجەرەکەوە لە کۆڵانەکەو لە دونیا و لە نیشتمانی دەڕوانی. ئەو نیشتمانەی لە دووای مردنی دایەوەگەورە زۆر زوو فەرامۆشی کرد، ئەگەرچی دایەگەورە دوو کوڕی خۆی پێشکەش بە هەمان نیشتمان کردبوو. بیردەکاتەوە 'بڵێی دایەگەورە ئەسڵەن شتێک بە ناوی نیشتمان لە مێشکیدا هەبێت؟' کەس نازانێ. ئەمەیش یەکێک لە رازەکانی ئەم کۆڵانەیە.

سەرهەڵدەبڕێتەوە. گوێسەبانەکە رێک بەسەر پەنجەرەکەوەیە. دایەگەورە کاتی خۆی بۆی گێڕابووەوە کاتێ کوڕەکەی (یانی باوکی ئەم) هێشتا زارۆکێک بووە، بە کۆڵییەوە بەستوویەتی و باگردێنی گێڕاوە. لەبەر رەهێڵەی باراندا. تەڕ تەڕ. ئەم پرسیبووی "ئەی باوەگەورە؟... ئەو لە کوێ بوو؟" دایەگەورە گوتبووی "لە کاروان"، "لە کاروان؟"، "ئا، لە کاروان. کاروان شتێکە وەک رۆیشتن لە گەڵ ئەسپ و قاتر بەرەو وڵاتە نامۆکان." سەیرێکی ئەم سەراوسەری کۆڵانەکە دەکاتەوە. بیر لەو مرۆڤانەی رەنگە لە گەڵ ئەسپ و قاترەکان رۆیشتبێتن. ئەو ئەسپ و قاترانەی کاریان تەنیا رۆیشتنە، بە بێ ئەوەی بپرسن بۆ کوێ. بەڵام نا، هەندێ 'بوون' تەنیا بۆ گەڕانن، بۆ تێپەڕ بوون لەو سەری کۆڵانەکان و ئەگەریش بەخت یاربوو، ئەوا دەگەڕێنەوە، بەڵام دیسان دەبێ بڕۆنەوە. 'چ بوونێکی سەیر! رەنگە لەبەر گوێسەبانەکە بێت ئاوا حەزیان بەوەیە بە دەوری خۆیاندا بسوڕێنەوە؟' حەز دەکا رووبکاتە دایەگەورە و، بڵێ بریا قەت بە منداڵێ بە کۆڵەوە باگردێنی نەگێڕایە. بەڵام پەشیمان دەبێتەوە. دڵنیا نیە لەوەی تارماییەکەی دایەگەورە بتوانێ دەنگی ئەم بژنەڤێ. دایەگەورە تەنیا بە پێی عادەت هاتووەتەوە و بە گوێرەی خوویەکی کۆن لەوێ دانیشتووەتەوە. نا، ئەم نابێ ئەو عادەتەی لێ تێکبدا. مرۆڤ بە بێ عادەت، تەنانەت لە دووای مردنیشی، نە مرۆڤە و نە مردوو. نازانێ گەڕانەوەی دایەگەورەی پێ خۆش بێ، یان نا، بەڵام لەم بیرە وازدێنێ. پێویست ناکا مرۆڤ سەبارەت بە هەموو شتێ هەستی هەبێ. زۆر جار دەبێ تەنیا تێپەڕی و بەس، ئەگەرچی دەیبینی و دەیبیستی و بۆنی دەکەی. تارماییەکە ئیستا وای لێهاتووە.

