چیرۆک

تووڕەیی

                                               

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

 کاتێک پاش دوو کاتژمێر سەوڵ لێدان گەیشتنە کەنداوی کاپری، ئانتۆنیۆ کەشیشەکەی بە باوەش هەڵگرت و لە نێو دوا وردەشەپۆلەکانی ئەو تەنکاوەدا بردی تا بەرێزەوە پای بخاتە بان وشکانی. بەڵام لاوریللا چاوەروانی ئانتۆنیۆ نەمایەوە، بگەڕێتەوە ئەویش وەپەڕێنێ. کراسەکەی هەڵکرد، پێڵاوە دارینەکانی بە دەستێکییەوە گرت و بوخچە چکۆلەکەشی بە دەستەکەی تری بە شڵپەی یەک دوو هەنگاوان خۆی گەیاندە قەراخ ئاوەکە.

 

تووڕەیی

بە حاڵ رۆژ ببۆوە. هێڵێکی بەرینی بۆری تەمومژ بەسەر ڤیوڤیوسەوە١ هەتاکوو ناپل٢ کشابوو و هەموو شارە چکۆلەکانی ئەو کەناراوەی نوقمی تاریکی کردبوو. دەریا ئارام و لە سەرخۆ بوو. لە تەنیشت ئەو کەنداوە تەسکەی ژێر هەڵدێرگەی سۆرینتۆ((sorrentoوە، ماسیگران و خێزانەکانیان بە کاری خۆیانەوە خەریک بوون. بڕێک لەمانە بە گوریسە ئەستوورەکانیان بەلەمەکانیان بەو تۆڕانەوە کە شەوی پێشوو خرابوونە نێو ئاو، رائەکێشا بۆ وشکانی. ئەوانی تر خەریکی ئامادەکردنی کەرەسەی کارەکانیان بوون بۆ چوونە دەریا، وەک هەڵدانی بایەوان، هێنانەدەرەوەی سەوڵ و دەکەڵ و پەت و زنجیر و شتی وا، لەو ژێرزەمینانەی بۆ حەوانەوەی شەوانە لە بناری ئەو کێوەدا سازیان کردبوون. لە هیچ کوێ دەستێکی بێکار نەدەبینرا؛ تەنانەت بەساڵداچووەکانیش، ئەوانەی کە لەمێژبوو لە چوونە دەریا دەستیان کێشابۆوە، هاتبوونە ریزی ئەوانەی وا خەریکی کێش کردن و گواستنەوەی ئەم ئامێرانە بوون.  لێرە و لەوێ لە سەربانی هەندێک لەم خانووچکانە ژنێکی پیر دەبینرا بە پێوە  تەشی دەرێسێ یان خۆی بە نەوەکەیەوە خەریک کردووە، کە دایکەکەی بۆ یارمەتی کردنی مێردەکەی بە لایەوە بەجێی هێشتبوو.

ژنێک کە خەریکی تەشی بادان بوو، روویکردە منداڵیکی دەساڵانە لە تەنیشت خۆیەوە و گوتی: "راشیلا، چاولێئەکەی؟ ئەوە قەشە کوراتۆی خۆمانە، ئانتۆنیۆ گەرەکیە بیبا بۆ کاپری. دایە سانتیسیما! خۆ چاوەکانی بەرێز سینیۆر هێشتا ماندووی خەون!" دوواتر دەستی بۆ قەشەکە راوەشاند کە خەریک بوو لە سەر کوڕسیی بەلەمەکە دابنیشێ و بە ئەسپایی داوێنی کەواکەی خۆی کۆ ئەکردەوە. پیاوەکانی سەر ئەسکلەکە بە بینینی کەشیش کارەکەیان وەستاند، ئەویش بە راست و چەپدا بە میهرەبانییەوە سەری خۆی بۆ دائەنەواندن.

"دایە گەورە، لەبەر چی بەڕێزیان ئەبێ بچێ بۆ کاپری؟" مناڵەکە پرسیاری کرد. "بۆ؟ خەڵکی ئەوێ خۆیان کەشیشیان نییە وا کەشیشەکەی ئێمە ئەبەن؟" داپیرە وەڵامی دایەوە، "قسەیەکی گەوجانە! ئەوان هەر کەشیش و کلیسەی جوانیان زۆرە، بێجگە لەوە شوێنێکیان بۆ دەروێش و بێ خانەولانانیش هەیە، زۆر زیاتر لەوەی ئێمە هەمانە. بەڵام لە کاپری خانمێکی مەزن ئەژی کە پێشتر لێرە ژیاوە؛ ئەم خانمە زۆر نەخۆش بوو! زۆر کەسان لایان وابوو ئەم نەخۆشە رۆژی لێنابێتەوە و دەمرێ. کەشیشەکەمان دەبوو بچێتە سەردانی و دوعای بۆ بکا. خوا کردی و کۆمەکی مریەمەی پیرۆز، ئەم ژنە چاک بۆوە و هێزی هاتەوە بەر و دەیتوانی هەموو رۆژێک بچێتە دەریا و مەلە بکا. کاتێک ئەم خانمە لێرە رۆیی، پارەیەکی زۆری بۆ کلیسەکەمان و بۆ هەژار و داماوان بەجێهێشت؛ دەڵێن ناشیەوێ بڕوا هەتاکوو کەشیشەکەمان بچێتە سەردانی و ئەو بەڵێن و بەخشینەی لە لا تازە بکاتەوە. ئەو پارەیەی ئەو خانمە بەلای کەشیشەکەوە دایئەنێ، شتێکی ئێجگار باشە! لە راستیدا، ئێمە بە بوونی کەشیشێکی وا کە خاوەنی لێهاتووییەکی تەواوە ببێتە سەرەک کەشیش، دەبێ خۆشحاڵ بین و پیرۆزبایی لە خۆمان بکەین. ئەمەش داوای هەموو پیاوە مەزنەکانە. مریەمەی پیرۆز هاوڕێی بێ!"  کاتێک بەلەمەکە خەریک بوو لە ئەسکلە دەرچێ، ئەم ژنە هاواری لە قەشەکە کرد و دووبارە دەستی بۆ راوەشاند.

کەشیش بە پەرۆشەوە تەماشایەکی ناپلی کرد و لە بەلەمەوانەکەی پرسی: "کوڕم، ئەمڕۆ هەوایەکی خۆشمان ئەبێ؟"

کوڕە وەڵامی دایەوە: "هێشتا خۆر هەڵنەهاتووە، ئەگەر خۆر هەڵبێ، ئەو نەختە تەمومژەش زوو ئەڕەوێتەوە."

"کەوایە رێ کەوە، پێش ئەوەی گەرما داکا با بگەینە جێ."

لە کاتێکدا ئانتۆنیۆ دەستی ئەبرد بۆ سەوڵە درێژەکەی، کە بەلەمەکەی پاڵ بنێ بۆ نێو ئاو، لە ناکاو راوەستا و چاوی بڕییە لێژایی ئەو لاڕێیەی لە سۆرینتۆوە ئەهات بۆ ئەو کەنارە. لە بڵیندایی ئەو لاڕێیەدا بەژن و باڵایەکی بەرز و باریکەڵەی کچانە دەبینرا، بەپەلە بەسەر ئەو بەردانەدا بەرەوخوار هەنگاو دەنێ و دەسڕەکەی رائەوەشێنێ. ئەم کچە بوخچەیەکی لە بن هەنگڵدا بوو، جلەکانی بەری بێ بایەخ و هەژارانە بوون. بەڵام شتێکی جیاواز و بەرچاوی پێوە دیار بوو، بە شێوەیەکی کێوییانە سەری بە پشتا خستبوو و کەزییە رەشەکانی وەک نیو تاجێک لە دەوری سەری ئاڵاندبوو.

"لە بەرچی راوەستاوین؟" کەشیشەکە لە ئانتۆنیۆی پرسی.

"ئەوە کەسێک بەرەو ئێرە بەڕێوەیە، بۆ کاپری ئەچێ ـ با نەختێک راوەستین، تا دێ. کەسێکی سووکەڵەیە، دەوروبەری هەژدە ساڵانە."

لەو دەمەیدا، لە پشت ئەو تەپۆڵکەیەی کە ئەو رێگە پێچاوپێچەی نزیک ئەکردەوە، کچەکە دەرکەوت.

"لاوریللا!" کەشیشەکە بە سەرسووڕمانەوە پرسی، "دەبێ بۆچی بچێ بۆ کاپری؟"

ئانتۆنیۆ شانەکانی هەڵتەکاند. کچەکە بە پەلە گەیشتە بەرەوە، چاوی لە بەر پێی خۆی بڕیبوو.

"ئەها! ئەڕەبیاتا! بەیانیت باش!" یەک دوو کەس لەو کوڕەلاوە بەلەمەوانانە هاواریان کردێ. بەڵام لە بەر ئەوەی کەشیشەکە لەوێ بوو کچەکەش بە سەیرکردنێکی کپ و خامۆش بەرەوڕوویان وەستایەوە، بۆ  رەوانەوەی کارە خراپەکەیان دەبوو شتێک بە قسەکانیان زیاد کەن، بۆیە رستەی ''بەیانیت باش" یان بە دەما هات.

"رۆژ باش، لاوریللا!" کەشیشەکە وتی. "چۆنی، لەگەڵمان دێی بۆ کاپری؟"

"بەڵێ بەڕێز، ئەگەر بکرێ."

"لە ئانتۆنیۆی بپرسە؛ بەلەمەکە هی ئەوە. هەر کەس خاوەنی شتی خۆیەتی، وەکوو خوا خاوەنی هەموومانە."

