چیرۆک

مار

ڕەحمان سۆفی

قسەکانی ھاوڕێ تەواو دەبێ، ئەمجار نۆبەی قسەی خوشکه ھاوڕێيه، دەڵێ «باوەڕناکەم لەم نێوه مار ھەبێ بۆی ھەيه مارمێلکەت ديبێ وا دەزانی ماره!» دوای ئەو ھاوڕێی پرسگه وەدەنگ دێ و دەڵێ «به چاوی خۆت ديت، دڵنيای مار بوو؟ کوڕه مار نەبووه، داخوا چی بووه خشەی ھاتوه پێتوايه ماره، دەنا کوا مار؟»

 

 

مار

ڕەحمان سۆفی

دەڵێم «مار دەبينم.»

ھاوڕێ دەڵێ «نا بابه مار نييه، ڕەنگه سەرمازەڵه بێ.»

خوشکه ھاوڕێش دەڵێ "کوڕه مار نييه، بەڵام لەم نێوەدا مارمێلکە زۆره."

ھاوڕێی پرسگه ھەڵئەداتێ و دەڵێ «ماری چی، کوڕه چاوت ڕەشکه و پێشکه دەکا، يان خشەی پێی خۆته لێت دەبێته مار، دەنا کوا مار، ئەی بۆ ئێمه نايبينين!»

ھاوڕێکەم له نشينگەێک دەژی، له نێوان ھەولێر و کۆيه. نشينگه له دەشتێکدا ھەڵکەوتووه. ئەو خانووەی تێيدا دەژی ھەمووی به چيمەنتۆ داڕێژراوه. به ڕۆژدا ئەوەنده گەرم دەبێ، مرۆڤ کاس و وڕدەکا.

زۆر بير له گەرما و سەرما ناکەمەوه. بير و ھۆشم زۆرتر دەڕوا بۆ لای بژوێنی و چڕ و پڕی گژوگيا و سەوزەڵانی پڕگوڵی دەور و بەری خانەکه. به  ڕۆژدا جانەوەری سەير دەبينم. مار و مێروو، مارمێلکه، سەرمازڵه، کوله، قربۆق، زەردەواڵه، مێش و مەگەس. به شەويشدا مێشه کوێره، دووپشک، قالۆنچه، پەپووله. له ھەمووش سەيرتر ئەوەيه، کە ھاوڕێ سەگێکی له نزيک ماڵەکەی بەستووەتەوه.

ھاوڕێ دەڕوا بەلای کاری خۆيەوه. منيش به تەنيا له ژوورێ دەمێنمەوه. له تەنيايی وەڕەزم، خۆم به خوێندنەوەی گۆڤار، ڕۆژنامه و کتێبەوه خەريک دەکەم له خوێندنەوەش وەڕەز دەبم. دەمەوێ بچمەدەرێ، و له نێو ئەو گژوگيا و مێرگەدا بڕێک پياسه بکەم. بەڵام له گەڵ من دەبزوم سەگە بۆر شێت و ھار دەبێ و ھاف، ھاف، ھەف، دەوەڕێ. دەيکاته چەق و لوور. ئەونده دەوەڕێ تا ماندوو دەبێ. بێدەنگ دەبێ، دوای ماوەێکی کورت، ديسانەوه دەوەڕێ و دەمڕێنی. له ترسی گۆڵه بۆر دائەنيشمەوه. ماوەێکی ديکەش تامڵ دەگرم، بەڵام ئەونده تەنگاو دەبم، ئيدی خۆم پێڕاناگيرێ. بەناچار هەڵدەستم و به ئەسپايی له ژوورەکه دەردەکەوم. دەڕۆم بۆلای بەلۆعەی ئاوەکه. گۆڵەبۆر ھەميسان دەيکاتەوه چەق و لوور و ھاف، ھاف، ھەف. خۆی ڕادەپسکێنێ دەیەوەێ له دەست ئەو پەت و زنجيره ڕزگار بێ ھاشاوڵ دێنێ و دێته پێشەوه. پەتەکه لەملی توندەبێ. چەن ھەنگاو دەکشێتەوه، دێسان تەکان له خۆی ئەدا، بەڵام ھەر چەن دەکا پەتەکەی بۆ ناپسێ. منيش بێترس له گۆڵەبۆر ئافتاوه پلاستيەکە پڕ دەکەم له ئاو و دەچم بۆ ئاودەستەکه. کاری دەسبەئاو ئەنجام ئەدەم و دەگەڕێمەوه. ئەم جار نە گۆڵەبۆر دەوەڕێ و نە منيش لێی دەترسم. ئەو لەگەڵ من ڕاھاتووه، منيش زاتم لەو شکاوه.

