چیرۆک

دان بە راستیدانانی خزمەتکارێک

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان  

لە تەمەنی چل و دوو ساڵیدا زەحمەتە کەس بتوانێ، لە قووڵایی گوندێکی دوورەدەستدا، بۆ هەتاهەتایە، خۆی لەگەڵ گۆشەنشینی رێک بخا، ئەویش لە تەک پیاوێکی نەخۆش و پەککەوتە و ئاڵۆز و دڵڕەق.

 

دان بە راستیدانانی خزمەتکارێک

ج. م. ماچادۆ دو ئاسیس  

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان                                    

یواکیم ماریا ماچادۆ دو ئاسیس لە بنەماڵەیەکی هەژار، لە ریۆدۆژانیڕۆ لەدایک بووە. کاری نووسینی هەر لە منداڵییەوە دەستپێکرد، ئەگەرچی چەند ساڵێکی پێچوو تا ناوبانگی دەرکرد. ساڵانێکی زۆر پێش مردنی وەک نوێنەرێکی سەرەکی وێژەی مودێرنی برازیلی سەرنجی درایێ.  دەور و پشتی ساڵی ١٨٨٠ بەتەواوی ناسرابوو و هەتا کۆتایی تەمەنیشی بە کارامەیی کاری نووسینی درێژەدا.

ماچادۆ بە نووسراوە کەموزۆر رەشبینییەکانیەوە ناسراوە، بەڵام داستانە دەروونناسییەکان و کورتە چیرۆکەکانی زۆرتر بەناوبانگن. ''راستی گوتنی خزمەتکارێک'' یەک لەو داستانە تایبەخۆیانەیە.        

' ئیساک گۆڵدبەرگ' ئەم داستانەی کردوە بە ئینگلیسی.

 

                         دان بە راستیدا نانی خزمەتکارێک

بەراستی وائەزانی، ئەوەی ساڵی  ١٨٦٠بەسەر منا هات، بەوەی دەژی بینووسمەوە؟ ئەگەر وایە زۆر چاکە، من ئەم چیرۆکەت بۆ دەگێڕمەوە، بەو مەرجەی تا دەمرم ئاشکرای نەکەی. زۆریش چاوەڕوان ناتهێڵمەوە-  ئەوپەڕی حەوتوویەک؛ من ئەو پیاوەم  قامکی تاوان بەرەوڕووم بۆتەوە.

دەتوانم هەموو بەسەرهاتی ژیانیشم، بە زۆر وردەکاری سەرنجڕاکێشترەوە، بگێڕمەوە، بەڵام ئەمکارە پێویستی بە کات و ئازایەتی و کاغەز هەیە. کاغەز کە زۆرە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئازایەتیم بەرەو نەمانە، هەروەها کاتیش. ئەوەی بەبەر تەمەنمەوە ماوە، دەکرێ بەراوردی بکەی بە ژیانی گڕی مۆمێک.

هەر سبەی کە خۆر هەڵدێ، رۆژێکی دی خراپ و سەخت وەک خودی ژیان دێتەوە پێش. کە وایە ماڵاوا گەورەم، ئەم نووسراوە بخوێنەرەوە.

تۆ دەزانی ئەم بەسەرهاتە، ساڵی١٨٦٠ روویدا. ساڵی پێشووتر، دەوروبەری مانگی ئاگووست، لە تەمەنی چلودوو ساڵیما، ببوومە پیاوێکی ئایینزان-  واتە، وتارە ئایینییەکانی کەشیشێکی کۆنە هاوڕێی زانستگەم لە نیکسەڕۆی کۆپی دەکرد. ئەم پیاوە لە ماڵی خۆیدا جێگەوڕێگەی بۆ کردبوومەوە.

ساڵی ١٨٥٩هەر لەم مانگەدا، ئەم هاوڕێیەم، نامەیەکی لە لایەن قەشەی شارێکی چکۆلەی ناوخۆوە بۆ هات؛ داوای کردبوو ئەگەر کەسێکی وریا و بێفیز و بەتاقەت دەناسێ و ئامادە بێ بۆ خزمەتکردنی

'کولونێل فیلیس بیرت'ی نەخۆش و پەککەوتە، ئەوا لە بەرانبەردا پاداشتێکی باشی دەدرێتێ.

هاوڕێکەم ئەمکارەی بە من پێشنیار کرد . منیش زۆر بە خۆشییەوە پێشوازیم لێکرد. چونکە بەڕاستی ماندوو ببووم لە کۆپی کردنی ئەو هەموو وشە وەرگێڕاوە لاتینیانەی قەشەی کلیسەکان.

لە پێشدا چوومە 'ریۆدۆژانیڕۆ' ، بۆ ماڵاوایی کردن لە براکەم، کە لە پایتەخت دەژیا. لەوێوەش چووم بۆ ئەو گوندە چکۆلەی ناوەوە. بە گەیشتنم بۆ ئەوێ، هەواڵێکی زۆر لەسەر کولونێل بەر گوێم کەوت. باس دەکرا کولونێل ، پیاوێکی کەمجیکەڵانە، توندو تیژ، ناساز و بە هیچ رازی نەبوویە؛ کەس لەگەڵی هەڵناکا، تەنانەت هاوڕێکانیشی. زیاتر لە دەرمانەکانی، پەرستار و خزمەتکاری گۆڕیوە. ئەوەی راستێ بێ سەروچاوی یەک دوو کەس لەمانەی تێکشکاندبوو. کەچی بەهەموو ئەم شتانەوە کە دەوترا، وتم من کە لە پیاوێکی ساغ و ئازا هیچ باکم نییە، بۆ دەبێ لە پیاوێکی نەخۆش و بێهێز و پەککەوتە بترسم.