لاوریللا بێئەوەی تەماشای بەلەمەوانەکە بکا، وتی: "تەنیا نیو کارلینۆم هەیە ئەگەر هەڵمئەگری؟"

ئانتۆنیۆ لە حاڵێکدا بۆ جێ کردنەوەی، دەستی بە سەبەتە پرتەقاڵانەوە دەنا، بە منگەمنگ گوتی: "تۆ زیاتر لە یەک کارلینۆت پێویستە."  ئەم کوڕە لە کاپری پرتەقاڵی دەفرۆشت، ئەم دوڕگە بچووکە بەردەڵانە قەت نەیدەتوانی ئەوەندەی پێویست شت بۆ میوانەکانی بەرهەم بێنێ.

کچەکە، برۆ رەشەکانی نەختێک گرژ کرد و گوتی: "نەموتووە بەخۆڕایی بمبە."

کەشیشەکە وتی: ''وەرە، رۆڵە؛ ئانتۆنیۆ کوڕی چاکە، بەو پارووە فەقیرانەی تۆش خۆی دەوڵەمەند ناکا، بێرە ناو." دەستی درێژ کرد بۆ یارمەتیدانی و گوتی: ''لای منەوە دانیشە. بڕوانە، ئەوە چاکەتەکەیشی بۆ راخستووی، بۆ ئەوەی ئاسوودەتر دانیشی. پیاوانی گەنج هەموو وەک یەکن؛ ئەوان بۆ کیژێکی جوانی هەژدە ساڵان زۆر زیاتر لەوەی دەکەن کە بۆ دە کەس لە ئێمە کەشیشان دەیکەن. نا، تۆنینۆ؟  بێ هیچ بڕوبیانوویەک، ئەمەش کاری خوایە کە حەز ئەکا ئەوانە یەکگرن".

لەو کاتەدا لاوریللا پێی نایە نێو بەلەمەکە و بەر لەوەی لای کەشیشەکەوە دانیشێ، چاکەتەکەی ئانتۆنیۆی خستە لاوە. ئانتۆنیۆ چاکەتەکەی هەڵگرتەوە و لە ژێر لێوەوە کەوتە بۆڵەبۆڵ و پاڵێکی بەهێزی بە ئەسکلەکەوە نا. بەلەمەکە بەرەو قووڵایی ئاوی کەنداو جووڵا. کاتێک گەیشتنە پانایی ئاوی ئارامی دەریا، تازە خۆر هەڵدەهات و یەکەم گزینگەکانی دنیای رووناک دەکردەوە.

"چی لەو بوخچە چکۆلەت دایە؟" قەشەکە لە لاوریللای پرسی.

"ئاوریشم و بەن و کولێرەی تێدایە، قوربان. ئاوریشمەکە لە ئاناکاپری ئەفرۆشم بە ژنێک، قەیتانی لێ دروست دەکا، بەنەکەش ئەفرۆشم بە یەکی تر."

"بۆخۆت رستووتە؟"

"بەڵێ، بەڕێز."

"ئەگەر لە بیرم بێ، زەمانێک خۆت فێر ببووی رووبانان بچنی؟''

"ئەمکارەم ئەکرد، قوربان؛ بەڵام لەو کاتەوە دایکم نەخۆش کەوتووە ناتوانم لێی دوور کەومەوە؛ ئێمەش دەستکوڕتین ناتوانین دەزگایەکی تەون بۆ خۆمان بکڕین."

"دایکت حاڵی زۆر خراپە؟ ئۆف خۆشەویستەکەم! دواجار لە ئیستەردا (جێژنی زیندووبوونەوەی مەسیح)  لە ماڵتان بووم، خۆ هەڵسابۆوە."

"بەهاران حاڵی زۆر خراپ دەبێ. لە کاتی زریانە گەورەکە و بوومەلەرزەکەوە هەتا ئێستا بە ئێش و ئازارەوە لە جێدا کەوتووە."

"دوعای بۆ بکە کچم، قەت لە نوێژ و پاڕانەوە لە خوا پشت سارد مەبەرەوە، بەڵکوو مریەمەی پیرۆز ببێتە تکاکار و دوعاکانت گیرا بن."

دوای تاوێک بێدەنگی کەشیشەکە روو بە لاوریللا وتی: "کاتێک ئەهاتی بۆ دەم ئاوەکە، هاتە گوێم ئەوانە بانگیان ئەکردی "بەیانیت باش، ئارابیاتا!" لە بەرچی بەم ناوە بانگت ئەکەن؟ بۆ کچۆڵەیەکی مەسیحی کە دەبێ دڵنەرم و لە سەرخۆ بێ، ئەمە ناوێکی جوان نییە."

دەم و چاوی کچەکە سوور هەڵگەڕا، چاوەکانی گڕی لێ ئەبۆوە. "ئەوان هەمیشە گاڵتەم پێئەکەن، چونکە وەک کچانی تر سەما ناکەم و گۆرانیان ناڵێم، لەملاو ئەولاش راناوەستم بۆ چەقەچەق کردن. پێموایە دەبێ لێمگەڕێن چۆنم پێخۆشە وابم؛ من هیچ زیانێکم بەوان نەگەیاندووە."

"ئەزانم، بەڵام تۆ دەبێ کردەوەت باش بێ. با کچانی تر سەما بکەن و گۆرانیان بڵێن، ئەمە باری ژیانیان بۆ سووکتر ئەکا؛ جاروبار قسەیەکی گەرم و خۆش شتێکی شیاو و بەجێیە، ئەگەر لە حاڵەتێکی کارەساتباریشا بێ."

کچەکە چاوەڕەشەکانی داخست، برۆکانی لە یەک نزیک کردەوە، وەک ئەوەی بیهەوێ چاوەکانی بشارێتەوە.

ئەوان تاوێک بە بێدەنگی مانەوە. خۆر بەسەر ئەو زنجیرە کێوانەوە  ئەدرەوشایەوە؛ تەنیا چیای ڤێزوڤیوس ( vesuvius) لەپشت ئەو کۆمەڵە هەورانەوە کە لە بناریا کۆ ببوونەوە، سەری بەرز کردبۆوە؛ خانووەکانی دەشتی سۆرینتۆش لە نێو سەوزایی تۆخی باخە پرتەقاڵەکانا سپییان ئەکردەوە.

"هیچ هەواڵێکت لەو نیگارکێشە هەیە لاوریللا؟'' کەشیشەکە لێی پرسی. "ئەو نیگارکێشە ناپۆلییە کە ئەیویست لە گەڵتا زەماوەن بکا؟" لاوریللا سەری راوەشاند. "ئەو هاتبوو وێنەیەکت لێ بکێشێتەوە، بۆچی رێگەت پێ نەدا؟"

"وینەی منی بۆچی بوو؟ زۆر کچی جوانتر لە من هەن. کێ ئەزانێ ئەو وێنەیەی بۆچی ئەویست؟ دایکم دەیگوت، رەنگبوو بەوە فریوم بدا یان رۆحم ئازار بدا یان خۆ بمکوژێ."

قەشە چکۆل زۆر دڵسۆزانە وتی: "بەم قسە ناشیرینانە بڕوا مەکە! مەگەر خوا خۆی ئاگای لە تۆ نییە، قەت بە بێ ویستی خوا تاڵەموویەک لە سەرت هەڵئەوەرێ؟ مرۆڤێکی بێدەسەڵات، بتێک بەدەستەوە مەگەر ئەتوانێ بەسەر خوادا زاڵ بێ؟ بێجگە لەمە تۆ رەنگە دیبێتت ئەو کوڕە تۆی خۆش دەویست؛ ئەگینا بۆ دەیویست لەگەڵتا زەماوەند بکا؟"

کچەکە هیچی نەگوت.

"ئەی لەبەرچی نەتویست شووی پێبکەی؟ دەڵێن ئەو کەسێکی دڵ و داوێن پاک و رێکوپێک بوو؛ ئەو، تۆ و دایکتی زۆر چاکتر لەوەی بەخێو ئەکرد کە تۆ بەو هەموو رستن و چنینی ئاوریشمەوە دەیکەی."

 کچەکە بە شێوەیەکی زۆر هەست بزوێن وتی: "قوربان ئێمە زۆر دەستکورتین، دایکم ماوەیەکی درێژە نەخۆشە، دەبووینە بار بە سەر شانیەوە. من قەت بە کەڵکی ئەوە نەهاتووم کابانی ماڵ بم، ئەگەر هاوڕێکانی سەردانیان بکردایە، بۆی ئەبوومە هۆی شەرمەزاری."

"چۆن دەتوانی شتی وا بڵێی؟ من دەڵێم ئەو کوڕێکی چاک و میهرەبان بوو؛ تەنانەت بەوەش رازی بوو لە سۆرینتۆ بمێنێتەوە. پەیدا کردنی کەسێکی دی، ئەوەندەش ئاسان نییە، مەگەر راست لە ئاسمانەوە بێت و  رزگارت بکا، وەک ئەم پیاوە بە راستی، هاتە سەر رێت."

لاوریللا زۆر بە تووڕەییەوە وتی: "من مێردم ناوێ ،... هەرگیز نامەوێ."

"ئەمە پەیمان و بەڵێنە؟ یاخۆ گەرەکتە ببیە سۆفیلکە ژن؟"

کچەکە سەری راتەکاند.

"بەخۆڕایی نییە خەڵک پێتدەڵێن کەللەڕەق و سەرکێش، ئەگەرچی ئەمە ناوێکی باش نییە. قەت بیرت لەوە کردۆتەوە لەم دنیایەدا تەنیا ئەمێنیتەوە و بەم چەوتی و بەدخووییەی خۆت نەخۆشییەکەی دایکت خراپتر و ژیانی لێ تاڵتر ئەکەی؟ چ بیانوویەکی رەوات هەیە بۆ دانەدواوەی دەستێکی پاک کە بۆ یارمەتی دانی خۆت و دایکت درێژ کراوەتە لات، وەڵامم بدەرەوە لاوریللا!؟"

لاوریللا بەنابەدڵی و بەدەنگێکی نزم وتی: "هۆیەک هەیە، بەڵام ئەوە شتێکە ناتوانم بیڵێم."

