چیرۆک

نانخواردنی سەرۆک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

پێی سەیرە کە چلۆن بەمانەوە و لەگەڵ ئەمانە تا ئێرەی هێناوە. بەڵام نا، بە خۆی دەڵێ نابێ پێی سەیر بێ. لای سەرۆک، مێژوو رەوتێکە خاوەنی لۆژیک و مەنتیقی خۆی، رەوتێک کە بەو رێگایەیدا کە دەبێ بڕوا دەڕوا، سەرەڕای ئەوەی کێی لە گەڵدا بێ و چلۆن لە گەڵیدا بێ. 

 

 

 

نانخواردنی سەرۆک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەمیشە خواردنی تایبەتی تایبەت بۆ سەرۆک سازدەکرێ. تایبەتی تایبەت بۆیە، چونکە لەو خواردنە تایبەتەی بۆ هاوڕێکانی (بڵێ سەرکردەکانی) تری دەوری مێزەکە سازدەکرێ، ناخوا و بگرە خواردنێکی تری یەکجار یەکجار تایبەتی بۆ دێنن. هاوڕێیانی تری دەوری مێزەکە وەک هەمیشە بە سەرسوڕمانەوە سەیری خواردنەکەی سەرۆک دەکەن و ئەگەرچی لە دەروونەوە دەزانن کە ئەم خواردنە لەبەر هۆکاری ئەمنییەتی جیاکراوەتەوە (بیری ژەهرخواردنکردنی سەرۆک دڵیان دەتەزێنێ)، بەڵام هەولدەدەن (بۆ خۆشی) بە نەوسنی و خۆشخۆراکیی سەرۆکەوە بیبەستنەوە. لە کاتێکدا لەسەر دۆخی وڵات قسەدەکەن و بە دەنگی بەرز پێدەکەنن، لە دەروونی خۆیاندا دوعا دەکەن و لەخوای گەورە دەپاڕێنەوە تەمەنی سەرۆک ئەوەندە درێژ بکا کە بتوانێ تا سەدان ساڵی تر پارو لە دوای پارو بە حەز و چێژی هەمیشەییەوە قووت بدا. سەرۆکیش بەڕاستی لەوە ناچێ بەم زووانە وازبێنێ! چێژی ئەو ئەبەدییە.

هەڵبەت هەندێ لە هاورێیانی تری دەوری مێزەکە پێیان وایە هۆکاری خۆشخۆراکیی سەرۆک، کاری زۆر و بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەریەتی. ئاخر ئەوە کە پلانی شۆڕش دادەڕێژێ و بەردەوام خەریکی پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمنە. ئەمەیش وزەیەکی تایبەتی دەوێ و بۆیە سەرۆک دەبێ بخوا، یەکجار بخوا،... هەڵبەت خواردنەکە نەک تەنیا لە نێوەڕۆکدا، بەڵکو دەبێ لە قەبارەیش دا فەرقی هەبێ. بە واتایەکی تر چ بە باری قوڵاییدا و چ بە باری پاناییدا.

هەر لەبەر ئەمەیە کاتێک هەموو سەرکردە و هاوڕێیانی تری دەوری مێزەکە خواردنیان بۆ دێ، ئەوجا دەگاتە نۆرەی سەرۆک. ئەو حەزی لێیە سەرەتا بە بەسەرکردنەوەی خۆراکی بەردەمی هاوڕێیان ئیشتیای خۆی زیاتر بکاتەوە. ئەوسا پاش ماوەیەک بەشەکەی سەرۆک لە سەر دەورییەکی پان دێت (پانتر لە هی سەرکردەکانی دیکە). لە سەری، توێ توێ نانی گەرم و تازەی تەنوور دەبینرێ. هاوڕێیان دەزانن لەنێوان نانەکاندا کە هەڵمی گەرمی لێ هەڵدەستێ، چی تیایە. چینێک گۆشت، چینێک دڵ، چینێک جگەری بزن، چینێک کەباب، چینێک زیقەتۆرە، چینێک سینگی مریشک، چینێک رانە مریشک، چینێک جگەری قاز، چینێک جگەری مریشک و سەرئەنجام چینێک چەوری. رێک دە قاتی تەواو. ئەوسا لەگەڵی دۆی ترش و پیپسی دێت، لە گەڵ یەک کاسە پیازی سوور و پیازی زەرد، خەیارماست، کاسەیەک پڕی تەماتەی برژاو و سەرئەنجام جۆرەها سەوزە لە کەوەرەوە بگرە هەتا جەعفەری و گشنیز و پیازی تەڕ و رێحانە. سەرۆک کە قرقێنە دەداتەوە، بۆنی پیاز تا ئەوسەری ژوورە گەورەکە دەڕوا. گەر جوان وردبیتەوە دەڵێی ژوورەکە لە گۆشەکانیدا بەئاستەم رەنگی پیازی گرتووە.

