چیرۆک

نیگار

فەڕۆخ نێعمەتپوور

حەوت رۆژ تێپەڕی و هەفتەی داهاتوو رۆژی چوارشەممە، دیسان کاتی وانەی هونەر هاتەوە. مامۆستا دانەدانە دەفتەرەکانی داینەوە. من کە یەکجار چاوەڕوانی ئەم رۆژە بووم، بینیم مامۆستا دەفتەرەکەی منی پێم نەدایەوە! دەفتەرەکەم لەوێ لەسەر مێزەکەیش نەبوو!

 

                                                                         نیگار

کە زۆر بەفردەبارێ، هەوا یەکجار سارددەبێ یاخود پیاوێکی گرینگی سیاسی دەمرێ (ئەمە ئەو دەستەواژەیەیە کاتێک باوکم سەیری هەواڵەکان دەکا یەکجار بەکاری دەبا)، قوتابخانە دادەخرێ،... هەتا ئاگادارکردنەوەیەکی تر. ئێمەیش خۆشحاڵ لە دەربازبوون لە دووپاتبوونەوەی بێتامی رۆژانی قوتابخانە و دەموچاوی مڕومۆچی مامۆستاکان، بەخۆشحاڵییەوەو بە راکەڕاکە بەرەو ماڵ دەبینەوە.

ئێمەی قوتابی زۆر جار خواخوامانە زۆر بەفرببارێ، هەوا یەکجار سارد بێ و پیاوە گرینگە سیاسییەکانیش زووزوو بمرن! هەڵبەت لەناو خۆماندا. ئێمە ناوێرین بە دەنگی بەرز باسی ئەم حەزەی خۆمان بکەین. دایکم دەڵی سەرما و بەفر بەڵای ژیان و گیانی هەژارانن و جگە لەمە مردنی هیچ کەسێکیش خۆش نیە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە لەو ساڵانەوە، بەفر و زەمهەریر و پیاوە سیاسییەکان لە زەینی مندا لەتەنیشت یەکتردا جێگایان بۆ کراوەتەوە و، ئارام و لەسەرەخۆ لەوێ لە قوژبنێکدا پاڵیان بە پاڵی یەکترەوە داوە. لەو کاتەوە دەست بۆ هەر کامیان بەرم، ئەوانی تریشی لەگەڵ دێنەدەر. بگرە ئیستایش کە پیاوێکی گەورەم، ئەم حاڵەتەم هەر لا ماوە!

رۆژێکیان وانەی هونەرمان هەبوو. مامۆستاکەمان ژنێکی تەمەن مامناوەندیی باڵاکورتی خوێن شیرین بوو. یەکێک لەو مامۆستا دەگمەنانەی بزەی لەسەر لێو بوو و بە تووڕەیی، دڕدۆنگی و دڵەڕاوکێوە سەیری قوتابییەکانی نەدەکرد. رۆژێکی سەرەتای زستان بوو. پاش ئەوەی وانەی ئەو رۆژەی وتەوە و سەیری تەکلیفەکانی کردین، وتی وەک دەبینین زستان لە دەرگای داوین و دونیا سپی بووە، ئەمڕۆ حەزدەکەم وێنەی زستان بکێشنەوە، حەزدەکەم بزانم زستان چۆن دەبیننن!

قوتابییەکان کەوتنە خۆ و لە پاش دەرهێنانی قەڵەم و کاغەز و کەرەسەی پێویست، دەستیان بە کێشان کرد. منیش وەک ئەوان. مامۆستا بۆی گرینگ نەبوو بە قەڵەمی رەش دەمانکێشا یان بە قەڵەمی رەنگی. وتی گرینگ ئەوەیە شتێکی جوان دەرچێ، دیمەنێک کە بە بینینی بزانین سەیری زستان دەکەین.

من کە لام وابوو زستان زستانە و ئیتر ئەم قەلەو دەلەی ناوێ، لە قسەکانی مامۆستاکەمان واقم وڕما، بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو حاڵ و هەوای پۆلەکە گرتمی و منیش دەستم پێکرد.