"ناتوانی؟ ناتوانی بە منیشی بڵێی؟ بە کەشیشە پاکانەکەرەکەیشت، ئەو کەسەی تۆ ئەزانی دۆست و دڵسۆزتانەــ یان وا نییە؟"

لاوریللا بە نیشانەی پەسند سەری بۆ لەقاند.

"کچەکەم، ئەگەر وایە ئەم بارە قورسە لە سەر دڵت لابەرە. ئەگەر هۆی شوونەکردنەکەت رەوا و بەجێ بێ، دەبمە یەکەم کەسی پشتیوانت. بەڵام تۆ هێشتا منداڵی، زۆرکەم لەم دنیایە ئەزانی. رەنگە رۆژێک بێت  بۆ ئەو هەلە زێڕینەی ئێستا بە هۆکارێکی گەوجانە لە دەستی ئەدەی، پەشیمان ببیەوە."

لاوریللا شەرمێونانە بە دزییەوە چاوێکی گێڕا بۆ ئەولای بەلەمەکە، ئەو جێگەی ئانتۆنیۆی لێ دانیشتبوو و خەریکی سەوڵ لێدان بوو؛ کڵاوە پەشمینەکەی تا سەر چاوی کێشابووە خوارەوە؛ سەری وەرگێڕابوو و بۆ دوور ئەیڕوانی. وادیار بوو نوقمی خەیاڵات و بیرکردنەوەکانی خۆی بێ.

کەشیش سەرنجی دایە ئەم سەیرکردنەی لاوریللا، بۆیە دامووکاوە و گوێی لێ نزیک خستەوە.

لە حاڵێکدا چاوەکانی لاوریللا لێڵ و وێڵ ببوون، بە گوێی کەشیشدا چرپاندی: "ئەتۆ باوکمت نەدەناسی؟"

"باوکت، ڕۆڵە! بۆچی، تۆ دەساڵان بووی باوکت مرد. رۆحی شاد، ئەو چی ئەتوانێ بکا لە گەڵ ئەم چەوتی و نالەبارییەی ئێستای تۆدا؟"

"بەڕێز، تۆ ئەوت نەدەناسی؛ هۆکاری نەخۆشییەکەی دایکم تەنیا باوکم بوو."

"چ... ۆن؟"

"بە دڵڕەقی جوڵانەوە لەگەڵیدا؛ لێدان و خستنە ژێر پێیەوە. باش لە بیرمە شەوانە کە ئەهاتەوە ماڵ، وەک شێتان ئەکەوتە گیانی. دایکم هیچی نەدەگوت، هەر چیشی بگوتایە، بۆی دەکرد. کەچی هێشتا هەر لێی ئەدا، وەختابوو ئەو دڵەم بتۆقێ. سەرم ئەکردە ژێر لێفەکەمەوە، وام دەنواند خەوم لێکەوتووە، بەڵام هەتا بەیانی دەگریام. دوایی کە دەیبینی لە تەختی دیوەکەدا کەوتووە، لە پڕ دەگۆڕا و هەڵیدەگرتەوە و دەستی ئەکرد بە ماچکردنی، هەتاکوو دایکم ئەیقیژاند و ئەیگوت: "کوڕە هەناسەت لێ بڕیم." دایکم قەدەخەی کردبوو لەم بارەوە یەک وشە لای کەس بدرکێنم؛ بەڵام ئەم کارە ئەوی فەوتاند. لەوساوە، لە هەموو ئەو ساڵانەی کە باوکم مردووە، هەتاکوو ئێستاش دایکم نەیتوانیووە هەستێتەوە. ئەگەر ئەو بەم زووانەش بمرێت ـ کە خوا نەکا!ـ چاک ئەزانم کێ کوشتوویە.   

کەشیش سەری خۆی بۆ بەرەودوا لەقاند؛ وادیار بوو لە قسەکانی ئەو کچە زۆر دڵنیا نەبوو. سەرەنجام وتی: "بیبەخشە، لاوریللا، هەر وەک دایکت بەخشیویەتی! بیر لەم وێنە دڵتەنگکەرانە مەکەرەوە، رەنگە رۆژانێکی باشتر بێنە پێش، کە رابردووت لەبیر بەرنەوە."

تەزوویەک بە لەشی لاوریللادا گەڕا و گوتی: "هەرگیز ئەمە فەرامۆش ناکەم بەرێز، تۆ ئەبێ بزانی ئەمەیە وای لیکردووم بڕیار بدەم شوو نەکەم. قەت نابمە ژێر دەستەی پیاوێک لێم بدا و دوایی بە دەست پیاهێنان و ماچ کردن دڵنەواییم بداتەوە. ئێستا هاتوو کەسێک پەیدا بوو، بییەوێ لێم بدا و ماچم کا، دەتوانم بەرگری لە خۆم بکەم؛ بەڵام دایکم نەیدەتوانی ــ نە لە مستەکۆڵەکانی و نە لە ماچ کردنەکانی ــ چونکە باوکمی خۆشدەویست. بۆیە ئەوەندە ئەوینداری پیاوێک نابم کە وەک نەخۆش و داماوێک لە بەر دەستیدا بکەوم."

"رۆڵە، ئەتۆ منداڵی، وەک کەسێک قسە ئەکەی کە هیچ لە ژیان تێنەگەیشتبێ. وادەزانی هەموو پیاوان وەک باوکە ناپەسندەکەی تۆن؟ هەموو ئاوا لەگەڵ ژنەکانیانا ئەجووڵێنەوە؟ حەز و ئارەزووەکانیان بە ئێش و ئازاردان دەرئەبڕن؟ هەتا ئێستا پیاوێکی باشت نەدیووە؟ یان ژنێکت نەدیووە بە خۆشی و تەبایی لەگەڵ مێردەکەیدا بژی؟"

"بەڵام قەت کەس نەیزانی باوکم لە گەڵ دایکما چۆنە؛ ئەو دەبوو زووتر لەوەی سکاڵایەک یان دەردەدڵێک لەم بارەوە لای کەسێک بکا، بمردایە، هەمووشی لە بەر ئەوەی باوکمی خۆشدەویست. ئەگەر ئەمە خۆشەویستییە ــ ئەگەر خۆشەویستی بتوانێ دەمم پێ دابخا، ئەو کاتەی کە دەبێ هاواری کۆمەکی پێ بکەم ــ ئەگەر خۆشەویستی ئەوەیە ملمان پێ داخا بۆ ئازار کێشان، خراپتر لەوەی دژمن بتوانێ ئازارمان بدا ــ کەوایە، ئەڵێم، قەت عاشقی پیاوی گیانکوژ نابم."

"من ئەڵێم تۆ منداڵانە بیر ئەکەیتەوە؛ تۆ نازانی چی ئەڵێی. کە کاتی خۆت هات، ئیتر پرس و راوێژت پێ ناکرێ لە نێوان حەزلێکردن و حەزلێنەکردنا، یەکیان هەڵبژێری."

دوای کورتە وچانێک، کەشیش هاتەوە قسەو گوتی: "ئەی ئەو نیگارکێشە لات وایە مرۆڤێکی دڵڕەق و بێبەزەیی بوو؟"

"ئەو، چاوەکانی وا لێ ئەکرد کە بە باوکمەوە دیبووم، کاتێک دایکمی باوەش ئەگرت و داوای لێبووردنی لێئەکرد. من ئەو چاوانە ئەناسم. پیاو دەتوانێ چاوەکانی وا لێ بکا و هێشتاش لە دڵیا بێ، لە ژنەکەی بدا، لە حاڵێکدا ژنەکە کارێکی وای نەکردووە پیاوەکەی زویر و ناڕەحەت بێ. بۆیە بینینی دووبارەی ئەو چاوانە گۆشتی لەشم کرژ ئەکا.

دوای ئەم قسانە، کچەکە ئیتر هیچی نەگوت، کەشیشەکەش بێدەنگ مابۆوە. ئەو چەند وتەیەکی پێشینیانی کەوتبۆوە بیر کە چۆن بەسەر کچانی شوونەکردوودا بێن. بەڵام لە بەر ئەو کوڕە گەنجە بەلەمەوانە، کە بە کۆتایی هاتنی ئەم گفتگۆیە، ئارامی لێبڕابوو، قسەی نەکرد.

کاتێک پاش دوو کاتژمێر سەوڵ لێدان گەیشتنە کەنداوی کاپری، ئانتۆنیۆ کەشیشەکەی بە باوەش هەڵگرت و لە نێو دوا وردەشەپۆلەکانی ئەو تەنکاوەدا بردی تا بەرێزەوە پای بخاتە بان وشکانی. بەڵام لاوریللا چاوەروانی ئانتۆنیۆ نەمایەوە، بگەڕێتەوە ئەویش وەپەڕێنێ. کراسەکەی هەڵکرد، پێڵاوە دارینەکانی بە دەستێکییەوە گرت و بوخچە چکۆلەکەشی بە دەستەکەی تری بە شڵپەی یەک دوو هەنگاوان خۆی گەیاندە قەراخ ئاوەکە. کەشیش رووی لە لاوریللا کرد و گوتی:

"من بۆ ماوەیەک لە کاپری ئەمێنمەوە، "پێویست ناکا لە ڕێم راوەستی ــ لەوانەیە تا سبەی نەگەڕێمەوە. کە گەیشتییەوە ماڵ، سڵاوم بگەیەنەرە دایکت؛ لەم حەفتەدا دێم سەری لێ ئەدەم. بە نیازی پێش تاریکی وەگەڕێی؟"

لاوریللا له حاڵێکدا هەموو هۆشی دابووە داوێنی کراسەکەی، وڵامی دایەوە: "ئەگەر کارەکەم بۆ بەڕێوە بچێ."

