چیرۆک

پردی عوسمانی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بە کام لادا بڕوا؟ ئەم پرسیارە وروژاندی. ئەو کە تا ئێرە بە گوێرەی پلان و بەرنامەیەکی تا رادەیەک ورد رێگای بڕیبوو، کتوپڕ "رێکەوت" تەواوقەد لە بەردەمیدا وەک پەیکەرێکی رەش قوت بووەوە. لە لای خواروویەوە، بە دەستی راستدا پردێکی بچووک هەبوو، پردێک بۆ رێبواران. پردێکی کۆن و قەدیمی لە رەگەزی عوسمانیی کۆن. رەنگە لەو پردانەی کاتی خۆی سوپا بەسەریدا تێپەڕیبێ،... پەڕینەوەیەکی تر بەرەو شەڕێکی دیکە. 

 

پردی عوسمانی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو نیوەشەوەی لە تاکسییەکە، لە سەر جادە تاریک و تەسکەکە بە باڵاخانە بەرزەکانەوە دابەزی، چەکدارەکان بە هەزاران کیلۆمتر دوورتر، خەریکی داڕشتنی پلانێکی سەربازیی تر بوون بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر. ئەم ئارام کرێکەی دایە دەست شۆفیرەکە، جانتاکەی هەڵگرت و سەیری ئەو جووت گڵۆپە سوورەی کرد بە ئارامی لێی دووردەکەوتنەوە.

کە گڵۆپە سوورەکان لەچاو ون بوون، کتوپڕ تەنیایی و تاریکییەکی سەیر هەموو جادەکەی داگرت. کەس بەدەرەوە نەبوو. تەنانەت هیچ پەنجەرەیەک لەو هەزاران پەنجەرەیە کە دەیانڕوانییە سەر جادەکە، نەدەئایسا،... هیچیان رۆشن نەبوون. سەیرێکی لای چەپ و لای راستی خۆی کرد. جادە لەوسەری خۆی لە ناو سێبەرێکی قورسدا ون دەبوو. بۆنێکی نامۆ، لێی ئاڵا. تا ئیستا لە ژیانیدا وەها بۆنێک بەرۆکی نەگرتبوو. پەڕەی کەپۆی بە ئاستەم کەوتنە لەرینەوە.

بە کام لادا بڕوا؟ ئەم پرسیارە وروژاندی. ئەو کە تا ئێرە بە گوێرەی پلان و بەرنامەیەکی تا رادەیەک ورد رێگای بڕیبوو، کتوپڕ "رێکەوت" تەواوقەد لە بەردەمیدا وەک پەیکەرێکی رەش قوت بووەوە. لە لای خواروویەوە، بە دەستی راستدا پردێکی بچووک هەبوو، پردێک بۆ رێبواران. پردێکی کۆن و قەدیمی لە رەگەزی عوسمانیی کۆن. رەنگە لەو پردانەی کاتی خۆی سوپا بەسەریدا تێپەڕیبێ،... پەڕینەوەیەکی تر بەرەو شەڕێکی دیکە. ژێر پردەکە لە ئەم بەراوبەری خۆی تاریکتر دەینواند، وەک پەڵەیەکی رەش رەش لە سەر خەتێکی سێبەرئاسا. کتوپڕ بایەکی نیوەشەو هەڵیکرد و هەرچی خۆڵ و خاک و کاغەزی ژێر پردەکە بوو رایپێچا و بە ئاسمانیدا کرد. نازانێ بۆ، بەڵام لە جیاتی ئەوەی روو وەرگێڕێ، چەند هەنگاوێک بەرەو گێژەڵوکەکە رۆیی. وەک بڵێی نابێ تاقە هاوڕێی ئەو شەوە لەکیس خۆی بدا. بەڵام گێژەڵوکەکە کورت خایەن بوو. دووا کاغەز و لاپەڕە عاسییەکان پاش ماوەیەک نیشتنەوە سەر زەوی،... هەندێکیان لە بەردەمی ئەودا،... تەریک و وەڕەز و چاوەڕوان.