سەرەتا، لەگەڵ ئەوەی قەڵەمە رەشەکە و لاپەڕەکەم لەبەردەمدا بوو، بەڵام نەمدەزانی چی بکێشم. بیرم لە کێوێکی سپی کردەوە، بە هەورێکی زەلام بە سەر سەرییەوە و بایەکی توندیش کە لێی ئاڵابوو. بەدڵم نەبوو. ئەوسا بیرم لە کۆترێک کردەوە لە بن میچێکدا لە هێلانەکەیدا، کە لەوێوە لە دیمەنی بەفری بەردەمی خۆی دەڕوانێ. نا، ئەمەیشم بەدەڵ نەبوو. ئەوسا بیرم لە رێبوارێک کردەوە کە بە جادەدا دادەگەڕا و لە کاتێکدا دەستی بە کلاو و یەخەی پاڵتۆکەیەوە گرتبوو، هەوڵیدەدا خۆی لە کڕیوە بپارێزێ. نا، ئەمەیشم بەدڵ نەبوو! تا سەرئەنجام بیرێک لە مێشکی دام کە یەکجار بە دڵم بوو: دیمەنی درەختێکی رووتەڵەی تەنیا لە ناو بەفر و کڕێوەدا کە تەنیا یەک گەڵای پێوەمابوو و، بەهۆی هۆکارێکی نادیار ئەو گەڵایە کە ئێستاکە زەرد و سیس ببوو هێشتا هەڵنەوەریبوو؛ گەڵایەک کە بەدەم باوە گێژ و لوولی دەخوارد و سەرەوخوار و راست و چەپی دەکرد بە بێ ئەوەی بەربێتەوە. دیمەنەکەم وەها لە زەینی خۆمدا سازکردبوو کە درەختەکە لە پێشەوەی بەشەکانی تر بێ و بەتایبەت گەڵاکە سەرنجێکی تایبەت بخاتە سەر خۆی.

دەستم کرد بە کێشانی. کێشانەوەی دیمەنی زستان بە قەڵەمی رەش ئاسان نیە. بۆیە هەتا توانیم تواناکانم خستەگەڕ. من دەبوایە زیاترین رۆڵ بدەم بە درەختە تەنیاکە. لای من زیاتر لە بەفر، تەنیایی دەتوانێ زستان بنوێنێتەوە. بەتایبەت کە تەنیاکە تەنیا یەک شتیشی لە رابردووەوە بۆ مابێتەوە. سەروبەر نیوسەعاتی خایاند و لە کۆتاییدا بۆخۆم زۆرم کەیف بە کارەکەم هات. دڵنیا لەوەی بۆ هەفتەی داهاتوو نمرەی باشم بەردەکەوێ، دەفتەرەکەم بەست و خستمە سەر مێزی مامۆستاکەمان.

حەوت رۆژ تێپەڕی و هەفتەی داهاتوو رۆژی چوارشەممە، دیسان کاتی وانەی هونەر هاتەوە. مامۆستا دانەدانە دەفتەرەکانی داینەوە. من کە یەکجار چاوەڕوانی ئەم رۆژە بووم، بینیم مامۆستا دەفتەرەکەی منی پێم نەدایەوە! دەفتەرەکەم لەوێ لەسەر مێزەکەیش نەبوو! هەر کە لێبووەوە رووی کردە من و وتی کلاس کە تەواو بوو وەرە کەمێک پێکەوە قسەبکەین!

من کە باشترین وێنەکێشی پۆلەکەمان بووم، بگرە هی قوتابخانەکەیش، تەواو عەبەسام. باوەڕم نەدەکرد. باشە چی روویدابوو؟ ئەمە شکستێکی گەورە بوو بۆ من. قوتابییەکانی تریش سەرەتا بە سەرسوڕمانەوە لێیان رووانیم و پاشان ئەم سەرسوڕمانە خێرا گۆڕا بۆ خۆشییەکی دیار و نادیار لە چاوەکان و لە رووانینەکانیاندا. خۆشحاڵ لەوەی من وەک باشترین نیگارکێش لە ریزیان کرابوومە دەرەوە، بە گوێی یەکتردا دەیانچپاند. من گوێم نەدایە. مەجبور راوەستام تا کاتی کلاس تەواو بوو.

کاتێک هەموو قوتابییەکان چوونە دەرەوە، من و مامۆستا پێکەوە ماینەوە. چیتر لە ڕواڵەتی میهرەبان و خەندانی نەمابووەوە. هاتەوە بیرم ئەو ئەمڕۆ هەر لەسەرەتای هاتنە ناو پۆلەکەوە وەها بووە. ئەو بە دانیشتنی باڵای کورتییەوە و من بە پێوە؛ بە دەنگێکی جیددی وتی حەزدەکەم کەمێک باسی ماڵەوەی خۆتانم بۆ بکەی، بۆ وێنە چەند کەسن، چەند خوشک و بران، دایەگەورە و باوەگەورە و مامەکانت لەگەڵتان دەژین و شتی لەم بابەتە؟ منیش ئاهێکم بەبەردا هاتەوە و زۆر خێرا (لەپاش کەمێک رامان بۆ ژماردنیان بە پەنجەکانی دەستم)، وتم کە دە کەسین، من وخوشک و براکانم، دایک و باوکم، دایەگەورە و باوەگەورە و مامێکم کە ئەویش زۆر لەماڵەوە نیە. ئەوسا پرسی لە ماڵەوە گوێ لە چیدەگرن، سەیری چیدەکەن و باسی چیدەکەن، مەبەستم وەک رادیۆ و تەلەفزیۆنە؟ وتم سەیری کارتۆن دەکەین، گوێ لە گۆرانی... قسەکانی پێ بڕیم و وتی نا مەبەستم گەورەکانە، ئەوان کاتێک قسەدەکەن باسی چیدەکەن؟ من تیایا مامەوە. راستییەکەی ئەوە بوو من زۆرم گوێ بە گەورەکان نەدەدا. پرسیاری کردەوە باوکت چکارەیە هەروەها باوەگەورە و مامەکەت؟ وتم باوکم کارمەندە، باوەگەورە دووکانی هەیە و مامیشم نازانم. وازی نەدەهێنا، وتی جوان بیربکەوە بزانە باسی چیدەکەن،... جوان جوان! من کەمێک راوەستام. وتم باوکم زۆر حەزی بە هەواڵەکانە، کاتی هەواڵ نابێ زۆر دەنگەدەنگ بکەین. دادەنیشێ و جوان جوان گوێی لێدەگرێ. لێرەدا کتوپڕ زەینم چووە سەر ئەو وشانەی وا باوکم زۆری دەگوتنەوە: "پیاوە گرینگە سیاسییەکان!" ئەو وشانەی من ئەو کات نەمدەزانی تەوسن یان جیددی. شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوتم گرێکە لێرەدایە. بۆیە ئیتر باسی ئەوەم نەکرد بە هۆی ئەم هەواڵ گوێگرتنانەی باوکمەوە من وێنەی زۆریەک لە پیاوە سیاسییەکان دەناسم، بەتایبەت ئەوەیان وا لە هەموو شوێنێک بگرە لە قوتابخانەیش وێنەکەی هەڵواسراوە. شتێک لەدەروونمەوە پێی دەگوتم زمانم راگرم! ترسێکی یەکجار نامۆ بە بڕبڕەی پشتم دا سەرەوخواری دەکرد.

