چیرۆک

مردووی سەرگەردان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

راستییەکەی ئەوە بوو کاتێک سەرحەت تەمەنی هەڵکشا و لە بیستەکاندا بوو، رۆژیک لە کاتێکدا لە هەمان کۆڵانی هەمیشەییەوە بەرەو ماڵەوە، پێکەوە لەگەڵ سەرحەو، سەرحە، سەرە و،... بە بێدەنگی و بە بێ درکاندنی یەک وشە لەگەڵ یەکتر دەگەڕانەوە، کتوپڕ باڵندەیەکی رەشی گەورە لە ئاسمانەوە دابەزیبوو.

 

مردووی سەرگەردان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

'سەرحەت' پێش ئەوەی بمرێ، هەموو شتەکانی، کە زۆریش نەبوون، بە رێک و پێکی لە ژوورەکەی خۆی داینان: وێنەکەی لەسەر گۆشەی تاقەکە دانا، رادیۆ و زەبتەکەی لە گۆشەی تەنیشت پەنجەرەکە، کتێبەکانی لە ناو رەفەی کومێدە بچووکەکە و جل و بەرگەکانی بە قەدی جلگیرەکەدا. دووای ئەوەیش کە مرد، بە دوو سێ هەفتەیەک دوواتر دیسان گەڕایەوە و بە وردی و بۆ دڵنیایی لەوەی کە کەس دەستی لێ نەداون، بەسەریکردنەوە. کە بینی وەک خۆیان ماون، خۆشحاڵ دیسان لە دەرگاکە چووەوە دەرەوە و بەرەو ئەو شوێنەی مردن لەگەڵ خۆی بردبووی، هەنگاوە هەورینەکانی هەڵگرتەوە. ئەو هەنگاوانەی زەوینیان نەدەگرت و بەڵام هەستی مردووانە رەقییەکەی رادەگواست بۆ ناو جەستەی مردووی. سەرحەت، سەرنجی نەدایە دۆخی پڕ لە ماتەمینی ماڵ و بێ خەیاڵ بەلایدا تێپەڕی.

سەرحەت ئەوەتەی لەبیری دێ، کوڕێکی بەنەزم و بەدیسیپلین بووە و هەمیشە حەزی کردووە شت لەو شوێنەی بێت وا شوێنیەتی. ئەم عادەتە بە مردووییش وازی لێ ناهێنێ.

دڵنیا و خەنی بەرەو دەروازە هەمیشەییەکە رۆیشت، بەڵام تا نەگەیشتێ و هەنگاوی نەنایە ناو کۆڵانەوە، نەیزانی چ فیت و بەزمێكی بە خۆی کردووە. هەرچی بیری کردەوە نەیزانی بۆ کوێ دەبێ بڕوا! هەرچی خۆی گووشی و مێشکی هەورینی پێچ و لوول دا و بە پەنجەی ئاماژە بە سەری خۆیدا کێشا، هەر نەهاتەوە بیری.

سەرحەت، سەری لێ شێوابوو. تازە نە رێی ماڵەوەی هەبوو و نە رێی مەنزڵی تازەی. ببوو بە مردوویەکی سەرگەردان. لەو مردووانەی لەنێوان گۆڕستان و ماڵەوە لە شوێنێک وەیلانن. ئەوانەی کە دەڵێن دەبن بە رۆح و، لە کەلێن و لە قوژبنە تاریک و تەریکەکاندا دەژین. ئەو رۆحانەی جاری وایە سەر بە شوێن ژیانی زیندووەکاندا دەکەن.

دەبا فێڵێکی بکردایە، ئەگینا بەرگەی ئەم سەرگەردانیەی نەدەگرت و دەفەوتا. ئەو کە حەزی بەوە نەبوو ببێ بە رۆح، هەوڵی دا بیر لەو شتانە بکاتەوە وا بە کاتی زیندوویی بیری لێکردبوونەوە. ئەو شتانەی زیاتر لە هەر شتێکی تر لە کاتی ژیانیدا، مەشغەڵەی زەینی بوون و نیشانە سەرەکییەکانی زیندووبوونی ئەویان سەلماندبوو. لای خۆی پێی وابوو ئەمە دیسان سەرلەنوێ دەیباتەوە رۆژی مردنەکە و ئیتر لەوێوە رێگاکە دەدۆزێتەوە.