لەم کاتەدا چەکدارەکان هەڵیان کوتابووە سەر یەک و، خوێن ئەو کاغەزانەی خوساند وا بەڵێن بوو چەند رۆژی تر وشە پڕ لە خۆشەویستییەکان بۆ بنەماڵەکانیان بەرن. ئەم ئیستایش نازانێ چلۆن مرۆڤ دەتوانێ ئەوی تر بکوژێ و کەچی نامەی پڕ لە سۆزیش بۆ خۆشەویستەکانی خۆی بنووسێ! ئەم لێرەیشەوە گوێی لەو نەعرەتانەیە وا تەنانەت دووای تەواوبوونی پێکدادانەکانیش لە پێدەشت و سەحراکاندا هەر دێن و دەچن. دەنگە بەسامەکانی خۆسەپاندن.

سەیری دەستی چەپی خۆی کردەوە، رێک سەیری ئەو رێگایەی تاکسییەکە تێیدا ون بوو. ئەو رێگایەی لەوسەری خۆی لە ناو سێبەری قورسی نیوەشەودا ون دەبوو. ئەو، عادەتی بەم جۆرە رێگایانە بوو. دەبا ئەمەیان بگرێتە بەر. حەزی بە رێگایەک نیە کتوپڕ لە ناوقەدیدا رەش رەش هەڵدەگەرێ. ئەو تەنیا تامەزرۆی رێگایەکە، کە لەو سەری خۆیدا لە دوورە دەستەکاندا رەشایی دەیباتەوە. ئاخر هەمیشە هومێدێک هەیە کە ئەو رەشاییە رەشایی نەبێ. ئا، هومێدێک هەیە. وەڕێکەوت. باڵاخانەکان بە چاوە کوێرەکانیانەوە، هێشتا نەیاندەویست بیبینن.

سەیری ئەو کۆڵانانە دەکا دێنەوە سەر جادەکە. ئەوانیش بێ چرپە و بێ سرتە. بیر دەکاتەوە باشە ئەمە چ جۆر شار و پایتەختێکە. ئەویش رێک لە سەنتەریدا. داخۆ دەکرێ شارێک وەها خەوی لێبکەوێت؟ وەها، وەک مردوویەک؟ شتێک هەڵە بوو،... یەکجار. نەکا دەیانزانی کەسێکی وەک ئەو ئەمشەو لە سەر ئەم شەقامە دادەبەزێ! بەم بیرەی خۆی بزەی هاتێ، بزەیەکی تاڵ. پێیان گوتبوو گەر بڕۆی تەنیا خۆت خۆت دەناسیتەوە. دەبیتە نامۆترین بوونەوەری سەر رووی زەوی، لانیکەم لە خۆت. گوتبوویان لە ژێر هەر درەختێکدا دابنیشی، دەستبەجێ پیردەبێ و دەگاتە پاییز. ئەمیش چەندە ئەو خەڵکە بێ بەزەیی دەبینێ. ئاخر چلۆن دەکرێ ئەوێک کە لە دەروونی خۆیدا خاوەنی گەورەترین ئارەزووەکانی باش و خاوێن و جوان بوو بۆ مرۆڤەکان، دەبێ ئاوا تەنیا بکەوێتەوە و ئاوا سروشت بگەیەنێتە پاییز.

لەم کاتەدا بەشێک لە چەکدارەکان بەسەر ئەوانی تردا سەرکەوتبوون و خەریکی خوێندنی سروودی سەرکەوتن بوون. هەندێکیان هەڵدەپەڕین و هەندێکی تریشیان لە ناو تاریکیی نیوەشەودا، بە دوور لە چاوی ئەوانی تر بە خەیاڵی ژن و دەسگیرانەکانیانەوە یاخود ژنە دراوسێکانیانەوە، دەستپەڕیان دەکرد. سەحرا بۆنی ئارەقە و خوێن و شەهوەتی گرتبوو. کتوپڕ هەستی کرد ئەم جادەیەیش رێک ئەم بۆنانە دەدا، تێکەڵێک لە ئارەقە و خوێن و شەهوەت. نا،... ئا،... هەڵبەت بە کەمێک جیاوازییەوە. هەوڵدەدا جیاوازییەکە بدۆزێتەوە. عەقڵی نایگاتێ. بیردەکاتەوە رەنگە لانیکەم دانێ لەم سیانە بزرە و شتێکی تر جێگای گرتووەتەوە.