دەگەڕێمەوه بۆ ژوورەکه. نزيک دەبمەوه له درگاکه، خشه خشێک وەھەستم دێنێ. دەڕوانمه دەورو بەری خۆم. چ ببينم مارێکی ڕەش. پێچ له خۆی ئەدا و قەف، قەف دەبێ، ڕاست دەبێتەوه و لوول دەبێ و دەخشێ. بە ديتنی ئەوماره ڕەشه، نيوه گيان دەبم. ھەناسه ھەڵکێشانم گران دەبێ. دڵم دەکەوێته دڵەکوتێ. بێ ھەست دەبم. مار ملی ھەڵدێنێ و دەھاژێ و دەھوشێنێ. ڕوو لەلای من دەکا. وا ھەست دەکەم دەیەوێ ئامبازم بێ، بەڵام له پڕدا دوو سێ قەف لەخۆی ئەدا و ڕاست و لار دەبێ و زۆر به خێرايی دەخزێ و دەڕوا، له نێو گژوگياکەدا ون دەبێ کەمێک دێمەوه سەرخۆ. دەڕوانمه چوار دەورم. پاشان خۆم دەکەم به ژوورەکەدا. دەچمه لای دەسته نوێنەکه و دائەنيشم و پاڵ ئەدەمەوه. بەخۆم نييه دەستم دەڕوا بۆ پاکەته سيگارەکە، سيگارێک دائەگرسێنم و به ئارەزوو، چەن مژی لەئەدەم، دوکەڵ به بادەکەم. لەو دەمەدا ھاوڕێ دێتەوه. بانگ دەکا «ھاوڕێ له ماڵی؟ ھەسته با بڕۆين بۆ سەرێ نانی بخۆی!» ھەڵدەستم و لەگەڵی وەڕێ دەکەوم بەرەو سەرێ.

کەوڵی نانی ڕاده خرێ. چوار پێنج کەس له دەوری کۆدەبينەوه. نان و چێشت ئاماده فەرموون با سارد نەبێتەوه. ژەمەنان دخورێ و خوان لادەبرێ. دانيشتوين و چاوەڕێين چاييمان بۆ بێنن. سيگارێک دائەگرسێنم، مژێکی لێ ئەدەم و دەڵێم «ھاوڕێيان لە نزیک ماڵەکە مار هەیە.» ھاوڕێيان دەڕواننە يەکدی. سەرم بەر ئەدەمەوە، چەن چرکه بێ دەنگی فەزای ژوورەکه داگرێ دەکا. پاشان ھاوڕێی بەماناوه دەڕوانێته من و دەڵێ «باوەڕناکەم لەم نێوەدا مار هەبێ، بەڵام دووپشکی زۆرە. حەح ماڵتا لەوهەموو دووپشکە! وەڵاهی یەکی زەلام پێوەیدام، حەح چەندە ئێشا پەکوو!»