دوای یەکەم دیدار لەگەڵ نوێنەرەکەی، ئەویش ئەو شتانەی بیستبووم دووپات کردەوە و پیشنیاری بەزەیی و نەرمی و خۆڕاگرتن و هەڵکردنی بە من کرد. کە چوومە ماڵی کولونێل، دیتم لە بانیژەی ماڵەکەیدا بەدەم ئێش و ئازارەوە، لەسەر کورسییەک راکشاوە. زۆر بەباشی بەخێرهاتنی کردم. لە پێشدا بەبێدەنگی لێم وردبۆوە، بە چاوێکی فێڵبازانە تیژ تەماشای کردم. دوایی زەردەخەنەیەکی وشک و ناحەز لە رومەتیا بڵاو بۆوە. پاشان گوتی هەر پەرستارێکی تا ئێستا رامگرتوون، پشکەڵێک نەژیاون. یان زۆر دەخەوتن یان بیشەرم بوون، یان خەریکی فرتە فرت و چاو بڕکێ بوون لەگەڵ نۆکەراندا. دوان لەوان تەنانەت دزیش بوون. ''بەڵام ئەی تۆ، ئەتۆش دزی؟''

''نا، گەورەم.'' دوایی ناومی پرسی.

زۆر بەزەحمەت ناوی خۆمم بەدەما هات. کاتێک بە سەرسووڕمانەوە پرسیی: ''ناوی تۆ کولومبۆیە؟''

''نا بەڕێز، ناوم: پرۆکۆپیۆ خوزە گومێز ڤالونگۆیە.''

 ڤالونگۆ؟ـــ کەوتە سەر ئەو بڕوایە کە ئەوە ناوێکی مەسیحی نییە و پێشنیاری کرد، لەوە بەدوا تەنیا ڤالونگۆ بانگم بکا.  وتم باشە هەرچۆنێک تۆ پێت خۆش بێت.

ئەگەر ئەم رووداوە ئەهێنمەوە بیر، تەنیا لەبەر ئەوە نییە وێنەیەکی کولونێل بخەمە بەرچاو، بەڵکوو لەبەر ئەوەیشە، نیشان بدەم کە وەڵامەکەی من چەند لەسەری کاریگەر بوو.

رۆژێ دواتر ئەمەی بە نوێنەرەکەی وتبوو. بێجگە لەمەش تاکوو ئێستا هاوسۆز و خەمخۆریکی باشتری بەخۆوە نەدیبوو. راستییەکەی ئەوەیە نێوانخۆشی ئیمەش، یان مانگی هەنگوینمان، تەنیا حەوتوویەکی خایاند.

لە بەرەبەیانی رۆژی هەشتەمەوە، تێگەیشتم کە ژیانی پەرستارەکانی پێشوو، نەک ژیان بەڵکوو سەگژیان بووە. ئیتر نە خەوم هەبوو نە دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوە لەسەر شتێک. لێشاوی قسەی سووک و بێڕێزی بەسەرما دەباری. جارجارێک بەهەوای ملکەچی و قایل بوون بەو قسانە پێدەکەنیم، چونکە دەمزانی ئەمە رێگایەکە ئەو خۆشحاڵ دەکا.

لە بێڕێزی و سووکایەتی کردندا ئەوەندە چووە پێش، کە ئیتر پەیوەندی نەمابوو بە سروشتی نەخۆشییەکەیەوە. نەخۆشییەکەی لەو نەخۆشییە گران و ئاڵۆزانە بوو: گوشادی دەمارە خوێنبەرەکانی، رۆماتیسم و چەند وردە نەخۆشی دیکە، ئەم پیاوەی ئازار ئەدا. تەمەنی نزیک بە شەست ساڵ دەبوو. هەرلە پێنج ساڵانیەوە بەوە راهاتبوو هەموو گوێڕایەڵی بن. بەدڵنیاییەوە ئەو دەیتوانی کەسێک بێ خاوەنی لێبووردن. لەگەڵ ئەوەشداکە لێخۆشبوونی هەبوو، قینلەدل و رقانیش بوو. لە خەمخوراندن و سووکایەتی کردن بە خەڵکانی دی خۆشیی دەهاتێ. پاشی سێ مانگان تەواو ماندوو و بێزار ببووم، ئیتر نەمدەتوانی لەگەڵیا هەڵکەم. بۆیە بڕیارمدا بەجێی بهێڵم؛ تەنیا بۆ دەرفەتێک دەگەڕام. ئەم دەرفەتەشم زوو بۆ هەڵکەوت. رۆژێکیان لە کاتی شێلانەکەی نەختێک بەدرەنگ کەوتم، گۆچانەکەی هەڵگرت و دوو یان سێ جاری پیاکێشام. ئەمە دوایین نوقڵانەم بوو. هەر دەمودەست پێم گوت: بەرگەی ئەم هەموو بێڕێزییە ناگرم و رۆیشتم کەلوپەلەکانم وەپێچم. کولونێل بەدوای ئەمەدا هاتە دیوەکەم؛ لێم پاڕایەوە بمێنمەوە و بەجێی نەهێڵم. دڵنیای کردم ئەوە شتێک نەبوو کە من پێێ تووڕە بم و بیکەمە بیانوو بۆ بەجێهێشتنی پیاوێکی بەساڵاچوو و کەمجیکەڵانە. زۆری لەسەر رۆی تا رازی بووم بە مانەوە.