ئانتۆنیۆ بە دەنگێکی بێدەربەستانە وتی: "تۆ ئەزانی من ئەبێ بگەڕێمەوە، بەڵام تا ئێوارە درەنگان لێرە ئەمێنمەوە، هاتییەوە یان نەهاتییەوە، ئیتر خۆت دەیزانی."

کەشیش هاتە نێو قسەکانەوە و گوتی: "تۆ نابێ شەوانە دایکت بە تەنیا بەجێ بێڵی. ئەو شوێنەی بۆی ئەچی، دوورە؟''

"ئەچمە رەزێک لە لای ئاناکاپرییەوە."

"منیش ئەچم بۆ کاپری. کەوایە خوا ئاگادارت بێ کچم، هەر وا تۆش کوڕەکەم." لاوریللا دەستی کەشیشی ماچ کرد و خواحافیزییەکی لە کەشیش و ئانتۆیۆ کرد، کە لە نێوان خۆیانا بەشی کەن. بەڵام ئانتۆنیۆ بەشێکی ئەم خواحافیزییەی بە هی خۆ نەزانی؛ کڵاوەکەی تەنیا بۆ کەشیش لەسەر داگرت، بە بێ ئەوەی روویەک بەلای لاوریللاوە بکا. پاش ئەوەی پشتیان لە یەکتر کرد، ئانتۆنیۆ، مەودایەکی کوڕتی ئەو رێگەیە چاوی بە دوای کەشیشەوە بوو کە بە زەحمەت بە سەر ئەو وردەبەردە  پرش و بڵاوانەدا هەنگاوی دەنا؛ ئەمجا زوو چاوی گێڕا بە دوای کچەکەدا، کە بەو هەورازەدا هەڵدەگەڕا و دەستی خستبووە سەر چاوەکانی بۆ ئەوەی لەو گەرما تیژەی خۆر بیانپارێزێ. بەر لەوەی ئەو باریکە ڕێیە، لە پشت ئەو دیوارە بەرزانەوە ون ببێ، لاوریللا راوەستا، وەک ئەوەی هەناسەیەک کۆکاتەوە، ئەمجا ئاوڕی داوە بۆ دوای خۆیەوە. لە بەر دەمیا بەندەر بوو، دەور و پشتیش گابەردی ناڕیک و زل، سەریان بەرز کردبۆوە؛ شینایی قووڵیی بێهاوتای دەریا بریقەی ئەداوە. ئەم دیمەنە بێ گومان بەوەی ئەژیا تاوێک بۆی راوەستێ. بەڵام لەم ئاوڕدانەوەدا، وەک بە رێکەوت بێ، چاوی گێڕا بۆ لای بەلەمەکەی ئانتۆنیۆوە، دوایی خشاندی بۆ سەر خودی  ئانتۆنیۆ، ئەویش لەم هەڵگەڕانەدا چاوی بە دوای ئەمەوە بوو.

هەردووکیان سووکە جووڵەیەکیان کرد، وەک چۆن دوو کەس داوای لێبووردن لە یەکتر ئەکەن، بۆ هەڵەیەک کە کردوویانە؛ پاشان لاوریللا بە نیگایەکی لێڵ ملی رێگای خۆی گرتەوە بەر.

سەعاتێک دەبوو، نەدەبوو، لە نیوەڕۆ لایدابوو، ئەوە دوو سەعات بوو ئانتۆنیۆ لەسەر کوڕسیی بەردەم مەیخانەی ماسیگرەکاندا چاوەڕوان مابۆوە. دەبێ بە شتێکەوە زۆر سەرقاڵ بووبێ، چونکە تاوتاو هەڵدەستا و دەچووە بەر هەتاوەکە و بە وردی دەیڕوانی بۆ سەر و خواری ئەو رێگایانە، کە بە راست و چەپدا ئەکشان بۆ ئەو تەنیا دوو شارە چکۆلەی سەر دوڕگەکە. ئانتۆنیۆ بە ژنە مەیخانەچییەکەی وت زۆر لەو کەش و هەوایە دڵنیا نییە؛ گەرچی هەوا تەواو روون بوو، بەڵام  بە روونی ئاسمان و دەریا نەبوو. ئەو وتی ئەم هەوایە لە رۆژی بەر لە زریانە ترسناکەکە دەچێ کە خانەوادە ئینگلیسییەکەی تێدا تیاچوو؛ ئەو کچە ئەبێ ئەم زریانەی لەبیر بێ، خۆ زۆر لەمێژ نییە؟

ئەو خانمە وتی: "نا، لەمێژ نییە، نابێ لە بیری مابێ."

ئانتۆنیۆ وتی باشە، ئەگەر هەوا بەر لە شەو بگۆڕدرێ، ئەو دەبوو بیرێک لە من بکاتەوە.

ژنەکە پاش کورتە ماوەیەک لێی پرسی: ''خزم یان ناسیاوێکی باشت لێرە هەیە ؟''

"ئەرێ، ئەوان تازە هاتوون؛ تا ئێستا کەش و هەوای وەرزەکە تەواو ناخۆش بووە، بۆیە ئەوانەی بۆ مەلە دێن، درەنگ هاتوون."

"بەهار درەنگ کەوتووە. ئەی پارەت لەوەی زیاتر دەسناکەوێ کە ئێمە لێرە لە کاپری دەستمان ئەکەوێ؟''

"ئەگەر بێجگە لە بەلەمەکەم شتێکی ترم نەبوایە، حەفتەی بایی دووجار کڕێنی ماکاروونیم دەست نەدەکەوت ـــ جاروبار تەنیا نامەیەک ئەبەم بۆ ناپل، یان نەجیبزادەیەک ئەبەمە راوەماسی. بەڵام تۆ ئەزانی من مامێکی دەوڵەمەندم هەیە؛ خاوەنی چەند باخی پرتەقاڵە؛ پێم ئەڵێ، "تۆنینۆ، تا من ماوم تۆ ئازاری نەبوونی ناکێشی؛ کاتێکیش مردم بۆت دەرئەکەوێ هەر چاوم لێتە. ئاوا، بە یارمەتی خوا وەرزی زستانم بەسەر بردووە."

"ئەم مامە دەوڵەمەندەی تۆ، منداڵی هەن؟"

"نا، قەت ژنی نەهێناوە؛ ماوەیەکی درێژ لە دەرەوە ژیاوە، پارەیەکی زۆری سەر یەک خستووە. ئەیهەوێ فرۆشگەیەکی گەورەی بازرگانی ماسی دامەزرێنێ و منی لە سەر دانێ.

"واااو، کەواتە ئەبیتە پیاو، تۆنینۆ!"

بەلەمەوانەکە شانەکانی خۆی هەڵتەکاند و گوتی: "هەر کەسێک باری خۆی بە کۆڵی خۆیەوەیە" و هەستایەوە سەرپێ، بۆ ئەوەی تەماشایەکی کەش و هەواکە بکاتەوە، چاوێکی بە راست و چەپدا گێڕا^$$$

خانمە مەیخانەچییەکە وتی: "با قاپێکی ترشەرابت بۆ بێنم، مامت دەتوانێ پارەکەی بدا."

"زیاتر لە گڵاسێک ناخۆمەوە؛ لێرە لە کاپری شەرابێکی داخ و گڕگرتان هەیە، سەرمی تەواو گەرم کردووە،"

"خوێن گەرم ناکا؛ چەندت پێ خۆشە، دەتوانی بخۆیەوە. وا مێردەکەشم خەریکە دێ؛ تاوێ دانیشە و نەختێک لەگەڵیا بدوێ."

خاوەن مەیخانەکە بە تۆڕەکەی بان شانی و کڵاوە سوورەکەی سەر ئەو قژە لوولانەی گەیشتە بەرەوە. ئەو دەورییەک ماسی پێبوو، دەیبرد بۆ ئەو خانمە مەزنە کە لە بەردەم کەشیشە چکۆلی دانێ. هەر کە چاوی بە بەلەمەوانە گەنجەکە کەوت، بەدەست راوەشاندن بەخێر هاتنێکی زۆر گەرمی کرد. دوایی هات و بەلایەوە دانێشت و کەوتنە قسە و پرسیاران.

لەو کاتەیدا کە ژنەکەی دووهەم بوتڵی شەرابی پوختی کاپری بۆ ئەهێنان، خرمەخرمی زیخی وشکی سەر رێگەکەیان هاتە گوێ، لاوریللا لە دەستە چەپی رێگەکەی ئاناکاپرییەوە دەرکەوت، هەر کە نزیک بۆوە  وەک سڵاو بە ئەسپایی سەری دانەواند؛ دوایی بە دوودڵییەوە لە دوورەوە راوەستا.

ئانتۆنیۆ خێرا لە جێگەکەی هەستایە سەرپێ و گوتی: "من دەبێ بڕۆم، ئەو کچە گەنجە، خەڵکی سۆرینتۆیە، ئەم بەیانییە لە گەڵ سینیۆر کوریتۆدا هاتۆتە ئێرە، دەبێ شەو بگەڕێتەوە لای دایکە نەخۆشەکەی."

کابرای ماسیگر لە سەری رۆیی و وتی: "باشە، باشە، تا شەو کاتێکی زۆری بەدەمەوە ماوە، ئەویش بەسە بۆ خواردنەوەی قومێک شەراب. هاواری کرد: "ژنەکە، وتم ، پیاڵەیەکی تر!"