لە ماڵەوە نەموێرا باسی هیچ شتێک بکەم. ئەو رۆژە زۆریش نەچوومە کۆڵان. چەند رۆژ دوواتر باوکم بۆ شەو نەهاتەوە. باوەگەورە حەجمینی نەبوو و زوو زوو دەڕۆیشتە دەرەوە. دایکمم قەت ئەوەندە بە غەریبی نەبینیبوو. من کە دەمزانی هۆکاری هەموو رووداوەکە بۆ من دەگەڕێتەوە، یەکجار هەستم بە تاوان دەکرد. بۆ دوو رۆژ دوواتر باوکم هاتەوە. وای چەندە خۆشحاڵ بووین. دایکم خواردنێکی خۆشی دروستکرد و کردمان بە جەژن. ئەو شەوە باوکم تاقەتی گوێگرتن لە هەواڵەکانی نەبوو!

ئاگام لێبوو باوکم نیگای لە نیگام دەبوارد. بەڵام بە خۆشییەوە نە توڕە بوو و نە گرژ. ئارام دانیشتبوو و لەگەڵ ئەوەی لە منی نەدەڕوانی، بەڵام جوان هەستم پێدەکرد بەلاچاو رێک سەرنجی لەسەر منە! بە هیچ ئەملاولایەک تەنیا من!

بۆ سبەی کە چوارشەممە بوو دیسان وانەی هونەرمان هەبوو. مامۆستا باڵاکورتەکە وەک هەمیشە خۆی کردەوە بە پۆلەکەدا. بینیم روخساری وەک هەمیشەیە. گەش و پڕ لە بزە. ئەوسا دەفتەرەکەی خۆمم لە دەستیدا بینی. دیسان وتییەوە کلاس کە تەواو بوو دەیەوێ قسەم لەگەڵ بکا. ئەو سەعاتەم بە ساڵێک لێ تێپەڕی. سەرئەنجام زەنگی دەرەوەی لێیدا و قوتابییەکان رۆیشتنە حەوشێ.

وەک هەمیشە ئەو بە دانیشتن و من بە پێوە، کەوتەوە قسە. وتی دەفتەرەکەی هێناوەتەوە، وتی من پێم وتن وێنەی زستان بکێشنەوە نەک شتی تر، وتی وێنەکەم زۆر جوانتر دەبوو ئەگەر تەنیا وێنەی زستان بووایە!

من کە سەرم لێ شێوابوو، خواخوام بوو هەرچی زووتر دەفتەرەکەم بداتەوە و بزانم چیم کێشاوەتەوە.

ئەوسا دەفتەرەکەی کردەوە، رووبەڕووی راگرتم و وتی ئیتر نەتبینم شتی وا بکێشیتەوە. ئیستا لەوێ دادەنیشی، دەیسڕیتەوە و لە جیاتی گەڵایەک دەکێشیتەوە.

لاپەرەکە وەک خۆی نەمابوو. وەک بڵێی زۆر دەستاودەست کرابێ. لێرەولەوێ چرچ و هەڵگڵۆفاو! ئەوسا سەیری وێنەکەم کرد،... سەیری گەڵاکە،... لە جیاتی گەڵا بینیم وێنەی پیاوە سیاسییەکەم کێشاوەتەوە، ئەو پیاوەی لە هەموو شوێنێک وێنەکەی هەڵواسرابوو!  

 Bilderesultat for ‫زمستان نقاشی‬‎