قسەکانی ھاوڕێ تەواو دەبێ، ئەمجار نۆبەی قسەی خوشکه ھاوڕێيه، دەڵێ «باوەڕناکەم لەم نێوه مار ھەبێ بۆی ھەيه مارمێلکەت ديبێ وا دەزانی ماره!» دوای ئەو ھاوڕێی پرسگه وەدەنگ دێ و دەڵێ «به چاوی خۆت ديت، دڵنيای مار بوو؟ کوڕه مار نەبووه، داخوا چی بووه خشەی ھاتوه پێتوايه ماره، دەنا کوا مار؟»

دەڵێم ئەرێ بابه بۆ باوه ڕناکەن، به چاوی خۆم ديم مار بوو، مارێکی ڕەش. ھەر که له درگاکه نزيک بومەوه به لامدا قەف قەف بوو خزی و به خێرای ڕۆيی بۆ نێو گژ و گيايەی پشت پەنجێرەکه. بەڵام ئەوان ھەميسان به ماناوه دەڕواننه يەکدی. بەچاوی بێباەڕييەوه تەماشام دەکەن. تێدەگەم که باشتر وايه لەسەری نەڕۆم. پێ داگرتنم بێ فايدەيه. خوشکه ھاوڕێ به چپەوه به ھاوڕێی پرسگه دەڵێ «بڕواناکەم ماربێ، ئەی بۆ ئێمه ھيچمان نەديوه! ئەوەتی لێرم مارم نەدیوە.»

چايی دەخۆرێتەوه. هاوڕێیان هەرکەس دەڕۆا بەلای کاری خۆیەوە. منيش ھەڵدەستم و دەگەڕێمەوه بۆلای ژوورەکەی ھاوڕێ. دەگەمه نزيک ديوارەکه ھەميسان مارەڕەش دەبينم. ھەڵبەته ئەمجار وەکوو جاری ھەوەڵ ناترسم. لەبەر خۆمەوە تێدەفکرم باشه بۆ ئەو ھاوڕێيانەم باوەڕم پێناکەن؟ ئەوه نييه مارەکه بە چاوی خۆم دەبينم. مار ديسانەوه دەخزێ و دەڕوا. ماوەيک ڕادەوێستم دوايه به ئەسپايی درگاکە دەکەمەوه و دەچمه ژوورێ و دائەنيشم. سيگارێک دائەگرسێنم و زۆر به تامەزرۆيی و ئشتيا دەيکێشم. ئارەزووی چايەک دەکەم. بەڵام، خۆم به خوێندنەوەی گۆڤارەکۆن و ڕۆژنامەوه خەريک دەکەم. خەوم دێ بەڵام دەترسم بخەوم. ھاتو لەخەودا مار پێوەيدام. ترسی مار و بێباوەڕی ھاوڕێيان دەمخاته گێژاوەی فکر و خەياڵەوە. خۆم دڵخۆشی ئەدەمەوه و به خۆم دەڵێم «دەی بائێستا وابێ، خۆ ھەور ھەميشه بەری ڕۆژ ناگرێ، ھەر کات و ساتێک بێ ڕۆژ دووبارە وەدەر دەکەوێ» من لەو بير و خەياڵەدام، گۆڵەبۆر بە ھەواکەی پێشوو دەست پێدەکاتەوه. لێم ڕوون نييه کە ئەو سەگه بەچی دەوەڕێ! نەکەس دياره، نە دەنگێک دەبيسرێ، نه من دەرکەوتووم. ئەی به چی دەوەڕێ؟ پاش ماوەيک، ھاف ھاف کردن و قوروسکه و نووزه، بێ دەنگ دەبێ. دەچمه فکری خۆمەوه، بەڵام ھەرچەن دەکەم جەمسەری گوڵۆڵه ئاڵۆزکاوەکەم بۆ پەيدا نابێ و نابێ

ئێوارێ ھاوڕێ ديتەوه. پاش ماندوو نەبينی و چۆن و چاکی کەوڵی نانی ڕادەخرا. نان دەخۆين و ھەر يک له لايکەوه پاڵ ئەدێنەوه. ئەمجار مێشووله، مێشەکوێره نايەڵن خەوم لێبکەوێ. ھاوڕێ ھەڵدەستێ و لامپاکه دەکوژێنێتەوه. له ژێر پەتوەکەدا، ئەمشان و ئەوشان دەکەم، لەسەر پشت درێژ دەبم. بەڵام خەوم نايه و نايه. تا بەيانی خەوم لێ ناکەوێ. سەبرم تەواو دەبێ. ھەر جۆرێک بوو شەو جێی خۆی دا به ڕۆژ.