ئەو شەوە بەمنی گوت: ''پرۆکوپیۆ، من وا لە مردن نزیک دەبمەوە. پێم لە لیواری گۆڕە. ماوەیەکی زۆر ناژیم. تۆ دەبێ بێیتە خاکسپاردنەکەم، ئەگینا لە هێچ هەلومەرجێکدا لێت خۆش نابم. تۆ دەبێ بێی لەسەر گۆڕەکەم نوێژ بکەی. ئەگەر نەیەی ، بەپێکەنینەوە گوتی: رۆحەکەم شەوانە دێت، بە قاچ راتدەکێشێ. بڕوات هەیە بە ڕۆح لەو دنیا، پڕۆکوپیۆ؟''

'' قسەی قۆڕ و بێمانا!''

 '' چۆن! تۆ بەمە باوەرت نییە بێمێشک؟'' بە شێوەیەکی سۆزدار چاوی لێم دەرپەڕاند.

ئاوا بوو لە کاتی هێمنی و ئارامیدا، ئەمە چیی لە کاتی هورووژمی رق و تووڕەییەکانی دەچێ، جا خۆت بیری لێبکەرەوە.

لەوە بەدوا بە گۆچان لێی نەدام، بەڵام بێڕێزییەکانی ،  نەک خراپتر ، هەر وەک خۆی مایەوە. بەرەبەرە دڵم رەق بوو، هەستم مرد، ئیتر گوێم نەدەدایە هیچ شتێک؛ ببوومە وشترێک، نەزان وگێلۆکەیەک، کەر و بێمێشکێک، بەکورتی هەموو شتێک! بۆ ئەوەی جوانتر لە قسەکەم تێبگەی، ئەم قسە جوانانەم پەسند دەکرد.

ئەم پیاوە خزم و کەسێکی نەبوو. تەنیا ئامۆزایەکی هەبوو، ئەوێش بە دەردەباریکە مردبوو.  هاوڕێکانی بۆ مەرایی و دڵڕاگرتنی، جاروبار بۆ ماوەیەکی کورت، پێنج یان دە دەقیقە دەهاتنە لای. ئەوە تەنیا من بووم بۆ وەرگرتنی فەرهەنگی وشە سووکەکانی لەلای دەمامەوە. چەندجار بڕیارمدا بڕۆم، بەڵام هەر جارەی بە تکا و پاڕانەوەی نوێنەرەکەی رازی دەبووم بە مانەوە.

رەنج و ئازاری ئەمجۆرە پەیوەندییەمان لە سنوور دەرچووبوو. پەلەم بوو هەرچی زووتر بگەڕێمەوە بۆ ریۆدۆژانیڕۆ.

لە تەمەنی چلودوو ساڵیدا زەحمەتە کەس بتوانێ، لە قووڵایی گوندێکی دوورەدەستدا، بۆ هەتاهەتایە، خۆی لەگەڵ گۆشەنشینی رێک بخا، ئەویش لە تەک پیاوێکی نەخۆش و پەککەوتە و ئاڵۆز و دڵڕەق.

بۆ ئەوەی گۆشەیەک لەم تەریک بوون و گۆشە نشینییەم باس کردبێ، بەسە بڵێم کە تەنانەت رۆژنامەشم نەدەخوێندەوە؛ بێجگە لەو کورتە خەبەرە گرینگانەی رۆژنامەکان، کە کەموزۆر بۆ کولونێل دەهات؛ ئیتر ئاگام لەوەی نەبوو چی لە دنیا روودەدات. بۆیە زۆر بەتاسەوە بووم لەیەکەم دەرفەتدا بگەڕێمەوە بۆ ریۆدۆژانیرۆ، ئەگەر بە قیمەتی پەیوەندی بڕین لەگەڵ نوێنەرەکەی کولونێلیشدا بووە. هەروەها دەبێ، لێرە پێ لەوەش بنێم، مانگانەکانم خەرج نەکردبوو، کەڵکەڵەی ئەوەشم بوو لە پایتەخت ئەویش بە فیڕۆ بدەم.

هەر زوو شانسەکەم نزیک بۆوە. نەخۆشییەکەی کولونێل بەرەو خراپی چوو. بۆیە وەسیەتی کرد. وەسیەتنامە نووسەکەش بەقەدەر من بێڕێزی پێ کرا. رەفتاری نەخۆشەکە توندوتیژتر بوو؛ مەودای ئارامی و حەسانەوە بۆ من ، لە هەر کاتێکی دیکە کەمتر بۆوە. لەپێشدا ئەو ئەندازە کەمەش بەزەیی ، کە پاڵی پێمەوە دەنا، بۆ ئەوەی ئازارە لەئەندازە بەدەرەکەی فەرامۆش بکەم، لەدڵما نەمابوو. لە دەروونمدا کوورەی رق و بێزاری هاتبووە جۆش. بڕیارمدا ئیتر بەتەواوی هەوەڵی مانگی ئاگووست بەجێی بهێڵم. نوێنەرەکەی و دۆکتۆرەکەی بە روونکردنەوەکەی من رازی بوون، بەڵام داوایان لێکردم چەند رۆژێک زیاتر خزمەتی بکەم. مانگێک بەڵێنم پێدان و گوتم دوای ئەو مانگە دەرۆم، وەزعی ئەو پیرە هەرچۆنێک بێت. نوێنەرەکەی بەڵێنیدا جێنشینێ بۆ من پەیدا بکا. لەبەر ئەم شتانە کە هاتە پێش، ئێوارەی رۆژی بیست و چواری ئاگووست کولونێل ئێجگار رقی هەستا، پیسترین جوێنی پێدام، هەڕەشەی لێکردم گوللەیەکم  پێوەنێ؛ سەرئەنجام دەورییەک شۆرباو کە زۆر بۆی سارد ببۆوە، هەڵیدا بەسەرما. دەورییەکە بەر دیوار کەوت و بوو بە هەزار کوتەوە.