کە خواردنەکە دێت، سەرۆک ئیتر زۆر لە سەرۆک ناچێ. شتێک لە گەڵ خۆی دەیبا. دەبێتەوە بە مێرمنداڵێکی شۆخ و چەلەنگ. وەک ساڵی ساڵان (سەرۆک پێوەندێكی باشی بە مێژووەوە هەیە، وەک خۆی دەڵێ خەڵک و نیشتمان وەک بەری دەستی دەناسێ). قۆلەکانی هەڵدەداتەوە، کڕاواتەکەی شل دەکاتەوە و ئەوسا بەدەست بەردەبێتە خواردن. ئەو قەت کەوچک و چنگاڵ و کارد بەکار ناهێنێ، تەنانەت کاتێ میوانی هەرە گەورەیشی هەیە. مڵچە مڵچیشی وەک بۆنی قرقێنەکەی دەگاتە ئەو سەری ژوورەکە. ئەوجا هاوڕێیان دەبینن چلۆن ئەو بینا دە قاتە، یەک بە یەک بە دووای یەکتردا قاتەکانی دادەڕوخێ و هەمووی لە سکی گەورەی سەرۆکدا خاپوردەبن. ئەوەی دڵی هاوڕێیان زۆر خۆش دەکا ئەوەیە کە سەرۆک قەت (یان زۆر بەدەگمەن) لە کاتی خواردندا توورەدەبێ. ئەو هەمیشە کاتێک دەخوا، خۆشحاڵە و قسەی خۆش بۆ سەرکردەکانی تر دەکا. جۆکیان بۆ دەگێڕیتەوە، گاڵتەیان پێدەکا، بیرەوەرییە خۆشەکانیان لێدەگێڕێتەوە و جاری وایشە کە تەواو زەوق دەیگرێ، پلەیەک گۆشت بەگاڵتەوە بۆ یەکیان دەهاوێ. هەڵبەت هەڵیش دەکەوێ تووڕە بێت. ئیتر ئەمە ناخۆشترین کاتی ژیانە! لەکاتێکدا وردەنان و وردە گۆشت و پیاز و تەماتە لەدەمی دەردەپەڕنە دەرەوە، جوێن بە زەمین و زەمان دەدا و دەڵێ کە هاوڕێیان بوودەڵەترین بوونەوەرەکانی جیهانن. دەڵێ کە خەڵکی پێنازانن و هەربۆیە دەبێ قەمچی فەرامۆش نەکرێ. دەڵێ گەر ئەو نەبێ، نە هاوڕێیان و نە گەل و نە نیشتمان ئاداری بەسەر پادارەوە نەدەما. سەرۆک هەڵبەت تەنیا لەکاتی تووڕەبوونەکانیدا وردە لەدەمی دەرناپەڕێتە دەرەوە، ئەو هەمیشە لەکاتی خواردندا وەهایە، ئەوەندە بەپەلە دەخوا کە مێزەکەی بەردەمی و سەرڕانەکانی پڕدەبن لە وردە خواردن. هەربۆیە دەسماڵێکی گەورەی بە ملەوەیە کە دەگاتە سەر رانەکانیشی (زۆر رقی لە پیس بوونی جلەکانیەتی)، ئەو دەسماڵەی لە گۆشەکانیدا ئارمی حیزبەکەی پێوەیە و لە ناوەڕاستەکەیشیدا بیلاخێک کە کاتی خۆی لە ئەورووپا کە بە نیشانەی ئۆکەیە ok بینیبووی (سەرۆک لە پلانیدایە مانای بیلاخ لە نیشتمانی خۆی کە بەمانای گاڵتەپێکردن و سووکایەتی دێت، بگۆڕێ).

