چیرۆک

دەخیلەکەی سەرۆک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

چونکە سەرۆک یەکجار خۆشەویستە و چارەنووسی نیشتمان و شۆڕش تەنیا بەوەوە گرێدراوە، هەربۆیە بەخۆشییەوە هاوڕێ یەکجار زۆرن. ئەوەندە زۆر کە جاری وایە سەرۆک بە گاڵتەوە دەڵێ: "گەر شەق لە تەنەکە زبڵ هەڵدەی، هاوڕێ دەردەپەڕێ!" 

 

دەخیلەکەی سەرۆک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرۆک خاوەنی دەخیلەیەکی جادووییە،... لە سەردەمی منداڵییەوە هەیەتی. بۆخۆی دەڵێ پێش ئەوەی لە دایک بێ، باوکی بۆی کڕیوە. لە هیندستان، وڵاتی رەنگاڵەکان بۆی هێناوە، بە سواری ئەسپی کەحێل (هەرچەند سەرۆک حەزی دەکرد ئەسپەکە سەرتوون بایە). دەخیلەیەکی رەنگ قاوەیی تۆخ کە لە دووای ساڵانی ساڵ رەنگەکەی هەڵبزرکاوە و بگرە لە هیچ رەنگێک ناکا، بەڵام بۆخۆی دەڵێ قاوەییە، هەربۆیە خەڵکیش دەڵێن قاوەییە! سەرۆک دەڵێ هەر لە ساتی لەدایکبوونییەوە چونکە ئەهلی کار و زەحمەت و ماندووبوون بووە (هەڵبەت کاتێک ئەم قسەیە دەکا دەستەکانی دەشارێتەوە)، فلس بە فلس پارەی کۆکردووەتەوە و تێی کردووە. وەها کە ئیستاکە بە میلیۆن و بگرە بە میلیاردیشی تێدایە. ئەو دەڵێ هەر لەو کاتەوە دەیزانی دەبێ بە سەرۆک و ئەرکی گەورەی بەڕێوەبردن و پارێزگاری کردن لە نیشتمانی دەکەوێتە سەر شان، بۆیە لەیەکەم چرکەکانەوە لە بیری خەزێنەیەک بووە بۆ نیشتمان و بۆ شۆرش. دەڵێ ئەمە یاساو و رێسایەکی سەرەکییە و وەک هەموو شۆڕشەکانی دونیا، شۆڕش بە بێ پارە و پول سەرناکەوێ، وە چونکە دوژمن هەر چوار دەوری تەنیوین و رێگەیەکمان بەرەو جیهانی دەرەوە نیە، هەبوونی دەخیلەیەکی لەم چەشنە یەکجار گرینگە. ئیتر لەو ساڵەوە کە بە فەرمی کرا بە سەرۆک، ئەم دەخیلەیە خەرجەکانی شۆڕشی لەئەستۆیە و وەک هەنبانە بۆرینە هەموو جارێک دەستە خرپن و سپی و لووسەکانی تێدەکا و، بە میلیۆن پارەی لێدەردەهێنێ تا پێداویستییەکانی نیشتمان دابین بکا.

سەرۆک کە زۆر کەسێکی بە مشور و داهاتووبینە، لە ژیانیدا یەک فلس چیە لە نیشتمانی وەرنەگرتووە. چووەتە هەر ماڵ و گوندێک پارەی خواردنی خۆی و هاوڕێکانی داوە، لە هەر شوێنێک لایدابێ تەنانەت گەر پەرداخێک ئاویشیان خواردبێتەوە، شتێکی هەر داناوە. ئەو پێی وایە داهاتی نیشتمان تەنیا بۆ نیشتمانە و، بۆیە دەبێ کاری پێی نەبێ. ئەگەرچی نیشتمان خاوەنی کشت و کاڵی چاک و بازرگانیی بێ وێنەیە و، بگرە لەم دوواییانەیش دا بووەتە خاوەنی نەوت، بەڵام ئەو ئەوەندە دەست و چاوی پاک و خاوێنە کە تەنیا بەلایاندا تێدەپەرێ و بەس، بە بێ هیچ دەست تێوەردان و خەون و خەیاڵێکی پیس. رەنگە جار و بارە تەنیا بە ئاهێکەوە کە لێکۆڵەران پێیان وایە ئەویش ئاساییە.