"سپاست ئەکەم، من باشترە نەخۆمەوە"؛ لاوریللا لە دوورەوە راوەستابوو.

"گڵاسەکان پڕ کە، ژن؛ وتم هەردووکیان پڕکە؛ ئەو ئەبێ نەختێ زۆری لێبکەی."

کوڕەکە هەڵیدایێ، "نا، مەکە، کچێکی زۆر کەللەرەقە؛ قسەی بە گوێدا ناچێ، کەسێکی پیرۆز و پیاوچاکیش ناتوانێ کارێکی پێ بکا، ئەگەر خۆی پێی خۆش نەبێ."

بە پەلە ماڵاوایی کرد و رایکردە خوارەوە بۆ لای بەلەمەکەی، پەتەکانی کردەوە و چاوەروانی لاوریللا مایەوە. لاوریللاش سەرێکی بۆ خانمە مەیخانەچییەکە دانەواند و بە هێواشی بەرەو ئاوەکە داکشا. لە رێدا چاوی  بەملاولای خویدا ئەگێڕا، وەک ئەوەی هیوای بە پەیدابوونی هاوسەفەرێک بێت. بەڵام بەندەر چۆڵ بوو. ماسیگرەکان نووستبوون، یان بە دار و تۆڕەوە لەو دەوروبەرە خەریکی راوەماسی بوون؛ ژمارەیەکی کەم ژن و منداڵیش لەبەر دەرگای خانووچکەکانیاندا خەو بردبوونیەوە یان خەریکی تەشی رستن بوون؛ ئەو غەوارانەیش کە بەیانی هاتبوونە ئەوێ، بۆ گەڕانەوە، چاوەڕێی فێنکی ئێوارە مابوونەوە. لاوریللا کاتی ئەوەی نەبوو، زۆر بە دەوروبەری خۆیا بڕوانێ؛ پێش ئەوەی بتوانێ بەرگرییەک لە خۆی بکا، ئانتۆنیۆ قۆڵی گرت و وەک مناڵێک بردی بۆلای بەلەمەکە و خۆیشی بە دوایدا بازی دایە ناوەوە و بە لێدانی یەک دوو سەوڵ بەلەمەکەی گەیاندە قووڵایی ئاوەکە.

لاوریللا مڕومۆن لە دوای بەلەمەکەوە دانیشتبوو، نیوەپشتی لە ئانتۆنیۆ کردبوو، بۆیە تەنیا لایەکی دەموچاوی لەوەوە دیار بوو. رووگرژتر لە جاران دەینواند؛ سێبەری قژەکانی کەوتبووە سەر برۆ تەنکەکانی، لێوەخڕەکانی توند قونجاندبوون؛ تەنیاکونە لووتە ناسکەکانی جاروبار دەلەرینەوە. دوای ئەوەی تاوێک بە بێدەنگی رۆیشتن، لاوریللا هەستی بە گەرمای تیژی خۆرەکە کرد، بوخچەکەی کردەوە و دەسرەکەی دا بە سەری خۆیا، ئەمجا دەستی کرد بە نانی وشک خواردن؛ چونکە لە کاپری هیچی نەخواردبوو.

ئانتۆنیۆ زۆر خۆی پێ رانەگیرا؛ جووتێ پرتەقاڵی لە سەبەتەکە دەرهێنان و گوتی: "ها لاوریللا، ئەمانە بە نانەکەتەوە بخۆ، بیر مەکەرەوە ئەوانەم بۆ تۆ راگرتوون؛ ئەوانە لە سەبەتەکە خل ببوونەوە، منیش ئەو کاتە زانیم کە سەبەتەکانم هێنایەوە نێو بەلەمەکە."

"بۆ خۆت بیانخۆ، من نانم بەسە."

"ئەوانە فێنک کەرەوەن لەم گەرمایەدا، تۆیش زۆر بە رێگەدا هاتووی."

"لەوێ ئاوم خواردەوە، ئەوەیش فێنکی کردوومەوە."

ئانتۆنیۆ وتی: "هەر چۆنێک پێت خۆشە،" و پرتەقاڵەکانی خستنەوە نێو سەبەتەکە.

دیسانەوە بێدەنگی. رووبەری دەریاکە وەکوو شیشە ساف و لووس بوو. شڵقەی وردە شەپۆلی بەر لووتی بەلەمەکە نەدەبیسترا، تەنانەت ئەو مەلە سپییە دەریاییانەی، کە لەو ئەشکەوتانەی کاپری هەڵنیشتبوون، بە بێدەنگی ئەفڕین بۆ ماسی راو.

تۆنینۆ دووبارە دەستی پێکردەوە و گوتی: "دەیباشە، ئەو پرتەقاڵانە بەرەوە بۆ دایکت،"

"لە ماڵەوە پرتەقاڵمان هەیە؛ ئەگەر ئەوانە تەواو بوون، ئەچم نەختێکی تر ئەکڕم."

"نا، بۆی بەرەوە و سڵاو و رێزی منیشی پێ بگەیێنە."

"ئەو، تۆ ناناسێ."

" ئەتوانی پێی بڵێی من کێم ."

" منیش تۆ ناناسم."

ئەمە یەکەم جار نەبوو لاوریللا حاشای لە ناسینی ئەو ئەکرد. رۆژێکی یەکشەممەی ساڵی پێشوو، ئەو کاتەی نیگارکێشەکە بۆ یەکەمجار هاتبووە سۆرینتۆ، ئانتۆنیۆ هەلێکی بۆ هەڵکەوتبوو لە مەیدانە چکۆلەکەی لای خیابانە گەورەکەی شاردا، لە گەڵ هەڤاڵەکانی یاریboccia بکا.

لەوێ بوو یەکەمجار نیگارکێشەکە، چاوی بە لاوریللا کەوتبوو، کووپەڵەیەک بە سەر سەریەوە بە لایا تێئپەڕی، بێ ئەوەی سەرنجێکی بداتێ. ئەو بەژن و باڵا و لەشولارەی لاوریللا، دڵی تەواو رفاندبوو.  هەروا بێجووڵە رادەوەستێ و دەڕوانێتە دوایدا، بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی کە لە چەقی یارییەکەدا راوەستاوە. لە ناکاو تۆپێک بە توندی هاتبوو درابوو لە قەڵەمی ئەژنۆی، وەک ئەوەی بیری بێنێتەوە کە ئەوێ جێگەی راوەستان و بیرکردنەوە نییە. ئەو تەماشایەکی ئەملاولای کردبوو، وەک چاوەڕوان بێ کەسێک داوای لێبووردنی لێ بکا. ئەو بەلەمەوانەی تۆپەکەی خستبوو، بیدەنگ، بە شێوەیەکی بەرهەڵستکارانە، بۆ بەرەنگار بوونەوە، لە نێو هاوڕێکانیا راوەستابوو. ئەمیش، وای بە باشتر زانی بوو، بۆ خۆپاراستن لە قڕە و هەرا، ملی رێی خۆی بگرێ و بڕوا. ئێستاش ئەم لە ناکاو تووشهاتنە، هەر باسی لێ دەکرا، بەتایبەت ئەو کاتەی نیگارکێشەکە سووربوو لەسەر داواکردنی لاوریللا.

 لاوریللا بە تووڕەییەوە وتی: ''من ئەویش ناناسم." نیگارکێشەکە پرسیبووی لە بەر ئەو کوڕە رووتاڵەیە بە من رازی نابی. لاوریللا، بەشێک لەم واتەوات و قسە و قسەڵۆکانەی بیستبۆوە، لەوساوە هەتا ئێستا، ئانتۆنیۆی بەباشی دەناسی.

ئێستاکە ئەم دوانە پێکەوە، وەکوو دوو دژمنی خوێنی، لەم بەلەمەدا دانیشتبوون، دڵەکوتەیان ئەوەند توندبوو لەوانە بوو بیانکوژێ. دەموچاوی ئانتۆنیۆی زوربەی کات هێمن و رووخۆش، تەواو سوور هەڵگەڕابوو، و خیراخێرا و توندیش سەوڵی لێئەدا، کەفی ئاوەکەی ئەپرژاندە ئەو جێگەی لاوریللای لێ دانیشتبوو. ئەویش لە بەر خۆیەوە هەر گرمەی دەهات، وادیاربوو جوێنی ئەدا. بەو حاڵەش خۆی وا پیشان ئەدا، بێ ئاگایە لە هەموو شتێک و بێدەربەستانە خۆی دابوو بەسەر لێواری بەلەمەکەدا و دەستی شۆڕ کردبۆوە کە ئەو ئاوە فێنکە بروا بە نێو قامکەکانیا. دوایی دەسرەکەی لە سەر کردەوە و هەر وەک بە تەنیا بێت، قژەکانی خۆی رێکوپێک کرد. بەڵام برۆکانی لە فڕیندا بوون و بە خۆڕا دەستە تەڕەکانی ئەنایە سەر گۆنا سوور هەڵگەڕاوەکانی.

