چیرۆک

پەڕینەوە لە شەقام

فەڕۆخ نێعمەتپوور

گوێم لێبوو کاتێک لووتی لەندکڕۆزێرەکە لە درەختەکەی وشاند و قەدە نە زۆر ئەستوورەکەی شکاند و بە پشتیدا خست، دەنگی وەبەرکەوتنەکەیان نەرم بوو، نەرم وەک جەستەی مرۆڤێک، مرۆڤیک لە چەشنی مرۆڤێکی چاوەڕوان لە ژێر درەختێکی پاییزی لە قەراغ جادەی شارۆچکەیەکی سەر سنووردا. 

 

پەڕینەوە لە شەقام

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو ساڵە وەک هەموو ساڵەکانی تر، من دەبا لە شەقامەکە بپەڕمەوە. ئەو شەقامەی خەڵک، داشقە و دەگمەن ماشین تێیدا لە هاتوچۆدا بوون و قیرەتاوەکەی لەبەر گەرمای هاوین وەها شل ببووەوە کە قاچەکانم بەئاستەم تێی دەچەقین. ئەو قیرەتاوەی لێرە و لەوێیش وردە شەپۆلی تێکەوتبوو. گەر کەمێک سەرنجت بدایە، دەتبینی هاڵاوێک لە جادەکە بەرز دەبووەوە، هاڵاوێک لە چەشنی قیرەتاو، بە بۆنێکی تایبەتەوە لە حەوادا کە ئەم سەر تا ئەو سەری جادەکە، تا چاو هەتەری دەکرد، لە دووکانەکان دەئاڵا.

کاتژمێر چواری دووانیوەڕۆ بوو.

لە کاتی پەڕینەوەدا بوو، چاوم پێی کەوت. رەنگە لەبەر ئەوەی تاقە کەسێک بوو لەو گەرمایەدا بەو کاتی نیوەڕۆیە پاڵی بە یەکێک لە دەگمەن درەختەکانی سنووری نێوان شوستە و شەقامەکەوە دابوو و لە کاتێکدا تەسبێحە قەزوانە رەنگ خورماییە کاڵەکەی هەڵدەسوڕاند، لەم سەراوسەری جادەکەی دەڕوانی. درەختێک لە رەنگی تۆز و دووکەڵ. نازانم بۆ، بەڵام نیگامی قۆستەوە. رەنگە لەبەر ئەوەی هەموو سێبەری درەختەکەی بۆ خۆی تەرخان کردبوو. یان لەبەر ئەوەی ئەوەندە قیت راوەستا بوو، جامانەکەی سەری، خۆی لە گەڵا گەرمابردڵەکان دەخشاند. لەبەر خۆمەوە گوتم "خۆزگەم بە خۆی!"

هەڵبەت نازانم بۆ وام گوت. ئاخر منیش زۆر بە ئاسانی دەمتوانی بچم و لە ژێر یەکێک لە درەختەکانی راستەشەقامەکەدا راوەستم و فێڵ لە هەتاو و لە گەرما بکەم، بەڵام وام نەکرد، من قەت وام نەدەکرد، بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە من هیچ کاتێک نەچووم لە ژێر سێبەرێکدا راوەستم. من هەمیشە دەڕۆیشتم و، هەمیشە خەریکی پەڕینەوە بووم!

دەنگی هاواری جگەرە فرۆش، شەربەت فرۆش، خاوەنی قرتاڵە ترێکان و کەبابچییەکان پەڕینەوەکەمیان تەنیبوو. هەموو شتێ وەک ساڵان بوو. شار لە دووپاتبوونەوەیەکی سەیردا درێژەی بە ژیان دەدا. منیش چەندە ئاوێتەی ئەم تیکرارە بووم، هەر بەو رادەیە بێزار لێی. شتێک لە دەروونەوە پێی دەگوتم ئەم ساڵانە تێدەپەڕن و دووپات نابنەوە. هەڵبەت ئەمەیش لە زیرەکی خۆمەوە نەدەهات، ئەمەم لە کتێبەکانەوە بیستبوو. بۆ یەکەم جار لەوانەوە فێرببووم بیر لە کات بکەمەوە. ئەو کتێبانەی زۆر بێڕەحمانە لە تەمەنێکی هەرە زووەوە منیان فێری بیرکردنەوەی پیرانە کرد.