بەڵام خەڵکی پێیان سەیرە بۆچی قەت لە راپۆڕتی ساڵانەی دەسەڵاتەکەی سەرۆک دا باسی داهاتی کشت و کاڵ و بازرگانی و پیشە سازی و بگرە نەوتی وڵاتی تێدا نیە. هەڵبەت سەرۆک لە رێگای کەراماتەوە لە دەروونی خەڵک تێدەگا و، هەربۆیە لە وەڵامدا دەڵێ چونکە ئەو تەنیا لەم دەخیلەوە پێداویستییەکانی شۆڕش و نیشتمان دابین دەکا، نایەوێ کاری بەم راپۆرت و بەزم و رەزمەوە بێ. دەڵێ خەڵکی دەبێ بۆ خۆیان ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرن و جێ بە جێی بکەن. تەنانەت ئەوەندە بەخشندە و پڕ لە کەرەم و کەراماتە کە تەنانەت ئامادەیە پارەی ئەم کارەیش بدا، بەس بۆ ئەوەی خەڵکی زۆر زەرەر نەکەن و، هەتا ژیانیان دەڕوات دۆخیان باشتر بێت.

رەنگە پێتان سەیر بێ گەر بڵێین سەرۆک هەتا ئیستا دەخیلەکەی نەشکاندووە. بۆخۆی دەڵێ بە شێوەی تر پارەکەی نێوی تیا دەردەهێنێ، چونکە گەر بێت و بیشکێنێ، ئەوا خێر و بەرەکەتی نامێنێ. گوایا باوکی کاتی خۆی بە گوێی منداڵیی سەرۆکدا چپاندوویەتی کە پارە لە شاراوەییدا خێر و بەرەکەتی زیاترە. خەڵکی بیر دەکەنەوە و لەیەکتری دەپرسن کە بەڕاستی سەرۆک چلۆن لەو کونە بچوکەوە کە بە زەحمەت فلسەکانی تێ دەچێ، دەتوانێ بە میلیۆن پارەی تیا دەربێنێ. بەڵام خەڵکی هەر زۆر زوو واز لەم بیرە دەهێنن، چونکە پێیان وایە وەک چۆن دەخیلە بێ رەنگەکە دەبێ قاوەیی بێ، هەر ئاوایش دەکرێ لە کونەکەیەوە پارە سەرڕێژ بکا. ئەوان لەمێژە باوەڕیان بە کەراماتی سەرۆک هێناوە، ئاخر گەر کەسێک خاوەن کەرامات نەبێ، چلۆن دەتوانێ شۆڕشێک رێک بخا، سەری بخا و چاوی نیشتمانێک ئاوەها هەتاهەتایە گەش بکاتەوە،... ئەوەندە گەش کە نەتوانێ کاتێ لە ئاوێنەدا لە خۆی دەڕوانێ، چاوەکانی خۆی ببینێ.

سەرۆک بۆ یەک چرکەیش بێ لە دەخیلەکەی دوور ناکەوێتەوە. لە کاتی نانخوارن لە سەر مێزەکەی بەردەمی لە تەنیشت قاپی خواردنەکەیدایە، بەشەو لەگەڵ خۆی دەیباتە ژێر لێفەکەیەوە و تەنانەت لە کاتی چاوپێکەوتنە گرینگەکانیشدا لەبن پشتێنەکەی دەنێ. راستییەکەی ئەوەیە جگە لەخۆی باوەڕی بە کەسی تر نیە. ئەو پێی وایە هیچ شتێک لە پارە خەتەرتر نیە و هیچ شتێکی تر بە قەدەر عانە ناتوانێ مرۆڤ، بگرە مرۆڤە دڵ و دەروون پاکەکانیش لە رێگا بەدەر کا. بۆیە دەخیلەکە وەک دووانەی خۆی هەمیشە لەگەڵ خۆیەتی. ئەو تەنانەت کاتێک باس دێتە سەر دەخیلەکە، باوەڕیشی بە نیشتمان و بە خودی شۆڕشیش نیە و پێی وایە پارە دەتوانێ ئەم دووانەیش لە رێگا بەدەربکا. سەرۆک لە راستیدا تەنیا باوەڕی بە خۆی هەیە و بەس،... تەنیا خۆی.