ئێستاکە هاتبوونە ناوەڕاستی دەریاکە. مەودایەکی زۆر دوڕگەکەی پشت سەریان بەجێ هێشتبوو، وشکانی بەردەمیشیان تەمومژ دایپۆشیبوو. نە لە دوور و نە لە نزیک کەشتی یان بەلەمێک بەرچاو نەدەکەوت،  تەنانەت قاڕەی مەلێکی دەریاییش نەدەهات، ئەو ئارامی و بێدەنگییە بشکێنی. ئانتۆنیۆ هەموو ئەملاولای سەیر کرد، لەوە دەچوو گەیشتبێتە بڕیارێکی بە پەلە. لە ناکاو رەنگی روومەتی پەڕی و سەوڵەکانی نایە لاوە. لاوریللا لەسەر هەست و بە بێ ترس تەماشایەکی دەوروبەری دەکرد. ئانتۆنیۆ لە پڕا تەقییەوە، "دەبێ بەم حاڵە کۆتایی بێنم، زۆری خایاندووە! لام سەیرە هەتا ئێستا نەیکوشتووم! ئەتۆ دەڵێی نامناسی؟ هەموو ئەم ماوەیە دەبێ منت دیبێ، وەک شێتان بە دەورتا هاتووم، ئەو دڵەم لێواو لێو بوو لەو شتانەی دەبوو پێتی بڵێم؛ ئێستاش دەمم لێ خوار ئەکەیتەوە و پشتم لێ هەڵئەکەی؟"

کچەکەش بەکورتی وەڵامی دایەوە، "چیم هەبوو بە تۆی بڵێم؟ رەنگە دیبێتم، پێتخۆشبوو لەگەڵما تێکەڵ بی، بەڵام من رێگایەک هەڵنابژێرم بە خۆڕا بکەومە سەر زمانی خراپی خەڵکی. مەبەستم ئەوە نییە تۆ ببیە مێردم، نە تۆ و نە کەسی تر."

" نە کەسی تر؟ تۆ هەمیشە ئەمە ناڵێی! ئێستە بۆیە وا ئەڵێی، چونکە ئەو کوڕە نیگارکێشە لێرە نەماوە. ئەرێ، تۆ هێشتا مناڵی! رۆژێک دێ هەست بە تەنیایی بکەی؛ ئەو کاتە، کێویانە هەر وەک ئێستا، چاکترینی ئەوانەی لە بەر دەستتدان هەڵئەبژێری"

" کێ ئەزانێ، کام لە ئێمە داهاتوو دەبینین؟ تازە رەنگە من بڕیاری خۆم بگۆڕم. باشە، ئەمە بە تۆ چی؟"

" بەمن چی؟" ئانتۆنیۆ، وا بەهەڵچوونەوە بەرز بۆوە سەر پێ بەلەمەکە کەوتە لارەولار کردن. "ئەڵێی بە من چی؟ تۆ چاک ئەزانی! با پێت بڵێم، پیاو ئەبێ بۆ کەسێ بمرێ کە بۆی دەرکەوتبێ لە تۆ میهرەبانتر بووبێ بۆ من.!"

"باشە من بە تۆ چ بەڵێنێکم داوە؟ ئەگەر تۆ شێت ببی، من ئەبێ سەرکۆنە بکرێم؟ چ مافێکت بە سەر منەوە هەیە؟

ئانتۆنیۆ ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی: "ئەزانم؛ بەداخەوە مافی من لە هیچ کوێ نەنووسراوە، هیچ یاسازانێک بە لاتینی نەکردوە و بە هیچ مۆرێکیش مۆر نەکراوە. بەڵام من هەست دەکەم هەر ئەو مافەم بە لای تۆوە هەیە کە بە لای خوایشەوە هەمە، ئەگەر وەک مەسیحییەکی دڵپاک بمرم. وائەزانی ئەتوانم تەماشاکەم و ببینم تۆ لەگەڵ پیاوێکی ترا ئەچیتە کڵێسە، یان سەیرکەم کچان بێن بە لاما و شانم لێ هەڵتەکێنن؟"

"ئەتۆ چیت پێخۆشە ئەتوانی بیکەی. نامەوێ رێگە بە خۆم بدەم، ئەو هەموو هەڕەشانەیش بمترسێنێ. مەبەستم ئەوەیە منیش چیم پێخۆش بێ ئەیکەم."

"بۆ هەمیشە ئەمە ناڵێی!'' لە بەر هەست و سۆزی دەروونی خۆی، هەموو لەشی دەلەرزی.

" من پیاوێک نیم رێگە بدەم هەموو ژیانم لە رێی کچێکی هەرزە و سەرکێشی وەک تۆدا لە نێو بچێ! تۆ لێرە لە بەر دەستم دای، ئەمەت لە بیر نەچێ، هەر چێم وت، دەبێ بیکەی."  

لاوریللا نەیتوانی لەم قسانە دانەچڵەکێ و ترسی لێ نەنیشێ، بەڵام ئازایانە چاوی لە چاوی ئانتۆنیۆ بڕی و بە ئارامی وتی: "بمکوژە، ئەگەر ئەوێری!"

ئەویش بە دەنگێکی تاساو و گڕ وتی: "من هیچ شتێک بە نیوە چڵی  ناهێڵمەوە، ئەو دەریایە جێگای بۆ هەردووکمان هەیە. من ناتوانم کۆمەکت بکەم، کچ"ـــ ئەو ئەم قسەی دوایی بە حاڵەتێکی وەک بەزەیی پیاهاتن، هات بە دەما ـــ "هەردووکمان پێکەوە ئەچینە خوار، هەر ئائێستە، دەستبەجێ!" لە پڕ قیژاندی و پڕیدایە قۆڵی لاوریللا، بەڵام هەرزوو دەستی کێشایە دواوە؛ خوێن لە دەستی راستییەوە فیچقەی کردە دەر؛ لاوریللا بە شێوەیەکی ترسناک دەستی گەزتبوو.

لاوریللا نەڕاندی بە سەریا، "ها! مەگەر ئەتوانی واملێبکەی ملکەچت بم؟" لە ناکاو پاڵێکی پێوەنا و لە خۆی دوور خستەوە. "مەگەر دیلی دەستی تۆم؟" خێرا خۆی فڕێدایە دەریاکە و لە نێو ئاوا نوقم بوو.

کە سەر ئاو کەوتەوە، جلەکانی بە لەشیەوە چەسپابوون؛ قژە درێژەکانی بەدەم شەپۆلەوە، بەدەوری ملیا، بڵاو ببوونەوە؛ بێ ئەوەی ورتەیەکی لە دەم بێتە دەر، ئازایانە و لە سەرخۆ، بەرەو قەراخ دەریاکە، کەوتە مەلە کردن.

ئانتۆنیۆ، لە ترسا حەپەسابوو، ملی درێژ کردبۆوە و ئەیڕوانی بە دوایدا، چاوەکانی وا تێ بڕیبوو وەک ئەوەی شایەتی موعجیزەیەک بووبێ. پاشان جووڵەیەکی کرد و تاوی دایە سەوڵەکانی و بە هەموو هێزی خۆی کەوتە سەوڵ لێدان. لە هەموو ئەم کاتەیشدا خوێنیکی سوور کە لە دەستی ئانتۆنیۆ دەتکا، لە تەختی بەلەمەکەدا رێچکەی دەبەست.  

هەروا کە لاوریللا بە پەلە مەلەی ئەکرد، ئانتۆنیۆ بە هەناسەیەک گەیشتە لای و هاواری کرد: "بیکە بە خاتری حەزرەتی مریەم وەرەوە ناو! من شێت بووم! تەنیا خوا ئەتوانێ بزانێ، بۆ لە پڕا مێشکم تێکچوو. برووسکەیەکی وا بە لەشما گەڕا وئاگرم گرت، نەمزانی چیم کرد و چیم گوت. قەت داوات لێ ناکەم بمبەخشی، لاوریللا، وەرەوە سەر و ژیانی خۆت مەخە مەترسییەوە!"

لاوریللا لە مەلە کردن بەردەوام بوو، وەک ئەوەی هیچی نەگەیشتبێتە گوێ. "من پێت ئەڵێم وشکانی دوو مایل لێمانەوە دوورە، قەت بە مەلە ناگەیتە ئەوێ. بیرێک لە دایکت بکەرەوە! ئەگەر شتێکت لێ بە سەر بێ، من لە خەفەتا ئەمرم."

لاوریللا بە چاو مەودای نیوان خۆی و بەستینی دەریاکەی پێوانە کرد، بێ ئەوەی بە وشەیەک وەڵامی بداتەوە، بەرەو بەلەمەکە چوو، دەستی بە لێوارەکەیەوە گرت؛ ئانتۆنیۆ هات بە کۆمەکیەوە. سەنگینی لاوریللا بەلەمەکەی لار کردەوە، چاکەتەکەی ئانتۆنیۆ، کە لە سەر کورسی  دانتیشتنەکە دانرابوو، خزایە نێو ئاو. لاوریللا بە گورجوگۆڵی، بەبێ یارمەتی خۆی کێشا سەرە وە  و  لە بان جێگە پیشووەکەی دانیشت. ئانتۆنیۆ هەر کە لاوریللای بە ساغی بینی، دەستیپێکردەوە بە سەوڵ لێدان و لاوریللاش خۆی خەریک کرد بە گوشینی جلە تەڕەکانی و راتەکاندندنی سەری بۆ لێکردنەوەی ئاو لە قژەکانی.

کاتێک لاوریللا چاوی بە تەختی بەلەمەکە و ئەو خوێنەی لە سەری رژا بوو، کەوت، خێرا چاوی گێڕا بۆ ئەو دەستەی ئانتۆنیۆ کە سەوڵەکەی پێ راگرتبوو، هەر وەکوو برینداریش نەبووبێ.

لاوریللا وتی: "ها ئەمە بگرە،" و دەستەسڕەکەی بۆ ئانتۆیۆ راگرت. ئەویش سەری راوەشاند و بە سەوڵ لێدانەوە خەریک مایەوە. دوای تاوێک، لاوریللا هەستایە سەر پێ و چوو بە لایەوە و  دەسرەکەی لە برینەکەی پێچا، کە زۆر قووڵ بوو.