سەرۆک لە کاتی ژەمەکاندا حەز ناکا جگە لەخۆی کەسی تر قسەبکا، مەگەر کاتێک خۆی پرسیاریان لێدەکا.هەربۆیە هاوڕێیان هەرهەموویان بێدەنگن. دوو پاسەوانەکەی پشتی سەری سەرۆک چاوەدێریی دۆخەکە دەکەن. ئەو پاسەوانانەی هاوڕێیان هەوڵدەدەن لە نیگای نیگاکانیان خۆیان بپارێزن. سەرۆک لە دڵی خۆیدا و لەبەر خۆیەوە سوێند دەخوا کە هێشتا هیچ کامیان نازانن رەنگی چاوی پاسەوانەکان چلۆنن. تەنیا سەرۆک خۆی دەزانێ. هی یەکیان شین شین و هی ئەوی تریان سەوز سەوز. ئەمانەی هەڵبژاردووە چونکە لای ئەو داهاتوو وەک ئەو دوو رەنگە گەش گەشە. سەرۆک باوەڕێکی سەیری بەسەرکەوتنی شۆڕش هەیە.

خزمەتکارەکان بەپەلە دێن و دەچن و هەوڵدەدەن مێزەکە هیچ شتێک کەم نەهێنێ. یەکیان ئەوەندە بەپەلە و پڕ لە سترێسە کە هەڵدەنگێوێ و بەزەحمەت خۆی دەگرێتەوە. شوکری خوا دەکا کەس ئاگای لێ نیە. سەرۆک پاروویەکی زل قووتدەدا و، دەڵێ:

ـ "ها ئەحە! هەواڵ،... هەواڵی دەرەوە،... وەزع چۆنە؟"

دەنگی دەڵێی لەپشت پارووکەوە چاوشارکێ دەکا.

ـ "وەڵڵا قوربان چ عەرز کەم،... ژیان خۆشە، لەوکاتەوەی زاڵممان راوناوە و سێبەری نگریسی بەسەر نیشتمانەوە نەماوە، خەڵک هەر زۆر مورتاحن، لەوە باشتر نابێ. هەڵبەت کەمێک عەرەبانەکانی شەقام زیادیان کردووە. ئەمرم دەرکردووە کۆیان بکەنەوە. شارستانیەت خۆ ئاوا نابێ، خەڵک دەبێ فێر بن!"

ـ "هەتیو تۆ زۆر کەری! کۆکردنەوەی چی و تەڕەماشی چی، لێیان گەڕێ با بۆخۆیان لەهەر شوێنێکدا ویستیان و پێیان خۆش بوو راوەستن و، کاسبی بکەن. وەڵاهی سەیرە! ئەو خەڵکەی ئێمە بە هیچ شتێک چاویان تێر نابێ و وازناهێنن. ئەی تۆ خولە! خەبەری جەبهە؟"

خولە، کە چاوەڕوانی نەدەکرد ئەوەندە زوو رووی سەرۆک لەو بکا، بەپەلە پارووەکەی قووتدا، قومێک دۆی ترشی بەسەردا کرد و پاش دەنگ سافکردن، گوتی:

ـ "چ عەیبی نیە، بە خۆشییەوە هەمیشە لە پیشڕەویداین، تەنانەت لەو شوێنانەی وا لە پێشڕەویدا نین، دوژمنیان لە قوڕ چەقاندووە و خەساندوویانن. بە کورتی هیچ مەترسییەک لەئارادا نیە. تەنیا،... تەنیا یەک شت نەبێ، ئەویش ئەوەیکە گەنجەکان فێربوون رادەکەن،... لە نیشتمان رادەکەن،... هەربۆیە کەمێک کێشەی نەفەرمان هەیە."