 

سەرۆک هەر لە پارەی ناو ئەم دەخیلە جادووییە بۆ ئەوەی ئابڵۆقەی دوژمنەکانی چواردەوری تێک بشکێنێ، تەکنۆلۆژیای سەیر و سەمەری دروست کردووە (هەڵبەت ئەمری دەرکردووە کە دروستی بکەن). بۆ وێنە، بۆ یەکەمجار لە دونیادا فڕۆکەیەکی چێکردووە رێک لە شوێنی خۆیەوە بە چەندین و چەندین کیلۆمەتر بەرزدەبێتەوە و دەچێ بە ناخی ئاسماندا. ئیتر نیشتمان پێویست ناکا ئیزن لە وڵاتانی دراوسێ بخوازێ بۆ فڕاندنی فڕۆکەی نیشتمان بە ئاسمانی ئەواندا. یاخود عەرزی وەها کون کردووە کە لەو سەرەوە لە دەریا ئازادەکان سەردێنێتە دەرێ و، بۆیە سەرۆک هەر لەوێوە بۆرییە نەوتییەکانیشی تەنانەت بەرەو دونیای ئازاد راکێشاوە. ئەو کاتێک دێتە سەر تەلەفزیۆن، دەخیلە جادووییەکەی دەخاتە سەر مێزەکەی بەردەمی و لە کاتێکدا بزەیەکی پڕ لە سەرکەوتن و متمانەبەخۆبوونی لە سەر لێوانە، بە شانازییەوە بە جەماوەری حەپەساوی خۆی دەڵێ "هەموو شتێک لەم دەخیلەیەوە ببینن،... ئا لە دەخیلە جادووییەکەی هێنراوی وڵاتی رەنگاڵەکان!" جەماوەریش لەم کاتانەدا خۆیان پێ راناگیرێ و دەیدەنە پڕمەی گریان، دەست بەرزدەکەنەوە و رەنگە بۆ هەزارەمین جار (بۆیە دەڵێن هەزارەمین چونکە لە دەمدا خۆشترە، ئەگینا لە ژماردن نایە)، سوپاسی ئەو خودایەی دەکەن کە لە موعجیزەیەکی سەیردا بیری لە دروستکردنی بلیمەتێکی وەک سەرۆک کردبووەوە.

 