ئەوسا، بەبێ گویدانە هەوڵی ئانتۆنیۆ کە نەیدەهێشت، سەوڵێکی لێ سەند و لە بەرانبەریەوە دانیشت و ئارام و لەسەرخۆ دەستی کرد بە سەوڵ لێدان، بەبێ ئەوەی تەماشایەکی ئانتۆنیۆ بکا چاوی بڕییە ئەو سەوڵەی بە خوێن سوور ببوو. هەر دووکیان رەنگ پەڕیو و بێدەنگ بوون. وردەوردە کە نزیک وشکانی بوونەوە، ئەو ماسیگرانەی تووشیان دەهاتن، دەستیان کرد بە بانگ کردن لە ئانتۆنیۆ و گاڵتە پێ کردن و توانج هاویشتن لە لاوریللای. هیچکامیان چاویان نەترووکاند و مەتەقیان لێوە نەهات.

کاتێک لە لەنگەرگە دابەزین، هێشتا زۆری مابوو خۆر ئاوا بێ. لاوریللا، ژێرکراسەکەی کە زۆری نەمابوو وشک بێتەوە، راوەشاند، بۆ ئەوەی چرچ و لۆچی نەمێنێ، ئەوسا دابەزی.

ئەو پیرێژنە تەشی رێسەی، بەیانی ئەمانی دیبوو، دەڕۆن، هێشتا لە بەر هەیوانی خانووچکەکەی بوو. ئەو هاواری کرد: "ئانتۆنیۆ! ئەوە چییە لە دەستتەوە هەڵپێچاوە؟ یا حەزرەتی عیسا، خۆ بەلەمەکەت پڕە لە خوێن!"

ئانتۆنیۆ وەڵامی دایەوە: "هێچ نییە، دایە گیان، بزمارێک زۆر هاتبووە دەرەوە، دەستم لێی گیرا و بریندار بوو؛ شتێکی وا نییە، سبەی خۆش ئەبێتەوە. ئەم خوێنە ئامادە لەعنەتییەی منە، هەمیشە شت خراپتر لەوەی نیشان ئەدا کە هەیە.''

"با بێم بۆت وەپێچم، ڕۆڵە. تاوێک راوەستە، ئێستا ئەچم دەرمانێک دە‌هێنم و ئەگەمە لات."

"خۆت زەحمەت مەدە، دایکە. پێچاومەتەوە؛ سبەی بەیانی، خۆش خۆش  ئەبێتەوە و لە بیرم ئەچێتەوە. پێستێکی باشم هەیە، زوو ساغی ئەکاتەوە."

لاوریللا، خواحافیزی لە ئانتۆنیۆ کرد. ئەو رووی لەو رێگایە نا کە بەو تەپۆڵکەداسەرئەکەوت. ئانتۆنیۆش بێ ئەوەی تەماشای بکا " ئێوارە باش"ێکی پێ گوت، ئەوسا سەوڵ و سەبەتەکانی هەڵگرت و بەو پلە بەردینانەدا هەڵگەڕا بۆ کۆخەکەی خۆی.

ئەو لەم کۆخە دوو ژوورەیدا تەنیا دەژیا، لەم ژوورانەدا کەوتە سەر و خوار کردن. ژوورەکان ساردتر بوون لە سەر دەریا، کزەبایەکی سارد بەو پەنجەرە بێ شووشانەدا ئەهاتە ناو، ئەم پەنجەرانە داپۆشەرێکی دارینیشیان پێوە نەبوو. تەنیایی، هێور و ئارامی کردبۆوە. لە بەر دەم وێنەیەکی گچکەی مریەمەی باکیرەدا سەری دانەواند، چاوی بڕیە ئەو شکۆیەی دەوری سەری (ئەو ئەستێرانەی کە لە کاغزێکی رەنگ زیوین جیا کرابوونەوە)، بەڵام ئانتۆنیۆ نەکەوتە پاڕانەوە. ئەو بۆ دەبوو بپاڕێتەوە، ئێستا کە ئەو ئارەزوویەی هەمیشە هیوای پێی بوو لە دەست چوو بوو؟

وا دیار بوو ئەم رۆژەی لێ کۆتایی نەدەهات. ئەو چاوەڕوانی شەو بوو! چونکە زۆر ماندوو بوو. زیاتر لەوە هێزی لێ بڕابوو کە بتوانێ ئاگاداری لە خۆی بکا. دەستی زۆر ئێشی ئەهات. لە بان کورسییەکی چکۆلە دانیشت، ئەو دەسرەی پیچرابووە دەستی، کردەوە؛ ئەو خوێنەی ماوەیەک بوو بەربەست کرابوو، فیچقەی کردەوە دەر؛ هەموو دەوری برینەکەش ئاوسا بوو.

برینەکەی بە ئاو شت و فێنکی کردەوە، ئەوسا بە روونی جێ دانەکانی لاوریللای بینی.

لە بەر خۆیەوە کەوتە قسە و گوتی: "هەقی خۆی بوو؛ من بێ مێشک و دڵڕەق بووم، شایستەی پاداشتێکی باشتر نەبووم. سبەی بەیانی دەسرەکەی بە یۆسف دا بۆ ئەنێرمەوە. ئیتر قەت جارێکی تر چاوی بەمن ناکەوێتەوە." ئەوسا دەسرەکەی بە جوانی شتەوە و لە بەر هەتاو هەڵیخست وشک بێتەوە.

دوایی برینەکەی دەستی، بە دەستی چەپ و یارمەتی دانەکانی، ئەوەندە کە توانی، بە جوانی  هەڵبەستەوە و خۆی خست بە سەر تەختی خەوەکەیدا و چاوەکانی لێکنا. بەڵام تا رادەیەک لە بەر تیشکی مانگەشەو و هەر وەها، ئێش و ئازاری دەستی خەوی لێ نەکەوت؛ بۆ دامرکاندنەوەی ترپەترپی دڵی، تازە هەستابووە سەر پێ، بچێ نەختێک ئاوی سارد بخواتەوە، دەنگی کەسیکی لە بەر درگا هاتە گوێ. لاوریللا لە بەر دەمیا راوەستابوو.

ئەو بەبێ پرس هاتبوە ژوور، ئەو دەستەسڕەی لە سەر سەری گرێ دابوو داگرتە خوار و زەمیلەیەکی چکۆلەی لە سەر مێزەکە دانا؛ ئەوجا هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا.

"هاتووی دەسرەکەت بەریەوە؟" ئانتۆنیۆ لێی پرسی.  ''پێویست نەبوو خۆت بخەیتە زەحمەت. بەیانی دەمگوت یۆسف بۆت بهێنێتەوە."

لاوریللا خێرا وتی: "بۆ دەسرەکە نەهاتووم، چوومە ئەو تەپۆڵکانە بۆ کۆکردنەوەی گیادەرمان، بۆ وەستاندنی خوێنی دەستت؛ ئەهە، سەیر کە." ئەمجا سەری زەمیلە چکۆلەکەی لابرد.

"خۆت تووشی زەحمەت و سەرئێشە کردوە، پێویست بەوە نەبوو. زۆر زۆر زەحمەتت کێشاوە. من چاکترم، زۆر چاکترم؛ بەڵام ئەگەر خراپتریش ببم، زیاتر لەوە شایانمە. بۆچی لەم ناوەختەدا هاتووی؟ ئەگەر کەسێک بتبینێ، خۆ ئەزانی چۆن قسان ئەکەن، ئەگەر چی نازانن چی ئەڵێن."

لاوریللا بە سۆزەوە وتی: "گوێ نادەمە قسەی کەس، هاتووم برینەکەی دەستت ببینم و ئەو گیایەی سەرخەم؛ تۆ بە دەستە چەپت ناتوانی ئەو کارە بکەی."

"من پێت دەڵێم بەوەی ناهێنێ."

"بۆ ئەوەی باوەرت پێ بکەم، باشە با بیبینم."

لاوریللا دەستی ئانتۆنیۆی گرت، ئیتر نەیدەتوانی پێشی پێ بگرێ، کەتانەکەی دەستی کردەوە. کاتێک هەلئاوسانەکەی بینی، مووچڕکەیەکی بە لەشدا هات و هاواری کرد: "یا حەزرەتی مریەم!"

ئانتۆنیۆ وتی: "نەختێک ماسیوە، لە ماوەی بیستوچوار کاتژمێرا چاک ئەبێتەوە."

لاوریللا سەری راوەشاند و گوتی: "بە دڵنیایی حەوتوویەکی پێئەچێ، پێش ئەوەی بتوانی بچیتەوە بۆ دەریا."

"رەنگە یەک یان دوو رۆژی پێ بچێ؛ ئەگەر زۆرتریشی پێچوو، قەیناکا؟"

لاوریللا تەشتێکی هێنا و بە هێواشی برینەکەی شتەوە، ئانتۆنیۆش بەبێ جووڵە وەک مناڵێک، ملکەچ بوو بە ئازارکێشان. ئەوسا گەڵای گیاکەی سەر خست، هەر خێرا ئەو ئێش و ئازارەی پێ سووک بوو. ئەمجا بە کەتانێک کە لەگەڵ خۆی هێنابووئ، برینەکەی پێچایەوە.

کە ئەم کارە تەواو بوو، ئانتۆنیۆ سپاسی لێ کرد و گوتی: "ئێستاکە گەورەییەکی ترم لەگەڵ بکە، ئەو شێتییەم پێ ببەخشە کە بە سەرمدا هات؛ ناتوانم بڵێم چۆن روویدا؛ بە دڵنیاییەوە گوناهی تۆ نەبوو. ئیتر قەت وشەیەک لەمن نابیستی ئازارت پێ بگەیەنێ."