سەرۆک کتوپڕ دەست دەکا بە پێکەنین. لە کاتێکدا وردە خواردن لەدەمی دەردەپەڕنە دەرەوە، دەڵێ:

ـ "وەک پاس،... هه هە هە...، هەروەک چۆن پاس نەفەری کەمە،... گردەکە، گردەکە، گردەکە، دەی یاڵلا سەرکەون، هە هە هە،... بە خوا تۆیش کەری خولە، رێک لە ئەحە دەچی. دەزانی رێگا چارە چییە؟ (لێرەدا روو لە ئەحە دەکا). خێرا ئەمر دەرکە کە دەبێ عەرەبانەکان بی پێچنەوە، زۆر خێرا. هە هە هە،... (روودەکاتەوە خولە)، ئەوسا سەربازمان زۆر دەبێتەوە. پارەی مانگانەکەیشیان کەمێک بۆ زیاد بکەن، بیکەن بە پێنج سەد، بەڵام رێک لە بەردەمی پاسەکاندا بیاندەنێ، کاتێک سواردەبن و دەبێ بڕۆن بۆ جەبهە. نەکا خەڵەتابێتن و زووتر بیاندەنێ!... ئەگینا رادەکەن!"

خولە و ئەحە پێکەوە دەلێن:

ـ "بەڵێ قوربان،... بێگومان!"

ئەوسا سەرۆک دەنگ هەڵدەبڕێ:

ـ "سبەی هەرچی دۆلارە دەیکشێننەوە لە بازاڕی دۆلارەکە و چەند رۆژێک رادەوەستن، ئەوسا تێی دەهاونەوە. لەبیرتان نەچێ! پارەمان دەوێ پارە، خێر خێر،..."

هاوڕێیان قاتەکانیان لێ تێکچووە. نازانن سەرۆک لە چەندەمیاندایە. یاخود چەندەمیان لە سکی سەرۆکدایە. نانەکان هەمیشە پاش ماوەیەک دەنیشنە سەر یەک و هەربۆیە لێککردنەوەیان زەحمەتە. بەڵام لەیەک شت دڵنیان، ئەویش ئەوەیکە سەرۆک هێشتا تێری نەخواردووە. پەرداخە دۆکە شاهیدە. چونکە گەر دەستی بۆبرد مانای ئەوەیە ئیتر تێری خواردووە.

دەرەوە هاوینێکی گەرمە. ئێرکۆندیشنەکان ژوورەکەیان کردووە بە ناوەڕاستی بەهار. دەنگی تڕەتڕی ماتۆڕە کارەباییەکان دۆڵەکەی ئەودیویان پڕکردووە، ئەو دەنگەی وا ناگاتە ئێرە. سەرۆک بە هاوینی نیشتمان ئاشنایە، دەزانێ دەرەوە چ دۆزەخێکە.

ـ "رەحە تۆ دەڵێی چی؟ هە هە هە،... دەزانی دەرەوە دەڵێی جەهەننەمە،... هە هە هە،... راستی باسی کارەبا، وەزع چۆنە؟"

رەحە، کە وەک داری گەیەنێری کارەبا درێژ و رەقە، دەلێ:

ـ "بەخۆشییەوە ئەمساڵ زۆربەی شوێنەکانی نیشتمانمان خستووەتە ژێر پلانی کارەباوە،... تەنیا ئەوەندەی نەبێ کە ئەمساڵ کەمێک رادەی زەردوویی چووەتە سەرەوە. پێرێ وەزیری تەندرووستی ئەم راپۆرتەی لە خەستەخانەکانەوە پێگەیشتووە."