نەڕاندی بەسەرما: '' تۆی دز دەبێ بیبژێری!''

ماوەیەکی درێژ هەر پرتە و بۆڵەی بوو. نزیک سەعاتی یانزە بەرەبەرە خەوی لێکەوت. کە نووست، کتێبێکم لە گیرفانم دەرهێنا، وەرگێڕاوی چیرۆکێکی کۆنی' د،ئارلینکۆرت؛ بوو کە لەلاوە کەوتبوو. لەژوورەکەدا بە مەودایەکی کەم دوور لە تەختی نووستنەکەی دەستم بە خوێندنەوە کرد. دەبوو نیوەشەو بۆ خواردنی دەرمانەکانی ئاگای بکەمەوە؛ نازانم لەبەر ماندوویەتی بوو یان کاریگەری کتێبەکە پێش ئەوەی بگەمە لاپەڕەی دوو خەوم لێکەوت. بە دەنگی هاواری کولونێل لەخەو ڕاچڵەکیم، دەستبەجێ هەستامە سەرپێ. بەدەم قسە بزرکاندنەوە هەر ئەیشریخاند. دوایی بوتڵە ئاوەکەی هەڵگرت و خستی بۆ دەموچاوم. نەمتوانی خۆمی لێ لادەم. بوتڵەکە زرم درا بە روومەتما. ئەوەندە ئێشم هات خەریکبوو لە هۆش بچم. خۆم پێ رانەگیرا، بە بازێک پەڕیمە سەری؛ دەستم لە ملی توند کرد؛ بۆ ماوەیەکی کورت کەوتە پەلەقاژە کردن. ئەرێ، خنکاندم!. کاتێک زانیم هەناسەی لێبڕاوە، لەترسان لێی کشامە دواوە.

هاوارم کرد، بەڵام کەس بەدەنگمەوە نەهات. جارێکیتر لە تەختەکەی نزیک بوومەوە، بۆ زیندووکردنەوەی کولونێلم راوەشاند، بەڵام زۆر درەنگ بوو. 'ئانوریسما' یان دەمارە هەراوەکانی تەقیبوون. کولونێلم لێ مرد. چوومە ژوورەکەی تەنیشتمەوە، تا دوو سەعات نەموێرا بگەڕێمەوە. زەحمەتە ئەو شتانەی ئەوکاتە هەستم پێدەکرد هەموویان بگێرمەوە. ئەو گێژ و وڕیەم جۆرێک وڕێنەی پووچ و ناڕوون بوو.

بەسەر دیوارەکانەوە روومەتی کەسانێکم دەدی، بە زەردەخەنەیەکی تاڵەوە لێم دەڕوانن. منگە منگێ دەهاتە گوێم. هاوار و قیژەی کولونێل پێش پەلەقاژەکەی و کاتی ئەو هەڵچوونە شێتانەیەی، لە دەروونما دەنگی ئەدایەوە. رووم لە هەر لایەک دەکرد، هەوای دەوروبەرم لە گرژبوون و ئاڵۆزاندا بوو. وامەزانە من ئەمانە هەڵدەبەستم. سوێندت بۆ دەخۆم بە روونی و بە ئاشکرایی دەنگانێکم دەهاتە گوێ هاواریان لێدەکردم: ''پیاو کوژ! پیاو کوژ''

ماڵەکە زۆر ئارام و کپ بوو. چرکەچرکی کاتژمێرەکە یەکنەواو لەسەر خۆ، بێدەنگی و تەنیایی پەرە پێدەدا. بە هومێدی بیستنی ناڵەیەک، وشەیەک، قسەیەکی سووک، یان هەرشتێک کە بۆنی ژیانی لێبێ، گوێم نا بە دەرکەی ژوورەکەوە کە ئارامی ببەخشێ بە دەروونم؛ ئامادە بووم کولونێل دەجار، بیست جار، سەد جار، لێم بداتەوە. کەچی هێچ_ هەموو شتێک کڕ و بێدەنگ بوو.

بەبێ ئامانج لە دیوەکەدا دەگەڕام؛ دادەنیشتم؛ ناهومێدانە دەستم بەسەرما دەهێنا. لە هاتن بۆئەم شوێنە پەشیمان ببوومەوە.