بەڵام نا، شار و شەقامەکەی وەک ساڵان نەمابوون. شتێک تیایا گۆڕابوو. شتێک کە هەموو رۆژێک بۆ منێک کە بە پەڕینەوەی شەقام راهاتبووم، بەردەوام دووپات دەبووە وە و دەبینرا و دەبینرایەوە. راستییەکەی ئەوە بوو ماویەک بوو تۆیۆتا لەند کڕۆزێرەکان کە مرۆڤە ریشنە جل بەڵەک و خۆڵەمێشییەکان لێیان دەخوڕین، زۆر بە خێرایی بە بێ ئەوەی بیر لە خەڵکی بکەنەوە بە شەقامدا بە خێراییەکی سەیر شۆڕدەبوونەوە. دەنگی هاڕەی مۆتۆڕە بەهێزەکانیان و جیڕەی تەگەرەکانیان مێشکی کاس دەکرد و، خەڵکی بەرەو شۆستەکان هەڵادەبڕی. ئەوان ناوە ناوە پەیدا دەبوونەوە و هەر جارەیش هەمان چیرۆک دووپات دەبووەوە. نە ئەوان لەو شێوە لێخوڕینە ماندوو دەبوون و، نە خەڵکیش وازیان لە جادە دەهێنا.

پەڕینەوەکەی منیش لە پەڕینەوەی ساڵان نەدەچوو.

لەبەر خۆمەوە گوتم باشە ئەوە بۆ ئاوا بە بێدەنگی و بە بێ جوڵە لەوێ راوەستاوە و، تەسبێح دەسووڕێنێ؟... چاوەڕوانی کێیە؟... بیر لە کێ دەکاتەوە؟ نیگام تیژکردەوە بۆ ئەوەی لە سیمایدا بیخوێنمەوە، بەڵام خەیاڵ دەرفەتی نەدەدا. دەمناسی. هەمیشە حەزی بە لەبەرکردنی کەواوپانتۆڵێکی رەش، جامانە و جووتێ کڵاشی هەورامی بوو. چەند قیتیش دەڕۆیی!

سەرنجم چووە سەر قرتاڵەیەک، لێواورێژی بۆڵە ترێ رەشەکان. باوکێک لەگەڵ کورە مێردمنداڵەکەی، لەگەڵ ئەو مشتەرییەی هەڵتروشکابوو و خەریکی مامەڵە کردن بوو لە گەڵیاندا. بۆڵەکان دەبریسکانەوە. تیشکی هەتاو لە ناو هەر دنکێکیاندا خۆی دەنواند. ترێ باسی پاییزی دەکرد، سەرەتای پاییز،... ئەگەرچی هێشتا دونیا گەرم بوو. ئاگام لێبوو حەماڵێک بە گارییەکەیەوە لەبەردەمی درەختەکەدا راوەستا و کەوتە دووان لەگەڵی. بێگومان پرسیاری ئادرەسێکی لێدەکرد. وابوو! ئەویش بە دەست ئاماژەی بە یەکێک لە دووکانەکان دا. کۆمەڵێک چۆلەکە لەناو چڵ و پۆپی درەختەکەدا لەگەمەدا بوون. دنیایەکی بێ بای پڕ لەسرەوت. کە لە ئادرەسدان بووەوە دیسان کەوتەوە هەڵسووڕاندنی تەسبێحەکەی.

کە گەیشتمە سەر پیادەڕۆکە، بەتووش هاوڕێیەکەوە بووم. سڵاو و چاک و چۆنیمان کرد. لەو هاوڕێیانەی هەمیشە دەتوانی لە شەقام بە تووشیانەوە بیت. جانتایەکی بەشانەوە بوو و دەچوو بۆ وەرزش. وتی نایەی. وتم ئەمڕۆ نا. وتی قەت بۆ وەرزش کردن زیرەک نەبووی. ملێکم خوارکردەوە. نیگام زۆرتر لەسەر درەختەکە بوو. بە بزەوە لای کردەوە و پاشان وتی پێم وابوو چاوت بە کچێکی جوان کەوتووە، ئەوە لە کوێ دەڕوانی؟ پاش کەمێک وتم لەو درەختە. دیسان لایکردەوە. بە تەوسەوە وتی ئەها لە کاک 'دارا'ی بەڕێز دەروانی! ئەو هەمیشە ئەم دەمانە لەوێ رادەوەستێ. بیرم کردەوە سەعات چواری دووانیوەڕۆ. وتی ئەویش سەیرە بەو جل و بەرگەو و بەو شێوازی راوەستانەوە، ئەویش لەم سەردەمەدا! ویستم بڵێم بۆ، بەڵام نەمگوت. وەک بڵێی لە مەبەستەکەی دەگەیشتم. کە تێیشی دەگەیشتم! هەندێ قسە کە دەکرێن دەڵێی لەمێژە بیستوومانە. لەم بیرانەدا بووم کە وتی هەڵبەت زۆریش سەیرنیە، دەڵێن تێکچووە! وتم تێکچووە؟ وتی مەگەر نەبیستووە؟ ئەو بنەماڵەیە رەگێکی شێتیان تیایە و لە تەمەنێک دا کتوپڕ باڵاخانەکەیان دەدەن بە کرێ! وتم وە تۆیش دڵنیای کە ئەو رۆژە هاتووە! ئەو وەڵامی نەدامەوە و درێژەی بە قسەکانی دایەوە و وتی جگە لەمە ئەم برادەرە ئاشقیش بووە،... هە هە هە... ئاشق! وتم دەی قەیچێکە مەگەر ناتوانێ ببێ؟ وتی دەتوانێ، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە دەبێ ئاشقی کێ بیت! من کە دەمویست سەرتاپای چیرۆکەکەی لێ بپرسم ئەو گوتی کە درەنگیەتی و دەبێ بڕوات. ماڵئاوایی کرد و دوورکەوتەوە. من لە شوێنی خۆم راوەستام و لە دیمەنەکە رامامەوە. لەخۆم پرسی کە بەو حسێبە ئەمە کاری دوێنێ و ئەمڕۆی نیە و دەبێ ماوەیەکی چاک بێت لەوێ لەژێر ئەو درەختەدا رادەوەستێ، باشە بۆ نەمبینیبوو؟