دەستی کرد بە بیرکردنەوە. بیری چووە سەر چەندین شت، بەڵام لە ناو هەموویاندا بیرکردنەوە لە ناوەکەی خۆی 'سەرحەت'ی هەڵبژارد. لەبیری دێ هیچ شتێک بەقەد ئەم ناوە ئەوی بە ژیانەوە نەدەبەستەوە و بیر و زەینی ئەوی بە خۆیەوە مەشغوڵ نەکردبوو،... بگرە بە درێژایی تەمەنی کە تەمەنێکی کەمیش نەبوو.

سەرحەت لە راستیدا ناوەکەی 'سەرحەد' بوو، بەڵام لە لای زۆر کەس، ئەم پێی وایە بەهۆی لەهجەی تایبەتی زمانی کوردی، دالەکە خۆبەخۆ دەبوو بە 'ت' و هەر بۆیە سەرحەد دەبوو بە سەرحەت. دیارە دوواتر کە سەیری زمانی فارسیشی کردبوو، دیتبووی لە ناو ئەوانیشدا ئەم جۆرە گۆڕینانە بەگوێرەی مەنتقی فۆنۆتیکی زمان هەبوو. بۆیە زۆر خەفەتی لێنەخوارد و وەک راستییەکی تاڵی ژیان وەریگرت.

ئیتر لەهەموو شوێنێ بانگیان لێدەکرد سەرحەت! "کاک سەرحەت زەحمەت نەبێ!،... کاک سەرحەت رای تۆ چییە؟... سەرحەت گیان ئەرێ بۆ ئەوەندە درەنگ دێیتەوە؟..." زۆر رستەی تریش. هەڵبەت شتەکە هەر بەمە رانەدەوەستا و خەڵکی بە شێوازی جۆراوجۆر ناوەکەیان دەگۆڕی. بۆ وێنە تەنەکەچییەکەی راستەبازاڕەکە پێی دەگوت سەرحەو! نەنکی و باوەگەورەی پێیان دەگوت سەرحە. دراوسێکەشیان کە بنەماڵەیەکی یەکجار خوێن شیرین و رەزاسووک بوون پێیان دەگوت سەرە. باشییەکەی ئەوە بوو سەرحەت، یاخود سەرحەو، سەرحە یان سەرە قەت خۆی لێ نەدەگۆڕا و بەهەر کام لەم ناوانە بانگیان بکردایە، لایدەکردەوە و زۆر بە ئیحترام و بە رێزەوە وەڵامی دەدانەوە. سەرحەت تەنیا لە قوتابخانە بە رێکی گوێی لە ناوی خۆی دەبوو، ئەویش کاتێک مامۆستا فارسەکەی بانگی لێدەکرد. وە چەندەیش سەرحەد لە زمانی ئەوەوە ناسک و لە جۆرێکی تر بوو!

ـ "سرحد جان! تختەسیاە رو تمیز کن!"

لەبیری دێ سەرحەتیش چەند بەپەلە دەیسڕییەوە.

هەرچەند دوواساڵەکانی تەمەنی کتوپڕ بەو ئاکامە گەیشتبوو کە ناسکی، خەسڵەتی سەرەکی زمان نیە و سەرحەت یش بەقەد سەرحەد خۆش دەهاتە گوێ و چ عەیبی نەبوو. لای ئەو سەرحەت لە بەستێنی شێوازی زمانی کوردیدا بەقەد سەرحەد لە فارسی دا خۆش ئاواز دەهاتە گوێ. دەیگوت خۆشی لەراهاتندایە نەک لە لاسایی کردنەوەدا.

سەرحەت خۆشحاڵ بوو لەوەی تەمەنێک ژیابوو کە تێیدا بەجۆرەها شێوە ناویان گۆڕیبوو بە بێ ئەوەی ئەم خۆی لێ بگۆڕێ. شایی بەخۆیدا دەهاتەوە. خۆی زیرەک دەهاتە بەرچاو، بگرە کەمێکیش بەشانس بوو. ئاخر، کەم ناو دەست دەکەوێ ئەوەندە بە شێوازی جۆراوجۆر بگۆڕدرێ. ئەو جاری وابوو خۆی وەک چەندین کەس دەهاتە بەرچاو. چەندین کەسایەتی جۆربەجۆر. ئەو کاتێ بە کۆڵاندا بەرەو ماڵەوە تێدەپەڕی هەستی دەکرد کۆمەڵێک کەسن پێکەوە هەنگاو هەڵدەگرن بە بێ ئەوەی بۆ یەک جاریش لە ژیانیاندا یەکتریان دوواندبێ.