سەری وەردەگەڕێنێتەوە و دەیخاتەوە سەر سینگی یار. یار بۆنی خۆشە، بۆنێکە لە رەگەزی بەهار و هاوێن، کاتێک لێک دەئاڵێن. گەرما و رەنگ و جوانی. ئەگەرچی گەرما دەتوانێ رەنگ بمرێنێ، بەڵام ئامێزی یار جۆرەیەکە، هەمیشە تێکەڵێکە لەمانە، بێ ئەوەی یەکتر بسڕنەوە. یار، دەست بە سەریدا دێنێ و دەڵێ واز لە رابردوو بێنە! دەڵێ زەمەن خاوەنی دووبەشی تریشە، ئیستا و داهاتوو. بەڵام چەندە قسەکەی یار بێ هێزە. ئاخر ئەو نابینێ کە چلۆن خێرا هەموو شتێ دەبێ بە رابردوو؟ هەست دەکا رقی لە یار دەبێتەوە، لە یاری بێ بیر و بێ فەلسەفە، لە یاری نوقمی ئیستا و داهاتوو. ئەم پێی وانیە تەنانەت بە بێ رابردوو شتێ بە ناوی ئیستا و داهاتوویش هەبێ، نا، نیە، یار دەبێ ئەمە بزانێ! 'ئاە، یاری گەمژە!' سەری لە سەر سینگی جارێکی تر بەرزدەکاتەوە و، هەوڵدەدا لە پەنجەرەکە بڕوانێتەوە. رێک لەو کاتەدا هەڵمێک لە بەر روخساریەوە بەرەو ئاسمان هەڵدەچێ، بەرەو حەوا. هەڵمێک وەک هەڵمی هەناسە و دەم لە کاتی سەرمادا. ئەوسا دەبینێ توێژاڵێکی سپیی بەفر هەموو کۆڵانی داپۆشیوە. هەڵمەکە هی هەناسەی سینگی یارە. هەناسەی سینگی یار لە سەرمای ناو بەفردا. سەرسوڕماوی ئەو بەفرە کتوپڕییە، دوو هەنگاو لە یار دوور دەکەوێتەوە. جوان لە دەورووبەری خۆی دەڕوانێ. 'کەسێک ئەم بەفرەی ناردووە!' چۆک دادەدا و هەوڵدەدا مشتێ لە بەفرەکە هەڵگرێ و بیبا بۆ دەمی. ئەو دەبێ خۆی فێنک کاتەوە. نەک هەر ئەو، بەڵکو دایەگەورەیش. رەنگە گەرمای مردن بێت دایەگەورەی جارێکی تر بۆ ئێرە بۆ پشت پەنجەرەکە هێنابێتەوە. دەست دەبا بۆ بەفرەکە، بەڵام بەفرەکە هەڵناگیرێ. دەستی نایناسێتەوە. 'شتی وا چۆن دەبێ؟' ئەوسا لەو سەری کۆڵانەوە لە رۆژهەڵاتەوە کاروانێ پەیدا دەبێ. باوەگەورەیە. بە چەندین ئەسپەوە لە گەڵ هاوڕێکانی. دێن و دێن، بەڵام کە دەگاتە بەر خانووەکە، راناوەستێ. تارماییەکەی دایەگەورە لەم کاتەدا زیاتر مل دەکێشێ، تەنانەت ئەم هەست دەکا تایەکی پەنجەرەکە دەکاتەوە و شتێکیش هاواردەکا، بەڵام باوەگەورە ئاگای لێ نیە. ئەو زیا لە ئەندازە نوقمی بارەکەی و ئەسپ و هاوڕێکانیەتی. رەنگە نوقمی سنووریش. ئاخر هەمیشە پەڕینەوە لە سنوور موشکیل بووە. 'تف لە سنوور!' ئەمە رستەی باوەگەورەیەتی ئەم دەیبیستێ کاتێ تێدەپەڕێ و لەو سەری کۆڵان، بەرەو رۆژئاوا ون دەبێ.

سێبەرەکەی دایەگەورە وەک جاران گرمۆڵە دەبێ و دەگری. فرمێسکە سێبەراوییەکانی دایەگەورە. لە باوەگەورە جگە لە نیشانێک بە سەر بەفری سپییەوە چی تر بە جێ نەماوە. ئەو جێ هەنگاوانەی ئەم ناتوانێ دەستیان بۆ بەرێ. ئەو جێ هەنگاوانەی هیچ بەفرێکی تر ناتوانێ بیانسڕێتەوە. ئەمجارەیان یارە لێی نزیک دەکەوێتەوە و سەری بە سینگییەوە دەنێ و پێی دەڵێ تۆیش بگری. ئەم ناگری. وەک بڵێی گریانەکان دەبێ بۆ تارماییەکەی پشت پەنجەرەکە بەجێ بێڵێ. ئا، تەنیا بۆ ئەو. هەر بوونەوەرەو ئەرکێکی تایبەت. هەمیشە وا بووە. ئەوانەی زۆر دادەنیشن و زۆر چاوەڕوانن، زۆریش دەگرین. بە تایبەت ئەگەر گوێسەبانەیەکیشت بەسەرەوە بێت داتەپیوو.