لاوریللا قسەکەی پێبڕی. "ئەوە منم دەبێ داوای لێ بووردن لە تۆ بکەم. دەبوو جۆرێکی تر لەگەڵتا بدووابام. رەنگبوو باشتر لە یەک تێگەیشتباین، نەک بە رووگرژی پیشخواردنەوە، تووڕەت کەم و کار بگاتە ئەو گازەــــ"

"ئەو کارەت  بۆ خۆپاراستن بوو؛ کاتی خۆی بوو، من بێمەوە سەرخۆ. هەر وەک لە پێشدا وتم، ئەوە بە هیچ جۆرێک شتێک نییە وا بگەیەنێ. باسی لی بووردنیش مەکە؛ تۆ کارێکی باشت لەگەڵ منا کرد، بۆ ئەوەش سپاست دەکەم. ئێستا فەرموو، ئەوە دەسرەکەت؛ لەگەڵ خۆتیا بەرەوە."

ئانتۆنیۆ دەسرەکەی بۆ راگرت، بەڵام هێشتا لاوریللا خۆی دوائەخست و دوودڵ بوو، وا دیاربوو لە دەروونی خۆیا، کێشەی بوو. بۆیە وتی:

"تۆ چاکەتەکەت کەوتە نێو ئاو، ئەویش سووچی من بوو؛ ئەزانم هەموو پارەی پرتەقاڵەکانی تێدابوو. هەتا دوایی بیرم لێ نەکردەوە. ئێستا ناتوانم قەرەبووی کەمەوە؛ ئەوەندەشمان پارە لە ماڵەوە نییەــ ئەگەر هەشمان بێ، هی دایکمە. بەڵام ئەمەم هەیەــ ئەم خاچە زیوە. ئەو نیگارکێشە، دواجار کە هاتە ماڵمان، لە سەر مێزەکەمان بە جێی هێشت،  قەت لەم ماوەدا سەیرم نەکردوە، حەز ناکەم لە سنووقەکەما رایگرم؛ دایکم ئەڵێ، چەند پیاسترێک ئەکا، ئەگەر بتەوێ بیفرۆشی؟ رەنگە ئەو پارەیەت بۆ ببژێرێتەوە، کە لە دەستت چووە؛ ئەگەر تەواویشی نەکرد، ئەتوانم ئەوەی مایەوە، شەوانە کە دایکم نووست، بە رستن پەیدای کەم.

ئانتۆنیۆ لە حاڵێکدا خاچە تازە بریقەدارەکەی، کە لاوریللا لە گیرفانی هێنابوویە دەرەوە، ئەدایە دواوە، وتی: "هیچ شتێک وام لێناکا، ئەوە هەڵگرم."

لاوریللا وتی: "ئەبێ هەڵیگری، چووزانی چەندیتر لە بەر دەستت ناتوانی بچیتەوە سەر کار؟ ئەوە لەوێیە؛ حەزناکەم جارێکیتر تەماشای کەمەوە."

"ئەگەر وایە بیخەرە دەریاوە."

"ئەوە دیارییەک نییە بۆ تۆم هێنابێت؛ زیاتر لە قەرزەکەی تۆش نییە؛ تەنیا جوانە و بەس."

"تۆ هێچ شتێک بە من قەرزدار نیت؛ ئەگەر بکرێ یەک چاکەم لەگەڵ بکە، ئەویش ئەوەیە، ئەگەر هاتو بە رێکەوت تووشی یەک هاتین، تکات لێ ئەکەم بە دواما مەروانە، ئەمە وام لێ ئەکا، بیر بکەمەوە ئاخۆ چیم کردوە. ئێستاش خوات لەگەڵ؛ با ئەمەش دوایین قسەمان بێ."

لاوریللا دەسرە و خاچەکەی خستەوە نێو زەمبیلەکە و سەری نایەوە. بەڵام کاتێک ئانتۆنیۆ روانی بە روخساریا، داچڵەکی. دڵۆپی درشتی فرمێسک بە خوڕ، بە گۆنایدا ئەهاتنە خوار.

ئانتۆنیۆ هاواری لێ هەستا: "یا حەزرەتی مریەم! ئەتۆ نەخۆشی؟ سەر تا پای گیانت ئەلەرزێ!"

لاوریللا وتی: "هیچ نییە، ئەبێ بڕۆمەوە ماڵ"؛ بە لارەلار بەرەو درگاکە رۆی، لە ناکاو ناوچەوانی خۆی نا بە دیوارەکەوە و دایە پڕمەی گریان. پێش ئەوەی ئانتۆنتۆ بیگاتێ، لەپڕ وەرگەڕاوە و کەوت بە سەر ملی ئانتۆنیۆدا.

لاوریللا بەدەم هەنیسکدانەوە ئەیناڵاند: "من بەرگەی ئەمە ناگرم!" وەک کەسێکی مردوو کە هاتبێتەوە ژیان، خۆی بە ئانتۆنیۆوە چەسپاندبووـــ من ناتوانم بەرگەی ئەمە بگرم!  بەو هەموو قورساییەی سەر دڵم،  ناتوانم رێگە بدەم ئاوا بە دڵسۆزییەوە، لەگەڵما بدوێی و بڵێی برۆ. لێم دە! ژێر پێم خە! نەفرینم کە! یان ئەگەر بتوانی، ئێستەش منت خۆش بوێ، دوای ئەو هەموو خراپییەی دەرهەقم کردووی، وەرمگرە و رامگرە، هەر چیت پێخۆشە لەگەڵما بکە؛ بەڵام ئاوا پێم مەڵێ بڕۆ!" ئیتر لە بەر هەنیسکدان نەیتوانی زیاتر قسە بکا.

ئانتۆنیۆ بەبێ ئاخاوتن، تاوێک لە باوەشیا رایگرت. دوایی بە گریانەوەوتی: "ئەگەر بتوانم ئێستاس تۆم خۆش بوێ! یا ماریای پیرۆز! لات وایە هەموو خوێنی دڵم لەو برینە چکۆلەوە رژاوەتە دەر؟ زرم و کوتی ئێستاکەی دڵم نایەتە گوێت، ئەیەوێ سنگم لێک هەڵتەکێنێ و بێتە باوەشتەوە؟ بەڵام، ئەگەر ئەمە بۆ تاقیکردنەوەی من دەڵێی یان بەزەییت بە منا دێت، قەیناکا من فەرامۆشی ئەکەم. واش بیر مەکەرەوە ئەمەش بە من قەرزداری، چونکە دەزانی چەند بۆ تۆ رەنج و ئازارم کێشاوە."

لاوریللا، لە سەر شانەکانیەوە بە چاوانی پڕ لە فرمێسک لە ئانتۆنیۆی دەڕوانی و وتی: "نا!"؛ لە بەر ئەوە کە تۆم خۆش ئەوێ؛ با ئەوەت پێ بڵێم، ئەوندە کە تووڕە بووم  هەمیشە دەترسام تۆم خۆش بوێ. لە ئێستە بە دوا، جیاواز ئەبم. ئیتر قەت ناتوانم لە خیابانا بە لاتا بێم، بێئەوەی  تەماشایەکت نەکەم! نەوەکا دوو دڵیش بێتە رێت، ئەمن ماچت دەکەم، لەوانەیە بڵێی، لاوریللا ماچی کردم؛ بەڵام لاوریللا کەس ماچ ناکا بێجگە لە مێردەکەی."

سێ جار ئانتۆنیۆی ماچ کرد، لە باوەشی هاتە دەر و گوتی: "ئێستا شەو خۆش،  خۆشەویستم، ژیانی من!" راکشی با دەستت چاک بێتەوە. لەگەڵما مەیێ؛ من باکم لە کەس نییە، ئاگات لە خۆت بێ."

بەمجۆرە، بە بێ دەنگ چووە دەر و لە سێبەری دیوارەکانا ون بوو. ئانتۆنیۆش لە بەر پەنجەرەکەدا راوەستا بوو، چاوی بڕیبووە دوور، بۆ سەر ئەو دەریا ئارامە، تا ئەو کاتەی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان لە بەر چاویا ون بوون.

جارێکی تر کەشیش کوریتۆ، لە ژوورە چکۆلی پاکانەی کڵێسەدا دانیشتبوو، زەردەخەنەیەک کەوتبووە سەر لێوی. لاوریللا تازە لە پاکانە دوور و درێژەکەی هەستابووە سەر پێ.

ئەو بیرمەندانە ئەیگوت: "کێ ئەمەی بیرئەکردەوە؟ کە خوا، زوو بەزەیی دێت بەو دڵە چکۆلە لاسار و سەرچڵەدا؟ منیش لە خۆم شەرمەزارم، کە ئەوەندە سوور نەبووم لە سەر لێ پارانەوە لەو شەیتانە کردار چەوت و ناپسندەدا. چاوی ئێمە کورت بینە بۆ بینینەوەی رێگاکانی بەهەشت! ئەرێ، خوا ڕەحمی پێ بکا و منیش ئەوەندە تەمەنم بێ لەگەل نۆبەرەکەیدا، بچینە سەر گۆڕی باوکی! ئا‌‌‌ی، بەراستی چەند خۆشە! ئەرابیاتا!"

١ـ Viuvius

٢-Naple-

I` arrabiata

ئاڵمان

پاول هەیسە ١٩١٤ـ١٨٣٠

هەیسە یەکێک لە بەناوبانگترین و رێزدارترین نووسەرانی سەدەی ١٩ و ٢٠ی ئاڵمانە. ئەو شاعیر، چیرۆکنووس، شانۆنامەنووس و رەخنەگر بوو. هەیسە نموونەیەکی نوێی بۆ شێوازی هونەری کوڕتە چیرۆک داهێنا.

چیرۆکی 'تووڕەیی'، کە لە یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی هەیسەدا ساڵی ١٨٥٥ بڵاو بۆتەوە، وەک یەکێک لە باشترین کورتە چیرۆکەکانی زمانی ئاڵمانی دێتە ئەژمار.