هاوارم کرد: ''لەعنەت لەو کاتەی ئەمکارەم قبووڵ کرد.'' رقم هەڵسابوو لە قەشەی کلیساکەی نیکسەڕۆی، لە دوکتۆر و نوێنەرەکەی کولونێل، لە هەموو ئەوانەی ئەم شوێنەیان بۆ دۆزیبوومەوە و بەزۆرەملی منیان بۆ ئەم ماوە درێژە لێرە ‌هێشتبۆوە. دڵنیا بووم ئەوانیش شەریک و هاودەستی ئەم تاوانەن.

بێدەنگی ئەوەندە منی ترساند، کە ناچار بووم پەنجەرەکە بکەمەوە، بەو هیوایەی لانیکەم وژەی بایەک بێتە گوێم. بەڵام شەوێکی ئارام بوو بایشی نەدەهات.

ئەستێرەکان، لەسەر ئەوانەی وەک رێز، بۆ ئەو کەسانەی دەچوون مردوو بە خاک بسپێرن، کڵاویان لەسەر سەر هەڵدەگرت و لەسەر شتی دیکە قسەیان دەکرد، بەئاسایی دەدرەوشانەوە. ماوەیەک لەبەر پەنجەرەکە مامەوە، هەنیشکم لەسەر چوارچێوی ژیرەوەی پەنجەرەکە دانابوو، چاوم بڕیبوە قووڵایی تاریکایی شەو. زۆرم بۆخۆم ئەهێنا کورتەیەکی ژیانم بهێنمەوە بیر، بۆ ئەوەی رزگار ببم لەم ئەشکەنجە رۆحییە. تەنیا دوای ئەمە بوو ئیتر بەروونی بیرم لە سزای ئەم تاوانە دەکردەوە و خۆم بە تاوانبار لەبەردەم هەڕەشەیکی زۆر سەختدا دەبینیەوە.

ترس، لەم دەمەوە هەستی پەشیمانیمی زۆر گران کرد. تەواو تۆقام. چەند دەقیقەیەک دواتر، شکڵی سێ یان چوار مرۆڤم دی لە تراسەکەوە ، لێم دەڕوانن، وادیار بوو لە بۆسەدا بوون؛ بۆیە کشامە دواوە؛ شکڵەکان لەبەر چاو  ون بوون. ئەوەش هەڵوەسە بوو. (واتە مێشکم تێکچووبوو)

پێش ئەوەی رۆژ بێتەوە، برینەکانی سەروچاوم بەستن. تەنیا دوای ئەمە وێرام بگەڕێمەوە ژوورەکەیتر. لەبەر دەرکە دووجار خەریکبوو بگەڕێمەوە، بەڵام دەبوو هەر بچمە ژوور. کە چووم ، لە پێشدا نەچووم بەلای تەختەکەدا. ئەژنۆکانم دەلەرزین. دڵم پەیتا پەیتا لێیدەدا. بیرم لە هەڵاتن کردەوە، بەڵام ئەمە دیان پێدانان بوو بە تاوانەکەدا... بەپێچەوانە، گرینگ بوو هەموو شوێنەواری ئەم تاوانە بسڕمەوە. چووم بەلای جێگەکەوە. لە تەرمەکە ورد بوومەوە، بەو چاوە ئاوساوانە و ئەو دەمە داچەقاوەیەوە، لەوە دەچوو بە ڕووما هەڵئەشاخێتەوە: ''خوێنڕیژ! چیت کرد لەو براتە؟'' لەسەر ملی چەند شوێنی جێ نینۆکی خۆم دیتەوە؛ دوگمەکانی کراسەکەیم تا سەرەوە داخستن. پەتوەکەیم تا سەر چەناکەی هەڵکێشا.  خزمەتکارێکم بانگ کرد و گوتم ، کولونێل دەمەو بەیانی مردوە، ناردم نوێنەرەکەی و دوکتۆر ئاگادار بکا.

یەکەم بیر کە بە مێشکمدا هات، ئەوە بوو کە، بەبیانووی نەخۆشی براکەم هەرچی زووتر ئەوێ بەجێ  بێڵم. لە راستیشدا چەند رۆژێک لەوە پێش نامەیەکم لە ریۆدۆژانیڕۆوە پێگەیشتبوو، کە تێیدا نووسرابوو حاڵی براکەم زۆر باش نییە، بەڵام بیرم لەوە کردەوە، کە زوو رۆیشتنم رەنگە شک و گومانی لێ بکەوێتەوە. بۆیە بڕیارمدا جارێ راوەستم. بۆخۆم لەگەڵ پیرە پیاوێکی رەشی نزیکبیندا، تەرمەکەمان شۆرد و کفنمان کرد. بەردەوام لە ژووری مردوەکە، دەمامەوە. دەترسام نەوەک لەپڕێکا شتێک دەرکەوێ. دەمهەویست دڵنیا بم لە روومەتی کەسدا دلپیسی و بەدگومانی نەخوێنرێتەوە؛  نەمدەوێرا لە چاوی کەس بڕوانم. هەموو شتێک دڵمی دائەخورپاند: هاتووچووی ئەوانەی لەسەر پەنجەی پێ لە ژوورەکەدا دەهاتن و دەچوون؛ سرتەکانیان؛ رێورەسمی قەشە و نزاکانی... هەر کە کاتی هات ، سەری تابووتەکەم داخست، بەڵام بەدەستی لەرزۆکەوە. دەستم وا دەلەرزی کابرایەک سەرنجی دایە و بە هاوسۆزییەوە هاتە دووان:

''بێچارە پرۆکوپیۆ، لەگەڵ ئەو هەموو رەنج و ئازارەی کە لە ئاغاکەی دیویە، چەند زکی پێی دەسووتێ."