لە دەخیلە جادووییەکە، سەرۆک تەنیا بۆ دابینکردن ژیانی هاوڕێیان کەڵک وەردەگرێ و بەس. لە زووەوە پێی گوتوون نابێ کاریان بە داهاتی ئابووری وڵاتەوە هەبێ و، هەر چییان دەوێ دەبێ لەم دەخیلەیەوە دابینی بکەن. چونکە سەرۆک یەکجار خۆشەویستە و چارەنووسی نیشتمان و شۆڕش تەنیا بەوەوە گرێدراوە، هەربۆیە بەخۆشییەوە هاوڕێ یەکجار زۆرن. ئەوەندە زۆر کە جاری وایە سەرۆک بە گاڵتەوە دەڵێ: "گەر شەق لە تەنەکە زبڵ هەڵدەی هاوڕێ دەردەپەڕێ!" رەنگە نەک هەمووی خەڵک، بەڵام زۆرینەیان هاوڕێی سەرۆکن. سەرۆک بە هۆی پیاو چاکییەوە پێی گوتوون، یان لە دامەزراوە حیزبییەکان، یان لە دەزگا حکومەتییەکاندا دەتوانن دابمەزرێن بەو مەرجەی تەنیا مووچەیان لە دەخیلەکەوە پێ بدرێ. وەک هەمیشە دەڵێ هاوڕێیان نابێ کاریان بە ئابووریی وڵاتەوە هەبێ و تەنیا لە دەخیلەکەوە خەرجیان دەبێ دابین بکرێ. هاوڕێیان ئەوەندە زۆرن کە بە بێ ئەوەی هیچ کارێکی ئەوتۆ بکەن دەتوانن لە ماڵەوە دابنیشن و پارە و مواجب وەربگرن، هەڵبەت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هاوڕێیانە زۆر بێ تاقەت نەبن و وەڕەزی سەریان نەخوات، سەرۆک، ئەرکی سوپای نهێنیی نیشتمان و شۆڕشی خستووەتە سەر شانیان (ئەو باوەڕێکی سەیری بەم قسە نەستەقە هەیە کە دەڵێ شەڕ لە بەتاڵی باشترە). بۆیە ئەو هاوڕێیانە لە ماڵەوە لە بەر پەنجەرەکانیاندا دادەنیشن و هەمیشە خەریکی چاوەدێری کردنن. بۆخۆیان دەڵێن دوژمن زیاتر هەوڵ دەدا لە کۆڵانەکانەوە تێپەڕێ هەتا لە جادە سەرەکییەکانەوە. ئەوان لەوێ دادەنیشن و لە کاتێکدا دۆعای بەخێر بۆ سەرۆک و بۆ شۆڕش دەکەن، لە کاتێکدا دۆی مزر و سارد، یاخود پێکی زەحلەکان هەڵدەدەن، چاوەدێرێی نیشتمان دەکەن. دیارە دەبێ ئەوان وەها دابنیشن کە لە کۆڵانەوە نەبیرێن، ئەگینا هەموو ریسەکە دەبێتەوە بە خوری. بۆیە هەم چاویلکەی رەشیان لە چاودایە و هەم شووشەی ئەو پەنجەرەیەی لە پشتییەوە دادەنیشن، لێڵە (سەرۆک جارێکیان بە یەکێک لەم کۆڵانانەدا تێدەپەڕێ و زۆریی چاوە رەشەکان سەرنجی رادەکێشێ، یەکێک لە هاوڕێیان ئاگای لەمە دەبێ و بۆیە زۆر خێڕا خۆی دەگەیەنێتە سەرۆک و چیرۆکەکەی وەبیر دێنێتەوە. سەرۆک کە رقی لە گەمژەیی و فەرامۆشکاریی خۆی دەبێتەوە، ئەمر دەکا ئەو هاوڕێیە بنێرن بۆ وەها شوێنێک کە بە زەحمەت ماڵی خۆی بدۆزێتەوە. ئاخر لەوە دڵنیا بوو سەرئەنجام هۆکاری چاوە لێڵەکانی دەهاتەوە بیر. ئەو، تەنیا کاتی دەویست،... کات)

بەڵام سەرۆک لە گەڵ دەخیلە جادووییەکە بەردەوام یەک کێشەی هەبوو (کە بە خۆشییەوە توانیبووی چارەسەی بۆ ببینێتەوە)، ئەویش ئەوەی کە دەخیلەکە لە دووای خۆی شوێن پێی جێ دەهێشت (سەیر ئەوەیە شوێن پێی وڵاتی هیندستان و ئەو رۆژانەی سەرۆک تێیدا کاری تاقەت پڕوکێنی کردبوو، زۆر ئاسان ون ببوون!)