دەڕواو دەڕوا. جادە کۆتایی نایێ. هەست دەکا تاریکییەکەی ئەو سەر دەکشێ و دەکشێ،... دوور و دوورتر دەکەوێتەوە. هەست بە قورسایی شانەکانی دەکا، هەروەها هەنگاوەکان. بەڵێن نیە یەک رووداو یاخود یەک دیمەن ببێ بە هەموو ئەو رێگایەی بە بەریەوە ماوە. سەفەر، لە رەنگاوڕەنگیی خۆیدا بەمانایە. جانتاکەی لە کۆڵی دادەکەنێ و بە دەستییەوە دەگرێ. بە دەستەکەی تری لە کردەیەکی نەخوازراو و خێرادا هەوڵدەدا شتێک لە هەوادا بگرێ، شتێک وەک پاشماوەکانی خۆری ئەمڕۆ. ئەو دڵنیایە، لە تەواوی تەمەنی کورتیدا دڵنیابووە، کە لە ناو رەشترین و تاریکترین رەنگدا، گەشییەک دەستدەکەوێ، هەروەک چۆن لە ناو گەشتریندا، تاریکیی و رەشیی. دڵی جارێکی تر تەنگ دەبێ. ئەم بۆچوونە هەمیشە دڵی تەنگ کردووە، ئەگەرچی قەت وازی لە هومێدەکانی نەهێناوە.

لە دووای دوواوەوە یەکێک لە چەکدارەکان لە ناو سەنگەرەکەی خەوی لێدەکەوێ و ئاگای لەو دووپشکە نابێ لە رانی نزیک دەکەوێتەوە. کە پێیەوە دەدا، لە ماندوویدا خەبەری نابێتەوە. بۆ سبەی کاتێک هاوڕێکانی دێنە سەر تەرمەکەی، راپۆرت بەرزدەکەنەوە کە ئەو شەوە لە ترسانا دڵی تۆقیوەو مردووە. لە ترسی دوژمنی غەددار! ئەم لێرە، لە ناو ئەم شەقامە تاریکەدا دڵنیایە لەوەی سەربازی ترسنۆک قەت ناتوانێ خەوی لێبکەوێ، کەواتە مەرگی ئەو سەربازە وەک هەمیشە هۆکارەکەی رووداوێکی سادەیە، رووداوێکی وەک فیشەک یاخود ئەو دوپشک و مارە سەرگەردانانەی لە شەوی سەحرادا عەوداڵی پاروویەک نانن، ئەگەرچی فیشەک و تۆپ و هاوەنی دونیایش بە سەریاندا باریبێ.

هەنگاوەکانی خێراتر دەکا. پێی سەیرە مەرگ ناتوانێ بۆنی ئارەقە و خوێن و شەهوەت بسڕێتەوە. تەواوی سەحرا مەرگەو کەچی بۆنەکەی ونە. کە دایکی بە دووای ئەودا جامۆڵکە ئاوەکەی رشت، پێی گوت لانیکەم تۆ بڕۆ، بەڵکوو ئەم رۆیشتنە رێگایەکی تر بۆ دەربازبوون پیشان بدا. ئەمیش رۆیشت. نەک لەبەر خۆی، بەڵکوو لەبەر ئەوانی تر. ئەوانی تریش لەعنەتیان کرد. گوتیان تەنیا لەبەر خۆی رۆیشت. باوەڕناکا هیچیان، لەو کەسانەی لەعنەتیان کرد، نە لە ژیانیاندا بە وەها جادەیەکدا لە دڵی نیوەشەو لە وڵاتێکی نامۆ و غەریبدا رۆیشتبن و، نە قەتیش ئەو دەرفەتە لە داهاتوودا پەیدا ببێ، پێیدا بڕۆن. ئەمشەو و ئەم جادەیە و ئەم وڵاتە، یەکجار تایبەتن. ئەو ئاوە روونەیەی دایکی رشتی، هیچ لەم رەنگەی ئەم شەو ناکا. پێکەنینی بە جیاوازییەکانی نیەتی دایک و نیەتی سەفەر و دونیا دێ.