وامدەزانی ئەو قسەی بە تەوسەوە دەڵێ. زیاتر لە هەموو شتێکیتر بەوە پەرۆش بووم. کە چووینە دەر، لە خیابان لە شوێنێکی تاریکەوە دەچووینە رووناکایی رۆژ، سەرم لێ شێوا. تەواو گێژ و وڕ ببووم. ترسام لەوەی ئیتر نەتوانم لەوە زیاتر ئەو تاوانە بشارمەوە. بەردەوام چاوم لە زەوی دەبڕی، تا هاتمەوە سەرخۆ.

کە هەموو شتێک دوایی هات، هەناسەیەکم هەڵکێشا. لەگەڵ ئەو پیاوەدا پڕ ئاسوودە بووم، بەڵام لەگەڵ ویژدانی خۆما، نا.

یەکەم شەوم لە نائارامی و ئێش و ئازاردا گوزەراند. پێویستە ئەوەش بڵێم  لە گەڕانەوە بۆ ریۆدۆژانیڕۆ بەپەلە بووم، چونکە لەوێ لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیام. ئەگەرچی زۆر دوور کەوتبوومەوە لە شوێنی تاوانەکە. قەت پێنەدەکەنیم، زۆر کەم گەمەم دەکرد، خواردنم کەم بوو، بەدەس وڕێنە کردن و دێوەزمە و مٶتەکەوە ئارامم نەمابوو...

ئەوانە پێیان دەگوتم: ''کوڕە لێگەڕێ، ئەوپیاوە مردوە با لە گۆڕا ئاسوودە بێ، ئەو هەموو خەفەتەی پێناوێ.'' خۆشحاڵ دەبووم کە دەمبینی، خەڵکی ئەم نیشانانە چۆن لێکئەدەنەوە؛ زۆر بە شاخ و باڵی ئەو مردوەدا هەڵمئەدا. لە راستیدا بە دڵنیاییەوە پێمدەگوت پیاوێکی چاک، بەڵام بە دڵێکی رەقەوە. هەر جارێکیش بەم شێوەیە دەدوام بۆ چەند خولەکێک دڵی خۆمم پێخۆش دەکرد. دیاردەیەکی سەرنجڕاکیشی دیکە لە دەروونمدا جێی خۆی کردبوو، با ئەویشت پێ بڵێم، رەنگە تۆ ئاکامێکی باشی لێ وەرگریت_ ئەویش ئەوەبوو ئەگەرچی پیاوێکی زۆر بەدین نیم، بەڵام لە کلیسە دا نوێژم بۆ کرد، سروودم بۆ خوێند. بۆ ئەمکارەش کەسم بانگ نەکرد، وشەیەکیشم بەگوێی کەسدا نەچپاند. بە تاقی تەنیا چوومە کلیسا. تەواوی ئەو ماوە کە لەوێ بووم، ئەژنۆم دادا و سروودی خاجم خوێند. هەقی کەشیشم دوو بەرابەر دا و لەبەر دەرکەی کلیسەش خێراتم بەخشییەوە. هەموو ئەمانەش بە خێری ئەو کۆچکردوە.

حەزم نەدەکرد کەس هەڵخەڵەتێنم. ئەمەش بەم راستییەدا دەردەکەوێ، هەمووی ئەم کارانەی کە کردم نەمهێشت کەس پێبزانێ. بۆ ئەوەی کارەکشم  تەواو بە رێکوپێکی کردبێ قەت ناویم نەدەهێنا بێئەوەی بڵێم ''رۆحی شادبێ''. زۆریش بەسەرهات و قسەی خۆش و ئەنتیکەشم لێ دەگێڕاوە.

حەوتوویەک دەبوو دوای گەڕانەوەم بۆ ریۆدۆژانیرۆ، لە لایەن نوێنەرەکەی کولونێلەوە نامەیەکم پێگەیشت. لەم نامەدا ئاگادارکرابووم کە وەسیەتنامەکەی کولونێل کراوەتەوە و ئەمن وەک تەنیا میراتگری ئەو دیاری کراوم. جا بزانە چۆن حەپەسام! دڵنیا بووم بەهەڵە خوێندوومەتەوە؛ نامەکەیم بە براکەم و هاوڕێکانم نیشان دا. ئەوانیش هەر وایان خوێندەوە کە من خوێندبوومەوە. هەرچی بوو هەر ئەوە بوو. بەڵێ من تەنیا میراتگری کولونێل بووم. لەپڕ بە مێشکمدا هات، رەنگە ئەمە داوێک بێ بۆ گرتنم. بەڵام دوایی بیرم لیکردەوە، خۆ رێگەی دیکە زۆرن بۆ گرتنم، ئەگەر تاوانەکە ئاشکرا بووبێ. بێجگە لەمە، لە دڵپاکی نوێنەریش دڵنیا بووم. دەمزانی ئەو بەشداری ئەمجۆرە پیلانانە ناکات. نامەکەیم پێنج جار و دەجار و سەدجار خوێندەوە؛ راست بوو. من تەنیا میراتگری کولونێل بووم!

براکەم پرسی: ''چەندی سامان هەیە؟''

''نازانم، بەڵام دەزانم زۆر دەوڵەمەندە.''

''بێگومان ئەو سەلماندوویەتی، هاوڕێیەکی باش بووە بۆ تۆ.''