 دەخیلەکە سێ شوێن پێی تری بە شوێنەوە بوو کە سڕینەوەیان زەحمەت بوو،... یەکجار زەحمەت! (سەرۆک بۆ سڕینەوەی ئەم شوێن پێیانە تەنانەت پارەیشی بە 'هەتاو' دابوو بۆ سووتاندنیان). ئەو سێ جێگا قاچانەیش بریتی بوون لە هێڵێک بەرەو کشت و کاڵ، هێڵی دووهەم بەرەو بازرگانی وڵات و سێهەمینیشیان خەتێکی رەش لە رەگەزی نەوت. بۆیە کاتێک سەرۆک تێدەپەڕی، دوواتر شوێنەکەی، یان بۆنی سەوزە و میوەی دەگرت، یان بۆنی شمەک، یانخود بۆنی نەوت (ئەم بۆنەی ئاخریان لەم ئاخرانەدا هەتا دەهات تۆخترهەڵدەگەرا و بە سەر ئەوانی تردا زیاتر زاڵ دەبوو). سەرۆک بۆ ئەوەی ئەم جێ هەنگاوانە بسڕێتەوە، بۆ هەر کوێیەک دەچوو جگە لە تیپێکی گەورەی موسیقا کە ئاوازی نیشتمانی و شۆڕشیان بە دەنگێکی یەکجار بەرز دەچڕی، بە چەند سەد کەسیش سوپا لە گەڵیا بوو کە لە دوواوەی دەڕۆیشتن. ئیتر سەرنجی خەڵک دەچووە سەر ئەمانە و خێرا جێ هەنگاوە سەیر و سەمەرەکانیان لەبیر دەچووەوە (ئەوەیکە دوواتر چی رووی دەدا و چۆنیان بیردەکردەوە، کاری سەرۆک نەبوو. ئەم بەشە لەمێژ بوو سپێردرابوو بە هاوڕێ چاویلکە رەشە لە چاوەکانی پشت پەنجەرەکان). بۆیە لە دووای هەر تێپەڕینێکی سەرۆک، هەندێ کەس لە کۆڵانەکاندا یان بۆ هەمیشە ون دەبوون، یان کە دوواتر دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە، دەڵێی چاویان بزماری تێکرابوو.

بەڵام سەرەڕای هەموو شتێ، گرینگ ئەوە بوو هەم سەرۆک سەلامەت بوو و هەم دەخیلە جادووییەکە وەک هەمیشە هەبوو و لە پاڵ سەرۆکدا بە ئاسوودەیی درێژە بە ژیانی قاوەیی یاخود بێ رەنگی خۆی دەدا. دونیایش هەمیشە وابووە، ئەوەیکە هەموو شتێک ناکرێ بە تەواوی رێک و پێک و بەدوور لە هەڵە بێت. تەنانەت ئەو پێی وایە خودایش بۆ خۆی دونیای لە بنەڕەتدا وەها چێکرد. ئەی ئەوە نیە شەیتانمان هەیە، درۆ و دەلەسەمان هەیە و ئەو مرۆڤانەی کە هەرچییان لەگەڵ دەڵەی هێشتا هەر لە سەر قسەی خۆیانن! سەرۆک لە کاتێکدا بە ئارامی دەست بە سەری پشیەلەکە (ببورن دەخیلەکە)دا دێنێ و، بزەیەک لێوەکانی دەگرێتە خۆ، روو لە هاوڕێیانی دەڵێ: "گەر خودا نەیتوانی دونیا کامڵ دروست بکا، ئیتر من چۆن دەتوانم،... خودای گەورە لە کوێ و من لە کوێ؟... های هوووووو!"

 

هاوڕێیانی سەرۆک لەم کاتانەدا گوێیان لێیە دەخیلە جادووییەکە وەک پشیلە دەمیاوێنێ. وەک ئەو پشیلانەی حەزیان بە گەمە کردن لە گەڵ مشک و دوواتر خواردنیانە. سەرۆک بە دەنگی بەرز پێدەکەنێ. ژوورەکە و شار بە هەموو کۆڵانە پڕ لە چاویلکە رەشەکانیەوە دەنگ دەدەنەوە. لەم کاتانەدا شۆڕش و نیشتمان وەها لە بەر پێی سەرۆکدا بچوک دەبنەوە کە دەخیلەکە لەبەر چاویاندا دەبێ بە کێوێک، ئەو کێوانەی کاتی خۆی سەرۆک لەوێوە گوتبووی ئەو کێوانە خۆڕاگرن چونکە ئەوانی لێن،... ئەوان!