ئێوارە بوو و کاتی گەڕانەوەی خەڵکی بۆ ماڵەوە. شەقام قەرەباڵغ دەینواند. سەرحەت لە دوورەوە کوڕەکەی بینی کە وەک هەمیشە بە جل و بەرگی رەش و چڵکن بە رۆن و رەشایی ماشین دەگەڕایەوە. کوڕەکەی بەلایدا تێپەڕی، دەرگاکەی کردەوە و چووە ژوورەوە. سیمای خەمی لێدەباری. سەرحەت زانی هێشتا لە خەمی مردنی باوکی دایە و بۆیە ئەوەندە کز و مەلوول و هەناسەسوار دەهاتەبەرچاو. خەمێک، وەک یەکەم خەمی دووای مردن، نیشتە دڵییەوە و زۆر بەزەیی بە کوڕەکەیدا هاتەوە. ویستی بە شوێنی دا بڕوا و پێی بڵێ کە یەکجار ئەوەندەیش نەمردووە و ئەوە نیە گەڕاوەتەوە، بەڵام هەرچی کرد دەستی شانی کوڕەکەی نەگرت و بۆیە دۆش داماو راوستا و سەیری دوورکەوتنەوەی کوڕە ماتەمبارەکەی کرد کە ئێستاکە بە سەر پلیکانەکاندا سەرکەوت و چووە ژوورەوە.

سەرحەت پاڵی بە دیواری تەنیشت دەرگاکەوە نا و هەستی کرد چۆکی دەلەرزێ. تا کتوپڕ بیری کەوتەوە کە پێش ئەوەی شەو بە تەواوی بگات دەبێ شوێنی مەنزڵی نوێی خۆی بیربکەوێتەوە و بیدۆزێتەوە. پاش کەمێک هێنان و بردنی بیری پرێشانی، دیسان بیری بەزمی ناوەکەی خۆی کەوتەوە.

سەرحەت هاتەوە بیری کە بۆ یەکەم جار کاتێک زانی سەرحەت بە مانای سنوور دەهات، لەتەمەنی مێرمنداڵیدا بوو. کە لە قوتابخانە لە ریزی مانای وشەکاندا، لە سەر لاپەڕەی کتێبەکە نووسرابوو "سرحد: مرز"، بە بینینی یەک بەخۆی داچڵەکابوو و بە قووڵی کەوتبووە بیرەوە. کەواتە ئەو شوێنی دابڕکردنی دوو شوێن بوو. جا چ بە 'ت' ێوە یان بە 'د' ێوە. ئەمە پەرێشانی کردبوو. شەو لە ماڵەوە، پاش هێنان و بەرەیەکی زۆر، سەرئەنجام لە باوکی پرسیبوو بۆچی وەها ناوێکیان لێناوە، باوکی لە وەڵامدا بە مۆڕەکەوە وتبووی "جا ئەمە پرسیاری بۆچییە،... ناو ناوە! هەموو کەس ناوێکی هەیە." ناو ناوە! سەرحەت لەبەر دەرگادا ئەم رستەیەی باوکی لەپاش ساڵانی ساڵ، چەندین بار لەبەر خۆیەوە گوتەوە. بەڵام سەیر ئەوە بوو کە یەک دوو مانگێک دووای ئەوە، ئەوەیشی زانی کە شارەکەیان شارێکی سنوورییە و لە راستیدا لە مەرز یەکجار نزیکن. نازانێ بۆ، بەڵام لە دەروونەوە دەنگێک پێی گوت "لە نێوان ئەو سنوورە و سەرحەت دا رازێکی نهێنی هەیە!" ئیتر لەو رۆژە سەرحەت هەوڵیدا ئەو رازە لای کەس باس نەکا وا خۆیشی هێشتا نەیدەزانی چییە. بە قایمی و بە جوانی لە دلی خۆیدا رایگرت هەتا ئەو رۆژی زانی رازەکە چییە.