''بە دڵنیاییەوە وابوو.''

بەمجۆرە لە رێی چارەنووسێکی سەیرەوە، هەموو سامانی کولونێل بە من بڕا.

لە پێشدا بیرم کردەوە، ئەو میرات و جێماوە وەرنەگرم. بەلامەوە پیس بوو، پوولێک لەو میراتە هەڵگرم. وامئەزانی ئەوە خراپترە لە دەسخۆشانەی پیاوکوژێک. ئەم بیرە سێ رۆژان خولیای من بوو؛ دوایی پێچەوانەی ئەم بیر و رایەم بەسەر خۆما سەپاند: خۆ وەرنەگرتنەکەم کۆتایی ناهێنێ بە بەدگومانی. لە ئەنجامدا لەگەڵ خۆما رێککەوتم؛ ئەو جێماوە وەرگرم و بیکەم بە چەند بەشەوە.

ئەمکارە لای من تەنیا ترس و سڵکردن نەبوو، بەڵکوو ئەو حەز و ئارەزووە دەروونییەشم بوو، بۆ بژاردن و سڕینەوەی تاوانەکەم بە کارێکی چاک؛ ئەمکارەم وەک تەنیا رێگەیەک دەزانی، بۆ رزگار کردنی ویژدانم لەو ئێش و ئازارە و گەڕانەوەی ئارامی بۆ رۆحم.

بەپەلە خۆم ئامادە کرد بۆ گەڕانەوە و سەر ڕێ کەوتم. هەر کە نزیک ئەو گوندە چکۆلە بوومەوە، ئەو بەسەرهاتە ناخۆشە هاتەوە بیرم. هەر شتێک لەو شوێنە، کردەوەیەکی خەفەتاوی پیشان ئەدام. لە هەر پێچێکی ئەو ریگەیە تارمایی کولونێل دەهاتە بەرچاوم. رقگرتنەکانی، گریان و هاوارەکانی، پەلەقاژە و سەیرکردنەکانی شەوی تاوانەکە، دەهاتنەوە بیرم.

نازانم تاوان بڵێم یان شەڕ و مشتومڕ؟ لە راستیدا ئەوە شەڕ و مشتومڕ بوو؛ ئەمن هێرش کرابوە سەرم، منیش بەرگریم لە خۆم کردبوو؛ لەم خۆپاراستن و بەرگرییەدا بوو ، ئەو کارەساتە قەوما. ئەمە شەڕێکی نەگبەت و کارەساتێکی بەڕاستی ناخۆش بوو.

لەم بیر کردنەوەدا، بەسەر ئەو هەموو کردەوە چەوت و جنێوانەی لەسەر دڵم کەڵەکە ببوون، دەچوومەوە؛ ئەو لێدانانەی کە لێمدرابوو، ئەو ناو و ناتۆرانەی کە پێم گوترابوو، دەژماردن....

زۆر چاک ئەزانم ئەمانە سووچی ئەو نەبوون؛ ئەمە ئێش و ئازاری نەخۆشییەکەی بوو ئەوی ئاوا تووڕە و تڕۆ کردبوو. بۆ هەموو ئەمانە داوای لێبووردن دەکەم! ... خراپترینیان شەوی ئەو کارەساتە بوو.. ئەمەش دەزانم، هەر جۆرێک بوایە ، کولونێل زۆر نەدەژیا. رۆژەکانی ژیانی کەوتبوە ژمارە؛ مەگەر خۆی ئەمەی هەست پێنەدەکرد؟ جاروبار نەیدەگوت: ''چەندیتر لە ژیانم ماوە؟ دوو حەوتوو یان حەوتوویەک، رەنگە کەمتریش؟''

ئەمە ژیان نەبوو؛ پەلەقاژەی مەرگ بوو، ئەگەر کەسێک ناوی شەهادەتی ئەبەدی بۆ ئەم پیاوە بدبەختە دابنێ، کێ دەزانێ، کێ دەتوانێ بڵێ کە ژیان و مەرگی ئەو لەیەک نەدەچوون؟

هەر کە چوومە نێو دێ، شتێک دڵمی دەگوشی؛ خەریکبوو بگەڕێمەوە؛ بەڵام بەسەر سۆز و هەستی خۆما زاڵ بووم و چوومە پێش. لە دێ بەرەوڕووی لێشاوێکی پیرۆزبایی بوومەوە. نوینەری کولونێل بەوردی باسی راسپاردەکەی کولونێلی بۆ کردم و ئەو خەڵاتە پیرۆزانەی بۆ ژماردم. کاتێک قسەی دەکرد، بەو خۆڕاگری و دڵسۆزییەی کە لە ئاگاداری لەو کۆچکردوەدا نیشانم دابوو، زۆری هەڵگوت و وتی : ئەویش بەپێچەوانەی خوو و دڵڕەقیەکەی، پێزانینی خۆی نیشانداوە.

لە حاڵێکدا بە شڵەژاوی بە ئەملاولای خۆمدا دەمڕوانی، وتم: ''بەڵێ بێگومان.'' سەرم سووڕمابوو. هەموو ڕەفتاری منیان ستایش دەکرد. ئەو هەموو دان بەخۆدا گرتن و لەخۆبردووییە.