دەنگی دەنگی ناو شەقام دیسان سەرنجی قۆستمەوە. منداڵێک بە چاوی فرمێسکاوی دەست لە ناو دەستی باوکە تووڕەکەی تێپەڕین. پیاوێک لەو بەرەوە جرتی لێدەدا و بە کەسێک بە دەنگی بەرز پێدەکەنی. پیاوێکی پیر، دەمنەکەی بە با دەکرد و چڕەدووکەڵێکی سەیری دروست کردبوو. دووکاندارێک بە مڕومۆچی دەستە پارەکەی ناو مشتی دەژمارد و مشتەرییەکەیشی بە وردی لێی دەڕوانی. عەسرێکی پاییزی بە تەواوی بوونی خۆیەوە بەردەوام خۆی دەخەمڵاند.

لەبەر سەکۆی دووکانێک دانیشتم و کەوتمە بیرکردنەوە. زانیم کە بەوە نیە هەموو رۆژێک لە شوێنێکەوە و تێپەڕی و پێت وابێ بە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ئاشنایت. چاو و نیگا، لە زۆر شت غافڵن. پێکەنینم بە خۆم هات. من تازە یەکێک لە گرینگترین خەسڵەتەکانی ژیانم دەدۆزییەوە. رەنگە جوڵە، هۆکاری ئەم درەنگ زانینە بێت.

لەم بیرانەدا بووم کتوپڕ دیسان سەروسەکوتی لەندکرۆزێرە شێتەکان پەیدا بوونەوە. یەک بوو. ئاگام لێبوو لە سەرەوە دەرکەوت و بەرەو خواری جادەکە ئاژوت. وەک هەمیشە بەپەلە و بە بۆق لێدان. بە تورمزگرتنە شێتانەکانی. بە بادانی شێتانە و کتوپڕی فەرمان بە مەبەستی دۆزینەوەی نزیکترین و خێراترین رێگا بە ناو رێبواران و داشقە و دەگمەن سەیارەکانی تردا. بیستبووم کە شۆفیرە خۆڵەمێشی پۆشەکانیان وەڕەزبوون لەم شارە و لە خەڵکەکەی. گوتبوویان خەڵکەکەی ناتوانن جیاوازیی لە نێوان شەقام و شوستە دابنێن. بە تایبەت ئەو کاتانەی لە شوێنێک لە دەورووبەری شار دەبوو بە شەڕ و تەرم و بریندارەکان بۆ بیمارستان رادەگوێزران، ئیتر ئەوان بێ پەرواتر دەبوون. لەم رۆژانەدا خۆدەربازکردن لە دەستیان ئاسان نەبوو. گارییەکان ئەمجارە هەوڵیان دەدا دوو تەگەریان لەسەر شۆستەکە و دووی تریان لەسەر جادەکە بێت. بە خاوەنەکانیانەوە لە پاڵیاندا، دانیشتوو لە سەر لێواری جۆگەلەکان بە دوو قاچی شۆڕ بە ناویدا. ئیتر ئەم سەر تا ئەو سەری شەقام تەنیا لە تۆیۆتا شێتەکانیان دەڕوانی.