بەیانی ديسان ھەر وەک ڕۆژی پێشوو له خەو ڕا دەبین. نان و چايی بەيانی دەخۆين. ھاوڕێ دەڵێ«دەچمه خوارێ بۆ قەڵايه ھيچت ناوێ؟ ئەو دەڕوا بەلای کاری خۆيەوه. به تەنيا له ژوورەکەدا دەمێنمەوه. خۆم به نووسينی ئەم چەن لاپەڕەيەوه سەرگەرم دەکەم. فەزا بێ دەنگه، ماوەيک ھيچ شتێک نابينم. دەنگ نییە. ئەی بۆ گۆڵەبۆر وا دەوەڕێ! لام سەيره، ئەمجاره وەڕينەکه تێکەڵاو به ناڵەيه، ھەر وەکوو ئينسانێکی نەخۆش له تاو دەرد و ژان بناڵێنێ. تا دێ ناڵەکەی زياتر دەبێ. دەچمه دەرەوه. گۆڵەبۆر ئەمجارە به تووڕەيی و ڕقەوه ناوەڕێ وەڕينەکەی زياتر له پاڕانەوه دەچێ. قوروسکه و نوزەی دەێ، کلکەسووتێ دەکا. ملی لار دەکاتەوه، گوێی دائەخا و به داماوييەوه تەماشام دەکا. لێی نزيک دەبمەوه. دێته پێشەوه و لمۆزی نزيک دەکاتەوه. بۆنم پێوەدەکا، به چاوێکی کزەوه دەڕوانێ. چاوی لەسەر يەک دائەنێ. به وردی سەيری دەکەم، سەرنجی ئەدەم، دەبينم لاملی ئاوساوه. سەرم ھەڵدێنم دەبينم ھاوڕێ له پشت سەرمەوه وێستاوه و تەماشای من و سەگەکەی دەکا. سەگەکه ھەرکه خاوەنەکەی دەبينێ، له جێی خۆی ھەڵدەستێی و به کلکه سووتێ و خۆشەمايی کردن خۆی له لاقی ھاوڕێ ھەڵدەسوێ. ھەميسان ناڵه و نووزەی دێ.ھاوڕێش وەک ئەوەی لەگەڵ مرۆڤ بدوێ دەی دوێنێ. گۆڵەبۆر خاوەنەکی تێ دەگەيەنی که لاملی ئاوساوه. ئەويش بەوردی سەرنجی ئەدا و دەست بەسەر و مليدا دێنێ.کەمێک تێیڕادەمێنێ و دەڵێ«ئەی خوێری ئەوە چییە داوەرە»گۆڵەبۆر لێ نزیک دەبێتەوە. هاوڕێ دەست بە سەر وملیدا دێنێ و دەڵێ «ئەوه بۆ لاملت ئاوساوه؟ گۆڵەبۆر هەردەڵێێ له زمانی دەزانێ، کزۆڵه دەبێ. ھاوڕێ ئاخێک ھەڵدەکێشێ و ڕوو لە من دەکا و دەڵێ با جارێ بڕۆین بۆ سەرێ نانی بخۆین. دوایە دێمەوە چارەسەری دەکەم. بێ ئەوەی ھيچ بڵێم، لەگەڵی وەڕێ دەکەوم و دەڕۆين بۆ سەرێ.ھەر وەک ڕۆژان سفره ڕادەخرێ، وەک ئەندامانی يەک خێزان له دەوری سفره و نان و چێشت کۆ دەبينەوه. نان دەخۆين. سفره  لادەبەن. ھەر وەک ڕۆژانی ڕابردوو چاوەڕوانی چايی ده بين.