یەکەم نەریتی بەسەرکردنەوە، نەختێ منی دواخست. پارێزەرێکم هەڵبژارد. کارەکان بەبارێکی رێکوپێکدا دەچوونە پێش. لەم کاتەدا لەسەر کولونێل زۆر قسە دەکرا. خەڵک دەهاتن داستانگەلێکیان لەسەر کولونێل دەگێڕاوە، بەڵام نەک لەبەرچاوی قەشەدا. منیش دیفاعم لەبیرەوەریەکانی دەکرد. چاکەکانی و کردەوە باشەکانیم بیرئەهاتەوە؛ توند و تیژ نەبوو....

'' توندوتیژ!''  قسەکەیان پێدەبڕیم .''قسەی هیچ'' ئەو مردوە و ئیتر هەموو شتێک تەواو بووە. بەڵام ئەو شەیتانێکی تەواو بوو!''

ئەوان بەسەرهات گەلێکی زۆر سەرئاسایان لە بەدخوویی و نالەباری کولونێل دەگێڕایەوە.

پێویستە پێ لەوەش بنێم، لە پێشدا بەوردی و بەحەزەوە گوێم بۆ ئەو قسانە رادەگرت. دوایی خۆشحاڵییەکی سەیر دەکەوتە دڵم؛ خۆشحاڵییەکی واسەیر کە لە راستیدا دەمهەویست لێی هەڵبێم. هەروا پاڵپشتیم لەکولونێل دەکرد، ڕاڤە و  لێکدانەوەم بۆ کردەوەکانی دەکرد. زۆر لە رخنەکانیانم پاڵئەدا بە دژمنایەتی ناوچەییەوە.  قبووڵ دەکەم، بەڵێ قبووڵ دەکەم کە کولونێل کەمێک بە هیچ رازینەبوو و توندوتیژ بوو.

''نەختێک! کوڕە ئەو وەک مارێکی تووڕە بوو!'' سەرتاشکە گوتی.

هەموان: حیسابدار، دەرمانفرۆش و قەشەکە ، لەسەر ئەم بڕوایە بوون. ئەمانە دەستیان پێکرد بە گێڕانەوەی چیرۆک و قسەی خۆش، لەسەر کولونێل. بەسەر تەواوی ژیانی ئەو کۆچکردوەدا دەچوونەوە. پیاوە بەساڵاچووەکان بە بیرهێنانەوەی کردەوە دڵڕەقیەکانی کولونێل، خۆشی دەکەوتە دڵیان. ئەم خۆشییە سەیر و پیسە، بە بێدەنگ لە دەروونی منیشدا وەک کرمێک پاپۆکەی کرد. بیهوودە دەمویست پەپکەکانی ئەم کرمە لێک بکەمەوە، چونکە هەر خێرا قایمتر لە پێشوو پاپۆکەی دەخواردوە.

داب و دەستووری بەسەرکردنەوەی دارایی کولونێل نەختێک باری منی سووک کرد، بێجگە لەمە کولونێلیش ئەوەندە لەبەر چاوان کەوتبوو، بەرەبەرە ئەو حاڵەتە خەم و ماتەمە درۆزنەی، کە لە پێشدا دایگرتبووم، لە نێو چوو. لە ئاکامدا کەوتمە بیری بەشداری کردن لە بەسەرکردنەوەی میراتەکە. کە دەیکردمە خاوەنی پارە و زەوی.

چەند مانگ تێپەڕی، بیری دابەشینی میراتەکە لە رێی خێر و چاکەدا، ئەوەندە لەلام بەهێز نەبوو کە لە پێشدا بوو؛ تەنانەت وامدەزانی ئەمە خۆی نەخۆشییە، بەڵام بەخۆمدا چوومەوە، پلانەکەی پێشووم هێناوە بەرکار. بڕێکی زۆر پارەم دا بە هەژار و لێقەوماوان؛ چەند شتی جوان و رازاوەی تازەم بە کلیسەی دێ پێشکەش کرد. چەند هەزار فرانکێکم بەخشی بەـ خانەی لێقەوماوان ـ  و ئەوانیتر. لەبیریشم نەچوو، پەیکەرێکی یادگار لە بەردی مەڕمەڕ لەسەر گۆڕەکەی کولونێل دانێم. ئەم پەیکەرە کاری پەیکەرتاشێکی ناپولی بوو، کە تا ساڵی١٨٦٦ لە ریۆدۆژانیڕۆ مابۆوە. وابزانم دوایی لە پاڕاگوای مرد.

ساڵانێکی زۆر لەم بەسەرهاتە تێپەڕ بووە. بیرەوەریەکانم بە روونی لەبیر نەماون. جاری وایە بیری کولونێل دەکەمەوە، بەڵام ئێستا ترسی ئەو رۆژانەم لا نەماوە. هەموو ئەو پزشکانەی باسی نەخۆشییەکانی ئەو کۆچکردوەم بۆ کردوون، یەکدەنگ دەڵێن، چارەنووسی هەر ئەوە بووە. لاشیان سەیر بوو هێندەش لەبەر ئەو نەخۆشیانە خۆی راگرتوە. رەنگە منیش لەخۆوە نیشانەکانی نەخۆشییەکانیم هەڵدابێ و زۆر شتەکەم گەورە کردبێتەوە؛ هەر چۆنێک بێت، راستییەکەی ئەوەیە ، ئەو پیاوە بە مەرگێکی کوتوپڕی دەمرد ، ئەگەر ئەو کارەساتەش رووی نەدابا.