لەندکڕۆزێرەکە نزیک کەوتەوە. بەدەمییەوە، شۆستە لە جادە قەرەباڵغتر هەڵدەگەڕا. کاتێک کلاجی دەگرت و گازی دەدا هاڕەی مۆتۆڕی ماشینەکە دار و دیواری دەلەراندەوە. دڵ دادەهێزرا. کە گەییە بەردەمی من ئاگام لە جوێندانەکانی بوو. جادە، بەردەوام زیاتر رێگای بۆ دەکردەوە. ئەوەندەی پێنەچوو گەیشتە نزیک درەختەکە بە مرۆڤە تەسبێح بەدەستەکی بنیەوە. ئەوەی کە چۆن چۆنی ئەوی چاوەڕوان لەگەڵ ئەم دیمەنە بەرەوڕوو دەبووەوە، بۆم جێگای سەرنج بوو. بینیم ئەو هەروا راوەستابوو، بە بێ هیچ چەشنە جووڵەیەکی تایبەت. بگرە قیت تر و هەڵکشاوتر. وەک بڵێی دەیویست باشتر بزانێ چ باسە. رێک لەبەردەمیدا چاڵێکی خراپ لە جادەکەدا بوو. ماشینەکان هەمیشە خۆیان لێدەبوارد. ئەگەرچی لە جۆری ئەو سەیارەی وا تێدەپەڕی، کەمتر خۆیان لادەدا و خەڵکی دەیانگوت هی ئەوەیە کابرای شۆفیر خۆی پارەکەی نادا تا خەمی ماشینەکەی بێت. وەک بڵێی زرمەی کەوتنە ناو چاڵەکەی تەگەرەکەنیش بەشێک لە رەوتی ترساندنی خەڵکی شەقام بوو. لە پشت درەختەکەوە ئاگام لێبوو پیرەپیاوێک بە گۆچانەکەیەوە لایکردەوە و بە چاویلکە شووشە درشتەکانی لە سەرجادەی رووانی.

تۆیۆتاکە تەواو نزیک کەوتەوە. حەشیمەتی کشاوەی سەر پیادڕۆکان وەک هەمیشە چاوەڕوانی کۆتایی پەڕینەوەکە بوون، بۆ ئەوەی لەدووای تێپەڕینی سەیارەکە بگەڕێنەوە سەر شوێنە هەمیشەییەکانی خۆیان. ئەمجارە تۆیۆتاکە لەجیاتی ئەوەی خۆ بە ناو چاڵەکەدا بکێشێ و پاش دەنگی زرمەیەکی گەورە تێپەڕێ و خۆی بگەیەنێتە مەیدانەکە کە تەنیا پەنجا مەترێک دوور بوو، هەوڵیدا خۆی لە چاڵەکە بپارێزێ. یان رەنگە لە دەستوبردی نێوان کلاج گرتن و فشار دانی پێداڵی گازەگە و تورمزگرتندا سەری لێشێوا، یان رەنگە کتوپڕ دیمەنی ئەو کوڕە قیت و قۆزە بە کەواو پانتۆڵ و جامانە و تەسبێحی قەزوانەوە کە مێشێکیشی میوان نەبوو سەرنجی راکێشابێ، نازانم، کە لەناکاو لووتی ماشینەکە رێک بەرەو درەختەکە رۆیشت.

وە هەموو شتێک چەند خێرا روویدا. گوێم لێبوو کاتێک لووتی لەندکڕۆزێرەکە لە درەختەکەی وشاند و قەدە نە زۆر ئەستوورەکەی شکاند و بە پشتیدا خست، دەنگی وەبەرکەوتنەکەیان نەرم بوو، نەرم وەک جەستەی مرۆڤێک، مرۆڤیک لە چەشنی مرۆڤێکی چاوەڕوان لە ژێر درەختێکی پاییزی لە قەراغ جادەی شارۆچکەیەکی سەر سنووردا.

من لەگەڵ ئەوەی دەزانم چی بەسەر کەواوپانتۆڵە جامانە بەسەرەکەدا هات، بەڵام بەڕاستی نازانم چۆن بەسەریدا هات. نازانم چۆن بوو کەوتە نێوان تۆیۆتاکە و درەختەکەوە. نازانم بۆ هەمیشە ئەو درەختە.

ئاپۆرای خەڵک هەموو دیمەنەکەی لێ ونکردم. رەنگە تەنیا کەسێک کە ئەو رۆژە لەو شەقامە بەرەو شوێنی رووداوەکە هەڵنەهاتبێ، من بووبم. رەنگە تەنیا منیش بووبێتم کە دەمزانی ئەو جۆرە هەڵاتنانە ئیتر بێسوودە و مرۆڤی ئاقڵ دەبێ لە جێی خۆی بمێنێتەوە و جارێکی و رەنگە دەیان و سەدان جاری تر لە پاش ساڵانی ساڵ گشتی رووداوەکە لە زەین و لە خەیاڵی خۆیدا بەسەربکاتەوە.

رەنگە رۆژێک بگاتە ئەنجام.

Image result for human under the tree kunst