لە هەر دووسەری کۆڵانەکەوە بایەک هەڵدەکا و لەبەر دەم خانووەکە دەگەنە یەک. بۆنێکی غەریب هەموو شتێ لەخۆ دەگرێ. تێکەڵێک لە بەفر، لە جێ پێی هەنگاوەکانی باوەگەورە، لە فرمێسک و لە سینگی یار. شتێک لە دەروونەوە پێی دەڵێ هەر هەموو ئەمانە کۆبکاتەوە و بەرابەریان بکا لە گەڵ تەنیا یەک شت. وا دەکا. وەک چۆن دوو لە گەڵ دوو دەبێ بە چوار، هەموو ئەمانەیش لای ئەو لە کۆکردنەوەیەکی کتوپڕی و خۆبەخۆدا دەبن بە 'سنوور'. ئیستا دەزانێ بۆ باوەگەورە هەمیشە حەزی بە رۆیشتن بووە. تەحەمولکردنی فرمێسک گاڵتە نیە، بەڵام ئەو کردبووی! دڵنیا لەوەی باوەگەورە جارێکی تر و جارەکانی تریش، بێ ئەژمار، دێتەوە و لێرەوە تێدەپەڕێتەوە و تارماییەکەیش دەنگ هەڵدەبرێتەوە و دوواتر چۆک دادەداتەوە، خۆی لە ئامیزی یاردا نوقم دەکاتەوە. یار چەند میهرەبانە، یار هەمیشە میهرەبان بووە.

ساڵی ٥٧ کاتێ باوەگەورە بۆ دوواجار چووەوە بۆ کاروان، دایەگەورە گوتبووی 'ئەمجارەیان دەبێ ئیتر شتێ پەیدا بکەی، ئەمجارەیان دەبێ تفاقێکی باش بخەین، لە دڵی داوم ساڵانی ساڵ شتێک لە نوێ و لە نوێ روودەداتەوە، شتێک کە واز ناهێنێ.' باوەگەورە بە سەرسوڕمانەوە لێی رووانیبوو. ئەوجا ناوچاوی ماچ کردبوو و گوتبووی 'ئەمجارەیان جیاوازە!'

راستی دەکرد ئەمجارەیان جیاواز بوو. زۆر جیاواز،... یەکجار!

گوێ هەڵدەخا. 'با'کە، لە گەڵ خۆی دەنگی مۆسیقایەکی غەریب دێنێ. باوەڕ ناکا دایەگەورە زۆر حەزی بە مۆسیقا و گۆرانی بێ، ئەو تەنیا حەزی بە دەنگی گریانەکانی خۆیەتی. گریانە تارمایی ئاساکانی خۆی. مۆسیقاکە، بە سەر بەفرەکەدا دەخشێ و سپی هەڵدەگەڕێ. گوێسەبانە داتەپیوەکە دەوەرێ، کەمێک. دایەگەورە دەلورێنێ، وەک گورگ. باوکی جارێکیان بۆی گێڕابووەوە کە 'گورگیش زۆر حەزی لە کاروانە.'، 'گورگ حەزی لە کاروانە؟'، 'ئا، گورگ. دەزانی بۆ؟'، 'نا، نازانم.'، 'لەبەر ئەوەی کاروان هەمیشە شتی لێ بەجێ دەمێنێ،... هەمیشە.' ئەم قسەیەی لا سەیرە، باشە بۆ دەبێ وابێ؟ باشە بۆ ئەو رۆژە ئەم پرسیارەی لە باوکی نەکردبوو. رەنگە باوکی وەڵامی بدایەوە. بەڵام نا، ئیستا دەزانێ ئەویش وەڵامی پێ نەبوو. باوکی تەنیا چیرۆکی دەگێڕایەوە، ئەو چیرۆکانەی کە خۆیان هەم هۆ بوون و هەم ئەنجام.

روو وەردەگێڕێتەوە و بەرەو لای یار دەچێتەوە. سینگی یار بەردەوام هەڵمی لێ هەڵدەستێ. باوەشی یار هەمیشە ئامادەیە،... هەمیشە کراوە. ئەم نازانێ داخۆ لەم بەفرە ناوەختەی کۆڵانی خانووی گوێسەبانە داتەپیوەکەی دایەگەورە، لە باوەشی یاردا خۆشحاڵ بێ، یان نا، خەمگین،... بەڵام،... گرینگ نیە، وشەکان زۆر گرینگ نین. ئەسڵەن قەت موهیم نەبوونە. ئەوان تەنیا بیانوو، یاخود شتێکن بۆ خۆشاردنەوە. شتێک وەک توێژاڵ.

سەر دەخاتەوە سەر سینگی یار و،... دەگری. بێ خەم لەوەی کە داخۆ دڵۆپەکان دەگەنە شوێنی هەڵمەکە یان سەر توێژاڵە بەفرە سپییە ناوەختەکە.

'ئەوان هەر دەگەنە شوێنێک!'