راستییەکەی ئەوە بوو کاتێک سەرحەت تەمەنی هەڵکشا و لە بیستەکاندا بوو، رۆژیک لە کاتێکدا لە هەمان کۆڵانی هەمیشەییەوە بەرەو ماڵەوە، پێکەوە لەگەڵ سەرحەو، سەرحە، سەرە و،... بە بێدەنگی و بە بێ درکاندنی یەک وشە لەگەڵ یەکتر دەگەڕانەوە، کتوپڕ باڵندەیەکی رەشی گەورە لە ئاسمانەوە دابەزیبوو، بە چنگە بەهێزەکانی هەر دوو شانی گرتبوو و بە بەزییانە رفاندبووی. سەرحەت کەوتبووە پەلەقاژە و هاوارهاواری خۆدەربازکردن، بەڵام نە سەرحەو فریای کەوتبوو نە سەرحە و نە سەرەو...، نە یەک دراوسێی نەگبەتیش کە هەر هەموویان لە ژوورەوە خەریکی خۆ ئامادەکردن بۆ خواردنی نانی شەو بوون.

باڵندەکە بردبووی و بردبووی،... هەتا سنوور. سەرحەت لە ژێر خۆیەوە چاوی بە لێڕەوار و کێو و شاخە لێڵ و تاریکەکان کەوتبوو. ئەو چەمەیشی بینیبوو کە ئاوەکەی دەڕژایە ئەو دیوی سەرحەتەوە. باڵندەکە هەر کە گەیشتبووە ئەو دیو سەرحەت، لەسەر تاشەبەردێکی زل داینابوو، بەڕەڵای کردبوو و بۆخۆی دیسان بەرەو شوێنی سەرەتای خۆی گەڕابووەوە. ئەو شوێنەی سەرحەت دوواتر ناوی لێنابوو 'نیشتمان'.

سەرحەت سەرەتا وڕ و گێژ لەسەر تاشەبەردەکە تا رۆژی دوواتر مابووەوە. هەتا بەیانی لەسەرمادا هەڵلەرزیبوو. پاشان لەگەڵ هەڵاتنی هەتاو، کار و پیشەی بوو بە بینینەوەی ئەو رێگایەی ئەوی دەگەڕاندەوە بۆ ماڵەوە. ئەمە زۆریش ئاسان نەبوو، چونکە سەرحەت شوێنێک نەبوو سەرحەت بتوانێ لەسەر خاک بیدۆزێتەوە. بەناچار کەوتبووە پرسیارکردن لەهەر کەسێک دەیگەیشتێ. تا سەرئەنجام یەکێک گوتبووی "بەرەو رۆژهەڵات بڕۆ!" ئەویش بەرەو ئەوێ هەنگاوی هەڵگرتبوو. سەرحەت ئەگەرچی رێگاکەی دۆزیبووەوە، بەڵام گەڕانەوەکەی ساڵانی سالی خایاندبوو. ئەوەی ئەو باڵندە رەشە زەلامە بە چەند چرکەیەک کردبووی، ئەم دەبا بە ساڵانی ساڵ بیکردایە. هەروەها سەرحەت زانی کە هەندێ رستە بە پێچەوانەی کورت بوونیان، بەڵام بەقەدەر مێژوو درێژن.

بەخت یاری بوو و گەڕابووەوە ماڵ. گەڕابووەوە هەمان کۆڵان و هەمان شەقام، ئەگەرچی تازە نە دایکی لە ژیاندا مابوو و نە باوکی، ئەگەرچی زۆربەی دراوسێکان و دووکاندارەکانی راستە شەقامەکە، بە تەنەکەچییەکەیشەوە، مردبوون،... ئەگەرچی هێشتا سەرحەو، سەرحە و سەرە و... هەر لەو کۆڵانە مابوون و بە بێ ئەو لەو سالەوە رێگای ماڵەوەیان نەدۆزیبووەوە!

***

لە ژوورەوە دەنگی کاسە و کەوچک دەهاتە گوێ، لەگەڵ دەنگی منداڵەکان کە لەسەر شتێک دەمەقاڵەیان بوو. سەرحەت، بزەیەکی هاتێ. ئیستا رێگاکەی دۆزیبووەوە. "بەرەو رۆژئاوا!" ئەو شوێنەی هەموو شتێک دادەچێ. ئەو شتانەی پێش داچوون سەرەتا زەرد هەڵدەگەڕێن، پاشان لەچاو ون دەبن.

رێگاکە لە راستیدا چەند ئاسان بوو. سەرەحەت وەک هەمیشە سەری لە گێژیەتی خۆی وڕدەمێنێ.

 Image result for dødens retur kunst