ھاوڕێ پرسگه لێم دەپرسێ «مڕۆکه مارت نەديوه؟ وەڵامی نادەمەوه. له بيری ئەوەدام کە چۆنی پێی بسەلمێنم که نەخەياڵاتی بووم و نەدرۆش دەکەم. ئەوان ھەموو وێکڕا پێدەکەنن. خۆشکه ھاوڕێ قا قا دەکێشێ و به گاڵتەوه دەڕوانێ. ھاوڕێ مات دەبێ، تێڕادەمێنێ خوشکه ھاوڕێ لێ دەپرسێ "ئەوه چييه بۆ وا ماتی؟"

ھاوڕێ دەڵێ «وەڵڵاھی بۆ سەگەکەم، نازانم چی پێوەی داوه، لاملی ئەونده ئەستور بووه. تۆ بڵێی مار پێوەی نەدابێ» ئەوان دەڵێن کوڕە خەم مەخۆ. ھيچ نييه نە ڕەنگه مێش و شتی وا پێوەی دابێ. بۆ خۆی چاده بێ، دەی، ئەوەی پێناوێ. دوو قسەی خۆشمان بۆ بکه! پیاو لەوەی باشتره.

ھاوڕێ دەڵێ کوڕه چی خۆی چادەبێ، وەڵاھی ڕەنگه دووپشک پێوەی دابێ، ماڵته ئەو نێوه ھێندەی دووپشک ھەيه، دوێنێ شەوێ دانه يک به خۆميەوه داوه، ئەرێ وەڵاھی ئێستاش دێشێ. سەيره ئێوه کە هاوڕێیان پێ پێدەکەنن. هاوڕێ دەڵێ پێبکەنن، بەسەرتان نەهاتووە.

لەگەڵ ھاوڕێ وەدەر دەکەوين و دەگەڕێنەوە بۆلای ژوورەکەی ئەو. زۆری نامێنێ بگەينێ. مارەکه بە لاماندا تێ دەپەڕێ. ھاوڕێ بەخشه و خزينی مارەکە دائەچڵکێ. ڕادەوێستێ، له من دەپرسێ ئەرێ ئەوه چ بوو؟ وەڵامی نادەمەوه، مات دەبم و ھيچ ناڵێم. هاوڕێ سەرنجێک ئەدا ودەکەوێته خۆ. دەور و بەری خانوەکە دەگەڕێ. مارەکه لە نێو گژ و گياکه دەخزێ و ون دەبێ. ھاوڕێ وه دووی دەکەوێ. بەڵام مار خۆ له ژێر گژ و گياکەدا دەشارێتەوه. ھاوڕێ به توڕەييەوه خۆی دەکا به ژوورەکەدا. دێتەوه ده رێ. کڵاشینکۆڤێک به دەستەوه زۆر به تووڕەييەوه دەگوڕێنی. وەک ئەوەی له سەنگەری دوژمن بڕوانێ، سيله و چەفته له تەپکه  گيايەکه دەگرێ. ھەندێک ڕادەوێستێ. ئەنگوست لەسەر پەلەپیتکە دائەگرێ و يەک ڕێژنه به  قرمه به سەر تەپکە گياکە و مارەکەدا ئەبارێنێ. له ژێر لچەوه دەڵێ ئاوات دەتۆپێنم، دەی، به سەگمەوه دەدەی، دەبڕۆ، ئاوات دەتۆپێنم دەبڕ دەی ئەوه گۆڕت بێ. تەماشايکی من دەکا. ھەم تووڕەيه و ھەم به چاوی شەرمەوه سەرنجم ئەدا. ھيچ ناڵێم، بەڵام له دەڵەوه زۆر خۆشحاڵم زياتر بەوه کەيف دەکەم، که ھاوڕێ به چاوی خۆی مارەکەی دی.

له قرمەی گولە و دەنگی ھاوڕێ، خوشکه ھاوڕێ و ھاوڕێێ پرسگەش داگەڕان بەرەو خوار بۆلای ئێمه. ھەر دووکيان ڕەپ، ڕەپ ڕاوێستان و به سەر سووڕ مانەوە ڕوانیانە یەکدی بێ ئەوەی ڕوو لە من کەن سەری خۆیان بەرداوە و گەڕانەوە.

 Bilderesultat for slange og hund kunst