ـ "ناڵێم، بەخوا ئەو خەڵکەی ئێمە سەیرن!... دەی کاتێ کارەبا نیە دەبێ پەڕۆ تەڕ کەن و جەستەی منداڵ و ساواکانیان لێوە بپێچن. شۆڕش ئەمەیە ئیتر. ئەی لەبیرتان نیە کە کاتی خۆی لە بێ ئاویدا پەڕۆ و دەسماڵەکانی دەوری ملمان تەڕ دەکردن و بەوە چکە چکە ئاومان دەخواردەوە و، لێوەکانمان پێ تەڕدەکردن! ئەویش لە جەبهەدا... بەخوا خەڵکێکێ گێل و نەزان و سپڵەمان هەیە!... حەک! کاکە خۆ من پێم ناکرێ کۆڵان بە کۆڵان و خانوو بە خانوو بگەڕێم و نەسیحەت و ئامۆژگارییان بکەم،... دەکرێ!... ئادەی،... هەی تۆ،... رژدە! لە سبەیەوە لە سەر تەلەفزیۆن و رادیۆ باسی ئەمە دەکەی. فیلمێکیش لەسەر کاتی خۆی ئێمە بڵاو بکەوە، کاتێک ئاومان نەبوو و تەنیا بە ئیرادە لە دژی دوژمن دەجەنگاین."

جەماعەت لەمێژە تەواو بوون. خۆیان بە خواردنەوەکانیەوە دەخافڵێنن. سەرۆک زۆر دوواتر تەواودەبێ. وەک هەمیشە. لە دووای ئەوەی پەنجەکانی دەلێسێتەوە، سەرئەنجام دەست دەبا بۆ دۆ ترشەکەی بەردەمی. لێوانێکی گەورەی نزیک یەک لیتر. جەماعەت ئاهێکیان وەبەردێتەوە. یەک جێ هەڵیدەدا. پاشان قرقێنەیەکی درێژخایەن کە لەگەڵ خۆی بۆنی هەموو ئەو خواردنانە دێنێ وا لە نێو سکیدان،... بەتایبەت دیسان پیاز. ئەوسا مەسینەیەک و تەشتێکی قووڵی بچوک و سابوونێکی بۆنخۆش لە گەڵ خاولییەکی گوڵ گوڵیی جوان دێنن. سەرۆک دەستەکانی دەشوا. پاڵدەداتەوە و دەست بە سکیدا دێنێ و سەیرێکی ئەمبەراوبەری و دەوری مێزەکە دەکا. هاوڕێیان بێ ئۆقرە چاوەڕوانن. سەرۆک دەزانێ حەزیان لە چایی و لە جگەرەو پاشان خەوە. لە چاو و لە حاڵەتی ملیان دەڕوانێ. پێی سەیرە کە چلۆن بەمانەوە و لەگەڵ ئەمانە تا ئێرەی هێناوە. بەڵام نا، بە خۆی دەڵێ نابێ پێی سەیر بێ. لای سەرۆک، مێژوو رەوتێکە خاوەنی لۆژیک و مەنتیقی خۆی، رەوتێک کە بەو رێگایەیدا کە دەبێ بڕوا دەڕوا، سەرەڕای ئەوەی کێی لە گەڵدا بێ و چلۆن لە گەڵیدا بێ.

سەرۆک کاتێک هەڵدەستێ، لەبەر خۆیەوە سوپاسی مێژوو دەکا، سوپاسی هاوڕێ لەمێژینەکەی. لە کاتێکدا هاوڕێیان بەرەو ژووری خواردنەوەی چایی دەچن، ئەو وەک هەمیشە بادەداتەوە و خۆی بە ژوورە تایبەتییەکەی خۆیدا دەکا. بۆ خۆپاراستن لە ترشانی گەدە، ئەو هەمیشە لە دووای خەو، چایی دەخواتەوە.  

 

 Bilderesultat for ‫کاریکاتور شکموی خندان‬‎