هەست دەکا تاریکیی ئەو سەری جادە بەرەبەرە دەڕەوێتەوە. خۆشییەکی شاراوە بە دەروونیدا دەگەڕێ. بە ئەزموونی خۆی دەزانێ ئیتر دیمەنێکی تر دەست پێدەکا. وەک هەمیشە نەک هومێد، بەڵکوو چاوەڕوانییەکی تۆخ دایدەگرێ. هەروەها دڵەڕاوکێیەکی خۆشیش. ئەو سەفەری لە بەر ئەم دووانە خۆش دەوێ. کتوپڕ سێبەرە تۆخەکە بە تەواوی دەڕەوێتەوە و بەشێکی شەقامێکی تر دەردەکەوێ. کە دەیگاتێ، گڵۆپەکان و رووناکییەکان لە چاوانی دەدەن. دەنگی بە ئاستەمی مۆسیقایش دەگاتە گوێی. دڵی دەکرێتەوە. بەپەلەتر دەڕوا. حەزی خواردنەوەیەک دەیگرێ. بەڵام چۆن؟ بە چ زمانێک داوای بکا؟ جگە لەمە ئەو لێرە پێناسەکەیشی نایاساییە. دەبێ تا بۆی دەکرێ خۆی لە خەڵک ببوێرێ. ئەمڕا، یەکەم مرۆڤی ئەو شەوە دەیگاتێ. قات لەبەرێکی باڵابەرز، کە بەم لاولادا دەکەوێ، بە جگەرەیەک بە لێوەکانییەوە. کە بە تەنیشتیدا تێدەپەڕێ، بۆنێکی سەیری لێ دێ،... بیردەکاتەوە،... ئاها!.... بۆنی ئارەقە و ئارەق و شەهوەت. چەند کەسێکی تر کەمێک دوواتر بە لایدا تێدەپەڕن. ئەوانیش هەر هەمان بۆن دەدەن،...تێکەڵێک لە بۆنی ئارەقە و ئارەق و شەهوەت. دەگاتە دەرگایەک، بە گڵۆپێکی کز بە سەریەوە و بە نیگابانێکی ماندوو کە خەونووچکە دەیباتەوە. بەو دەرگا دارینەوە وا نیمچە داڵانێک لە پشتی ون دەبێ. هاڵاوی بۆنەکە لێرە یەکجار چڕە. ئەوەندە چڕ، کە جاری وایە دەبێ بە یەک بۆن، یان تەنیا ئارەقە، یان ئارەق، یان شەهوەت. پاش کەمێک راوەستان، هێشتا ناگاتە ئەوەی نیگای لە نیگای نیگابانەکە کە ئێستاکە سەری هەڵهێناوە، بچەقێ، هەنگاو هەڵدێنێتەوە و بە پەلە دەڕوا.

رقی لە سەفەرەکەیەتی،... رقی لە خۆیەتی. ئێرەیش هەر هەمان بۆن. تەنیا جیاوازی: ئارەق لە جیاتی خوێن. یاخود خوێن لە جیاتی ئارەق.

کە ژوورێک لە هوتێلێکی پەرپوت و کۆن دەگرێ و خۆ بە حەمامە چڵکنەکەی دا دەکا، بە دەم شۆردنی جەستەیەوە کە هێشتاکە بۆنی چەمە قوڕاوییەکەی سەرسنوور دەدا، بیردەکاتەوە جیاوازیی نێوان ئارەق و خوێن یەکجار زۆرە. ئەوەندە زۆر کە بەدەم خۆشۆشتنەوە دەست دەکا بە خوێندنی یەکێک لە گۆرانییە کۆن و دڵخوازەکانی. ئەو گۆرانییەی لە کاتە نامۆکاندا دەیچڕێ.

لەم کاتەدا یەکێک لە سەربازەکان لە ناو سەنگەرەکەیدا گوێی لەو گۆرانییە دەبێ کە بە هەزاران فەرسەخ لەو پەڕی دونیاوە دەگاتە گوێی. سەربازەکە بڕیاردەدا بۆ سبەی بڕوا و بەرەی شەڕ بەجێ بێڵێ. بڕوا و بڕوا،... ئەگەرچی هەموو رێگا بریتی بێ لە جادەیەکی نیوەشەوی تاریک و تەنیا و بە گێژەڵوکەیەکی ژێر پردێکی عوسمانیی.

ئەمیش لە حەمامەکە لە دووای دووادێڕیی گۆرانییەکەی، لەبەرخۆیەوە دەڵێ:

ـ "بۆنی ئارەق لە کوێ و بۆنی خوێن لە کوێ؟... بۆنی خوێن لە کوێ و بۆنی ئارەق لە کوێ؟"